سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئایینی سیاسی کورد لە بەرگی تابووتی پێنجەمدا

پێم وایە لە بەدبەختی کوردە، کە ئەوەی ئاگر و ئاسن بە سەریدا نەی سەپاند، خەریکە ئازادی دەی سەپێنێت. ئایین لە سێبەری ئازادیدا هێندە دەنگی زوڵاڵە، لە هیچ سایە و سێبەرێکی دیکەدا ناتوانێت هێندە دەنگ هەڵببڕێت و گەرا بکات و بیری فەلسەفی خۆی بسەپێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا بۆشاییەک بۆ بەرانبەر ناهێڵێتەوە، کە بۆچوونێکی دیکەی هەبێت.

ئەمڕۆ لە کوردستان دا، ئایینزاکانی ئایینی سیاسی و دەست و پێوەندەکانی تورکیا و قەتەر و ئێران و سعودیە، تەواوی بۆشایییەکانی ئازادیی کورستانیان بۆ خۆیان قۆرخ کردووە؛ هەر چی بۆچوونێکی پێچەوانە ببیستن، گورج دەیخەنە گۆشەیەکی تەنگەوە. بە بیانووی پێشێلکردنی پیرۆزی ئایینی نەفرەت بە سەریدا دەبارێنن و تەواوی کۆمەڵگەی بە گژدا دەکەن. هەر ئەوەندەش نا، بگرە دەکەونە وێزەی ئەو ئازادییەی کە لە سایەیدا دەخۆن و دەخەون و دواتریش پەلاماری دەدەن.

هیچ بیرێکی ئازاد و فەلسەفەیەک کێشەی لەگەڵ خودی ئاییندا نییە. بەڵام بیری سیاسی ئایینی هەمیشە هەوڵ دەدات بە تەنیا تەواوی پانتایی ئازادی دابپۆشێت و هیچ بوارێک بۆ بەرانبەرەکەی ناهێڵێتەوە، کە شتیکی پێچەوانە بڵین.

لە دوای ڕاپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١ەوە، بیروڕا جیاوازەکان لە ململانێ و گفتوگۆ و کێشمەکێش دان، لەم سەری چەپ و عەلمانییەوە بۆ ئەو سەری ڕاست و ئایینەوە. بەڵام هیچ کاتێک هێندەی ئەمڕۆ دەنگی ئایین و پیاوەکانی نەبوون بەم دیکتاتۆرە زاڵەی ئەمڕۆ، بەسەر تەواوی شەقامی کوردی و مەزاجی گشتی و ژیانی کۆمەڵایەتی و زمان و ئەدەب و هونەر و سیاسەت و دنیای ئێمە.

ئەمڕۆ ئایینی سیاسی فشار و کارێکی وای کردووە، چەپی عەیار بیست ‌و چوار وتارەکانی بە “بیسمیلا” دەست پێ بکات و عەلمانی پەنا بۆ یاسا و ڕێسای ئایینی ببات و مەسیحی فاتیحا بخوێنێت و مەشروبخۆر بە ڕۆژوو ببێت و لەشفرۆشیش بچێت بۆ عەمرە. هەموو ئەمانەش تەنها لە پێناو ئەوەی جێگەیان ببێتەوە و نەکەونە بەر تانە و تەشەر. ئەمڕۆ بانگخوازێکی گەمژەی نەخوێندەوار نزایەکی عەرەبی کۆپی بکات و فڕێی بداتە سۆشیال میدیاوە، زۆر ئاسانە لەم فەزایەدا لایک و شەیری بکەیت یان کۆمێنتی بۆ بنووسیت. بەڵام نووسەرێکی دەیان ساڵە، لێکۆڵەرێکی بە ئەزموون یان ڕووناکبیرێکی شارەزا، ڕەخنەیەکی زانستیی لە ئایین بگرێت و تۆ نەوێرێت لایکی بکەیت، چ جای ئەوەی کۆمێنتێکی پۆزەتیڤی بۆ بنووسیت، ئەوا دەیان جنێو و هەڕەشە و تەکفیرت بکەن و بە نامەی تایبەتی چاوترسێن بکرێیت. ئەمە جگە لە ناردنی نامەی ئاگادارکردنەوە بۆ کەسە نزیکەکانت.

داخۆ ئەمە چ نابەرانبەرییەکی کووشندەیە تووشی کایەی ڕووناکبیری و زانیاریی کوردی هاتووە؟ داخۆ ئەم پڕۆسەی یەکڕەنگکردنی کۆمەڵگە و بارگاویکردنی بە مەزهەب و ئایینیی ئەوپەڕگیر چ داهاتوویەکی ڕەش بۆ نەوەی داهاتوو و تەواوی کۆمەڵگە دەخوولقێنێت.

تەواوی حیزب و ڕەوتە ئایینییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، ١٠-١٢٪ی دەنگەکانی هەڵبژاردن بەدەست دەهێنن، بەڵام هەمیشە بە دەنگی زاڵیان لە کۆمەڵگەدا مەودای ٩٥٪ی ئەو فەزایە داگیر دەکەن. ئەمەش پاڵپشتە بە هێزی تەکفیرکردن و داگیرکردنی فەزای گشتی و تۆقاندن و فەراهەم نەکردنی بواری یەکسان بۆ بیر و فەلسەفە و لایەنە جیاوازەکانی لە گفتوگۆ و ڕەخنەی ئایینیدا. بۆیە ئایینی سیاسی کۆمەڵگەیەکی تەواو ساختەمان نیشان دەدات. کۆمەڵگەیەکی سەرلەقێن بۆ دەنگی هاواری ئایینبازەکان بەرانبەر بە لایەنگیری شەرمنی دەنگی ڕەخنەگرانی ئایینی.

بیهێنە بەرچاوت، هێندەی ژمارەی پەرستگە و بودجەی بۆ تەرخانکراویان، ماڵی فەلسەفە و حیکمەت و ڕووناکبیریی هەبوو با، ئەگەر هێندەی ژمارەی ئایینزا و بانگەوازخواز و ڕووناکبیر و نووسەر و فەیلەسوف و لێکۆڵەری چاونەترسمان هەبووبایە. بیر بکەوە، ئەگەر فەزای ئازادی و ڕێزلێنان و پارێزبەندی بۆ هەموو ئەوانی دیکە، هەروەکوو ئایینزا و بانگەوازخوازەکان فەراهەم بکرابایە، ئێستا چ جۆرە کۆمەڵگەیەکمان دەبینی؟ کۆمەڵگەیەک کە پڕ لە تاکی ئازاد و بیرکەرە و ڕاستگۆ و یەک ڕوو و یەک قسە و یەک هەڵوێست و خاوەن بڕیار. نەک وەکوو ئەو کۆمەڵگەیەی، کە زۆرینەی ڕەها تاکەکانی بە “بارک اللە” و “جزاک اللە” و “الحمد و السناء” گفتوگۆکانیان دەست پێ بکەن، کە ناشزانێت واتایان چییە. لە کوێ نوێژخوێنان ڕیزیان بەست و ڕێزی پێشەوە بگرێت، بەبێ ئەوەی فاتیحەشی لەبەر بێت. کۆمەڵگەیەک پڕ بووە لە ڕێکلامی خێرکردن بە هەژاران، بەجۆرێک بە دەستی ڕاست خێر دەکەن و بە دەستی چەپیش وێنەی دەگرن.

بە کورتی ئایینی سیاسی دنیای ئێمەیان پڕ کردووە لە درۆ و مەرامی و دووڕوویی. ئایینێک پێی باشە بە دزییەوە قۆڵی کچان ببڕێت و خەریکی مێبازی و تەڵەکەبازی بێت، بەو مەرجەی سەر و سیمایان نوورانی بێت و جلی سەحابەکان بپۆشیت و ڕیشی خەنەیی یان ڕەشی قەترانی لێ بەردەیتەوە.

تەنانەت ئەمڕۆ ئایینی سیاسی بووە بە هۆکاری سەرخستنی حیزب و سەرکردەکان لە هەڵبژاردن و خستنی بەهای زانست و لێدان لە شارستانییەت و تێکشکانی زمان. تەحەدا دەکەم سەرکردەی هیچ حیزبێکی چەپ و سۆسیالیستی و عەلمانی و دیموکراسیخواز و ئازادیخواز و سۆسیال دیموکرات بتوانیت بە ئاشکرا ڕەخنەی جدی لە ئایین بگرێت.

ئایینی سیاسی وەکوو موخورک و مۆرانە خەریکی شێواندنی تەواوی تابلۆ ڕاستەقینەکەی کوردەوارییە و ڕەنگاڵەی گۆڕیوە بۆ دشداشەی سپی و حیجاب و نیقابی ڕەشی قەترانی.

ساڵانێکە ئەوەی کە پێی دەڵێن ئیرهابی فیکری، لەلایەن ئایینی سیاسییەوە، هەموو کونج و کەلەبەرێکی ژیانی کوردەوارییان شێواندووە. بە چی ڕەوایە سەمایەک لە سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی ببێت بە بابەتی تەواوی وتارەکانی ڕۆژی هەینی، کلیپی کچە هونەرمەندێک لە شەقامی سالم دەیان هێنێتە گۆ، تابلۆی سەمایەکی هونەری سەر شانۆ، ڕۆژی دواتر ببێت بە وتاری سەر مینبەرەکان. وتاری مامۆستایەکی ڕۆشن فکر و چیرۆکنووس، هەموو ئایینزا سیاسییەکان بخاتە لەرزە، خۆپیشاندانی پاڵپشتی بۆ شۆڕشی لەچک فڕێدانی ڕۆژهەڵات پایەکانی ئایین لەق بکات و دەیان حەملەی ناڕەوایی ئایینی سیاسی دژ بە بزاوت و جووڵەیەکی کۆمەڵایەتی و هونەری یاخود سیاسی و بە پێچەونەشەوە.

ئەوەی لە هەموو ئەمانەش خراپتر و مەترسیدارترە، حەملەکردنە بۆ سەر زمان و کولتوور و کەلەپووری کوردیی. ئەو بابەتانەی کە تاکە چەکی بە خۆڕایی مانەوەی کوردبوونمانە لە بەرانبەر ئاگر و ئاسن و جینۆساید و ئەنفال. کەچی لەسەر دەستی ئایینی سیاسیی کوردی پڕۆسەی ئەنفالکردنی خودی زمان و کەلەپووری کوردی بەرپا بووە.

ئەمڕۆ جگە لە شێواندنی زمانی ڕۆژانەی خەڵک، خەریکن هەر چی لێدوانێکی ئاسایی لێرە و لەوێ دەکەن بە ڕۆژەڤ بۆ ترساندنی لێدوانی داهاتوو و پاشگەزبوونەوە لە هەوڵی دووبارەبوونەوە. چ لۆجیکێکە تەنانەت نەوێریت بڵییت ناوەکەی خۆم بە دڵ نییە، کە “ئەبوبەکر”ە و بریا ناوم “شۆڕش” یان “تێکۆشەر” بووایە. بە ڕیشی کێ ڕەوایە بڵێیت دشداشە ناشیرینە و لە کورد نایەت، ببێت بە کوفر و ئیلحاد و هێڵی سوور؟

ئەوەی لە هەرێم دەگوزەرێت جگە لە بەرپاکردنی کەشێکی تۆقێنەری وەهمی دژ بە دەربڕینی هەر چی بۆچوون و بیڕوباوەڕێکی ئازاد هیچی دیکە نییە. ئەگەر ئەم هێزە تۆقێنەرە لە سنوورێکدا نەوەستێنرێت، پریشکی دەگاتە هەمووان و کۆمەڵگەش بەو فیکر و میزاجە داعشیانە ڕەنگڕێژ دەکات. دواجاریش پێش هەمووان پریشکی ئەم ئاگرە خودی دەسەڵاتی کوردی دەسووتێنێت، کە ئەم بوارەی بۆ ئەم گرووپە فکر توندڕەوانە ڕەخساندووە.

ئەوەی لێرەدا بۆ من گرنگە، خودی زمان و کولتووری کوردەواریمانە، کە چۆن بتوانین لەو هەڕەشانە ڕزگاری بکەین. بەو پێیەی کە گوتم زمان و کولتوور تاکە کەرستەی بەخۆڕایی مانەوەمانە. دەسەڵاتی جووت حیزبیش ئەمڕۆ هێندە هەڵپەرستە، پێویستی بە هەموو دەنگێکی نەشاز و نامۆیە بۆ ڕکابەرێتی هەڵبژاردنی نوێ. دەسەڵاتێکی خۆماڵی و خەمخۆر و بە هەڵویست شک نابەم تاوەکوو بتوانێت لە بەرانبەر دوژمنی چواردەوری ڕابوەستێت هەم خەمێکیش لە تابووتی پێنجی ئایینی سیاسی ناوخۆ بخوات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO