پێشڕەو محەمەد
جەلاد لە عەبای پیرۆزدا. بەگشتیی مرۆڤی موسڵمان لە هەر پێگە و پلەیەکدا بێت، هەرگیز بەرپرسیارێتیی بەرانبەر هەڵەکانی هەڵناگرێت، چونکە داننان بە هەڵە شەرمەزاریی دەهێنێت و شەرمەزارییش لەبەرچاوی ئەوانی دیکە بچووکت دەکاتەوە و بچووکیش ببیتەوە، سووک و ڕسوا دەبیت.
لەبەرئەوە باشترین ڕێگە پەنابردنە بۆ نێو هەرێمی خۆ-کردن بە قوربانیی. مەلا عەبدوللـەتیفی سەلەفی، کە وەک هەر سەلەفییەکی دیکە، بە فۆرمی ئایینیی و بەکارهێنانی دەسەڵاتی ئایینیی، خەریکی پەرەپێدانی وێنەیەکی بەهەشتە کە زێدەتر لە پۆرنۆگرافیی (سینەمای سێکسی) دەچێت تا لە بەهەشت، ئەم دەسەڵاتە ئایینییە لەڕێگەی زمانی ئایینییەوە بۆ ئارەزووی تێرنەخۆرانەی سێکسیی خۆی بەکاردەهێنێت.
لەبەرئەوەی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا بەتەواویی مەدەنیی نین، ناتوانن کۆنتڕۆڵی حەز و ئارەزووە ئاژەڵییەکانیان بکەن. تەماحکردنە کچی گەنجی خوێندکار بێگوێدانە پێگەی خۆت و پێگەی کچەکە و هەمیشە بۆی “ک…سوار” و “ک…ڕەپ” بیت، زێدەتر کردەیەکی ئاژەڵییە تا کردەی مرۆیی. بۆ شاردنەوەی ئەم ئاژەڵییبوونە، زمانی ئایین و پیرۆزکردنی غەریزەی ئاژەڵیی، خەرمانەیەکی گرنگە هەم دەستکەوتت بۆ دەهێنێت و هەمیش دەتپارێزێت.
لە جەلادەوە بۆ شەهید. مێنتاڵیتیی و عەقڵییەتی موسڵمان بەگشتیی و هی چەشنی مەلا عەبدوللـەتیف بەتایبەت لەسەر میکانیزمێک بەندە کاتێک دیاردەیەکی خراپ و ڕەوشتنزمی لێ ئاشکرا ببێت، کاردانەوە بەرانبەری تەنها وەک سزا نابینێت، بەڵکو وەک ئیهانە و شکۆشکاندنی بوونگەرییانە دەبینێت. کەوتنی وێنە گشتییەکەی وەک هێرشێک بۆ سەر خۆی و دواتر بۆ سەر نوێنەری خوا و بۆ سەر قورئان و پاشان بۆ سەر خودی خوا لێکدەداتەوە.
ئەم تایفە کاتێک لەقافا دەگیرێن، لەبری ئەوەی بپرسن: «چ هەڵەیەکم کردووە؟» دەپرسێت: «کێیە هێرشم دەکاتە سەر؟» قوربانییە سەرەکییەکانی حەزە ئاژەڵییەکەی دەچنە پشتی پەردەوە و لەبیر دەکرێن، خۆی دەبێتە چەقی قوربانییبوون. ئەو کچانەی ئەو ویستوویەتی حەزە ئاژەڵییەکانی تێیاندا بەتاڵ کاتەوە، لەسەر سەکۆی شانۆکە نامێنن، جەلاد دەبێتە پاڵەوانی سەرەکیی و حیکایەتخوانی یەکەمی ئەم ڕۆمانە، حیکایەتەکەش لەسەر هێڵێک دەڕوات پڕیەتی لە دوژمن و پیلانگێڕ. خۆ-بەقوربانیی پیشاندان دەبێتە قەڵغان لەبەرانبەر بە تاوانباربوون.
لە کیمیاگەری شەرمەوە بۆ تووڕەیی و غەزەب. ترسناکترین ڕەهەندی ئەم زەینییەت و عەقڵییەتە بریتییە لە گۆڕینی ئاراستەی شەرمی کەسیی بۆ نێو تووڕەیی و غەزەبی کۆیی. لەبری ئەوەی ئەم سوکایەتییە قبووڵ بکات و دەستکاریی خۆی بکات، شەرم دەکاتە شتێکی دەرەکیی و دەیگۆڕێت بۆ هێرشی پێچەوانە. لەبەرئەوەی مەلا عەبدوللـەتیف سەلەفی ناتوانێت ئەم ڕستەیە بڵێت «کارێکی هەڵەم کرد»، بۆیە دەڵێت «کاری هەڵەیان بەرانبەر کردووم». عەبدوللـەتیف لەم حیکایەتەدا دەیەوێت لە تاوانبار و جەلادەوە ببێت بە پاڵەوان، ئەوی دیکە هەمووی دەبێتە دوژمن. قوربانیانی سەرەکییش ون دەبن.
گۆڕینی خوا بۆ چەک و کتێبی خوا بۆ جبەخانە. خوا چەکێکی سوارە، ئایەتە قورئانییەکانیش فیشەکی بەردەوامن مەغزەنەکە پڕ دەکەنەوە: ئەمەیە تێگەیشتنی ئەم عەقڵییەتە بۆ ئایین و بەکارهێنانی ئایین بۆ ڕەوایەتییدان بە حەز و ئارەزووی ئاژەڵیی و دروستکردنی قەڵغان لەبەرانبەر ڕەخنەگراندا.
مەلا عەبدوللـەتیف و لایەنگرانی ئەم ڕووداوە وەک شکست و داڕمانی ئەخلاقی تاکەکەسیی پێناسە ناکەن، بەڵکو وەک مەیدانێکی جەنگی سەرتاپاگیر لەنێوان چاکە و خراپەدا، لەنێوان فریشتە و شەیتاندا، لەنێوان خوا و دوژمنانی خوادا. تۆی ڕەخنەگر ڕاستەوخۆ دوژمنی خوایت، ئەگەر موسڵمانیش بیت؛ ڕەخنە وەک هێرش بۆ سەر خودی ئیسلام پێناسە دەکرێت.
مەلا عەبدوللـەتیف سەلەفی دەزانێت زۆربەی موسڵمانان بە ئاسانیی دەتوانن بە وەفابوونیان بۆ ئەو، بەوەفا و ڕاستگۆ بن بەرانبەر بە خوا، چونکە ئەو زاناترینە لە بەکارهێنانی خوا. هێرش بۆ سەر عەبدوللـەتیف، هێرشە بۆ سەر خوا.


