سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

تەعریب نییە، گەلۆ، بە بیلا تەعریب نییە


ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان قسەی زۆر لەسەر “قۆناغێکی نوێ لە تەعریب” دەکرێت. زاراوەی تەعریب بەکار دێت بۆ ئەم قۆناغە. ئەم پرس و دیاردەیە، هەقوایە توێژینەوەی زۆر و ماستەرنامە و دکتۆرای لەسەر ئەنجام بدرێت و قسەی زۆر هەڵدەگریت، بەڵام ئەمن لێرە زۆر بەکورتی ئاوڕێک لەو پرسە دەدەمەوە چونکە هەڵە تێگەیشتنێکی گەورە هەیە.
ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، بەتایبەتی لە بیست ساڵی ڕابردوودا، ناکرێت و نابێت وەک تەعریب تەماشا بکرێت و ناوی تەعریبی بەسەردا بسەپێنرێت چونکە تەعریب سیاسەتێکی سیستەماتیکی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی دەوڵەتی عێراق بووە، کە لەسەردەمی مەلەکی دەستی پێ کردووە و لەسەر دەستی حیزبی بەعس و سەدام حوسێن گەیشتۆتە ترۆپ. تەعریب سیاسەتێکە کە دەوڵەتی عێراقی پلانی بۆ داناوە و دایڕشتووە و  و جێبەجێی کردووە و دەیکات، مەبەست لێی گۆڕینی دیموگرافی باشووری کوردستان بووە، ئەویش بە دەرپەڕاندنی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و نیشتەجێ کردنی عەرەب لە جێگەیان. ئەمە تەعریبە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە هەرێم ڕوودەدات، ئەمە نییە.
ئەوەی لە کوردستان ڕوودەدات لە بیست ساڵی ڕابردوودا، “بەعەرەببوون” و “خۆبەعەرەبکردنە”، کە پێنج ساڵ دەبێت باسی ئەو شتە دەکەم. جیاوازییەکان زۆرن بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە: لەکاتێکدا کە تەعریب لە ئاکام و دەرئەنجامی سیاسەتی دەوڵەتی عێراقییە، بەعەرەببوون لە ئاکام و دەرئەنجامی سیاسەتەکانی حکوومەتی هەرێمە، کە زۆر هۆکاری لە پشتە، بەڵام لە هەموویان سەرەکیتر سیاسەتی خۆدەوڵەمەندکردنی خێرای کۆمەڵێک سەرمایەداری حیزبی و دەسەڵاتدار و چەند کەسێکی نزیک لە حیزبە باڵادەستەکانی هەرێم بووە. ئەویش بە فرۆشتنی خانووبەرە بەبێ هیچ بیرکردنەوە و پلان و سیاسەتێک، قازانجی خێرا و نابەرپرسانە نەبێت.
لە ئاکامی ئەم سیاسەتەدا خەڵکێکی زۆر لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق هاتوونەتە کوردستان. من ناوم لەوە ناوە “بەعەرەببوون”، واتە دیاردەیەک کە دەرئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
ئەدی “خۆبەعەرەبکردن” چییە؟ لە ڕاستیدا، “خۆبەعەرەبکردن” کردار و ڕەفتاری خەڵکی سادە و بازاڕی کوردستانە. لێرە مەبەستم هەڵسوکەوتی خەڵکی سادەی هەرێمە چ کڕیار بن، چ فرۆشیار.
با وردتر قسە بکەین. لە ئاکامی هاتنی خەڵکێکی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان، بەکاربەرێکی زۆر عەرەب لە بازاڕەکانی کوردستان دا هاموشۆی دوکان و چێشتخانە و مارکێتەکانی کوردستان دەکەن. خاوەنی ئەو بیزنسانەش بۆ سەرنجڕاکێشانی بەکاربەر و کڕیارە عەرەبەکان خۆیان فێری عەرەبی دەکەن، یان کارمەندی عەرەبی لە بیزنسنەکانیان دادەمەزرێنن. ئەمەش وای کردووە، کاتێک کڕیارێکی عەرەب دەچێتە بازاڕ ئەوە خاوەن دوکانەکە بە عەرەبی قسە لەگەڵ کڕیارەکە/بەکاربەرەکە بکات.

لە هەمان کاتدا، بەشێکی زۆر لەو عەرەبە نیشتەجێیانەی کوردستان بیزنسیان کردۆتەوە لە کوردستان، واتە دوکان و چێشتخانە یان نمایشگەیان داناوە، کاتێکیش کوردێک دەچێتە لای ئەمانە وەک بەکاربەر یان کڕیار، دیسانە ئەوان بە عەرەبی لەگەڵ کوردە بەکاربەر و کڕیارەکە دەکەن. بە واتایەکی دیکە، کورد ئێستا لە هەرێمی کوردستان، بەکاربەر بێت، کڕیار بێت یان فرۆشیار، ئەوە دەبێت بە عەرەبی قسە بکات. ئەمەش من ناوم ناوە: “خۆبەعەرەبکردن”.
بەکورتی، “بەعەرەببوون” دەرئەنجامی سیاسەتی سەقەت و بێپلانی حکومەتی هەرێمە کە هاتنی عەرەبێکی زۆری لێکەوتۆتەوە و دیاردەی “بەعەرەبوونی” بەرهەمهێناوە. بەعەرەبوونی هەرێمیش وای کردووە کە خەڵکی هەرێم لە کوردستان لەبری کوردی لە بازاڕ و مۆڵەکان و دوکانەکاندا زمانی عەرەبی بەکاربێنن، ئەمەش “خۆبەعەرەکردنی” لێکەوتۆتەوە.
بۆیە، ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات تەعریب نییە و دەوڵەتی عێراق لێی بەرپرس نییە، بەڵکوو خەتای حکوومەتی هەرێمە، لەبری “تەعریب” دەبێت وەک “بەعەرەببوون” و “خۆبەعەرەبکردن” ناوزەد بکرێن.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO