یەکێک لەو چەمکانەی کە نووسەر و توێژەرانی کوردستان بەئاگایی یان بەبێ ئاگایی بێت بۆ دۆخی کورد و کوردستان بەکاری دەهێنن، جیاوازی نەکردنە لەنێوان چەمکی داگیرکەر و ژێردەستە. مانای ژێردەستە چییە؟ ئایا بەڕاستی کورد ژێر دەستەیە و داگیرکەرانی کوردستانیش سەردەستەن؟
لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، سەپاندنی هەژموون واتە سەپاندنی بەها و زمان و کولتوور و مۆدێلی ژیانی لایەنی لاواز، بەجۆرێک لایەنی ژێردەستە هیچ بژاردەیەکی نەمێنێت، بێجگە لە خۆبەدەستەوەدان و خۆگونجاندن، بەمانای ئینتەگراسیۆن یان ئینتەگرێیشن (integration). ئەگەر داگیرکراو باوەڕ بەوە بهێنێت، کە چارەنووسی لەگەڵ داگیرکەر دایە و دۆخی ژێردەستەیی دۆخێکی سروشتی و حەتمییە، یان بەکورتی دەوڵەتی نەتەوەیی ڕەتدەکەنەوە، بەمەش لە قۆناغی داگیکراوی بۆ قۆناغی ژێردەستەیی دەچن. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە؛ ئایا کورد باوەڕی بەو ژێردەستەییە هێناوە؟ ئەو دۆخەی کە بەسەریدا هاتووە بە سروشتی دەزانێت و بەتەواوەتی و ڕەهایی خۆی ڕادەست کردووە؟
بەرلەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، ئایا جیاوازی هەیە لەنێوان داگیرکاری (occupation) و سەردەستی (hegemony)؟ بە بۆچوونی من و لە ئەنجامی بەراوردکاریم بۆ دۆخی کورد، لە ڕوانگەی ئەو تیورانەی لەو بوارەدا شڕۆڤەکراون، جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەنێوان هەردوو چەمکی داگیرکەر و سەردەست، بەتایبەتی لە ئەدەبیاتی پۆست کۆلۆنیالیزمدا. لەو ئەدەبیاتەدا جیاوازییەکە زیاتر پەیوەندی بە شێوازی سەپاندنی دەستەڵاتەوە هەیە. داگیرکەر زیاتر پشت بە هێزی ڕەق دەبەستێت، کە خۆی لە بەکارهێنانی سوپا و زەبروزەنگ و یاسا و داگیرکاری فیزیکی و جوگرافی دەبەستێت. بەڵام سەردەست زیاتر پشت بە هێزی نەرم دەبەستێت، واتا هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی گشتیی و سەپاندنی کولتوور و ئایدیۆلۆجیا و ڕازیبوونێکی سایکۆلۆجیانەی ژێردەستە بە کولتوور و ئایدیۆلۆجیای سەردەستە، کە بۆی هەیە قۆناغی دوای داگیرکاری بێت.
واتە، داگیرکراوەکان تاکو لە قۆناغی داگیرکراویدا بن، مانەوەیان مسۆگەرترە تا لە قۆناغی ژێردەستەییدا. ئەوەی زیاتر هەستی بەو جیاکارییە کردووە ئەنتۆنیۆ گرامشیـیە. گرامشی دەستەڵات دابەش دەکات بۆ دوو چەمکی سەرەکی. یەکەمییان، سەپاندن (domination)، کە لە ڕێگەی دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی دەوڵەتەوە بەڕێوە دەبرێت، بەتایبەتیش سوپا و پۆلیس و دادگاکان. چەندی چەمکی هەژموونە، لە ڕێگەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بەدەست دێت، کە بریتین لە قوتابخانە و مزگەوت و کڵێسا و میدیا و کولتوور. لە ڕوانگەی ئەودا، دەستەڵات دەبێتە “سەردەست”، چونکە وای لە خەڵک کردووە بە ئارەزووی خۆیان بەبێ هێزی “سەربازی باڵادەستیی” ئەوی دیکە قبوڵ بکەن.
بۆ سەلماندنی ئەو ڕوانگەیە، بۆچوونێکی لەو جۆرە هەیە لەلایەن دوو مێژوونووسی هیندی گایاتری سپیڤاک و ڕاناجیت گوها پشتڕاستکراوتەوە، کە پێیان وایە بەریتانیا لە هیندستان داگیرکەر بوو و دەستەڵاتیشی هەبوو، بەڵام سەردەست نەبوو، بەمانای ئەوەی بەریتانیا نەیتوانی سەردەستی ڕۆحی و کولتووری بەسەر هیندییەکاندا بسەپێنێت.
ئەمەش مانای وایە، داگیرکەر هەمیشە جیاوازە لە سەردەست، یان دەتوانین بڵێین داگیرکەر قۆناغێک لەپێش سەردەستەوەیە. ئەگەر داگیرکەر توانی سەردەستیی ڕۆحی و کولتووریی بەسەر داگیکراودا بسەپێنێت، ئەوا داگیرکراو دەبێتە ژێردەستە و دەچێتە قۆناغی دووەم. بەڵام تا ئەو ئاستەی کە نەتەوەی داگیرکراو خۆی ڕادەست نەکات و خۆی نەگونجێنێت (ئینتەگرێیت) نەکات لەگەڵ داگیرکەر، واتای ئەوەیە ئەو نەتەوەیە هێشتا نەبووە بە نەتەوەیەکی ژێردەستە.
فرانس فانۆن پشتگیری لەو بۆچوونە دەکات. لە کتێبی “ڕەشپێستەکان، ماسکە سپییەکان”دا، لە ڕوانگەیەکی دەروونییەوە ئەو جیاوازییە ڕوون دەکاتەوە و پێی وایە؛ کەی داگیرکراو بە سووک و بێبەها تەماشای زمان و کولتووری خۆی کرد، مانای وایە هەوڵ دەدات وەکو داگیرکەرەکەی لێ بێت. واتە، ماسکە سپییەکە بپۆشێت، لەوانەیە لە باشوور و ڕۆژاڤای کوردستان پێوەری ماسکە سپییەکە ببێت بە دشداشە و عەگال. واتە کەی داگیرکراوی کورد دشداشەی پۆشی، دەشێت جۆرێک بێت لە خۆبەدەستەوەدان و داگیرکەر وەکو سەردەستی ڕۆحی و دەروونی تەماشا بکات، یان هەست بەخۆی نەکات، کە نەک هەر داگیرکراوە، بەڵکو جڵەوی ڕووبەڕووبوونەوەشی لەدەستداوە.
لە ڕوانگەی فانۆن، مەترسیدارترین قۆناغ، قۆناغی دووەمە، کە قۆناغی ژێردەستەییە، قۆناغی لەدەستدانی هەژموون، یان قۆناغی سڕینەوەی سیما تایبەتییەکان و خۆڕادەستکردنێکی تەواوەتی بۆ داگیرکەر و بوون بە ژێردەستەی.
بەڵام ئێدوارد سەعید لەو بارەیەوە نەیپێکاوە. ئەو پێی وایە کۆلۆنیالیزم توانیویەتی ڕۆژهەڵات، بەتایبەتی دنیای عەرەبی لە ڕووی کولتووری و ڕۆحییەوە داگیر بکات، بەڵام لە واقیعدا کۆلۆنیالیزم بەتەواوەتی شکستی هێناوە لەوەی نەتەوەی عەرەب داگیر و دەستەمۆ بکات، دوای ئەوەی وڵاتانی عەرەبی بەجێهێشت. دەتوانین بڵێین کۆلۆنیالیزم وڵاتانی دنیای سێیەم و عەرەبیی لە دۆخێکی نزیک لە دۆخی فەوزا و گەڕەلاوژێدا بەجێهێشت، بەڵام نەیتوانی بەها و نۆرمە ڕۆژئاواییەکان بسەپێنێت، کە لە پێشەوەی هەموویانەوە بنەماکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئاشتی و پێکەوەژیانن.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکە، ئایا کورد ژێردەستەیە؟ بەمانایەکی دیکە، ئایا داگیرکەر توانیویەتی زمان و کولتوور و مۆدێلی ژیانی خۆی بەسەر نەتەوەی کورد دا بسەپێنێت؟ لە ڕاستیدا، ئەو وەڵامە زۆر ئاڵۆزە. لەوانەیە بۆ هەر بەشێکی داگیرکراوی کوردستان پێویستمان بە وەڵامێکی جیاواز هەبێت، هەرچەندە بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین لەوەڵامدا بڵێین؛ نەخێر کورد ژێردەستە نییە، با بەشێک لە نەتەوەی کوردیش بەتەواوی کەوتبێتە ژێر هەژموونی داگیرکەران و بەهاو نۆرمەکانی داگیرکەریان قبوڵ کردبێت.
داگیرکەری عەرەب و تورک و فارس، ئەگەر بەشێوەیەکی ڕێژەییش لەژێر هەژموونی سیاسەتی ڕاگواستن و لەیەکدابڕین و قەدەغەکردنی زمان و کولتووری کوردەواری توانیبێتی بەشێک لە کورد ژێردەستە بکات، بەڵام تاکو ئێستاش زۆرینەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە بەرگرییەکی هەمیشەییدان و ڕازینەبوونە ژێردەستە بن. ڕاستە داگیرکراون، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە پڕۆسەی خۆگونجاندن و ئینتەگراسیۆن بباتە پێشەوە.
لێرەدا تێبینییەکی زۆر گرنگ هەیە شایەنی ئاماژە پێکردنە، ئەویش ئەگەر کوردێک هەبێت پێی وابێت داگیرنەکراوە، ئەوە بەدڵنیایی نەک هەر قۆناغی داگیرکران و قۆناغی ژێردەستەییشی پەڕاندووە، بەڵکو لە قۆناغی کۆتاییدا دەژیێت و بەتەواوەتی لە قالب و بچمی داگیرکەردا تواوەتەوە و هەموو سیماکانی کوردبوونی خۆی لەدەستداون.
پرسیارێکی دیکەی جیددی دێتە پێشەوە، ئەویش پڕۆسەی ئینتگراسیۆنی “عەبدوڵا ئۆجەلان”ـە. ئایا مەبەست لە چەمکی ئینتگراسیۆن هەمان ئەو پڕۆسەی ئینتگرێیشنی وڵاتانی ڕۆژئاوایە بۆ پەنابەران؟ وەڵامی ئەو پرسیارە دەخەمە زنجیرەی داهاتوو.
.



