سلێمان مستەفا حەسەن
من مرۆڤێکی ترسنۆکم، ئەگەر ترسنۆک نەبام، زۆر توندتر دەهاتمە گۆ. ئەم وتەیەی “یەشار کەمال” کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لە کەسایەتیی ئەو ڕۆماننووسە(لە ڕاستەیەکدا دوو جار ناوێک جوان نییە دووبارە بێتەوە). ئەو خۆی بە پاڵەوانی سیاسەت و کوردایەتی ناوزەند نەکرد و نەناساند، بەڵکو وەک نووسەرێک کە هەوڵیدا دەنگی بێدەنەگان بگەیەنێتە گوێی جیهان. بەڵام هەمان ئەو ترسە وای لێ کرد، لەکاتێکدا زۆر کەس بێدەنگ بوون و قسە نەکەن، ئەو بە شێوازێکی جیاواز بەرخودانی دەست پێ کرد بۆ ئەوەش، قەڵەم و وشە، ئەو دوو چەکە بوون پەنای بۆ بردن.
هەندێکجار کتێبێک تەنها کتێب نییە. هەندێکجار نووسەرێک تەنها نووسەر نییە. هەندێکجار وشەکان تەنها لەسەر کاغەز نانووسرێن، بەڵکو لەسەر دڵی خەڵک و مێژووی نەتەوەکان تۆمار دەکرێن.
کتێبی “هاواری من” لەو جۆرە کتێبانەیە، “هاواری من بۆ ئێوەیە” ناوی کتێبێکی نووسەری ناوداری جیهانی “یەشار کەمال”ە. کتێبەکە کۆکراوەی وتار و چاوپێکەوتن و نامە و بەرگرینامەی نووسەرە، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها کۆمەڵە دەقێکی جیاواز نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی مێژوویی و سیاسییە لەسەر سەدەیەک لە نکۆڵی و نادادی و خەبات بۆ ئازادی بۆ کورد و کوردستان.
کاتێک یەشار کەمال ئەم ناونیشانەی هەڵبژارد، بە سادەیی نووسیوویەتی؛ زۆر هاوارم نووسی، گوتم با هاوارەکانی بیست ساڵی تەمەنی خۆم کۆ بکەمەوە، بەڵام ئەوەی لە دوو توێی بەرگی ئەم کتێبەدا کۆکراوەتەوە تەنها هاواری نووسەرێک نییە، هاواری سەدەیەکە، هاواری گوندە سووتێنراوەکانە، هاواری زمانی قەدەغەکراوە، هاواری مرۆڤە بێدەنگکراوەکانە، هاواری جینۆسایدی نەتەوەیەکە.
ئێمە لە باشووری کوردستان زۆرێک لە خوێنەران “یەشار کەمال”مان لە ڕێگەی ڕۆمانی “حەمەدۆک”ەوە ناسی، کە بە بۆچوونی بەندە ڕۆمانی مرۆڤی ناچارییە. ناچارییەک کە پەنا بۆ سەرهەڵدان و شۆڕش و بەرخودان و بۆ ماف و ژیان و ئازادی و ڕزگاری دەبات، چونکە دەرگای بژاردەکانی دیکە داخراون. بەڵام یەشار کەمال لە “هاواری من” جیاوازە. لێرەدا ڕۆماننووسەکە جێگەی خۆی بە ویژدانێک دەدات، کە ناتوانێت لە بەرانبەر نادادی بێدەنگ بێت.
لە هەموو لاپەڕەکانی ئەم کتێبەدا پرسیارێک دووبارە دەبێتەوە؛ کە چۆن وڵاتێک دەتوانێت خۆی بە دیموکراسی بناسێنێت، بەڵام دان بەبوونی بیست ملیۆن مرۆڤدا نەنێت و زمانیان قەدەغە بکات و بە کێوی ناویان ببات؟
یەشار کەمال کێشەی لەگەڵ دیموکراسی تورکیا دا هەبوو، تورکیا و کێشەی دیموکراسی دروشمێک بوو تا لە ژیاندا بوو بۆی جەنگا و باجی قورسیشی بۆ دا. لە چاوپێکەوتن و وتارەکانیدا یەشار کەمال بەردەوام دەبێژێت تورکیا هەرگیز دیموکراسییەکی تەواوی نەبووە. چونکە نەیدەشاردەوە و دەیگووت عەسکەر دژی دەستوور دەوەستنەوە، دوای هەر خۆیان دەبن بە سەرۆک کۆمار، هەروەها دووپاتی ئەوەی کردۆتەوە دیموکراسی بەبێ ئازادیی ڕاگەیاندن و ئازادیی بیرکردنەوە و سەربەخۆیی دادگا و داننان بە فرەیی و یەکسانیی هاووڵاتییان و بوونی نییە و نابێت.
کاتێک ڕۆژنامە دادەخرێت، نووسەر دادگایی دەکرێت، زمانێک قەدەغە دەکرێت و هاووڵاتییەک بۆ ناسنامەی خۆی تاوانبار دەکرێت، ئەوە بە باوەڕی یەشار کەمال دیموکراسی نییە، تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنیش هەبێت.
یەشار کەمال لە هاواری من باسی زۆر ژمارە دەکات، نەک وەک ژمارەی حیسابی بەڵکو وەک ژمارەی ترسناک، ئەو باسی سێ هەزار تاوانی بکەری نادیار دەکات، باسی سێ هەزار گوندی سووتێنراو دەکات، باسی سێ ملیۆن مرۆڤی ئاوارە و بێماڵ دەکات. بەڵام لە پشت ئەو ژمارانەوە تەنها ئامار نابینێت، بەڵکو ژیانی مرۆڤ دەبینێت. دەزانێت کە لە پشت هەر گوندێکی سووتاوەوە دایکێک هەیە چاوەڕوانی گەڕانەوەی کوڕەکەیەتی و لەپشت هەر ژمارەیەکدا چیرۆکێکی تەواو و نەبیستراو کارەساتبار هەیە.
یەشار کەمال نموونەی وتەیەکی “دۆغان گورەش”ی سوپاسالاری تورکیا دێنێتەوە کە دەڵێت؛ بۆ گرتنی ماسییەکان دەبێت دەریاکە وشک بکەین.
ئەم ڕستەیە تەنها ڕەخنە نییە لە سیاسەتێک، بەڵکو پوختەی بیرکردنەوەی سەدەیەکە، بیرکردنەوەی یەک زمان و یەک نەتەوە و یەک دەوڵەت، بیرکردنەوەی گورگە بۆرەکان و تۆرانییەکانە، بیرکردنەوەی ئەوانەی نەژادی تورکیان لە سەرووی هەموو نەژادێکەوە دەبینی، ئەوانەی منداڵانیان فێردەکرد بڵێن چەند دڵخۆشە ئەوەی دەڵێت تورکم، ئەوە دروشمی گوتنەوەی بەیانیان بوو لە مەکتەب (تورکم، ڕاستم، زیرەکم) دەسەڵاتدارانی کۆماری تورکیای نوێ بەم شێوازە درێژەیان بە سیاسەتی تۆرانیزم داوە.
بۆیە کاتێک دەوڵەت بۆ چارەسەری کێشەیەک نەتەوەیەک سزا دەدات، کاتێک بۆ گرتنی چەند کەس هەزاران خێزان ئاوارە دەکات، کاتێک بۆ کوژاندنەوەی دەنگێک زمانێک قەدەغە دەکات، کاتێک بۆ گرتن و کوشتنی سێزدە گەریلا دارستانێک دەسووتێنن، ئەوە وەک وشککردنی دەریایەکە بۆ گرتنی ماسییەک.
یەشار کەمال هەرگیز پرسی نەتەوەکەی، کوردی، وەک کێشەیەکی ئەمنی نەبینی، بە باوەڕی ئەو کێشەی کورد گرفتی دیموکراسیی تورکیایە، ئەم گوتەیە تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکو تەواوی فەلسەفەی ئەو لەخۆ دەگرێت. ئەو دەیزانی کاتێک زمانێک قەدەغە دەکرێت، دیموکراسیش قەدەغە دەکرێت. کاتێک ناسنامەیەک ڕەت دەکرێتەوە، هاووڵاتیبوونیش ڕەت دەکرێتەوە.
هەروەها باسی دەستەواژەیەکی سەرۆک وەزیرانی تورکیا دەکات، کە بەردەوام دووبارەی دەکردەوە و دەیگوت (یان تەواو دەبن یان تەواو دەبن). لەمەڕ ئەوە، یەشار کەمال دەڵێت لەوانەیە ئەڵمانەکان لەو ڕستەیە تێبگەن، کە دروشمێکە بۆ جینۆسایدکردنی جووەکان. یەشار کەمال بە ئاشکرا و بە دەنگی بەرز نووسی و هاواری کرد بەر لە هەر شتێک کورد لە لۆزان ئەوەی دووپات کردەوە، کە ئەوان کەمینە نین. زیاد لە هەشتا ساڵیشە ئەوە دووپات دەکەنەوە، بەڵام بەرپرسانی تورکیا گوێیان لەو هاوارە نەبوو و باوەڕ ناکەم بەم زووانەش گوێیان لێی بێت، هەرچەندە دنیا گۆڕاوە و نەتەوە و کەمینەکانیش لە زۆربەی وڵاتان بە مافی خۆیان گەیشتوون.
لە کتێبەکەدا بە ئازارەوە باسی ئەوە دەکات کە ماوەی سەدەیەک زمانی کوردی لەژێر فشاردابوو زمانی گەلێکی بیست ملیۆنی قەدەغەکرا. بەڵام وەک نووسەرێک، یەشار کەمال، کە خۆی بە تورکی دەینووسی، هەرگیز نکۆڵی لە کوردبوونی خۆی نەکردەوە. ئەو باش دەیزانی ئەوەی دەمانکاتە مرۆڤ تەنها نان و ئاو نییە، بەڵکو زمان و ئەدەب و بیرەوەریشە.
بۆیە کاتێک باسی زمانی نەتەوەکەی دەکات باسی زیندوویەتی ئەدەب و وێژەی دەکات، ناوی مەلای جەزیری و ئەحمەدی خانی و عەڤدالێ زەینکێ دەهێنێت. دەیەوێت بڵێت ئەو نەتەوەی کە خاوەنی ئەو مێژوو و ئەدەبەیە، ناتوانرێت مێژووەکەی بسڕێتەوە.
لە لاپەڕەکانی “هاواری من”دا زۆر کەس دێن و دەچن، ڕووناکبیران و شاعیران و ڕۆژنامەنووسان و زیندانییە سیاسییەکان. ناوی “نازم حیکمەت” دێنێت کە حەڤدە ساڵ لە زیندان مایەوە. ناوی “سەباح تان” دێنێت کە کوژرا. ناوی “ئەحمەد عارف” و “ئۆڕهان کەمال” دێنێت کە تووشی چ دەردەسەرییەک کراون، ئەگەر لە ژیاندا مابووایە دڵنیام لەسەر “ئاپۆ” و “سەلاحەدین دەمیرتاش” و هاوڕێکانینان قسەی دەبوو. یەشار کەمال دەیەوێت بڵێت پرسی ئازادی، تەنها پرسی کورد نییە، پرسی مرۆڤە.
بەڵام لەناو ئەو هەموو ئازار و تاریکییەدا، یەشار کەمال هەرگیز ئومێدی لەدەست نەدا. دەبێت لێرەدا شایەتی ئەوەی بۆ بدەین، کە جوانترین وتەی لەم کتێبەدا ئەوەیە کە دەڵێت ئێمە دەزانین هێزی ئومێد چۆن مرۆڤ دەکاتە مرۆڤ، مرۆڤایەتی لە قووڵایی نائومێدیدا ئومێد بنیات دەنێت.
ئەم ڕستەیە وەک ڕووناکییەک لەناو هەموو تاریکییەکانی کتێبەکەدا دەدرەوشێتەوە، چونکە یەشار کەمال باوەڕی بە تۆڵە و ڕق نەبوو، باوەڕی بە گفتوگۆ و دیموکراسی و دانپێدانان هەبوو. ئەو هەرگیز نەیویست لە وشەکانیدا ئاگری شەڕ هەڵگیرسێنێت، بەڵکو ویستی ڕێگایەک بۆ ژیانی هاوبەش بدۆزێتەوە.
ئەمەش وامان لێ دەکات کە بەچاوێکی جیاواز لە کتێبی “هاواری من” بڕوانین و وای نەبینین کە کتێبێکە تەنها لەسەر کوردە و بۆ کورد نووسراوە. ئەم کتێبە بەڵگەنامەیەکە لەسەر ویژدانی مرۆڤ. هاوارێکە دژی نکۆڵی، هاوارێکە بۆ دادوەری، هاوارێکە بۆ دیموکراسی بۆ کۆماری هەمووان.
یەشار کەمال دووپاتی دەکاتەوە لە تورکیا ڕێگەی دیموکراسی بە پرسی کورد دا تێدەپەڕێت، هەروەها دووپاتی دەکاتەوە کورد مافە مرۆڤایەتییەکانی دەوێت، داواکاری زمانی دایک و مافی ژیان و کەرامەت. ئەو لە بەرگرینامەی لەبەردەم دادگای ئاسایشی تورکیا دەڵێت: هەموو نووسینەکانی من بۆ نەتەوەکەمە، داوای بەدەنگەوە هاتنە، هەروەها دەڵێت کەرامەتی مرۆڤی هەر وڵاتێک بەقەد خاکی نیشتمانەکەی پیرۆزە.
ڕاستە یەشار کەمال بە جەستە ماڵئاوایی لێ کردین، بەڵام لەکۆتاییدا لەپاش خۆی بیست و شەش ڕۆمان و یازدە وتار نۆ دیمانەی بڵاونەکراوەی بۆ بەجێهێشتین، ئەو گوڵدانە پڕ لە وشە و پەیڤە سەرڕێژبووانە لە جوانی و پەیام و نووسین تا ئەبەد دەمێنن و شایەتی دەدەن، هەندێک دەنگ هەرگیز نامرن چونکە هەندێک هاوار بۆ سەردەمێک نانووسرێن، بەڵکو بۆ مێژوو دەنووسرێن. بۆیە “هاواری من” بۆ ئێوەیە و ئەو هاوارە هێشتا لە گوێی مێژوودا دەنگ و هاواردەکات.
ئەم کتێبە بۆ هەندێکمان پڕیەتی لە زانیاریی ورد و نوێ، یەشار کەمال کورد بە هاوبەشی نەتەوەی تورکیا دادەنێت، ئەو دەڵێت: دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زۆربەی نەتەوەکان سەربەخۆییان وەرگرت، بەڵام کورد بە خواستی خۆیان ئەو کارەیان نەکرد، ڕووسەکان زۆر خوازیاری ئەوە بوون کوردی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لەگەڵ کوردانی قەوقاس دەوڵەتی کوردییان بۆ دروست بکات و یەکیان بخات، بەڵام کورد بەڵێنی بە تورکیا دا بۆ دروستکردنی کۆماری نوێ پاڵپشتیان بێت، دواتر کۆماری نوێ بوو بە کۆماری تورکەکان نەک کۆماری تورک و کورد و چەرکەس و لاز و ئەلبانی و بۆشناغەکان، لە ئەنجامدا بوو بە کۆماری مەرگ و نکۆڵی و زیندان و گۆڕستان بۆ نەتەوەی کورد.
هاواری یەشار کەمال بۆ ئازادی ودیموکراسی و مافی مرۆڤ و ژیان و کەرامەت و پێکەوەژیان بوو.
لەکۆتاییدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە بەڕێز “محەمەد عیزەدین ” بکەین کە کتێبەکەی وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و پێشکەش بە موسا عەنتەر (ئاپی موسا) و دکتۆر ئیسماعیل بێشکچی کردووە.



