سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

مانا و لێکەوتەکانی چوارچێوە یاسای دوایهێنان بە تیرۆر لە تورکیا

کەمال سولەیمانی

دەستپێک

یاسای چوارچێوەیی تورکیا — ئەوەی بە ناوی یاسای چوارچێوە بۆ «کۆتاییهێنان بە تیرۆر» ناسراوە — نابێت تەنیا وەک ڕێکارێکی تەکنیکیی یاسای سزادان، یان وەک پڕۆسەیەکی ئاشتی لە تەواوی واتای ئەو وشەیەدا، لێکبدرێتەوە. گرنگیی ڕاستەقینەی ئەم یاسایە لە جۆرە نەزم و نیزامە سیاسییە دایە کە هەوڵ دەدات دروستی بکات. پڕۆسەیەکی ئاشتیی ڕاستەقینە لە دانپێدانانی دوولایەنەوە دەست پێ دەکات: لە داننان بەو ڕاستییەدا کە لانی کەم دوو لایەنی سیاسی بوونیان هەیە. ئەم یاسایە بە تەواوی پێچەوانەی ئەو ڕێبازە دەڕوات. پرسی کورد کورت دەکاتەوە بۆ کێشەی پەکەکە/کەجەکە، ئەو ڕێکخراوانە و پێکهاتە گرێدراوەکانیشیان لە چوارچێوەی «تیرۆریزم»دا پۆلێنبەندی و کاتەگۆریزە دەکات. هەڵوەشانەوە، چەکدانان، خۆتۆمارکردنی تاکەکەسی و ملکەچبوونی ئەم تاکانەش بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان دەکاتە مەرجی پێشوەختە بۆ هەر چەشنە سوودمەندبوونێکی یاسایی. کەواتە، پرسەکە ئەوە نییە کە ئایا توندوتیژی دەبێت کۆتایی بێت یان نا — کە لەمەودوا دەبێ بپرسین دژ بە کێ، بەڵکوو ئەوەیە کە بە چ مەرجێکی سیاسی کۆتایی پێ دەهێنرێت، کێ ئەو مەرجانە دیاری دەکات؛ پاش تەواوبوونی پڕۆسەکە چی لە توانای بڕیاردانی سیاسیی کورد دەمێنێتەوە.

دەرهاویشتە بەرفراوانەکانی ئەم یاسایەش بە هەمان ئەندازە مەترسیدارن. ئەم یاسایە سیستەمێک دادەمەزرێنێت کە تێیدا دەوڵەتی تورکیا دەسەڵاتی یاسایی بەسەر تاکەکانی «تیرۆریستی» پێشوو، تۆمارەکان، سامان، چەک، هەروەها زەرفیەتی سیاسیی داهاتووی ئەو ڕێکخستنەیە (مەنزومەیە) پەیدا دەکات کە سەردەمانێک بانگەشەی ئەوەی دەکرد گوتەبێژی ڕزگاریی کوردە. بێگومان پەکەکە وەک هێزێکی کوردی نامێنێت، بێ ئەوەی مەرجی پێویست ئەوە بێت کە ئەو تۆڕ، دیسپلین و پێکهاتانەی فەرماندەیی ڕێکخراوییەکەی لەناو بچن. بە ئەگەری زۆر دواتر دەتوانرێت لەژێر چاودێریی دەوڵەتی تورک‌دا سەرلەنوێ ڕێکبخرێنەوە. مامەڵەی نایەکسانیی ئەم یاسایە لەگەڵ باڵە جیاوازەکانی کەجەکە، بێبەشکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە سوودە یاساییە ئاساییەکان، پشتبەستنی بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و دامەزراوە هەواڵگرییەکان و هاوکاتبوونی ئەم یاسایە لەگەڵ ستراتیجییە بەرفراوانە ناوخۆیی و هەرێمییەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، سەرلەبەریان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەمە تەنیا کۆتاییهێنانێک نییە. بەڵکوو هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتی، فەرماندەیی و ئەرکی سیاسی: دوورخستنەوەیان لە ئیرادەیەکی سەربەخۆی کوردی و ئاراستەکردنیان بەرەو پێکهاتەیەک کە دەوڵەتی ئەمنیی تورکیا بتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات و بەڕێوەی ببات.

پێشینەی مێژوویی و مانای یاسای چوارچێوە

پێش هەموو شتێک پێویستە بگوترێت کە ناوەکە و خودی یاساکەش، شایەنی وردبوونەوە و شیکاریی زۆرن. بەڵام پێویستە پێشتر ئاوڕێک لە بەستێنە مێژووییەکەی بدەینەوە. لە سەرەتای هاتنە گۆڕێی باسی ئەم پڕۆسەی دواییە، دەوڵەتی تورک وەکوو پڕۆسەی نەمانی تیرۆر ناوی هێناوە. تەواوی مەنزوومەی ئۆجەلانیست‌یش ئەم پڕۆسەیەیان، وەک پڕۆسەی ئاشتی ناوزەد کردووە. وەکوو ئەوەی کە هیچ گرنگ نەبێت کە دەوڵەتی تورک پڕۆسەکە چۆن دەبینێ، گرنگ نییە چۆنی پێناسە دەکات، یان وەکوو ئەوەی کە بەڕاستی پڕۆسەیەکی ئاشتیی دوولایەنە لە ئارادا بێت. لانیکەم لە دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە –لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ تاکوو ئێستا— ئۆجەلانیستەکان و بەشێک لە میدیای باشوور بەردەوام بوونە لە ناساندنی ئەو پڕۆسەیە وەکوو پڕۆسەی ئاشتی.

لە ڕاستیدا “پڕۆسەی ئاشتی” بە شێوەیەکی ئاسایی و نەریتی، ئاماژە بە پێواژۆ و ڕەهەندێک دەکات کە تێیدا ئەکتەرە جیاوازەکان، یان دوو ئەکتەری جیاواز دەتوانن دانوستان و پێکهاتن بکەن و لەسەر بنەمای پارسەنگی هێز شتێکی نوێ بونیاد بنێن یان لەسەر کۆمەڵێک شت بگەن بە یەک.

ئەوەی ئێستا لە تورکیا ڕووی داوە بەتەواوی جیاوازە. ئەمە هەلێک نەبوو بۆ گفتوگۆ؛ بەڵکوو میعمارییەک بوو بۆ کۆنتڕۆڵکردن و لەباربردنی پرسی کورد –بەتایبەت لە سەرەتادا– لە ڕۆژاڤا؛ هەروەها بەکارهێنانیشی بۆ هەندێک گۆڕانکاریی ستراتیجیک لە ناوخۆی تورکیا بە قازانجی حکوومەتی ئەردۆغان و لە دەرەوەی تورکیاش بۆ بەرزکردنەوەی هەژموونی دەوڵەتی تورک و لابردنی کورد وەکوو لەمپەر و فاکتەرێکی گریمانکراو لە گۆڕینی هاوسەنگی جیۆپۆلەتیکیدا. بەڵام، تەنانەت بەپێچەوانەی جاری پێشوو لە ٢٠١٢-٢٠١٤دا، لەم هاوکێشە یان پڕۆسەیەی دواییدا، نە پەکەکە و نە دەم پارتی لایەنێک نەبوون؛ بەڵکوو تەنیا ئامرازێکی میدیایی بوو بۆ دروستکردنی باوەڕ بەوەی کە پڕۆسەکە جدییە. “یاسای چوارچێوە” سەلماندی کە ڕۆڵی ئەوان لە بەیاساییکردنی و کاریگەریدانان لەسەر بڕیارەکانی دەوڵەتدا بە قازنجی کورد، هیچ لە ڕۆڵی جەهەپە زیاتر نەبووە.

بۆ تێگەیشتن لە سروشتی ڕاستەقینەی ئەم یاسایە، دەکرێت لە چەند ڕەهەندێکەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین: خودی پڕۆسەکە، ئەو زاراوانەی بەکار هێنراون، ئەکتەرە سەرەکییەکان، و گرنگتر لە هەموویان، ڕادەی “بەشداریی ڕاستەقینەی کورد”. ئەم خاڵەی دوایی زۆر ئاڵۆزە و ناچارمان دەکات بپرسین: ئایا پەکەکە هێشتا لە بەرەی کوردی‌دا ماوەتەوە؟ ئایا ئۆجەلان هیچ پەیوەندییەکی بە ئیرادە و سیاسەتی کوردییەوە هەیە؟ ئایا ئەو ئەکتەرە سیاسییانەی کە بەشدارن، هەر بڕوایان بە مافی نەتەوەیی کورد هەیە، تاکوو باس لە کورد وەکوو مرۆڤێکی خاوەن هەڵوێستی نیشتمانی بکەین؟ پرسیارە سەرەکییەکە زۆر ڕوونە: ئایا ئەم پڕۆسەیە وەک پرسێکی ڕەوای سیاسی و نەتەوەیی مامەڵە لەگەڵ دۆزی کورد دا کردووە، یان تەنیا ئامرازێکی یاساییە بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئەمنیی تورکیا پەکەکە هەڵوەشێنێتەوە؟ وەڵامەکە لە خودی ناوی یاساکە و ڕەچەڵەکەکەیدا تا ڕادەیەکی زۆر دەردەکەوێت.

کاتێک بەدواداچوون بۆ ڕەچەڵەکی ئەم یاسایە دەکەین، جگە لە غیابی بە تەواوەتیی سیاسەتی کوردی لە گوتار و کردەوەدا، دەبینین تەنیا کەسایەتییەک کە دەنگی لە هەمووان زیاتر بیستراوە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بووە، کە ڕوانگەی ئەو چوارچێوە و تەوەری گفتوگۆ و باسەکانی سەبارەت بە داهاتووی کورد دیاری کردووە. لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، باخچەلی داوای کرد کە “سەرکردەی تیرۆر” —دەستەواژەکەی ئەو بۆ ئۆجەلان— بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی‌دا، “بەبێ شەرت و مەرج” هەڵوەشانەوەی ڕێکخراوەکەی یان بە زمانی ئەو “تەواوبوونی تیرۆر” ڕابگەیەنێت.

ئەمە وەکوو بانگەوازێک بۆ دانوستان نەدەچوو؛ بەڵکوو زۆرتر وەک فەرمانێک دەردەکەوت بۆ خۆبەدەستەوەدانی ئاشکرا، کە دەبوو لە هۆڵەکەی پارلەمانی تورک‌دا نمایش بدرێت–کە هێمای سەروەریی دەوڵەتی تورکیایە. پەیامەکە ڕوون بوو: دەوڵەت ناچێتە شاخ، بەڵکوو شاخ بەردەنگ دەوڵەت نییە و دەبێ شاخ بە تەسلیمی بێتەوە لای دەوڵەت و کڕنۆشی بۆ ببات. دوابەدوای ئەو فەرمانەی باخچەلی، ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا ڕایگەیاند کە بۆ کورد نەک هەر ستاتۆ و پێگەی سیاسی و ئۆتۆنۆمی ئیداری یان فێدرالیزم، بەڵکوو داوای مافی کولتووریش ئەوا کورد بەرەو “ناسیۆنالیزمی زێدەڕۆ” دەبات؛ بۆیە، داوای کرد پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە و لەگەڵ دەوڵەتدا تێکەڵ بێتەوە. سەرەڕای ئەو هەموو پاساوانەی لەو کاتدا بۆ ئەم هەنگاوە دەهێنرایەوە، دیتمان کە پەکەکە بێ کەمترین بەرگریی خۆی هەڵوەشاندەوە و ئەم هەڵسوکەوتی گوێڕایەڵییە ڕەهاییە تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە.

هەرچەندە باخچەلی بە ئاشکرا ئەم فۆرمولەیەی خستە ڕوو، بەڵام بزوێنەری سیاسیی ڕاستەقینەی پشت ئەم کارە، ئەکەپە بوو. دەسەڵاتی ئەکەپە—کە مێژوویەکی درێژی هەیە لە گەمەکردن بە پرسی کورد لە ڕێگەی سووڕی یەک لەدوای یەکی گفتوگۆی نهێنی، دەستپێشخەرییە ڕووکەشییەکانی “ئاشتی” و گرژیی سەربازییەوە—هەلێکی قۆستەوە بۆ ئەوەی لە بنەڕەتەوە تەواوی ململانێکە کورت بکاتەوە بۆ کێشەیەکی تیرۆر. بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی بچووکترین ئاستەنگ ببێتەوە لەلایەن بازنەی ئۆجەلان‌ـەوە، ئەم مانۆڕە حیساببۆکراوە ڕێگەی بە هاوپەیمانییە فەرمانڕەواکە داوای کۆتاییهێنان بە تیرۆر لە ئۆجەلان کرا.

پێش ئەوەی بابەتەکە بە ئاشکرا ڕابگەیەندرێت، کەینوبەینەکان لەگەڵ ئۆجەلان کرابوون. وەک سڕی سورەیا ئۆندەر، لە تەلەڤیزیۆنی “هەبەر تورک” بە ئاشکرا ڕایگەیاند، دەقەکەی ئۆجەلان وشە بە وشە بە ڕەزامەندیی دەوڵەتی تورک لە پشت بووە و بەپێی گوتەی ئۆندەر، هەر وشەیەکیشی لەلایەن تیمە جۆراوجۆرەکانی نوێنەرایەتیی و ئەمنی دەوڵەتی تورکەوە بەوردی گەنگەشە کراوە. زنجیرەی ڕووداوەکانی دواتریش بەڕوونی ڕاستیی قسەکانی ئۆندەریان لەم کەینوبەینە پێشوەختە دەرخست؛ بۆیە تەنانەت ئەگەر وا دابنێین کە دوو لایەنی بە ئیتنیک جیاوازیش بەشداری ئەم پڕۆسەیە بووبن، هەردووکیان لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی دەوڵەتی تورکەوە مامەڵەیان لەگەڵ پرسی کورد دا کردووە.

بەم هۆیانەی کە باس کران، نابێت ئەم یاسای چوارچێوەیە وەک هەنگاوێکی شاز یان چاوەڕواننەکراو ببینرێت. دیارە، زۆر کەس ئەمە دەپرسێت کە بۆ ئۆجەلان—وەک دیلێک—هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان نەکرێت؟ بۆ نابێ ئۆجەلان هەر گۆڕانکارییەک لە پێگەی یاسایی یان سیاسیدا وەک ڕێگەی ڕزگاریی تاکەکەسیی خۆی چاوی لێ نەکات و بۆ خۆی نەیقۆزێتەوە؟ کێشەکە ئەوەیە کە ئەو هێزێکی ساز کردووە و وەکوو لە وتوێژێکدا لەگەڵ نەبیل ئەلملحەم لە ١٩٩٦ دەڵێت ”کەسی دووەم” و بیرۆکەی هەر جێگرەوەیەکی خۆی تێدا کوشتووە. لە پەکەکە دا وەکوو دروشمی پەکەکە بە ڕوونی دەری دەبڕێت، لە نەبوونی سەرۆکدا تەنانەت ژیانیش مومکین نییە. بۆیە، ئەوەی لە دەرەوەی زیندانیشە هەر دیلە؛ هیچ ئەکتەرێکی بەڕەچەڵەک کورد—کە ڕای نەگەیاندبێت “ئۆجەلان هێمای ئیرادەی منە”—ڕۆڵی لەم پڕۆسەدا نەبووە.

ئۆجەلان لە ئیمراڵی‌یەوە فەرمانی داوە، لە کاتێکدا پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە نێو یەکەمین واژۆکارانی یاسایی چوارچێوەی نەمانی تیرۆردا بوون؛ تولای هاتیمۆغۆللاری، تونجەر باکرهان و گولستان کلچ کۆچییگیت شانبەشانی وتەبێژی پەرلەمانی تورک نوعمان کورتولموش و دەوڵەت باخچەلی وەستابوون. ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئۆجەلان یان دەم پارتی یاساکەیان نووسیبێت، هەروەها بەو مانایەش نایەت کە واژۆکردنی دەقێک هاوتایە لەگەڵ داڕشتنیدا. بەڵام ئەم چوارچێوە سیاسییە ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەکات کە ئەوانیش و پەکەکەش—ڕێک وەکوو ئۆجەلانی ژوورەوەی زیندان—لە دەرەوە دیل و بێ ئیرادەن و تەسلیم بوون. ئەمە میکانیزمێک بوو کە لە ڕووی یاساییەوە پەکەکە/کەجەکە و پێکهاتەکانی سەر بەوان لە چوارچێوەی پۆلێنی “ڕێکخراوی تیرۆریستی”ی دەوڵەتی تورکیا دا جێگیر دەکات و داوای هەڵوەشانەوەی یەکلایەنەیان لێ دەکات. واژۆکردنی فەرمانێکی پێشوەختە داڕێژراوی دەوڵەت، لە بنەڕەتەوە پاساو و بانگەشەکانی ٥٠ ساڵی ڕابردووی پەکەکە—کە گوایە لەبەر پرسی کورد سەری هەڵداوە—مەحکووم دەکات و نکوڵیی ئەوە دەکات کە سەرهەڵدانی ئەم پارتە هەر لە سەرەتاوە هیچ بنەمایەکی مەشرووعی هەبووبێت. ئەمە هەروەها ئۆجەلان‌یش بە درۆ دەخاتەوە کە پێشتر ڕایگەیاندبوو پەکەکە پێش نەوەدەکان مانای هەبووە چونکە ئەو کات کورد نکوڵی دەکرا، بەڵام گوایە بە نەمانی نکوڵییکردن لە کورد، بوونی پەکەکە لە نەوەدەکانەوە بووەتە شتێکی بێمانا. بەپێی ئەم یاسایە، جگە لە تیرۆریزم و توندوتیژی، هیچ پاساوێک بۆ لەدایکبوونی پەکەکە و درێژەکێشانی لە ڕابردوودا نەبووە و لە داهاتووشدا نابێت، کە دەم پارتی‌یش بە ئاماژەی ئۆجەلان ئەوەی واژۆ کردووە.

ناوڕۆکی یاساکە

کاتێک دێینە سەر ناوەڕۆکی یاساکە، دەبێت بەتەواوی ڕوون و بێپەردە بین: ئەم یاسای چوارچێوەیە، بە هیچ مانایەکی واتادار، پەیوەندیی بە پڕۆسەی ئاشتییەوە نییە. وەکوو گوترا، پڕۆسەی ئاشتیی ڕاستەقینە پێویستی بە لانی کەم دوو بکەرە (کارەکتەرە) کە دان بە بوونی یەکتردا بنێن، دان بە ڕەگوڕیشەی مێژوویی و سیاسیی ململانەکاندا بنێن و بچنە ناو گفتوگۆیەکی داڕێژراوەوە بە مەبەستی گۆڕینی ئەو بارودۆخەی کە توندوتیژییەکەی بەرهەم هێناوە. هیچ یەکێک لەم ڕەگەزانە لێرەدا بوونیان نییە چونکە بە یەک وشە، بەپێی ئەم یاسایە هیچ پاساوێکی مەشروع و ئەخلاقی بۆ لەدایکبوونی پەکەکە لە سەرەتاوە بوونی نەبووە. بۆیە، پەکەکە ئێستا هیچ شەرعییەتێکی نییە کە لەسەر هیچ پرسێک دانوستانی لەگەڵدا بکرێت. هیچ دانپێدانانێک بە پێگەی نەتەوەیی، ئیرادەی سیاسی، زمان، جوگرافیا، یان ئەو برینە مێژووییانەی کە بەسەر کورد دا هاتوون بوونی نییە و هیچ پەیوەندییەک لە نێوان بوونی پەکەکە و بوونی پرسێکی نەتەوەیی یان سیاسیی شایەنی دانپێدانان نەهێشتراوەتەوە. مامەڵەکردن لەگەڵ پەکەکە/کەجەکە دا، وەک گوزارشتێکی چەکداری لە پرسێکی چارەسەرنەکراوی سیاسی نییە، بەڵکوو تەنیا وەک پڕۆژەیەکی تاوانکارییە کە دەبێت هەڵوەشێندرێتەوە. یاساکە ناپرسێت پەکەکە چی دەوێت؛ لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندە سیاسی، مێژوویی، یان نەتەوەییەکانی پرسی کورد ناکات؛ بەڵکوو تەنیا سەلماندن، پشکنین و تەمێکردنی ڕووت دەسەپێنێت.

یاسای ژمارە ٧٥٩٥، کە بە چەواشەکارییەوە ناوی “یاسای بەهێزکردنی هاوپشتیی نەتەوەیی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی”ی لێ نراوە، لە ١٨ی ئاب‌ دا چووە بواری جێبەجێکردنەوە. هەر یەکەمین ماددەی ئەم یاسایە، تەواوی نەخشەکە گرێ دەدات بە دوو مەرجی پێشوەختەی ڕەهاوە: دەبێت پەکەکە/کەجەکە و سەرجەم پێکهاتەکانی سەر بەوان کۆتایی بە بوونی دیفاکتۆی خۆیان بهێنن و دەبێت تەواوی ئەو چەک و تەقەمەنییانەی لەژێر کۆنتڕۆڵیانن ڕادەستی بکەن. خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە کە جێبەجێکردنی ئەم مەرجانە، نە لەلایەن کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆی ئاشتی، نە لەلایەن هیچ نوێنەرێکی کورد، نە لەلایەن دەزگایەکی چاودێریی نێودەوڵەتییەوە، پشتڕاست ناکرێتەوە. بەڵکوو، بەتەواوی لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە بڕیاری لێ دەدرێت، واتە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاوە پەسەند دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو دەکرێتەوە. ئەو دەستەیەی کە سەرپەرشتیی ئەم جێبەجێکردنەش دەکات پێکدێت لە: جێگری سەرۆک کۆماری تورک، وەزیرەکانی داد، دەرەوە، ناوخۆ و بەرگریی نەتەوەیی، سکرتێری گشتیی سەرۆکایەتیی کۆمار، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نەتەوەیی (میت) و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی. ئەمە میعماریی دەوڵەتێکی ئەمنییە کە بەوردی پڕۆسەیەکی پاکتاوکردن، کۆنتڕۆڵکردن و بەبارمتەگرتن بەڕێوە دەبات.

سەرەڕای ئەوەش، یاساکە هیچ لێبوردنێکی گشتی (عەفوو) دەرناکات. بەڵکوو، سیستەمێکی مەرجدار لە دواخستن و هەڵپەساردن دروست دەکات بۆ ڕەخساندنی ئیمکانی “بەبارمتەگرتنی دەوڵەتی”. یاساکە ئامادە نییە وەک لایەنێکی دەستەجەمعی مامەڵە لەگەڵ ڕێکخراوەکەدا بکات کە گوایە دەچێتە ناو ڕێککەوتنێکەوە بە زەمانی سیاسی؛ بۆیە تەنیا مامەڵە لەگەڵ تاکەکاندا دەکات. ئەوانەی دەیانەوێت لەم یاسایە “سوودمەند” بن، دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، داواکارییەکی بە نووسین پێشکەش بە داواکارێکی گشتی یان دامەزراوەیەکی ڕێگەپێدراو بکەن. لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنەکانیش تەنیا هەڵدەپەسێردرێن—ئەویش بۆ ماوەی پێنج ساڵ ئەگەر زۆرترین سزای تاوانەکە ١٥ ساڵ یان کەمتر بێت، یان بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە کەیسە قورسەکاندا. جێبەجێکردنی سزاکانیش بە هەمان شێوە دوادەخرێن. بەڵام هەڵپەساردن بە مانای هەڵوەشاندنەوە و بەتاڵکردنەوەی سزاکان نییە. سزاکان وەک شمشێرێک بەسەر سەری ئەو کەسانەوە بە هەڵواسراوی دەمێننەوە و دەوڵەت و دامەزراوەکانی دەستیان بۆ هەر جۆرە کەڵکوەرگرتنێکی خراپ، ئیستغلال یان وەبەرهێنان بەتەواوی کراوە دەبێت.

کەواتە، ڕابردوو ون نابێت. ماوەی بەسەرچوونی یاسایی (مروری زەمەن) ڕادەوەستێت. دۆسیە، پەروەندە و بەڵگەکان بۆ هەمیشە دەپارێزرێن. ئەو موڵک و سامانانەی شایەنی دەستبەسەرداگرتنن، دەکرێت بفرۆشرێن و ڕاستەوخۆ بخرێنە سەر خەزێنەی دەوڵەت، کە ئەمەش بەشێوەیەکی گشتی تەواوی تەلەفزیۆن، ڕادیۆ و هەموو پلاتفۆرمەکانی میدیاش دەگرێتەوە. بڕیارەکانی هەڵپەساردن دەخرێنە ناو سیستەمێکی تایبەتی بەدواداچوونەوە، کە بەردەوام لەلایەن داواکارانی گشتییەوە چاودێری دەکرێن. ئەگەر کەسێک لەم ماوەی تاقیکردنەوەیەدا تەنیا تۆمەتبار بکرێت—چ جای ئەوەی سزا بدرێت—بە تاوانێکی دیکەی “تیرۆر”، ئەوا دەستبەجێ لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن یان سزاکەی پێشووی زیندوو دەکرێتەوە. بۆیە، ئەم یاسایە هیچ ئازادییەک بە مانایەکی ڕاستەقینەی یاسایی نادات و ڕابردوو وەک شمشێری دامۆکلس (Sword of Damocles) لەسەر سەری هەر تاکێکیان تا هەن لە جۆلانەدایە. ئازادییەکەیان تەواو مەرجدارە: ڕەنگە کەسێک لە بینای زیندان بێتە دەرەوە یان لە دادگاییکردنی دەستبەجێ ڕزگاری بێت، بەڵام بۆ هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەی سیاسی و یاسایی بیرەوەرییە ئەمنییەکانی دەوڵەتدا دەمێنێتەوە. هەرچەندە ڕەنگە دەقی یاساکە بە ڕاشکاوی نەیگوتبێت کە هەموو جووڵە، پەیوەندی و بیرکردنەوەیەک چاودێری دەکرێت، بەڵام خودی پێکهاتەی یاساکە ڕژێمێکی نائاسایی دروست دەکات کە تێیدا ژیانی داهاتووی هەموو ئەو تاکانە مەرجدارە بە خۆبواردن لە ڕابردوو بەپێی پێوەرەکانی دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەت، کە بەردەوام تۆمارکراوە، لەژێر چاودێریدایە و بە توندی لەبەردەم مەترسیی زیندووکردنەوەی سزاکاندایە.

ڕێک لەبەر ئەم هۆکارەیە کە مەرجی پێشکەشکردنی داواکاریی تاکەکەسی و خۆتۆمارکردن یان نێونووسی هێندە گرنگە. ئەمە تەنیا کردەوەیەکی خۆبەدەستەوەدان نییە؛ بەڵکوو بۆ هەر تاکێکیان کردەوەیەکی تۆمارکردنی خۆیەتی. ناو، مێژوو و پەیوەندیی هەر کەسێک دەچێتە ناو داتابەیسێکی ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتەوە. لە ئەگەری جێبەجێکرانی ئەم یاسایەدا، ڕێکخراوەکە لە ڕووی فەرمییەوە پارچە پارچە دەکرێت بۆ کۆمەڵێک تاکی دابڕاو کە دەبێت هەر یەکەیان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و ملکەچانە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا دا دروست بکەن. بەڵام، سەیر لەوەدایە کە ئەم بەتاککردنە مەرج نییە زنجیرەی فەرماندەیی لەناو ببات؛ چونکە لە کردەوەدا تاکەکان دەبێت لەژێر بڕیارێکی دەستەجەمعیی ڕێکخراوەکە و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتدا خۆیان تۆمار بکەن. بەم شێوەیە، ڕەنگە یاساکە فۆرمە فەرمییەکەی ڕێکخراوەکە هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتی و سیاسییە دەپارێزێت کە فەرماندەیی لە ڕێگەیەوە بەردەوام دەبێت لە کارکردن. لە کۆتاییدا، ئەمە تەنیا یاسایەک نییە بۆ لەناوبردن؛ بەڵکوو ئەگەری زۆرە نەخشەڕێگایەک بێت بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هەمان ڕێکخراو و مەنزوومە، بەڵام ئەمجارە لەژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت و بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتدا.

لێرەدا کێشەیەکی تری یاسایی بەدی دەکرێت. یاساکە بە ڕاشکاوی ئەو کەیسانە بێبەش دەکات کە پەیوەندییان بە کوشتنی بەئەنقەستەوە هەیە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەدا، کە دیسانەوە خودی دەوڵەت دیاری دەکات مەبەست لەوە چییە. هەروەها ئەو تاوانانەش لە مافی هەڵپەساردن بێبەش دەکات کە پێش ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ ئەنجام دراون و سزاکەیان زیندانیی هەتاهەتایی یان زیندانیی هەتاهەتایی قورسە. ئەم دیاریکردنەی کاتە مێژووییە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی، سیستەمێکی دووفاقی لەناو هەمان پۆلێنی یاساییدا دروست دەکات: ئەوانەی شایەنی هەڵپەساردنی سزان، لەگەڵ ئەوانەی بۆ هەمیشە بێبەش کراون. ئەم جیاکارییە ڕەنگدانەوەیەکی بێلایەنانەی قورسایی تاوانەکان نییە؛ بەڵکوو بڕیارێکی سیاسیی حیساب بۆکراوە کە دیاری دەکات کێ دەتوانێت تێکەڵ بە سیستەمە نوێیەکە بکرێت و کێ جارێ دەبێت لە دەرەوە بمێنێتەوە، کە تەواویش ڕوون نییە بۆ چ حیسابێکی سیاسییە. ئەمەش پرسیاری زۆر جددیی سەبارەت بە بنەما یان پرەنسیپی یەکسانیی لەبەردەم یاسای تورکیا دا دروست دەکات. بەڵێنی هەڵپەساردن دەبێتە ئامرازێک بۆ ملکەچپێکردن، کێشانەوەی بەڵێنەکە دەبێتە هەڕەشەیەکی هەمیشەیی، و بێبەشکردنیش دەبێتە لەکەیەکی هەتاهەتایی.

لە کۆتاییدا، ئەم ڕێکەوتە دیاریکراوە گرنگییەکی زۆری سیاسیی هەیە: بەئەنقەست ئۆجەلان لە دەرەوەی میکانیزمی ئاسایی هەڵپەساردنی سزاکان دەهێڵێتەوە. مرۆڤ هەر بۆچوونێکی هەبێت لەسەر مێژووی ئۆجەلان—و لە هەر ئەگەرێکدا دەکرێت بگوترێت کە مانۆڕەکانی ئێستای زیاتر بە پاڵنەری ئارەزووی ئازادبوونی کەسیی خۆیەتی—بەڵام، ئەم یاسایەش ڕاستەوخۆ ڕێگە لە ئازادبوونی ئۆجەلان دەگرێت. دەسەڵاتی ئۆجەلان بۆ سەرگرتنی پڕۆسەکە چارەنووسسازە؛ ناوەکەی تەوەری سەرەکییەتی؛ کەچی چارەنووسی ئەو بە مەبەست لەو یاسایەدا مانەوەی زۆرترە لە زیندان. دیارە ئەم تەمومژاوییەی یاساکە زۆر بەسوودە بۆ ئەکەپە. پرسی سزاکەی ئۆجەلان، یان ئازادکردنی و پێدانی “مافی ئومێد”، لە ڕووی سیاسییەوە پرسێکی پڕکێشەیە و مەترسیی ئەوەی هەیە کە بەشە توندڕەو و ڕەگەزپەرستەکانی دەنگدەرانی تورک لە دەسەڵاتی ئەردۆغان زویر بکات و دەنگی پێ نەدەن. حکومەتی ئەردۆغان بە ناڕوون هێشتنەوەی پێگەی ئۆجەلان، ئەو کاریگەرییە بەکار دەهێنێت بۆ زامنکردنی ملکەچبوون، چەکدانان و هەڵوەشانەوەی ڕێکخراوەکە و لە هەمان کاتیشدا خۆی دەدزێتەوە لە هەر پابەندبوونێکی ڕاستەوخۆی یاسایی بەرامبەر بە ئازادیی خودی کەسەکە. بەم شێوەیە، کاریگەرترین کەسایەتیی ناو تەواوی پڕۆسەکە بۆ ملکەچکردنی پەکەکە، بچووک دەکرێتەوە بۆ تەنیا هەڵاوێردێکی (ئیستیسنایەکی) یاسایی.

پلانە سیاسی و ستراتیجییەکانی پشت ئەم پڕۆسەیە

زۆر گرنگە لەبیرمان بێت کە ئەم ڕەوتە قەرارە لە چ بەستێنێکی سەروەریی یاسادا بچێتە پێش و جێبەجێ بکرێت، ئەگەر باس لەوە بکرێت کە گوایە لە کەیسی ئۆجەلان‌دا پەنا بۆ دادگای دەستووری دەبرێت و پرەنسیپی یەکسانی لە یاسادا دەوروژێندرێت، دەبێ ئەوەشمان لەبەرچاو بێت کە دەسەڵاتی جێبەجێکاری ئەردۆغان زۆر جار بڕیارەکانی ئەو دادگایەی وەک شتێکی ئارەزوومەندانە مامەڵەی لەگەڵ کردووە، بەتایبەت کاتێک لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسییەکانیاندا یەکیان نەگرتووەتەوە. ئەمەش بە ڕوونی لە کەیسەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش، جان ئاتالای، عوسمان کاڤالا و زۆر کەسی دیکەدا دەبینین، کە حکوومەتەکەی کەمترین ڕێزی بۆ بڕیارەکانیان داناوە. لە سیستەمێکی وەهادا، چۆن دەکرێ متمانە بەوە بکرێت کە یاسایەکی چوارچێوەیی پڕ لە دەسەڵاتی ڕەها، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت؟ ئەم یاسایە دوورگەیەکی یاسایی نییە لە نێو شاڵاوێکی خنکێنەری دیکتاتۆریدا، بەڵکوو بەرهەمی خودی ئەو شاڵاوەیە و بەڵێنەکانیشی لەو ئیرادە سیاسییەی لە پشتیانەوەیە، زیاتر بایەخیان نییە.

بەڵام ڕەگوڕیشەی ئەم یاسا نوێیە ناتوانرێت تەنیا لە دۆخی کەسی و یاسایی ئۆجەلان‌دا کورت بکرێتەوە. پڕۆژەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، بەتایبەتی لە ڕێگەی یەکگرتنی ستراتیجیی ئەردۆغان و باخچەلی‌یەوە، دەستی پێ کرد بۆ ئەوەی لە یەک کاتدا چەند ئامانجێک بپێکێت. لە ڕووی ناوچەیییەوە، مەبەستی هەرە سەرەکی چەککردن، لەناوبردن یان بێکاریگەرکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو، کە هێزێکی ڕێکخراوی سەربازی و سیاسیی کوردە لە سووریا. بەڕاستی گومان لەوەدا هەیە کە هێنانە خوارەوەی چەکدارەکان لە چیاکان ویستی ڕاستەقینەی دەوڵەتی ئەردۆغان بێت. بەڵکوو پرسی ستراتیجیک سڕینەوەی هەر هێزێکی سەربەخۆی کوردی بوو لە هاوکێشەی ناوچەیەکدا کە دەوڵەتی تورک لە بوونی نیگەران بوو، هەروەها لەوە دەترسا کە ئەو هێزە لەژێر کاریگەریی ئۆجەلان دەرچێت؛ بەتایبەتی کە لە ساڵی ٢٠١٤دا، سەرەڕای گوشارەکانی حکوومەتی ئەردۆغان، ئەو هێزە ئامادە نەبوو دژی ئەسەد شەڕ بکات. لە هەمان کاتدا، ئەم پڕۆسەیە دەرفەتێکی دەگمەنی بە ئەنقەرە دا تاوەکوو قووڵایی دەسەڵاتی ئۆجەلان بەسەر سیستەمی پەکەکە/کەجەکەـدا جارێکی دیکەش تاقی بکاتەوە و لە ئەگەری مردنی ئۆجەلان‌یشدا ئیحتمالی لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی پەکەکە نەبێت بە کێشە.

ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوەیەش ئاشکرا بوو. هیچ بەرگرییەکی ناوحیزبیی پەکەکەمان نەبینی. کادرەکان، دامەزراوەکان و فەرماندەکان بە ملکەچییەکەوە دوای فەرمانەکە کەوتن. ئەمە شتێک بوو زیاتر لە دەستپێشخەرییەک بۆ چەکدانان؛ تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ فەرماندان و گوێڕایەڵی و سەلماندی کە زنجیرەی بڕیاردان هێشتا کاریگەرە و پێش مەرگی ئۆجەلان دەبوو چارەیەکی بۆ ببینرێتەوە. بۆیە ئەم پڕۆسەی ئێستا هەڵسەنگاندنێکی نوێ بوو بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا دەوڵەتی تورکیا دەتوانێت سەداسەدی کارتی ئۆجەلان بەکار بهێنێت بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ئەو ڕێکخراوە لە سەرەوە بۆ خوارەوە؟ هەروەها ئایا پەکەکە گوێڕایەڵ دەبێت تەنانەت کاتێک بوونە سیاسی و ڕێکخراوەییەکەی خۆیشی هەڵدەوەشێندرێتەوە؟

لە پاڵ ڕەهەندە هەرێمییەکاندا، ژینگەی سیاسیی ناوخۆی تورکیا و پرسی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان بێگومان گرنگییەکی زۆری هەبووە و هەیە لەم پڕۆسەیەدا، کە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە گەورەکەی ئەردۆغان بۆ مسۆگەرکردنی مەرجەکانی مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا. ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کە ڕکابەری سەرەکیی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان‌ـە، لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی دادوەریی ساختەوە کە خۆی و ئۆپۆزیسیۆن بە سیاسیی دەزانن، زیندانی و لە ڕووی سیاسییەوە بێکاریگەر کراوە. وەکوو بەشێک لەو هەوڵەش، ئەردۆغان ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکیی کەمالیستی ڕووبەڕووی قەیرانی دەستێوەردانی یاسایی، داڕشتنەوەی ناوخۆیی و لۆجیکێکی قەییووم‌ئاسا کردۆتەوە؛ بە جۆرێک کە زۆرینەی کەسایەتی و پەرلەمانتارانی پێشووی ئەو حیزبەی بەرەو دروستکردنی حیزبێکی نوێ (پارتی نوێ) پاڵ پێوە نا. ئەوەی کە ئایا ئەردۆغان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەموارکردنەوەی دەستوور، یان فۆرمولەیەکی تری یاساییەوە بەدوای کاندیدبوونی سێیەم یان چوارەمدا دەگەڕێت، تەنیا بەشێکی کێشەکەیە. ئامانجە گەورەکە داڕشتنەوەی گۆڕەپانی سیاسییە بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەی بۆ ماوەیەکی نادیار درێژە بکێشێت. بۆیە، پڕۆسەی “کۆتاییهێنان بە تیرۆر” ناتوانرێت لەو پڕۆژە فراوانترەی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی سیاسەتی تورکیا و فاکتەری هەژموونی هەمیشەییی ئەردۆغان جیا بکرێتەوە.

هەر بۆیەش نابێ باسی دروستکردنی حیزبێکی گرێدراو بە ئۆجەلان‌ـەوە وەک خەیاڵ و فانتازیا سەیر بکرێت. دوو ساڵ لەمەوبەر، ئەگەر بگوترایە ئۆجەلانچێتی دەتوانێت لە زمانێکی دژە-دەوڵەتەوە بەرەو تێکەڵبوونێکی ئاشکرا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هەنگاو بنێت و ئامادەیە ڕەزایەت بە یاسایەک بدات کە بە تیرۆریستی دێنێتە هەژمار، ئەوکات یان وەکوو شێتی، یان وەکوو هاوکاریی دەزگای میت و چەواشەکاری دژ بە بەهێزترین ڕێکخراوی کورد، دەهاتە هەژمار. بەڵام ئەمڕۆ، باس لە دروستبوونی پێکهاتەیەکی ئۆجەلانی دەکرێت کە بە وتەی خودی ئۆجەلان گوایە دەیویست ڕکابەریی مەهەپە بکات لە “دەوڵەتی قووڵ”ی تورکیادا. ئەم وەرچەرخانەی کارەکتەرێک کە دوو ساڵ پێش ئێستا گوایە دژی دیاردەی دەوڵەت بوو بۆ ڕزگاریی مرۆڤایەتی – کە بە سوپای تورکیشی دەگوت داگیرکەر – بۆ پێکهاتەیەکی ڕێکخراوی نێو تەلارسازیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو دەوڵەت و ئەرتەشە، دەبێ پێمان بڵێت داهاتووەکەی دەتوانێ چی لە زەق دابێت. مەسەلەکە تەنیا ئەوە نییە کە ئایا ئۆجەلان بە فەرمی حیزبێکی نوێ دادەمەزرێنێت یان نا. پرسە قووڵترەکە ئەوەیە کە ئایا بزووتنەوە کۆنەکە چۆن ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی لەژێر زنجیرەیەکی فەرماندانی نوێدا بەو جۆرە لەگەڵ دەوڵەت تێکەڵ بکرێتەوە کە ئۆجەلان فەرمانی پێداوە؟

ئەو وەرچەرخانە خێرایەی کە سەبارەت بە ڕۆژاڤا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هەر ئێستا لەبەر چاومان خەریکی ڕوودانە، دەبێ تێگەیشتن لەم ئەگەرە ئاسانتر بکات. تا ماوەیەک لەمەوبەر، هەسەدە خۆی وەک پارێزەری شارستانیەت و داهاتووی مرۆڤایەتی و هێمای دژایەتیی ئیسلامیزم و جیهادییەکان بە جیهان دەناساند. کەچی ئەمڕۆ، تەنیا چەند مانگ دوای حوکمی ئەنفالی ئەحمەد شەرع دژ بە کوردی ڕۆژاڤا، فەرماندەیەکی هەسەدە وەکوو مەحموود بەرخۆدان دەڵێت ئەگەر ئەحمەد شەرع (جۆلانی) فەرمانیان پێ بکات شەڕی ئیسرائیل بکەن، ئەوا دەیکەن. لێدوانێکی لەم شێوەیە – لە دژایەتی لەگەڵ جیهادیزم ڕا بۆ گوێڕایەڵی بۆ جیهادیست و ئامادەیی بۆ جیهاد – تەنیا ١٠ مانگ لەمەوبەر بە مێشک و خەیاڵی هیچ مرۆڤێکدا نەدەهات. ئەگەر کەسێک پێشبینیی ئەوەی بکردایە کە هەسەدە ئامادە دەبێت لە ڕووی سەربازییەوە لەژێر فەرمانی دەوڵەتێکدا بجووڵێتەوە کە لەلایەن پاشماوەکانی دەستەی تەحریر شام، قاعیدە، جەبهەتووننوسرە و داعش‌ـەوە فۆرمولە کراوە، بە خیانەت یان درۆ دروستکردن تۆمەتبار دەکرا. بەڵام کاتێک زنجیرەی فەرماندان و ژینگەی ستراتیجی سەرلەنوێ دادەڕێژرێنەوە، مەحاڵی دوێنێ دەبێتە زمانی ڕەسمیی ئەمڕۆ.

ئەگەر جارێکی تر بگەڕێینەوە سەر باسی بەکارهێنانی یاساکە، باوەڕم وانییە کە دەوڵەتی تورکیا مەبەستی بێت پەکەکە بە مانا ڕەهاکەی لەناو ببات و نەیهێڵێت. بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی توانا و ئامادەیی ئەو ڕەوتە بۆ تێکەڵبوونەوە تەنانەت لەگەڵ جیهادییەکان و تەنانەت ئەو لایەنەی کە تورکیا نیگەران بوو گوێڕایەڵی ئۆجەلان نەبن. بۆیە من پێموایە تورکیا دەیەوێت پەکەکە وەک هێزێکی کوردی یان سۆزدار بۆ کورد لەناو بچێت، دەیەوێت توانای سەربازیی سەربەخۆ، فەرماندەییی سەربەخۆ، سەرچاوەکان، تۆڕەکانی ڕاگەیاندن و بانگەشە سیاسییەکانی لێ بستێنێتەوە. بەڵام تۆڕێکی تەمبێکراو، سەرلەنوێ ڕێکخراو و کۆنتڕۆڵکراو دەتوانێت زۆر ستراتیجیک بێت بۆ بەرژەوەندیی تورکیا. پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا پەکەکەی پێشوو بە هەمان ناو یان ئاڵاوە دەمێنێتەوە یان نا. پرسیارەکە ئەوەیە کێ فەرمانی پێ دەکات؟ بۆ چ ئامانجێکی سیاسی؟ و لەژێر چاودێریی ئەمنیی کێدا؟ یاسای چوارچێوەیی، بە شێوەیەکی ورد مەرجە یاساییەکان بۆ وەرچەرخانێکی لەم شێوەیە دەخولقێنێت: نەک ڕێکخراوێکی سەربەخۆی کوردی، بەڵکوو تۆڕێک کە ئەندامەکان، تۆمارەکان، سەرچاوەکان و داهاتووە سیاسییەکەی ملکەچی دەوڵەتی تورکیا بن.

مامەڵەی جیاواز لەگەڵ لقەکانی کەجەکە، ئەم ستراتیجە ناوچەیییە زۆر ڕوونتر دەکاتەوە. پژاک، کە گوایە بەشێکە لە هەمان چەتری کەجەکە، تا ڕادەیەکی زۆر بەتەواوی پشتگوێ خراوە. هەسەدە ناچار کراوە بەرەو گۆڕانکاری و هەڵێنانی دوایین هەنگاوی تێکەڵبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی جیهادیستی سووریاـدا بڕوات. پەکەکەش لە ڕووی گوتاری و ئیعلامییەوە هەڵوەشاوەتەوە، بەتایبەت ڕوون نییە دوای ئەو پارتە نوێیەی کە ئۆجەلان سازی دەکات چ فۆرمێک دەگرێت. بەڵام ئۆجەلان ئێستا قبووڵی کردووە کە ئەندامانی ڕێکخراوەکەی لە چوارچێوەی داواکاریی تاکەکەسی، دواخستنی تۆمارکراو، چاودێرییەکی سیخوڕی‌ئاسا و پۆلێنکردنەوەی یاسایی وەکوو کۆنەتیرۆریست هەڵسوکەوتی دەوڵەتیان لەگەڵدا بکرێت. ئەگەر هەموویان گوایە بەشێک بن لە یەک چەتری پێشووی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، بۆچی تەنیا لقێکیان وەکوو پژاک پشتگوێ دەخرێت، یەکێکی تریان لەژێر سێبەری دیمەشق‌دا دەتوێتەوە و ئەو لقەشی کە خۆی بە تورکیایی دەزانێ، دەخرێتە ژێر ڕژێمێکی تایبەتی کۆنتڕۆڵ و بە بارمتەگیراو؟ ئەم نایەکسانییە ئەوە دەردەخات کە هیچ بنەمایەکی گشتگیری یاسایی یان ئەخلاقی لێرەدا پەیڕەو ناکرێت. ئەوەی لێرەدا لە کاردایە، نەخشەیەکی سیاسیی ناوچەییی گونجاو لەگەڵ بەرژەوەندیی تورکیا‌ـدایە: لقە جیاوازەکانی دەبێ پشتگوێ بخرێن، بپارێزرێن، بێدەنگ بکرێن، سەرلەنوێ ڕێک بخرێنەوە، قوت بدرێن، یان لەناو ببرێن، ئەویش تەنیا بەپێی پێداویستییە ستراتیجییەکانی ئەو دەوڵەتانەی تورکیا و سووریا کە دەبێ بەڕێوەیان ببەن.

تەنزێکی قووڵ و سەرووی هەموو ئەمانە ئەوەیە کە ئۆجەلان کەجەکەی وەک ڕێکخراوێک لە زینداندا و بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ دەزگای میت‌دا دامەزراند. لە لاپەڕەی ٢٣٩ی کتێبی دێموکراتیک کورتوڵوش‌دا، ئۆجەلان بە ڕاشکاوی دەڵێت لە ڕێگەی مامەڵە لەگەڵ “ئێمرە تانەر”، سەرۆکی ئەو کاتی میت (پێش هاکان فیدان و ئیبراهیم کاڵن)، کەجەکەی دامەزراندووە. ئۆجەلان خۆی دروستکردنی ئەو پێکهاتەیە بەو جۆرە دەخاتە ڕوو کە لە زینداندا و بە ئاگاداریی دەوڵەتی تورکیا و لە ڕێگەی پەیوەندییەکانیەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەو کات “ئێمرە تانەر” لە بەرامبەر دێموکراتیزاسیۆن (بەدێمۆکراتیکردنی) تورکیا ئەنجام داوە. لە پشت هەموو ئەمانەوە، تەنزێکی قووڵتر ئەوەیە کە ئۆجەلان گوایە کەجەکەی وەک ڕێکخراوێکی یاسایی ساز کرد کە بوونی پێویستە، بەڵام لەو یاسایەدا ئەویش بە تیرۆریست دێتە هەژمار. تەنانەت لە لاپەڕەی ٤٢١ی هەمان کتێبدا دیسان بە ڕاشکاوی دەڵێت لە دانوستاندن لەگەڵ “ئیمرە تانەر”دا، ناوبراوی لە زەروورەتی سازکردنی کەجەکە وەکوو ڕێکخراوی یاسایی لە جێگەی پەکەکە تێگەیاندووە. لەم بەشەدا، ئۆجەلان ئاماژە بە بانگەشەکانی جەماعەتی فەتحوڵا گولەنیش دەکات کە گوتیان “میت کەجەکەی دروست کردووە”. هەرچەندە ئۆجەلان ئەم بانگەشەیە ڕەت دەکاتەوە کە میت ڕاستەوخۆ کەجەکەی دروست کردبێت، بەڵام نکۆڵی لە ڕێککەوتنێک لەگەڵ دەوڵەت و قەناعەتپێکردنی ئێمرە تانەر ناکات.

لە حاڵێکدا گوایە کەجەکە وەک ڕێکخراوێکی یاسایی نێو تورکیا بووە، بەپێی پەیماننامەی کەجەکە، ئەم ڕێکخراوە وەک چەترێکە بۆ هەموو پژاک و پەیەدە و پەکەکە. مەبەست لەم چوارچێوە یاساییەش، هەر وەکوو ئۆجەلان خۆی لە لاپەڕەی ٢٣٩ی هەمان کتێبدا دەڵێت، گونجاندنی بووە لەگەڵ دەوڵەتدا بۆ خزمەتکردن بە “دیموکراتیزەکردنی تورکیا”. وەکوو خۆی دەڵێت: “ئێستا ئەمانە دەڵێن کەجەکە میت دروستی کردووە… (سەرۆک لێرەدا قاقایەکی لێ دا) ئێمە لێرە لەگەڵ بەڕێزان ئە (ئێمرە تانەر)… گفتوگۆمان کرد. پێم گوت کە ئێستا پێویستیمان بە ڕێکخراوێکی نوێ هەیە. پەکەکە بە نایاسایی دەمێنێتەوە. بۆیە ڕێکخراوێکی یاسایی وەکوو کەجەکە دادەمەزرێنین. جەماعەت (گولەنیست) هەر کە بۆنی بەمەوە کرد پەلاماری دا.” (دێموکراتیک کورتولوش، ٢٠١٥: لاپەڕەی ٤٢١).

لە پەڕتووکی “کێشەکانی دیموکراتیزاسیۆن لە تورکیا: مۆدێلەکانی چارەسەر لە کوردستان”، بەتایبەتی لە لاپەڕەکانی ٧٨ تا ١١٢، ئۆجەلان باسی دوو ئەرکی سەرەکی و وەزیفەی کەجەکە دەکات. یەکەمیان لە ناوخۆی تورکیا‌ـدا، کە ئەرکی کەجەکە “دیموکراتیزەکردن”ی کوردە، کە دواتر ناوەکەی بە ئاشکرا بوو بە “تورکیاییکردن”: واتە ڕاهێنانی کورد بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بگونجێنن و سنوورەکان، دامەزراوەکان و سیستەمە دەستوورییەکەی قبووڵ بکەن. لە دەرەوەی تورکیاش، کەجەکە وا وێنا دەکرێت کە بەپێی خواستە نیۆ-عوسمانییەکان و زیندووکردنەوەی ئاسۆی کۆلۆنیالیستیی “میساقی میللی” بجووڵێتەوە، کە بەپێی ئەوە ڕۆژاڤا و باشووری کوردستان دەبێ بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیا.

ئۆجەلان دیسان لە کتێبی دێموکراتیک کورتوڵوش‌دا دەڵێت ئامانجی ئەمڕۆی ئێمە لە پرسی کەجەکە و کۆنفێدرالیزم زیندووکردنەوەی “میساقی میللییە” (کتێبی دێموکراتیک کورتوڵوش، ٢٠١٥، لاپەڕە ٤١). لێرەدا ئۆجەلان بە تەواوی فیدراڵیزم یان پێگەیەکی سیاسی و تەنانەت فەرمیکردنی زمانی کوردیش هەر لە ٢٠٠٩دا ڕەت دەکاتەوە و تەنانەت بۆخۆیشی ڕازی نییە کە پێشنیازی هاتنە گۆڕی ئەو جۆرە باسانە بکرێت یان یاسای بنەڕەتی بۆ ئەو شتانە بگۆڕدرێت (تورکیەدە دێموکراتیکلەشمە سۆرونلەری، ٢٠١١، لاپەڕە ٧٨). لەگەڵ یەکپارچەیی تورکیا، دامەزراوەکانی و چوارچێوە دەستوورییەکەی وەک هێڵی سوور و دەستلێنەدراو مامەڵە دەکات.

ئەمە ئەو پاشخانە هزری و مێژووییەیە کە یارمەتیمان دەدات لەم خۆ-تاوانبارکردنەی ئێستای ئۆجەلان و پەکەکە بە تیرۆریست تێبگەین. ئۆجەلان لە زیندان و لە سەرەتای ٢٠٠٠کاندا کەجەکەی وەک فۆرمێکی یاسایی پێویست خستۆتە ڕوو لەبەر ئەوەی کە پەکەکە نایاسایی بوو، کەچی ئێستا لە چوارچێوەی یاسایەکی تازەدا ئەویش هاوشانی پەکەکە/کەجەکە وەکوو پێکهاتەیەکی تیرۆریست دێتە هەژمار. نە ئۆجەلان، نە دەم پارتی، نە پەکەکەش هیچ ناڕەزایەتییەکیان بەرامبەر بەو پێناسەکردنە بە تیرۆریست دەرنەبڕیوە. گلەیییەکانی پەکەکەش تەنیا پەیوەست بوون بە زمانی یاساکە، نەک دەربڕینی کێشەیەکی ڕاشکاو لەگەڵ خودی پۆلێنکردنە بنەڕەتییە یاسایی و سیاسییەکەی ناساندنی پەکەکە/کەجەکە وەک تیرۆریست. ئەم بێدەنگییە تەنیا ڕواڵەتی نییە، بەڵکوو شتێکمان پێ دەڵێت سەبارەت بە ئامادەیی بەکارهێنرانی داهاتووی ئەو گرووپە کە ڕەنگە دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەم بزووتنەوەیە لە بەرنامەیدا دایڕشتبێت.

هەر بۆیەش، پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە کە ئایا پەکەکە لەناو دەبرێت یان نا. پرسیارە جدییەکە ئەوەیە کە چی لە پاشماوەکانی دروست دەکرێتەوە. بزووتنەوەیەک کە جاران بانگەشەی ئەوەی دەکرد بەرجەستەکەری ڕزگاریی کورد و کورستانە، ڕەنگە سەرلەنوێ وەک ئامرازێکی ستراتیجیی ناوچەیی بۆ بەرژەوەندیی تورکیا و نێوەندگیرێکی کۆنتڕۆڵکراو لە سووریا و باشوورـدا بەکار بهێنرێت. بەتایبەت کە بێدەنگیی سەبارەت بە پژاک، پرسیار و نیگەرانییەکانی سەر ئەو ڕێکخستنەوەیە جددیتر دەکات. بە سەیرکردنی ئەو قوتدان و وەرچەرخانە خێرایەی هەسەدە لە ماوەی چەند مانگدا، دەتوانین ئاراستەی ئەم پڕۆسەیە ببینین. ئەوەی دوێنێ گوتنی مەحاڵ بوو، ئەمڕۆ دەبێتە زمانی فەرمی. ئەوەی جاران وەک خیانەت مەحکووم دەکرا، ئەمڕۆ دەبێتە پێویستییەکی ستراتیجی. هەر بۆیەش، یاسای چوارچێوەیی نابێ وەک کۆتاییی ڕێکخراوێک بخوێندرێتەوە، بەڵکوو دەبێ وەک هەوڵێک سەیر بکرێت بۆ گۆڕینی خاوەندارێتی، فەرماندەیی، ئەرک و پێگەکەی لە نێو دەوڵەتی تورکیا‌ـدا.

بەرەنجام

لەم ڕوانگەیەوە، ئەو پرسیارە یەکلاکەرەوەیەی یاسای چوارچێوە دەیوروژێنێت ئەوە نییە کە ئایا پەکەکە بە شێوەیەکی فەرمی هەڵدەوەشێتەوە یان نا؛ یان ئایا ئەندامەکانی داواکاریی تاکەکەسی پێشکەش دەکەن، چەکەکانیان ڕادەست دەکەن، یان سزای هەڵپەسێردراو قبووڵ دەکەن. پرسیارە قووڵترەکە ئەوەیە کە چ پێکهاتەیەکی سیاسی لەم هەڵوەشانەوە ئاراستەکراوەدا سەرهەڵدەدات. یاساکە لایەنە سیاسییە دەستەجەمعییەکان دەگۆڕێت بۆ تاکی تۆمارکراوی ژێردەستەی دەوڵەت؛ دۆسیە، بەڵگە، سزا و سامانە ماددییەکان لە یادەوەریی هەمیشەییی دەزگا ئەمنییەکاندا دەپارێزێت و لەژێر دەسەڵاتیاندا دەیهێڵێتەوە؛ هاوکات، داهاتووی ئەوانەش کە دەچنە ناو پڕۆسەکەوە گرێ دەدات بە ڕەزامەندیی فەرمییەوە. بێگومان ئەگەر گاڵتە بە عەقڵی خۆمان نەکەین، ئەمە پڕۆسەی ئاشتەوایی نێوان دوو لایەنی سیاسیی یەکسان نییە. بەڵکوو ڕژێمێکی تێکەڵکردنەوەی مەرجدارە: ئازادییەکی دواخراو، توانایەکی سیاسیی چەک لێسەندراو، و ڕاگرتنی ڕابردوو وەک ئامرازێکی هەمیشەیی بۆ دەستەمۆکردن و بەبارمتەگرتن.

لەبەر ئەم هۆکارە، نابێت ”یاسای چوارچێوە کۆتاییهێنان بە تیرۆر” وەک کۆتاییی یەکجارەکیی پەکەکە/کەجەکە بخوێندرێتەوە. بەڵکوو دەبێت وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینی خاوەندارێتی، فەرماندەیی، ئەرک و پێگەی ئەو ڕێکخراوە لەناو ستراتیجیی هەرێمیی دەوڵەتی تورکیاـدا لێک بدرێتەوە. بزووتنەوەیەک کە سەردەمانێک بانگەشەی ڕزگاریی هەموو کوردی دەکرد، لەوانەیە سەرلەنوێ ڕێکبخرێتەوە و ببێتە نێوەندگرێکی کۆنتڕۆڵکراو؛ نێوەندگرێک کە سوودبەخش بێت بۆ پڕۆسەی بە تورککردنی کورد لە ناوخۆی تورکیاـدا و بۆ نەخشە ستراتیجییەکانی تورکیا لە ڕۆژاڤا و باشوور و ڕۆژهەڵات‌‌دا. ئەو خێراییەی کە تێیدا هەڵوێستە پێشتر مەحاڵەکان بوونەتە گوتاری فەرمی سەبارەت بە ڕۆژاڤا و هەسەدە، دەبێت هۆشدارییەکمان پێ بدات: ئەم ئەگەرە وەک خەیاڵ سەیر نەکەین. ئەو شتانەی کە جاران وەک خیانەت سەیر و سەرکۆنە دەکران، لە ماوەی چەنگ مانگدا بوون بە «ڕیالیزمی سیاسی». بۆیە، پێویستە ئەوەی کە ئەو زمانە چەواشەکارانەیەی «ئاشتی» ببینین، بەتابیەت لە کاتێکدا کە هیچ دانپێدانانێکی دوولایەنە بوونی نییە، و پێداگری لەسەر ئەوە بکەین کە بە نێو کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژ بە دەوڵەتی تورک سەرەتایەکی دیکە بێت بۆ توندوتیژی کورد دژ بە کورد.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO