سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

تەعریبی ئارەزوومەندانە

مەجید ساڵح

لە مێژووی هزری سیاسیدا، دووجۆر داگیرکردن هەیە “داگیرکردنی ڕاستەوخۆ و داگیرکردنی ناڕاستەوخۆ”. لە یەکەمیان پشت بە سەرباز، تانک و حوکمڕانییەکی سەربازیی توند دەبەستێت، ئەمیان غیرەتی گەلی داگیرکراو دەجووڵێنێت و ڕیزەکانی لە پێناو بەرگریی یەکدەخات (وەک ئەوەی کورد بۆ چەندین دەیە لە دژی پەلامارەکانی تەعریب و ئەنفال کردی). دووەمیان، بە شێوازێکی شاراوە و لەژێر عەبای ئابووری، ڕێککەوتنەکانی پشتی پەردە و یاریکردن بە پەتەکانی ناکۆکیی ناوخۆیی دێتە کایەوە. ئەم “داگیرکارییە نەرمە” گەلی داگرکراو سەرگەردان دەکات، ئاراستەی بەرگریکردن تێک دەدات، و وای لێ دەکات لە وەهمدا بژی، لە کاتێکدا سەروەریی ڕاستەقینە و تایبەتمەندیی نەتەوەیی بە بێدەنگی لێیان زەوت دەکرێت.

ئەگەر بمانەوێت ئەم چەمکە بخەینە سەر واقیعی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، بەرجەستەکردنێکی زیندوو و فێڵبازانەی کۆنتڕۆڵی ناڕاستەوخۆ دەبینین لە لایەن بەغدا، ئەم کارە تەنیا بە بڕینی بوودجە و مووچەی فەرمانبەران ناوەستێت، بەڵکو دەگاتە قووڵایی “هاوکێشەی دیمۆگرافی” و جوگرافیای هەرێمەکە.

ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان شاهیدی “شاڵاوێکی” گەورە و بێپێشینەی کۆچی خێزانە عەرەبەکانە کە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق‌ـەوە بۆ نیشتەجێبوونی هەمیشەیی و کڕینی خانووبەرە و زەویوزار ڕوو لە کوردستان دەکەن. ئەم بابەتە ئیتر تەنیا “گەشتوگوزار” یان “ئاوارەیی کاتیی” نییە بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە وەک ئەوەی لە سەردەمی شەڕی داعش دا ڕوویدا، بەڵکو بووەتە نیشتەجێبوونێکی هەمیشەیی کە هێزی پارە و ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی لە ناوەڕاست و باشووردا نییە، لەگەڵ گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتردا بزووێنەریەتی.

ئاساییە عەرەبەکان بەدوای ژینگەیەکی ئارامدا بگەڕێن، بەڵام زۆر نائاساییە و بگرە جێگەی گومانە دەسەڵاتدارانی کورد و دوو پارتە دەسەڵاتدارەکە لەمەدا بێدەنگن، بگەرە “چاوپۆشی” لێ دەکەن . ئەم دەسەڵاتدارانەی کە لە مێژوودا جەنگی سەختیان دژی سیاسەتەکانی “تەعریبی زۆرەملێ” دەکرد کە لە بەغداوە بە ئاگر و ئاسن دەیسەپاند، پێدەچێت ئەمڕۆ لەبەردەم “تەعریبی ئارەزوومەندانە” یان ئابووریدا تەسلیم بووبێتن – تەنانەت سوودمەندیش بن.

بۆچی دەسەڵاتداران چاوپۆشی دەکەن؟ وەڵامەکە لە بەرژەوەندیی بژاردەی (نوخبەی) سیاسی و بازرگانیی گرێدراو بە دەسەڵاتەوە خۆی دەبینێتەوە. ئەو پارە عەرەبییەی کە دەڕژێتە هەرێمەوە، کەرتی گەورەی خانووبەرە دەبووژێنێتەوە کە دەستڕۆیشتووەکان خاوەندارێتی دەکەن و بازاڕە ئازادەکان و پڕۆژە وەبەرهێنانەکان گەشە پێ دەدات، کە ملیۆنان دۆلار دەخاتە باخەڵی چینێکی دیاریکراوەوە. لە کاتێکدا هاووڵاتیی ئاسایی کورد بەدەست قەیرانی خنکێنەری مووچە و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانەوە دەناڵێنێت، بە جۆرێک کە تەنانەت ناتوانێت شوقەیەک لە شارەکەی خۆیدا بکڕێت.

ئەم گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە بێدەنگە، جەوهەری “کۆنتڕۆڵی ناڕاستەوخۆ” نیشان دەدات؛ بەغدا و داگیرکەرەکانی دیکە چیتر پێویستیان بە ناردنی هێزی سەربازی نییە بۆ داگیرکردنی شارەکانی هەرێم و گۆڕینی ناسنامەکەی – چونکە ئەگەر هه‌نگاوێکی لەو شێوەیە ڕوویدا با، دەبووە هۆی شۆڕشێکی چەکداریی دەستبەجێ و دروستبوونی شۆڕشێکی نوێ لە چیاکاندا. لە جیاتی ئەوە، تایبەتمەندیی نەتەوەیی و جوگرافیی هەرێمەکە لە ڕێگەی میکانیزمەکانی بازاڕەوە دەتوێندرێتەوە، ئەویش بە پێدانی شەرعیەت لەلایەن دەسەڵاتێکی خۆماڵییەوە کە ناکۆکییە ناوخۆییەکان (پارتی و یەکێتی) لاوازیان کردووە و وایان کردووە بۆ مانەوەی خۆیان پشت بە دەرەوە ببەستن.

مەترسییەکە لێرەدا لە “سەرگەردانی و نەمانی گیانی بەرگری” لە لایەن شەقامی کوردییەوە خۆی دەبینێتەوە. لە ڕابردوودا، دوژمن ڕوون بوو، جلی سەربازیی دەپۆشی و ئاڵایەکی بێگانەی بەرز دەکردەوە، بۆیە بەرگریکردن ئەرکێکی پیرۆز و پێویست بوو. بەڵام ئەمڕۆ، هاووڵاتیی کورد داوای ماف لە کێ بکات؟ ئایا ڕووبەڕووی خێزانێکی عەرەب ببێتەوە کە بە پارەی خۆی و بەپێی یاسا خانووێکی کڕیوە؟ یان دژی ئەو وەبەرهێنەرە کوردە بوەستێتەوە کە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی دروست کردووە؟ یان خۆپێشاندان دژی حکومەتەکەی خۆی بکات کە نەتەوەکەی برسی دەکات و باخەڵی گەندەڵکاران دەوڵەمەند دەکات؟

سڕینەوەی ناسنامەی ڕووناکبیریی و زمانەوانی لە شەقام و بازاڕەکانی هەولێر و سلێمانی و گۆڕانی قۆناغ بە قۆناغی کورد بۆ “کەمینە” یان “هاوبەشێکی یەکسان” لە شارە مێژووییەکانی خۆیاندا لەژێر ناونیشانی وەبەرهێنان و کرانەوەدا، دەرئەنجامی حەتمیی داگیرکاریی ناڕاستەوخۆیە. ئەمە داگیرکارییەکە کە یەک فیشەکیش ناتەقێنێت، بەڵام لە کۆتاییدا هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسیی کوردستان لە ناوخۆیەوە مسۆگەر دەکات و “خەونی نەتەوەیی” دەگۆڕێت بۆ تەنیا یادەوەری کە بە دیوارەکانی چایخانەکانەوە هەڵواسراون. لە کاتێکدا واقیعی سەر زەوی لەلایەن سەرمایە و هەژموونێکەوە دەنووسرێتەوە کە لە دەرەوەی سنوورەکانەوە دێت، بە بێئاگایی یان سازشی پاسەوانانی ماڵەکە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO