سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پلانێکی سێقۆڵی بۆ دابەشکردنی دیکەی خاکى کوردستان

عارف قوربانی

ماوەیەک دواى ئازادکردنى شنگال لە دەستى داعش، لەناو ئێزدییەکان دا مەیلى ئەوە پەرەیسەند کە شارەکەیان جۆرێک لە سەربەخۆیى خۆبەڕێوەبەرێتیى بدرێتێ. بۆ ئەو مەبەستە لە 2016 پڕۆژەى بەپارێزگاکردنى شنگال پێشکەش کرا، بەڵام هەر زوو لەلایەن ناوەندى دەسەڵات لە بەغدا، داواکارییەکەیان ڕەتکرایەوە.

دواى ڕەتکردنەوەى داواى بەپارێزگاکردنى شنگال، بیرۆکەى ئەوە هاتە ئاراوە کە بەهۆى فرەڕەنگیى دەشتى نەینەوا کە پێکهاتەى جیاجیاى نەتەوەیى و ئایینیى :وەک: کورد و تورکمان و عەرەب و سریانى و کلدانى و ئاشوورى و ئەرمەنى) هەروەها ئیسلام، کریستیان، ئێزدى، کاکەیى و سابیئە لێی دەژین، وەک نموونەى پێکەوەژیان پارێزگایەکى نوێ لە دەشتى نەینەوا دروست بکرێت.

بەڵام بەغدا بۆئەوەى کۆتایى بەو پرس و بابەتە بهێنێت، بە پاساوى ئەوەى دەستوور ڕێگە بەوە نادات دەستکاریى یەکە ئیدارییەکانى هیچ پارێزگایەک بکرێت کە مادەى 140 دەیگرێتەوە، سەرۆککۆمار ڕاگەیێندراوێکى تووندى بڵاوکردەوە و لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق‌ـیش لە کۆتایى ئەیلوولى 2016 یاسای پارێزگاریکردن لە یەکە ئیدارییەکانى موسڵ دەرکرا.

دواى ئەم دوو ڕووداوە، بە پاساوى ئەوەى خەڵکى ناحیەی ئامرلى لە دژى داعش جەنگاون، پڕۆژەى بەقەزاکردنى شارۆچکەکەیان لەناو ئەنجوومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین بەرزکرایەوە بۆ بەغدا. لە کاتێکدا ئامرلى هاوشێوەى شنگال و شار و شارۆچکەکانى دیکەى دەشتى نەینەوا، لە سنوورى ئەو یەکە ئیدارییانە بوو کە دەکەونە ناوچەکانى مادەى 140ی دەستوورى عێراق، بەڵام ناوەندى دەسەڵات کە هەمووى چەند مانگێکى کەم بوو داخوازیى شنگال و پێکهاتەکانى دەشتى نەینەواى ڕەت کردبووەوە، بێ هیچ گرفت و ناڕەزایەتییەک لە 9ی شوباتی 2017 پڕۆژەى بەقەزاکردنى ئامرلیى پەسند کرد.

هەر ئەوکاتە لەژێر ناونیشانى “ئامرلى دەستپێکى ئامانجێکى مەترسیدار” گوتارێکم نووسى و لە ١٣ی شوباتی ٢٠١٧دا  لە ژمارە 445ی ڕۆژنامەى ڕووداو بڵاوکرایەوە. لەوێ ئاماژەم بە مەترسیی ئەو پێشێلکارییە دەستوورییە کردووە کە جیاکردنەوەى ناحیەى ئامرلى لە قەزاى دووزخورماتوو، دەستپێکى ئامانجێکى مەترسیدارە و سەرەتاى هەنگاونانە بۆ دروستکردنى پارێزگایەک بۆ تورکمانى شیعە لە قەرەتەپەوە بۆ ئامرلى و دووزخورماتوو و داقووق. دواتریش ئەم پارێزگا تورکمانییە و کەرکووک تاوەکوو تەلەعفەر پێکەوە وەک پشتوێنەیەکى تورکمانى لەسەر خاکى کوردستان دەکەنە ئەمرى واقیع.

بەداخەوە سەرکردە و هێزە سیاسییەکانى کوردستان، ستراتیجییانە بیر لە دەرهاویشتە و لێکەوتەى ڕووداوەکان ناکەنەوە. لە بەرانبەر پلان و پیلانگێڕیى سەر کوردستان دا، هیچ پڕۆژەیەکى بەدیلیان نییە کە بتوانن بەهۆیەوە پلانى بەرانبەرەکان پەک بخەن.

ئەوەى لەو وتارەى نزیک بە 10 ساڵ لەمەوبەر بە شرۆڤەى ڕووداوەکان و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنى دیوە نادیار و ئامانجە شاراوەکانى پشت پرۆسەکە وەک مەترسى خستبوومە ڕوو، ئێستا بە زانیاریى ورد و پشتڕاستکراوە پێتان دەڵێم لەسەر ئەرزى واقیع هەنگاو بە هەنگاو کار بۆ ئەوە دەکرێت. لە قەرەتەپە بۆ تەلەعفەر هێڵێک جا لەژێر هەر ناوێکى ئیداریدا بێت، کە بژاردەکەیان “هەرێمى تورکمان”ـە لەسەر جوگرافیاى کوردستان بۆ تورکمان دروست بکرێت.

دەتوانم لە ڕێگەى میدیاوە و بۆ ڕاى گشتى لە ئێستادا هەر ئەوەندە بدرکێنم کە تورکیا و عێراق و ئێران پێکەوە لە پڕۆژەیەکى هاوبەشدا خەریکى جێبەجێکردنى ئەو نەخشە ڕێگەیەن. بەدوورى نازانم کوردى لەخشتەبراویش بکرێتە دەستکەلا و ئامرازى جێبەجێکردنى. پێشتر ئامرلی کرا بە قەزا، هەوڵەکانى جیاکردنەوەى قەرەتەپە لە ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێ کردووە، لە ئێستاشدا سەرقاڵى ئامادەکردنى پڕۆژەیەکن داقووق و تازەخورماتوو لە کەرکووک جیابکەنەوە. هەنگاوى دواتریش پێکەوە بەستنەوەى قەرەتەپە، دووزخورماتوو، ئامرلى، داقووق و تازە‌ـن لە پێکهاتەى ئیدارەیەکى نوێدا وەک پارێزگایەکى زۆرینە تورکمانى. پاشان ئەم پارێزگا تازەیە، کەرکووک و تەلعەفەر پێکەوە وەک هەرێمى تورکمان ڕابگەیێنن، کە ئامانج لێى دەستبەسەرداگرتنى خاکى کوردستان و دوورخستنەوەى کوردە لەو جوگرافیا بەپیتەى نیشتمانەکەى. هەروەها دروستکردنى لەمپەر و لێکجیاکردنەوەى سێگۆشەى سونییە (باقوبە، موسڵ، تکریت). چەسپاندنى تەشەیوع و گەیاندنیەتى بە کەرکووک و دەشتى نەینەوا.

مەترسییە ستراتیجی و دوورمەوداکانى ئەم پڕۆژەیە، لە داگیرکردنى خاکى کوردستان و دروستکردنى کێشە لەنێوان کورد و تورکمان، بێئەندازە مەترسیدارە. بۆیە پێویستە کورد پێشوەختە هەوڵ بدات بۆ ڕێگریکردن لێى. هەرچەندە بەشێک لە هەنگاوەکانى نەخشەکە پێشتر جێبەجێ کراوە و کورد هیچ هەوڵێکى نەداوە ڕێى لێ بگرێت. بە هیوام نوخبەى ڕووناکبیر و میدیا گوشار بخەنە سەر حیزبە سیاسییەکان بۆ یەکخستنى تواناى کورد دژ بەم پیلانگێڕییە.

بە تێڕوانینى من، ئەرکى هەر تاکێکى کوردە لە هەرکوێیەکى سەر ئەم زەمینە بژی و لەدایکبووى هەر پارچەیەکى کوردستان بێت، بەبێ جیاوازى، وەک کوردێک ئەرک و بەرپرسیارێتیى ئەوەى دەکەوێتە ئەستۆ بەشداربێت لە هەوڵى شکستپێهێنانى ئەم پیلانگێڕییە مەترسیدارە، بەڵام لە پێش هەر کەسێکى دیکەوە ئەرک و بەرپرسیارێتیى سەر شانى گرووپى کەرکووکییەکانە لەناو حیزبە سیاسییەکانى کوردستان، بەتایبەتیش گرووپى کەرکووک لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چونکە ئەوان لە دوو دەیەى ڕابردوو تێزێکیان داهێنا وەک جۆرێک لە خۆخاوەنى کە ماف بە کەسانى دەرەوەى کەرکووک نەدات خۆیان لە کاروبارى شارەکەى ئەوان هەڵقورتێنن. لەم تێڕوانینەوە ماوەیەک بوونە مایەى سەرئێشەى ناو یەکێتى و هەروەها کێشەى گەورە لەنێوان پارتى و یەکێتى. بۆیە ئەگەر ئاگادارى ئەو پیلانانە بن و لێى بێدەنگ بن، خیانەتە. ئەگەر درکیان پێنەکردووە، بە هیوام ئیدی بەدەنگ بێن.

هەروەها بۆ سەرجەم هێزە سیاسییەکانى کوردستان ئەرک و بەرپرسیارێتى گەورەیە، بەتایبەتیش بۆ پارتى و یەکێتى. دەبێت هەموو لایەکیان ئەو ڕاستییە بزانن بێدەنگ بوون بە واتاى ڕازى بوونیانە. هەر ڕەزامەندبوونێکیش بە پیلانگێڕییەکى لەم جۆرە دەبێتە خیانەتێکى گەورە بەسەریانەوە. لە مێژووى بزووتنەوەى سیاسیی ئێمەدا لاپەڕەى ڕەش زۆرە، جا هەر ناوێکى لێنرابێت (هەڵە، تاوان، خیانەت) یان هەر ناو و دەستەواژەیەکى دیکە، بەڵام هیچیان بە ئەندازەى بەشداربوون و بێدەنگ بوون لەم پڕۆژەیە، خیانەتى گەورە نییە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO