لە بەراییدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم، هەرچەندە هێشتا دەنگێک هەیە لەناو کورد دا، کە هاتنی بە لێشاوی عەرەب بۆ هەرێمی کوردستان بە مەترسی نازانێت، بەڵام ئاگایییەکی باشیش هەیە لەوەی نەوەکوو هاتنی عەرەب بەو ڕێژەیە جێگەی مەترسییە، بەڵکوو لەوە مەترسیدارتر داگیرکردنی کولتوورە. ئەمەش لە ڕێگەی ئەو ڕێکخراو و ڕەوتە سیاسییانەوە لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ەوە بە پلان کاری لەسەر دەکرێت و ئێستا لێکەوتەکانی زیاتر دەرکەوتوون و خێراتر ئەنجام دەدرێن. ئەمە سیاسەتێکی پیلان بۆ داڕێژراوە و لە لایەن تورکیا و ئێران و قەتەر و سعودییەوە پشتیوانی دارایی و بار دەکرێن.
ئەو مەترسیەی لە ئێستادا بە گەرمی قسەی لەبارەوە دەکرێت، لەمێژە دەجوڵێت و کار بۆ ئامانجی داگیرکەران دەکەن، نموونەی بەرچاویش لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە پەنای کاری خێرخوازییەوە بە گۆڕینی ناوی منداڵان لەبەرانبەر پێدانی هەتیوانە و بێوەژنانە دەستی پێ کردووە، ئەمەش هەر لێکەوتەی ئەنفال و کیمیابارانە. دواتریش شەڕی ناوخۆی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان هێندەی دیکە زەمینەی بۆ سازاندن و بێوەژن و منداڵی بێ دایک و باوک و بێ سەرپەرشتی زیاتریان وەکوو ماددەیەکی مرۆیی دایە دەست ئەو ڕەوتە سیاسیانەوە، کە بەناوی ئایین و ڕێکخراوی خێرخوازییەوە کەوتبوونە وێزەی کۆمەڵگەی کوردستانی. کەم نین ئەو منداڵانەی ناوەکانیان لە کوردییەوە بۆ عەرەبی گۆڕدرا، لە “کاروان” و” ئازاد” و “نازدار” و “ڕووناک”ەوە گۆڕان بۆ “ئوسامە” و “زەید” و “شیما” و “فاطمە”. کەم نین ئەو منداڵانەی ناوی باوک و باپیریان کوردییە و خۆیان ناوی عەرەبییان لێندراوە.
ئێستا ئێمە لە گەرمەی شەڕێکی کولتووریی نەرم داین، بەڵام لێکەوتە مەترسیدارەکانی لە داهاتوودا لە نەرمەوە دەگۆڕێت بۆ تووندوتیژی و پێکدادان. بۆیە، دەبێت کورد لە دەرەوەی سیاسەتی حیزبە دەسەڵاتدارەکان تەماشای ئەم کێشەیە بکات و بێ گوێدانە کەمتەرخەمی ئەوان دەست بە ناسنامە و کولتووری خۆیەوە بگرێت.
لە زۆربەی ململانێیە نێودەوڵەتییەکاندا، گۆڕینی کولتوور وەکوو دەرئەنجامێکی پاشکۆی داگیرکردنی خاک سەیر دەکرێت. بەڵام لە دۆخی باشووری کوردستان دا، ئەم هاوکێشەیە پێچەوانەیە. لەڕاستیدا، ئەم دیاردەیەش هەر دەرهاوێشتەی داگیرکردنی مێژوویی خاکی کوردستانە. بۆ نموونە؛ شارەکانی کووت و عەلی غەربی و عەلی شەرقی بەتەواوی کوردنیشین بوون، واتە دانیشتوانەکەی فەیلی و پەهلی بوون، ڕێژەی عەرەب لە ناویاندا لە جێگەی نەبووان بووە. ئەم قسەیە بۆ موسڵـیش هەر ڕاستە. بەڵام ئێستا زۆری دەوێت هەتاوەکوو بڕوا بە کوردەکان دەهێنین، کە ئەو شارانە کوردی بوون و تەنانەت بەغدا هەتاوەکو ساڵی ١٩٨٠ش بازاڕەکانی بە دەست کوردی فەیلییەوە بووە و بەهۆی سیاسەتی ڕاگواستن و جینۆسایدەوە بەم دەرئەنجامە گەیشتووە. تەنانەت یەکێک لە هۆکارەکانی کۆمەڵکوژی و دەرکردنی فەیلییەکان لە عێراق دەوڵەمەندییان بوو، کە جڵەوی بازاڕەکانی عێراق بە تایبەتیش بەغدا و عەمارە و کووت و دیالە و بەسرەـیان بەدەستەوە بووە. ئەمە جگە لە کوردبوون و شیعەبوونیان. باشترین نموونەش ئەوەیە، کە لە ١٩٨٠ دەوڵەتی عێراقی ٤٠٠ بازرگانی فەیلی لەسێدارەدا و دەستی بەسەر سامانی گواستراوە و نەگواستراوەیاندا گرت.
لێرەدا قسە لەسەر ئەو مێژووە نییە، بەڵکوو لەسەر داگیرکردنی کولتوورە بەناوی “موقدەس”و ئایینەوە، کاتێک بە پارە و باربووی قەتەر و تورکیا مزگەوتێک لە شارێکی مێژوویی و دێرینی وەکوو “کۆیە” لە ئازادییەوە دەگۆڕن بۆ مەدینە. دەست بۆ پاساوی ئایینی دەبەن، وەکوو بڵێیت خودا دژایەتی لەگەڵ ناوی کوردی هەبێت و مزگەوتێک بە ناوی کوردییەوە بۆ ماڵی خودا ناڕەوا بێت. بۆیە کولتوور لێرەدا تەنها پاشکۆی باس و بابەتێک نییە، بەڵکوو ئامرازێکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی و جوگرافی.
پڕۆسەی داگیرکاری لەم ناوچەیەدا، لە گۆڕینی ناوی شارەکان و قەدەغەکردنی زمان و سەپاندنی ناسنامەی بیانییەوە دەست پێ دەکات، تاوەکوو لە کۆتاییدا ڕەوایەتی بە داگیرکردنی خاکیش بدات. کاتێک کوردێک عەقڵی داگیر دەکرێت بە ئاسانی کولتوورەکەشی داگیر دەکرێت، ئامانج لەم داگیرکارییەش لە خۆڕا و بەبێ بەرنامە نییە، داگیرکەرانی کوردستان باش دەزانن، ئەوەی کوردی بەپێوە ڕاگرتووە زمان و کولتوورەکەیەتی، بۆیە هەوڵدەدەن عەقڵی تاکی کورد داگیر بکەن بۆ ئەوەی کولتوورەکەشی داگیر بکەن و ئەو چەکە گرنگە بەرەنگارییەی لێ وەربگرنەوە.
هەستیاریی بەرانبەر بە زمانی نەتەوەی داگیرکەر
لەنێو دنیای سۆشیال میدیادا، هەندێک دەڵێن؛ بۆچی کەس بۆ ناوی ئینگلیزی و بیانی دەنگی لێوە نایە، کەچی بەرانبەر بە ناوی عەرەبی قەڵس دەبن. بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە، کە ئەو هەستیارییەی تاکی “کوردی هۆشیار” بەرانبەر بە ناوی عەرەبی و تورکی یان فارسی هەیەتی، ڕقێکی نەتەوەیی دەمارگیرانە نییە، بەڵکوو کاردانەوەیەکی دەروونی و سیاسییە بەرانبەر بە مێژوویەکی درێژ لە داگیرکاریی و تواندنەوە. لەبەر ئەوەی ئەم زمانانە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی سیاسیی زاڵدا وەکوو ئامرازێک بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کورد بەکارهێنراون، هەر وشە و ناوێکی ناو ئەم زمانانە لە هۆشیاریی تاکی کوردستانی دا وەکوو نیشانەیەک بۆ داگیرکاری و نکۆڵیکردن وێنا دەکرێت. کاتێک دەوڵەتە داگیرکەرەکان ناوی کوردییان قەدەغە کردووە و ناوی بیانییان بەسەر ژینەگە و شوێن و ناسنامەی خەڵکدا سەپاندووە، ناوەکە لە واتا زمانەوانییەکەی داماڵراوە و بووە بە سیمبۆلێکی سیاسی بۆ سەپاندنی هەژموون. بۆ نموونە؛ شاری کووت، کە گۆڕاوە بۆ واسط ئامانج لێی سڕینەوەی موڵکدارێتی ناسنامەی نەتەوەییە، لەبەرئەوەی کووت لە بنەڕەتەوە ناوێکی کوردییە، “کووتەک و گۆتی” دوو لەو گریمانان، کە ناوی شارەکەی لێوە هاتبێت، لەبەرئەوەی کووت و ئیلام دوو مەڵبەندی گەورەی کوردنیشین بوون، کە شوێنی نیشتەجێی گۆتییەکان بووە. بۆچوونێکیش هەیە، کە شاری کووت لە شوێنی نیشتەجێی کووتەک بەدەستەکان بووبێت، لەبەرئەوەی کوردە فەیلییەکان لە مێژوودا بەکووتەک شەڕیان کردووە.
جیاوازیی دیدگا بۆ زمانە جیهانییەکان
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ سەرهەڵدەدات، کە بۆچی هەمان ئەو هەستیارییە بەرانبەر ناوی ئینگلیزی یان فەڕەنسی بوونی نییە. وەڵامەکە لە جۆری ئەو پەیوەندییە دایە، کە لەنێوان زمان و دەسەڵاتدا هەیە. زمانە ڕۆژئاواییەکان بە تایبەتی ئینگلیزی لە ئێستادا وەکوو زمانی زانست و تەکنەلۆژیا و جیهانگیری دەبینرێت. ئەم زمانانە لە ڕووی جوگرافییەوە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ نین بۆ سەر خاکی کوردستان و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد نادەن بەو شێوەیەی، کە دەوڵەتانی دراوسێ بە ئامانجی داگیرکاریی ئەنجامی دەدەن. داگیرکاریی سەردەمی جیهانگیری جیاوازە لە داگیرکاریی سەردەمی فتوحات و دەوڵەت، نەتەوە وەکوو داگیرکاریی بەعسی و تۆرانی و عەجەمەکان داگیرکاریی ئەمانە لە سۆنگەی جەنگ و جینۆسایدەوەیە، یاخود ئەگەر کورد مل بەسیاسەتەکانیان نەدەن ڕووبەڕووی جەنگ و جینۆساید دەکرێنەوە.
کاتێک تاکێکی کورد ناوێکی ئینگلیزی بەکار دەهێنێت، هەست ناکات لەژێر گوشاری سیاسی یان پڕۆسەی سڕینەوەی ناسنامەدایە. بە پێچەوانەوە، زۆر جار وەکوو هەوڵێک بۆ هاوچەرخبوون و پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە لێی دەڕوانرێت. لە کاتێکدا بەکارهێنانی ناوی نەتەوەی داگیرکەر، بیرهێنانەوەی ئەو قۆناغانەیە، کە تێیدا هەوڵدراوە ناسنامەی کوردی لەنێوان ناسنامە گەورەکاندا بتوێنرێتەوە.
بە کورتی، ململانێی کولتووری لە کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ململانێی سیاسی و داگیرکردنی خاک. هەستیاری بەرانبەر ناوی نەتەوەی دیکەی وەکوو عەرەب وعەجەم و تورک دەمارگیری نەتەوەیی نییە، بەڵکوو بەرگرییەکی دەروونییە بۆ پاراستنی ئەوەی کە ماوەتەوە. ئەم تێڕوانینە نیشانەی تێگەیشتنی وردی کۆمەڵگەیە لەوەی، کە داگیرکردنی ناو و زمان هەنگاوی یەکەمە بۆ داگیرکردنی هەمیشەیی خاک. جیاوازیی مامەڵەکردن لەگەڵ زمانی ئینگلیزی و زمانە هەرێمییەکان، پێوەرێکی ڕوونە بۆ ناسینەوەی ئەو زمانانەی کە وەکوو کەرەستەی زانست دەبینرێن لە بەرانبەر ئەو زمانانەی کە وەکوو ئامرازی داگیرکاریی بەکارهێنراون.
دەنا ئامانجی داگیرکاران ڕوونە و تەنانەت لە تەعریبیش تێپەڕیوە و بەرەو تواندنەوەو ئاسمیلەبوون ڕۆیشتووە، لە هەنگاوی یەکەمیاندا، ئامانجەکە تەعریب نییە، بەڵکوو ئامانج بێزراندنی کورد و لە کوردخستنە، هەتاوەکوو تاکی کورد لەبری ئەوەی شانازی بە کوردبوونییەوە بکات، وەکوو “هیچ”ێک تەماشای خۆی بکات. ڕەوتە ئیسلامییەکان. بەتایبەتی سەلەفییەکان، بوونە کارەکتەر و سەرباز و دەهۆڵکوتی ئەم سیاسەتە و خۆشیان نەیان شاردووەتەوە، کە ئەوان نەتەوەیان بەلاوە گرنگ نییە و ئایینیان پێش هەموو شتێک خستووە. لە کاتێکدا هیچ کام لە دەوڵەتە داگیرکەرەکان ئامادە نین نەتەوە و دەوڵەتەکانیان بە قوربانی ئایین بکەن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، بە بەرچاوی هەموو دنیاوە ئایینیان بۆ سەرخستنی سیاسەتەکانیان بەکاردەهێنن، نەوەکوو سیاسەت و دەوڵەتەکانیان خستبێتە خزمەتی ئایین و مرۆڤی ئیماندارەوە.



