بەهمەن تاهیر نەریمان
کاتێک کەسێک لە یەک کاتدا “مەلا” (پێگەی ئاینی) و “دکتۆر” پێگەی ئەکادیمی یان مامۆستای زانکۆ و دەسەڵاتی مەعریفی و نمرە، “پیاوێکی فرەژن” (باڵادەستیی جێندەری و پیاوسالاری) لەخۆیدا کۆ دەکاتەوە، جۆرێک لە “ھەڕەمی دەسەڵاتی ڕەها” بۆ خۆی دروست دەکات، بەوهۆیەوە بەئاسانی خوێندکارەکانی دەبنە ئەڵقەیەکی لاواز، لە هەمووشیان لاوازتر خوێندکارانی کچن.
لەم جۆرە کەیسانەدا، بەتایبەتی لە کەیسەکەی مەلاکەی مزگەوتی بەهەشت، چەند ڕەهەندێکی گرنگ هەن، کە شایەنی سەرنجن:
• خراپ بەکارهێنانی هەژموون و دەرچوون لە ئاکاری کار: مامۆستاکە دەزانێت کە نمرە و بڕێک لە داهاتووی کچەکان لەژێر دەستی ئەودایە، بۆیە تێکەڵکردنی ئەم دەسەڵاتە لەگەڵ ئارەزووی شەخسیی، لادانە لە ئاکاری کار، ئەمە قۆستنەوەی پێگەکەیە بۆ کاری نائاکاری.
• سوود وەرگرتن لە “شەرعیەتی ئایینی”: زۆرجار ئەم جۆرە کەسانە پێگەی ئایینی یان کۆمەڵایەتی خۆیان بۆ شاردنەوەی ڕەفتارەکانیان وەک قەڵغانێک بەکاردەهێنن، چونکە سەرەتا کۆمەڵگە متمانە بە پێگە ئاینییەکە دەکات، نەک بە هاواری ئەڵقەیەکی لاواز، کە هاواری خوێندکارە کچەکانە.
• سیستمی چاودێریی زانکۆکان: لێرەدا زانکۆ دەبێت چاودێرێکی ورد بێت بەسەر “ئاکاری کار”ـی کادیرەکانی، ئەرکی زانکۆیە و دەبێت لەسەر پاراستنی ئاکاری کاری کادیرەکانی خۆی توند بێت، چاودێریی زانکۆ لەسەر کەسی ئەکادیمی شەرعییەتی هەیە و ئەمە چاودێرییە ڕەسەنەکەی زانکۆیە، لەو شوێنەدا چاودێریی ناڕەسەن دەبێت کە چاودێریی ئەکادیمی دەکات بەوەی نابێت ڕەخنە لە زانکۆ بگرێت یان ڕێگەی پێ نەدا ئازادانە لێکۆڵینەوە بکات.
بۆ مرۆڤێکی خاوەن سێ ژن و پێگەیەکی ئاینیی و سەروەت و سامانی باش، تەنها چڵێسیی سێکسیی و برسێتی سێکسیی ناتوانن ئەو پڕکێشی و سەرکێشییە گەورەمان بۆ ڕوون بکەنەوە، کە کەسێکی ئاوا بە پێگە و ناوبانگی خۆیەوە دەیکات، بۆیە دەبێت بۆ هۆکارە قووڵتر و ناڕوونەکان بگەڕێین. بۆ ئەو هۆکارانەی کە دەبێت کنەی وردیان بۆ بکەین بە میتۆدی “نێوان-زانست” یان “هەمە-زانست” (interdisciplinary) پشت بە زانستی دەمارناسی و دەروونناسیی و کۆمەڵناسی و زانستی زمانی دەماریی ببەستین تاوەکوو ڕوونتر وێنە تەڵخەکەمان بۆ یەکلایی بێتەوە.
خوێندنەوەی دەروونیی و دەماریی بۆ ئەم جۆرە کەسایەتییانە، پێویستی بە شیکردنەوەی ئەو میکانیزمە دەروونی و پاڵنەرە ناوەکییانە هەیە، کە وا لە کەسێک دەکەن لەژێر پەردەی “پیرۆزی و زانست”ـدا، ڕەفتارگەلێکی ئاوا نەشیاو بنوێنێت. دەتوانین لە گۆشەنیگای دەروونناسیی و دەمارییەوە سەیری ڕەفتاری ئەم جۆرە کەسانە بکەین.
گرێی باڵادەستی و نێرگسییەت
ئەم جۆرە کەسانە زۆرجار بەدەست جۆرێک لە “نێرگسییەت” یان “گرێی باڵادەستی”ـیەوە دەناڵێنن. کۆکردنەوەی سێ ژن، کە لە کۆمەڵگەی نەریتییدا وەکو نیشانەی هێز و پیاوەتی تەماشا دەکرێت، لەگەڵ پێگەی ئایینی و ئەکادیمی، لە دەروونی خۆیدا وا وێنا دەکات، کە ئەو “کەسێکی ناوازەیە و لە سەرووی یاسا و ڕێساکانەوەیە”. ئەمەش وای لێ دەکات هەست بکات مافی بەسەر هەموو شتێکەوە هەیە، تەنانەت جەستە و کەرامەتی خوێندکارەکانیشی بەجۆرێک موڵکی ئەون.
لێکترازانی ڕەفتار و گوفتار
چۆن کەسێک لەسەر “دوانگە” (مینبەر) باسی ڕەوشت و حەرام و حەڵاڵ دەکات، بەڵام لەپشت پەردەوە تەشقەڵە دەکات؟
لە زانستی زمانی دەمارییدا، بۆ هەر بوارێک دۆسییەیەک هەیە، ئەو دۆسییە پەیوەندیی ئەم بوارەی لەناو خۆیدا هەڵگرتووە. ئەم بەدۆسییەکردنەی بوارێک بۆ مێشک ئاسانە بەزوویی وشەکانی ئەو بوارە هەڵبژێرێت و بە وشەکانی دیکەی هەمان بوارەوە پەیوەستی بکات (پەیوەندیی تۆڕئاسای وشەکان بەیەکەوە).
لێرەدا دوو دۆسییە باس دەکەین، دۆسییەی “ئایین” و دۆسییەی “ئارەزووە سێکسییەکان”. مەلاکەی مزگەوتی بەهەشت لە مێشکی خۆیدا دوو جۆر مامەڵە لەگەڵ ئەم دوو دۆسییەدا دەکات. کاتێک لەسەر مینبەرە، ئەم دوو دۆسییە تەواو تێکەڵ دەکات و وەکوو دوو دۆسییەی تەواو پەیوەست و نزیک لە یەکەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، دۆسییەی ئایینی و دۆسییەی ئارەزووە سێکسییەکان لە ڕێگەی زاراوەکانی “حەڵاڵ و حەرام”ـەوە پێکەوە گرێ دەدات. بەڵام کاتێک لەناو ئۆتۆمۆبێلەکەیەتی و خاتوونە خوێندکارێکی لەبەردەستە ئەم دوو دۆسییەیە لێک دووردەخاتەوە و دۆسییەی ئارەزووە سێکسییەکانی پەیوەندیی بە دۆسییەی حەڵاڵ و حەرامەوە نامێنێت. ئیتر لەو ساتەی لەگەڵ کچە گەنجەکە دەبێت دۆسییەی ئایین سڕ دەکات بۆ ئەوەی تووشی لۆمەکردنی ویژدان نەبێتەوە.
ئەمە میکانیزمێکی بەرگریی دەروونییە، کە تێیدا مێشک وەک ژووری جیاواز کار دەکات. پیاوی ئایینی دەروونی خۆی دەکاتە دوو بەشەوە، کە هیچ یەکێکیان ئاگاداری ئەوی دیکەیان نەبێت:
• ژووری یەکەم (مەلای خاوەن پێگە یان مامۆستای زانکۆ): کاتێک لەسەر مینبەرە یان لە زانکۆیە، ئەو بەتەواوی دەچێتە ناو ڕۆڵی ڕابەرێکی ڕۆحی و دڵسۆزەوە. لەو چرکەساتەدا ئەو درۆ ناکات، هەست دەکات پیاوی خودایە و خەڵک بۆ لای خودا ڕێنوێنی دەکات.
• ژووری دووەم (ڕاوچیی کچان): کاتێک لەگەڵ خوێندکارێکی مێینەدا بە تەنیا دەمێنێتەوە، مێشکی ژووری یەکەم دادەخات و ژووری دووەم دەکاتەوە.
ئەم لێکترازانە دەروونییە وای لێ دەکات، کە دوای تەشقەڵەکە، ڕاستەوخۆ بڕوات نوێژ بکات یان وتار بدات، بەبێ ئەوەی هەست بە داڕووخانی دەروونی بكات، چونکە لەلای ئەو ئەم دوو کەسایەتییەی کە لەناو ئەودایە، پەیوەندییان بەیەکەوە نییە.
تینوێتی بۆ دەسەڵاتی نێرایەتی نەک تەنها ئارەزوو
سێکس یان تەشقەڵە لە ژینگەی کار و خوێندندا تەنها پاڵنەرێکی بایۆلۆجی نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ سەپاندنی دەسەڵات. بۆ ئەم مامۆستایە، چێژەکە تەنها لە خودی تەشقەڵە و سێکسکردنەکەدا نییە، ڕەنگە هەر سێکسیشی لەگەڵ نەکردبن، بەڵکوو لەوەدایە کە دەبینێت کچەکان لە بەرانبەریدا لاوازن و خۆیان تەسلیم دەکەن، هەست بە هێزێکی نێرایەتی دەکات، ئەو هەستەی زۆرترین مێینە بۆ خۆی قۆرغ دەکات و نێرەکانی دیکەی لێ بێبەش دەکات. ئەمە غەریزەی باڵادەستیی نێرینە لە دەروونیدا تێردەکات.
باڵادەستیی نێرینە ئەو غەریزەیەیە، کە بەڕوونی لای “نۆبەن”ـێک دەردەکەوێت، کە ناهێڵێت نۆبەنە لاوازەکانی دەوروبەری لە مێینەیەک نزیک ببنەوە، کە ئامادەی جووتبوون بێت، ئەم ئەنگێزەیە بەئاسانیی لە “کوڕ-نێرینە”ـیەکدا دەردەکەوێت، کە ناهێڵێت گیسکەنێرە لاوازەکان لە بێرییە مێینەیەک”بزنێکی بەتەکژ” کە کاتی جوتبوونییەتی نزیک ببنەوە.
لە دەروونناسی پەرەسەندندا کۆنتڕۆڵکردنی مێینەکان لەلای بەهێزترین نێرینە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە نێری بەهێز دەیەوێت سپێرمی خۆی بگەیەنەتە ڕەحمی زۆرترین مێ، تاکوو جیناتی خۆی بپارێزێت و لە فەوتان ڕزگاری بکات (بەشێکە لە هەوڵی نەمریی لای مرۆڤ). ئەمە سەرەتاییترین ڕەفتاری غەریزییە لە گیاندارەکاندا بەئاسانی دەردەکەوێت. ئەم حەزە لە مرۆڤیشدا هەیە، کۆنتڕۆڵکردنی زۆرترین مێ، بۆ بڵاوەپێکردنی زۆرترین سپێرمە لە ڕەحمی مێیەکاندا، تاکوو بەردەوامی بە جیناتی خۆی بدات.
مرۆڤێک لە پێگەیەکی ئایینی و ئەکادیمی و ناوبانگ و سامان و لە شەست ساڵی تەمەنیدایە، پەنابردن بۆ فرەژنی و دواتر هەوڵدان بۆ ڕاوکردنی کچانی گەنج لە زانکۆ، زۆرجار نیشانەی ترسی دەروونیی قووڵە لە پیربوون، سستبوونی توانای پیاوەتی، یان ونکردنی سەرنجڕاکێشی، لە ئەنجامدا ترسە لە باڵادەستیی نێرانە. پیرەپیاو لە ڕێگەی لەیەک نزیکبوونەوە لە کچانی گەنج، دەیەوێت بە شێوەیەکی وەهمی گەنجێتی و هێزی خۆی بپارێزێت و ئەو کەمکووڕییە دەروونییە ناوەکییەی خۆی پێ پڕبکاتەوە.
کاتێک مرۆڤێک کێشەی نەبوونی سێکسی نییە و لە ڕووی بایۆلۆجییەوە تێرە، بەڵام هێشتا وەکو “ئالودەبوونێک” یان “پاڵنەر و هاندانی هۆڕمۆنی” پەنادەباتە بەر تەشقەڵە و دەست بۆ بردن، لێرەدا دەکرێت پەنا ببەینە بەر زاراوەیەکی دەروونی، کە پێی دەگوترێت “ئاڵودەبوون”.
گرنگترین ئەو ناو و چەمکە دەروونییەی کە لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا دەگونجێت، ئەمەیە “ئالودەبوونی سێکسی”.
ئالودەبوونی سێکسی
ئەمە باوترین ناوی زانستییە بۆ ئەم حاڵەتە. لەم تێکچوونەدا، سێکس و تەشقەڵە چیتر بۆ تێربوونی غەریزە نین، بەڵکوو وەک ماددەی هۆشبەریان لێ دێت.
دۆپامین هۆڕمۆنی چێژ نییە، بەڵکوو هۆڕمۆنی “تەماح و گەڕان و داواکردنی پاداشتە. کاتێک مرۆڤێک هەموو شتێکی حەڵاڵ و بەردەستی هەیە (سێ ژن و منداڵی زۆر و سەرمایە)، سیستەمی پاداشت لە مێشکیدا، تووشی تێرنەبوون و سڕبوون دەبێت.
بۆ ئەوەی مێشکی ئەم پیاوە هەمان ڕێژەی دۆپامینی پێشووی دەست بکەوێت، پێویستی بە سەرکێشییەکی نوێیە، کە مەترسیی تێدابێت. تەشقەڵەکردن بە قوتابییەک لە ژینگەیەکی قەدەغەکراو، وەک زانکۆ، ڕێک ئەو “شۆکە دۆپامینییە” گەورەیەیە، کە مێشکی تینووی داوای دەکات. لێرەدا مێشک چیتر سەیری دەرەنجامە ڕەوشتییەکان ناکات، بەڵکوو تەنها بەدوای “چێژی ڕاوکردنەکە”دا وێڵە.
کەسەکە جۆرێک لە لەدەستدانی ویستی هەیە، واتە لەلایەن هۆڕمۆنێکی وەک دۆپامینەوە کۆنتڕۆڵکراوە، لەم کاتەدا کەسەکە خۆشی دەبێتە جۆرێک لە قوربانی، قوربانیی هۆڕمۆنەکانی و لاوازبوونی ویستەکانی. ئەم کەسە مێشکی بەردەوام پێویستیی بە ڕژانی ماددەی “دۆپامین” هەیە، کە لە ڕێگەی سەرکێشی و ڕاوکردنی نێچیر و ئەنجامدانی کارە قەدەغەکراوەکانی وەکوو تەشقەڵە دەستی دەکەوێت. بۆیە پڕۆسەی تەشقەڵەکردنەکە و چێژی سەرکێشییەکە بۆ ئەو لە خودی سێکسەکە گرنگترە. ئەوە برسێتیی سێکسی نییە پاڵ بە کابرای ڕابەری سەلەفییەوە دەنێت کچانی گەنجی خوێندکاری خۆی هەراسان بکات، بەڵکوو کاریگەریی ماددەی کیمیاییە وای لێ کردووە ئەو سەرکێشیانە بە هەموو پێگەیەکی خۆیەوە بکات.
کەسەکە هەرچەندە سێکس بکات، هەست بە تێربوونی دەروونی ناکات. هەمیشە تینووی جەستەی نوێ و نێچیری نوێیە. لێرەدا ژنەکانی خۆی ناتوانن ئەو بۆشاییە دەروونییە پڕ بکەنەوە، چونکە نەخۆشییەکە لە برسێتی سێکسییەوە نەهاتووە، بەڵکوو لە سیستمی پاداشتی مێشکیدایە. مێشکی داوای ئەوە دەکات لە ڕێگەی ئەم جۆرە کۆنتڕۆڵکردنانەوە هەست بە شانازی بەخۆکردن بکات، شانازییەک کە هەست بکات لە ڕێگەی موعجبکردنی کچان بەخۆیەوە، هەست بە پاداشت بکات، پاداشتی پیاوی کارا و ناوازە، پاداشتی نێری باڵادەست، دەیەوێت بە لێشاو دۆپامینی پاداشت و شانازیی بڕێژێت.
ئەم مرۆڤە دەکرێت وەکوو کەسێکی تووشبوو (ئالودەبووی سێکسی) دەستنیشان بکرێت. ئەمە وای لێ دەکات کە تێربوونی لەناو ژنەکانیدا نەبینێتەوە، چونکە کێشەی ئەو “سێکس” نییە، بەڵکوو کێشەی “کۆنتڕۆڵنەکردنی پاڵنەرەکانە، تینوێتی بۆ ڕاوکردنی نێچیرێکی نوێ و بەکارهێنانی سێکسە وەکوو ئامرازێک بۆ بەرجەستکردنی دەسەڵات.
کاتێک وەکوو ڕابەرێکی ناسراوی سەلەفیی شارەزای ئایین و خاوەن سەرمایە و سێ ژن و نزیکەی بیست منداڵ تەماشای پێگەی ئەم پیاوە دەکەین، مرۆڤ لەبەردەم پرسیارێکی سەختدا ڕادەوەستێت: کەسێک کە هێندە شتی هەیە لەدەستی بدات، بۆچی بۆ تەشقەڵەیەک ڕیسک بە هەموو سامان و ناوبانگ و خێزانەکەیەوە دەکات؟
تەماشای پێگەی ئەم پیاوە دەکەین، دەبینین چەند پاڵنەرێکی سەرەکی هەن، کە وا لە مرۆڤێکی خاوەن پێگەی ئاوا دەکەن ئەم ڕیسکە خۆکوژییە بکەن.
١. وەهمی پارێزبەندیی و نەدۆزرانەوە
ئەمە گرنگترین پاڵنەری دەروونییە لەم جۆرە کەیسانەدا، کەسەکە بەهۆی ئەو پێگە بەهێزە ئایینی و کۆمەڵایەتییەی هەیەتی، تووشی جۆرێک لە وەهمی پارێزبەندی دەبێتەوە. وا بیردەکاتەوە، کە “من پارێزراوم و کەس ناتوانێت دەستم بۆ ببات.” یان “تەنانەت ئەگەر کچێک هاواریش بکات، کۆمەڵگە و شوێنکەوتووەکانم بڕوا بە من دەکەن بڕوا بەو ناکەن”.
ئەم وەهمی هێزە وای لێ دەکات لە مێشکیدا پێواژۆی هەڵسەنگاندنی مەترسیی زۆر لاواز بێت. ئەو کاتەی تەشقەڵەکە دەکات، وا دێت بە ئاوەزیدا ئەگەری ئاشکرابوونی ئەم ڕەفتارە بە ڕێژەی “سفر” بێت.
٢. گرێی “خوداوەندێتی” و “نێرگسییەتی ئاینی”
کاتێک مرۆڤێک دەبێتە “ڕابەرێکی ئایینیی ناودار”، شوێنکەوتووەکانی وەکوو مەرجەعێکی پیرۆز و بێ هەڵە تەماشای دەکەن. ئەم جۆرە پەرستنە کۆمەڵایەتییە لەناوەوە دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی خود (ego). کەسەکە لە ڕووی دەروونییەوە دەگاتە قۆناغێک هەست دەکات ئەو خاوەنی ئەو خەڵکەیە، یاساکانی مرۆڤی ئاسایی (یاسای زانکۆ و یاسای کۆمەڵگە و ئاکاری گشتیی و شەریعەت) بەسەر ئەودا جێبەجێ نابن. پێی وایە پێگەکەی دەتوانێت هەموو گوناهەکانی بشواتەوە.
لای ئەم پیاوە، ڕیسکەکە بەهۆی “نەزانین” یان “حەزێکی کاتی”یەوە نییە. ئەو بەهۆی تێکەڵبوونی هێزی ئایینی و دەسەڵاتی دارایی و ئاوسانی نێرگسییانەی خودەکەیەوە گەیشتووەتە باوەڕێکی دەروونیی ئاوا تەماشای پێگەی ئەم پیاوە دەکەین، کە پێی وایە “سیستەمی سزادان” بۆ مرۆڤە ئاساییەکانە، نەوەک بۆ ئەو.
ساختەکردنی بەڵگەکان
یەکەم، نکۆڵیکردنی تەکنەلۆجی: ئەمە بە تەکنەلۆجیا دروست کراوە. کاتێک بەڵگەیەکی دەنگیی یان ڤیدیۆیی ڕوون هەیە، تۆمەتبار و هەوادارانی پەنا دەبەنەبەر “ساختەکردنی بەڵگە. میکانیزی ئەم ساختەکردنە ئەوەیە، لەبەر ئەوەی ئێستا خەڵک دەزانن تەکنەلۆجیای وەک زیرەکیی دەستکرد (AI) و فەیکڤۆیس (Voice Cloning) هەیە، خاوەن سکانداڵ ئەم پێشکەوتنە تەکنەلۆجییە دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی گومان لەسەر “بەڵگە دەنگییەکان” دروست بکات. بەم کارە دەیەوێت لای خەڵکی و شوێنکەوتووانی جۆرێک لە “دڵەڕاوکێی مەعریفی” دروست بکات، تاکوو لە جیاتی بڕواکردن بە گوێی خۆیان، بڕوا بە “پێگەی” ئەو بکەن.
دووەم، تیۆریی پیلانگێڕیی: دوژمنانی ئایین دەیانەوێت لێم بدەن. ئەمە میکانیزمی “بەلاڕێدابردنی پرس”ـەکەیە، کەیسەکە لە “پرسێکی سێکسیی ئەخلاقی”ـیەوە دەگۆڕێت بۆ “شەڕێکی ئایینی و سیاسی”.
پیاوی ئایینی پرسە لادراوەکە لە شوێنێکەوە دەبات بۆ شوێنێکی دیکە و خۆی وەک قوربانی پیشان دەدات، بۆیە لە دوا دەرکەوتنیدا دەڵێت”زوڵمیان لێ کردم”. دەیەوێت بڵێت: “ئەمە لێدان نییە لە من، بەڵکوو لێدانە لەو ڕێبازە سەلەفییە ڕاستەقینەیەی من نوێنەرایەتی دەکەم، لەوێشەوە لێدانە لە ئایینی ئەم میللەتە. بەمەش سۆزی ئایینیی خەڵک دەبزوێنێت بۆ ئەوەی بەرگری لێ بکەن. کاتێک جاری یەکەم هاوارێک لە دژی ئەم مەلایە بەرز دەبێتەوە، دەوروبەرەکەی یان دەسەڵاتی ئایینی و ئەکادیمی سەرەتا هەوڵدەدەن بابەتەکە بپۆشن “سترکردن”. وا بیردەکەنەوە کە ئەگەر ناوی ئەم مەلایە بزڕێت، ناوی ئیسلام یان ناوی ڕەوتی سەلەفی دەزڕێت . ئەمە گۆڕینی پرسی کەسێکە و کردنییەتی بە پرسی خودی ئایینەکە، ئەمە تەماهیکردنی سکانداڵێکە بە پرسی ئیسلام و بەلاڕیدابردنی خودی پرسەکە بۆ پرسێکی دیکە.
پیاوی ئایینی کاتێک لادانی سێکسی تێدا دەردەکەوێت، مەترسیدارترە لە مرۆڤی ئاسایی، پیاوی ئایینی بۆ شاردنەوەی سکانداڵ هەوڵدەدات سوود لە “خەرمانەی پیرۆزیی دەوری پیاوی ئایینی و پیرۆزیی سەر ئایین وەکوو چەک بەکاربهێنێت.
سترکردنی عەیبە لەلایەن مەلای هاوڕەوتەوە
ئەو دەربڕاوە ئایینییەی کە دەڵێت “دەبێت عەیبەی موسڵمان ستر بکرێت”، لێرەدا بەتەواوی لە دەق و ڕۆحیەتی خۆی دەرکراوە و کراوە بە ئامرازێک بۆ “شاردنەوەی تاوان و بێدەنگکردنی خەڵکی”.(چەندین ڤیدیۆ هەبوون، کە بە چەمکی سترکردن بەرگرییان لەم پرسە دەکرد).
لەناو گرووپە ئایینییەکاندا پیاوانی ئایینی خەرمانەی “پاکێتی” بەدەوری خۆیاندا دەکێشن، گەلێک کە لای هاودید داکۆکی لەم مەلایە دەکەن، چونکە کەوتنی کابرای مەدخەلی تەنها کەوتنی ئەو نییە و بەس، بەڵکوو کەوتنی “گرووپەکە” یان “ڕێبازەکە”ـیە. لای ئەوان بەرژەوەندیی ناو و ناوبانگی “گرووپە ئایینییەکە” لە سەرووی دادپەروەری و مافی کچە قوربانییەکانەوەیە، چونکە ئەمە بەرژەوەندییەکی هاوبەشە و هەموویان بەشێک لە سیقە و پاکێتی دەدۆڕێنن.
ئەو مەلایانەی کە دێن و چەمکی “سترکردن” بۆ هاوپیشەکەیان بەکاردێنن، ڕەفتارەکەیان تەنها لەبەر دڵسۆزی نییە بۆ ئەو، بەڵکوو وەکوو بەرگرییەکی پێشوەختە لە خودە تاکوو لە داهاتوودا خۆشیان پارێزراو بن.
ئەمە دەتوانین لە ڕێگەی چەند ڕوویەکی دیکەوە ڕوونی بکەینەوە:
١) دروستکردنی تۆڕی خۆپاراستنی بەکۆمەڵ: کاتێک دەستەبژێرێکی خاوەن دەسەڵات، بۆ نموونە هەندێک پیاوی ئایینی لەم کەیسەدا دەبینن یەکێک لەوان لادانێکی لێ ئاشکرا بووە، لە هاوکێشەیەکی ناوەکیی دەروونیدا وا بیردەکەنەوە: “ئەگەر ئەمڕۆ ڕێگە بدەین ناوبانگی بەر شاڵاوی هێرش بکەوێت، کەواتە “خەرمانەی پیرۆزیی” لەسەر هەمووان دەبێتە جێگەی گومان و سبەی نۆرەی ئێمەش دێت.
بۆیە چەمکی “سترکردن” لێرەدا دەبێتە دەستەوام، من ئەمڕۆ سکانداڵێکی تۆ دەشارمەوە، بۆ ئەوەی سبەی تۆش هی من بشاریتەوە.
٢) گۆڕینی چەمکی “ستر” لە چاکەکارییەوە بۆ سەر عەیبەیەکی کەسی بۆ شاردنەوەی “تاوانی ناو فەزای گشتی”: لە باری ئاساییدا، “سترکردن” بۆ مرۆڤێکی ئاساییە، کە هەڵەیەکی شەخسیی کاتیی دەکات و پەشیمان دەبێتەوە، بە مەرجێک هەڵەکەی زیانی بۆ سەر خەڵکی دیکە نەبێت. بەڵام کاتێک بابەتەکە دەبێتە تەشقەڵە بە کچە خوێندکارێک لە ناوەندێکی ئەکادیمیدا، ئەمە چیتر گوناهێکی شەخسیی نییە، بەڵکوو تاوانێکی گشتییە، کە کەرامەت و ئاسایشی کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە.
کاتێک هەندێک لە پیاوانی ئایینی بۆ ئەم تاوانە گشتییە داوای ستر دەکەن، ئەوان بە ئاشکرا چەمکە دیینییەکە دەشێوێنن و بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی خۆیان و هاوڕێکانیان لە سەرووی لێپێچینەوەی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە بهێڵنەوە.
بچووکردنەوەی سکانداڵی زینا، کردنی حزبایەتی بە شیرک
پیاوانی ئایینی بەگشتیی زۆر کار لەسەر پرسی ڕەوشت دەکەن، کڕۆکی ڕەوشتیش لەسەر پرسی پەیوەندیی ڕێگە پێ نەدراو و ناشەرعیی نێر و مێ ناوکی ئەم پرسەیە. پرسی مێ وەکوو فیتنە زۆر کاری لەسەر دەکەن. لەم سکانداڵەدا، یەکێک لە بەرگریکارانی مەلا مەدخەلییەکە دەڵێت: سوێند بەخوا شیرکی حیزبایەتی لە زینا گەورەترە، بۆ زینای ئەوەندە بەلاوە پیسە، بابە ئەمە کوفر هاتووە ئەمەی ئاوا گەورە کردووە.
بابەتێک کە پرسی نێر و مێیە، بابەتێک کە ڕاستەوخۆ لەناو دەقی “دامەزرێنەر” (قورئان)دا لە سورەتی ئیسرا، ئایەتی (٣٢) بە فاحیشە ناوی دەبات، ئەم دەڵێت “کوفر ئەمەی ئاوا گەورە کردووە”. ئیتر ئەمە کارکردنە لەسەر ڕەتدانەوەی دەقی دامەزرێنەر بۆ بەرگریکردن لە هاوڕەوتێکی خۆی. ئەمە ئیتر دەرهێنانی بەڕەی “زینا وەکوو بنەمای ڕەوشت” لەژێر پێی خۆیاندا، تەنها لەبەر ئەوەی بەرگری لە ڕووداوێک بکات، کە خەرمانەی پیرۆزیی ئەوان گومانی بۆ دروست دەکرێت و پیاوی ئایینی لە بورجی عاجەوە دەهێنێتە خوارە و وەکوو مرۆڤی ئاسایی دەیانبینێت. ئەم سکانداڵە بەوان دەڵێت ئێوەش فریشتە نین و پاک نین، لە هەموو چرکەساتێکدا دەکرێت وەکوو فاحیشەچی دەربکەون، ئەمە شەڕی پاراستنی خەرمانەی “پاکێتی”ـیە. بۆ پاراستنی خەرمانەی پاکێتی، لە بنەما نەگۆڕەکانی خۆشی دەدات و حاشایان لێ دەکات و دەیانکات بە دەستی کوفر. بۆ ئەقڵی ڕەخنەگر ئەمە مێرگی ڕەخنەیە، چونکە “دژبەیەکبوون” (paradox)ـێکی فرەگەورە بەرجەستە دەکات.
بۆ تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییە کتوپڕە لە “حەرامێکی گەورە”ەوە بۆ “شتێکی بچووک”، دەتوانین لەم چوار گۆشەنیگا ڕەخنەییەوە سەیری بکەین:
ئایینی سەرکوتکردنی هەژار و ئایینی دڵ تێرکەری موترەفین. لەم جۆرە فیکرەدا، ئایین دوو دەرکەوتەی جیاوازی هەیە:
• ئایین وەکوو ئامرازی کۆنتڕۆڵکردنی خەڵکی ڕەشوڕووت: کاتێک هاووڵاتییەکی ئاسایی یان گەنجێک یاخود ئافرەتێک پەیوەندییەکی سۆزداری دروست دەکات یاخود کەمێک لە دابونەریت لادەدات، مەلای سەلەفی گەورەترین چەکەکانی تەکفیر و دۆزەخ و تێکدانی ڕەوشتی کۆمەڵگە لەم گەنجەدا خاڵی دەکاتەوە. لێرەدا سێکس دەکرێتە مەترسیدارترین شت، چونکە هۆکارە بۆ ترساندن و کۆنتڕۆڵکردنی خەڵکی ڕەشوڕووتی کۆمەڵگە.
• ئایین وەکوو قەڵغانی پاراستنی کاهین: کاتێک تاوانەکە لەلایەن سەرکردەیەکی ڕەوتەکەوە ئەنجام دەدرێت، “تەرازووەکە دەگۆڕێت”. لێرەدا پێویستە حەرامەکە بچووک بکرێتەوە بۆ ئەوەی پێگەی ڕەوتەکە پارێزراو بێت. ئەمە ناودەنێین “ئایینی دڵخوازی کاهین”. بەهای ڕەوشت جێگیر نییە، بەڵکوو بەپێی “کێ کەرامەتی بەزاندووە” دەگۆڕێت.
سێکس وەکوو گەورەترین چەکی باڵادەستیی پیاوان
ئەم پیاوە لە ڕێگەی ئایین و سەرمایەکەیەوە هەموو جۆرە دەسەڵاتێکی پیاوانەی جێگیر کردووە. تەنها یەک شت ماوە، کە هێشتا بەتەواوی داگیری نەکردووە، ئەویش “متمانە و کەرامەتی کچانی نەوەی نوێیە لە زانکۆدا، کە نوێنەرایەتی ژینگەیەکی مۆدێرن دەکەن، بۆیە، کاتێک ئەو لە زانکۆ تەشقەڵە دەکات، تەنها بەدوای چێژی جەستەییدا ناڕوات، بەڵکوو دەیەوێت ئەو قەڵا مۆدێرنە و ئازادییەی کچانیش داگیر بکات و بیانهێنێتە سەر چۆک. دەیەوێت پێیان بڵێت: “تەنانەت لێرەش لەناو زانکۆ و دنیای نوێدا، ئێوە لەژێر ڕەحمەتی غەریزە و نمرەکانی مندا کچۆڵەیەکی بێ دەسەڵاتن”. ئەمە لوتکەی سادیزمی دەروونیی پیاوانەیە.
*****
ئەگەر لە ئاستی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەربچین و دابەزینە ناو قووڵایی بایۆلۆجیا، زانستی دەمارناسی (neuroscience) بۆ کێشەکە وێنەیەکی یەکجار ورد و مادییمان نیشان دەدات. لە ڕوانگەی دەمارناسییەوە، مرۆڤێک، کە خاوەن پێگەی باڵایە (پارە و دەسەڵاتی ڕۆحی و پیاوسالاریی ڕەها لە ماڵەوە)، لە هەمان کاتدا، ئاڵودەی تەشقەڵە بووە، مێشکی لەژێر کاریگەریی هاوکێشەیەکی مەترسیداری هۆڕمۆن و دەمارەکاندا کار دەکات. لێرەدا شیکارییەکی دەمارناسی بۆ پێکهاتەی مێشکی ئەم حاڵەتە دەخەمەڕوو.
١. داڕووخانی دەروونیی لەناکاو (کۆچی کاهینەکە)
ئەو کەسایەتییە نێرگسییەی کە لە وەهمی پارێزبەندیی ڕەهادا دەژیا و پێی وابوو پێگەی ئایینی و داراییەکەی لە سەرووی یاساوەیە، ئێستا ڕووبەڕووی دیاردەیەک دەبێتەوە، کە لە دەروونناسیدا پێی دەوترێت “شەرمەزاری یان مردنی نێرگسی”.
بۆ یەکەمجار مێشکی تێدەگات، کە ئەو “سەروەر” نییە و یاسا بەسەریدا جێبەجێ بووە. ئەم عەزلکردن و سەرهەڵگرتنە، ماسکە ئەکادیمییەکەی لەسەر دەموچاوی دادەکەنێت و لە لوتکەی باڵادەستییەوە فڕێی دەداتە ناو ڕیزی تاوانبارە ئاساییەکان. ئەم گۆڕانکارییە خێرایە دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێیەکی توند و داڕووخانی ناوەکی و ناچار بە سەرهەڵگرتن و خۆشاردنەوەی دەکات.
٢. داڕمانی سیستەمی پاداشتی دەماری
ئەم پیاوە کتوپڕ تووشی “داڕوخانی دۆپامینی” دەبێت. ئەو سەرچاوە سەرەکییانەی کە مێشکی بەکاری دەهێنان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و چێژ (پێگەی زانکۆ و نمرەی دەستگرتن بەسەر کچاندا و ڕێزی قوتابییان)، هەمووی لە چەند ڕۆژێکدا لەدەستدا.
دەرەنجام
ئەم بڕیاری عەزلکردنە، گەورەترین سەرکەوتنە بۆ “دادپەروەریی ئەکادیمی” و پاراستنی کەرامەتی کچانی زانکۆ. ئەم کەیسە لە کۆمەڵگەدا دەبێتە پێشینەیەکی یاسایی (precedent). پەیامێکی توند دەدات بە هەموو ئەو کەسانەی کە پێگەی ئایینی یان کارگێڕیی بەکاردەهێنن بۆ ڕاوکردنی کچان و پێیان دەڵێت: “هیچ پیرۆزییەک و هیچ سەرمایەیەک و هیچ تۆڕێکی سترکردن ناتوانێت بتپارێزێت کاتێک تاوانەکەت ئاشکرا دەبێت.”
ئەمە ڕێک ئەو شۆکە مەدەنییە بوو، کە پێویست بوو بۆ دەستپێکردنی پاککردنەوەی ناوەندە زانستییەکان لەم جۆرە نەخۆشییە دەروونی و دەسەڵاتخوازییانە.



