(2)
لە بەشی پێشوودا، لەژێر ناوی ئایا کورد “ژێردەستەیە” یان “داگیرکراو”، بە ڕوونی ئەوەمان باس کرد، کە کورد بە شێوەیەکی گشتیی داگیرکراوە، چونکە چەمکی ژێردەستەیی بۆ زۆرینەی دۆخی کورد نەگونجاوە. ئەو نووسەر و توێژەرانەی، کە پێیان وایە کورد ژێردەستەیە، پێدەچێت لە جیاوازی ئەو دوو چەمکە تێنەگەیشتبن، یان بیریان لێ نەکردبێتەوە. لەوێدا بە پشتبەستن بە هەندێک ڕوانگەی تیۆرییەوە ڕوونمان کردەوە، کە کورد لە دۆخی داگیرکاریی دایە. بەڵام بەهۆی ئەو بەرگرییە ڕوحی و فیزیکییە بەردەوامەی دژی داگیرکەر، توانیویەتی خۆڕاگر بێت و نەبێت بە ژێردەستە. لە کۆتایی بابەتەکەدا پرسیارێکی تایبەتمان بە پڕۆسەی ئینتگراسیۆنی عەبدوڵا ئۆجەلان وروژاند. ئایا مەبەست لە چەمکی ئینتگراسیۆن هەمان ئەو پڕۆسەی ئینتیگرەیشنی وڵاتانی ڕۆژاوایە بۆ پەنابەران؟
گەیشتن بە وەڵامێکی دڵنیاکەرەوە قوڕسە، لێرەدا دوو ڕوانگە هەیە، ڕوانگەیەک لەسەر بنەمای تیۆری و نووسینەکانی ئۆجەلان هەڵسەنگاندن بۆ چەمکەکە دەکەن. دووەمیش لەسەر بنەمای واقیع و ئەو پڕۆسەیەی کە لە باکووری کوردستان و تورکیا بە گشتیی بەڕێوە دەچێت. سەرەتا بە کورتی شڕۆڤەیەک بۆ ڕوانگەی یەکەم دەکەین، دواتریش ڕوانگەی دووەم. بەر لەوەی باس لە هەردوو ڕوانگەکە بکەم، بە کورتی مەبەست و تێگەیشتنی خۆم بۆ ئەو چەمکە دەخەمە ڕوو، بە تایبەتیش لە ڕوانگەی ڕۆژئاواییەوە، چونکە خودی چەمکەکە لە ڕۆژئاواوە هاتووە.
ئەو چەمکە بە ئینگلیزی بە “ئینتیگرەیشن” (integration) گۆ دەکرێت، بەڵام لە زمانەکانی دیکەی ئەورووپی دا بە تایبەتیش ئەڵمانی و فەڕنسی بە ئینتیگراسیۆن یان ئینتەگراتسیۆن گۆ دەکرێت، لە هۆڵەندیشدا بە “ئینتەخراتسی” (integratie) دەخوێندرێتەوە. ڕەچەڵەکی وشەکەش دەگەڕێتەوە بۆ زمانی لاتینی (integratio)، کە بە مانای تەواوکردن و نوێکردنەوە و یەکخستن دێت. سەرەتای بیرۆکەکە زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانیی کۆن و بەکارهێنانی چەمکەکە لە بواری بیرکاریدا، دواتریش لە سەدەی حەڤدەمدا لەسەر دەستی ئیسحاق نیوتن و گیتفرین لایبنیتس لە بواری بیرکاریدا پەرەی پێدراوە، کە لێرەدا بواری ئێمە نییە.
لە بواری کۆمەڵناسی و سیاسیدا، چەمکەکە بە زۆر شێواز کراوە بە زمانی کوردی. هەر لە مانای پێکەوە گونجان و تێکەڵبوون، تاوەکوو تەواوکردن. من لە توێژینەوەیەکدا، کە بۆ کۆنفڕانسی وەزارەتی ڕۆشنبیری لە سلێمانی (2026) نووسی بووم، چەمکی (گونجاندن)م بەکارهێناوە، چونکە چەمکەکە بەشێکە لە سیاسەتی کولتووری وڵاتانی ڕۆژئاوا. هەموو ئەو پەنابەرانەی ڕوو لە ڕۆژئاوا دەکەن، دەبێت خۆیان لەگەڵ کولتوور و بەها و نۆرمەکانی ئەو وڵاتانە بگونجێنن، هەر لە فێربوونی زمانەوە تا زانین و ناسینی بەها و نۆرمە ڕۆژئاواییەکان. بۆیە پێم وایە “گونجاندن” لە چەمکەکانی ئاوێتەبوون و تێکەڵبوون شیاوترە. لە گونجاندندا دەکرێت زمان و کولتووری خۆیان بپارێزن، بەڵام لە تێکەڵبوون و ئاوێتەبووندا پارێزگاریکردن لە زمان و کولتووری باوان وەکوو مەحاڵی لێ دێت و زیاتر لە تاوانەوە نزیک دەبێتەوە.
لەبواری کۆمەڵناسیشدا، کۆمەڵناسی گەورەی فەڕەنسی ئیمێل دۆرکهایم، داهێنەری ئەو چەمکەیە و بە شێویەکی فراوان پەرەی پێداوە، دوای ئەویش کارل دۆیج. ئەگەر لە ڕووی فەلسەفییەوە تەماشای بکەین “کۆکردنەوەی بەشە پەرشوبڵاوەکان بۆ دروستکردنی یەکەیەکی تەواو و بەهێزتر دەگەیەنێت”. هەروەها، چەمکەکە بەتەواوی جیاوازە لە چەمکی تاواندنەوە (assimilation)، کە لە هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپی دا زۆر بە جددی کار لەسەر تاواندنەوەی پەنابەر دەکەن لە کولتوور و بەها و نۆرمەکانی ئەو وڵاتەدا، بە تایبەتیش لە فەڕەنسا تاوەکوو ئاستێکی زۆر ئەو سیاسەتە دەگرنە بەر. ئەمەش لەسەر بنەمای فەلسەفەی سیاسی کۆماری فەڕەنسی پێکهاتووە، کە پێی وایە “کۆمار پێکهاتووە لە هاووڵاتی یەکسان، نەوەکوو کۆمەڵێک گرووپی جیاواز”.
دۆرکهایم لە کتێبی “دابەشبوونی کاری کۆمەڵایەتی” (The Division of Labour in Society-1893) دا، دەیەوێت بزانێت چۆن کۆمەڵگە لە داڕمان دەپارێزرێت، کە لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەگۆڕێت بۆ قۆناغی “هاوچەرخ” (مۆدێرن). لە ڕوانگەی ئەودا گونجاندن (integration) لە چوارچێوەی گەشەسەندنی کۆمەڵگەکان گەشە دەکات و دوو شێواز یان دوو قۆناغی هەیە.
یەکەمی وەک “هاوپشتیی میکانیکی” لەو کۆمەڵگەدا ناوزەد کردووە، کە سەرەتایی و سادەیە، پەیوەدنییە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بەهێزن، هەموو خەڵک وەکوو یەک بیردەکەنەوە و یەک ئایینیان هەیە و هەمان جۆری کار دەکەن. یاساکان لێرەدا سزایان هەیە و توندن بۆ پاراستنی ویژدانی کۆمەڵ.
دووەمی ناو ناوە “هاوپشتی ئۆرگانیک”، کە تایبەتە بە کۆمەڵگە هاوچەرخە پیشەسازییەکان. لێرەدا خەڵک لە بیرکردنەوە و ئایین و شێوازی ژیاندا زۆر جیاوازن، گونجاندن لە ڕێگەی پشتبەستن بە یەکترەوە دروست دەبێت. لێرەدا کارەکان دابەشکراون. نانەوا پێویستی بە پزیشکە، پزیشک پێویستی بە ئەندازیارە، ئەندازیاریش پێویستی بە جووتیارە. کۆمەڵگە وەکوو جەستەی مرۆڤ یەک دەگرێت، کە تێیدا هەر ئەندامێک کارێکی جیاواز دەکات و هەموویان پێویستییان بە یەکدی هەیە.
دۆرکهایم کتێبێکی دیکەشی هەیە بەناوی “خۆکوژی”. لەوێدا ئینتیگرەیشن بریتییە لە “ئەو ئاستەی کە تێیدا تاکەکەس هەست دەکات بەستراوەتەوە بە کۆمەڵگەکەیەوە، خۆی بە بەشێک لە گرووپێکی گەورەتر دەزانێت، وەکوو خێزان و کڵێسا و نیشتمان. لێرە، جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە ژیان لەسەر ئاستی ئینتیگرەیشن وەستاوە، ئەگەر ئەو ئاستە تێک بچێت خۆکوژی ڕوودەدات. وردەکاری زۆرە، بەڵام بۆ دۆرکهایم ئینتیگرەیشن وەکوو سیکۆتین وایە، کە کۆمەڵگە پێکەوە دەبەستێتەوە. کۆمەڵگەی تەندروست پێویستی بە ئاستێکی هاوسەنگ لە ئینتیگرەیشن هەیە، کە کەمبوونی دەبێتە هۆی نامۆبوون و لێکترازان، زۆربوونی لە ڕادەبەدەریشی تاکایەتی مرۆڤ دەکوژێت.
ئەدی بەپێی ئەدەبیاتی ئۆجەلان، نەک ڕاگەیاندنەکانی میدیا و ئەو مشتومڕەی لەو دوو ساڵەی دواییدا لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریی یان وەکوو ئەوەی تورکیا ناوی ناوە “دەوڵەتی بێتیرۆر” دروست بووە، چییە و ئینتیگرەیشن یان ئینتیگراسیۆن لای ئۆجەلان چی دەگەیەنێت؟ بنەمای چەمکەکە لای ئۆجەلان لە ڕەخنەگرتن لە “دەوڵەت نەتەوە” و مۆدێرنەتەی سەرمایەداریدا سەر دەگرێت. ئەو بە توندی دژی ئەو جۆرە ئینتیگرەیشنەیە، کە سیستەمی باڵادەست دەیەوێت بەسەر “گەلان” (نەتەوەکان)دا بیسەپێنێت. “مۆدێرنەتەی سەرمایەداری”ش ئەو سیستەمە سیاسییەیە، کە ئەمڕۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا پەیڕەوی دەکەن. ئۆجەلان لە دوو ڕووەوە لێکدانەوەی بۆ کردووە:
یەکەم: ئینتیگراسیۆنی سەپێندراو یاخود “پێوانەکردنی کۆمەڵگە لەناو دەوڵەتدا”. لێردا ئۆجەلان پێی وایە سیستەمی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری و “دەوڵەت-نەتەوەکان” هەوڵ دەدەن هەموو پێکهاتە و گرووپە کولتووری و زمان و جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان لەناو یەک قالبی یەکپۆش و فەرمیدا بتوێنێتەوە. ئەو جۆرە ئینتیگراسیۆنە لای ئەو وەکوو “تواندنەوەی کولتووری” (ئەسسیمیلاسیۆن) و سڕینەوەی ناسنامە ڕەسەنەکان وایە. لەم دۆخەدا ئینتیگراسیۆن واتە ببیتە بەشێک لەو سیستەمەی کە دەت چەوسێنێتەوە و واز لە تایبەتمەندییە کولتووری و مێژووییەکانی خۆت بهێنیت، بۆ ئەوەی لەناو دەوڵەتدا ببیتە هاووڵاتییەکی گوێڕایەڵ. لەوانەیە تەنیا مۆدێلی فەڕەنسی نزیک بێت لەو تێگەیشتنە، وەکوو ئەوەی “مۆدێلی عەلمانییەت”یش (سێکولاریزم) لە فەڕەنسا جیاوازە و ئەوان پێی دەڵێن لایسیتێ. مۆدێلی ئینتیگراسیۆنی تورکیاش کتومت ئەو مۆدێلەیە و هەر ئەوەش لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داواکراوە. بۆ نموونە؛ لە تورکیا ئەگەر کوردێک بەتەواوی بتوێتەوە، هیچ کێشەیەکی فیزیکی و سایکۆلۆجی نییە، دەتوانێت بشبێت بە سەرۆککۆمار و لە کۆتاییدا خزمەت بە کۆمار بکات. ئۆجەلان ئاماژە بەو دۆخە ژێردەستەییە دەکات.
دووەم: جێگرەوەی ئۆجەلان: پێکەوەژیانی ئازاد لەجیاتی ئینتیگراسیۆنی سەپێندراو. ئۆجەلان لە پڕۆژەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکدا، مۆدێلێکی دیکە پێشنیاز دەکات لەجیاتی ئینتیگراسیۆنی سەپێندراو، پشت بە یەکێتیی ئارەزوومەندانە و “پێکەوەژیانی نەتەوەکان” دەبەستێت. ئەو مۆدێلە دوو تایبەتمەندیی هەیە.
یەکەم: پارێزگاریکردن لە ڕەسەنایەتی. ئەو پێی وایە نەتەوەکان، بۆ نموونە؛ کورد و عەرەب و ئاشووری و تورکمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، پێویستە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە پێکەوە کار بکەن و یەک بگرن، بەڵام بەبێ ئەوەی ناسنامەی کولتووری و خۆبەڕێوەبەرێتی لەدەست بدەن.
دووەم: ڕەتکردنەوەی پاشکۆیەتی، کە تێیدا نەتەوەیەکی بندەست ببێت بە پاشکۆی کولتووری و ئابووری نەتەوەی باڵادەست، ئەو دۆخە نەفسییەی کە لە بەشی یەکەم ئاماژەم پێ کردووە. لە بەرانبەردا، داوای سیستەمێکی ئاسۆیی دەکات، کە تێیدا پێکهاتەکان لەسەر بنەمای یەکسانی و دیموکراسی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە یەکەوە دەکەن، نەوەکوو لە ڕێگەی تواندنەوە لەناو دەوڵەتێکی ناوەندیدا. ئەو مۆدێلەش نزیکە لە مۆدێلی بەریتانیا. بۆ نموونە، سکۆتلاند (Scotland) و ئێرلەندای باکوور (Northern Ireland) و وێلز (Wales) لەگەڵ ئینگلتەرا (England)، هەموویان لەناو یەک یەکێتییدا بەناوی شانشینی یەکگرتوو بە شێوەیەکی ئاسۆیی لەناو یەک دەوڵەتدا و بەیەکەوە کار دەکەن، بەبێ ئەوەی ئەو دەوڵەتە کۆنفیدرالی تەواو، فیدرالی یان ئۆتۆنۆمی هەبێت، بەڵکوو پێی دەگوترێت دیڤۆلیوشن (Devolution)، بە مانای شۆڕکردنەوەی دەستەڵات.
کەواتە مەبەستی ئۆجەلان لە ڕەخنەکردنی ئینتیگراسیۆن، ڕەتکردنەوەی ئەو پڕۆسەیەیە، کە دەیەوێت کۆمەڵگە و نەتەوەکان ناچار بکات ناسنامەی خۆیان پێشکەشی دەوڵەتی نەتەوەی باڵادەست بکەن. ئەو لەجیاتی ئەوە، باوەڕی بە مۆدێلێک هەیە، کە تێیدا نەتەوەکان پێکەوە دەژین و هاوئاهەنگ دەبن، بەڵام بە پاراستنی تەواوی جیاوازییە کولتووری و سیاسییەکانی خۆیان.
ئایا لە واقیعدا ئاراستەکان بەرەو ئەو مۆدێلەی ئینتیگراسیۆن دەڕۆن، کە ئۆجەلان دەیەوێت، وەکوو ئەوەی لە کتێبی “دۆزی کورد و چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیک” بە وردەکارییەوە باسی دەکات؟ لە ڕاستیدا جێگیرکردنی باوەڕێکی وەها وەکوو یوتۆپیا وایە لەو دۆخە سیاسییەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، بە کۆمەڵێک هۆکار. لەوانە؛ دەوڵەتی تورکیا تا ئەمڕۆش پڕۆسەکە بە ئاشتی یان پڕۆسەی چارەسەر ناو نابات، بەڵکوو بە دەوڵەتێکی بێتیرۆری لەقەڵەم دەدات. هەروەها تاوەکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی و ئەرێنی بەرەو هیچ جۆرە مۆدێلێک نەنراوە، چ جای ئەو مۆدێلە ناسەنترالیزمەی کە ئۆجەلان باوەڕی پێی هەیە. نابێت لەبیرمان بچێت، کە نەتەوەی کورد لە باکوور لەگەڵ شۆڤینیترین دەوڵەت و کۆمەڵگەدا مامەڵە دەکەن، مەگەر ئەو مۆدێلەی دەوڵەت تەنها لە سیستەمی ئاپارتهایدی باشووری ئەفریقا هەبووبێت. بۆیە لە نوێترین گردبوونەوەی ئەندامانی دەم پارتی دا، یەکێک لەو ئەندامانە، کە ناوەکەی نەنووسراوە و لینکی ڤیدیۆکە لای خۆم پارێزراوە، دەپرسێت:
“ئێمە داوای سەربەخۆیی ناکەین، داوای فیدراڵی ناکەین، داوای بەڕێوەبەرێتی خۆجێیی ناکەین، کەواتە لەم پرۆسەیەدا ئێمە چی بەدەست دەهێنین؟ بۆچی داواکارییەکانمان سەبارەت بە زمانەکەمان ڕوون و ئاشکرا نین؟ ئێمە نەتەوەیەکین باجی زۆرمان داوە و فیداکاریین. زیاتر لە چل ساڵە بۆ مافەکانمان تێدەکۆشین. بەڵام ئەو باجەی داومانە نەگەیشتۆتە ئامانج، چونکە داواکاریەکانمان بە ڕوونی ناخەینە ڕوو. نازانین ئەو پڕۆسەیە بەرەو کوێ دەمانبات. پێویستە بە گەلەکەمان بڵێین چی بەدەست دەهێنین، ‘ئێمە دەتوێینەوە (ئەسسیمیلە دەبین) و دەسڕێینەوە و ون دەبین، چونکە ئینتیگراسیۆن بە مانای ئەوەیە، کە کورد بتوێندرێتەوە. ئێمە دژی ئەم ئینتیگراسیۆن و ئەسسیمیلاسیۆنەین و توانەوە و تێکەڵبوون قبوڵ ناکەین”.
ئەوەی جێگەی ڕەخنە و نیگەرانییە، ئەزموونی ڕۆژاڤای کوردستانە. بەپێی ئەو داتا و دەنگۆیانەی لە ڕۆژاڤاوە دێن، ئەزموونی ئەوێ بەرەو بەتاڵکردنەوە لە مانا و قورسایی خۆی بەرەو سیستەمێکی بێ ناو دەڕوات، بێجگە لە شۆڕکردنەوەی هەندێک دەستەڵاتی زۆری سیمبۆلیک. ئەمەش پێچەوانەی ئەو تیورە باوەیە، کە خودی ئۆجەلان داوای دەکات. بۆیە ئێمە لەبەردەم دۆخێکداین جێگەی نیگەرانی و خۆزگەیە بۆ ئایندەی نەتەوەی کورد لە باکوور و ڕۆژاڤا دا.
لەو مۆدێلەی ئۆجەلان دا لەوە بووینەتەوە، کە چی دیکە باس لە دەوڵەتێکی تایبەت بە نەتەوەی کورد بکرێت، چونکە ئەو لە بارەی دەوڵەتەوە بە گشتی دەڵێت: “تیوری دەستەڵاتی هەژموونگەرایی ناوەندیی لە سەردەمی مۆدێرنەتەی سەرمایەداریدا گەورەترین هەڕەشەی سەر دیموکراسی و خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتییانە، لەلایەن ‘نەتەوەی دەوڵەت’ەوە دێت” (ل. 43). کەواتە، لەوە دڵنیاین، کە ئۆجەلان نەتەوەی دەوڵەتی نەک هەر بەلاوە ناوە، بەڵکوو بە مەترسیشی دەزانێت لەسەر دیموکراسییەت و خۆبەڕێوەبەرێتی دیموکراسییانە. کێشەی ئەو تێزە لە گشتگیرییەکەی دایە، ئەگەر بێت و تێزەکە تایبەت بێت بە دەوڵەتێکی وەکوو تورکیا، ئەوا ئارگومێنتەکە بەتەواوەتی دەگۆڕدرێت. بەڵام دەوڵەتێک لەسەر بنەماکانی دیموکراسییەتێکی ڕاستەقینە بینا بکرێت، هیچ مەترسییەک لەسەر هیچ گرووپێکی مرۆیی ڕەسەنی ئەو دەڤەرە نییە، تەنانەت بەپێی مۆدێلی شانشینی یەکگرتووش.
ئارگومێنتی نیشتیمانسازیی “ئۆجەلان” دەڵێت؛ “چەمکی هەموو شتێک لە پێناو نیشتمان سەرچاوەی خۆی لە چەمکی نەتەوەی فاشیستی وەردەگرێت، بەختکردنی هەموو شتێک لە پێناو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و نەتەوەیەکی دیموکرات مانادارترە (ل. 48). لێرەدا دوای شرۆڤەیەکی دوور و درێژی ئەو بابەتە، بەدیلی بەڕێز ئۆجەلان تەنها و تەنها ئینتیگراسیۆنە، بەو تێگەیشتنەی خوارەوە کە دەڵێت:
“دەشێت نەتەوەی جیاواز تێکەڵ بەیەکتر لە ئارادا بێت. ئەگەر نەتەوەی دیموکرات لەگەڵ نەتەوەی یاسایی ڕێک بکەوێت بە ئاسانی دەتوانن بەیەکەوە بژین. وێڕای ئەوەی وڵات و ئاڵا و زمان بەهادارن، بەڵام پیرۆز نین. لەجیاتی دژایەتی وڵاتی هاوبەش، زمان و ئاڵاکان بەیەکەوە لەسەر بنەمای دۆستایەتی هاوبەش بەکاربهێنن و بەیەکەوە بژین، نەوەکوو تەنیا دەرفەت و زەمینەی هەیە، بەڵکوو لەهەمان کاتدا پێویستییەکی ژیانی کۆمەڵگەی مێژووییە” (ل. 49).
بەهەر حاڵ، بۆ ئەوەی زوڵم لەو تێزە نەکەین، ڕوانگەی ئۆجەلان بەتەواوی جیاوازە لەگەڵ ئەو دەنگۆ و مۆدێلەی کە ئێستا کاری بۆ دەکرێت. ئەوەی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەگوزەرێت، هێشتا بەدەیان فەرسەخ دوورە لەو ڕوانگەی ناو ئەدەبیاتی ئۆجلان بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک، مادام باس لە پێکەوەژیان دەکرێت لە یەک دەوڵەتدا، شان بە شانی نەتەوەی یەکەم، لەسەر بنەمای ئینتیگراسیۆن. بەپێی تێگەیشتنی ئۆجەلان، دەکرێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و نەتەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان دا نەک هەر بە مافە بنەڕەتییەکانی خۆی بگات، بەڵکوو بگاتە ئاستی هەموو ئەو مافانەی کە نەتەوەی تورک هەیانە.
کەواتە پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە؛ بەشێکی زۆری نەتەوەی کورد لە باکوور لە “دۆخی توانەوە” (ئەسسیمیلاسیۆن) دان، لەسەر بنەمای ئەو مۆدێلەی کە خودی ئۆجەلان ڕەخنەی لێ گرتووە و ناوی ناوە “ئینتیگراسیۆنی سەپێندراو”، ئایا دەوڵەتی تورکیا ئامادەیە لەو هەموو سەروەرییە نەژادییەی خۆی دابەزێت و واز لە هەندێک لە دەستەڵاتەکانی خۆی بهێنێت و شۆڕیان بکاتەوە بۆ باژێرەکان و بۆ نەژادێک، کە تاوەکوو ئێستاشی لەگەڵ دابێت بە دواکەوتوو و تورکی چیای دەزانێت و ناوی “کوردستان” قەدەغەیە؟ ئایا دەوڵەتی تورکیا ئامادەیە واز لەو مۆدێلەی “ئینتیگراسیۆنی سەپێندراو” بهێنێت لە ئایندەیەکی چاوەڕوانکراودا؟ ئەگەر 20٪ی ڕاست دەربچێت، ئەوە وەکوو موعجیزەیەکی سەدەی بیست و یەکەم وایە.
تاوەکوو چرکەساتی نووسینی ئەم دێڕانە، تورکیا نەک هەر ئامادەی وەها مۆدێلێک نییە، کە ئۆجەلان لە ڕووی تیورییەوە داوای دەکات، بەڵکوو ئەو دەوڵەتە هێندە ملهوڕ و ستەمکارە، مرۆڤ لە ئاستیدا واجیم دەمێنێت. لە کۆتاییشدا ئەو پرسیارە بە کراوەیی دەمێنێتەوە. داخۆ کورد لە باکوور بەرەو قبوڵکردنی ژێردەستەیی دەڕوات، یان دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕهێنان بە داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و بانگەوازی ئازادی و سەربەخۆیی بۆ کوردستان؟


