سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئەو ئینگلیزانەی کوردیان لە دەوڵەت بێبەش کرد: کۆنگرەی قاهیرە

نووسینی: براد فۆوت

وەرگێڕانی: شەفیقی حاجی خدر

ئەو پێشوازییەی لەلایەن خێزانی “ئەلنبی‌”یەوە لە حەوشەی کۆشکی نوێنەرایەتی بەریتانیا لە کۆتایی ڕۆژی یەکەمی کردنەوەی کۆنگرەی قاهیرە دا سازکرا، یەکەمین دەرکەوتەی کۆمەڵایەتی گرنگی کۆنگرەکە بوو. لەو ساتەشدا، کە جووتە بەچکەشێرەکەی سێر جێفری ئارچەر بەناو باخچەکەدا بەدوای حاجی لەقلەقە ترساوەکەی ماڵی لۆرد “ئەلنبی”‌دا ڕایان دەکرد، کەشێکی مایەی تەوس و پێکەنیاوی بۆ نوێنەرانی کۆنگرەکە سازاند.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی ئازار، دوای پێشوازییەکەی ناو باخچەکە و ئاهەنگێکی بچووکی شێوان، کە دواتر چێرچڵ لە هۆتێل سەمیرامیس سازی کرد، نوێنەران لە دووەم ڕۆژی گفتوگۆکانیاندا کۆبوونەوە. ئەمجارەیان کۆبوونەوەکانیان بەپێی ڕاسپاردەی لێژنە جیاوازەکان ئەنجامدا. بۆ لۆرانسی کۆڵۆنێڵ ئەم کۆنگرە سەیر و سەمەرەیە وەکو خۆی پێش بەڕێکەوتنی لە “لەندەن”ەوە بۆ “قاهیرە”، بەتانەوە بە ویڵفرید سکاوین بلنتی دژە ئیمپریالیزمی ڕاگەیاندبوو”، هەر لەسەرەتاوە بەو ئاڕاستەیەدا دەڕۆیشت، کە خۆی هیوای بۆ دەخواست. ئەو بە بلنتی گوتبوو: “یان ئەوەتا قسەی خۆم دەبەمە سەر یان دەست لەکار دەکێشمەوە،  یاخود هەردووکیان پێکەوە دەکەم.”(١) دەرفەت بۆ لۆرانس مابووەوە، کە بەپێی ئەم قسەیەی خۆی بجوڵێتەوە، بەڵام هیچ کام لەم دوو سیناریۆیە زۆر پێشبینیکراو نەبوون، بەتایبەت بە ڕەچاوکردنی ئەو شێوازەی کە لێژنەی سیاسی لە یەکەم خولی گفتوگۆکانی ڕۆژی ڕابردوودا پێی گەیشتبوو. ئەو دەمەتەقێیانە لۆرانس‌ـیان بەو شێوەیە نیشاندا، کە ‘خۆی بە دۆزی عەرەب، یان دروستر بڵێین بە دۆزی هاشمییەکانەوە گرێداوە’، وەک چۆن دواتر هەڵوێستەکەی بەو شێوەیە وەسف کرا. بەمەش ناوبانگی خۆی وەکو پیاوێکی مەیدانی جەنگ، کە ئێستا بووەتە شارەزایەکی بواری دیپلۆماسی جێگیرتر کرد.(٢) چەند چێرچڵ بە لۆرانس و قارەمانێتییە ئەفسانەییەکانی لە گۆڕەپانی جەنگدا سەرسام بوو، ئەوەندەش لەو ساتەدا پێویستی بە لێهاتوویی دیپلۆماسیی ئەو هەبوو. لۆرانس‌میش لە یەکەم ڕۆژی کۆنگرەکەدا، ئەوەی لە خۆ نیشاندا، کە لێی چاوەڕوان دەکرا.

بۆ جارێکی دیکەش، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممەی لێژنەی سیاسیدا، ئەندامەکانی پێکهاتبوون لە چێرچڵ و کۆکس و یەنگ و لۆرانس و بێل. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم لێژنە بچووکە پێنج کەسییە لە چەقی ڕووداوەکانی قاهیرە دا بوون، ئەمە جێگەی شانازی و ستاییشە بۆ چێرچڵ وەکو سەرۆکی لێژنەکە، کە بێل‌ـی هێنایە ناو گفتوگۆکانەوە، کە تاکە ژن بوو ئەندامی کۆنگرەکە بێت. لۆرانس لە ڕابردوودا، ئەگەرچی بەجۆرێک لە سەرسامیی پیاوسالارانەوە  ئاماژەی بەوە کردبوو، کە بێل ‘زۆر لە ژنان نەدەچوو’. لە ڕاستیدا بێل خۆشی لەبارەی دۆخی نالەباری کاروباری ناوخۆی ماڵەکەی لە عێراق تێبینی ئەوەی کردبوو، کە ‘ئەوەی من بە ڕاستی دەمەوێت ژنێکە بۆ ئەوەی ئاگاداری ماڵ و جلوبەرگم بێت. من بە تەواوی تێدەگەم بۆچی ژنانی ئێرە شوو بە هەر کەسێک دەکەن کە دێتە ڕێگەیان’. ئەگەرچی خوێندنی بێل لە ئۆکسفۆرد، خولیای شوێنەوارناسی و گەشتە بێوچانەکان و کارکردنی لە حکومەتدا، تەنانەت خووگرتنی لەمێژینەی بە جگەرکێشانیشەوە لەو سەردەمەدا بەشێوەیەکی گشتی تایبەت بوون بە پیاوان، بەڵام مێینایەتی ئەو لەلایەکی دیکەوە بەڕوونی لە خولیای بۆ جلوبەرگی مۆدێرن و گرانبەها و کڵاوە سەرنجڕاکێشەکانیدا ڕەنگیدابووەوە. کاتێک لە بۆمبای بوو ئەو خەریکی بازاڕکردن بوو بە دۆرتسی ڤان ئێسی هاوڕێی مژدەدەری ئەمریکی خۆی لە بەغدا گوتبوو: ‘هاوڕێی ئازیزم، گرنگی بە نرخەکەی مەدە، هەرچییەک بوو بیکڕە، دەبێت جلوبەرگم هەبێت’.(٣) بێل دووجار لە دڵدارییدا دووچاری نائومێدییەکی قووڵ بووبووەوە، ئەمەش بەهۆی کۆچی دوایی هەردوو مێردییەوە بوو، بۆیە ئەو سەربەخۆییە توندەی کە پێی دەژیا، ئەگەرچی لە کۆتاییدا لەڕێگەی کەسایەتییەکی نائاساییەوە خۆی دەنواند، بەئاسانی دەکرا بەشێوازێکی دیکە بووایە.(٤)

لەماوەی نێوان کۆبوونەوەی ڕۆژی پێشوو و کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، چێرچڵ ڕەشنووسی تەلەگرافێکی بۆ لۆید جۆرج ئامادە کردبوو، کە تێیدا پلانی ئەوەی دانابوو ئاگاداری بکاتەوە، کە پرسی هەڵبژاردنی فەیسەڵ وەک پاشای داهاتووی ‘عێراق’ یەکلایی بووەتەوە، لە کۆبوونەوەی لێژنەکەی ئەو ڕۆژەدا. بادکۆک بۆ یەکەم جار بەفەرمی ناوە نوێیەکەی بۆ میسۆپۆتامیا بەگۆکردنەوە تۆمارکرد. چێرچڵ لە ڕەشنووسەکەدا نووسیبووی: ‘پێم وایە لەنێوان سەرجەم دەسەڵاتداران دەگەینە ئەنجامێکی کۆدەنگ، کە فەیسەڵ هیوای باشترین و کەم تێچووترین چارەسەر دەبەخشێت’.(٥) ئەو بەیانییە چێرچڵ ڕەشنووسەکەی خستە بەردەم لێژنەی سیاسی بۆ پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی دەقەکە. کۆکس بەتایبەتی داوای گۆڕانکاریی لە تۆنی دەقەکەدا کرد بۆ ئەوەی تەلەگرافەکە دەستکاری بکرێت و کەمتر پشتگیریی ڕەها و بێمەرجی بەریتانیا بۆ هەڵبژاردنی فەیسەڵ پیشان بدات. چێرچڵ و ئەندامەکانی دیکە لەگەڵ ئەم پێشنیارەدا هاوڕا بوون، ئینجا چێرچڵ پێی گوتن، کە ڕەشنووسی تەلەگرافەکە پێش ئەوەی بینێرێت بۆ لەندەن دەیباتە بەردەم لێژنەی سەربازی بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندییان.

کاتێکیش ئەم کارە ڕایی کرا، لێژنەی سیاسی سەرنجی خۆی گواستەوە بۆ سەر بابەتگەلێکی جۆراوجۆری دیکە بە بایەخەوە لێیان دەڕوانی و لەبەردەستیاندا بوون. یەکێک لە گرنگترینیان خشتەی کاتیی پێشنیارکراو بوو بۆ گەیشتنی فەیسەڵ بۆ بەغدا وەک پاشای پێشنیازکراوی عێراق. ئەوەیان پێ باشبوو گەشتەکە لە مانگی ڕەمەزان دا بێت. لەو ساڵەدا ڕەمەزان دەکەوتە نێوان ٨ی ئایار تاکو ٨ی حوزەیران. هەروەها پێشبینی و دەنگۆیەکی زۆریش هەبوو لەسەر ئەوەی ئاخۆ چ جۆرە پێشوازییەکی ناوخۆیی چاوەڕوان دەکرێت. بێل ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو دڵنیایە فەیسەڵ لەلایەن زۆربەی عێراقییەکانەوە بەجۆش و خرۆشێکی گەورەوە پێشوازی لێ دەکرێت، ئەگەرچی هێشتا ئەگەری ئەوە هەبوو جۆرێک لە بەرهەڵستیکردن لەلایەن سەید تاڵیب و لایەنگرە بەجۆشەکانییەوە سەر هەڵبدات. لۆرانس جەختی لەسەر تێبینییەکەی ڕۆژی پێشووی چێرچڵ کردەوە سەبارەت بە پاراستنی توندی نهێنییەکان. ئەو گوتی، پێویستە فەیسەڵ ئاگادار بکرێتەوە، کە بەهیچ شێوەیەک هیچ شتێک نەڵێت لەسەر ئەو بڕیارانەی کە ڕەنگە تا ئێستا خۆی بەباشی درکی پێ کردبێت، کە لە قاهیرە لەسەر چارەنووسی دەدرێن.

ڕۆژی دواتر، ١٤ی ئازار، لێژنەی سیاسی بۆ جاری سێیەم کۆبوونەوە. بۆ ئەم کۆبوونەوەیە چێرچڵ جارێکی دیکە داوای بەشداریکردنی هەردوو وەزیری عێراقی، جەعفەر عەسکەری و ساسۆن حەسقێل کرا، بۆ ئەوەی ڕوانگەیەکی نیشتمانییان لێ وەربگرێت سەبارەت بەوەی کێ باشترین و گونجاوترین کەسە بۆ گرتنەدەستی تەختی پاشایەتی وڵاتەکە (سەیر لەوەدایە مێژوونووسان حەعفەر عەسکەری بە کورد دەزانن، بەڵام دیارە لە کۆنگرەکە بەتەواوی لەسەر هێڵی عەرەبایەتی هاشمی بووە و ژێبەندی (وەلائ)  هەر بۆ ئەوان بووە. وەرگێڕ). لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو وەزیرە عێراقییەکە بڕیاریاندا پشتگیری لە فەیسەڵ بکەن وەکو ئەو پاڵێوراوەی کە زۆر پەسەندترە لە هەموو پاڵێوراوەکانی دیکە. جەعفەر پاشا، کە بەم ناوە بانگ دەکرا وەکو ئاماژەیەک بۆ خزمەتە درێژخایەنەکەی لەسەردەمی عوسمانی دا، بەپێویستی زانی، کە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو نیازپاکی و پێشوازییەی کە لە وڵاتەکەدا چاوەڕوان دەکرا، پێویستە فەیسەڵ بەزووترین کات بگاتە عێراق. بۆیە پێشنیارکرا، کە ناوبراو زوو، واتە لە ١٨ی نیسان و پێش مانگی ڕەمەزان بگاتە بەغدا. پاشان حەسقێل نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی، لەوانەیە هەندێک لە پاڵێوراوەکانی دیکە، بەتایبەتی نەقیبی بەساڵاچووی بەغدا و عەبدولڕەحمان و هەروەها تاڵیب نەقیب پڕوپاگەندەیەکی بەرفراوان دژی فەیسەڵ بەکاربهێنن و دژی هەر هەوڵێکی ئەو بوەستنەوە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیرییان. لەگەڵ ئەوەشدا، حەسقێل وەک کەسێکی شارەزا و دێرینی سیاسەتی عێراقی زۆر ڕەشبین نەبوو سەبارەت بەم پێشهاتە، تێبینی ئەوەشی کرد، ڕەنگە هەردووکیان نەقیب و تاڵیب لە حکومەتی ئێستای عێراق دا بڕیار بدەن دەست لە پۆستەکانیان بکێشنەوە، بەڵام ئەگەر ئەوەشیان کرد، نابێت ئەمە وەکو هۆکارێکی گەورەی نیگەرانی سەیربکرێت.

سەبارەت بە کاندیدکردنی ئیبن سعود، هەڵوێستی هاوبەشی جەعفەر و حەسقێل ئەوەبوو، کە ئەو وەکو پاڵێوراوێکی گریمانەیی بۆ سەر تەختی پاشایەتیی عێراق، بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە. هەردوو وەزیرە عێراقییەکە لەو بڕوایەدا بوون، کە ئیبن سعود بە سادەیی ‘نابێت تەنانەت بیریشی لێ بکرێتەوە’، چونکە لە عێراق لەلایەن بەشێکی زۆری خەڵکەکەوە وەکو هەڕەشەیەکی بنەڕەتیی بۆ سەر داهاتووی وڵاتەکە سەیر دەکرا. ئەوان جەختیان کردەوە، کە هیچ جۆرە پێگەیەکی جەماوەریی لە عێراق دا نییە و چاوەڕوانیش ناکرێت هیچ پێگەیەکی تریش دروست بکات.(٦) بۆیە چێرچڵ دوای بیستنی ئەوە، بەتوندی ڕایگەیاند دوو نوێنەرە عێراقییەکەی کە لەناو لێژنەکەدان، واتە نە نەقیب و نە تاڵیب کاندیدی گونجاو نین بۆ سەرکردایەتیکردنی عێراق، ئەمە پشتڕاستکردنەوەیەکی زۆر دڵخۆشکەر بوو بۆ هەڵبژاردنی فەیسەڵ لەلایەن بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە وەک کاندیدی خۆی. وەک چۆن چەند ڕۆژێک دواتر بەشێوازێکی ناڕوون و تەمومژاوی ئاگاداری لۆید جۆرج‌ـی کردەوە: ‘تاڵیب کە بەتوندی خەریکی پیلانگێڕییە بۆ بەدەستهێنانی ئەم پۆستە، پیاوێکە خاوەن ڕەوشتێکی خراپە و جێی متمانە نییە. نەقیب‌ـیش لەسەر لێواری قەبر دایە. هیچ گومانێکمان لەوەدا نییە، کە “سیستەمی شەریفی” (هاشمی) دەرفەت و ئاسۆیەکی زۆر باشتر لەمانە پێشکەش دەکات.(٧)

هاوتەریب لەگەڵ کۆبوونەوەکانی لێژنەی سیاسی، لێژنەی سەربازیش لە یەکەم ئێوارەی دەستپێکردنی کۆنگرەکەدا، واتە لە ١٢ی ئازار دا، کۆبوونەوەوە. ئەم لێژنەیە کە لەلایەن جەنەراڵ کۆنگریڤ‌ـەوە سەرۆکایەتی دەکرا، ژمارەی ئەندامەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو لە هاوتا سیاسییەکەی گەورەتر بوو، کە لە چواردە نوێنەر و سکرتێرێک پێکهاتبوو. گەورەیی قەبارەی لێژنەی سەربازی ڕەنگدانەوەی ئامادەبوونی زۆری سەرکردە سەربازییەکان بوو لە کۆنگرەی قاهیرە، هەروەها نیشاندەری ئەو پێگە سەرەکییە بوو، کە پرسی کەمکردنەوەی تێچوونی پابەندبوونی سەربازیی بریتانیا لە گفتوگۆکانیدا دەیگێڕا. مەرجی هاوسەنگ بۆ کەمکردنەوەی ئامادەیی سوپای بەریتانیا لە عێراق، بریتیبوو لە زیادکردنی هێزی ئاسمانی شاهانە (ARF)، لەگەڵ هەوڵدان بۆ دامەزراندنی ‘سوپایەکی عەرەبی’ تەواو و سەربەخۆ، کە چاوەڕوان دەکرا لەکۆتاییدا جێگەی سوپای بەریتانیا بگرێتەوە. وەک وەزیری بەرگریی عێراق، جەعفەر پاشا لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ١٢ی مانگدا لە پێشنیازکردنی دامەزراندنی ئەم سوپا عەرەبییە نوێیەدا دەستپێشخەربوو، لەو کاتەشدا لێژنەیەکی لاوەکی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژە پێشنیازکراوەکە بەشێوەیەکی قووڵتر پێکهێنرا.(٨) هەردوو لیژنەکە، هەم لێژنەی گشتیی سەربازی ، هەم لێژنە لاوەکییە پێنج کەسییەکە، کە جەعفەر پاشا تێیدا بەشداربوو، لە ماوەی چەند ڕۆژی دواتردا درێژەیان بە کۆبوونەوەکانیاندا. پاشان ئەنجامەکەیان ڕادەستی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی لێژنەی سیاسی و سەربازی کرد، کە چێرچڵ هەموو ڕۆژێک لە ئێوارەی ١٣ی ئازارەوە سەرۆکایەتیی دەکرد و تا ١٩ی مانگ کۆدەبوونەوە.

بەشداریکردنی جەعفەر پاشا لە کۆنگرەکەدا، لەسۆنگەی ئەوەوە بووە، کە لە بەغدا لەدایک بووبوو و بە وەزیریش دامەزرابوو، وێڕای ئەمەش خزمەتێکی سەربازی درێژخایەنیشی هەبوو. لەسەرەتاوە ئەو خزمەتە سەربازییەی لە ڕێگەی ماوەیەک کارکردن وەک ئەفسەر لە سوپای عوسمانی دا دەستی پێ کرد، کە لە قۆناغی کۆتاییدا لە شاری حەلەب لە باکووری سووریا جێگیر ببوو. کاتێکیش جەنگ لە ١٩١٤دا هەڵگیرسا، جەعفەر لە دەردەنیل (گالیپۆلی) دژی هێزەکانی هاوپەیمانان جەنگا، دواتر بەوهۆیەوە خەڵاتی نیشانی خاچی ئاسنینی ئەڵمانی پێبەخشرا و پلەکەی بۆ ژەنەراڵ بەرزکرایەوە. جەنگەکانی دواتری لە لیبیا بە سەرکردایەتیکردنی هێزەکانی سەنوسی، کە هێزگەلێکی خێڵەکیی لایەنگری عوسمانی بوون، بووە هۆی ئەوەی لەلایەن بەریتانییەکانەوە لە شەڕی عەجاجە دا و لە شوباتی ١٩١٦دا بەدیل بگیرێت. ماوەیەکی لە زیندانی قاهیرە بەسەربرد، دواتر لەهەمان ساڵدا، پاش ئەوەی شۆڕشی عەرەبی لە حیجاز بەرپا بوو، ئەو بڕیاریدا، کە سۆز و دڵسۆزییەکەی لەکۆتاییدا لەگەڵ دۆزی نەتەوەیی-عەرەبیی دایە. پاشان کە لە زیندان ئازادکرا، جەعفەر پاڵپشتیی خۆی بۆ بنەماڵەی هاشمی لە بەرەنگاربوونەوە و وەستانەوەی دژ بە حوکمی عوسمانی ڕاگەیاند. کاتێک شەریف حوسێن لە دڵسۆزی و بێگەردی ئەو دڵنیا بوو، لەلایەن فەیسەڵ بانگهێشت کرا، کە ڕۆڵێکی سەرکردایەتی لە جەنگەکەدا ببینێت.  ئیدی ئەوەبوو لەگەڵ “لۆرانس”‌دا وەکو فەرماندەیەکی سەرەکی هێزە عەرەبییەکان لە قۆناغەکانی کۆتایی جەنگەکەدا کاری کرد. ئەو لەکاتی ڕزگارکردنی شاری دیمەشق دا لە تشرینی یەکەمی ١٩١٨دا ئامادە بوو، دواتریش وەکو حاکمی سەربازی لە سووریا و پاشان پشکنەری گشتیی سوپا دەستنیشان کرا. دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمە تەمەنکورتەکەی فەیسەڵ لە سووریا لە هاوینی ١٩٢٠، جەعفەر گەڕایەوە نیشتمانەکەی خۆی، بەم جۆرە چاوەڕێی قۆستنەوەی ئەو دەرفەتانە بوو، کە لەوێ چاوەڕوانی دەکردن. کاتێکیش لە بەغدا نیشتەجێ بووەوە، بەخێرایی بوو بە داکۆکیکارێکی سەرسەختی پاشایەتیی چاوەڕوانکراوی فەیسەڵ لە وڵاتەکەدا، بە ئومێدی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی چاوەڕوانکراوی عێراق، بوو بە ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی عێراقیی تازەدامەزراو.(٩) جەعفەر لە ڕووی جەستەیییەوە پیاوێکی قەبە و زەبەلاح و قەڵەو بوو، وەک چۆن بێل لاواز و ڕێکپۆش لە وەسفە کورت و پڕ بەپێستەکەیدا دەڵێت: هەمیشە پێکەنین لەسەر لێوی بوو و  بە ڕووخۆش و لایەنە کۆمەڵایەتییەکە ناوبانگی بە گەشبینی دەرکردبوو، دەرکەوت لەنێوان نوێنەرانی دیکەی کۆنگرەکەدا کەسایەتییەکی خۆشەویست و سەرنجڕاکێشە.(١٠)

ڕۆژی سێشەممەی ١٥ی ئازار، لێژنەی سیاسی بۆ جاری چوارەم کۆبووەوە. پاش ئەوەی لێژنەکە بە شێوەیەکی کاریگەر پرسی بوونی فەیسەڵی وەک پاشای عێراق یەکلایی کردەوە، زۆربەی کاتی ماوەی دانیشتنەکەی بەوردی بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە ئاڵۆزەکەی کوردستان تەرخان کرد. حوکمڕانیی ڕاستەوخۆی عوسمانییەکان لە ١٨٣١دا دەستی پێ کردبوو، تا ئەو کاتەش بەردەوام بوو، کە تورکەکان لە ١٩١٨دا لەلایەن هاوپەیمانانەوە شکستیان هێنا. دوای ئەوە نەتەوەی کورد هاوشێوەی میسۆپۆتامیا کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی ئینتیدابی بەریتانیاوە.

لە سەردەمی بەستنی کۆنگرەی قاهیرە لە ١٩٢١دا، کوردانی عێراق،  کە ژمارەیان نزیکەی پێنج ملیۆن کەس دەبوو لەسەر خاکی نیشتیمانە مێژووییەکەی خۆیاندا بوون (نووسەر پێنج ملیۆنی نووسیوە، وەرگێڕ)، خاکەکەش بەدرێژایی ناوچەیەکی شاخاوی لە بەشی باکووری وڵاتەکەدا درێژببووەوە. هەروەها ڕێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی کورد لە وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا و ئێران دا هەبوون. هەمووی بەیەکەوە بە کوردستانی گەورە دەناسرا. کوردیش هاوشێوەی زۆرێک لە نەتەوەکانی دیکەی بندەستی ئیمپریالیزم لە ئەورووپا و شوێنەکانی دیکە، لە ئاخروئۆخری سەدەی نۆزدەهەمدا چاویان لەسەر ئەوە بوو بەڵێنی سیاسیی ناسیونالیزمییان بەشێوازی ڕۆژئاوایی بۆ بەدی بێت. ئەم خواستەش لە ڕێگەی دامەزراندنی “کۆمەڵەی تەعالی کوردستان” (کۆمەڵەی سەرکەوتنی کوردستان) لە ١٩١٨دا نیشاندرا. بەماوەیەکی کورت دوای ئەوە، لە کۆنگرەی ئاشتیی پاریس دا، بەڵێنێکی گشتی بۆ پشتگیریکردن لە دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ درا، ئەمەش لە بەندەکانی پەیماننامەی سیڤەر دا ڕەنگی دایەوە. کەچی سەرهەڵدانی ناسیونالیزمی تورکیی توند و ڕکابەر لەدوای جەنگ، هەروەها جەنگی سەربەخۆیی تورکیا کە لەئەنجامدا وەک ناڕەزایەتییەک دژ بە پەیماننامەکە لەدوای واژۆکردنی لە ئابی ١٩٢٠دا هاتەئارا، کوردە بندەستەکانی لە دۆخێکی بەردەوامی نیمچە بێدەوڵەتیدا هێشتەوە. جێگەی ئاماژە پێ کردنیشە، کە ئەم پێگە لاواز و بێپارێزییە ئەو کوردانەشی گرتەوە، کە لەژێر سایەی عێراقی ئینتدابکراودا دەژیان.(١١)

لە ژووری کۆبوونەوەکەی هۆتێلی سەمیرئەمیس، کە لێژنەی سیاسی بۆ دانیشتنی بەیانیی ١٥ی ئازار تێیدا کۆببووەوە، پڕ زانیاریترین ئەندامانی سەبارەت بە پرسی داهاتووی کورد لە عێراق دا، دوو کاربەدەستە حکومییەکەی بەغدا بوون، ئەوانیش هەریەک لە سێر پێرسی کۆکس و گێرترود بێل بوون. یەكێکی دیکەش کە وەکو شارەزایەک لە کاروباری نەتەوەی کورد دا سەیر دەکرا، بەڵام وەک ئەوان ناسراو نەبوو، ناوی مێجەر ئێدوارد نۆئێل بوو. پێکهاتەی ئەندامانی لێژنەکە لەو ڕۆژەدا هاوشێوەی سەرەتای هەفتەکە وەکو خۆی مابوویەوە، ئەوەندە نەبێت، کە مێجەر نۆئێلی بۆ زیاد کرابوو، ئەو وەک ئەندامێکی ڕاوێژکار لەنێوان نوێنەرانی کۆنفرانسەکەدا خرابووە نێو لیستەکەوە، لەنێویاندا تەنیا ئەو ناوی لە تۆماری ئەرکی پەیوەندکاری حکوومی وەزاری یان سەربازی تۆمار نەکرابوو.(١٢) نۆئێل ئەفسەرێکی سەربازیی هەمیشەیی بوو، دوای تەواوکردنی ڕاهێنانەکانی لە ئەکادیمیای سەربازیی شاهانە لە وڵویچ و پێش ئەوەی لە ١٩٠٨دا بگوازرێتەوە بۆ سوپای هیندستان، ئەفسەرێکی تۆپهاوێژ بوو. چەند ساڵێک دواتر و لەکاتی جەنگی یەکەمی جیهانیی یەکەمدا، گواسترایەوە بۆ خزمەتی سوپای بەریتانی لە ئێران. نۆئێل لای هەندێک کەس وەک ئەو پیاوە دەناسرا، کە کارێکی سەرنجڕاکێشی ئەنجام دابوو، ئەویش بۆ دوو ساڵی یەک لەدوای یەک لە ١٩٠٩ و ١٩١٠دا، لێخوڕینی پایسکیل بوو لە ئینگلتراوە بۆ هیندستان. ئەو کەسایەتییەکی تەمومژاوی هەبوو، کارەکانی دواتری لە سەردەمی جەنگ و دوای جەنگیش زیاتر هەواڵگری بوو، ئەو سیخوڕێکی بەریتانی بوو.(١٣) لە ١٩١٩دا مەدالیای پاداشتی خزمەتی ناوازەی پێبەخشرا، هەمان ساڵیش لە ئەرکێکی تایبەتدا لە کوردستان چالاک بوو. بەشداریکردنی نۆئێل لە کۆنفرانسەکەدا وەک میوانێکی لێژنەی سیاسی بۆ کۆبوونەوەی ڕۆژی ١٥ی مانگ، هاوتەریب بوو لەگەڵ تێڕوانینە جێگیرەکانی پێشوەختەی کۆکس و بێل، کە پێیان وابوو پێویستە دانیشتوانە کوردەکان لە چوارچێوەی عێراق دا بهێڵرێنەوە، نەک ڕێگەیان پێ بدرێت دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێنن.

سەبارەت بە پرسە ئاڵۆزەکەی کورد، چێرچڵ لەو بڕوایەوە گەیشتبووە کۆنفرانسەکە، کە وەکو نەتەوەیەک سەربەخۆیی لە بەرژەوەندیی کورد دایە. ئەو پێی وابوو کە سەربەخۆیی کورد ئەگەری تێوەگلانی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا لە هەر ململانێیەکی جیۆپۆلەتیکیی زیادە و ناپێویستی ناوچەیی کەم دەکاتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ تورکە ڕاپەڕیوەکان. بۆیە هەڵوێستی ئەو، کە لە سەرەتای کۆبوونەوەکەشدا ڕایگەیاند، ئەوەبوو، کە دەبێت ڕێگە بە “کوردستان” بدرێت وەک قەوارەیەکی سیاسی لە دەرەوەی سنوورەکانی داهاتووی عێراقی سەربەخۆ خۆی دابمەزرێنێت. چێرچڵ لە ڕووانگەی دادپەروەریشەوە ئاماژەی بەوە کرد، کە “سیاسەتی بەریتانیا پشتگیرییەکی زۆر گەورە لە پرسی عەرەب دەکات و نابێت چاوپۆشی لە مافەکانی “کەمینەی کوردیش” بکات. سەرباری ئەمەش چێرچڵ لە قسەکانی بەردەوام بوو و ڕایگەیاند، کە ئۆتۆنۆمیی کورد زۆر گرنگ و چارەنووسسازە، چونکە دەترسا لە داهاتوودا عێراقێک لەژێر دەسەڵاتی عەرەبەکان دا، بەشێوەیەکی گونجاو پێگەی کەمینەی کورد لەبەرچاو نەگرێت، پێشبینی ئەوەی دەکرد، کە دەرەنجامی هەڵوێستێکی لەو شێوەیە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ببێتە هۆی خولانەوە لەناو بازنەیەکی بێبڕانەوەی ناکۆکی و قینەبەریی ناوخۆیی. ئەمە ویڕای ئەوەی زیان و تێچوویەکی دارایی زۆر قوڕسی لێ دەکەوێتەوە. ئەوەشی خستەسەر، ئەگەر کورد پشتگوێ بخرێت، یان بچەوسێنرێتەوە، ئەوا جگە لە پەنابردنە بەر توندوتیژی بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی خۆیان، هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نامێنێتەوە.

هەڵوێستی چێرچڵ سەبارەت بە کورد، بە خاترجەمی لەژێر کاریگەریی ئەو ئامۆژگارییانەدا بوو، کە لە فەرمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە پێی گەیشتبوو. هەریەک لە هیوبەرت یەنگ و “لۆرانس” (لۆرانسی عەرەب) لەسەر ئەو بڕوایە بوون، کە دەبێت ڕێگە بە کورد بدرێت دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی بە سەربەخۆیی خۆیان بگەن، بەشێوەیەک کە لەژێر کۆنتڕۆڵی عەرەبدا نەبن لە داهاتوو. بەم جۆرە لە دانیشتنی ئەو ڕۆژەدا، ئەوانیش داکۆکییان لە دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی کرد. جەختیان لەوە کردەوە، کە لە داهاتوویەکی نزیک پێویستە ئەم سەربەخۆییە لەژێر سەرپەرشتی کۆمیسیاری باڵای بەریتانیا دا بێت، نەوەک لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دا. کاتێکیش لۆرانس قسەی دەکرد و ناڕەزایەتییەکانی خۆی دەربڕی، کە  کورد بخرێنە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق، ئەوەبوو گێرترود بێل لە تووڕەییان تەقییەوە. لۆرانس لە وەڵامی پرسیارێکی چێرچڵ دا لەم بارەیەوە ڕاستەوخۆ ڕایگەیاند، کە “بەبڕوای ئەو نابێت کورد بخرێنە ژێر ڕکێفی حکومەتێکی عەرەبییەوە”.(١٤) کاتێکیش بێل گوێی لەم قسانەی لۆرانس بوو، خۆی پێ ڕانەگیرا و دەستبەجێ هێرشی کردە سەری و بەتوندی لێی ڕاپەڕی وەکو ئەوەی ناپاکیی کردبێت؛ بە “چەتوونێکی بچووک” ناوی برد و هەموو هەوڵێکی خۆیدا بۆ ئەوەی سووکی بکات و پێگەکەی لاواز بکات. دیار بوو هێرشەکەی بێل سەرکەوتوو بوو؛ چونکە لەدوای ئەو قسانە “دەموچاوی لۆرانس سوور هەڵگەڕا”، ئیدی تاکو کۆتایی کۆبوونەوەکە دەنگێکی ئەوتۆ لە لۆرانس نەبیسترایەوە.

وەکو چۆن کاردانەوە توند و گەرمەکەی بێل نیشانیدا، سەرنجەکانی چێرچڵ و بەدوایاندا قسەکانی یەنگ و بەتایبەتیش لۆرانس، بوونە مایەی مەترسی و دڵەڕاوکێ بۆ ئەو و بۆ پێرسیی کۆکس، کە هاوڕای بێل بوو. کاتێکیش نۆرەی ئەوان بۆ قسەکردن لەبەردەم لێژنەکەدا هات، بڕیاریاندا بەتوندی ڕەخنە لەو هەڵوێستە بگرن، کە چێرچڵ و دوو ڕاوێژکارەکەی فەرمانگەکە بەم شێوە بەبڕشتانەیە گرتبوویانە بەر. کۆکس بەپێداگرییەوە ڕایگەیاند، کە بۆ ئەو بە هیچ  شێوەیەک جێگەی تێڕامان و پەسەندکردن نییە، کە ناوچە زۆرینە کوردییەکانی کەرکووک و سلێمانی و موسڵ لە دەوڵەتی تازەپێکهێنراوی عێراق جیابکرێنەوە. کۆکس پێداگریی کرد، کە هەر سێ ناوچەکە بەشێکی دانەبڕاون لە وڵاتەکە و گرنگییەکی سەرەکییان بۆ ئابوورییەکەی هەیە، بەتایبەتی ئەو توانستە شاراوەیەی کە بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی بازرگانی لە ویلایەتی موسڵ دا هەبوو. دوای ئەوەی کۆکس لە قسەکانی تەواو بوو، بێل بەتوندی هاتە ناو باسەکەوە و پاڵپشتیی هەڵوێستەکەی کۆکسی کرد و بەڵگەوبەندی ئەوەی هێنایەوە، کە داهاتووی کورد لە عێراق دا بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکە چارەنووسسازە و دەبێت بەجۆرێک بێت، کە سەربگرێت. تەنانەت جەختی لەوەش کردەوە، کە “هەر دەبێت [ویلایەتی] موسڵ بخرێتە ناو” سنوورە سەرلەنوێ کێشراوەکانی داهاتووی وڵاتەکە. بەمەبەستی کات کوشتنیش بێل ئەوەشی بۆ قسەکانی زیاد کرد، کە لە هەر بارودۆخێکدا بێت، هێشتا زووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنووسی کورد بدرێت. بۆیە پێشنیازی کرد، جارێ نابێت ئەم پرسە لە قاهیرە یەکلا بکرێتەوە، بەڵکو پێویستە بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە دوابخرێت، تا ئەوکات کورد خۆی بتوانێت لە ڕێگەی پرۆسەیەکی ڕاوێژکاریی گشتییەوە، ئارەزووی خۆیان لەنێوان سەربەخۆیی یان چوونە ژێڕ باڵی حوکمی عێراقی ڕابگەیەنن. ئەو دڵنیا بوو لەوەی، کە تاکو ئەو کاتەی ڕژێمە نوێیەکە سەقامگیر دەبێت، کورد خۆی ئەوە نیشان دەدات، کە “بۆ لکان بە دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی‌ـیەوە چەند پەرۆش دەبن.(١٥)

کۆکس و بێل بە گرتنەبەری هەڵوێستێکی توند و نەسازاو دژی دروستکردنی کوردستانێکی سەربەخۆ، جیاوازییەکی گرنگیان لە کۆنفرانسەکەدا خستەسەر مێزی سیاسەت، بەم جۆرە جیاوازییەکە لەنێوان خۆیان و فەرمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتە ئاراوە. لە ڕاستیشدا چارەنووسی کۆتایی کورد لە قاهیرە وەکو پرسێکی بێ وەڵام مایەوە. کۆکس و بێل بە پێداگرییەکەیان بۆ هێشتنەوەی کورد لەناو چوارچێوەی عێراق دا، پاڵپشتییەکی ئێجگار گەورەی خۆیان بۆ پرسی عەرەب نیشاندا، بێباک لەوەی ئاخۆ ئەم سیاسەتە چ واتایەک بۆ نەتەوەکانی دیکەی پێشتر لە بندەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەگەیاند. لەم ڕووەوە خودی بێل تا بڵێی لەسەر هەڵوێست و بیروباوەڕی خۆی شێلگیرانە بوو. بەهەمان شێوە دژی چاوەڕوانی و خواستەکانی زایۆنیزمیش بوو لە فەڵەستین، پێی وابوو جێبەجێکردنی بەڵێننامەی بەلفۆر لەلایەن بەریتانیاوە واتای کارەساتێکی حەتمییە بۆ عەرەبەکان. پیشتر لە سکاڵانامەیەکی بۆ باوکی وەهای نووسیبوو: “سیاسەتی نادادپەروەرانەمان لە فەڵەستین هەیە بەوەی دەکرێتە بە نیشتیمانێک بۆ جوو.” هەروەها ئەوەشی بە باوکی ڕاگەیاندبوو، کە سیاسەتی بەلفۆر تێچوویەکی زۆری دارایی دەخاتە سەر حکومەتی بەریتانیا تا دۆخەکەی ئەوێ بپارێزێت، لەکاتێکدا ئەو پارەیە باشتر بوو لە عێراق دا خەرج بکرێت، چونکە پێویستترە. لەکۆتاییشدا بە وەڵامێکی توندی دژە سامییانە نووسیبووی. “جوو دەتوانن بەپارە پرسی خەرجییەکان بێدەنگ بکەن”.(١٦)

لەو قۆناغەی کارەکانی لێژنەی سیاسیدا، کەسایەتییە ژێربەژێر و تەمومژاوییەکەی مێجەر ئێدوارد نۆئێل پێی نایە ناو کەشوهەوا سارد و گرژەکەی ململانێی سەر پرسی کورد. نۆئێل لە نۆرەی قسەی خۆی بەخۆتێهەڵقورتاندن لە پرسەکەوە پێشنیازی ئەوەی کرد، داخۆ بەڕاستی سیاسەتی بریتانیا لەناوچەکەدا پێویستی بە دامەزراندنی “دەوڵەتێکی بەربەست”ی کوردی هەیە. ئەمەش بۆ ئەوەی تورک لە سنوورەکان دوور بخاتەوە و لەهەمان کاتیشدا هاوسەنگییەکی بەسوود “بەرانبەر هەر بزووتنەوەیەکی بەهێزی دژە بەریتانیا، کە ڕەنگە لە “میزۆپۆتامیا” (عێراق)دا سەرهەڵبدات.” بۆ نۆئێل بابەتەکە زیاتر پرسێکی جیۆپۆلەتیکیی ناوچەیی بوو نەک مافی بڕیاردانی چارەنووسی نەتەوەیی. لە ڕووانگەی ئەوەوە زۆر گرنگ بوو، کە بەریتانیا هەنگاو بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێکی تورکیا بنێت، کە مەبەست لێی خۆشکردنی ئاگر و زیندووکردنەوەی هەست و سۆزی عوسمانییانە بێت لە ناوچەکەدا، چونکە دەبووە هۆی ئەوەی کە سەرپەرشتیکردنی ئینتیدابی بەریتانیا لە عێراق دا هێندەی دیکە قورس بکات، زیاتر لەوەی کە خۆی لەو کاتەدا سەلماندبووی. 

کاتێک دانیشتنەکە بەرەو کۆتایی دەچوو و دڵگرانیی ئەو دەمەقاڵیە توندانەش لەسەر پرسی کورد هێشتا گەرم بوون، چێرچڵ بڕیاریدا نموونەی پێگەی پارێزگاریی گشتیی باشووری ئەفریقا لە پەیوەندی لەگەڵ یەکێتیی باشووری ئەفریقا و ڕۆدێسیا دا وەکو نموونە بەکاربهێنێت. ئەو گوتی ئەم پێگەیە هاوشێوەی ئەو پێشنیازەیە، کە بۆ عێراق و “کوردستان” دەکرێت. هەرچۆنێک بێت، کاتێک کۆبوونەوەکە کۆتایی هات، چێرچڵ لەسەر پرسی کورد خۆی لەبەرانبەر کۆکس و بێل دا بە دۆڕاوی بینی.(١٧) لەبەرئەوە بڕیاریدا ملکەچی بۆچوون و شارەزاییەکانی ئەوان بێت، کە لەسەر هێڵی ڕووداوەکان بوون و سازش لەسەر پرسی سەربەخۆیی نەتەوەی کورد بکات بە هاوڕابوونی لەگەڵ تێڕوانینی ئەوان، کە پێیان وابوو باشترین داهاتووی کورد لە دواجاردا لەژێر کۆنترۆڵی عەرەب دایە. بەڵێ چێرچڵ لە ڕووی تیۆرییەوە قایلمەند بوو لەوەی دەبێت کورد بتوانێت چارەنووسی نەتەوەیی خۆی هەڵبژێرێت، ئەمەش بەگوێرەی ئەوەی کە بێل پێشتر پێشنیازی کردبوو. کەچی ئەوەی بڕابێتەوە ئەوەبوو تیرەکە بۆ کوردانی عێراق لە کەوان دەرچوو بوو تاکو هەمیشە لەژێر حوکمی عەرەب دا بمێننەوە. ئەوەی ڕاستی بێت، تێڕوانینەکانی پێش کۆنفرانسی چێرچڵ سەبارەت بە کورد، بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش پێشبینی پێشوەختە بوون. بڕیاری خۆبەدوورگرتن لە هەنگاونان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی لە قاهیرە، دەرەنجامێکی درێژخایەن و پڕ لە مشتومڕی لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لێکەوتەوە، لەگەڵ دەرەنجامێکی زۆر ترسناک و جەرگبڕ بۆ دانیشتوانی کورد، کە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان درێژەی هەیە.(١٨)

تێبینییەک لەلایەن وەرگێڕ

ئەمە تەنیا چەند بڕگەیەکە لە کتێبی “قاهیرە لە ١٩٢١دا: ئەو دە ڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دروست کرد”. کتێبێکە لە نووسینی براد فۆوت (C. Brad Faught)، کە تەرخان کراوە بۆ کۆنگرەی قاهیرەی ساڵی ١٩٢١ـە. چەند پرسێکی چارەنووسسازی یەکلا کردووەتەوە، کە دەکرێت سەد ساڵ دواتر نەتەوەکان لەبنیدا بناڵێنن، پرسی دروستکردنی دەوڵەتی عێراق و پێوەلکاندنی باشووری کوردستان سەردەستەی کارەکانی بووە. نووسەر بەشێوەیەکی بەڵگەدارانە کتێبەکەی نووسیوە. نامەوێت زیاتر لەبارەی ناوەڕۆکی ئەم بەندەی کتێبە بدوێم، هیوادارم لەداهاتوو بتوانم تەواوی کتێبەکە وەربگێڕم.

پەراوێزەکانی نووسەر

  1. T.E. Lawrence to Wilfrid Scawen Blunt, 2 March 1921, TEL Letters, p. 196.
  2. Denis Boak, ‘Malraux and T.E. Lawrence’, Modern Language Review, vol. 61, no. 2 (April 1966), pp. 218–24, p. 220.
  3. T.E. Lawrence and Gertrude Bell quoted in Krayenbühl and Oelbaum, dirs, Letters from Baghdad.
  4. The first was Henry G.G. Cadogan (1859–93). A British Embassy staff member in Tehran at the time of Bell’s visit as a young woman, Cadogan died there of pneumonia. The second was Charles ‘Dick’ Doughty-Wylie (1868–1915). A married British infantry officer of Bell’s long and complicated acquaintance, he was killed at Gallipoli.
  5. Winston Churchill to Edward Marsh, 13 March 1921, CHAR 17/18.
  6. Report, CO 935/1, pp. 41–4.
  7. Winston Churchill to David Lloyd George, 18 March 1921, CHAR 17/18A-B.
  8. Report, CO 935/1, p. 46.
  9. See Facey and Fathi Safwat, eds, A Soldier’s Story, 2003.
  10. Gertrude Bell to Florence Bell, 24 February 1921, GBA.
  11.  See Saad Eskander, ‘Britain’s Policy in Southern Kurdistan: The Formation and Termination of the First Kurdish Government, 1918–1919’, British Journal of Middle Eastern Studies, vol. 27, no. 2, pp. 139–63.
  12.  Report, CO 935/1, pp. 35, 59.
  13.  See Peter Hopkirk, On Secret Service East of Constantinople: The Great Game and the Great War, London, John Murray, 1994. See also E.M. Noel, Diary of Major E.M. Noel, on Special Duty in Kurdistan from June 14th to September 21st, 1919, Basra, Office of the Civil Commissioner, 1920. As well, and more generally, see Priya Satia, Spies in Arabia: The Great War and the Cultural Foundations of Britain’s Covert Empire in the Middle East, New York, Oxford University Press, 2008.
  14.  Report, CO 935/1, pp. 60–61.
  15.  Quoted in Janet Wallach, Desert Queen: The Extraordinary Life of Gertrude Bell, London, Weidenfeld & Nicolson, 1996, pp. 299, 59, 61.
  16.  Gertrude Bell to Hugh Bell, 10 January 1921. GBA.
  17.  Report, CO 935/1, pp. 60–61.
  18.  See Robert Olson, The Emergence of Kurdish Nationalism and the Sheikh Said Rebellion, 1880–1925, Austin, TX, University of Texas Press, 1989.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO