موحسین ئۆسمان
گرنگیی ئاسایشی نەتەوەیی: ئایین بۆ خودا و نیشتمان بۆ هەمووان
نیشتمان ئەو چادرەیە، کە وەکوو دایکێک هەموو هاووڵاتییەکانی لەباوەش دەگرێت، بەڵام پێویستە هەر هاوڵاتییەکیش ئەرکی نیشتمانیی خۆی جێبەجێ بکات. مەبەست لە “ئاسایشی نەتەوەیی” (الأمن القومي) ئەوەیە، کە دەبێت هەموو “نەتەوە و ئایین و پێکهاتەکان” بکەونە خزمەتی دایکێک، کە پێی دەڵێن “نیشتمان”. ئەوەی من دەمەوێت لێرەدا ڕاشکاوانە بیڵێم، بەپێی ڕێسا و یاساکانی ئێستا، نابێت حکومەت و دەسەڵات ڕێگە بە هیچ بیر و باوەڕێکی ئایینی و چەپڕەوی و نەتەوەیی بدات، کە دەستدرێژی بکەنە سەر پیرۆزییەکانی نیشتمانی دایک. ڕاستە ئەمڕۆ نەتەوەی کورد لە بەرانبەر پیلان و کۆمپلۆکانی سەرمایەداری و داگیرکەراندا ڕابووەتە سەر پێ، بەڵام دیسان بەرانبەر دەنگە نەشازەکانی هەندێک مەلا، پێویستیمان بە ڕێساکاری و یاسای زیاتر هەیە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە هۆشیارییانە بکەونە بەر سزای نیشتمانی.
دیارە ئێمە نەمانتوانیوە ئایینی ئیسلام لە چوار ڕەگەزەکەی “مێژوویی ڕووناکبیری و شێواز و باوەڕ”دا لێک جیا بکەینەوە، بەڵکوو تەنیا ئیسلاممان وەکوو باوەڕێکی وشک بۆ خۆمان قۆرغ کردووە. ئێمەش لە ڕێگەی ئایین و هۆشیارییە کۆنەکەی خۆمانەوە، بووینەتە خزمەتکاری داگیرکەران.
مرۆڤ واچاکە بپرسێت، ئایا کورد توانیویەتی چ پڕۆژەیەک لە سایەی ئیسلامی سیاسییەوە پێشکەش بە پرسی نەتەوەکەمان بکات؟ لەبەر ئەوە، وەکوو چۆن سپینۆزا توانی شێوازە ئایینییەکان بۆ چەمکی سیاسی و دیدگای کۆمەڵایەتی بگۆڕێت، ئێمەش چەمکی سیاسی و دیدگای کۆمەڵایەتیمان بۆ شێوازی ئەفسانەیی و ئایینی گۆڕیوە.
لە لایەکەوە، ئەگەر دوێنێ چەندین قۆناغی تراجیدی و کارەساتباری وەکوو ئەنفال و کیمیاباران و کۆچی ملیۆنی، هتد، بەسەر کورد دا هاتبێت و ئەمڕۆش ڕۆژانە دوژمن و داگیرکەرانی کورد، عەقڵ و خاکی کوردستان داگیر دەکەن. لەبەر ئەوە لێرەدا منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی باوباپیرانمان، کە فەرموویانە: “دایکی مردوو کوێرە، کەو دوژمنی سەری خۆیەتی، ئەگەر دەسکی تەور لە دار نەبێت، دار نابڕێتەوە”.
ئەم ژینگەیە وای کردووە، کە مەلایەکان هیچ ڕۆڵ و هەڵوێستێکیان لە بەرانبەر پرۆسەی ئەنفالی ڕەشدا نەبێت. لەبەر ئەوە ئەمڕۆ مەلایەکانی ئێمە ئەو “ئایەت” و “گاتایانە” لە وتارەکانی ڕۆژی هەینی و ڕۆژانی دیکەیاندا پێشکەش ناکەن، کە دەکەونە خزمەتی ئەم قۆناغە. بە هەر شێوازێک بێت، ئەمەش خزمەت بە هۆشیاریی عەرەبچێتی و چەتەکانی داعش دەکات. لەوانەیە هەر لەبەر ئەوەش بێت زیاتر لە سەد گەنجی کورد چوونەتە ناو ڕیزەکانی چەتەکانی داعشـەوە.
ئیسلامییەکان و ئیخوانییەکانی کوردستان بە ئاشکرا و بە نهێنی پشتگیریی ئەردۆغانـیان کردووە و دەکەن، کە باوەڕی خۆیان بە کولتووری: “انصر أخاك ظالما أو مظلوما” (پشتی براکەت بگرە زاڵم بێت یان زوڵملێکراو) گەرم کردووە. ئەگەر وا نییە، چەند مەلا و زانای جیهانیی ئیسلامی بە هانای کوردەوە هاتن یان قسەیەکی شایستەیان دەربارەی زۆرداریی سەر کوردان کرد؟ مەخابن نە پارت و سەرۆکێک، نە ڕووناکبیر و نە مەلایانی ئێمە، پێداچوونەوە بە هۆشیارییە خەڵەتێندراوەکەی خۆیاندا ناکەن.
ئەرێ بۆچی لە جیاتی وانەی ئایینی، نابێتە وانەی ڕەوشت، بۆچی وانەی ئایینی لە قوتابخانەدا هەبێت، بەڵام وانەی فکری و فەلسەفی نەبێت؟ چونکە ڕاستە لەم ناوچەیەدا پەرستگەکان بوونەتە شوێنی پەروەردەکردن، بەڵام لە قوتابخانەکاندا لە بەرانبەردا فەلسەفە ناخوێنن، هاوشێوەی وڵاتانی عەرەبیی ئەفریقا. بێگومان ئەمەش ژینگەیەکی ئایینی “کۆنەپارێز” (کۆنزەرڤاتیڤ) دروست دەکات. لەبەر ئەوە لە بری ئەوەی ئاییندارەکانی ئێمە مێژووی گەلی کورد بە قوتابی و فەقێیەکانی خۆیان ئاشنا بکەن، مێژووی ئیسلام و عەرەب نیشان دەدەن. سەرەڕای ئەمەش، مەلا و مزگەوتەکان دەستدرێژی دەکەنە سەر پیرۆزییە نەتەوەییەکانی وەکوو جەژن و ئاڵا و سروود و پێشمەرگە. ئەرێ کوانێ ڕۆڵی وەزارەتی ئەوقاف؟ دەبێت بۆ ئەم مەبەستە فشار بخرێتە سەر حکومەت و وەزارەتی ئەوقاف و دەزگاکانی ڕاگەیاندن.
کەی نەتەوەی کورد خۆی لە عەرەبچێتیی ئیسلامیی سیاسی ڕزگار دەکات؟ سەیر بکە کاتێک عەرەبە ئیسلامییەکان دەچنە ئەفغانستان، جلوبەرگی ئەفغانییەکان لەبەر دەکەن، بەڵام کاتێک خەڵکی کورد دەبێتە ئیسلام، مەلا و سۆفی و سەید و دەروێش، هتد، جلوبەرگی عەرەبەکان لەبەر دەکەن. ئەرێ چ مانایەک لەژێر ئەم جلوبەرگ و ڕیش هێشتنەوەی باوەڕدارانی تاڵیبان و قاعیدە و داعش و ئیخوان دا هەیە؟ ئایا جلوبەرگی پێغەمبەر و خەلیفەکانی ڕاشدین وەکوو جلوبەرگی ئەبو جەهل نەبوو؟ لەبەر ئەوە وەکوو چۆن مامۆستا لە قوتابخانەدا میتۆدی هەیە، دەبێت بە هەمان شێوە مەلایەکانیش میتۆدیان بۆ وتارەکانی ڕۆژی هەینییان هەبێت. جگە لەوەش دەبێت میتۆدەکانی خوێندنی حوجرە و پەیمانگا و زانکۆ ئایینییەکان لە کوردستان دا سەرلەنوێ پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت. واتە وەکوو چۆن لیژنەی سەرپەرشتیاری لە قوتابخانەکاندا هەیە، پێویستە جۆرێک لە لیژنەش بۆ پەرستگەکانیش هەبێت، چونکە لە ڕۆژانی هەینیدا نزیکەی یەک ملیۆن کەس نوێژ دەکەن.
هەموو پێغەمبەران و ڕێبەرانی ئایینی، بە گەرم کردنی گیانی ئایینەکان پاڵپشتیی نەتەوەیییان بە شێوازێکی سادەکراو کردووە. بۆ نموونە: “شعب الله المختار” و “خير أمة.”(١) ئایا ئەگەر ئەمانە بۆ هەوڵەکانی نەتەوەبوونی سەرەتایی نەبن، ئەی چ مانایەک دەگەیەنن، یان جگە لەمە چ مەبەستێکی بە سوود پێشکەش بە مرۆڤایەتی دەکەن؟ ئەرێ بۆچی پێغەمبەر مووسا کەسێکی قیبتی کوشت، چونکە یەکێکی ئیسرائیلیی لێی دابوو؟ یان بۆچی پێغەمبەر محەمەد خەڵکی قوڕەیشی هێنایە پێشەوە؟
پرسیارە گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا بۆچی هەموو “خەلیفەکانی ڕاشدین” و”عەشرەل موبەشیرە بیلجەنە” تەنیا لە قوڕەیشییەکان بوون؟(٢) لێرەدا ئەگەر مرۆڤ بە شێوازێکی دیکە پرسیار بکات، ئایا پێغەمبەر و ئایین لە بنەڕەتدا دژی نەتەوەبوون بوونە؟ بەهۆی ئەم خاکە و نەبوونی هیچ فەیلەسوفێک لە ناوچەکەدا، بۆشایییەک بۆ سەرهەڵدانی پێغەمبەران و ئایینەکان دروست بوو.
بە درێژاییی تەمەنی، چەمکی “عەرەبچێتی” بە تامی “ئایینی و نەتەوەیی” لەسەر بنەمای دەرفەتەکان بەکارهێنراوە، بەڵام چەمکی “کوردایەتی” تەنیا لە هێڵی نەتەوەییدا بەکارهێنراوە. هەر بۆیە “عەرەبچێتی ماددەی ئیسلامە و ئیسلامیش گیانی ئەوە”(٣). واتە “ئەگەر عەرەب خۆیان ماددەی ئیسلام بن، ئەوا ئیسلامیش خۆی گیانی عەرەبە”.(٥) لەبەر ئەوە دەڵێن: “ئەگەر عەرەب بکەوێت، ئیسلامیش دەکەوێت”.(٤)
هەروەها فەرموودەیەکی پێغەمبەری موسڵمانان، محەمەد، دەڵێت: “لەبەر سێ هۆکار حەزتان لە عەرەب بێت، چونکە من عەرەبم، قورئان بە عەرەبییە و زمانی خەڵکی بەهەشتیش عەرەبییە”. هەروەها فەرموودەیەکی دیکەی دەڵێت: “ئەگەر عەرەب زەلیل بکرێت، ئیسلامیش زەلیل دەکرێت”.(٦)
“فراوانکردنی فتوحاتەکانی ئیسلام، بووە هۆی گواستنەوەی ئیسلام وەکوو ئایینێکی نەتەوەیی بۆ جەنگاوەرانی عەرەب”.(٧)
سەیر بکە هەرچەندە زۆربەی مێژووی کورد، هەر لە ئەنفالی قورئانەوە تا دەگاتە ئەنفالی ئێزدییەکانی شەنگال، بە ناوی ئیسلامی سیاسییەوە کراون، بەڵام دیسان ژیانی ئێمە هەمووی مزگەوت و قوتابخانە و ماڵ و کۆڵان و دامەزراوەکان بوونەتە ئایین. ئیتر ڕاستە ئایین بەشێکە لە ژیان، بەڵام ئێمە تەواوی ژیانی خۆمان کردووە بە ئایین. لەبەر ئەوە تێگەیشتن لە پرسە ئایینییەکان وەکوو چارەنووسی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بەمەش لەم ناوچەیەدا بێهۆشی زاڵ بووە بەسەر هۆشیاریدا.
ئایا چ بابەت و کێشەیەکی دیکە، وەکوو نەبوونی دادپەروەری و ئازادی و مووچە و ئاو و کارەبا، نییە کە ئێوە لەسەری بدوێن، جگە لە خزمەتکردنی عەرەبچێتی؟ ئەگەر باوەڕتان بە گوتەی “ڕاستی ڕێگەی خودایە” هەیە، مەخابن ئەم وڵاتە پڕە لە گەندەڵی و تاڵان و هەژاری و دەستکورتی و بێ متمانەیی، هتد، بەڵام دەنگتان لێوە نەهات. ئەوەی ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان دەیبینین، لە لاوازیی فکری و عەقڵییەوە دێت، چونکە کێشەی ئێمە تەنیا مەلایەکان نییە، بەڵکوو ڕۆڵی سیاسی و ڕووناکبیرانی ئێمەش زۆر لە هی مەلایەکان باشتر نییە.
پرسیارە گرنگەکان لێرەدا ئەمانەن: ئایا ڕووناکبیرانی کورد چ ڕۆڵێکیان لە بەرانبەر عەقڵی داعش و دڕندەیی ڕژێمی تورک و ئەردۆغان دا هەیە؟ کەی ڕووناکبیرانی کورد فشار دەخەنە سەر پارتەکانی خۆیان بۆ ئەوەی هەڵوێست لە بەرانبەر هەموو دوژمنانی نەتەوەی کورد، بە تایبەتی تورکیا، وەربگرن؟
مرۆڤ دەتوانێت لێرەدا بپرسێت؛ ئایا ئیسلامییەکانی کوردستانیش دەتوانن دروشمەکەی عەبدولحەمید بن بادیس (١٨٨٩-١٩٤٠): “ئیسلام ئایینی منە، عەرەبی زمانی منە و جەزائیر نیشتمانی منە”،(٨) بکەنە “ئیسلام ئایینی منە، کوردی زمانی منە و کوردستانیش نیشتمانی منە”؟ لەبەر ئەوە پێویستە کار لەسەر دروشمی “ئایین بۆ خودا و نیشتمان بۆ هەمووانی سەعەد زەغلوول لە ١٩١٩ بکرێت،(٩) چونکە تاوەکوو ئەورووپا خۆی لە هۆشیاری و دەسەڵاتی ئایینی ڕزگار نەکرد، گەشەی نەکرد.
بە گشتی سیاسەتمەدار و هۆشیارانی ئێمە نەیانتوانیوە زەمینەی کولتووری ئیسلامیی کوردی خۆش بکەن، تەنیا چەند مەلایەکی نزیک لە “پەکەکە” نەبێت، کە هەندێک هۆشیاریی نەتەوەیی تێکەڵی گوتارەکانیان بووە. لەبەر ئەوە قسەکردن لەسەر ئایین و داعش و عەرەبچێتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، بەبێ ڕیفۆرم و بە کوردیکردنی مەلا و مزگەوتەکان زۆربێژییە. بەهۆی ئەمەشەوە، ئەم دۆخە گەڕانەوەیەکی دەوێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە و پێویستە دەستوور و ڕۆڵی ڕاگەیاندنەکان کارا بکرێت. بۆ ئەمەش، دەبێت کار لەسەر وشککردنی بیرۆکەکانی داعش (سەلەفی و وەهابی و حەنبەلی و تەکفیر و توندوتیژی) بکرێت، بۆ ئەوەی دان بە مرۆڤبوونی مرۆڤ و دروستکردنی گیانی نەتەوەییدا بنرێت.
ئەم هەوا گەرمەی یەکگرتن و بەرزبوونەوەی ئاستی هەستی نەتەوەیی، هێز و بوێرییەکی داوەتە خەڵک بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی. ئەم دۆخ و دیاردەیە، پێویستی بە دیبەیت و سیمینار و کۆنفرانس هەیە.
سەرچاوەکان
- “نحن شعب الله المختار/ لأنك شعب مقدس للرب إلهك. وقد اختارك الرب لكي تكون له شعبا خاصا فوق جميع الشعوب الذين على وجه الأرض”، سفر التثنية: 14/2، یان “كنتم خير أمة أخرجت للناس (آل عمران: 110).
- پرسیارە گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا دە کەسی مژدە پێدراوی بەهەشت یەکترییان کوشتووە و بە فیتنەی گەورە ناوبران، ئەی چۆن دەچنە بەهەشت؟ وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ وَحَمَلْنَاهُمْ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ وَرَزَقْنَاهُم مِّنَ الطَّيِّبَاتِ وَفَضَّلْنَاهُمْ عَلَىٰ كَثِيرٍ مِّمَّنْ خَلَقْنَا تَفْضِيلًا (الإسراء: 70).
- جادالکریم الجباعي، الاندماج الاجتماعي في بلد واحد من المجتمع الاهلي الی المجتمع المدني: من الرعویة الی المواطنة، مجموعة مٶلفین، جدلیات الاندماج الاجتماعي و بناء الدولة و الامة في الوطن العربي. المرکز العربي للأبحاث و دراسة السیاسات، ط1، بیروت، لبنان، 2014 ص135.
- مراد زوین، الاسلام و الحداثة: مقاربات في الدین و السیاسة. المرکز الثقافي العربي، ط1، الدار البیضاء، المغرب، 2015، ص. 158-159.
- أحمد برقاوي، في الفکر العربي الحدیث و المعاصر. المرکز الثقافي العربي، ط1، بیروت، لبنان، 2015 ص. 90.
- أحمد برقاوي، محاولة في قراءة عصر النهضة: الاصلاح الدینی، النزعة القومیة. مؤسسة الاهالي للطباعة و النشر و التوزیع، ط2، دمشق، سوریة، 1999 ص. 105.
- عبدالغني عماد، في جینالوجیا الآخر: المسلم و تمثلاتە في الاستشراق و الانثروبولوجیا و السوسیولوجیا. مرکز دراسات الوحدة العربیة، ط1، بیروت، لبنان، 2020 ص. 50.
- عبدالقادر جغلول ـــ تاریخ الجزائر الحدیث: دراسة سوسیولوجیة، ترجمة: فیصل عباس، دار الحداثة للطباعة و النشر و التوزیع، ط2، بیروت، لبنان، 1982، ص. 10.
- العفیف الاخضر، إصلاح الإسلام: بدراستە و تدریسە بعلوم الأدیان، حاورە: ناصر بن رجب و لحسن وریغ، منشورات الجمل، ط1، بیروت، لبنان، 2014 ص. 53. دیسان «یُضِلٌّ مَن یَشَآءُ وَیَهْدِى مَن یَشَآءُ» (رعد: 27).



