پڕۆسەی تەعریب فرەڕەهەند بوو. بێجگە لەو تەعریبەی کە لە ناوچە کوردستانییەکانی کەرکوک و نەینەوا و دیالا دا بەڕێوە دەچوو، لە دوای نسکۆی 1975 بەپێی ڕێککەوتننامەی جەزائیر، بڕیاری پشتێنەی ئەمنی و چۆڵکردنی سنوورەکانی باشووری کوردستانی بندەستی عێراق لەگەڵ سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بندەستی داگیرکەری ئێران و باکووری کوردستانی بندەستی داگیرکەری تورکیا، تا دەسوڕایەوە بۆ سنوورەکانی ڕۆژاڤای کوردستانی بندەستی داگیرکەری سووریا، درا. هەرواش بوو ئەو سنوورانە بەقوڵایی 15 کیلۆمەتر، لە هەندێک شوێنیش بۆ قوڵایی 50 کیلۆمەتر هەموو گوند و لادێ و ئاوەدانییەکانی کوردەواری لە ڕەگوڕیشەوە هەڵتەکێندران. پێشتر داگیرکەری سووری پشتێنەی ئەمنی لە ڕۆژاڤای کوردستان جێبەجێ کردبوو. هەموو کوردی ئەو ناوچانەی ڕاگواستبوون و عەرەبیشی هێنابوونە شوێنیان. ئەو سیاسەتە لە باشوور جێبەجێ نەبوو، چونکە ئەو کاتە هەر خودی عەرەبەکان ئامادەنەبوون بچنە ئەو ناوچە شاخاویانە و دەیانزانی دەبن بە ئامانجی ئەو پێشمەرگانەی کە لە چیاکان چەکی ڕزگاربوونیان کردبووەوە شان.
ڕاگواستن وەکوو بەشێک لە پڕۆسەی جینۆساید، زۆر جۆری هەن، ژمارەیەك پاڵنەری جیاوازیشی لە پشتەوەن. کۆمەڵێك ئامانجی هەمەجۆریش دەپێكێت، یەکێك لە ئامانجە هەرە گڵاوەکانی، لەیەک دابڕینی مرۆڤ و خاکە؛ دابڕینی یادەوەری مرۆڤەکانە بەخاکەوە. کاتێک دوژمن توانی ئەو یادەوەرییە بکوژێت، ئەوا بەسەر کۆسپێکی گەورەدا زاڵ دەبێت و دەتوانێت یەکە یەکەی وابەستەبوونەکانی دیکەی مرۆڤەکان بە خاکەوە، کاڵ بکاتەوە و نەهێڵێت. بێگومان خاك و یادەوەرییەکانی بەشێکن لە مێژووی مرۆڤەکان.
مێژووناسی فەڕەنسی پیێر نۆرا باس لە شوێنەکانی یادەوەری دەکات و دەڵێت مێژوو لە ڕێگەی شوێنەکانەوە (خاک، مۆنەمێنت، گۆڕستان و شارە کۆنەکان) یادەوەرییەکان زەق دەکەنەوە. بە وێرانکردن و دوورخستنەوە، بەشێکی گرنگ لەو مێژووە وێران دەبێت، ئەوە بێجگە لە تێکدانی سەرچاوە جوانەکانی سروشت و ژینگە، بێجگە لە تێکدان و خاپوورکردنی ئەو ئەندازیارییەی کە ئەو خانو و نهۆمانەی بە کەرەستە سەرەتاییەکان دروستکرابوون و وێران کران، کە هەرگیز ناتواندرێت لەو شێوازە جوانەی ئەوکات دروست بکرێنەوە.
هاوەڵی هێژا و هاوگوندی، شەفیقی حاجی خدر، کە بەر لەوەی ئێمە گوندەکە بەجێ بێڵین، بێجگە لە خزمایەتی، هەردووکمان هاوپۆل و هاوڕێ بووین. لە ڕۆژانی ڕاگواستنەکە ئەو لەوێ بووە و دەڵێت:
“لە قرچەی گەرمای تەمموز، دەقاودەقیش لە 22ی تەمووزی 1978دا، دۆڵی ڕوستێ بە تەواوی گوندەکانی کە 26 گوند بوون، لە لایەن لەشکری ڕژێمی بەعس ھەڵگیرا و ڕاگوێزرایە ئۆردوگا زۆرەملێکانی دیانا، ھەریر، مەلائۆمەر و قوشتەپە.
دۆڵی ڕوستێ وەک بەشەکانی دیکەی دەڤەری باڵەکایەتی، دوای شکستە کارەساتهێن و جەرگبڕەکەی 1975 و بە بەھانەی چۆڵکردنی ناوچەکانی سەرسنوور، بەر سەرەتای شاڵاوی ڕاگواستنە دڕندانەکەی بەعس [دەوڵەتی عێراق] کەوت. شایانی باسە بێجگە لە گوندە ناوبراوەکان ناحیەی گەڵاڵە و قەزای چۆمانـیشی بەدواداھاتن و خاپوورکران”. ئینجا بەردەوام دەبێت و دەڵێت: “ھەرچەندە ئەو کات منداڵ بووم، بەڵام ڕۆژی ھەڵگیرانەکەم زۆر بە ڕوونی لەبیرە و ھەرگیزیش دیمەنی ئاگر و تەقینەوەی کانیاو و خانووەکان و شەپڕێویی و شپرزەی خەڵکەکە و دڕندایەتی ڕەفتاری ئۆردوی سووپای داگیرکەرم لەبیر ناچێتەوە”.
ئەو ڕۆژان، کە عێراقی داگیرکەر، کوردستانی خاپوور دەکرد؛ ئێمە لە پارێزگای ڕومادی ئاوارە بووین، بەڵام باشم دێتە بیر کە باوکم ئێوارە گەڕایەوە گوتی: هەڵمەتی خاپوورکردنی گوندەکانمان دەستی پێ کردووە. من، کە ئەوکات تەمەنم ١٢-١٣ ساڵێك دەبوو، لەمانا و مەغزاکانی خاپوورکردن تێدەگەیشتم، بەڵام لە هەموو ڕهەندەکانی تێنەدەگەیشتم. کاتێک لە باوکم پرسی بۆ وێرانی دەکەن، کێ وێرانی دەکات، گوتی کوڕەکەم، ئەتو خەریکی خوێندنەکەت بە، دوایی بەخۆت دەزانیت. دوایی زانیم کە باوکم نەیوێراوە پێم بڵێ دەوڵەت و بەعس تاوانکارەکەن.
هەر چۆنێک بێت، پچڕاندنی یادەوەری وەک داماڵینی ڕۆحە لە جەستە، بۆیە کاک شەفیق لە یادەوەرییەکەیدا بەردەوام دەبێت دەڵێت: “خانووی خانەوادەکەمان وەک مزگەوت و هەندێ ماڵی دیکە زۆر گەورە بوو، چوار نھۆم بوو، دەرگایەکی کەتە و زلیشی هەبوو، پێم وابوو (بێگومان لەچاوی منداڵیی ئەوکاتم) ناڕووخێ و تەقینەوەش کاری تێناکا، کەچی لەچاوتروکانێکدا ئاداری لەسەر پاداردا نەما. من بچووک بووم، باوکم، کاکمی (ڕەقیبی) نارد تا لە مزگەوتی گوندی، ئەو قوڕئانە دەستنووسە سەرسوڕھێنەرە (دەگوترێ کچی باپیرە گەورەمان پیرەباو نووسیویەتی) بھێنی و لە سووتان دەربازی بکا، ئیدی ئەو تاکە قورئان بوو کە نەسووتا، باقی قورئان و سیپارەکانی دیکەی مزگەوت و حوجرەکە لەگەڵ داروپەردووی تەواوی خانوو و کۆڵیتەکانی دێ بوونە خۆڵەمێش”.
ئیدی ئەمنیش بیرم لە خانووە دوو نهۆمییەکەی خۆمان دەکردەوە. لە خەیاڵدانی مندا خانووەکەمان، کە دیوەخانێکی دوور و درێژی هەبوو، پەنجەرەیەکی گەورەی هەبوو بەسەر باخچە و ئەوبەری شاخ و دۆڵەکاندا دەیڕوانی، کەم دیمەن هێندە جوان و دڵڕفێن بوون. باپیرەم مەلا سادق دەچووە بەر پەنجەرەکە و لەوێ قورئان، یان کتێبی دەخوێندەوە. بۆیە هەرگیز ناکەوێتە خەیاڵم داخۆ چۆن دینامیتەکان ئەو خانووە زەبەلاحەیان سەراوبن کردووە، چۆن کتێبەکانی باپیرەم سووتماک بوون. دیمەنێک کە بیرم ناچێتەوە پشیلە ڕەنگ مەرەزەکەمان بوو، هێندە ئاقڵ بوو، کە خواردن دەهات بۆ باپیرەم و میوانەکان، ئەو لە تەنیشت باپیرەم لەسەر لەپان ڕێک وەکوو میوانەکان چاوەڕێی دەکرد تا باپیرەم خواردنی بۆ دادەنا و لەگەڵ ئێمە دەکەوتە سەر خواردن. جارێکییان ناسیاوێک بە سەردان هاتبووە ماڵمان، باوکم لێی پرسی: دەبێت پشیلەکەی ئێمە چی لێ بەسەر هاتبێت؟ ئەو ناسیاوە گوتی: دوای ئەوەی ئێوە بارتان کرد پشیلەکە وێڵ بوو، بەردەوام لەبەردەم ماڵەکەی ئێوە دەیمیاواند. دوایی ون بوو.”
کاک شەفیق لەکۆتایی یادەوەرییەکەیدا دەڵێت: “کاتێ ئەم دیڕانە دەنووسم، دیمەنە تۆقێنەرەکەم لەبەر چاوە، جەرگم قرچەی دێ، چاوم فرمێسکی تێ زاوە، ئاخر دیمەنەکان تۆقێنەر و مەرگەساتبار بوون. ھیوادرام لە داھاتوودا بە شێوەیەک لە شێوەکان لە دووتوێی کتێبک یان ڕۆمانێک، لایی لەم کارەساتە بکرێتەوە”.
منیش بە کاک شەفیق دەڵێم، ئەی قوتابخانە زەبەلاحەکەمان، کە هەمووی بە بەرد و چیمەنتۆ دروست کرابوو، لە شوێنێک بوو پێیان دەگوت (پایزجەوارا)، دەوروبەری قوتابخانە هەمووی دار گوێزی زەبەلاح بوون. هەموو دیمەنەکانم لە یاد ماون. لە دوای ڕاپەڕین لە ١٩٩١ەوە دەرفەتی گەڕانەوەمان بۆ گوندەکان بۆ ڕەخساوە، بەڵام هەر جارێک کە دەچمەوە گوند، هیچی وەکوو خۆی نەماوە. هەموو دیمەنەکان شێواون. کۆڵانەکان گۆڕاون و کاولە پاشماوەکان، ئێستاشی دەگەڵدا بێت بەڵگەی دڕندەیی داگیرکەرن دەیان بار دەسەلمێننەوە. گوندی ئەو کات و هی ئێستا هەرگیز وەکوو یەک نین و ناشبنەوە. گوندی ئەوکات ڕەگوڕیشەکانی لەناو مێژووی سەدان ساڵەدا گیرببوون، بەڵام دوای ئاوەدان کردنەوە، هیچ شتێکی لە مێژوو ناچێت، تەنانەت بلۆکەکانیشی ڕەتێنەرن و بۆنی هیچ جۆر ژێبدەندییەکییان لێ نایەت.لە ڕومادیش، لە ئاوارەیی و دوورە وڵاتی، ڕۆژانە لە قوتابخانە لەژێر فشاری بەعسییەکان و گاڵتەجاڕی مامۆستا و خوێندکارە عەرەبەکان دابووم، بەتایبەتیش کە تازە چووبووین و عەرەبیم نەدەزانی. مامۆستایەکمان هەبوو بەهۆی زمانەوە لە پرسیارەکانی تێنەدەگەیشتم و زۆرجار کە پرسیاری دەکرد داوای دووبارە کردنەوەم دەکرد، کەسێکی هێندە پشوتەنگ و جاڕس بوو، لەبەرچاوی خوێندکارە عەرەبەکان گوێی دەگرتم و لەنێوان پەنجەکانی هەوڵی دەدا بیتلیقێنێتەوە و ددانەکانی لەسەر یەکدی دەگڕساندن و دەیگوت: “والله صدگ کردی”.
ئەو قسەیەی مامۆستاکە، هێندە زیاتر فێری کوردبوونی دەکردم، پێش ئەوەی تاموچێژی زەمەنی منداڵیم بکەم. لەگەڵ چەند خوێندکارێکی هاوتەمەنی خۆم کە خەڵكی خانەقین بوون، بەیەکەوە، هەر خوێندکارێكی عەرەب قەشمەری بەیەکێکمان بکردبایە، لەدەرفەتێك دەگەڕاین و پڕ شەقمان دەکرد. ڕۆژێکیان، کە پۆلی یەکی ناوەندی بووم، هێشتاش بەباشی عەرەبی فێر نەببووم، کە زەنگی لێدا و لە دەرس دەرچووین، خوێندکارێکی خەڵکی کەلارم لەگەڵدا بوو یادی بەخێر دوایی لەیەك دابڕاین، ناوی جەمال عەبدولقادر بوو، بینیمان لە قاتی خوارەوە، کوڕە عەرەبێك دەرپێیەکی کوردی ژنە کوردێکی کردۆتە بەر و ڕەقسی (سەمای) پێ دەکات و ئەوانی دیکەش چەپڵەیان لەدەورەی لێ دەدا و لە خەنی و خۆشیان پێدەکەنین. ئیدی لەوێڕا هەر بەپەلە نازانم چۆن هەمووان کۆبووینەوە، کوڕە عەرەبەکەمان دایە بەر بۆکس و شەق و شلاق و هەڵماندایە ناو حەوشەی دواوەی قوتابخانەکە، کە ئەوکات بڵدۆزەر کاری تێدا دەکرد و مەترێك زیاتری هەڵقۆڵی بوو. هەڵبەت هەر زوو دەرپێ کوردییەکەشمان لەپێی داکەند و یەکێك لەو برادەرانەی خانەقین بردی و سوتاندی.
لەو سەینوبەینانەدا زەنگی چوونە ژوورەوەی پۆل لێی دایەوە. هەموومان چووینەوە ژوورەوە. زۆری نەبرد فەڕاشێكی دشداشە لەبەر لە دەرکەی دا و ناوی منی خوێندەوە و گوتی بابێتە ئیدارە. زانیم گرفتمان بۆ دروست دەکەن. کە چووم ئەفسەرێکی سێ ئەستێرە لەسەرشان (ئینزیبات) لەوێ بوو، چەند ئینزیباتێکی کڵاوسوور لە دەرگا وەستا بوون و غەڵبەغەڵبێکی زۆر دەهات. بەرپرسی حیزبیش لەوێ بوو، بەڕێوەبەر و جێگرەکەی و دوو مامۆستای دیکەش لەوێ بوون و خەڵكێكیش لە دەرەوە وەستابوون. هەندێك لە خوێندکارانی کوردیش کە هەموویان خەڵكی خانەقین بوون، ڕاگیرابوون و منیشیان بردە ڕیزی ئەوان. ئەفسەرەکە قامچیەکی ڕەشی پلاستیکی قوتەی لە دەست بوو، زوو زوو لەپانتایی دەستەکەی دیکەی دەدا، چاوێکی غەزەباوی بەسەر هەمووماندا گێڕا و گوتی: “هەی هەی ئەلکاکات جای ئیـتئــامەرون عەلێنا، وەڵا راح ئەتەلع عێنکوم” (های های، کوردەکان پیلانگێڕیی دەکەن، وەڵا چاوتان دەردێنم). ئەوسا هاوڕێیەکمان ناوی محەمەد بوو گوتی: “سەیدی دەتوانم یەك قسە بکەم؟” بەڕێوەبەرەکە گوتی: “ئینچەب” (کڕبە). بەڵام ئەفسەرەکە گوتی: “لێی گەڕێ با بزانم چ گ….ك دەخوات”.
ئەوسا محەمەد، تفەکەی قوت دایەوە و گوتی: “گەورەم ئەو کوڕە دەرپێیەکی کوردیی ژنە کوردێکی لە دراوسێ کوردەکان دزیوەو و کردبوویە پای و لێرە سەمای پێ دەکرد. ئایا ئێوە شتی لەو جۆرە بۆ خێزانەکانتان قبوڵ دەکەن؟”. لەو دەقەیە ژوورەکە بێ دەنگ بوو، کەسیان قسەیەکیان نەکرد.
بەهەرحاڵ دوایی بە پڕکردنەوەی بەڵێننامەیەك و هەر یەکە و پێنج دار لێدان، وازیان لێ هێناین. بەڵام ئەو کوڕەی لێمان دابوو، بە ئەمبولانس بردبوویان بۆ نەخۆشخانە.
ئەم گێڕانەوەیە دڵۆپێکە لەو ژیانە ناخۆشەی ڕاگواستنەکە. ڕۆژانی ڕاگواستن ئێمە ماڵمان لەوێ نەمابوو، دیمەنەکانیشم بەچاوی خۆم نەبینین، بۆیە لەوانەیە هەست و نەستی ئەو بەڕێزانەی کە لەوێ بوون و بەچاوی خۆیان تەقاندنەوەی خانوو و خاپوورکردنی ئەو سروشتە جوانەیان بینی، ئەستەمە دیمەنەکانیان لەبیر بچنەوە. هەر ئەوەش وای لێ کردم توێژینەوەیەک لەسەر ڕاگواستنی دۆڵی باڵەکایەتی و دۆڵی ڕوستێ وەکوو نموونە بنووسم، دواییش وەک بەشێک (چاپتەرێک) لە کتێبێک لە ئەمریکا بڵاوکرایەوە. لە توێژینەوەکەدا چاوپێکەوتنم لەگەڵ 19 کەسایەتی دۆڵی ڕوستێ کرد. هەمووان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە هیچ دەستەڵاتێکی نیشتمانی ئەوە بە هاووڵاتییانی خۆی ناکات بێجگە لە داگیرکەر. هەموویان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە ئەوەی بینییان هەرگیز لەبیر ناچێتەوە. هەمووشییان پێیان وابوو ئۆردوگا زۆرەملێکان خۆیان لە خۆیاندا زیندانێکی گەورە بوون و داگیرکەر هەموومانی لەو زیندانەدا زیندەبەچاڵ کرد بوو.
لێرەدا لە یادی ٥٠ ساڵەی ڕاگواستنی باڵەکایەتی کە لە ٢٢ی تەموزی ١٩٧٨ ئەنجام درا، سڵاو لە هەموو خەڵكی باڵەکایەتی و هەموو کوردستان و هەموو ئەوانەی لەپێناو مانەوە و ئازادی، شەڕی داگیرکەریان کرد و شەهید بوون. ئەوکاتە کورد شەڕی مانەوەی دەکرد. ئێستاش دابڕاوین لەو مێژووە. ئەگەر سەرانی کورد هیچی ئەو مێژووەیان لەبەرچاو بوایە؛ ئێستا دوای ڕاپەڕین و زیاتر لە ٣٥ ساڵ خۆبەڕێوەبەری؛ دەبووین بە خاوەن دامەزراوە و حکومەتێکی نیشتمانی و سیستەمێکی سیاسی مۆدێرن و کێبڕکێی پێشکەوتنمان لەگەڵ داگیرکەراندا دەکرد، نەک موحتاجی دەستی ئەوان بین. لەبەرامبەریشدا بە خواست و ڕەزامەندی خۆمان و بەبەرچاوی خۆمانەوە کوردستانمان تژی کردووە لەوانەی دوێنێ خانووەکانییان دەتەقاندینەوە و گوندەکانییان وێران دەکردین و تا هەتایە لە مێژووی گوندەواریی دێرینی خۆمانییان دابڕاندین. لەوەش خەمناکتر، ئەو کوردانەن بە دشداشەکانییانەوە، لە مزگەوتەکان بە عەرەبە دشداشەلەبەرە ئاوارەکان دەڵێن: ئێمە براین.
منیش ساڵانێک لە ڕومادی و بەغدا ژیاوم؛ نەک لەوێ، لێرەش لە هەولێری پایەتەخت؛ تاکە عارەبێکم نەدیت شەلوارێکی کوردی بکاتە بەری. ئەوەش هەنگاونانە بۆ بەعەرەببوون، سەرەتا بەعەرەببوونی ئەقڵ و دوایییش بەعەرەببوونی کولتوور و زمان.


