کارزان عەزیز
جوانیی چییە؟ ئەمە ئەو پرسیارە ئەزەلییەیە، کە مرۆڤایەتی لە سەرەتای مێژووەوە تاوەکوو ئەمڕۆ بەدەستییەوە دەناڵێنێت. لە جیهانی هاوچەرخی ئێستاماندا، کە تێیدا چەمکی جوانیی کورتکراوەتەوە لە چوارچێوەی ڕووکار و نەشتەرگەرییە جوانکارییەکان و فلتەرەکانی سۆشیاڵ میدیا و گەڕانەوە بۆ قووڵایی فەلسەفەی یۆنانی کۆن، بە تایبەت بۆ لای باوکی فەلسەفە، سوکرات، نەک هەر پێویستییەکی ڕۆشنبیرییە، بەڵکوو هۆشیارکردنەوەیەکیشە بۆ ڕوحی مرۆڤی مۆدێرن.
بۆ تێگەیشتن لەوەی جوانیی لای سوکرات چییە، دەبێت سەرەتا لەوە تێبگەین، کە ئەو چۆن سەیری جیهانی دەکرد. ئەو هیچ کتێبێکی لە دوای خۆی بەجێ نەهێشت، بەڵکوو لە ڕێگەی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەفلاتوونی قوتابی و گزینۆفۆن دا، شۆڕشێکی لە تێگەیشتنی ئێمە بۆ چەمکەکان بەرپاکرد. پێش سوکرات، فەیلەسوفەکان زیاتر سەرقاڵی سروشت و گەردوون بوون، بەڵام سوکرات فەلسەفەی لە ئاسمانەوە هێنایە سەر زەوی و خستییە ناو ناخی مرۆڤەوە.
کێشەی پێناسە: جوانیی لە کوێدایە؟
لە دیالۆگی ناسراوی “هیپیاسی گەورە”دا، سوکرات لەگەڵ سۆفستاییەک بە ناوی هیپیەس دەکەوێتە گفتوگۆ لەسەر پرسیاری: “جوانیی چییە؟”
هیپیەس، کە نوێنەرایەتی عەقڵیەتی باوی ئەو سەردەمە دەکات، وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: “کچێکی جوان، جوانیییە” یان “زێڕ جوانیییە”.
بەڵام سوکرات بە فێڵە فەلسەفییە ناسراوەکەی خۆی (تەشقەڵەی سوکراتی) وەڵامەکەی ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: “من نەمپرسی چ شتێک جوانە، بەڵکوو پرسیم خودی جوانیی چییە؟ ئەو بنەمایە چییە، کە وا دەکات کچێک یان زێڕێک بە جوان دابندرێت؟”
لێرەوە سوکرات جیاکاری دەکات لەنێوان “شتە جوانەکان” و “خودی جوانیی”. ئەو پێی وایە شتە ماددییەکان دەگۆڕێن و پیر دەبن و لەناو دەچن. کچێکی جوان ڕۆژێک دێت پیر دەبێت، ئەسپێکی جوان ڕۆژێک دێت لەناو دەچێت، بەڵام “چەمکی جوانیی” خۆی وەکوو ئەسڵێکی نەگۆڕ دەمێنێتەوە.
سێگۆشەی سوکراتیی: جوانیی و چاکە و سوودمەندی. شۆڕشی ڕاستەقینەی سوکرات لە “فەلسەفەی جوانکاریی” (Aesthetics)دا لەوەدایە، کە ئەو جوانیی لە ڕووکاری دەرەکی جیا دەکاتەوە و دەیبەستێتەوە بە دوو چەمکی دیکەوە: چاکە (The Good) و سوودمەندی (The Useful).
لای سوکرات، هیچ شتێک ناتوانێت جوان بێت ئەگەر “چاک” نەبێت، هیچ شتێکیش چاک نییە ئەگەر بۆ مرۆڤایەتی “سوودبەخش” نەبێت. بۆ نموونە، کاتێک لە سوکرات دەپرسن: “ئایا قەڵغانێکی جەنگیی زێڕین جوانترە یان قەڵغانێکی ئاسایی، کە لە دار دروست کراوە؟”
سوکرات وەڵام دەداتەوە: “دارەکە جوانترە!” چونکە لە کاتی جەنگدا، قەڵغانە دارینەکە ژیانی جەنگاوەرەکە دەپارێزێت و ئەرکی خۆی بەڕاستی دەپێکێت، لەکاتێکدا قەڵغانی زێڕین قورسە و ڕەنگە ببێتە هۆی کوشتنی خاوەنەکەی. لێرەدا جوانیی هاوواتایە لەگەڵ گونجانی شتەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکەی خۆیان.
“جوانییی هەر شتێک لەوەدایە، کە بۆ چ مەبەستێک دروستکراوە، بە باشترین شێوە ئەو مەبەستە بپێکێت”، سوکرات وا دەڵێت.
جوانییی ڕۆح: باڵاترین جۆری شۆخوشەنگی
گرنگترین و قووڵترین ڕەهەندی فەلسەفەی سوکرات، کورتکردنەوەی جوانیییە لە ناوەوەی مرۆڤدا. سوکرات خۆی لە ڕووی شێوەی دەرەکییەوە، پیاوێکی کەمئەندام بووە، بە چاوی زەق و لووتێکی پان و شێوەیەکی نەگونجاو وەسف کراوە (بەپێی پێوەرەکانی یۆنانی کۆن). بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو گەنجانی ئەسینا شەیدای بوون. بۆچی؟ چونکە جوانیییەکی تری تێدا بوو، کە مانا بە ژیان دەبەخشێت: جوانییی ڕۆح.
بۆ سوکرات، دادپەروەری و دانایی و ئازایەتی و ڕەوشتبەرزی، باڵاترین شێوەی جوانیین. مرۆڤێک کە خاوەنی ڕۆحێکی پاک و عەقڵێکی دانا بێت، لە هەر شتێکی دیکەی سەر زەوی جوانترە، تەنانەت ئەگەر ڕووکاری دەرەوەشی سادە یان ناشرین بێت. ئەو پێی وابوو کێشەی مرۆڤەکان ئەوەیە، کە کاتێکی زۆر بەفیڕۆ دەدەن بۆ جوانکردنی جەستەیەک، کە لە کۆتاییدا دەبێتە خۆراک بۆ خاک، بەڵام گوێ نادەن بەو ڕۆحەی کە ئەبەدییە.
پەیامێک بۆ سەردەمی ئێستا
ئەگەر ئەمڕۆ سوکرات لە ژیاندا بووایە و سەیری پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیا و پێوەرە نوێیەکانی جوانیی بکردایە، بە دڵنیاییەوە دەیگوت: “ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین، کە تێیدا ڕووکارەکان پەرستراون و ناوەڕۆکەکان فەرامۆش کراون”.
فەلسەفەی جوانیی لای سوکرات داوایەکمان لێ دەکات. ئەو داوا دەکات چاوەکانمان لەسەر شاشەکان و نواندنە دەرەکییەکان لابدەین و سەیری ناخی خۆمان بکەین. جوانیی ڕاستەقینە لەو وشە پڕ لە میهرەبانییە دایە، کە بە مرۆڤێکی غەمباری دەڵێیت، لەو دادپەروەرییەدایە، کە لە ژیانتدا پەیڕەوی دەکەیت و لەو داناییەدایە کە پێی دەژیت.
کەواتە، کاتێک جارێکی دیکە پرسیاری “جوانیی چییە؟” ڕووبەڕووت دەبێتەوە، وەکوو سوکرات بیر بکەوە: سەیری دڵ و عەقڵ بکە، چونکە چاوەکان زۆرجار فریودەرن، بەڵام ڕۆحی جوان هەرگیز وەکوو سەراب وێنا نابێت. “چونکە چاوەکان زۆرجار بە سەرابی ڕووکار دەخەڵەتێن، بەڵام ڕۆحی جوان حەقیقەتێکی ڕوونە و کات ناتوانێت بیبزوێنێت”.



