سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

مامۆستا لەنێوان دەستەڵاتی ڕەمزی و لاداندا

دوو هەفتەیەک لەمەوبەر بابەتێکم بڵاوکردەوە بە ناونیشانی “بەکاڵاکردنی ئایین”، برادەرێک لە شێوەی ڕەخنەدا بۆمی نوسیبوو؛ ئەی بەکاڵاکردنی زانست؟ بۆیە بەلامەوە گرنگبوو، لەو کورتە نوسینەدا شڕۆڤەیەکی کورت بۆ مامۆستا وەکو دەستەڵاتێکی ڕەمزیی بکەم، بەتایبەتیش لە زانکۆ و ناوەندەکانی ئەکادیمیاکاندا.

لەو بارەیەوە تیۆرییەکمان هەیە بەناوی “دەستەڵاتی ڕەمزی” (Symbolic Power) و لە داهێنانی کۆمەڵناسی فەرەنسی “پیێر بۆردیۆ”یە، کە یەکێکە لە بیرمەندە گەورەکانی بواری کۆمەڵناسی لە فەڕەنسا. لە ڕووانگەی “بۆردیۆ”دا دەستەڵات تەنها هێزی سەربازی و یاسایی و ئابووری نییە، جۆرە دەستەڵاتێکی دیکەش هەیە مەجازییە و نەبیندراوە، زۆرجار لە هێزی فیزیکی و سەربازی بەهێزترە و بریتییە لەو توانایەی، کە وا لە خەڵك دەکات بە ئارەزووی خۆیان و بەبێ بەکارهێنانی زەبروزەنگ گوێڕایەڵی کەسێک یان دەزگایەک ببن، تەنها لەبەرئەوەی پێگەکەی بە “شەرعی” و “پیرۆز” یاخود “باڵا” تەماشا دەکرێت.

لێرەدا ئەو دەسـەڵاتە ڕەمزییە زۆر مەترسیدارترە لە دەستەڵاتی فیزیکی، چونکە لەلایەک متمانە و شەرعییەتی تێدەکەوێت و مرۆڤەکان ڕێز لەخاوەن دەستەڵاتێکی ڕەمزی دەگرن، لەوانەش “زانا و پیاوی ئایینی و مامۆستا بەگشتی” لە زانکۆ بێت یا لە قوتابخانە، هەروەها پزیشک و پارێزەر و ..هتد. هەموو ئەوانەش بە شێوە و ڕێژەی جیاواز دەستەڵاتێکی ڕەمزییان هەیە، کە دەورەدراوە بە پیرۆزیی، بەتایبەتی پیاوی ئایینی و مامۆستایان. ئینجا مامۆستای زانکۆیە، یان پیاوی ئایینییە. ئەو پێگە ڕەمزییەی خۆی بەکارهێنا بۆ سەپاندنی بیرۆکەیەک، یان قۆستنەوەی بەرامبەرەکەی. لەو حاڵەتەشدا کەسی “قوربانی”یەکە بەهۆی تێڕوانینی کۆمەڵگەوە ناوێرێت دژایەتی بکات، لێرەدا توندوتیژی ڕەمزی ڕوودەدات، چونکە لە بنەڕەتدا قوربانییەکە وەکو بەشێک لە حەشامات بەشداربووە لە سەپاندنی ئەو دەستەڵاتە ڕەمزییەی بەسەر خۆی و کۆمەڵگەدا و واڕاهێندراوە پیرۆزە و نابێت دژایەتی بکرێت. زۆرجار دژایەتی پیاوی ئایینی دەبەسترێتەوە بە دژیایەتیکردنی خودی ئایین، ئەمەش پەیوەندی بە کۆکردنەوەی ئەو سەرمایەوە هەیە، کە بریتییە لە ڕەزامەندی خودا و ناوبانگی باش و بڕوانامەی باڵا و پێگەی ئایینی و ڕێزی کۆمەڵایەتی. هەر کاتێک ئەو سەرمایە بەدەستهات، دەتواندرێت کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و ڕەفتاری تاکەکانی کۆمەڵگە دابندرێت.

لە دۆخێکی وەهادا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاوەن سەرمایە ڕەمزییەکان شتێک هەیە پێی دەگوترێت “بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی پیشەیی”. پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی لە ڕووی هێزەوە پەیوەندییەکی نایەکسانە. مامۆستا دەستەڵاتی زیادکردنی نمرە و سەرکەوتن و هەڵسەنگاندنی بەدەستە، ئەمەش وادەکات قوتابی لە پێگەیەکی لاوازدا بمێنێتەوە. بۆ ڕاگرتنی ئەو پەیوەندییە لە سنوورێکی بەرپرسیارانەدا چەند پرەنسیپ و بنەمایەکی بنەڕەتی هەن، دەبێت بپارێزرێن و پەیڕەو بکرێن:

یەکەم: بنەمای سنووری پیشەییبوون. ئەمە هێڵە سوورەکەیە بۆ مامۆستایان، بەتایبەتیش مامۆستای زانکۆ و ئامادەییەکان دەبێت بەتەواوی جیاکاری بکەن لەنێوان پێگەی پیشەیی خۆیان و ژیانی تایبەتییان. لێرەدا هەر جۆرە پەیوەندییەکی شەخسی و تایبەت، وەکو چاتکردنی شەوانە، یان کۆبوونەوەی دەرەوەی چوارچێوەی ئەکادیمی (بێ کات و هۆکاری فەرمی)  بەزاندنی ئەم سنوورەیە. هەروەها زمانی ئاخاوتن و بەکارهێنانی دەستەواژەی سۆزدارانە، یان نزیکبوونەوەی ناپێویست سەرەتای لادانە لە ئەخلاقی پیشەیی.

دووەم: بنەمای بێلایەنی و دادپەروەری. مامۆستا نابێت هیچ جۆرە ئارەزوو و بەرژەوەندی، یان سۆزێکی شەخسی تێکەڵ بە پڕۆسەی خوێندنی قوتابییان بکات. هەڵسەنگاندنی قوتابی دەبێت تەنها لەسەر بنەمای توانای ئەکادیمی بێت، نەک ئاستی نزیکایەتی یان وەڵامدانەوەی قوتابی بۆ داواکارییەکانی مامۆستا. هەر جۆرە هەڵسنگاندنێک لە دەرەوەی پیشەییبووندا، دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

سێیەم: بنەمای متمانە و پاراستنی پێگە. لە زانستی یاسا و ئەخلاقدا ئەو بەرپرسیارێتییەیە، کە کەسی خاوەن دەستەڵات (مامۆستا) بەرانبەر کەسی لاواز (قوتابی) هەیەتی. دایک و باوکی قوتابی و قوتابی متمانەیان بە مامۆستا و زانکۆ و قوتابخانەکە کردووە، بۆیە بێ دەربەستن لەوەی کە کاری خۆیان بە پیشەیی و پاکی ئەنجام دەدەن. ئەرکی مامۆستا فێرکردنە و لێرەدا متمانەیەکی تەواو هەیە، نەک بۆ ئەوەی بخرێنە ژێر فشاری دەروونی یان بقۆزرێنەوە. بەڵکو شکاندنی ئەو متمانەیە گەورترین خیانەت و ناپاکی ئەکادیمییە.

چوارەم: بنەمای شەفافییەت لە گەیاندندا. هەر جۆرە ڕێنمایی و ڕاوێژکاریێک، یان گفتوگۆی ئەکادیمی لەنێوان مامۆستا و خوێندکار دەبێت لە شوێنێکی فەرمیدا بێت، وەکو ژووری مامۆستا  لەکاتی دەوامی فەرمیدا، یان لە ڕێگەی ئیمێڵی فەرمی زانکۆوە بێت. شاردنەوەی گفتوگۆکان یان گواستنەوەیان بۆ فەزای تایبەت، یەکەم ئاماژەی مەترسیدارە و دەبێت مامۆستا بەهەموو شێوەیەک  لێی دوور بکەوێتەوە. لە حاڵەتی ئاشکرابوونیشدا، ئەگەر هیچیش نەقەومابێت  دەبێت ڕێگری لێبکرێت.

پێنجەم: بنەمای لێپرسینەوە و چاودێری. سیستمی بواری ئەکادیمیا دەبێت میکانیزمێکی ڕوون و سەربەخۆی هەبێت بۆ سکاڵای قوتابییان، بەبێ ئەوەی بترسن لە تۆڵەسەندنەوە وەکو کەمکردنەوەی نمرە یان دەرکردن. ئەگەر مامۆستا بزانێت چاوێکی چاودێر هەیە و سزا دەدرێت، هێز و توانای ڕەمزیی خۆی بۆ مەبەستی خراپ بەکار ناهێنێت.

لێرەدا ئەگەر کەسێک لەیەک کاتدا کەسایەتییەکی ئایینی هەبێت و هەم مامۆستای زانکۆ بێت، کۆمەڵگە متمانەیەکی کوێرانەی پێدەکات، ئەمەش وادەکات قوربانییەکە (قوتابی) بۆ ماویەکی درێژ نەوێرن دەنگ هەڵبڕن، چونکە دەترسن کۆمەڵگە بڕوایان پێ نەکات و تۆمەتبار بکرێن بە تۆمەتی ناڕەوا و قۆستنەوەی دەستەڵاتی ڕەمزی. تۆمەتەکانیش جۆراوجۆرن، لەوانەش بێ حورمەتی بە مامۆستا و دژە ئایین و بەرەڵایی، وەکو ئەوەی هەندێک کەس لە ئابرچوووونەکەی ئەم دواییانەی مەلا “عەبدولـلەتیف سەلەفی” بەرپرسیارێتیی زیاترییان خستبووە ئەستۆی قوتابییەکان.

لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بەتایبەتی ئەوڕوپا و ئەمریکای باکوور، پەیوەندی سۆزداری یان سێکسی لەنێوان مامۆستا و قوتابی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا بە توندی ڕێکخراوە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە تەواوەتی قەدەغەکراوە، تەنانەت ئەگەر قوتابییەکە لە قۆناغی زانکۆشدا بێت و تەمەنی یاسایی لە سەرووی (18) ساڵیشدا بێت. لە وڵاتە زۆر توندەکانی وەک سیستەمی نۆردیک و ئەنگلۆ ساکسۆن، لەوانەش بەریتانیا بەتایبەتیش لە “ئۆکسفۆرد و کۆلێژی زانکۆی لەندەن” یاسای زۆر توندیان دەرکردووە سەبارەت بە پەیوەندی سۆزداری نێوان مامۆستا و ئەو قوتابییەی کە ڕاستەوخۆ لەلایەن مامۆستاوە سەرپەرشتی دەکرێت، یان وانەیان پێدەڵێتەوە بەتەواوەتی قەدەغەیە. ئەگەر مامۆستایەک پێشوەختە پەیوەندییەکەی ڕانەگەیەنێت سەرپەرشتیارێتییەکەی لێوەردەگیرێتەوە و ڕاستەوخۆ دەردەکرێت. لەم بارەیەوەش سیستمی خوێندن لە ئەمریکا و کەنەداش توندترینن. زۆربەی زانکۆکان یاسای قەدەغەکردنی ڕەها (Consensual Relationship Policies) پەیڕەو دەکەن. لە ئەمریکا هەر جۆرە پەیوەندییەک بە سەرپێچییەکی ئەخلاقی پیشەیی گەورە لە قەڵەم دەدرێت، مامۆستایەکەش دەردەکرێت و ناوی دەخرێتە لیستی ڕەشەوە.

هۆکارەکانی پشت ئەو قەدەغەکردنەش بریتین لە “نەبوونی ڕەزامەندی ڕاستەقینە”، چونکە مامۆستا دەستەڵاتێکی ڕەمزی هەیە و قوتابی هەمیشە لەژێر فشارێکی نەبیندراو دایە، تەنانەت ئەگەر قوتابییەکەش بلێت من بە ڕەزامەندی خۆم لەو پەیوەندییە دام، یاسا بە ڕەزامەندییەکی تەواو و ئازادانەی دانانێت و هەژماری ناکات، چونکە ترسی زیانلێکەوتنی ئەکادیمی لەپشتەوەیە. لێرەشدا نایەکسانی هێز دێتە پێشەوە. ئەرکی مامۆستا لە هەڵسەنگاندندا بێلایەنییە. کە پەیوەندی سۆزداری دروست دەبێت، ئەو بێلایەنییە نامێنێت و زیان بە بنەمای “دادپەروەری” دەگەیەنێت. ئینجا لاوازبوونی ژینگەی دڵنیایی ئەکادیمی و زیانکەوتن بە ئارامیی ناو زانکۆ. لە حاڵەتی دروستبوونی پەیوەندی سۆزداری ژینگەی زانکۆ لە فەزایەکی زانستییەوە دەگۆڕێت بۆ فەزای ڕاوکردن و سێکس. ئەمەش کەڕامەتی قوتابی دەخاتە مەترسی. لەپاڵ هەموو ئەوانەشدا کەڕامەتی پیشەیی زیانێکی بنچینەیی پێدەگات، چونکە مامۆستایەتی پێگەیەکی سپێردراوە بە متمانە، کە مامۆستا ئەو متمانەیە بقۆزێتەوە بۆ تێرکردنی ئارەزووی تایبەت، کەرامەت و ناوبانگی تەواوی دەزگا ئەکادیمییەکە لەکەدار دەبێت.

لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، هۆشیارییەکە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە دەڵێن بەرپرسیارێتی پاراستنی سنوورەکان هەمیشە لەسەر شانی کەسی خاوەن دەستەڵاتە، کە مامۆستایە نەک قوتابی. واتە ئەگەر پەیوەندییەکەش دروست بکرێت، تەنها مامۆستاکە سزا دەدرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، چونکە ئەو لایەنە پێگەیشتوو و خاوەن بڕیارەکەیە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO