سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

تورکیا، ئەو وڵاتەی کۆمەڵگە نابینێت، پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەئامێز بۆ پەڕتووکی “دەوڵەت و کورد لە تورکیا: پرسی تواندنەوە”

پێشەکی

پەڕتووکی “دەوڵەت و کورد لە تورکیادا: پرسی تواندنەوە” هەوڵێکی ئاواتخوازانەیە تا خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ پرسێکی زۆر ئاڵۆز و جێی مشتومڕ لە تورکیای نوێدا دەستەبەر بکات. “مەتین هەبەر” تەنیا هەوڵی لێکدانەوەی پێوەندیی نێوان دەوڵەتی تورکیا و کورد نادات، بەڵکوو هەوڵ دەدات چوارچێوەی پێداچوونەوەی بیردۆزەییانەی داڕێژێتەوە، چوارچێوەیەکە چەندان ساڵە بووەتە سەرچاوەی تێگەیشتن لەو پێوەندییە.

“هەبەر” پێی وایە زۆر ئەدەبیاتی پێوەست بە پرسی کورد لە یەک نموونەی لێکدانەوەوە هەڵدەقوڵێت کە باوەڕی تەواوی وایە: دەوڵەت هەوڵی تواندنەوەی کوردەکان دەدات و دەیەوێت لە ناو یەک ناسنامەی نیشتمانیدا بیانتوێنێتەوە، بەرانبەریشی کۆمەڵی کوردەواری بەرەنگاریی ئەو ڕێڕەوە دەکات، بۆیە دەوڵەت داپڵۆسینی توندتر پێڕەو دەکات. بەپێی نووسەر، ئەگەرچی ئەو گێڕانەوەیە کەمێک ڕاستی هەڵدەگرێت، بەڵام لە تێگەیشتنی مێژوویەکی دوورودرێژ و ئاڵۆزدا، کە پڕە لە ململانێ، هاریکاری و تێکەڵبوون، کورت دەهێنێت.

لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو نموونەیەدا، “هەبەر” چوارچێوەیەکی دیکەی لێکدانەوە پێشنیاز دەکات بنەمای لەسەر چەمکەکانی دیکە داناوە، وەکوو چەمکی (کولتووراندن- التثاقف- Acculturation)، و چەمکی ترس لە بڕینی کولتووراندن و ددانپێدانەنان. لە ڕێی ئەو چەمکانەوە دەیەوێت پێوەندیی نێوان کورد و تورک بسەلمێنێت کە لە ناخدا ململانێی نەتەوەیی نەبووە، بەڵکوو پێوەندییەک بووە لە چەند سەدەیەکی پێکەوەژیان لە ناو یەک کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا داڕێژراوە.

لەسەر ئەو وێناکردنە، نووسەر دەڵێت دەوڵەتی عوسمانی و دواییش کۆماری تورکیا پڕۆژەی ئەوەیان نەبووە کورد وەکوو کۆمەڵە مرۆڤێکی جیا بسڕنەوە، بەڵکوو خەمی سەرەکیی ئەوان ئەوە بووە ناسنامەی کوردی نەبێتە پڕۆژەیەکی سیاسیی ڕکابەری کۆی ناسنامەی نیشتمانی. بۆیە نووسەر نکۆڵیکردنی هەبوونی کورد لە ددانپێدانانی سیاسی و یاسایی جیا دەکاتەوە، پێشی وایە زۆر لەو سیاسەت و بەرنامانەی کە زۆر جار بە سیاسەتی لەخۆگرتن و تواندنەوە باس دەکرێن، دەکرێت وەکوو سیاسەت و بەرنامەی ئەو بەستێنە لێیان تێ بگەین.

بایەخی ئەو تێزە لەوەدایە کۆمەڵێک پرسیار دەخاتە بەردەم خوێنەرەکەی کە ناکرێت بەئاسانی پشتگوێ بخرێن، ئەگەر پێوەندیی نێوان دەوڵەت و کورد هەردەم لەسەر بنەمای تواندنەوە و بەرەنگاری بێت، ئەی چۆن ماوەی دوورودرێژی بەشداریی سیاسی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لێک دەدرێتەوە؟ چۆن بەشداریی توێژێکی زۆری کورد لە جەنگی سەربەخۆبوون و دامەزراوەکانی دوایی دەوڵەت تێ بگەین؟ بۆچی چەندان گرژی و قەیرانیش ئەو پێوەندییەی نێوان کورد و تورکی نەکردە ململانێیەکی بەربڵاوی نەتەوەیی نێوانیان؟

بە تێگەیشتنی من، ئەو پرسیارانە لە جێی خۆیانن و مایەی بیرکردنەوەن. کاتێکیش “هەبەر” ڕەخنە لە هەندێک خوێندنەوە دەگرێت تێیدا مێژوویەکی ئاڵۆز کورت دەکەنەوە و گێڕانەوەکان لەناو یەک جۆر لێکدانەوە کە پێشتر بۆ هەموو شتێک ئامادە کراوە، قەتیس دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا سروشتی دەوڵەتی عوسمانی بە بیر دەهێنێتەوە کە بنەمایەکی نەتەوەیی نەبووە و ئاست و قەبارەی تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی و کولتووری نێوان کورد و تورک باس دەکات، ئەوانە بیرۆگەلێکن ناکرێت پشتگوێ بخرێن.

بەڵام لێرەدا کێشەی سەرەکیی پەڕتووکەکە دەست پێ دەکات. لەوکاتەی “هەبەر” لە ڕەخنەی هەندێک کورتکردنەوەی باودا سەرکەوتووە، هەندێک جار هەر بۆخۆی کورتکردنەوەی دیکەیان لە جێ دادەنێت. لەبری ئەوەی دەوڵەتی تورکیا وەکوو پێکهاتەیەکی دەسەڵاتی ئاڵۆز و پڕ لە دژوێژی چاو لێ بکات، بەلای وێناکردنێکدا دەشکێتەوە کە دەوڵەت خۆی بۆخۆی داڕشتووە: دەوڵەت دەیەوێت نوێگەرایی بکات، نیشتمان بونیاد بنێت، تێکەڵبوونی نیشتمانی بەرپا بێت و هەندێک جار هەڵوەستە و کۆسپ لەبەردەم جێبەجێکردن و هەڵبژاردنی ئامرازەکاندا دەردەکەون.

تەواو لەو خاڵەدا پرسیارە هەستیارەکانی پوڕتووکەکە دێنە پێش، ئەوانیش ئەو پرسیارانەن هەوڵ دەدەم لێرە بەدواوە گەنگەشەیان بکەم.

لە ڕەخنەی کورتکردنەوە بۆ کورتکردنەوەی بەرانبەر

خاڵێکی بەهێزی پەڕتووکەکە ڕەتکردنەوەی خوێندنەوە ساکارەکانە کە مێژووی پێوەندیی نێوان دەوڵەتی تورکیا و کورد لە دووانەیەکی مردووی تواندنەوە و بەرگریدا کورت دەکەنەوە. مێژوو، وەکوو ئەوەی “هەبەر” چەند جارێک بەبیرمان دەهێنێتەوە، ئاڵۆزترە لەوەی لە ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی دوو لایەندا کورت بکرێتەوە. ئەو سەرنجە لە ناخدا دروستە، بەڵکوو گرنگترین تێزەکانی ئەو پەڕتووکەیە.

بەڵام گرفتەکە لەگەڵ خوێندنەوەی پەڕتووکەکەدا بەرەبەرە بۆم دەرکەوت ئەوەیە “هەبەر” لەوکاتەی ڕەخنە لە کورتکردنەوەیەکی تایبەت دەگرێت، دەکەوێتە ناو کورتکردنەوەیکی دیکە کە بە هەمان ئاست گرفتدارە. لەو پەڕتووکەدا دەوڵەت وەکوو پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی دەسەڵات، پڕ لە پێکدژەکان و ململانێی ناوخۆ دەرناکەوێت، بەڵکوو وەکو کایەیەکی کارای ئاقڵانە دیارە، مەبەستەکانی دەزانێت و زۆربەی جاریش لەناو ڕوانگەیەکی ڕوون و ڕەوادا دەبزوێت. ئەو دەوڵەتە دەیەوێت یەکێتیی نێستمانی بپارێزێت، پەروەردە و خوێندن بڵاو بکاتەوە، پاڵپشتی گەشەکردن بێت، باز بەسەر دابەشبوونی ناوچەیی و خێلەکیدا بدات، هاوڵاتیبوونی نوێ بونیاد بنێت و سەربەییی (إنتماء) بایی (تقليدي) بپەڕیێنێت. من ناڵێم ئەو ئامانجانە نین یان تەنیا دروشمی بەتاڵن. بەڵام گرفتەکە لەوەدایە پەڕتووکەکە پێی وایە ئەوانە بەتەنیا لێکدانەوە بۆ سیاسەتەکانی دەوڵەت دابین دەکەن، یان دەبێت لەوانەوە دەوڵەت هەڵسەنگێنین.

لە زۆر شوێندا هەستم کرد “هەبەر” مێژوو زۆرتر لە دید و مەبەستە ئاشکرا و بڵاوکراوەکانی دەوڵەتەوە دەخوێنێتەوە نەوەک لە ئەنجامی سیاسەتە کردەییەکانییەوە. ئەوەش جیاوازییەکی گرنگە. زۆر کەم دەوڵەت خۆی وەکوو ئامرازی باڵادەستی و جڵەوگرتنەدەست وێنا دەکات. بە نزیکەیی هەموو وڵاتان بە هەمان زمانی یەکێتیی نیشتمانی، گەشەستاندن، نوێگەرایی و بەرژەوەندیی گشتی دەدوێن. بەڵام ئەرکی توێژەر لە گووتەکانی دەوڵەت ڕاناوەستێت، بەڵکوو لەوێوە دەست پێ دەکات.

بۆیە لە منەوە وا دیارە ئەو پەڕتووکە هەندێک جار مامەڵە لەگەڵ گێڕانەوە فەرمییەکان دەکات، ئەوان وەکوو سەرەتا و دواییش گەیشتن بە ئامانج وەردەگرێت. کاتێک گفتوگۆی سیاسەتە چەقگرییەکانی دەوڵەت و پڕۆژەکانی دووبارە پێکهێنانەوەی کۆمەڵگە دەکات، پرسیاری سەرەکی دەبێتە: مەبەستی دەوڵەت چی بوو؟ پرسیارێکی دیکەی کەمێک بایەخ کەمتریش ئەوەیە: ئەو سیاسەتانە چییان بەرهەم هێنا؟

ڕەنگە ئەو مەیلە لە چۆنییەتیی گفتوگۆکردنی چەمکی نکۆڵی و ددانپێدانەناندا دیارە. “هەبەر” جەخت دەکاتەوە کە جیاوازیی گرنگ لە نێوانیاندا هەیە. ئەو لە ڕووی بیردۆزەییەوە دروستە. نکۆڵیکردن واتای ئەوەیە لە بنەماوە هەبوونی کۆمەڵێک یان دیاردەیەک نابینێت، بەڵام ددانپێدانەنان واتا نکۆڵی لە هەبوونیان ناکات بەڵام پێگەی یاسایی و سیاسیی سەربەخۆیان ناداتێت. لە پرەنسیپدا ئەو جیاکارییە گونجاوە، بەڵام نەمتوانی پرسیارێکی سادەی هاوەڵ بۆ خوێندەوەی ئەو پەڕتووکە وەلا بنێم: ئەو جیاکاری و جیاوازییە بۆ ژیانی ڕۆژانەی خەڵک کە لە کایەی ئەنجامی ئەو سیاسەتانەدا دەژین چییە؟

ئەگەر بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ڕێ گیرا زمانی کۆمەڵێک لە خوێندن، بەڕێوەبردن و ڕاگەیاندندا بە کار بهێندرێت، ئەگەر ناوی ناوچە جوگرافیاییەکانی بۆ ناوی دیکە گۆڕدران، ئەگەر دەربڕینی ئاشکرای ناسنامەی خۆی گومان دروست بکات، ئایا لە ڕوانگەی ئەو کۆمەڵە خەڵکەوە تا چ ئاستێک جیاوازیی نێوان نکۆڵیکردن و ددانپێدانەنان دیارە؟ مەبەست لە سڕینەوەی جیاوازیی بیردۆزەیی نێوان ئەو دوو چەمکە نییە، بەڵام کاتێک لە دەقی یاساییەوە دەچینە ئەزموونی کۆمەڵایەتی ئەو جیاوازییە کەمتر دیارە. لێرەدا پێم وایە پەڕتووکەکە بایەخی زۆرتری بۆ پێناسەکانی دەوڵەت و تێگەیشتنەکانی هەیە نەوەک بۆ ئەزموونی ئەو خەڵکەی لە ژێر کاریگەریی ئەو سیاسەتانەدا ژیاون.

لەو گۆشەنیگایەوە، کێشەکە وا دیار نییە “هەبەر” ڕاستەوخۆ بەرگری لە دەوڵەت دەکات، بەڵکوو لەوەدایە لەو ڕوانگەیەوە دەڕوانێتە ڕاستییەکان کە دەوڵەت سەبارەت بە خۆی دایڕشتووە، بۆیە لێکدانەوەی سیاسەتە داپڵۆسێنەرەکان وەکوو ئامرازی نوێگەرایی، لێکدانەوەی چەقگری وەکوو پێویستیی نیشتمانی و لێکدانەوەی جڵەوگرتنەدەستی بوارە گشتییەکان وەکوو پاراستنی یەکێتیی سیاسی، ئاسان دەبێت.

بەڵام ئەوەی لە دیدی دەوڵەتدا وەکوو پێویستی وێنا دەکرێت، لە دیدی کۆمەڵگەدا تەواو جیایە. لێرەدا دووری نێوان گێڕانەوەی دەوڵەت سەبارەت بە خۆی و ئەزموونی کردەیی ئەوانەی لە ژێر ئەو سیاسەتانەدا دەژیان دەردەکەوێت. ئەو دوورییەش، بە بۆچوونی من، مایەی بایەخی ئەو پەڕتووکە نەبووە.

تێکەڵبوون یان بەتورککردن؟

ئەو گرفتە لەو جێیەدا بەرجەستە دەبێت کاتێک “هەبەر” دەگاتە باسێکی هەرە هەستیاری پەڕتووکەکە، ئەویش باسی بەتورککردنە. لە زۆر باسدا، لەو کاتەی زۆر توێژەر و چالاکوانانی کورد بە بەشێک لە پڕۆژەیەکی واڵای بەتورککردنی دادەنێن، ئەو هەوڵ دەدات دووبارە لێکدانەوە بۆ سیاسەت و کردەکان بکاتەوە، وایان پیشان دەدات هەنگاوی پێویستن بۆ ناسنامەیەکی یەکانگیری گشتی و هیچی دیکە. بەوەش ئەو پەڕتووکە پرسیارەکە بە جۆرێک دەکات تا وەڵامەکەی زۆر ئاسانتر بێت لەوەی لە واقیعدا هەیە.

لە ڕووی بیردۆزەییەوە هەردەم دەکرێت جیاکاری لە نێوان یەکگرتنی/تێکەڵکردنی نیشتمانی و تواندنەوەی کولتووری بکرێت. دەشکرێت بگووترێت هەر وڵاتێکی نوێ پێویستی بە زمانی هاوبەش، دامەزراوەی یەکگرتوو و هێمای گشتی هەیە تا ڕێ بە هاوڵاتیانی بدات پێوەندی لەگەڵ یەکتری بگرن و کار لە ناو چوارچێوەیەکی سیاسیدا بکەن. بەڵام گرفتەکە لەو بیرۆکە داماڵدراوەدا نییە وەکوو بیرۆکە، بەڵکوو لە چۆنییەتیی جێبەجێکردنیدایە.

ناسنامەی نشیتمانی کایەیەکی بێلایەن نییە لە ئاسمانەوە بێتە خوار و لەسەر هەمووان یەکسان بێت. بە هۆی زمانێكی یەکگرتوو، گێڕانەوەیەکی مێژووییانەی دیاریکراو، هێماداری تایبەت و دامەزراوەکانەوە کە وێنایەک بۆ ڕابردوو و ئێستا و ئایندە دەکەن، دێتە دی. بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین: ئەگەر ئەوانە هەموویان لە کولتووری کۆمەڵەی باڵادەستەوە سەرچاوە بگرن، لە کوێدا تێکەڵبوون کۆتایی دێت و لە کوێدا تواندنەوە دەست پێ دەکات؟

پێم وا نییە “هەبەر” بە پێی پێویست ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە بووەتەوە، زۆرجار جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کۆماری تورکیا دەوڵەتێکی نەتەوەیی بە واتا بایۆلۆجییەکەی و ئیتنیکە تەسکەکەی نەبووە، دەرگەی لەبەردەم کوردەکان وەکوو کورد دانەخستووە. بەڕاستی ئەو سەرنجەش جێی گفتوگۆیە، بە تایبەتیش ئەگەر بەراوردی ئەو بارودۆخەی تورک لەگەڵ نموونەی دیکەی تێکەڵبوونی نەتەوەیی توندئاژۆی ئەوروپا لە سەدەی بیستدا بکەین.

بەڵام ئەگەر بەوەش ڕازی بین، پرسەکە هەر یەکلا ناکاتەوە. نەبوونی جیاکاریی بایۆلۆجی ئەوە ناگەیەنێت هەژموونی کولتووری نەبووە. لەوانەیە دەوڵەت لە مەڕ هەموو هاوڵاتیانی کراوە بێت، بەڵام مەرجیان بۆ دادەنێت بەوەی یەک زمان، یەک گێڕانەوە و هێمایان هەبێت. ئەو کاتەش پرسیارەکە سەبارەت بە بنەچە و خوێن نییە، بەڵکوو ئەوەیە کێ مافی ناساندنی ناسنامەی نیشتمانی و سنوورەکانی هەیە.

لێرەدا هەستم کرد “هەبەر” هەوڵی چڕ بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتی جیاکاریی ئیتنی دەدات، بەڵام بایەخی کەمتر بۆ پرسی هەژموونی کولتووری و دامەزراوەیی هەیە. تەنانەت ئەگەر دەوڵەت مەبەستی ڕاشکاوانەی سڕینەوەی کورد و وەلانانیشیانی نەبێت، پرسیار لە کاریگەرییەکانی سیاسەتەکانی لە بواری گشتیدا مەبەستیان هەژموون و باڵادەستیی یەک کلوتوورە، ڕاناگرێت.

لەو خاڵەوە دەکرێت لە لایەنێکی ئەو گفتوگۆ بەردەوامەی چەمکی بەتورککردن بگەین. گرفتەکە تەنیا لە مەبەستی پشت سیاسەتەکاندا نییە، بەڵکوو لەو ئەنجامانەیە لێیانەوە پەیدا دەبن. هاوڵاتییەکی کورد لە خۆی ناپرسێت ئایا دەوڵەت لە ڕووی یاساییەوە بە هەمان ئاستی هاوڵاتیبوون لێی دەڕوانێت، بەڵکوو سادەتر دەپرسێت: دەتوانم بە تەواوی لەناو کایەی گشتیدا کورد بم؟ یان دەبێت بەردەوام خۆم بۆ ئەو زمان و هێمایانە وەرگێڕم دەوڵەت دایناون؟ بە بۆچوونی من پەڕتووکەکە وەڵامێکی گونجاوی ئەو پرسیارە ناداتەوە.

چەمکێکی دیکەی گرێدراوی ئەوەی سەرەوە هەیە لە کۆتایی کارەکەیدا “هەبەر” بایەخی زۆری دەداتێت، ئەویش چەمکی “دەوڵەت-نەتەوە”یە. ئەو پێی وایە کۆماری تورکیا لە نەتەوەیەکی هاوجۆر homogeneous نەهاتووە لە دوای دەوڵەت بگەڕێت نوێنەرایەتی بکات، بەڵکوو میراتگری فەزایەکی واڵا و هەمەجۆری عوسمانییەکان بووە، ئینجا هەوڵی داوە نەتەوەیەکی سیاسی نوێ لە ناو ئەو فەزایەدا دابمەزرێنێت. ئەوەش لە ڕووی مێژووییەوە سەرنجێکی زۆر گرنگە، بە واتای وشکی نەتەوەیی، تورکیای نوێ میراتی کۆمەڵگەیەکی هاوجۆری ئیتنیکی بۆ نەماوەتەوە، بەڵکوو کۆمەڵگەیەکی هەمەجۆر و تێکەڵی لە عوسمانییەکانەوە وەرگرتووە، بەڵام پێم وا نییە ئەو ڕاستییە خۆکارانە/ئۆتۆماتیک دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی “هەبەر” دەیگاتێت.

ئەوەی دەوڵەت دەیویست نیشتمان بونیاد بنێت، هیچمان سەبارەت بە چۆنییەتیی ئەو بونیادنانە ناداتێت، نە سەبارەت بەو نرخەی هەندێک لە کۆمەڵەکان لەو پرۆسەیەدا داویانە. باسکردنی پڕۆژەی نیشتمانی یان شارستانانە ئەو پرسیارانە ناسڕێتەوە سەبارەت بە دەسەڵات، هەژموون و مافی دەوڵەت لە دیاریکردنی شێوەی کۆتایی کۆمەڵگە دێنە ئارا.

لە هەندێک لاپەڕەدا هەستم کرد ئەو پەڕتووکە مامەڵە لەگەڵ پڕۆژەی دامەزراندنی نەتەوە/نیشتمان وەکوو پڕۆژەیەکی ئاقڵانە/ژیرانەی بە سروشتی خۆی بێلایەن دەکات، بەڵام وا دیارە ئەو پرسە وریایی زۆرتری دەوێت. هەموو پڕۆژەیەکی دامەزراندنی نەتەوە/نیشتمان بە دڵنیاییەوە پێویستی بە هەڵبژاردن و لادان و پێناسەی دیاریکراو هەیە، تێیدا ئەوەی لاوەکییە و ئەوەی بۆ ناسنامەی نیشتمانی پێویستە و ئەوەی دەبێت لەدەرەوەی ئەو ناسنامەیە بمێنێتەوە، دیاری دەکات. بۆیە وەڵامەکان ئەوەندە نییە بگووترێت دەوڵەت هەوڵی دامەزراندنی نیشتمان/یەک گەلی نوێ دەدات، پرسیاری گرنگتر ئەوەیە کام نیشتمان/گەل؟ بە کام مەرج؟ کێیە ئەوەی دەسەڵاتی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی هەیە؟

تەواو لەو خاڵەدا، ماوەی نێوان وێناکردنی “هەبەر” بۆ دەوڵەت و وێناکردنی مەیلی خۆم بۆ دەوڵەت دەردەکەوێت. لە دیدی ئەودا دەوڵەت ئەوەیە بە هێز تێکەڵبوون و یەکگرتن و نوێگەرایی دادەهێنێت، بەڵام خۆم زۆرتر بەو لایەدا دەشکێمەوە کە هێزێکە هەمەجۆری هەژموون پیادە دەکات و پێناسەی کۆمەڵگە بە پێی وێناکردنی خۆی دادەڕێژێت. هەر لێرەشدا پرسی کورد لە تەنیا جیاوازیی نێوان ناسنامە و نەتەوە زۆرترە. دەرگایەک دەکاتەوە بە سروشتی دەوڵەتی نوێوە بەستراوەتەوە و لەگەڵ سنووری مافەکانی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی کۆمەڵگەکاندا گرێ دراوە.

دەوڵەت و کۆمەڵگە: پرسە قووڵترەکەی پشت پرسی کورد

هەرچەندی لە خوێندنەوەی ئەو پەڕتووکەدا گوزەرم دەکرد، باوەڕم پتەوتر دەبوو بەوەی گفتوگۆی ڕاستی لە نێوان دێڕەکانیدا تەنیا باسی کورد نییە. پرسی کورد وەکوو پەنجەرەیەکە تێیدا وێناکردنە واڵاتر و و قووڵترەکانی سروشتی دەوڵەت و ڕۆڵی لە کۆمەڵگەدا دەردەکەوێت.

لە زۆر شوێندا “هەبەر” ددان بەوەدا دەنێت کە کۆماری تورکیا کاریگەریی نموونەی دەوڵەتی چەقگری لە سەر بووە لە شێوەی ئەوەی دوای شۆڕشی فەڕەنسا لەو وڵاتەدا هەبووە، ئەویش نموونەیەکە دەوڵەت وەکوو هێزی سەرەکیی بەرپرسیار لە دامەزراندنی کۆمەڵگە و ڕێکخستنەوەیدا دەبینێت. بەڵام ئەو سەرنجە بەپێی پێویست هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانەی بۆ ناکرێت.

ئەو جۆرە وڵاتانەی لە چەند ئەزموونێکی نوێدا دەرکەوتوون لەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییانەی دەکەونە نێوان تاک و دەوڵەت ڕازی نین و بە چاوی نەرێنی لێیان دەڕوانن. بەڵکوو زۆربەری جاریش مەیلیان ئەوە بووە وەکوو بەربەست کە دەبێت لاواز بکرێن و بەسەریاندا باز بدرێت تەماشا کراون. خێڵ، ئایین و خواپەرستی، سەرۆکایەتی ناوچەیی، دڵسۆزیی هەرێمایەتی، تەنانەت هەندێک شێوەکانی ڕێکخستنی مەدەنیی سەربەخۆ، لە دیدی ئەو نموونەیەدا هەموو ئەوانە پاشـماوەی جیهانی کۆنن و دەبێت لە پێناو هاوڵاتیبوونی نوێ دەستیان لێ بەر بدرێت، هاوڵاتیبوونێک ڕاستەوخۆ دەوڵەت بە تاک دەبەستێتەوە.

لەو گۆشەنیگایەوە دەتوانین لایەنێکی سیاسەتەکانی “هەبەر” باسیان دەکات، تێ بگەین. بەڵام ئەوەی ئەو پەڕتووکە بایەخی تەواوی ناداتێت ئەوەیە نیشانەگرتن لەو پێکهاتانە هەموو کات لە ئەنجامەکانیدا بێلایەن نییە، تەنانەت لەو کاتەشیدا خۆی وەکوو سیاسەتی گشتگیر بنوێنێت. کۆمەڵگەکان وەکوو یەک پشت بەو پێکهاتانە نابەستن. هەیانە لەبەر هۆکاری مێژوویی، کۆمەڵایەتی و کولتووری، نزیکترن. بۆیە کزکردنی ئەو پێوەندییانە و هەڵوەشاندنەوەیان دەرهاویشتەی جۆراوجۆری لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەبێت.

لە بەستێنی کوردیدا بە تایبەت ئەو پرسە زۆر گرنگە. زۆر پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کوردی بایی (تقليدي) لەگەڵ تۆڕی ناوچەیی، خێڵەکی و ئایینیدا گرێ درابوون و ڕۆڵی زۆرتر لە تەنیا وابەستەیی کۆمەڵایەتیدا هەبووە. ئەو تۆڕانە، لە ئاستی جیا جیادا، بەشێک بوون لە میکانیزمەکانی پاراستن، هاریکاری، بەرهەمهێنانی واتا و ناسنامە لە ناو کۆمەڵگەکە خۆیدا. بۆیە پێم قورسە قبووڵی بکەم ئەو جیاکارییە توندەی “هەبەر” دەیکات لە نێوان بەئامانجگرتنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و بەئامانجگرتنی ئەو کۆمەڵەی لە ناویدا دەژیت. لە ڕووی بیردۆزەییەوە دەتوانین بڵێین دەوڵەت بێ گوێدانە ناسنامەی خاوەنەکانیان، هەندێک شێواز و ڕێکخراوی تایبەتی بەئامانج گرتووە. بەڵام لە ڕووی کردەییەوە ئەنجامەکان لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەدان تووشی ئەو جۆرە سیاسەتە هاتوون و چۆنییەتیی کاریگەریی ئەو سیاسەتانە لەسەر توانای پاراستنی تایبەتمەندییەکانیان و بەردەوامبوونیان هەیە.

ئەمەش واتای ئەوە نییە بڵێین دەبێت هەموو پێکهاتەیەکی بایی بپارێزرێت و وەکوو بەهایەکی ئەرێنی لێی بڕواندرێت. چونکە زۆر لە پێکهاتە باییەکان گرفتی خۆیان لەگەڵدا بوو و شێوازی جیاجیا و هەژموونی دەسەپاند. بەڵام گۆڕان لە سەرنج بۆ گریمانەی ئەوەی تەنیا دەوڵەت مافی هەیە پێناسەکردنی گەشەکردن و بڕیاردانی لە دەست بێت سەبارەت بەوەی هەبێت یان بەوەی دەبێت نەمێنێت، گۆڕانێکە وریایی زۆرتری دەوێت.

لێرەدا دەگەینە دیارترین و بڵاوترین بیرۆکەکانی ئەو پەڕتووکە، ئەویش بیرۆکەی شارستانیبوون و نوێبوونەوەیە.

وا دیارە “هەبەر” باوەڕی تەواوی بەوە هەیە دەڵێت دەوڵەت مەبەستی بووە خەڵک لە سەربەییی بایی (الانتماءات التقليدية) بەرەو هاوڵاتیبوونی نوێ بگوازێتەوە، بۆیە دەبێت زۆر لە سیاسەتەکانی لە ناو ئەو چوارچێوەیەدا بخوێندرێنەوە. بەڵام پێم وایە ئەو وێناکردنە پرسیاری پڕبایەخ و زۆرتر لەوەی لە ئامانجە ئاشکراکانیدا هەیە، دەوروژێنێت. کێیە ئەوەی بڕیاری پێشکەوتوو و دواکەوتوو دەدات؟ هەر لە بنەماوە کێ دەسەڵاتی پێناسەکردنی شارستانییەتی هەیە؟ ئایا کاتێک دەوڵەت شیوازێکی کۆمەڵایەتی یان کولتووری بە بایی یان بە دواکەوتوو ناوزەد بکات یەکسەر دەبێتە پرسێکی ڕەوا بۆ دەستبەردان لێی و دەستپێکردنی گۆڕانکاری؟

وەکوو لە ڕواڵەتدا دەردەکەوێت ئەوانە پرسیاری داماڵدراوی بیردۆزەیی نین، چونکە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو دیدەی دەوڵەت بەستراونەتەوە لێیەوە دەڕوانێتە ئەو کۆمەڵانەی مەبەستییەتی دەسەڵاتی بەسەریاندا هەبێت. کاتێک دەوڵەت خۆی بە تاکەلایەنی پێناسەکردنی گەشە و ئاراستەی گەشەکردن دەناسێنێت، پێوەندیی نێوان ئەو و کۆمەڵگەکان دەبێتە پێوەندیی نێوان پەروەردەکار و قوتابییەکانی، نەوەک پێوەندی دەزگە گشتییەکان لەگەڵ هاوڵاتییانی ئازادی خۆیدا.

لە هەندێک لاپەڕەی پەڕتووکەکەدا هەستم کرد دەوڵەت ڕێک لەو وێنەیەدا چوارچێوەی بۆ کێشراوە: لایەنێکە تەواو دەزانێت چی بۆ کۆمەڵگە باشە، مافی دووبارە داڕشتنەوەی بەپێی بۆچوونەکانی خۆی هەیە. بەڵام کۆمەڵگە خۆی، زۆرجار وەکوو کایەیەکە پێویستی بە دووبارە ڕێکخستنەوە و نوێکردنەوە هەیە. بەڵام ئەو ڕوانینە بۆ من پرسیارێکی سەرەکی دەوروژێنێت: ئایا ئەرکی دەوڵەتە ئەو کۆمەڵگەیەی بۆخۆی مەبەستییەتی دروست بکات، یان ئەرکی ئەوەیە چوارچێوەی ئەوە دابین بکات کۆمەڵگەکان تێیدا بژین، سەربەستانە پێش بکەون و لە هەمان کاتیشدا پارێزگاری لە مافی تاکەکانیش بکرێت؟

ڕەنگە پەڕتووکەکە وەڵامی ڕاستەوخۆی ئەو پرسیارەی نییە، بەڵام بە ڕوونی لەناو پەڕەکانیدا ئامادەیە، هەرچەندی دەمخوێندەوە هەستم توندتر دەبوو بۆ ئەوەی جیاوازیم لەگەڵ “هەبەر” تەنیا بە لێکدانەوەی مێژووی پێوەندیی تورکیا و کورد نییە، بەڵکوو پێوەستە بە تێگەیشتنمان بۆ دەوڵەتی نوێ و سنووری ڕۆڵی ئەو لە بواری دەستتێوەردانەکانی لە ژیانی کۆمەڵگەکاندا.

هاوڵاتیبوون و مافی بەکۆمەڵ: کێشەکە لە کوێدایە؟

گرفتەکە لەو شوێنەدا خۆی دەردەخات کاتێک “هەبەر” باس لە مافی بەکۆمەڵ و ددانپێدانانی یاسایی کورد دەکات. پێناچێت نووسەر باوەڕی بەوە هەیە کە دەوڵەت دەبوو بارێکی تایبەت یان مافی بەکۆمەڵی بۆ کورد وەکوو کۆمەڵێکی جیا، دابین کردبا، چونکە لە گریمانەیەکی سەرەتاییەوە دێت پێی وایە کورد بەشێک بوون لە کۆی تەوژمی سەرەکیی دەوڵەت و کۆمەڵگە، نەوەک کەمینەیەکی گۆشەگیرکراو یان کۆمەڵێکی پەراوێزخراو لە ژیانی گشتیدا.

لە سەرەتادا ئەو بیانووە ژیروێژانە دەردەکەوێت. کاتێک تاکی کۆمەڵێک هەمان مافی هاوڵاتیبوونیان وەکوو ئەوانی دیکە هەیە، بەشداری لە دامەزراوەکانیدا دەکەن، دەگەنە پێگەی سیاسی و بەڕێوەبردنی جیا جیا، بۆچی پێویستە ددان بە تایبەتبوون و مافی زۆرتر دابندرێت؟ بەڵام پێم وایە گرفت لە چۆنییەتیی داڕشتنی پرسیارەکەدا هەیە. ناکۆکی تەنیا سەبارەت بە مافی تاک وەکوو تاک نییە، بەڵکوو بە پێگەی کۆمەڵایەتی، کولتوور و زمانییەتی لە ناو بواری گشتیدا. لێرەدا دەردەکەوێت یەکسانیی یاسایی بە تەنیا، وەڵامی هەموو پرسیارەکانی پرسی کورد ناداتەوە.

دەکرێت هاوڵاتیی کورد هەموو مافەکانی لە ڕووی یاساییەوە هەبێت، بەشداری لە ژیانی سیاسی و ئابووریدا بکات، بگاتە پایەی بەرزی ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت. بەڵام ئەوە خۆکارانە پرسی ددانپێدانان بە زمان، مێژوو یان تایبەتمەندیی کولتووری ئەودا نانێت. ئەوانە ئەگەرچی پرسی لێک گرێدراویش بن، بەڵام جیان.

بۆیە لە کاتی خوێندنەوەی پەڕتووکەکەدا دیتم هەندێک جار دوو ئاستی جیای گفتوگۆ تێکەڵ دەکات. ئاستی یەکەم یەکسانبوونی تاکە لەبەردەم یاسادا، ئاستی دووەمیش پێگەی کۆمەڵە کولتوورییەکانە لە ناو دەوڵەتی نوێدا. گواستنەوەش لە نێوان ئاستی یەکەم بۆ دووەم خۆکارانە نییە وەکوو ئەوەی هەندێک جار “هەبەر” پیشانی دەدات. کاتێک کۆمەڵێک داوای مافی کولتووری، زمان و خوێندن دەکەن، واتای ئەوە نییە مافی هاوڵاتیبوونی هاوبەش ڕەت دەکەنەوە یان دەیانەوێت جوودا ببنەوە. ڕەنگە داواکەی لە ددانپێدانان و پاراستنی ئەو توخمانە بێت ئەو کۆمەڵە بە بەشێک لە کەرامەتی بەکۆمەڵ و ناسنامەی مێژوویی خۆی دادەنێت. بۆیە پەڕتووکەکەم وا دەهاتە بەر چاو کە گومان لەسەر داوای ڕەوای کۆمەڵەکان دادەنێت. وەکوو ئەوەی بڵێی هەر تەنیا گواستنەوە لە بواری کولتووری بۆ بواری سیاسی دەبێتە هەڕەشە بۆ یەکێتیی دەوڵەت. بەڵام ئەو گریمانەیە بۆخۆی پێویستی بە گفتوگۆی زۆرترە.

زۆر دەوڵەتی نوێ هەن کۆمەڵی دیکەی خاوەن زمان یان کولتوور یان نەتەوەی جیاوازیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ددانپێدانانیان نەبوو بە هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت و داڕمانی. نەوەک هەر ئەوە، خۆ هەندێک دەوڵەت ئەوەیان بۆ بووە ئامرازی پاڵپشت بۆ سەقامگیری نەوەک لاوازبوون. لێرەشدا گرفتەکە لە تەنیا ناکۆکیی سیاسەتی گشتی قووڵتر دەبێت. چونکە سەبارەت بە تێگەیشتنمانە بۆ دەستەواژەی هاوڵاتیبوون خۆی. ئایا هاوڵاتیبوون واتای ئەوەیە دەبێت وەکوو تاکی داماڵدراو لە سەربەییی (انتماء) کولتووری و مێژووییان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین؟ یان هاوڵاتیبوون ئەوەیە دەتوانێت هەبوونی کۆمەڵی جیاواز قبووڵ بکات کە بتوانن تایبەتمەندیی خۆیان لە ناو چوارچێوەیەکی سیاسیی هاوبەشدا بپارێزن؟ “هەبەر” وەڵامێکی ڕوون بۆ ئەو پرسیارەمان ناداتێت، بەڵام بە ئاشکرا بە لای بژاردەی یەکەمدا شکاوەتەوە. هەرچی بۆخۆمم، واقیع لەوانە ئاڵۆزتر دەبینم. تاکەکان لە دەرەوەی مێژوو، کولتوور و زماندا ناژین، بەڵکوو بەشێکی گرنگی ئەزموونی مرۆڤبوونیان لەو ڕایەڵانەوە پێک دێت.

گرێدراو بۆ ئەو گفتوگۆیە چەمکێکی دیکە لە پەڕتووکەکەدا زۆر بایەخی پێ دراوە، چەمکی کولتووری هاوبەشە. بێگومان کورد و تورک چەند سەدەیەک لە تێکەڵی و کارتێکردنی ناو کایەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ژیاون. گومانیش لەوەدا نییە زۆر توخمی هاوبەشیان هەیە، جا لە ئاستی ئایین، کۆمەڵایەتی یان مێژوویی بێت. ئەوەش ڕاستییەکە نکۆڵی لێ ناکرێت. بەڵام هەبوونی کولتوورێکی هاوبەش پێویستیی ددانپێدانان و ناسینی جیاوازی وەلا نانێت. بەڵکوو لە زۆر باردا پێچەوانەکەی دروستە.

کۆمەڵگەکان داوای ددانپێدانان لەبەر ئەوە ناکەن بە تەواوی لە دەوروبەریان دابڕاون، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە دەیانەوێت ئەوەی وەکوو بەشێک لە تایبەتمەندیی خۆیانی دەبینن لەو چوارچیوەیەدا، بپارێزرێت. مێژووش پڕە لە نموونەی ئەو جۆرە کۆمەڵانەی لە زمان، یان ئایین، یان جوگرافیا یانیش ئەزموونی مێژووییدا هاوبەشن، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام بووە لە داواکردنی پانتاییەک بتوانێت سەربەستانە خۆی تێدا دەرببڕێت. لێرەدا دەبینم “هەبەر” هەندێک جار کلتووراندن-acculturation و تێکەڵبوونی تەواوی سیاسیانە بە جۆرێک لێک دەبەستێتەوە بۆ من گرفتدارە. کولتووراندن واتای تواندنەوەی نییە، لە هەمان کاتدا کارلێکی کۆمەڵایەتی پێویستیی بۆ ددانپێدانان بە هەمەچەشنی ناسڕێتەوە. دەکرێت دوو کۆمەڵە زۆر کایەی هاوبەشیان هەبێت، لەهەمان کاتیشدا لە دیدی خۆیانەوە دوو کۆمەڵی جیا بن. ئەوەش دەمانگەیەنێتە تێگەیشتن لە چەمکی (بڕینی کولتووراندن)، کە “هەبەر” بۆ لێکدانەوەی بەرزبوونەوەی هۆشی نەتەوەیی کوردی لە دەیەکانی دواییندا بە کاری دەهێنێت. نووسەر لەو پێشکەوتنە وەکوو دوورکەوتنەوە لە بارێکی مێژوویی درێژمەودا لە نزیکبوونەوە و کارلێک دایدەنێت.

بەڵام دەکرێت بە جۆرێکی دیکە لەو پرسە بڕوانین. لەوانەیە بەرزبوونەوەی هۆشی نەتەوەیی کورد دەربڕینی جوودابوونەوە لە کولتوورێکی هاوبەش نەبووبێت بە ئاستی ئەوەی ناڕەزایی بووە لە قۆرخکردنی پێناسەی کولتووری هاوبەش. ڕەنگە پرسیاری سەرەکیی ئەوە نەبووبێت ئایا کورد و تورک پێکەوە ژیان یان نا، بەڵکوو کێ مافی پێناسەدانی واتاکانی ئەو پێکەوژیانە و سنوور و مەرجەکانی هەیە. لێرەدا پێم وایە لە کرۆکی ناکۆکییە ڕاستەکە نزیک دەبینەوە.

پرسەکە تەنیا هەبوون و نەبوونی کولتووری هاوبەش نییە، تەنیا ناسنامەی کوردی و ناسنامەی تورکی نییە، بەڵکوو پرسەکە ئەوەیە کێ دەسەڵاتی پێناسەکانی بواری گشتی هەیە و سنوور بۆ گێڕانەوە فەرمییەکان دەکێشێت کە دەبێت هەمووان لە ناویدا بجووڵێنەوە. ئەوەش پرسیارێکە لەگەڵ ئەوەی لە زۆر دێڕیدا دەردەکەوێت بەڵام پێم وانییە پەڕتووکەکە بە تەواوی بەرەو ڕووی دەبێتەوە.

نیازپاکی مێژوو لێک ناداتەوە

چەندی بەرەو بەشە کۆتاییەکانی پەڕتووکەکە دەچووم، هەستی زۆرترم بۆ دروست دەبوو کە خاڵی لاوازی لە زانیارییەکانیدا نییە، بەڵکوو لە چۆنییەتیی لێکدانەوەی ئەو زانیارییانەیدایە. “مەتین هەبەر” چەند جارێک بۆ بیرۆکەیەک دەگەڕیتەوە و لەگەڵ کات دەبێتە گریمانەیەکی نائاشکرا کە جڵەوی زۆربەی لێکدانەوەکانی لەدەست گرتووە: دەوڵەت گەشەکردنی دەویست، نوێگەرایی مەبەست بوو، دەیویست کورد لەگەڵ ژیانی گشتیی تێکەڵ بکات، هەوڵی دەدا هاوڵاتیی هاوبەش بونیاد بنێت و بەسەر دابەشبوونە باییەکاندا سەرکەوێت.

دوور نییە لە قۆناغەکانی مێژووی کۆماردا ئەو مەبەست و ئامانجانە لە هزری بەشێکی زۆری دەستەبژێری دەسەڵاتدا هەبووبن. بەڵام ئەو پرسیارەی لەگەڵ خوێندنەوەی پەڕتووکەکە هاوەڵم بوو ئەوە نەبوو: ئایا دەوڵەت چی دەویست؟ بەڵکوو ئەوە بوو دەوڵەت چی کرد؟ لەو سیاسەتانەی ئەنجامی دان چی دەست کەوت؟ نیازەکان بە تەنیا مێژوو نانووسنەوە و ئەنجامەکانیش ناکرێت لە مەبەستە ئاشکراکاندا کورت بکرێنەوە. دەکرێت دەوڵەتێک رایبگەیەنێت مەبەستی گەیشتنە بە یەکسانی، بەڵام سیاسەتەکانی شێوازی دیکەی نایەکسانی بەرهەم بهێنێت. ڕەنگە باس لە یەکێتیی نیشتمانی بکات بەڵام کردەکانی دابەشبوونەکان قووڵتر بکەنەوە کە مەبەستی بوو بەسەریاندا زاڵ بێت. بۆیە هەستم دەکرد “هەبەر” بایەخی زۆری داوە بەوەی دەوڵەت سەبارەت بە خۆی دەیڵێت، بەڵام بایەخی کەمترە بۆ ئەو هەلومەرجەی خەڵک لەژێر ئەو سیاسەتانەیدا ژیاون.

کاتێک نووسەر باس لە پڕۆژەکانی گەشەکردن لە ناوچە کوردییەکان دەکات، یان باس لە سیاسەتەکانی خوێندن دەکات، یان تێکەڵکردنی خەڵك لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت، بۆ هەمان زمان دەگەڕێتەوە کە دەوڵەت ئەو کاتە بۆ پاساودانی ئەو پڕۆژانە پێ دەدوا. بەڵام بە هەمان ئاست لەو پرسیارە ناکۆڵێتەوە ئەو سیاسەتانە چ ئەنجامی کردەییان هەبوو. ئایا ئەو سیاسەتانە متمانەیان لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەی کوردیدا بونیاد نا؟ ئایا هەستێکی بڵاو لە ناو کوردەکاندا بۆ هاوڵاتیی هاوبەش دروست کرد؟ ئایا هەستی پەراوێزخستنی لاواز کردن؟ یان لە هەندێک بارودۆخدا ئەنجامی جیای لەوەی بڵاو دەکردەوە هەبوو؟ ئەو پرسیارانە وەکوو چاوەڕوان بوون لە تەوەرەی ئەو پەڕتووکەدا نین.

باسەکە تەنیا سەبارەت بە لایەنی کولتووری و سیاسی نییە، بەڵکوو بۆ ئابووریش دەپەڕێتەوە. سەرنجێکم ئەوەیە باسەکانی ئابووریی سیاسی لێکدانەوەیان بۆ نەکراوە. نووسەر زۆر باسی گەشەکردن وەکوو ئامانج و پڕۆژە دەکات، بەڵام بەدرێژی لەسەر پێکهاتە ئابوورییەکان نادوێت کە لە پێوەندی نێوان چەق و لایەکاندا دروست بووبوون، نە لە جیاوازییە کەڵەکەبووەکانی چەندان دەیەی نێوان ناوچە جیاجیاکانی وڵات دەدوێت. بە بۆچوونی من قورسە هیچ ململانێیەکی درێژخایەن تێ بگەین بێ ئەوەی تەماشای ئەو ڕەهەندانە بکەین. دەوڵەت تەنیا بەرهەمهێنی ناسنامە، هێماکان و سیاسەتەکانی کولتوور نییە، هەر بۆخۆی بەرهەمهێنی سەرچاوە، دەرفەتەکان و شێوازەکانی دابەشبوونی ئابوورییە. بۆیە توێژینەوە لە پێوەندیی نێوان کورد و دەوڵەت بەبێ تەماشاکردن و خوێندنەوەی ناوچە کوردییەکان لە ناو ئابووریی سیاسیی تورکیادا تەواو نابێت. مەبەستم ئەوە نییە پرسی کورد بخزێنمە ناو ڕەهەندی ئابووری، وەکوو چەند جارێک خوێندنەوە کۆنەکان کردوویانە، بەڵام پێم وایە پشتگوێخستنی ئەو ڕەهەندە بەتاڵی لە ناو لێکدانەوەدا بەجێ دەهێڵێت.

کاتێک باس لە گەشەکردن دەکەین، ئەوەی دەوڵەت گەشەکردنی ویستووە نامانگەیەنێتە هیچ. ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە چۆن سەرچاوەکان دابەش کران، وەبەرهێنانەکان بۆ کوێ چوون، کاریگەریی سیاسەتی ئەمنی و سەربازیی درێژخایەن لەسەر پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەو ناوچانەی شانحی ململانێ بوون، چۆن بووە. لێرەدا گرفتێکی گەورەتر لە ڕێبازی پەڕتووکەکە دێنە پێش. “هەبەر” لە لێکدانەوەی مێژوودا لە سەرەوە بۆ خوارێ دەڕوانێت، واتا لە پێگەی دەوڵەت و دامەزراوەکانی و گووتارەکانیانەوە دەڕوانێت. کۆمەڵگەش زۆربەی جار تەنیا وەکوو وەرگری ئەو سیاسەتانە پیشان دەدرێت نەوەک کارلێک لە گەڵیاندا، کە خاوەنی لۆژیکی خۆیەتی و توانای کاریگەریی و وەڵامدانەوە و بەرەنگاربوونەوەی هەیە. کۆمەڵگەکان لە ناو دەقە فەرمییەکاندا ناژین، لە ناو ئەنجامی سیاسەتەکاندا دەژین، لە ناو قوتابخانە، لادێ، شار، بازاڕ و دامەزراوەکاندا دەژین.

لێرەوە دەبینم هەڵسەنگاندنی هەر پڕۆژەیەکی سیاسی لەوە دەست پێ ناکات خاوەنەکانی چییان ویستووە، بەڵکوو چییان لە ژیانی خەڵکدا بەرهەم هێناوە. بە تایبەت لەبەر ئەو هۆیە باوەڕم وا نییە مەبەستە ڕاگەیەندراوەکانی دەوڵەت توانای لێکدانەوەی ئەو پێوەندییە ئاڵۆزەی نێوانی لەگەڵ کورد هەیە، تەنانەت ئەگەر وەکوو گریمانەش نیازپاکی لە زۆر قۆناغدا هەبووبێت، پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە: بۆچی قەیران هەر بەردەوام بوو؟ بۆچی گرژی مایەوە؟ بۆچی هەموو پڕۆژەکانی تێکەڵبوون و نوێگەرایی و گەشەکردن سەرکەوتوو نەبوون لەوەی هەستی گومان و بێ متمانەیی بەرانبەر یەکتری ببڕێتەوە؟

پێم وایە وەڵامی ئەو پرسیارانە پێویستی بەوەیە دوورتر لە نیازپاکیی دەوڵەت و گووتارەکەی بڕۆین. دەبێت تێگەیشتنی قووڵتر بۆ کۆمەڵگە خۆی هەبێت و بە هەمان جۆر بۆ ئەزموونە کەڵەکەبووەکانی چەند دەیەیەکی پڕ لە گرژی لەگەڵ دەسەڵات، لە پاڵ چۆنییەتی لێکدانەوەی ئەو سیاسەتانە و تێگەشیتن و کارلێک لەگەڵیاندا. بە بۆچوونی من، لێرەوە سەرنجڕاکێشترین دژوێژییەکان (پارادۆکسەکان) لەو پەڕتووکەدا دەست پێ دەکەن. ماددە مێژووییەکەی “هەبەر” پێشکەشی دەکات، ڕێ بە لێکدانەوەی تەواو جیا دەدەن لەوەی “هەبەر” مەبەستییەتی پێی بگات. تەنانەت هەندێک ڕاستی لەوانەی بۆ تێزەکەی پشتیان پێ دەبەستێت ئەگەر لە دیدی کۆمەڵگەوە نەوەک دەوڵەت، تەماشایان بکرێت ڕەنگە ڕێ بۆ ئەنجامی پێچەوانە خۆش بکەن.

ئەو کۆمەڵگەیەی مایەوە

پاش سەدەیەکی تەواو لە پڕۆژەکانی بونیادنانی نیشتمان، فراوانبوونی خوێندن، دووبارە ڕێکخستنەوەی ئیدارە و دووبارە پێناسەکردنەوەی بواری گشتی، لە کۆتاییدا چی مایەوە؟ لە ڕوانگەی “هەبەر”ەوە، ڕەنگە وەڵامەکە ئەوە بێت دەوڵەت تا ئاستێکی بەرز لە بونیادنانی فەزایەکی نیشتمانی هاوبەشدا سەرکەوتوو بووبێت و یەکپارچەیی وڵاتی پاراست و لە هەڵوەشانەوە ڕزگاری کرد. بەڵام دەکرێت ئەو پرسیارەش بکەین: چۆن کۆمەڵگەی کوردی سەرەڕای ئەو هەموو گۆڕانکاریانە توانی پارێزگاری لە خۆی بکات؟

هەرچەندی زۆرتر دەمخوێندەوە دیتم بایەخم بۆ پرسیارەکەی نووسەر دەیکات کەم دەبووەوە و بۆ پرسیارە پێچەوانەکەی زۆرتر دەبوو، پرسیارەکە ئەوە نەبوو: بۆچی کورد بە تەواوی تێکەڵ نەبوون؟

بەڵکوو: چۆن کۆمەڵگەی کوردی توانی لەو ماوە درێژەدا ئەوەندە خۆی بەرهەم بهێنێتەوە؟

ئەگەر خۆ بدەینە دەست ئەو گێڕانەوەیەی “هەبەر” ڕژدانە (جدییانە) پێشکەشی دەکات، ئەوا دەوڵەت هۆکاری زۆر مەزنی بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە هەبووە: قوتابخانە، بیرۆکراتی، سوپا، بەڕێوەبردن، ڕاگەیاندن، یاسا و هەمەجۆرەی دەزگەکانی چاودێری و ڕێکخستنی هاوچەرخ. لەگەڵ ئەوەشدا ناسنامەی کوردبوون بزر نەبوو، زمانی کوردیش نەبووە پاشماوەیەکی ڕابردوو، هەستی سەربەییی کوردی وەکوو ئەوەی لە قۆناغی جیاجیادا چاوەڕوان دەکرا، لاواز نەبوو. بە تەنیا ئەو ئەنجامە جێی تێڕامانە. دوور لە هەڵوێستە سیاسییە جۆراوجۆرەکان، ئەزموونی پرسی کورد توانایەکی کەموێنەی لە بەردەوامی و دووبارە خۆبەرهەمهێنانەوەی هەیە. لێرەدا مەبەستم تەنیا بزووتنەوە و حیزب و سیاسییەکان نییە، بەڵکوو کۆمەڵگە بە واتا بڵاوەکەی: زمان، یادەوەری، پێوەندیی کۆمەڵایەتی و شێوازە جۆراوجۆرەکانی دیکە کە خەڵک توانیان لە ڕێیانەوە پارێزگاری لە سەربەییی خۆیان، نەوە دوای نەوە، بکەن.

لێرەدا بۆ من وا دیارە دەبێت چەقی قورساییی لێکدانەوە و شیکردنەوە لە دەوڵەتەوە بۆ کۆمەڵگە بگوازرێتەوە. پەڕتووکەکە لە کرۆکدا دەپرسێت بۆچی کورد باوەڕیان بەو گێڕانەوەیە نەبووە کە دەوڵەت سەبارەت بە نیشتمان و هاوڵاتیبوون پێشکەشی کرد؟ بەڵام ئەو پرسیارەی سەرنجی زۆرترم ڕادەکێشیت ئەوەیە: چی وای لە کورد کرد سەرەڕای هەموو فشار و گۆڕانکارییەکانی بەسەری هات، پارێزگاری لە بەشێکی گرنگی جیاوازیی خۆیان بکەن؟

ئەو پرسیارە گریمانەی ئەوە دانانێت ناخێکی نەتەوەیی جێگیر و ناسنامەیەکی نەگۆڕی هەتاهەتایی هەبێت. بە پێچەوانەوە، گریمانەی ئەوەی داناوە کە ناسنامەکان بەردەوام کاریگەریی بارودۆخی مێژوویی و سیاسییان لەسەرە. بەڵام گۆڕان شتێکە و بزربوونیش شتێکی دیکە. ئەگەر دەوڵەتی نوێ توانای مەزنی بۆ ڕێکخستن، بەڕێوەبردن و یەکبوون هەیە، ئەوا کۆمەڵگەکانیش لە لای خۆیانەوە توانای مەزنی خۆگونجاندن و دووبارە بەرهەمهێنانەوەیان هەیە کە ناکەونە بن نەخشەدانانێک لە مەرکەزەوە دێن.

دەکرێت لەو گۆشەنیگایەوە تەماشای زۆر شێوازی بەردەوامیی کوردی بکرێت، نەوەک تەنیا وەکوو ڕەتکردنەوەی سیاسیی دەوڵەت، بەڵکوو وەکوو دەربڕینی کۆمەڵگە کە توانای پاراستنی هەندێک توخمی سەربەخۆی هێمایی و کولتووری خۆی هەیە. زمانی ئاخاوتنی نێوان خەڵک، یادەوەری گوازراوەی نێوان نەوەکان و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بەرهەم دەهێننەوە، هەموو ئەوانە شێوازی بەردەوامبوونن و لە بایەخدا لە کاری سیاسی کەمتر نین. ڕەنگە ئەوە بێت پرسی کورد تەنیا نەکاتە داواکاریی نەتەوەیی یان تەنیا ململانێی مافی سیاسی. ئەو پرسە لە داڕشتنەوەی کۆمەڵگەکان بەپێی وێناکردنی خۆی، سنوورەکانی توانای دەوڵەتی نوێ ئاشکرا دەکات.

دەوڵەت دەتوانێت ڕێکخستن بکات، چاودێری بکات، یاساکان بسەپێنێت، سنووری ئیداری بکێشیتەوە، وانەکانی خوێندن یەک بخات، بەڵام ناتوانێت بەهەموو جۆرێک دەست بەسەر چۆنییەتیی تێگەیشتنی خەڵک سەبارەت بە خۆیان دا بگرێت، یان شێوازی تێگەیشتن لە خۆیان دابڕێژێت و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کۆیادیان بکێشێتەوە. بۆیە پرسیاری هەرە سەرنجڕاکێشی خوێنەر لەو پەڕتووکە لەو پرسیارەی “هەبەر” هەوڵێ وەڵامدانەوەی داوە، تەواو جوودایە: چۆن کۆمەڵگەی کوردی توانی بمێنێتەوە؟ چۆن توانی سەرەڕای گۆڕانکارە قووڵەکانی سەدەی ڕابردووش، پارێزگاری لە بەشێکی گرنگی زمان، کۆیادی خۆی و هەستەکانی بکات؟ بە بۆچوونی من، ئەو پرسیارە زۆر لەو گفتوگۆیانەی سەبارەت بە نیاز و سیاسەتەکان دەدوێن پڕبایەخترە. چونکە چەقی بایەخەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە بۆ کۆمەڵگە دەگۆڕێت، لە نەخشە و پلانی دەسەڵاتەوە بۆ ئەزموونی ڕۆژانەی خەڵک لە ناویاندا، دەگۆڕێت.

لەو خاڵەدا پرسی کورد بە شێوەیەکی دیکە دەردەکەوێت. پرسەکە تەنیا ململانێی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵیکی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو نموونەی ئەو سنوورانەیە دەوڵەتە نوێیەکان پێی دەگەن کاتێک مەبەستیانە کۆمەڵگەکان وەکوو ئەو وێنایە لێ بکەن لە هزری خۆیاندا هەیە. ئەوەش وا لە ئەزموونی کورد دەکات، بە چاوپۆشین لە هەڵوێستی سیاسیی جۆراوجۆر و جیاوازیشەوە، ببێتە ئەزموونێک شایانی تێڕامانی واڵاتر بێت لەوەی تورکیا.

لە نێوان دوو گێڕانەوەی کورتهێندا

پاش تەواوبوون لە خوێندنەوە، ئەو هەستەم بۆ دروست نەبوو کە “مەتین هەبەر” کێشەکەی بە لایەکدا خستووە، بەڵام بە شێوازێکی دیکە پێشکەشی کردووە و لەوەدا سەرکەوتوو بووە. ئەوەش لە خۆیدا بەشدارییەکی کەم نییە. پەڕتووکە گرنگەکان هەردەم ئەوانە نین وەڵامی قایلکەرانەیان هەیە، بەڵکوو هەندێک جار ئەوانەن پاڵمان پێوە دەنێن دووبارە چاو بە هەمان پرسیارەکاندا بخشێنینەوە.

پێم وایە “هەبەر” لە لایەنێکی سەرەکیی ڕەخنەکەیدا سەبارەت بە هەندێک ئەدەبیاتی بڵاودا دروستە. ناکرێت پێوەندیی نێوان دەوڵەتی تورکیا و کورد لە چیرۆكێکی سادەدا دابڕێژرێت و پێی وابێت لایەنێک ئەوی دیکە دادەپڵۆسێت و ئەوەی دوایینیش شێلگیرانە بە درێژایی کات بەرەنگاری دەکات. ڕەنگە ئەو جۆرە گێڕانەوەیە هەندێک ڕاستی لە خۆ بگرێت، بەڵام ناتوانێت ئاڵۆزییەکان لە خۆیدا هەڵگرێت کە مێژوویەکی چەندان سەدەی ململانێ و هاریکاری، لە هەمان کاتیشدا کارلێککردنیان لە نێواندایە.

لەو ڕووەوە پەڕتووکەکە خزمەتێکی گرنگی خوێنەر دەکات، بەوەی بە بیرمان دەهێنێتەوە مێژوو بەپێی نەخشە/نموونە ئامادەکان ناجووڵێت، ڕاستییەکان زۆر لەو لێکدانەوە ئامادانە ئاڵۆزترن. لە داڕشتنی پرسی کورددا دەبێت چاومان لە ڕۆڵی ئایین، خێڵ، چەقگەرایی بەڕێوەبردن و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بێت، هەموو کات ئەو توخمانە لەناو هەندێک خوێندنەوەی نەتەوەییانەی سادەکراودا پێگەی خۆیانیان نادرێتێ. بەڵام گرفتەکە، بە بۆچوونی من، “هەبەر” هەر ڕەخنە لە کورتکردنەوەیەک ناگرێت، بەڵکوو هەر بۆخۆشی کورتکردنەوەیەکی دیکە دادەهێنێت. لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گێڕانەوەیەی دەوڵەتی تورکیا وەکوو پڕۆژەیەکی هەمیشەیی لەخۆگرتن دەبینێت، هەندێک جار لەو گێڕانەوەیە نزیک دەکەوێتەوە کە دەوڵەت وەکوو هێزی نوێگەرایی، تێکەڵکردن و ئاقڵانەی سیاسی دەبینێت، هەندێک جار ساتمەی کردووە، جاریش هەبووە هەڵەی کردووە، بەڵام لەناو چوارچێوەی پڕۆژەی نیشتمانیدا دەسووڕایەوە کە لە کرۆکدا پاساو دەدات.

ئەوەی بە دیاریکراوی لەو پەڕتووکە دەست پێ دەکات ئەوەیە دەوڵەت هەر نیازپاکی نییە، لە هەمان کاتیشدا هەر دەزگەی داپڵۆسێنەر نییە. بەڵکوو پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی دەسەڵاتە، دژبەیەکەکان، ململانێکان و بەرژەوەندی تێکئاڵاوی تێدایە، لە هەمان کاتدا شێوازی جۆراوجۆری تێکەڵکردن، وەلانان، ددانپێدانان و پەراوێزخستنی تێدایە. بۆیە کورتکردنەوەی لەناو یەک وێنەدا، ئەرێنی بێت یان نەرێنی، تێگەیشتن لێی قورستر دەکات نەوەک ئاسانتر.

هەمان بۆچوون بۆ کۆمەڵگەی کوردی دروستە. ئەویش کۆمەڵێکی هاوچەشنی دەرەوەی مێژوو نییە، تەنێکی ڕەقیش نییە یەک مەبەست و ویست بیجوڵێنێت. ئەویش ململانێی ناوخۆیی و گۆڕانکاری قووڵی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەسەر هاتووە، بەڵام ئەو ڕاستییە واقیعێکی گرنگ ناسڕێتەوە، کە کورد بە درێژایی ئەو ماوەیە وەکوو کۆمەڵێک، هەستی بەردەوامی بۆخۆی هەبووە، سەرەڕای گوشارەکانیش توانایەکی سەرنجڕاکێشی بۆ بەرهەمهێنانەوەی زمان، بیرەوەری و هەستی سەربەیی هەبووە. بۆیە پێم وایە ئەو خوێندنەوەیەی دەبێتە جێی متمانە ئەوە نییە لە گێڕانەوەیەکی نەتەوەییانەی سادەوە دێت، ئەوەش نییە پشت بە گێڕانەوەی دەوڵەت دەبەستێت، بەڵکوو خوێندنەوەیەکە هەوڵ دەدات گرژییە بەردەوامەکانی نێوان کۆمەڵگە و دەوڵەت تێ بگات، بێ ئەوەی هیچیان بکاتە پاڵەوان یان قوربانیی ڕەها.

دوای خوێندنەوەی ئەو پەڕتووکە، پرسی کورد بۆ من تەنیا پرسێکی نەتەوەیی یان ململانێ تەنیا سەبارەت بە ناسنامە نییە. پرسێکە پێوەستە بە سنووری دەوڵەتی نوێ، توانای بۆ قبووڵکردنی جیاوازی وچۆنییەتیی تێگەیشتن لە پێوەندیی لەگەڵ ئەو کۆمەڵانەی فەرمانڕەواییان دەکات. لێرەوە ئەو پرسیارە گرنگەی لە مێشکی خوێنەردا بە جێی دەهێڵێت ئەوە نییە: ئایا دەوڵەت هەوڵی داوە کورد لە خۆ بگرێت/بتوێنێتەوە یان نا؟ ئەو پرسیارە، سەرەڕای بایەخەکەی، کورت دەهێنێت. پرسیارە هەرە گرنگەکە ئەوەیە: لە پێناسەکردنی ئەو کۆمەڵگەیەی دەوڵەت فەرمانڕەوایەتی دەکات، سنووری مافی دەوڵەت کامەیە؟ تا کام ئاست دەتوانێت ناسنامەی نیشتمانی، واتاکان و سنوورەکانی دیاری بکات؟ تا کام ئاست دەتوانێت لە کۆمەڵە جیاجیاکان داوا بکات بە زمان، هێما و گێڕانەوەکانی خۆیان بەرهەمیان دەهێنن، خۆیان دەرببڕن؟ ئەو پرسیارانە بە تەنیا بۆ تورکیا نین، تایبەتیش نین تەنیا بە کورد. ئەوانە پرسیارن تا ڕاددەیەک لە هەموو شوێنێک لە سروشتی دەوڵەتە نوێیەکان بەستراوەتەوە، بەو پێوەندییە ئاڵۆزەی نێوان دەسەڵات، ددانپێدانان و جیاوازی/هەمەڕەنگی بەندە.

ڕەنگە لە کۆتاییدا ئەوە نرخە قووڵەکەی ئەو پەڕتووکە بێت. تەنانەت ئەگەر “هەبەر” نەتوانێت بە ئەنجامەکانیشی ڕازیمان بکات، پاڵمان پێوە دەنێت دووبارە بیر بکەینەوە. ڕەنگە ئەوە وا بکات ئەو پەڕتووکە شایانی خوێندنەوە پیشان بدات. لەبەر ئەوە نا کە دوایین وشەی سەبارەت بە پرسی کورد گوتووە، بەڵکوو لەبەرئەوەی وا دەکات بیر بکەینەوە بەوەی ئەو پرسە پرسیاری گەورەتری هەیە لەو وەڵامانەی بۆی دادەندرێت.

لەسەر ئاستی کەسیدا، دەتوانم بڵێم پاش خوێندنەوەی زۆرتر هاتمە سەر ئەو باوەڕەی کە بۆ تێگەیشتن لە پێوەندیی نێوان دەوڵەت و کورد، دەبێت لە گێڕانەوەی ئاسوودەبەخش دوور بکەوینەوە، جا لە هەر سەرچاوەیەکەوە بێن. مێژوو زۆر لەوە ئاڵۆزترە لە یەک گێڕانەوەدا باس بکرێت، دەوڵەتیش زۆر لەوە ئاڵۆزترە لە نیازەکانیدا کورت بکرێتەوە، کۆمەڵگەش زۆر لەوە ئاڵۆزترە لە پەرچەکردارەکانیدا کورت بکرێتەوە. بۆیە نابینم باشترین ڕێگە بۆ خوێندنەوەی پەڕتووکەکەی “هەبەر” ئەوە بێت بە تەواوی ڕەت بکرێتەوە، یان بە تەواوی قبووڵ بکرێت. بە بۆچوونی من، خوێندنەوەی سوودمەندانەتر لەوەدایە ئەو کارە دەرگای واڵاتر بۆ گفتوگۆ دەکاتەوە، لەسەر خوێنەری دەسەپێنێت بە زۆر باوەڕەکانیدا بچێتەوە، تەنانەت ئەگەر لە هەموو تێزەکانیشیدا سەرکەوتوو نەبووبێت.

لە کۆتاییدا، هەر ئەوە ئەرکی پەڕتووکە باشەکانە.

بەستەری بابەتەکە بە عەرەبی: https://nlka.net/archives/15224

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO