ئاریان ڕەئوف و ڕێبوار ڕەئوف
پێشەکی
ئەم بابەتە شیکردنەوەیەکی ستراتیجییە بۆ ئەو مەترسییە بوونییانەی ڕووبەڕووی قەوارەی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە لەسایەی سێ گۆڕانکاری سەرەکیدا، کە بریتین لە وەرچەرخانی سیستەمی جیهانی بەرەو فرەجەمسەری و گۆڕانی دیدگای ئەمریکا لە ئیدارەی دووەمی دۆناڵد ترەمپ دا بەرەو دەوڵەت-تەوەرەیی و چەقبەستوویی سیاسی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
بابەتەکە دەری دەخات، کە پارتی لە ڕێگەی سیاسەتی تاکڕەوی و یەکێتیی لە ڕێگەی پەنابردن بۆ بەغدا، هەردوولا بەبێ مەبەست پڕۆسەی هەڵوەشانەوەی دەستووریی هەرێم خێرا دەکەن. بۆ ڕێگریکردن لەم داڕمانە بابەتەکە دوو پێشنیاری سەرەکی دەخاتەڕوو: یەکەم: پەیڕەوکردنی مۆدێلی دابەشکردنی خولی دەسەڵات بۆ ماوەی دوو ساڵ بە دوو ساڵ. دووەم: پێکهێنانی حکومەتێکی تێپەڕاندنی قەیران بە کاندیدێکی تەوافوقی نیشتمانی. ئامانجی کۆتایی ئەم دوو نەخشەڕێگەیە گواستنەوەی هەرێمە لە بارگرانییەکی سیاسییەوە بۆ هاوبەشێکی سەقامگیر لە دیدی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
ئەمە یەکەمجار نییە و ئێمەش یەکەم کەس نین، هۆشداری بدەین کە مانەوەى قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسییەکی بوونیی دایە، بەڵام هۆشدارییەکان چیدی گوتارێکی سیاسیی ئاسایی نین بۆ ترساندن، بەڵکو گوزارشت لە ڕاستییەکی تاڵ دەکەن، کە لە ئەنجامی یەکگرتنی سێ گۆڕانکاریی بنەڕەتی هاتۆتە ئاراوە:
یەکەم: وەرچەرخانی ڕیشەیی سیستەمی جیهانی بەرەو فرەجەمسەری.
دووەم: گۆڕانی تێڕوانینەکانی واشنتن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانی ستراتیجیی هێزە هەرێمییەکان و هەوڵی بەغدا بۆ سەپاندنەوەی مەرکەزییەتێکی ڕەها.
سێیەم: چەقبەستوویی سیاسیی ناوخۆیی و درزی نێوان جەمسەرەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا بۆ چەندین دەیە چەترێکی پاراستنی نێودەوڵەتی فراوانی هەبوو، لەئێستاشدا لەبەردەم لێوارێکی مەترسیدار دایە، کە ڕەنگە بۆ یەکەمجار مەرگی سیاسی لێ بکەوێتەوە. ئەم مەترسییە تەنها دەرەنجامی فشارە دەرەکییەکان نییە، بەڵکو بەرەنجامی نەخوێندنەوەی دروست و تێنەگەیشتنی نوخبەی حوکمڕانە لەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە لە سیستەمی جیهانی و هاوکێشە هەرێمییەکان و ناوخۆی عێراق دا ڕوودەدەن. ئەم بابەتە هەوڵدەدات لە ڕێگەی شیکردنەوەی ئەم ڕەهەندانە مەترسییەکان پۆلێن بکات و وێنەیەکی ڕوون بۆ ئایندەی قەوارەی هەرێم لەنێوان مانەوە و داڕماندا بکێشێت.
ئەمە بەشێکە لە بابەتێکی(شێرکۆ کرمانج)کە لە ماڵپەڕی سەکۆ بڵاوبۆتەوە، بۆ تەواوی بابەتەکە کرتەی گەیەنەر لە کۆمێنتی یەکەم بکە.
گۆڕانی سیستەمی جیهانی
بەپێ ڕەهەندی نێودەوڵەتی جیهان لە قۆناغێکی تێپەڕینی قووڵدایە بەرەو سیستەمێکی فرەجەمسەری. ئەو سیستەمە جیهانییەی کە دوای ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات و کۆتایی “جەنگی سارد” (سەردەمی تاک جەمسەریی ئەمریکا) هاتە کایەوە، ئەو فەزا زێڕینە بوو، کە تێیدا کورد توانی ببێتە خاوەن قەوارەیەکی سیاسی و دەستووری وەک بکەرێکی نێودەوڵەتیی کاریگەر لەلایەن واشنتن و پایتەختەکانی ئەوروپا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بەڵام ئەو سیستەمە جێگەی خۆی بۆ ڕیالیزمێکی نوێ چۆڵکردووە، کە تێیدا پێناسەی بەرژەوەندییەکان گۆڕانی ڕادیکاڵیان بەسەردا هاتووە.
هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا و تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئەوروپا و ئەمریکا لەو ململانێیەدا، بووەتە هۆی ئەوەی سەنتەری گرنگیپێدانی ستراتیجیی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ململانێی زلهێزەکان بگوێزرێتەوە. هەرەوەها لەدوای “تەوەفانی ئەقسا” و لاوازبوونی ئێران لەدوای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ بایەخدان بە بکەرە نێودەوڵەتییەکان پاشەکشەی کردووە و دەوڵەتەکان جارێکی تر بوونەتەوە بە چەقی مامەڵە دیپلۆماسییەکان.
لەم چوارچێوەیەدا پارێزبەندە نێودەوڵەتییەکانی پێشوو بۆ هەرێمی کوردستان خەریکە دەپووکێنەوە. ڕۆژئاوا چیدی ئامادە نییە بە هەمان نەفەسی ساڵانی نەوەدەکان و دوای ٢٠٠٣ تێچووی پاراستنی هەرێمێک بگرێتە ئەستۆ، کە خۆی لەناو خۆیدا نەتوانێت سەقامگیری و یەکگرتوویی بەرهەم بهێنێت. بە واتایەکی تر، لەسایەی ئەم سیستەمە نوێیەدا، مانەوەی قەوارەی هەرێم چیتر پابەند نییە بە بەها ئەخلاقییە نێودەوڵەتییەکان، کە زیاتر لیبراڵەکان گرنگی پێ دەدەن، بەڵکو ڕاستەوخۆ وابەستەیە بە توانای کورد بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی و گونجاندنی خۆی لەگەڵ واقیعی نوێی هێز لە ناوچەکەدا.
وەرچەرخانی ستراتیجیی واشنتن و پێگەی هەرێمی کوردستان
لەگەڵ دەستپێکردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پارادایمی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دا بەدی دەکرێت، کە ئەویش گواستنەوەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بکەرە نادەوڵەتییەکان بۆ جەختکردنەوە لەسەر “دەوڵەت-تەوەرەیی” (state- centrism). ئەم پارادایمە نوێیە لەسەر بنەمای پەراوێزخستنی بکەرە نادەوڵەتییەکان و هەرێمە نیمچە سەربەخۆکان داڕێژراوە، لەم چوارچێوەیەدا واشنتن بۆ زامنکردنی سەقامگیریی ئابووری و پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی مەیلی بۆ بەهێزکردنەوەی مەرکەزییەتی بەغدا لەسەر حیسابی قەوارەی هەرێم زیاد کردووە.
لە نێوەندی ئەم گۆڕانکارییەدا “تۆم باراک” وەک ئەندازیارێکی کاریگەر و خاوەن دیدگایەکی هاوشێوەی “کیسنجەر” بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەردەکەوێت. باراک داکۆکیکارێکی سەرسەختی پاراستنی سەروەریی دەوڵەت-نەتەوەکان و چەسپاندنی مەرکەزیەتە. بەوپێیەی ئەم مۆدێلە بە گونجاوترین ڕێگە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێت. ئەم تێڕوانینە تەواو تەریبە لەگەڵ پراگماتیزمی بازرگانیی ترەمپ، کە تێیدا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای تێچوو و دەستکەوت هەڵدەسەنگێندرێن. لێرەدا هەرێمی کوردستان ئەگەر نەتوانێت وەک یەکەیەکی سیاسیی یەکگرتوو و کاریگەر خۆی ڕێک بخات، لە دیدی واشنتنـەوە لە هاوبەشێکی ستراتیجییەوە دەبێتە بارگرانییەکی سیاسیی.
هاوکات گۆڕانی هاوسەنگی هێز لەدوای پەرەسەندنی ململانێیەکانی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، گورزێکی کوشندەی لەو مانۆڕە دیپلۆماسییەدا، کە پێشتر کورد لەنێوان جەمسەرە دژبەیەکەکاندا دەی کرد. لەئێستادا هێزە سیاسییەکانی عێراق و میلیشیاکان خۆیان ڕۆڵی ئەو هاوسەنگیکردنە بۆ واشنتن دەگێڕن. ئەمەش پانتایی یاریی سیاسی بۆ هەرێم تەسکتر کردووەتەوە. پاشەکشەی هەژموونی ئێران فەزایەکی فراوانتری بۆ دەسەڵاتی ناوەندیی بەغدا و هەژموونی تورکیا ڕەخساندووە، ئەم دوو جەمسەرەش لە دژایەتیکردنی قەوارە نادەوڵەتییەکان خاوەن دیدگایەکی هاوبەشن، هەرێمی کوردستانیان خستووەتە نێوان بەرداشی بەرژەوەندییە ناسیۆنالیستی و هەرێمییەکانی خۆیانەوە.
لەلایەکی تریشەوە دوور نییە ئەمریکا لەم ستراتیجە نوێیەی ناوچەکەدا بیەوێت هێزە کوردستانییەکان بەتایبەتی هێزە کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستان پشتگوێ بخات، یاخود بەیەکجاری کۆتایی بە ڕۆڵەکەیان بهێنێت، چونکە لە ماوەى ڕابردوودا بۆ پرسی سووریا ئیدارەی ترەمپ کوردی وەک لەمپەڕ لەبەردەم بەرنامەکانی بنیادنانەوەی دەوڵەتدا دەبینی. هەروەها، لە جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێران، ترەمپ کوردی وەک لەمپەڕ لەبەردەم بەرنامەکانی پێناسە کردووە.
پارتی، تەڵەی هێزی ڕەها و ئاڵەنگارییەکانی خوێندنەوەی واقیع
لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤، کەوتووەتە ناو جۆرێک لە کورتپێهێنانی ترسناک لە هەڵسەنگاندنی هێزدا. پارتی بەجۆرێک مامەڵە دەکات وەکو ئەوەی بتوانێت هەمان ئەو مۆدێلە لە پەراوێزخستن کە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی و بێچەک وەک “گۆڕان” و “لایەنە ئیسلامییەکان لەڕابردوودا پەیڕەوی دەکرد، بەرامبەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانجێبەجێ بکات. ئەم تێڕوانینە گوزارشت لە دابڕانێکی گەورە دەکات لە ناسینی هاوکێشە نوێیەکان و گۆڕانی سروشتی ململانێکان.
پارتی لە خوێندنەوەی پێگەی ئێستای یەکێتی دا تووشی هەڵە تێگەیشتن بووە، چونکە یەکێتیی تەنیا ڕکابەرێکی سیاسی نییە بە ژمارەى کورسی مامەڵەى ڕەهای لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو بکەرێکە کە خاوەنی هێزی چەکدار و جوگرافیایەکی سیاسیی دیاریکراوە و پەیوەندییەکی کاریگەری لەگەڵ ناوەندی بڕیار لە بەغدا و هێزە ئیقلیمییەکان و نێودەوڵەتییەکاندا هەیە. سووربوونی پارتی لەسەر مۆدێلی قۆرخکاریی دەسەڵات و تەماشاکردنی یەکێتیی وەکو خاوەن کورسی کەم وای کردووە یەکێتیی ستراتیجییەتی پەکخستنی پێکهێنانی حکومەت و سەقفی بەرزی داواکارییەکان و بەکارهێنانی بەغدا وەک فشار بگرێتە بەر. ئەمەش “چەقبەستوویی سیاسیی” و “پاشەکشەى سیاسی” هەرێمی کوردستانی هێناوەتە کایەوە.
ئەمەش کاریگەرى هەبووە لەوەى ڕەهەندی هەرێمیی و پەیوەندییەکان لەگەڵ ناوەنددا گۆڕانیان بەسەردا بێت. بەمەش پارتی ڕووبەڕووی پاشەکشەیەکی گەورە بووەتەوە. ئەگەر لە قۆناغی پێش ٢٠١٧دا پارتی بەهۆی هاوبەشیی و پاڵپشتیی یەکێتیی لە بەغدا خاوەن پێگەیەکی بەهێز بووبێت، ئەوا لەئێستادا بەهۆی نەمانی ئەو هەماهەنگییەی لەگەڵ یەکێتیی و گۆڕانی هاوکێشە هەرێمییەکان پێگەی پارتی لە بەغدا بەتەواوەتی لاوازبووە و بەرەو پەراوێزخستن چووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکێتیی توانیویەتی پێگەی خۆی لە ناوەندی بڕیاری عێراق دا بەهێزتر بکات و ببێتە کلیلێکی سەرەکی بۆ هاوکێشەکان.
هاوکات یەکێتیی تەنیا لە ئاستی دەرەکی و بەغدا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکو لەسەر ئاستی ناوخۆش توانیویەتی جۆرێک لە جەمسەرگیریی دژی پارتی دروست بکات. کێشکردنی بەشێک لە هێزە سیاسییە ناڕازییەکان بەلای خۆیدا و دروستکردنی هاوپەیمانیی ناڕاستەوخۆ وای کردووە پێگەی یەکێتیی لە پەرلەمانی کوردستان دا وەک بەرەیەکی فراوانتر لە قەبارەی حیزبیی خۆی دەربکەوێت.
دەرەنجامی ئەم گرژییانە تەنیا قەیرانێکی ناوخۆیی سادە نییە، بەڵکو لاوازکردنی پێگەی دیپلۆماسی و سیاسیی هەرێمی کوردستانە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. بەردەوامیی ئەم مۆدێلە لە تێڕوانینی پارتی بۆ دەسەڵات نەک هەر ڕێککەوتنی زیاتری هەولێر لە بەغدا و ناوچەکەی لێ دەکەوێتەوە، بەڵکو هەرێمی کوردستان بەگشتی بەرەو بنەبەستێکی قووڵ بردووە، کە دەرچوون لێی پێویستی بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە عەقڵییەتی حوکمڕانی هەیە.
یەکێتیی، فشار لە ڕێگەی ناوەند و تێچووە ستراتیجییەکانی
لەلایەکی دیکەی هاوکێشەکەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ستراتیجییەتی خۆی لەسەر بنەمای بەرزکردنەوەی سەقفی داواکارییەکان و پەنابردن بۆ بەغدا وەک کارتێکی فشار بەرامبەر پارتی داڕشتووە. یەکێتیی وا گریمانە دەکات، کە لە ڕێگەی بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوەند دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە ناوخۆی هەرێم بگۆڕێت و پارتی ناچار بە پاشەکشە بکات. بەڵام ئەم تێڕوانینە لە ڕووانگەیەکی زانستییەوە تووشی جۆرێک لە هەڵە خوێندنەوەى سیاسی بووە، چونکە مێژووی سیاسیی عێراق و سروشتی دەسەڵات لە بەغدا دەیسەلمێنن، کە هێزە مەرکەزییەکان تەنیا وەکو ئامرازێکی تاکتیکی بۆ لاوازکردنی یەکپارچەیی هەرێم و لێدانی بنەماکانی فیدراڵیزم مامەڵە لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان دەکەن.
ئەم مۆدێلە لە سیاسەتکردنی یەکێتیی پشتگوێخستنی ئەو ڕاستییەی تێدایە، کە لاوازبوونی پارتی مەرج نییە بە مانای بەهێزبوونی یەکێتیی بێت. لەڕاستیدا هەرێمی کوردستان وەک یەکەیەکی سیاسی و دەستووریی یەکگرتوو لە بەغدا دەبینرێت، کاتێک یەکێک لە جەمسەرە سەرەکییەکانی ئەم قەوارەیە (پارتی) بە ئامانجی تەسفییەی سیاسی پەراوێز دەخرێت، ئەوا کۆی قەوارەی هەرێم بەرەو داخوران و داڕمان دەچێت. لە ساتەوەختێکدا کە پارتی توانای مانۆڕی سیاسی و یاسایی لەدەست بدات، بەغدا هیچ پێویستییەکی ستراتیجی بە یەکێتیی نامێنێت و لە بکەرێکی هاوبەشەوە دەگۆڕێت بۆ پاشکۆیەکی بێدەسەڵات، کە مەرجەکانی ناوەند قبوڵ بکات. مێژوو گەواهیدەری ئەوەیە، کە دەسەڵاتدارانی بەغدا دوای بەکارهێنانی کارتە کوردییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ نێوخۆییەکان، هەمیشە پشتیان لە هاوپەیمانە کوردستانییەکانیان کردووە و مافە دەستووری و نەتەوەییەکانیان کردووەتە قوربانیی بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەتی مەرکەزی.
بە مانایەکی تر ئەم مۆدێلە هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر کۆی پڕۆژەی نەتەوەیی و سیاسیی هەرێمی کوردستان. بەردەوامیی ئەم ئاراستەیە نەک هەر یەکێتیی بەرەو لاوازیی زیاتر دەبات، بەڵکو قەوارەی هەرێم بەرەو پەککەوتن و مەرگی سیاسی ڕاپێچ دەکات، کە دواجار تێچووەکەی تەنیا حزبەکان نایدەن، بەڵکو پێگەی دەستووری و مێژوویی نەتەوەی کورد لە عێراق دا دەبێتە قوربانی.
پرۆژەى حکومەتی زۆرینە بەبێ یەکێتیی و دووئیدارەیی
لەئێستادا هەرێمی کوردستان لەبەردەم دوو پڕۆژەی مەترسیدار دایە، کە هەردووکیان یەک خاڵی کۆتاییان هەیە ئەویش هەڵوەشاندنەوە یان لاوازبوونی قەوارەی هەرێمە. پڕۆژەی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینە بەبێ بەشداریی یەکێتیی، لەبەرامبەردا پڕۆژەی یەکێتیی بۆ پەنابردنە بەر دوو ئیدارەیی، دوو ئاراستەی تەریبن بەرەو تێکشکاندنی کۆڵەکەکانی فیدراڵیزم. لێرەدا پێویستە لە ڕوانگەیەکی دەستووری و مێژووییەوە جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان مۆدێلی دوو ئیدارەیی پێش ساڵی ٢٠٠٣ و واقیعی ئێستادا بکەین.
لە سەردەمی پێش دەستووری ٢٠٠٥ دوو ئیدارەیی واقیعێکی دیفاکتۆ بوو لە ناوچەیەکی دژە فڕیندا، لەوکاتەدا هەرێم وەک قوربانییەکی ململانێ لەگەڵ ڕژێمێکی دیکتاتۆر دەبینرا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوێکی مرۆیی و سیاسیی تایبەتەوە دەی پاراست، بەبێ ئەوەی پابەند بێت بە چوارچێوەیەکی یاسایی دەوڵەتی عێراقـەوە. بەڵام لەئێستادا هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری ٢٠٠٥دا وەک قەوارەیەکی یاسایی ناسێنراوە. هەر جۆرە هەنگاوێک بەرەو دابەشبوونی کارگێڕی و سیاسیی گەورەترین پاساوی یاسایی دەداتە دەست حکومەتی فیدراڵ، بەتایبەتی دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و لاوازکردنی شەرعییەتی قەوارەی هەرێم بدەن. دادگای فیدراڵی دەتوانێت بە پاساوی نەمانی یەکپارچەیی دامەزراوەیی و پشێوی ئەمنی و یاسایی، هەرێم وەک یەکەیەکی سیاسیی یەکگرتوو پووچەڵ بکاتەوە و مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزگاکان بکات.
لە ڕەهەندی نێودەوڵەتیشدا گۆڕانکاریی گەورە بەسەر تێڕوانینی واشنتن و پایتەختە بڕیاردەرەکاندا هاتووە. لەسایەی عەقڵییەتی سیاسیی ترامپیزم و تێڕوانینی کەسایەتییە کاریگەرەکانی وەک تۆم باراک، ئەمریکا هیچ بەرژەوەندییەکی ستراتیجیی تێدا نابێت بەرگری لە دوو ئیدارەی بچووک و لاواز و ناتەبا بکات. بەپێچەوانەوە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە وزەیی و ئەمنییەکانی هانی بەغدا دەدات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە و سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت بەسەر ئەو ناوچانەی کە تووشی بۆشایی سیاسیی بوون.
بەکورتی هەرێمی کوردستان پێش ٢٠٠٥ لەسەر بنەمای بڕیارێکی نێودەوڵەتی (٦٨٨) دەپارێزرا، بەڵام لەئێستادا هەرێمی کوردستان خاوەنی چوارچێوەیەکی دەستوورییە لەناو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییدا. دوو ئیدارەیی لەم سەردەمەدا، تەنیا دابەشبوونی جوگرافی نییە، بەڵکو مەرگی دەستووری قەوارەیەکە کە دەیان ساڵە قوربانی بۆ دەدرێت و گۆڕینی هەرێمە لە بکەرێکی کارا بۆ چەند پارێزگایەکی پەراوێزخراو لەژێر ڕەحمەتی ناوەنددا.
نەخشەڕێگە بۆ گرێبەستێکی نوێی حوکمڕانی
قەیرانی ئێستای نێوان پارتی و یەکێتیی بە سەرۆکایەتی نەوە نوێکان (مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی)، ئەوەیە کە متمانەی سیاسیی گەیشتووەتە نزمترین ئاست. بۆیە پێویستمان بە مۆدێلێکە کە بەرژەوەندیی هەردوولا لە چوارچێوەی مانەوەی هەرێمدا بپارێزێت. بۆ ئەم مەبەستە سێ بژاردە دەخەینەڕوو.
بژاردەی یەکەم: دابەشکردنی سێکتەر و خاڵبەندی
ئەم بژاردەیە واقیعیترین بژاردەیە بۆ تێپەڕاندنی بنەبەستی سیاسی، چونکە لەسەر بنەمای “نە بڕاوەی ڕەها و نەدۆڕاوی ڕەها” داڕێژراوە. ئەم مۆدێلە ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بژاردە شەراکەتی ڕاستەقینەیە، کە لەڕێگەی دابەشکردنی سێکتەرە ستراتیجییەکانەوە مسۆگەر دەکرێت.
میکانیزمی دابەشکردنی پۆستەکان. بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و دروستکردنی متمانە، پۆستە سیادی و خزمەتگوزارییەکان بەم شێوەیە دابەش دەکرێن:
• پشکی پارتیی دیموکراتی کوردستان: پۆستی سەرۆکی حکومەت وەکو مافی لایەنی یەکەم لەگەڵ وەزارەتەکانی پێشمەرگە و سامانە سروشتییەکان و پەروەردە و تەندروستی.
• پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران بە دەسەڵاتی فراوان لەگەڵ وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی و شارەوانییەکان و دەستەی وەبەرهێنان.
ئەم دابەشکارییە بژاردەهاوسەنگییەک لەنێوان بڕیار و دارایی و هێزبژاردە دروست دەکات، کە ڕێگر دەبێت لە هەر هەوڵێکی تاکڕەوانە.
بژاردەی دووەم: مۆدێلی دوو بە دووی دابەشکردنی خولی دەسەڵات
ئەم بژاردەیە پشت بە ئەزموونی ساڵی ٢٠٠٩ دەبەستێت، کاتێک پارتی وەک هێزی یەکەم بۆ پاراستنی هاوسەنگیی سیاسی و پۆستی سەرۆکایەتیی حکومەتی بۆ ماوەی دوو ساڵ بە یەکێتیی سپارد، ئەمە لە کاتێکدا ئەگەرچی هاوپەیمانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان پێکهێنا، بەڵام جیاوازییەکی زۆر لەنێوان دەنگی یەکێتیی و پارتی دا هەبوو. ئەمە کاریگەرترین و خێراترین مۆدێلە بۆ دروستکردنەوەی متمانە و ڕێگریکردن لە دووئیدارەیی.
ناوەڕۆکی پڕۆژەکە: دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان (سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم). بەجۆرێک کە لەماوەی ٤ ساڵی خولەکەدا، دوو ساڵ لای پارتی و دوو ساڵ لای یەکێتیی بێت.
ئامانج لەم بژاردەیە گۆڕینی ململانێ لە شەڕی مان و نەمانەوە بۆ کێبڕکێ لە خزمەتگوزاری. ئەمە وا دەکات یەکێتیی چیدیکە هەست بە پەراوێزخراوی نەکات و پەنا بۆ بەغدا نەبات وەک فشار، پارتیش ڕەوایەتیی گشتگیر بۆ حکومەتی هەرێم بگەڕێنێتەوە.
پەیام بۆ دەرەوە: ناردنی پەیامێکی یەکگرتوو بۆ ئیدارەی نوێی ئەمریکا (ترەمپ و تیمی تۆم باراک) کە کورد وەک هاوبەشییەکی یەکگرتووی سەقامگیر مامەڵە دەکات، نەک وەک چەند گرووپێکی لۆکاڵی ناتەبا. هەروەها، ئامادەییەکی بەهێزی کوردیش پیشان دەدات دژ بە گۆڕانکارییەکان، کە دەکرێت دژ بە کورد بەکاربهێنرێن.
بژاردەی سێیەم: حکومەتی تێپەڕاندنی قەیران-کاندیدی تەوافوقی
بۆ ئەم بژاردەیە دەکرێت لە قۆناغە سەختەکاندا سوود لە ئەزموونی سیاسیی بەغدا وەربگیرێت، وەکو چۆن لەکاتی بنبەستە سیاسییەکاندا کەسایەتیی وەکو مستەفا کازمی و محەمەد شیاع سودانی و عەلی زەیدی پێشنیاز کران بۆ کۆکردنەوەی لایەنە دژبەیەکەکان.
میکانیزم: لەبری ئەوەی کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان ببێتە هۆی پەکخستنی پێکهینانی حکومەت، لایەنەکان لەسەر کەسایەتییەکی هاوبەشی قەبوڵکراو، کە دەکرێت لەناو پارتەکان یان کەسایەتییەکی نیشتمانیی سەربەخۆ بێت و متمانەی هەموو جەمسەرەکانی هەبێت ڕێککەوتن بکەن.
ئەرکی حکومەت: ئەم کابینەیە ئەرکێکی دیاریکراوی دەبێت، ئەویش بریتییە لە تێپەڕاندنی قەیرانەکان و هەڕەشە و ئاڵەنگارییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ماوەیەکی کاتیی تا دروستبوونەوەی متمانە.
ئەم هەنگاوە ڕێگری دەکات لەوەی هەرێم بچێتە ناو بۆشایی یاسایی، کە دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەکە بەکاری بهێنێت. ئەمە نیشانەی پێگەیشتنی سیاسییە، کە تێیدا حیزب لەپێناو قەوارەدا پاشەکشە بۆ کاندیدی هاوبەش دەکات.
دەرئەنجام
مانەوەی قەوارەى هەرێمی کوردستان وەک یەکەیەکی دەستووری لە عێراق دا، تەنیا بەستراوەتەوە بە یەکگرتوویی دامەزراوەیی هەرێمی کوردستان. هەر هەنگاوێک بەرەو تاکڕەوی لە حکومڕانیدا یان دووئیدارەیی، تەنیا خزمەت بەو ئەجێندایانە دەکات، کە لە بەغدا و پایتەختە هەرێمییەکانەوە کار بۆ “بەپارێزگاکردن”ی هەرێم دەکەن. لەم سۆنگەیەوە بژاردەکانی بەردەم پارتی و یەکێتیی کورتبوونەتەوە لەوەى دەبێت بچنە ناو گرێبەستێکی نوێی حکومڕانی، کە تێیدا متمانە و هاوبەشیی ڕاستەقینە بگەڕێتەوە، یان پێکەوە شایەدی مەرگی قەوارەیەک بن، کە تێچووەکەی دەیان ساڵ خەبات و قوربانی نەتەوەیەکی لەپشتە. بۆیە کاتی ئەوە هاتووە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد واقعبینانە بەپێی گۆڕانکارییەکانی هێز لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆیی مامەڵە بکەن و ژیرانە پێگەى و هێزی خۆیان لە ئێستادا بەپێی ئەو گۆڕانکارییانە بپێوێن.



