پرسیارە قووڵەکانی فەلسەفە هەمیشە لەناو کتێبخانەکاندا لەدایک نابن. زۆرجار لە کەناری ڕێگەیەک، لە دیمەنێکی سروشتی، یان لە پرسیارێکی سادە و بێگەردیی منداڵێک سەرهەڵدەدەن.
ماوەیەک لەمەوبەر چیرۆکێک سەرنجی منی ڕاکێشا. لە یەکێک لە میدیاكانی کوردی خوێندمەوە، خێزانێکی کورد، کە ساڵانێکە لە سوید دەژین، بۆ پشوودان گەڕابوونەوە بۆ کوردستان. كچه بچووکەکەیان، کە لە سوید لەدایک بووە و گەورە بووه، بە سەرسوڕمانەوە سەیری دەورووبەری دەکرد. پاشان بە دایکەکەی گوت: دایکە، تۆ هەمیشە پێم دەڵێیت کوردەکان زۆر حەزیان لە وڵاتەکەیانە و كوردستانیان خۆش دهوێت. ئهدی بۆچی بوتڵ و کیسە و زبڵەکانیان له قهراغ ڕێگە و ڕووبار و شوێنی سهیرانگەكان فڕێ دەدەن؟ ئەگەر وڵاتەکەیان خۆشدەوێت، بۆچی ئاوا پیسی دەکەن؟ هەرچەندە پرسیارەکە لەلایەن منداڵێکەوە كراوه، بەڵام لە ڕاستیدا پرسیارێکی گەورەی مرۆڤایەتییە. بێگومان ئەم پرسیارە تەنها بۆ کوردستان نییە. بهڵكو دەکرێت لە ئیتالیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەرازیل و هیندستان و ئەفریقا، یان لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهان هەمان پرسیار بکرێت. ئاخر پرسیارهكهی ئهو منداڵه زۆر ماقووڵه. چۆن مرۆڤ دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات، کە خاکەکەی خۆش دەوێت، بەڵام له هەمان کاتدا پیسی بکات؟
هاوڕێیەکی ئیتالیاییم، کە ساڵانێکی زۆرە لە سویس دەژیێت، ئهم هاوینه بڕیاریدا بە پاسکیل له جنێڤـهوه بگەڕێتەوە بۆ باشووری ئیتالیا، ئەو خاکەی کە باوباپیرانی لێوەی هاتبوون. کاتێک گەڕایەوە، تهنها باسی جوانیی گردۆڵكه و چیاکان و گوندەکان و میوانداری و میهرهبانی خەڵکهكهی نهدهكرد، كه لهسهر ڕێگە بینیبوونی. ئەوەی زۆرترین کاریگەری لەسەری هەبوو، دیمهنی ناشیرین و دڵتهزێنی ژمارەی زۆری بوتڵی پلاستیك و زبڵ و پاشماوە بوو، کە لە کەناری ڕێگەکان و ڕووبارە بچووکەکان و کێڵگەکان و گوندەکاندا بەجێهێڵرا بوون. بوتڵی پلاستیکی و قوتوو و شوشەی شکاو و کیسە و کاغەز، هتد، وەکوو ئەوەی ئەم زبڵانە هاوڕێی هەمیشەی ڕێگە بووبن.
بێگومان ئەم دیاردەیە نه تایبەته بە ئیتالیا و نه به كوردستان. لە فەڕەنساش كاتێك لە کەناری جۆگەیەک، لەناو پارکێکی گشتی، یان لە سنووری دارستانێک یاخود لە دەوروبەری شارێک دا بڕۆیت، هەمان دیمهن بهدی دهكرێ. لە زۆر شوێندا، ئەو شوێنانەی كه هەمووان دەڵێن خۆشیان دەوێت، كهچی وەها دەردەکەون کە هیچ کەسیان له ڕاستیدا ئهم شوێنانه بە هی خۆیان نازانن. سەرەتا لە کەناری ڕێگایەک تەنها بوتڵێکی فڕێدراو دهبینرێ. بەڵام لە ڕاستیدا، ڕەنگە ئەو بوتڵە چیرۆکی شارستانییەتی ئێمە بگێڕێتەوە. چونکە فڕێدانی زبڵ و پیسایی تەنها کردارێکی ماددی نییە، بهڵكوو بریتییه له شێوازێکی تێگهیشتن لهوەی كه مرۆڤ چۆن پەیوەندی خۆی لەگەڵ جیهانی دەورووبەری دهبینێت و لێی تێ دەگات. وەکوو ئەوەی شوێنه گشتییهكان هی هەمووان نەبێت و لەبری ئەوان هەمیشە لایەنێکی دیکەی وەکوو دەوڵەت و شارەوانی و کرێکارانی پاککردنەوە و کۆمپانیاکان یان نەوەکانی داهاتوو دەبێت بەرپرسیار بن.
هەندێک جار، ئەم کردارە ڕەنگە دەربڕینی تووڕەییەکی ناوەوەش بێت. هەندێک کەس هەست دەکەن لە کۆمەڵگەیەک دەژین، کە نادادپەروەری تێدا زۆرە. کاتێک ژمارەیەکی کەم سامانی زۆر کۆ دەکەنەوە، بەڵام زۆرینەی خەڵک بە زەحمەت ژیانی ڕۆژانەیان بەڕێوە دەبەن. لەو هەستەدا، وڵات وهكوو “هی ههمووان” سهیر ناكرێت، سامانی گشتی چی دیکە وەکوو “سامانی ئێمە” نابینرێت، بەڵکو وەکوو سامانی “ئەوان” دەبینرێت. سامانی دهوڵهمهند و دەسەڵاتداران یان سیستەمێک، کە تاک خۆی بە بەشێک لێی نازانێت. بێگومان ئەم لێکدانەوەیە بۆ ئهم جۆره ههڵسوكهوتانه، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی چۆن هەندێک لە کردارە سادەکان دەتوانن ببن به ئاوێنەی قەیرانێکی کۆمەڵایەتیی قووڵتر. بۆیه دهتوانین بڵێین، كه لێرەوە یەکەم پارادۆکسی گەورەی سەردەمی ئێمە دەردەکەوێت.
له هیچ سهردهمێكدا وەکوو ئەمڕۆ قسە لەسەر پاراستنی ژینگە و بەرپرسیارێتی و گەشەپێدانی بەردەوام و پاراستنی زەوی نەکراوە. بەڵام هەرگیزیش هەندێک لە کردارەكانی ڕۆژانە تاکوو ئەم ئاستە لەو قسانە دوور نەبوونه. هەرچەندە بەها و دروشمەکان زۆرتر دووبارە دەکرێنەوە، بەڵام ئاشكرایه كه جێبەجێکردنیان لە ژیانی ڕۆژانە دا كهمتر و لاوازتر دەردەکەون. ههڵبهته ئەم ناکۆکییە تەنها ژینگە ناگرێتەوە. ئەو دیموکراسیهش دەگرێتەوە، کە بەڵێنی دەسەڵات به خەڵک دەدات، بەڵام زۆر کەس هەست بە بێدەسەڵاتی دەکەن. ئەو ئابوورییهی كه پهیمانی توانای بههێزبوونی سامان به خهڵك دهدات، بەڵام لە هەمان کات جیاوازیی نێوان دەوڵەمەند و هەژار قووڵتر دەکاتهوه. بهڵێنی ئەو ئازادیەی کە گوایه تاک ئازاد دەکات له بیروبۆچوون و له ههڵبژاردن، بەڵام بهبێ ههستی بەرپرسیارێتی تاك، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەکات. هەروەها ئایین، کە بانگەوازی برایەتی و لێبووردهیی دەکات، بەڵام هەندێک جار بۆ دروستکردنی دووبەرەکی بەکار دەهێنرێت. بۆیه لەوانەیە قەیرانی سەردەمی ئێمە، تهنها قەیرانی نەبوونی بەهاکان نەبێت. ڕهنگه قەیرانەکە ئەو دوورییە بێت، کە لەنێوان ئەو بەهایانەی بانگەشەیان بۆ دەکرێت و ئەو کردارەی لە ژیانی ڕاستەقینەدا دەبینرێت.
زانا و دانا و فەیلەسوفەکان ههرگیز به وەڵامدانەوەی پرسیار دەست پێ ناکهن. بهڵكوو به سهرنجدان و لە سەرسوڕمانەوە دەست پێ دەکهن. بۆچی زۆرجار ئەوە دەکەین، کە بەتەواوی پێچەوانەی ئەو شتانەیە بانگەشەی پاراستنیان دەکەین؟ ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ نزیکبوونەوە لەم پرسیارە.
ههڵبهته ئامانج ئهوه نییه، كه لایهنێك یاخود سهردهمهكهمان تاوانبار بكهین، بەڵکوو ههوڵێكه بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ئەم سەردەمە چی لەسەر پارادۆكس و دووفاقییهكانی خۆمان ئاشکرا دەکات. ئاخر ئهگهر سهرنج بدهین، ئهو دهبینین، كه بوتڵێکی پلاستیك یان شووشهیهكی فڕێدراو لە کەناری ڕێگەیەک، تەنها شتێكی ماتریال نییە. ڕەنگە بێدەنگترین ئاوێنەی هاووڵاتییهك بێت، کە هێشتا بەدوای ئەو ڕێگەیەدا دەگەڕێت، کە چۆن ئازادی لەگەڵ بەرپرسیارێتی و پێشکەوتن لەگەڵ دانایی و ماف لەگەڵ ئەرک و تاک لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتی ئاشت بکاتهوه.
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کەم سیستەم هەبووه وەکوو دیموکراسی هێندە هیوای لە دڵی خەڵک دروست کردبێت. لە دوای سەدان سیستهمی پاشایەتی و دیکتاتۆری و دەسەڵاتی ڕەها، دیموکراسی وەکوو بەڵێنی ئەوە هات، کە خەڵک خاوەنی چارەنووسی خۆیان بن. بێگومان ڕاسته، كه خودی ئەم بیرۆکەیە گەورەترین دەستکەوتی شارستانییهتی تازهیه، بەڵام لێرەشدا پارادۆکسێکی دیکە سهرههڵدهدات. هەرچەندە شەقامەکان پڕن لە بانگەشەی “دەسەڵات بۆ نەتەوە” كهچی زۆر هاووڵاتی هەست دەکەن ئەو بڕیارە گەورانەی كه کاریگەرییان لەسەر ژیانیان هەیە، لە شوێنێکی دیکە دەدرێن.
بازاڕە جیهانییەکان و دامەزراوە دارایییە گەورەکان و کۆمپانیا نیشتیمانییە گەورەکان، هەروەها توانا تەکنەلۆجیایه نوێكان، هەندێک جار بەهێزتر لە دەنگی سندووقی هەڵبژاردن دەردەکەون. مرۆڤ دەنگ دەدات، بەڵام زۆرجار هەست دەکات چارەنووسی ئابووریی ژیانی لە دەستی خۆیدا نییە. بێگومان ئەم هەستە لە زۆر وڵات، بووەته سەرچاوەی بێ متمانەیی.
هیچ کەس ناتوانێت نکۆڵی بکات، کە سەرمایەداریی گۆڕانکارییەکی گەورەی لە مێژووی مرۆڤایەتی داهێناوە. زانست ز تەکنەلۆجیا و پزیشکیی و گواستنەوە و پەیوەندییەکان، هەمووی بە شێوەیەکی بەرچاو پێشکەوتوون. بەڵام هەمان سیستەم و سامان و دەسەڵاتی لە دەستی ژمارەیەکی کەمدا کۆکردووەتەوە. کاتێک هەندێک کۆمپانیا بودجەی ساڵانەیان لە داهاتی هەندێک دەوڵەت زیاتر دەبێت، پرسیارێک سەرهەڵدەدات: ئایا دەسەڵاتی ئابووری لە دەسەڵاتی سیاسی بەهێزتر نییە؟ بۆیه لە زۆر شوێن، چینی مامناوەند هەست دەکات بە هێواشی بهرهو لاواز بوون دهچێت. گەنجان بە زەحمەت دەتوانن خانوو بکڕن و خێزان پێك بهێنن. خێزانەکان لەژێر فشاری کرێی خانوو و نرخی کارەبا و گاز و خواردن و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکاندا دهناڵێنن. لە هەمان کاتیشدا، سامانە زهبهلاحهكان بەخێرایی زیاد دەبن. ئیتر پارادۆکسەکە ئەوەیە: سامان زیاد دەبێت، بەڵام هەستی ئارامیی کۆمەڵایەتی کەم دەبێتەوە.
له لایهكی تریشهوه کاتێک خەڵک هەست دەکەن کەم گوێیان لێ دەگیرێت، بەهێواشی متمانەیان بە دامەزراوەکان نامێنێت. ئەمە تەنها قەیرانێکی سیاسی درووست ناكات. بهڵكوو قەیرانێکی دەروونی و کۆمەڵایەتیش دههێنێته پێشهوه. هاووڵاتی دەڵێن: ئەگەر من هیچ کاریگەرییەکم نییە، بۆچی بەشداری بکەم؟ ئیتر لێرەوە بێدەنگی دەست پێ دەکات، پاشان بێ متمانەیی. دوای ئەوە تووڕەیی و لە کۆتاییشدا، زۆرجا توندڕەوی.
ماوهی چهند ساڵێكه، لە ژمارەیەک وڵاتانی ئەورووپا، ڕۆژ له دوای ڕۆژ پشتیوانی لە حیزبە توندڕەوەکان زیاد دهبێت. هەندێک پشتیوانی لە ڕاستی-توندڕهو دهكهن و هەندێک لە چەپی-توندڕهو و هەندێکی دیکەش لە بزووتنەوەیەکی نوێی ناڕەزایی. زۆرجار چەند هۆکارێک بهیهكهوه دەبنە هۆی ئەو گۆڕانە، وهكوو ترسی داهاتووی ئابووری و هەستی دابەزینی ئاستی ژیان و ترس لە گۆڕانکارییە خێرایه کۆمەڵایەتییەکان و هەستی بێدەنگبوون و بێمتمانەیی بە نوخبە سیاسییەکان. مرۆڤ کاتێک كه متمانەی بە دهسهڵات نامێنێت، ئهوا زۆرجار دەچێتە پاڵ ئاسانترین وەڵامی دڵنیاكهرهوه. بەڵام مێژوو فێرمان دەکات، کە زۆرجار وەڵامی سادە بۆ پرسیارە ئاڵۆزەکان مەترسیدارن.
ههموومان دهزانین، كه ئازادی گەورەترین بەدهستهاتی شارستانییهتی نوێیە. بەڵام ئەگەر لەگەڵ بەرپرسیارێتی ههوتهریب نەبێت، دەتوانێت بۆ شتێکی دیکە بگۆڕێت. ئەوەی پێشتر “ئازادی” بوو، دەبێتە “تەنها من”. ئەوەی پێشتر “ماف” بوو، دەبێتە “هیچ ئەرکێکم نییە” و “هاقم نییە”. کاتێک “من ” لە “ئێمە” گەورەتر دەبێت، ئهوا کۆمەڵگە بهرهو تێكشکان دەڕوات. ئەو کاتە خێزان لاواز دەبێت و دراوسێیەتی و هاوکاری و ههرهوهزی کەم دەبێتهوه و مرۆڤ لە نێوان ملیۆنان کەسدا هەست بە تەنیایی دەکات. ئەمەش بێگومان پارادۆکسێکی ترە. هەرگیز مرۆڤ هێندە پەیوەستی تەکنەلۆجیا نەبووە. بەڵام هەرگیزیش هێندە هەستی به تەنیایی نەکردووە. ئایا کێشەکە لە نەبوونی پەیوەندییە یان لە نەبوونی پەیوەندیی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتیه؟
قەیرانی مانا
مرۆڤ لە سەرەتای مێژووەوە هەوڵی داوە مانایهك بۆ ژیان بدۆزێتەوە. پێش ئەوەی زانست پەرە بسەنێت، لەپێش دامەزراندنی دەوڵەتە نوێیەکان و سیستەمە سیاسییەکان، مرۆڤ بە ئایین و ئەفسانە و فەلسەفە هەوڵی دەدا وەڵامی ئەو پرسیاره بوونگهراییانه بداتەوە، کە گرنگن وەکوو: من کێم؟ و سهر به كێم؟ سهر به كام گرووپ و نهتهوهم؟ نیشتمانی من كامهیه؟ بۆچی لێرەم؟ چۆن دەبێت بژیم؟ هەموو ئایینە گەورەکان جیاواز لە فەرمان و ڕێگە و شوێنەکانیان لەسەر بەهایەکی هاوبەش ڕێككهوتوون، کە بریتین لە: میهرەبانی و دادپەروەری و بەخشندەیی و یارمەتیدانی مرۆڤی لاواز و ڕێزگرتن لە کهرامەتی مرۆڤ. بەڵام مێژوو شتێکی دیکەی فێر كردووین. هەمان ئهم ئایینانه لە هەندێک قۆناغدا، بوونە بە ئامرازێک بۆ جەنگ و بۆ دووبەرەکی و بۆ دەسەڵات. بێگومان کێشەکە زۆرجار لە ئایین نەبووە. بهڵكوو لە مرۆڤ خۆی بووە. مرۆڤ دەتوانێت تەنانەت پاکترین بیرۆکەکانیش بگۆڕێت بۆ ئامرازی دەسەڵات. ئەمەش بێگومان تەنها لە ئایین ڕوو نادات. ئایدیۆلۆجیا سیاسییەکانیش هەمان چارەنووسیان هەبووە. ئەوانیش كه ههندێكیان بەڵێنی ئازادییان دهدا. هەندێکیان کۆتاییان بە دیکتاتۆری هێنا. بەڵێنی یەکسانییان دا. كهچی هەندێکیان له کۆتاییدا دهستیان كرد بە ترساندن و کوشتن. مێژوو پێمان دهڵێت، كه هەر سیستەمێک، ئەگەر لە ئاکار و ویژدان بەتاڵ بێت، دەتوانێت لە دژی ئامانج و پرهنسیپهكانی خۆی بوهستێتهوه.
ئەگهر باسی پهیوهندی مرۆڤ و سروشتیش بكهین، ئهوا دهبینین، كه هیچ نەوەیەک وەکوو نەوەی ئێمە هێندە دەسەڵاتی بەسەر سروشت دا نەبووە. مرۆڤ گەیشتووەته ئاسمان. دەستی کردووە بە گۆڕینی ژیان. زیرەکیی دەستکرد دروست دەکات. لە چرکەساتێکدا قسە لەگەڵ کەسێک دەکات، کە لە لایهکی دیکەی زەوی دایە. بەڵام هەمان ئەو مرۆڤە، هێشتا ناتوانێت بە ئارامی لەگەڵ دراوسێی خۆی بژی. زانیاری زۆرتر بووە، بەڵام دانایی كهمتر. پەیوەندی زۆرتر بووە، بەڵام تێگەیشتن كهمتر. ئامرازەکان پێشکەوتوون، بەڵام ویژدان هەمیشە هاوشانیان پێش نەکەوتووە. فەیلەسوفەکانی یۆنانی کۆن جیاوازییان دەکرد لە نێوان “توانا” و “دانایی”. توانا دەڵێت: “دەتوانیت”. دانایی دەڵێت: ئایا دەبێت؟ ڕهنگه ئەمڕۆ مرۆڤایەتی، بهتایبهتی نەتەوەی كورد، لە هەر کاتێک زیاتر پێویستی بە دانایی هەبێت، نەک تەنها بە توانا.
لەوانەیە گەورەترین کێشەی سەردەمی ئێمە قەیرانی ئابووری یان قەیرانی سیاسی نهبێت. لەوانەیە قەیرانی مانا بێت. مرۆڤ کار دەکات و بەرهەم دەهێنێت و دەکڕێت و دەفرۆشێت و گەشت دەکات. بەردەوام لەناو شەپۆلهكانی زانیاری و میدیاییدا دەژی. بەڵام کاتێک بە شەو تەنیا دەمێنێتەوە، هەمان پرسیار لهخۆی دهكاتهوە:
“ئەو هەموو شته بۆچی؟ مانای ئەم هەموو خێراییە چییە؟ پێشکەوتن بۆ کوێمان دەبات؟
بێگومان زانست دەتوانێت وەڵامی ˮچۆن“ بداتهوه، بەڵام زۆرجار وەڵامی ˮبۆچی“ پێ نییه. بازاڕ دەتوانێت کاڵا بەرهەم بهێنێت. بەڵام ناتوانێت خۆشەویستی یهكتر و نیشتیمان بەرهەم بهێنێت. یاسا دەتوانێت ماف بپارێزێت. بەڵام ناتوانێت ویژدان بخولقێنێت. هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت مانای ژیان بۆ هاووڵاتییەکانی دابین بکات. بهڵكوو ئەمە ئەرکی مرۆڤ خۆیەتی. بەڵام ئایا ئەمە واتای ئەوەیە هیچ هیوایەک نەماوە؟
نهخێر به پێچهوانهوه، مێژوو تەنها مێژووی جەنگ و هەڵوەشاندنەوە نییە. بهڵكوو مێژووی چاکبوونەوە و ههڵسانهوه و بنیاتنانهوهی مرۆڤیشە. هەر نەوەیەک هەڵەی خۆی هەبووە. بەڵام هەر نەوەیەکیش هەوڵی داوە شتێکی باشتر بۆ دواتر بەجێ بهێڵێت. ئەوەی مرۆڤ لە هەموو گیاندارەکان جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە دەتوانێت ڕەخنە له خۆی بگرێت و هەڵەکانی خۆی بناسێتهوه و ڕێگەی خۆی بگۆڕێت. کەواتە ئهگهر گەورەترین شۆڕشی سەدەی بیست و یەک نە شۆڕشی تەکنەلۆجی و نە سیاسی و نە ئابووری بێت؟ ئهگهر شۆڕشێکی ناوەوەی مرۆڤ و بیرکردنەوە بێت؟ شۆڕش لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ سروشت و لەگەڵ یەکتر. لە شێوازی تێگەیشتن لە ئازادی. ئەو ڕۆژەی مرۆڤ تێ بگات پاراستنی سروشت بریتییه له پاراستنی خۆی. ئەو ڕۆژە مرۆڤ تێدهگات، كه یارمەتیدانی ئەوانی دیکە واتای لاوازکردنی خۆی نییە، بەڵکوو بەهێزکردنی کۆمەڵگەیە. ئەو ڕۆژەی كه مرۆڤ بزانێت ماف و ئەرک دوو لای یەک دراون، ئهوا لەوانەیە ئەو ڕۆژە، وشە گەورەکانی وەکوو ئازادی و داد و یەکسانی و دیموکراسی و برایەتی جارێکی دیکە مانای ڕاستەقینەی خۆیان بدۆزنەوە. چونکە نهتهوه و شارستانییەتەکان بەهۆی نەبوونی سامان نامرن. بهڵكوو بەهۆی ونبوونی مانا لاواز دهبن. کاتێک مرۆڤ بهتایبهتی نەتەوەی كورد جارێکی دیکە مانا دهدۆزێتەوە بۆ بوونی خۆی، ڕەنگە ئهو كاته بتوانێت جیهانیش نوێ بکاتەوە.
گەڕانەوە بۆ هاوسەنگی
لە کۆتاییدا، پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە، کە ئایا دیموکراسی و سەرمایەداریی و ئایین یان ئازادی خۆیان باشن یان خراپن. بهڵكوو پرسیارەکە زۆر لهوه ئاڵۆزترە. ئایا مرۆڤ دەتوانێت ئەو بەها گەورانەی دروستی کردوون، بە شێوەیەک بەکاریان بهێنێت، کە لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بن، نەک لە دژی؟ هیچ سیستەمێک بەتەنیا ناتوانێت بەختەوەری و دادپەروەری و ئارامی بۆ مرۆڤ دابین بکات. یاسا بەبێ ویژدان وشەیەکی بێگیانە. ئابووری بەبێ ئەخلاق دەتوانێت ببێتە ئامرازی چەوساندنەوە. ئازادی بەبێ بەرپرسیارێتی دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی لێك داڕمان. زانست بەبێ دانایی دەتوانێت هێزێک دروست بکات، کە مرۆڤ خۆی لەبەرامبەریدا بەبێ بهرگری بدۆزێتهوه. لەوانەیە کێشەی سەردەمی ئێمە ئەوە نهبێت، کە مرۆڤ زۆر کەم دەزانێت. بە پێچەوانەوە، مرۆڤ زۆر زانیاری هەیە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە، کە زانیاری زۆرجار لە دانایی جیابووەتەوە. مرۆڤ فێری ئەوە بووە چۆن جیهان بگۆڕێت، بەڵام مرۆڤی هاوچهرخ، بهپێچهوانهی باب و باپیرانمان بیری چۆتهوه، كه چۆن لەگەڵ جیهاندا بژی. ڕهنگه یەکێک لە گەورەترین ئەرکەکانی سەدەی بیست و یەک ئەوە بێت، کە پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵگە دووبارە بنیات بنرێتەوە. مرۆڤ نابێت ئازادی خۆی لەدەست بدات. بەڵام دەبێت بزانێت، کە ئازادیی ڕاستەقینە بریتی نییه لە جیاکردنەوەی خۆی لەوانی دیکە و له سرووشت. مرۆڤ لە تەنیایی ڕەهادا ئازاد نابێت. بهڵكوو له پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکاندا خۆی دەناسێتەوە. خاک و ڕووبار و دارستان و شار و کۆمەڵگە تەنیا شتێکی دەرەکی نین. ئەوان بەشێکن لە ناسنامەی ئێمە. کاتێک مرۆڤ بوتڵێک لە کەناری ڕێگە، یان لهسهر ڕووبار یان له سهیرانگە فڕێ دەدات، تەنیا ژینگە پیس ناکات. بهڵكوو بەشێک لە پەیوەندی خۆی لەگەڵ جیهان تێكدەشکێنێت و بهشداری دهكات له كاولكردنی وڵات.
بەڵام کاتێک مرۆڤ کاغەزێک لە زەوی هەڵدەگرێتهوه، دارێک دەچێنێت، یارمەتی دراوسێیەک دەدات، یان بەرپرسیارییەکی بچووک لە بەرانبەر کۆمەڵگە هەڵدەگرێت، ئەوا تەنها کردارێکی سادە ناکات. بهڵكوو بهو كرداره پەیوەندیی خۆی لە نێوان خۆی و جیهان دا نوێ دەکاتەوە.
هیوا و داننان به کێشەکان
هەندێک جار وا دەزانین، کە داننان بە تاریکییەکانی ناوهوهی خۆمان نیشانەی بێهیوایییە. بەڵام ڕەنگە بەپێچەوانەوە بێت. کۆمەڵگەیەک کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ کێشەکانی هەبێت، هێشتا توانای گۆڕانیشی هەیە. ئهو مرۆڤهی که دەزانێت هەڵەی هەیە، دەتوانێت دەست بە چاککردنەوە بکات. ئهگهر کۆمەڵگە بزانێت، کە لە نێوان بەها و کردارهكانی دا مهسافهیهكی دوور هەیە، ئهوا دەتوانێت ئەو مهسافهیه کەم بکاتەوە. لەوانەیە داهاتووی مرۆڤایەتی تەنها لە دروستکردنی ئامرازە نوێکاندا نەبێت. بهڵكوو لەوانەیە لە دروستکردنی مرۆڤێکی نوێدا بێت. مرۆڤێک کە زیاتر هەست بە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ هەموو شتهكانی دهوروبهری بکات. مرۆڤێک کە بزانێت ئازادی بە مانای بێسنووری ئارەزووەکانی خۆی نییە، بەڵکوو توانای هەڵبژاردنی ڕێگەیەکی بەرپرسانەیە. ئهو مرۆڤهی کە بزانێت سەروەری مرۆڤ لە سەر سروشت، بە مانای وێرانکردنی سروشت نییە.
لە کۆتاییدا، لهوانهیه پرسیاری گەورەی سەردەمی ئێمە ئەوە نهبێت: چ جۆره سیستەمێکمان هەیە؟ بەڵکوو دەمانەوێت چ جۆره مرۆڤێک بین؟ چونکە هەموو سیستەمەکان لەلایەن مرۆڤەوە دروست دەکرێن. ئەگەر مرۆڤ بگۆڕێت، سیستەمەکانیش دەگۆڕێن. ئەگەر ویژدان و بەرپرسیارێتی و هەستی هاوبەشی كوردایهتی لاواز بن، ئهوا لهوانهیه باشترین دامەزراو و سیستەم بە شێوەیەکی خراپ بەکاربهێنرێن. بەڵام ئەگەر تاكی كورد جارێکی دیکە فێری ئەوە بێت، کە كوردستان و جیهان ماڵی هاوبەشی هەموومانە، ئەوا هیوایەکی نوێ سهرههڵدهداتهوه.
لەوانەیە چارەسەری قەیرانی كورد لە دەرەوەی ئێمه نەبێت. بهڵكوو لە ناوهوهی خۆماندا دەست پێ بکات. واته ئەو ساتەی کە تاكی كورد دهزانێت، كه پاراستنی نیشتیمان و ژینگهكهی، پاراستنی خۆیەتی. ئهو ساتەی کە تێگهیشت خۆشەویستی و هاوکاری یهكتر لاوازیی نییە، بەڵکوو هێزی مرۆڤایەتیی و نهتهوهییه. ئەو ساتەی کە زانی ئازادی و بەرپرسیارێتی دوو ڕووی یەک دراون. لەو ساتەدا، شایهد كورد بتوانێت دووبارە مانای وشە گەورەکانی بدۆزێتەوە، وەکوو: ئازادی و دادپەروەری و برایەتی و دیموكراسی و هیوا.



