ئەحمەد فاتح محەمەد
لە جیهانی هاوچەرخدا، سنوورەکانی نێوان دەوڵەت و کۆمپانیاکان ڕۆژ بە ڕۆژ کاڵتر دەبنەوە. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە تیایدا دەسەڵاتی سیاسی چیتر لە ناو هۆڵەکانی پەرلەمان یان لە ڕێگەی دەنگدانی دیموکراتییەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی گشتی نادات، بەڵکوو لە کۆبوونەوە داخراوەکانی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپانیا زەبەلاحەکاندا نەخشەی بۆ دادەڕێژرێت. کاتێک یاسا و سیاسەت لەبری ئەوەی ببنە قەڵغان بۆ بەرژەوەندی گشتی، دەبنە ئامرازێکی شەرعیەتپێدان بۆ دەستکەوتە پیشەسازییەکان، ئەوا ئێمە ڕووبەڕووی جۆرێکی نوێ لە “دەوڵەتبوون” دەبینەوە کە دەکرێت ناوی بنێین: دەوڵەتی کۆمپانیایی.
لە ڕوانگەی ئەم سیستەمەدا، یاسا چیتر نابێتە سۆراخکردنی دادپەروەری یان ڕێکخستنی پەیوەندییە مرۆییەکان. یاسا لەم دەوڵەتەدا وەک “پڕۆتۆکۆل”ێک کار دەکات؛ ئامانج لێی نەک تەنها ڕێکخستن، بەڵکوو گەرەنتییکردنی ئارامیی بازاڕە. یاسادانەرانی ئەم سەردەمە، لەبری ئەوەی خەمی خزمەتگوزاریی گشتی و مافە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتییان بێت، خەریکی داڕشتنی ئەو جۆرە ڕێسایانەن کە ڕێگری لە هەر جۆرە لەمپەرێک دەکات لەبەردەم فراوانبوونی بەرژەوەندییە پیشەسازییەکان. ئەوان “شارەزایانی پڕۆتۆکۆل”ن؛ کەسانێکن کە بە زمانێکی تەکنیکی و بێڕۆح دەدوێن، وای نیشان دەدەن کە بڕیارەکانیان لەسەر بنەمای زانستی و لۆژیکی ئابوورییە، لەکاتێکدا ئەوەی ئەنجامی دەدەن تەنها پاراستنی پێگە و قازانجی کەمینەیەکی خاوەن سەرمایەیە.
لە سیستەمی سیاسی ئەمڕۆدا، “سیاسەت” واتا بەڕێوەبردنی کێشەکان نەک چارەسەرکردنیان. کاتێک کۆمپانیایەک کارگە یان پڕۆژەیەکی گەورە لە ناوچەیەک دادەمەزرێنێت کە زیانی ژینگەیی یان کۆمەڵایەتی هەیە، سیستەمی دەستبەجێ لیژنەی “شارەزایان” پێکدەهێنێت. ئەم شارەزایانە، کە زۆرجار بە پارەی هەمان کۆمپانیاکان یان لە ڕێگەی لۆبییە پیشەسازییەکانەوە ئاراستە کراون، بە بەکارهێنانی ڕاپۆرتی ئاماری و زمانی ئاڵۆزی تەکنیکی، ڕاستییە تاڵەکە دەشارنەوە. ئەوان بە پێشکەشکردنی “ژمارە” و “پلان”، هەموو ناڕەزایەتییەکی ئەخلاقی بە “نازانستی” و “تێنەگەیشتن لە ئابووری” لە قاڵب دەدەن. ئەمەیە ئەو میکانیزمەی کە ڕێگە دەدات یاسا و سیاسەت ببنە پاشکۆی پیشەسازی؛ ئەوان وا دەکەن کە دادپەروەری لە ئاستی “ئەخلاقی مرۆیی” بگۆڕێت بۆ “ڕێکاری تەکنیکی”.
لە سایەی ئەم پەیوەندییە تێکەڵەدا، دەوڵەت دەبێتە دابینکەری ژێرخانی ئابووری بۆ کۆمپانیاکان. ئەگەر پیشەسازییەکان پێویستیان بە دەستێکی کاری هەرزان، گۆڕینی یاسای ژینگەیی، یان تەنانەت بەکارهێنانی هێزی ئەمنیی دەوڵەت بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان هەبێت، سیستەمەکە بە خێرایی ڕێکارە یاساییە پێویستەکان جێبەجێ دەکات. لێرەدا دەوڵەت چیتر نوێنەری نەتەوە نییە، بەڵکو نوێنەری ئەو “بەها ئابوورییەیە” کە کۆمپانیاکان دروستی دەکەن. یاساکان چیتر بۆ ئەوە نین کە بەرگری لە بێدەسەڵاتان بکەن، بەڵکوو بۆ ئەوەن کە “بازاڕ” لە ئاست هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بپارێزن.
ئەو دیاردەیەی کە ئەمڕۆ دەیبینین، تەنها گەندەڵییەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو کێشەیەکی پێکهاتەییە. ئێمە لە سیستەمێکدا دەژین کە “شارەزایی” بووەتە ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی هزر. کاتێک کەسێک پرسیارێکی ڕەخنەیی لەسەر کاریگەرییەکانی پیشەسازییەک دەکات، وەڵامەکە هەمیشە پشتبەستنە بە “پسپۆڕەکان”. بەڵام کێ ئەم پسپۆڕانە دیاری دەکات؟ کێ پارەی توێژینەوەکانیان دەدات؟ وەڵامەکە ڕوونە: ئەوانەی کە یاسا و سیاسەتیان بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی بەردەوامی بە بەرژەوەندییە پیشەسازییەکان بدەن.
لە کۆتاییدا، ئەم دۆخە دەبێتە هۆی لاوازبوونی کایەی گشتی. کاتێک خەڵک دەبینن سیاسەت لەژێر کۆنتڕۆڵی بازرگانیدایە، متمانە بە دەزگاکان نامێنێت. بەڵام ئەم بێمتمانەییەش خۆی دەبێتە بەشێک لە پلانی سیستەمەکە؛ چونکە کاتێک هاوڵاتی بێ ئومێد دەبێت، بێدەنگ دەبێت، و کاتێک بێدەنگ بوو، ئەوا ئیدی گۆڕانکاری مەحاڵ دەبێت. یاسا دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو بنەما سەرەکییەی کە لە خزمەتی ژیانی مرۆیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدایە، نەک وەک پاشکۆ و پاسەوانی بەرژەوەندییە پیشەسازییەکان بمێنێتەوە. ئەگەر بەم ئاڕاستەیەدا بەردەوام بین، ئەوا تەنها شوێن بۆ “بەڕێوەبردن” دەمێنێتەوە، نەک بۆ “ژیانی سیاسی” و بیرکردنەوەی ئازاد.



