دەشتی بەرزەواری
کاتێک باس لە جینۆساید دەکرێت، ڕاستەوخۆ بیرمان بۆ لای کۆمەڵکوژیی جەستەیی مرۆڤەکان دەچێت؛ واتە لەناوبردنی جەستەیی گرووپێکی ئتنیکی، یان کۆمەڵێک مرۆڤی فرەکولتوور. بەڵام ئەمڕۆ فەلسەفەی مۆدێرن پێمان دەڵێت، کە مرۆڤ تەنیا گۆشت و ئێسقان نییە، بەڵکوو بوونەوەرێکە، لە ڕێگەی تێکەڵاوبوونی لەگەڵ شوێن و خاکدا مانای بوون و مانەوەی دەبەخشێت. بۆیە، بەعەرەبکردنی خاکی کوردستان تەنیا گۆڕینی ناوی سەر نەخشەکان نییە، بەڵکوو تێکشکاندنی پەیوەندییە بوونییەکەی (ئۆنتۆلۆجییەکەی) نێوان نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەیەتی. ئەم پڕۆسەیە، تەنیا ململانێیەکی سیاسی و دیموگرافی و سەربازیی سادە نییە، بەڵکوو ڕەهەندێکی فەلسەفیی قووڵ لەخۆ دەگرێت، کە دەتوانین وەکوو “سوتماککردنی خاک” پێناسەی بکەین.
مارتن هایدیگەر، فەیلەسووفی ئەڵمانی دەڵێت: “زمان ماڵیبوونە”. ئەگەر پەرە بەم چەمکە بدەین، دەتوانین بڵێین؛ “خاک جەستەی بوونە”. بۆ کورد خاک تەنیا پارچە زەوییەکی کشتوکاڵی یان سەرچاوەیەکی ئابووری نییە. خاک ناسنامە و کۆگای یادەوەریی کۆمەڵگەی کوردەوارییە. کاتێک شاخێک، دۆڵێک، گوندێک، یان ڕووبارێک ناوی کوردیی لێ دەنرێت، تەنها ناونانێکی سادە نییە، بەڵکوو بەزمانهێنانی سرووشتە بۆ پێناسەکردنی ناسنامەی نەتەوەیەکی چیایی.
ئەوەی وەکوو ژەهرێکی کوشندەی درێژخایەن خراوەتە ناو پارووی “نەتەوەی کورد”ەوە، پڕۆسەی بەعەرەبکردن بووە لە کوردستان دا. ئەم پڕۆسەیە لەگەڵ هاتنی غەزەواتی (داگیرکاریی) ئیسلامی دەستی پێ کردووە. سەرەتا بەناوی پیرۆزییەوە ناوەکانیان لە کوردییەوە گۆڕدراون بۆ عەرەبی، دواتریش لەگەڵ دامەزراندنی حکوومەتی عێراق بە گۆڕینی ناوی دێهاتەکان بەردەوام بوو، بە شێواندنی جوگرافیا و ڕاگواستن و سوتماککردنی خاکی کوردستان و خەڵکەکەی گەیشتە لووتکە.
لە ڕاستیدا، ئەوەی جەستەی خاک دەبڕێت شمشێر نییە، بەڵکوو گۆڕینی ناوی مێژوویی شوێنە دێرینەکانی ئەم سەر زەمینەیە، کاتێک کە هێمایەکی فەرهەنگیی نەتەوەیی دەشێوێنرێت و دشداشەی عەرەبی بەسەردا دەکرێت. ئەوە ئەو زمانە بێ دەنگەیە، کە جینۆساید و سڕینەوەی یادەوەریی تاکی کوردستانی دەکاتە کارە هەرە لەپێشینەکانی خۆی.
گاستان باشلار لە کتێبی “فەلسەفەی شاعیرانەی شوێن”دا، باس لەوە دەکات کە شوێنەکان جێگەی پاراستنی خەون و یادەوەرییەکانی ئێمەن. کاتێک دەسەڵاتێکی داگیرکەر دێت و دیمۆگرافیای ناوچەیەک دەگۆڕێت، مرۆڤی ڕەسەنی ئەو خاکە تووشی حاڵەتێک دەکات، کە فەیلەسووفەکان بە “نامۆبوون” (alienation) یان هەستی غوربەت لە ماڵی خۆتدا ناوی دەبەن.
لە فەلسەفەی ژینگەییدا، چەمکێک هەیە بە ناوی “سوتماککردنی خاک”. ئەمە کاتێک ڕوو دەدات، کە سیستەمە سرووشتی و مرۆیی و کولتوورییەکانی ناوچەیەک بە ئەنقەست تێک بدرێن، بۆ ئەوەی ڕێگە لە ژیانی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو بگیرێت.
لە سەدەی ڕابردوودا، حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی دەوڵەتی عێراق، بەتایبەتی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی نەفرەتی، لە کوردستان دا، هەموو ڕێگەیەکیان گرتەبەر بۆ تێکدانی پەیوەندیی ئیکۆلۆجی، بە وێرانکردنی گوند و شارۆچکە و ڕەز و باخەکان و ڕاگواستنی خەڵکی گوندەکان بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێکان. ئەم کردەوانەی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق، مەبەست لێیان تەنیا گۆڕینی شوێن نەبوو، بەڵکوو مەبەستی بڕینی پەیوەندیی ئۆرگانیی مرۆڤ بوو لەگەڵ خاکەکەی، کە بۆ چەندین سەدە بە هاوسەنگی ڕایان گرتبوو.
پڕۆسەیەکی دیکەی بێدەنگ دەستی پێ کرد بۆ سڕینەوەی ناسنامە و شوێنەواری کورد، ئەویش گۆڕینی ناوە کوردییە ڕەسەنەکانیان بوو لە کوردستان دا. بۆ نموونە؛ گۆڕینی ناوی شار و شارۆچکە و کۆمەڵگە تازە دروستکراوەکان و ناوی سەر لووتکە و دۆڵ و دەشت و شوێنەوارە دێرینەکان. ئەمە هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی مێژوویەکی دەستکرد، کە خاکەکە لە ڕاستی خۆی داببڕێت. بەڵام کوردستانیان لە ڕێگەی شۆڕش و بەرخۆدانەکاندا، توانیان لە شوێنەواری خۆیاندا لەسەر پێ ڕابووەستن و پارێزگاری لە ژینگەی خۆیان بکەن. بۆ دوژمنانیان سەلماند، کە خاک تەنیا شوێنی ڕاوەستانی جەستە نییە، بەڵکوو ئاوێنەیەکە کە ناسنامە و مێژووی مرۆڤی تێدا ڕەنگ دەداتەوە. شێواندنی ئەم ئاوێنەیە، شێواندنی سەرجەم مرۆڤەکانی سەر ئەم زەمینەییە.
دوای ئازادبوون و دروستکردنی پەرلەمان و حکوومەت لە ١٩٩١دا، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان چی کرد و چی بەسەر ئەم نەتەوەیەدا قارەمانەدا هێنا؟ ئەوەی ئێستا لە کوردستاندا لەژێر سایەی دەسەڵاتی کوردیدا ڕوودەدات، سوتماککردنی خاکی کوردستانە. دەبینین تاکی کورد زەلیل دەکرێت و کوردستان بە دەستی خودی دەسەڵاتی کوردی بەعەرەب دەکرێت. بەداخەوە خەڵکی کوردستانیش هاوکار و ڕێگەخۆشکەری دەسەڵاتی کوردن لە بەعەرەبکردنی خاکی کوردستان دا.
بە چاوی خۆمان دەبینین، کە کورد لە شوێنەوارە فیزیکی و فەرهەنگییەکانی خۆی دادەماڵرێت و ڕێگەی هەندەرانی نیشان دەدرێت. لە سایەی سیاسەتی جووت حیزبدا، کوردی شار و شەرۆچکەکان لەسەر جیاوازیی بیروڕا و ڕەخنەگرتن لە کار و ڕەفتارەکانی ئەم دوو حیزبە، شاربەدەر و ناچار دەکرێن شوێنی باوب و باپیرانیان بەجێ بهێڵن و ڕوو لە شارێکی دیکە بکەن. ئەو عەربانانەی تاوەکوو دوێنێ خوشک و دایکی ئێمەیان ئەنفال دەکرد، ئێستا بێ منەت و ئازادانە لە شارەکانی کوردستان دەسوڕێنەوە. ئەمەش ئازارێکی یەکجار قورسە.
ڕاستە مرۆڤ لەسەر خاکەکەی خۆی یان لە نزیکییەوە دەمێنێتەوە، بەڵام ژینگە و دەوروبەرەکەی هەمووی بەعەرەبکراوە و چیتر بە زمانی ئەو نادوێن. ئەم گۆڕینی “ناسنامەی خاک”ـە کە خۆکردە لە ڕووی فەلسەفییەوە هێرشێکی خودییە بۆ سەر “ئەزموونی ناوەکی”ی هاووڵاتییانی کوردستان. لێرەدا خاک دەکرێتە ئامرازێکی پارە پەیدا کردن، یان هەندێک ڕیکلامی سیاسی بۆ بەرژەوەندیی گرووپ و تاقمێک، کە دەبێتە هۆی چەوساندنەوەی دەروونی. ئەوەی ئێستا لە کوردستان لە سایەی سیاسەتمەدارە بازرگانەکاندا ڕوو دەدات، ڕێک سوتماککردنی خاکە، بۆ چەوساندنەوەی دەروونیی مرۆڤی کورد و تەواوکەری سیاسەتە تەواونەکراوەکانی ڕژێمی بەعسە.



