عارف قوربانی
لە ئێستادا هەموو جیهان بە جەنگى نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیاـوە سەرقاڵە. یەکێک لە مەترسییە گەورە و جدییەکانى ئەم شەڕە ئەوەیە هەر لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا نەمێنێتەوە، بەڵکو پەلبهاوێت بۆ وڵاتانى دیکە و بەوهۆیەوە جەنگى سێیەمی جیهانیی بەرپا ببێت، کە دواتر چەکى ئەتۆمى تێدا بەکاربهێنرێت و مرۆڤایەتى تووشى کارەساتى گەورە ببێتەوە.
با گریمانەى ئەوە بکەین زلهێزەکانى جیهان (ئەمریکا و ڕووسیا و چین و یەکێتیی ئەوروپا)، بۆ ڕێگریکردن لەو هەڕەشەیە پووتین و ترەمپ وەکو دوو سەرۆکى گەورە و زلهێزى جیهان ڕادەسپێرن بۆ ئامادەکردنى نەخشەڕێگەى چارەسەر. ئەوانیش پڕۆژەیەک بەناوى پڕۆسەى ئاشتى و سەقامگیریى جیهانى ڕادەگەیێنن. ئەنجامەکەى بەوجۆرە بکەوێتەوە کە ئۆکرانیا بکرێت بە چوار پێنج پارچەوە. بەشێکى بدرێت بە ڕووسیا و بەشێکى بخرێتە سەر بێلاڕووس و پارچەیەکى بدرێت بە پۆڵۆنیا و ئەوەشى کە دەمێنێتەوە بدرێتە ڕۆمانیا.
ئۆکرانییەکان وەکو نەتەوەیەکى دێرینى مێژوو، کە خاوەن خاک و زمان و شارستانیەتیى خۆیانن. خاک و ناسنامەیان زەوت بکرێت و بەزۆر بکرێن بە هاووڵاتیى ئەو چوار دەوڵەتەى ناومان بردوون. چوار دەوڵەتى خواپێداون کە میراتى ئۆکرانیا بەسەریاندا دابەشکراوە، بۆ ئەوەى هەستى خاوەندارێتى خاک و خۆخاوەنى نەتەوەیی لە دڵ و مێشکیاندا نەهێڵن، سیاسەتى پاکتاوکردن لە دژى ئۆکرانییەکانى ناو وڵاتەکانیان دەگرنەبەر، زمان و جلوبەرگ و دابونەریتیان قەدەخە دەکەن. تەنانەت ڕێگە نادەن لەمەودوا ناوى ئۆکرانى لە منداڵەکانیشیان بنێن و بەزۆر دەیانەوێت ئۆکرانییەکان لەناو نەتەوەکانى خۆیاندا بتوێننەوە. نەک هەر بۆ داهاتوو، بەڵکو هەموو بەڵگە و تۆمار و ئاسەوارە مێژووییەکانیشیان دەشێوێنن وەک ئەوەى نەتەوەیەک یاخود نیشتمانێک بەناوى ئەوانەوە نەبووبێت.
بێگومان لەو بارودۆخەدا ئۆکرانییەکان هەموو ڕێگەیەک دەگرنەبەر و بۆ مانەوەى خۆیان و بەدواى دەروازەى ڕزگاریدا دەگەڕێن، دەیانەوێ نەتەوەکەیان لە فەوتان ڕزگار بکەن و سەربەخۆیى بۆ نیشتمانەکەیان دەستەبەر بکەن. قوربانى دەدەن و ئازار و مەینەتى دەچێژن و تووشى گرتن و زیندان و کۆمەڵکوژی و ناڕەحەتى دەبنەوە.
بەڵام چەرخى ڕۆژگار تا سەر بە قازانجى کەس ناسوڕێتەوە، دواجار هەلومەرجى ناوچەیى و نێودەوڵەتى گۆڕانکارى بەسەردا دێت، دەنگى ئۆکرانییەکان دەبیسترێت و پشتیوانیان بۆ پەیدا دەبێت و داواکاری و خواستەکانیان بە ڕەوا دەبینرێت، بە شایستەى ئەوە دەزانرێن کە مافەکانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە وەکو نەتەوەکانی دیکەى جیهان خاوەنى دەوڵەتى سەربەخۆیى خۆیان بن.
تەنانەت لەنێوان دەوڵەتەکانى ڕووسیا و بێلاڕووس و پۆڵۆنیا و ڕۆمانیاش کەسانێک پەیدا دەبن پشتیوانى لە داخوازییەکانى نەتەوەی ئۆکرانیا دەکەن و بە شایستەى ئەوەیان دەبینن کە مافى لەمێژینەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە، بەڵام کارەساتى گەورە ئەوەیە لەنێو ئۆکرانییەکان گرووپگەلى جۆراوجۆر سەرهەڵبدەن بەناوى نوخبەى ڕووناکبیر و سیاسى و ئەکادیمى و نووسەر و ڕۆژنامەوان و کەمپینچى و چالاکوانەوە داوا لە ئۆکرانییەکانى ناو ئەو چوار دەوڵەتە داگیرکەرەى ئۆکرانیا بکەن سەردەمى دەوڵەتى نەتەوەیى بەسەرچووە و پێویستە خۆتان لەگەڵ (مۆسکۆ و مینسک و بوخارست و وارشۆ) بگونجێنن. ئەگەر ئەم گریمانەیە ڕووبدات، ئایا بۆ هەمیشە لەناو نەتەوەی ئۆکرانیا چۆن لەوانە دەڕوانن کە هانى نەتەوەکەیان دەدەن لەگەڵ ژێردەستەى ڕابێن و ببن بە بەشێک لە نەتەوەى دەوڵەتى داگیرکەر؟
ئەم نموونە گریمانەکراوەم لەسەر ئۆکرانیا هێنایەوە، تاوەکو یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتن و گەیشتنى مەبەستەکەم بۆ خوێنەر ئاسانتر بکات، چونکە لەئێستادا کوردستان لەناو بارودۆخێکی هاوشێوەدایە. پاش فیداکاری و قوربانیدانى سەد ساڵە و چەندین جار جینۆسایدکردن، هەروەها لە بەشێکى نیشتمانەکەى نیمچە قەوارەیەکى سەربەخۆى دروست کردووە و لە پارچەکانى دیکەش بزاوتى سەربەخۆییخوازیى خەریکى باڵاکردنە. لە دونیاشدا دۆست و پشتیوانێکى زۆر بۆ دۆزى ڕەواى کورد پەیدابوون، تەنانەت لەناو دەوڵەت-نەتەوە داگیرکەرەکانى تورک و عەرەب و فارسـیشدا کەسانى زۆر هەن دان بە ڕەوایەتى مافى کورد و داخوازیى وەرگرتنەوەى خاک و ناسنامەکەیدا دەنێن. کەچى نوخبەیەکى بەرفراوانى (سیاسى و منەوەر) لەناو بەشە جیاجیاکانى کوردستان پەیدابوون دژایەتى هەر ڕەوت و دەنگ و ئاراستەیەک دەکەن، کە داواى ئازادى و سەربەخۆیى بۆ کوردستان بکات. پڕوپاگەندە بۆ تێزێک دەکەن بەناوى خۆگونجاندن لەگەڵ دەوڵەتانى داگیرکەر.
لە هیچ قۆناخێکى مێژوودا و لەناو هیچ گەل و نەتەوەیەکى خاکداگیرکراو شتى وا ڕووینەداوە، ئەشێ ئەمە وەکو تێزێک لەلایەن نەتەوە و دەوڵەتى داگیرکەرەوە پەرەى پێبدرێت بۆ ئەوەى نەتەوەى داگیرکراو بەداگیرکراویى بهێڵێتەوە، بەڵام نەبووە و نەگونجاوە لەناو نەتەوەى داگیرکراوەوە ئەم دەنگانە ببیسترێن.
بەتایبەت کە دەوڵەتی نەتەوەى داگیرکەر لەسەر سیاسەتى پاکتاوکردن بەردەوام بێت و ئامادە نەبێت تۆى داگیرکراو وەک هاووڵاتیی ئاسایى ببینێت و بەردەوام لە بۆسەدا بێت، کە چۆن تۆ لەناوخۆیدا بتوێنێتەوە، تۆ بێیت بە پاساوى چەمکى هاووڵاتیبوون و پڕوپاگەندەى دیموکراسى و برایەتى دژى ئازادیخوازانى نەتەوەکەت بجەنگیت و داوا بکەیت کە دەبێت کورد خۆى بگونجێنێت. ئەمە ناو دەنێن چى؟ ئەمە تێزى خۆگەوجاندنە، نەک خۆگونجاندن.
تاکو ئێستاش هیچ کام لە دەوڵەتە نەتەوە داگیرکەرەکانى کوردستان نە لە زهنیەت و نە لە ڕووى کردارییەوە دەستبەردارى چەوساندنەوە و سیاسەتى پاکتاوکردنى ڕەگەزیى کورد نەبوونە، تۆ بەچى لۆجیکێکەوە دەتەوێت نەتەوەکەت وەکو کەلەپچەکراوێک بخەیتە بەر شمشێرى ئەوان، بە پاساوى هەندێک چەمک و دەستەواژەى ناو کتێبگەلێک کە لە هیچ کونجێکى ئەم جیهانەدا شوێنى بەدیهێنانیان نابێتەوە.
کورد بۆ مانەوەی خۆی هێشتا لە قۆناخى بەرگریکردندایە، سادەترین پێویستییەکانى بەرگریکردنیش لە بەرانبەر ستەمکاریى دوژمنەکانى ئەو چەکە سادەیەى دەستیەتی، بڕوانن تێزى خۆگەوجاندن چى پڕوپاگەندەیەکیان دروست کردووە بۆ نەهێشتنى چەک لە دەستى کورد بە پاساوى ئەوەى سەردەمى خەباتى چەکدارى بەسەرچووە، دەیانەوێت کورد ئەو چەکە نابەرانبەرەى هەیەتى ئەویش بداتەوە دەستى داگیرکەرەکانى. لەکاتێکدا کورد ئەو چەکەى بۆ بەرگریکردن لە مانەوەى خۆی هەڵگرتووە. ڕوونیشە کە هەرکات بێ چەک بکرێت، گورگەکان چۆن پەلامارى دەدەن. هەموو ئەوانەى پڕوپاگەندەى ئەوە دەکەن سەردەمى چەک و خەباتى چەکدارى بەسەرچووە، خۆیان ئەو ڕاستییە دەزانن، کە مانەوەى کورد لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوویش بە دڵنیاییەوە بەهۆى ئەو چەکەى دەستى خۆیەتى.
ڕەنگە ڕۆژگارێک بێت ڕوون ببێتەوە، کە سەرچاوەى ئەو بایە لە کوێوە هەڵی کردووە، دەزگاى هەواڵگریى کام وڵات لە پشت داڕشتن و پەرەدان بەو دەستەواژە و چەمکانەوە بووە، کە کوردەکانى هاندەدا لەگەڵ ژێردەستەیى خۆیان ڕابهێنن بە پاساوى چەمکى هاووڵاتیبوون و خۆگونجاندنەوە، کە لە ڕاستیدا چەمکێکى گەوجاندنە.


