سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

٢٢ی تەممووز؛ بیرەوەریی پەیامەکەی دانیال میتران سەداکانی بۆ ئەمڕۆ

سلێمان مستەفا حەسەن

ڕۆژی ٢٢ی تەمووزی ١٩٩٤ لە مێژووی باشووری کوردستان دا تەنیا ڕێککەوتێک نییە، بەڵکوو بیرەوەریی ڕۆژانێکە، کە هەموو دۆستەکانی کورد هاوارێکی هاوبەشیان هەبوو، “کوردینە یەک بگرنەوە و شەڕی براکوژی بوەستێنن”.

لەو ڕۆژگارەدا، هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکان زۆر بوون. ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا، هەر یەکەیان بە شێوەیەک هەوڵیان دەدا ئاگری ناکۆکی بکوژێننەوە و ڕێگەی گفتوگۆ بگرنەبەر.

لە ١٩٩٤، لە قەڵادزێ لە دوای ڕووداوێکی نەخوازراو، ئاگری شەڕێک هەڵگیرسا، کە هیچ پەیوەندییەکی بە ماف و دۆزی ڕەوای نەتەوەی کوردەوە نەبوو. هەموو هەوڵەکان بۆ وەستاندنی شەڕ خرانەگەڕ، بەڵام بەداخەوە ئاگرەکە زوو تەشەنەی کرد و زیانێکی گەورەی بە دۆزی کورد و ئەزموونەکەی گەیاند. دەیان گەنج و پێشمەرگەی قارەمان، کە ژیانیان بۆ ئازادی و کەرامەتی گەلەکەیان تەرخانکردبوو، بوونە قوربانیی شەڕی نەگریسی براکوژی.

لە م نووسینەدا، مەبەستم ئەوە نییە برینەکانی ئەو شەڕە نەفرەتییە بکولێنمەوە، نە بۆ نوێکردنەوەی ناکۆکییەکانە. مەبەستم تیشک خستنەسەر هەوڵە دڵسۆزەکانی ئەو کەسانەیە، کە لە دەرەوەی کوردستان، بەبێ هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی دڵیان بۆ یەکڕیزی کورد دەسووتا.

لە سەرووی هەموویانەوە، حکوومەت و گەلی فەڕەنسا، سەرۆک فرانسوا میتران و ڕەوانشاد دانیال میتران، ئەو ژنەی کە کورد زۆرجار بە “دایکی کوردان” ناوی دەهێنن. لەو ڕۆژگارەدا، دەرگای کۆشکی ئەلیزێ بۆ کورد کراوە بوو، بۆ ئەوەی ڕێککەوتن و ئاشتبوونەوە بکرێنە بنەمای داهاتوو.

ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە بیرەوەرییەکانیدا، ئەو هەوڵانە بە وردی باس دەکات، لە ٢٢ی تەمووز دەقی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە مۆر دەکەن، دواتر بڕیار وابوو ڕەوان شاد مام جەلال و کاک مەسعوود بە ئامادەبوونی سەرۆک میتران و دۆستانی کورد ئەو ڕێککەوتنە ڕابگەیێنن. بۆیە نامەوێت  وردەکاری دانیشتنەکە دووبارەی بکەمەوە. بەڵام نامەکەی دانیال میتران نامەیەکی مێژووییە، کە نابێت لە بیر بکرێت. من دڵنیام ئەگەر ئێستاش لەنێوماندا بووایە، هەمان پەیام و بانگەوازی بۆ نەتەوە و هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەنارد.

نامەکە ئەوەندە پڕە لە دڵسۆزی و بەرپرسیارێتی، مرۆڤ شەرم لە خۆی دەکاتەوە بەرامبەر ئەو هەموو هاوخەمییەی دۆستانی دۆزی ڕەوای کورد نیشانیان داوە.

ئینجا ئەمڕۆ، دوای ٣٢ ساڵ، پرسیارێکی جددی خۆی دەسەپێنێت. چۆن دەبێت لە کاتێکدا پەرلەمانی کوردستان دوای ماوەیەکی درێژ هێشتا نەیتوانیوە سەرۆکایەتی خۆی هەڵبژێرێت و دەست بە ئەرکە دەستوورییەکانی بکات؟ چۆن دەبێت لە کاتێکدا ناکۆکییە سیاسییەکان هێشتا بەردەوامن، گفتوگۆ و متمانە لاوازن، داواکاری لە دادگای فیدراڵ دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت و بنەمای شەراکەتی سیاسی هێشتا جێگیر نەبووە؟

لەبەر ئەوە، لە یادی ئەو ڕۆژانەدا، باشترین شێوەی ڕێزلێنان لە هەوڵی دۆستانمان، ئەوەیە پەیامەکەی ڕەوانشاد دانیال میتران وەکوو خۆی بخوێنینەوە. پەیامێک کە تەنها بۆ ١٩٩٤ نەنووسراوە، بەڵکوو بۆ هەر ساتێکە، کە یەکڕیزی و بەرپرسیارێتی نیشتیمانی پێویست بێت.

کاتێک وەفدی یەکێتیی و پارتی لە پاریس لە گەرمەی گفتوگۆدا دەبن، مادام میتران بەهۆی نەخۆشی دڵەوە لە نەخۆشخانە کەوتووە پەیامێکی بۆ کۆبونەوەکە ناردووە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

دۆستانی بەڕێز

نیازم وابوو، کە بهاتبایەم لە نزیکەوە بەخێرهاتنم بکردبان و چاوم پێتان بکەوتبا و بەشداری گفتوگۆکانتان بووبام، بەداخەوە بەهۆی نەخۆشی و ناتەواوی باری تەندروستیم ئەم ئارەزووەم نەهاتە دی، سەرەڕای ئەمە لە نزیکەوە و ڕۆژ بەڕۆژ لە هەواڵتان دەپرسم و هەوڵ دەدەم بەپێی وزە و توانام یارمەتیتان بدەم.

کۆبوونەوەکەتان لەمەڕ داهاتووی نەتەوەی کورد، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. کوردەکان بە گشتیی هی ئێران و هی تورکیاش چاوی هیوا و ئاواتیان لە ئەزموونی دیموکراتی ئێوە بڕیوە و لایەنگرانتان لە دەرەوەی وڵات شانازیتان پێوە دەکەن. ڕووداوە دڵتەزێنەکەی ئەم دواییانە بەتوندی ڕایچڵەکاندین و دڵ و دەروونی بریندارکردین. سەرۆکی هەردوو پارت بەرپرسیارێتیی زۆر گەورەیان بەرانبەر بە مێژوو هەیە. ئەگەر بێت و هەردوو لا بە شێوەیەکی جددی و لە ڕێگەی وتووێژ چارەسەری کێشەکان نەکەن، هەوڵ و کۆششی بێوچانی دۆستانتان لە دەرەوەی وڵات بێ بەهرە دەمێنێت و لایەنگرانتان ڕەنج بە خەسار دەبن. دیموکراسی چەکی هەرە بەکارتانە. هەوڵ بدەن بۆ ڕای گشتیی جیهانی بیسەلمێنن، کە نەتەوەی کوردیش دەتوانێت کاروباری ناوخۆیی بە شێوەیەکی دیموکراتیانە و لە چوارچێوەی فرەحیزبی و پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادییەکاندا بەڕێوە دەبات. ئەو کاتە دەتوانن پشتیوانی و یارمەتی هەرچی زیاتر بۆ لای کێشەکەتان ڕابکێشن، بەڵام دیموکراسییەکەتان ڕوواڵەتی بێت و خاوەنی بناغەیەکی فرە حیزبی نەبێت، ئەگەر لە جیاتی پەرلەمان و حکوومەتی قانوون، دەستە و تاقمی جۆربەجۆر خاوەنی دەسەڵات بن و حووکمی وڵات بکەن، نەتەوەی کوردیش هەر وەکوو باقی گەلانی جیهانی سێیەم سەیر دەکرێن و حیسابی تایبەتی بۆ نایەتە کردن. لە ژمارەی لایەنگرانتان کەم دەبێتەوە و تەبایی نیشتمانیتان تووشی تەنگوچەڵەمەی بێژمار دێت و داهاتووی خۆتان و نەتەوەکەشتان دەخەنە مەترسییەوە.

“ئێوە هەمووتان لە هەمبەر دیکتاتۆریدا، پێشمەرگەی ئازا و بەجەرگ و سەرۆکی کارزان و بەناوبانگ بوون. بەڵام لە هەلومەرجی ناسکی ئیمڕۆدا، وەکوو نەتەوەی کورد دۆستانتان لە دەرەوەی وڵات چاوەڕوانی زۆریان لێتان هەیە، کە بە شێوەی “پیاوی دەوڵەت” بجوڵێنەوە و چارەنووس و سەربەرزی نەتەوە نەکەنە قوربانیی بەرژەوەندیی سیاسی یان تاکەکەسی حیزبایەتی.

هیچ شکێکم لەمەدا نییە، کە هەموو لایەکتان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە پەرۆشی نەتەوە و وڵاتەکەتان دان. بۆیە دڵنیام، کە سەرەنجام ڕێگەچارەیەک بۆ ئیدارەی هاوبەشی وڵاتەکەتان دەدۆزنەوە و بە ڕێککەوتننامەیەکی نیشتیمانی درێژخایەن چارەسەری کێشەکانتان دەکەن. کاتی ئەوە هاتووە، کە لاپەڕەی شوومی پڕ لە ئازاری شەڕی ناوخۆیی هەڵبدەینەوە و بەرەو سەقامگیرکردنی دیموکراسییەکی ڕاستەقینە هەنگاو بنینن.

ئەم هەلومەرجە سیاسییە تایبەتییەی لە ئاستی جیهاندا بۆ کورد ڕەخساوە، کەڵکی لێ وەربگرن و تێبکۆشن لە پێناو سەقامگیرکردنی یەکجارەکی ئازادی و دیموکراسی لە وڵاتەکەتاندا.

دواڕۆژی نەتەوەکەتان بە هیمەت و بەرپرسیارێتی ئێوەوە گرێ دراوە ، دنیا چاوی لێتانە و ئێوەش دەبێت بەسەربەرزی لەم ئەزموونە مێژووییەدا سەر بکەون.

جارێکی دیکە بەخێرهاتنتان دەکەم و ئاواتی سەرکەوتنتان لە کارەکاندا بۆ دەخوازم.”

دانیال میتران

پاریس ١٣/٧/١٩٩٤

دەقی نامەکە پڕە لە دڵسۆزی و هیوای ئاشتی و بەرپرسیارێتی مێژوویی. ئەو پەیامە هەرچەندە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، بەڵام هێشتا تازەیە، چونکە باس لە بنەماکان دەکات، نەک تەنیا ڕووداوەکان.

دیموکراسی بە دامەزراندنی دامودەزگا بەهێز دەبێت، گفتوگۆ بە جێگرتنەوەی متمانە واتا دەدۆزێتەوە و هیچ بەرژەوەندییەکی حیزبی لە بەرژەوەندیی نیشتیمانی نابێت بەرزتر بێت.

ئەگەر ئەم پەیامە لە ١٩٩٤ بانگەوازی ڕزگاربوون بووە، ئەمڕۆ بانگەوازی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەیە، کە بە قوربانیی هەزاران پێشمەرگە و شەهید بەدەست هاتوون.

باشترین ڕێزلێنان لە یاد و هەوڵی دۆستانی ڕاستەقینەی کورد، تەنها خوێندنەوەی ئەو نامە نییە، بەڵکوو کردەوەیەکە، کە پەیامەکەی بکاتە ڕێنمایی کار و هەڵسوکەوتی سیاسی.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO