سلێمان مستەفا حەسەن
ڕۆژنامەنووسی تورک، جەم ئەرجییەس، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ یەشار کەمال لەسەر پرسی کورد، دەپرسێت؛ ئایا پرسی کورد چۆن چارەسەر دەکرێت. لەکۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا یەشار کەمال چیرۆکێکی باڵکێشی بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: جەم گوێ بگرە. ئێستا دەمەوێت باس لە بەشێک لە داستانی “ماناس”ت بۆ بکەم، کە لەگەڵ جەنگیز ئایتماتۆڤ بەیەکەوە خوێندوومانەتەوە. لە چیرۆکەکەوە، ئەگەر دوژمنانی جەنگ لە تورکیا یەک بگرن.
داستانەکان لە هەموو وڵاتەکاندا بریتیین لە زمانی مرۆڤەکان، منیش بۆ ئەو ئاخاوتنە دێڕێکم لە داستانی ماناس هەڵبژاردووە، داستانی “ماناس”ی قیرغیزی هی هەموو تورکەکانی ناوەڕاستی ئاسیایە. ئەو داستانە تا دێت هاوشێوەی داستانەکانی ئیلیادە و دەدە کۆکورت لە جیهاندا زیاتر دەناسرێت و دەبێتە موڵکی هەموو مرۆڤایەتی.
“کاڵموکەکان” نەتەوەیەکی گەورە و بەهێزبوون. ئەوان بەردەوام بەسەر قیرغیزەکانەوە بوونە و نەیانهێشتووە هەناسەیەک هەڵبکێشن. بەدرێژایی مێژوو خستبوویانە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. قیرغیزەکانیش هەرکاتێک دەرفەتێکیان دەست بکەوتبایە سەرهەڵدانیان دەکرد. لە هەر سەرهەڵدانێکدا بەسەر کاڵمۆکەکان سەرکەوتوونە و دواتر کاڵمۆکەکان دەستیان بە هێرشی پێچەوانە کردووەتەوە. وەلێ دوای چەندین ساڵ لە شۆڕش و بەرخودان و سەرهەڵدان، قیرغیزەکان توانیان بگەنە سەربەخۆیی خۆیان.
لە هەردوو لاوە کات و مرۆڤەکان دەگۆڕان و جەنگ بەردەوام بوو. دوای چەندین ساڵ کالمۆکەکان بوون بە خاوەنی میرێکی نوێ، یان بڵێین سەرۆکێکی نوێ و جیاواز. ئەم میرە ڕۆژێک هەموو پیاوماقووڵانی نەتەوەکەی کۆ دەکاتەوە و لێیان دەپرسێت: ئێمە بەردەوام لە جەنگەکان بەسەر قیرغیزەکان سەردەکەوین، بەڵام دواتر هێرشمان دەکەنەوە سەر و سەرهەڵدانێکی تازە دەکەن، باشە بە بۆچوونی ئێوە چی بکەین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سەرقووت نەکەنەوە و خەریکی شوانکاریی خۆیان بن و لەژێر فەرمانی ئێمە دەرنەچن؟ ئێستا بڕۆن دوای سێ مانگ وەڵامەکەم بۆ بهێننەوە.
دوای سێ مانگ پیاوماقووڵان دەچنەوە لای میری کالمۆکەکان و دەڵێن: میری گەورەمان ئێمە تێفکرین و ڕاوێژمان کرد، ئەگەر زمانی هەموویان لە بنەوە ببڕین، ئەوا جارێکی دیکە ناکەونەوە سەرپێ و توانای سەرهەڵدان و بەرگرییان نابێتەوە، بەمەش کۆتاییان دێت، لەبەرانبەردا میری مەزن ئەو پێشنیازەی بەدڵ نابێت و دەڵێت: ئەم وەڵام و چارەسەرەم بەدڵ نییە، بڕۆن دوای سێ مانگی دیکە وەرنەوە.
دوای سێ مانگ ڕیشسپی و خانەدان و پیاوماقووڵانی کالمۆکەکان دەچنەوە خزمەت میری مەزنیان. هەریەکەیان بۆچوون و پێشنیازی خۆیان بە میری مەزن دەڵێن، بەڵام میر بۆچوون و پێشنیازی کەسیانی بەدڵ نابێت. لە گەرمەی ئەم گفتوگۆ و ناڕەحەتییەدا میر سەیر دەکات لە کوچەیەکی دیوەخان کابرایەک خۆی گرمۆڵە کردووە و لێی دەچێتە پێش و پێی دەڵێت: تۆش دەڵێیت با زمانیان نەبڕین؟ ئەویش دەڵێت بەڵێ من لەگەڵ زمانبڕیندا نیم، میریش لێی دەپرسێت ئەی تۆ چی بە باش دەزانیت، کابراش دەڵێت: خانی گەورەمان با بچینە لای قیرغیزەکان، چونکە ئەوان دەمێکە چاوەڕوانیی ئاشتەوایی دەکەن، کە خان گوێی لەو گوتەیە دەبێت، ڕوو لە خەڵکەکەی دەکات و دەڵێت: لە ئەمڕۆ بەدواوە جەنگ کۆتایی هات و لەپێناو هیچ شتێکدا ناجەنگین و کەس ناکوژین.
ئەو چیرۆکە زۆر باڵکێشە و کاریگەریی زۆری لەسەر من بەجێهێشتووە.
ڕاوێژ و بۆچوونی جیاواز، بەڵام بەنرخ و پڕبەها، گوێنەدان بەزۆرینە و گوێگرتنی میر لە هەمووان. بەردەوامی شەڕ و کوشتار و ناکۆکی و زمانبڕینی نەتەوەکان و درێژەدان بەخوێنڕشتن، لەکاتێکدا دەیان دەرچە و دەرگا و پەنجەرەی جیاواز و بەرهەمدار هەیە، کە بەرهەمی ئەقڵ و ژێرییە. خوێندنەوەکانی ئەم چیرۆکە لە ڕوانگەی یەشار کەمال ئەوەیە، ئەگەر خەڵکی تورکیا بە قسەی پاشایان کردبایە، دەبوایە زمانی هەموو کوردانیان ببڕیبایە، بەڵام زمانیان نەبڕین، بەڵکو زمانیان لێ قەدەغەکردن.
بە بۆچوونی بەندە، ئەو چیرۆکە بەسەر نەتەوەکانی “عەرەب” و فارس” و “تورک”دا جێبەجێ دەبێت. زیاتر لە سەدان ساڵە ئەو نەتەوانە بەناوی جیا کورد دەکوژن و جینۆسایدی دەکەن و خاکەکەی لێ زەوت دەکەن و زمانەکەی یاساغ دەکەن، بەڵام ئەنجامەکە چی بوو؟ کورد و زمان و فەرهەنگەکەی لەناو نەچوون، بەڵکو بەرخودان و گیانفیدایی بەردەوام بوو، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش شۆڕش و بزووتنەوەکانی کوردستانیان لەناوبردبێت دواتر پاش ماوەیەک دووبارە شۆڕش و خەبات بۆ ماف و ئازادی و سەربەستی و کەرامەتی مرۆڤایەتی دەستی پێ کردووەتەوە.
بە بۆچوونی من خۆشیان لە ئەنجامدا هەر دۆڕاون، چونکە ئەوانیش سەرچاوەی مرۆیی و ئابووری و ئارامی و سەقامگیرییان لەدەستداوە و هەمیشە خاڵی لاوازیان هەبووە، دەوڵەتە بەرژەوەندیخوازەکان لە ڕێگەی ئەم خاڵەوە زەفەریان پێ بردوون. تا ئەمڕۆش پرسی کورد گەورەترین خاڵی لاوازی دەوڵەتەکانی “تورکیا” و “سووریا” و “عێراق” و “ئێران”ـە. چونکە ئەو دەوڵەتانە نکۆڵی لە ڕاستی و مێژوو و مافی نەتەوەی کورد لەسەر خاکەکەی دەکەن.
ئەم چیرۆکە بۆ نەتەوەی کورد و ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و هەرێمی زۆر کاریگەرە.
لە هەر چوار پارچەی کوردستان لەگەڵ یەکتردا ناکۆک و ناتەباین، مانفێستێکی هاوبەشمان نییە لەسەر مافە نەتەوەییەکانمان، لە هەر پارچەیەکی ئەم نیشتمانە لەگەڵ یەکتردا ناکۆک و ناتەباین و بۆ ماوەی سەد ساڵە سوودمان لە هەڵە و ئەزموونەکانمان وەرنەگرتووە.
پێم وایە ئەگەر یەشار کەمال ئەمڕۆ لەناوماندا بووایە، هەمان چیرۆکی بۆ هەموو سەرکردایەتی و هێزە سیاسییە کوردییەکان دەگێڕایەوە، بۆ ئەوەی بیریان بخاتەوە، کە هەریەک لە ڕاوێژ و ئاشتی و هاوبەشی لە هەموو جەنگ و ناکۆکییەکان بەهێزترن.
ئەو چیرۆکە لەئێستادا بۆ باشووری کوردستانیش زۆر باڵکێش و کاریگەرە، هەست دەکەم ئەگەر یەشار کەمال لەناوماندا بووایە لەو بارودۆخە زۆر نیگەران دەبوو، دڵنیام لە ڕێگەی نامەیەکی تایبەتەوە پەیامی خۆی دەنارد بۆ ڕای گشتی و سەرکردایەتی کورد بەتایبەتی لە باشووری کوردستان، وە بەتایبەتی ڕووی دەمی دەکردە “مەسعود بارزانی”، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، و “بافڵ تاڵەبانی”، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان. لە نامەکەشیدا دەقی حیکمەتی ئەو چیرۆکەی بۆ دەنووسینەوە و پێی دەگوتن: ئەگەر “مام جەلال تاڵەبانی” و “مەلا مستەفا بارزانی” زیندووبوونایە ئەو بارودۆخەی ئێستایان بەدڵ نەدەبوو”، چونکە مێژوو فێری کردووین، کە ڕاوێژ و ئاشتی هەمیشە لە جەنگ و ناکۆکی و خۆخۆری باشترن.



