ئیبراهیم شێخ وەسانی
هەرزەکاریی، هۆشیاری و هەژاری بە یەکەوە بەرەو دێوانەییت دەبەن، شێتیشت نەکەن، ونت دەکەن، بە مۆمی کتێب لەناو ونیدا، بەدوای ونبوونم دەگەڕام، نایەکانی ژیان بە سەختی برینداریان دەکردم، بە خوێندنەوەی شیعرێک دەژیامەوە، باڵی شکاوم بە چوارینێکی خەیام شاپەڕی نوێی دەردەکرد.
ئێوارەیەکی ساردی پایزێک، یەکەم شیعرم نووسی…
دوای قەدەرێک، هاوپۆلێکم، سێ چوار شیعری خۆی دایە دەستم، گوتی «ئەوەیە ڕێچکەی نوێی شیعر».شیعری وەزن و قافیەدار، سەرنجم چووە سەر دێرێک، نووسرابوو«گوڵی نێرگز تاکەی دەمێنێ جوانیت»، تەریقبوومەوە، ئیلهامی شیعریم هەڵوەری، گەڕامەوە ماڵ، دەفتەری شیعرەکانم دڕاند.
بەڵێ، شیعری نێرگز ئەمنی لە شاعیربوون خست، درەنگتر، کاتەک کتێبی «کۆمار»م خوێندەوە، زانیم ئەفلاتۆن لە پێناوی حەقیقەت شاعیرەکانی لە شارە نموونەییەکەی دەرکرد، شاگەشکە بووم، بوومە ئەفلاتۆنی، بەدزیشەوە دەزوی موعاویەم لەگەڵ شیعر نەپچڕاند. ئەفلاتۆن بە گەنجی شیعر و تێکستی شانۆیی دەنووسی، ڕۆژێک، بە ڕێکەوت گوێی لە دەنگی سوقرات دەبێت، بە سەرسامی دەگەڕێتەوە ماڵ، شیعر و دەقە شانۆیەکانی دەسووتێنێ، دەبێتە قوتابی سوقرات.
ئەو ڕۆژەی کتێبی« ئاوابوونی بتەکان»م خوێندەوە، لە دڵەوە ڕقم لە نیتچە بووەوە، پێموابوو غەدری لە ئەفلاتۆن کردووە.
ئاخر لە گۆشەنیگای ئەوەوە، ئەفلاتۆن بەهرە و زمانێکی شیعری مەزنی هەبووە، بەڵام لەبەرئەوەی نەیتوانیوە بگاتە ئاستی هۆمیرۆسی شاعیر، ئیرەیی پێ بردووە، بە فەلسەفە لە بەهای شیعریدا، بێ قیمەتی کردووە.
هایدگەرم زیاتر کەوتە بەر دڵ، دەی ئەو وەکو نیتچە ئەفلاتۆنی بە حەسود تۆمەتبار نەکرد، لە ڕوانگەی ئەو، دابڕانی شیعر و فەلسەفەی ئەفلاتۆنی، درزێکی گەورەی لە جەوهەری زمان و بوون دروست کرد. لەوێوەش، مرۆڤایەتی ڕێگەی حەقیقەتی ون کرد. لای هایدگەر شیعر حەرەمسەرای حەقیقەتە، ڕێگای چوونە ناو ئەو خەڵوەتگەیەش، ئەوەیە، فەلسەفە لێ بگەڕێ، شیعر ئەو سنوورانە ببەزێنێ کە ئەفلاتۆن لێی حەرام کرد.
کتێبی فەلسەفی «ئاوای گوت زەردەشت»ی نیتچە، فەلسەفەیە بە زمانی شیعری، شیعر و فەلسەفە ئاوا ئاوێتەی یەکتر بوون، مەحاڵە بزانی لە کوێ فەلسەفە کۆتایی دێت و لە کوێشەوە شیعر لە دایک دەبێت!
نیتچە دژی زمانی ساردی عەقڵانیەتی ڕەهای هیگل و کانت وەستایەوە، وایدەبینی بە زمانی وشکی پەتی چەمکسازی ناتوانین باس لە قووڵایی کێشەکانی مرۆڤ بکەین، دەیگوت: «گرنگی هونەر لەوەدایە، لێناگەڕێ بە دەست ڕاستییەوە بمرین». بۆیە فەلسەفەی خۆی لەناو میتافۆر، وێنەسازی و کێشی مۆسیقی شیعریدا تواندەوە. لای نیتچە قووڵترین فەلسەفە باشتر لەناو خوێنی شیعریدا دەتوانێت هەناسە بدات. حەقیقەت لە هەناوی هونەر و شیعرەوە دێتە دەر، نەک لۆجیکی وشک.
بە بڕوای نیتچە یۆنانییەکانی پێش سوقرات دەیانتوانی هاوسەنگی لە نێوان خوداوەندی یاخیبوون و مەستی «دیۆنیسۆس» و خوداوەندی فۆرم و عەقڵ « ئەپۆلۆن» دروست بکەن، بەڵام سوقرات و ئەفلاتۆن هاتن هێزە کێوییە سروشتییەکەی هەست و غەریزەی دیۆنیسۆسیان سەربڕی. لۆجیکی وشکی ئەپۆلۆنیان کردە پاشای ئافراندن.
مرۆڤی مەزن لای نیتچە مێشکێکی ئەپۆلۆنی عەقڵانی و ڕێکخراوی هەیە ، دڵەکەشی دیۆنیسییەکی یاخی کێوی پڕ جۆشە.لای نیتچە مۆدێرنێتە جەلادی شیعرە، ژیانیش بەبێ شیعر، شایەنی ژیانکردن نییە،. بۆیە، بۆئەوەی مانا بۆ ژیان بگەڕێتەوە، ئەرکی فەلسەفەیە شیعر لەباوەش بگرێتەوە. ئەگەر ئەفلاتۆن شیعری بە فەلسەفە تەڵاق دا، ئەوا نیتچە لە ژوانی نووسینەکانی شیعری خستەوە باوەشی فەلسەفە.
ئادۆرنۆ، دوای هۆلۆکۆست گوتی: «نووسینی شیعر دوای ئاوشویتس بەربەریەتە».
بەسەرێک ئەویش ناحەقی نەبوو، لیریکییەتی ئەدەب نەیتوانی ڕێگری لە کۆمەڵکوژی بکات!
ئاخر ئاوشویتس بیابانی عەرعەر نەبوو، لە دڵی ئەوروپای مۆدێرن، لەناو جەرگەی زانست، ئەدەب، مۆسیقا، عەقڵانییەت و فەلسەفە ڕووی دا، بەڵام ئادۆرنۆ دوای ئەوەی شیعری «فۆگی مەرگ»ی پاوڵ سیلانی خوێندەوە، پەشیمان بووەوە، گوتی: «ئەشکەنجەدراو مافی هاوارکردنی هەیە، بێدەنگ کردنی شیعر، ڕادەستکردنی جیهانە بە فاشیزم و بەربەریەت».
سیلانی بە ڕێکەوت بە بەر هۆلۆکۆست نەکەوت، ئەو ڕۆژەی دایک و باوکیان بۆ کەمپەکانی زۆرەملێ برد، ئەو لە ماڵەوە نەبوو.
ئەو کەمپانەی مرۆڤەکانی وەک کەلوپەل تێدا سەفت دەکران، هەندێکیان پێش ئەوەی بۆ ژوورەکانی گازی خنکێنەر بنێردرێن، دەخنکان. سیلانی لە کۆپڵەیەکی شیعری “فۆگی مەرگ” ئاوا دەڵێت:
“ئیدی لە هەوادا گۆڕ هەڵدەکەنین
لەوێ جێگەی کەس تەنگ نابێت”
لای من هەر ئەو دێڕە بەسە بۆ تێگەیشتن لە شوناسی هۆلۆکۆست.
هیچ نووسینێک بەقەدەر شیعر دەرەقەتی خەیاڵی مەحاڵی مرۆڤ نایەت، مەسەلەن، چەندە جوان دەبوو گۆڕەکان لە هەوا بن، دوای مەرگیش مرۆڤ لە ئاسمانی فەراح سەیری ئەو شتانە بکات کە حەز دەکات هەمیشە لەبەر چاوی بن.
ئەگەر دوای دۆزەخی ئاوشویتس ئەدەبێک هەبێت، دەبێت زمانی نووسین وەک پارچە شووشەی شکاو قورگی خوێنەر بریندار بکات. ئاخر ترسناکی هۆلۆکۆست هەر ئەوە نەبوو کە لە جەستەی ئەو شەیتانۆکەیە بچێت کە بە دەستی منداڵێکی نەفام پارچەپارچە کراوە. ئەوەی ئادۆرنۆ و هەموو مرۆڤێکی بە ویژدانی بەهۆی ئاوشویتسـەوە تاساند، ئەوە بوو، بکەرانی تاوانەکە وەک منداڵەکە سەرمەست و حەیران بوون بەوەی کە توانیویانە شەیتان بکوژن. دوای ئاوشویتس و ئەنفال، قێزەونە وشە ببێتە مەرهەم، دەبێت ڕۆڵی خوێ ببینێت و برینەکە بزورێنێتەوە، بۆئەوەی جیهان لە ئاوێنەی شکاوی دەقەوە سەیری ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی بکات.
مەگەر ئەوڕۆکە سفرەی ئاوشویتس هەڵگیراوە!
وەک ئەو دێڕە شیعرەی شێخانی گوتەنی
“جیهانی پڕ کرد لە خۆی!
هیتلەری بەتاڵ”
جیهان قەحپەیە، ئێستاش سەرجێیی لەگەڵ نازییەکان دەکات، مرۆڤایەتی زڕەدرۆی بەتاڵەکانە.
بە خەیاڵ جیهانێکی ئیستاتیک، شەفافی شووشەیی دروست بکە، پڕی بکە لە دادپەروەری. خۆ لەوێ ئاوشویتس نییە، ئەنفال ڕوو نادات، شیعرمان بۆ چییە! دەی، بۆئەوەی مەرگ ڕوونەدات، دەتوانین میلی کات بوەستێنین! دوای ئەوەی ئازیزێکمان مەرگ دەیبات، ئۆقرە دەگرین دەرۆزەی شیعرێک نەکەین، بمان لاوێنێتەوە! ئەگەر لیریکیەتی ئەو شیعرە نەبێت کە شێخانی بۆ دایکی نووسیتی، بەچی تۆزی سەر یادەوەری بێ داکەکان لابدەین، حەسرەت و غەریبایەتیی ئاودەین!
“لە پاش مردنت دایە گیان! نەمتوانی تەنانەت تەسبێحەکەت وەک یادگاری لەلای خۆم هەڵبگرم،
ئاخر چۆن لەمەودوا تۆ لە تەسبێحێکدا ببینم؟!
لە کاتێکدا پێشتر هەموو دونیام لە تۆدا دەبینی”
*****
ئێوارەیە، پێنجشەممەیە، ڕێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی کتێبی شیعری «ئەو هەنگاوانەی بەبێ هاویشتن هاتنە بوون»ی عەلی شێخانیـیە، کەسێک بەناوی ناڵە حەسەن دەیەوێت باسی ئەو شیعرە بکات، ناتوانێت، وەک زارۆکێک دەگریێ، هێمنە گریان، ئەوانی دیکەشی گریاند.
«تەنیا لەو درزەوە حەقیقەت دەبینم!
کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دوولەتبوونم»
ئەو دوو دێڕە شیعرەی عەلی شێخانی سۆژەیەکی فیکری قووڵە، شایستەی تێڕامانە، ڕێک دەڵێی چەمکی «سوژەی شەقبوو»ی فەیلەسوف و دەروونشیکاری فەڕەنسی ژاک لاکانە، هەردووکیان پێت دەڵێن: «حەقیقەت ئاوێنەیەکی شکاوە، باجی تەماشاکردنەکەی شەقبوونی خۆتە». هەر من وا ناڵێم، قیبلەنامەی شیعر و مەعریفەی ئێمەش، عەباس عەبدوڵا یوسف، موعجیبی ئەو ڕەهەندە فیکرییەی شیعرەکانی شێخانییە.
کێ سوارچاکی مەیدانی شیعرە!
هاوڕێیەک بۆ شۆخی بە شاعیرێکی هەست ناسکی گوت: «نەکەی بڵێی لە پێناوی ئەدەب دەنووسم، وازهێنانت لە شیعر خزمەتەکی گەورەیە بە ئەدەبی کوردی». زۆرن ئەوانەی بەسەر شیعرەوە بوون بە سەربار!
لە هاوڕێیەکی “لوڕی”م بیست، کە لە فەرهەنگی کۆنی ئەواندا، یاسایەکی نەنووسراو هەیە، ئەویش، ئەوەیە مرۆڤی خراپ بۆی نییە خۆی لە شاخ، شێر و شیعر نزیک بکاتەوە.
لوتکەی شاخ مرۆڤی خراپ لە خۆ ناگرێت، فڕێی دەدات.
ڕێوی و چەقەڵ کە یەکێکیان سیمبولی فێڵ و دووڕووییە، ئەوی تریان هی چڵێسی و پاشکۆیەتی، بۆیان نیە لە مەجلیسی شێر نزیک ببنەوە.
شیعریش غەدر لە هیچ کەس ناکات، قەبووڵیش ناکات غەدری لێ بکرێت، تا سەر نابێتە پۆشاکی ئەو چەپەڵانەی بە زڕەدرۆ لە ڕێگەی شیعرەوە بانگەشەی باشی و فریشتەبوون دەکەن.
دیارە لە کولتووری ئەوان، بەدکار بۆی نییە عەتری فەزیلەت لە خۆی بدات.
شیعری باش لە دەمی مرۆڤی بێ فەڕ وەک مرواری وایە لەناو زێراب، ئەگەر دەقێکی شیعری ئەدەبێکی باڵاش بێت، شاعیرەکەی هەو نەبێت، خوێندنەوەی، لە بۆنکردنی ئەو عەترە خۆشەی ناو گۆڕستان دەچێت کە لە تەرمی جەلادێک دراوە.
بۆیە ئەگەر بەقەدەر چارەگێک لە شیعرەکانت باشیت لێ نابارێت، مەڵێ شاعیرم.
شاعیربوون لە مرۆڤبوونت نەخات، نەتکاتە مەخلووقێکی باشتر، بۆ دەنووسی!
ئەگەر دەتەوێت بشعرێنی، دەستنوێژێک بە سەمیمییەتی مەولانا، لۆرکا و هێمنی موکریانی بشۆ، ئەوجا بنووسە.
ئیلهامی شیعری لە باڵندەی باز دەچێت، لە لوتکەی چیاکان هێلانە دەکات، لەسەر دارە وشکەکانی کەناری زەلکاوەکانیش دەنیشێت، شیعر وزەی بزێوی عیشقە، بەدوای نێچیرێکەوەیە عاشقی بکات، ئەگەر مەعدەنی قوربانییەکەی خراپ بێت، وەک شاعیری ئەمریکی “ئێزرا پاوەند” عاشق بە فاشیستێکی وەک موسۆلۆنی دەکات، عاقیبەت، بە ڕیسوایی لە نەخۆشخانەی دەروونی سەر دەنێتەوە. شیعر ویستی خالیقە، بەهرەیەکی ئیلاهییە، تاڵە دەزووێکی باریک لەنێوان پێغەمبەران و شاعیران هەیە، ئەوە لەخۆڕا نەبوو، پێغەمبەری ئیسلام، شاسواری ڕاستگۆیی و دەستپاکی خێڵی قوڕەیش بە شاعیربوون تۆمەتبارکرا. ئەوە مەزنیی شیعرە.
بازی شیعر، ئارسەر ڕامبۆ، بەهرەی شیعری ئەوەندە بەهێز بوو، پێش تەمەنی بیست ساڵی، شیعری ئازادی خوڵقاند، مرۆڤێکی یاخی و دژە کەنیسە، لە کتێبی شیعری «وەرزێک لە دۆزەخ» هاواری دەکرد:
“دەبێت بە تەواوی مۆدێرن بین”
بە یەقینەوە دەیگوت: «شاعیر؛ پێغەمبەری کەشفی حەقیقەتە»، بە تێزی «من، کەسێکی ترە» پێش فرۆید و لاکان و فۆکۆ و دێریداـش بناغەی دەروونناسی و فەلسەفەی هاوچەرخی دانا.
کەچی ئەو پێغەمبەرە فەڕەنسییە لە تەمەنی بیست و یەک ساڵیدا، عەسای موعجیزەی فڕێدا، وازی لە شیعر هێنا، لە نێوان یەمەن و حەبەشە بووە بازرگانی قاوە، پێستی ئاژەڵ، چەک و کۆیلەی ڕەشپێست. مخابن، شێرپەنجەی ئێسکی قاچێکی ڕامبۆی بڕییەوە، بووە باوەڕدارێکی عیرفانی، حەزی دەکرد بە تاکە قاچێکەوە بگەڕێتەوە سەر لمە گەرمەکانی ئەفریقا، بەڵام مەرگ لەسەر قەرەوێڵەیەکی ساردی نەخۆشخانەدا بووە میوانی، لە نیوەی فڕیندا باڵەکانی لێک نا.
ڕۆژنامەنووسی، ڕاپۆرتنووسی حیزبی و کتێبنووسین پیشەن، دەکرێت پارەیان پێ پەیدا بکرێت، وەلی ئەگەر شیعر بتژیێنێ، شاعیری دەرباری، بەهای شیعرەکانت لە زلەپووشێک کەمترە.
پارادۆکسی نێوان وشە و کردار، ئەو پەتایەیە کە زۆربەی شاعیران تووشی دەبن، لەو مەملەکەتەی ئێمە شاعیر ناچارە پیشەی دیکەی هەبێت، شاعیر هەیە سیاسەتمەدارە، دەڵاڵی خانووە، ڕۆژنامەنووسە، چەکدارە، مەلای مزگەوتە.
ناسیاوێکم شاعیرە، قەسابیشە! سەحەران، پێش ئەوەی پەپوولەکان بە دەوری گوڵەکان سەما بکەن چەقۆکەی بۆ ملی بەرخ تیژ دەکات، ئێوارانیش بەدەم قاوەخواردنەوە قەسیدەی جوانە مەرگی پەپوولەکان دەنووسێت. عەلی شێخانی گوتەنی: “تێناگەم! بۆ کەلەپچەی نوکتەیان کردۆتە دەستی پێکەنین!”
*****
عەلی شێخانی، شێخانی هاوڕێیەکی سەمیمییە، بێگەردە، ڕوونە وەک ئەو شووشەیەی، بە فووی وشە دەشکێ.
ڕێکەوت نییە، مێژووی فیکر و شیعر بە شیعرەکانی شێخانی دەبەستمەوە، ئاخر ئەو دوای سێ دەیە نووسین بە بێدەنگی، خۆی کردە یەکێک لەو پاسەوانانەی «ماڵی بوون» کە زمانە و هایدگەر باسی لێوە کردووە. کتێبێکی شیعری جوانی پێشکەش کردین، نەک وەک ئەوانەی بە قەسیدەی نێرگز زەوقی خوێندنەوەت لە دەرووندا دەکوژن.
ماندی بووم، زۆرم نووسی، سوپاس بۆ خوێندنەوەی، بۆئەوەی من و ئێوەش بحەسێینەوە، بە ئەفۆریزمێکی دیکەی شێخانی کۆتایی بەو نووسینە دەهێنم.
ئەوەی لەو ڕۆژگارە دەیژەنم!
سەردەمێکی ژێ پساوە،
نازانم!
من بلیمەتترین ژەنیارم
یان خۆهەڵخەڵەتێنەترین مرۆڤ؟



