ئاری محەمەد مەحمود
ئەم بابەتە پشکنین بۆ دیاردەی سەرهەڵدانی ئیسلام وەک پڕۆژەیەکی مێژوویی و زەمینی و مرۆیی دەکات لە ڕێگەی بەراوردکردنی تێڕوانینی چوار بیرمەندی هاوچەرخ کە بریتین لە “فیراس ئەلسەواح، عەلی دەشتی، خەزعەل ئەلماجدی و نەبیل فەیاز”. بابەتەکە تیشک دەخاتە سەر پەرەسەندنی دەقی وەحی لە چوارچێوەی ژینگەی زمانی و کولتووری و جیۆپۆلەتیکی سەدەی حەوتەمی زاینیدا، کە گۆڕانی کۆمەڵگەی عەرەبی لە سیستەمێکی خێڵەکییەوە بۆ قەوارەیەکی دەوڵەتیی نیشان دەدات.
هاوکات، شیکاری بۆ میکانیزمی پیرۆزی دەکات وەک بەربەستێک لەبەردەم عەقڵی ڕەخنەییدا، هەروەها ئایین وەک پێداویستییەکی دەروونی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەموکوڕییەکانی واقیعی ڕیالیستی پێناسە دەکات.
ئایینەکان لە بۆشاییەکی مێژووییەوە سەرهەڵنادەن، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی کارلێکی نێوان بلیمەتیی کەسیی و پێداویستیی کۆمەڵایەتی و بارودۆخی ئابووری و سیاسیی سەردەمەکەیانن.
پڕۆژەی پێغەمبەرایەتیی محەمەد (پێغەمبەری موسڵمانان) لە نیوەدوورگەی عەرەبیدا، بەپێی قوتابخانەی ڕەخنەی مێژوویی، پێش ئەوەی دامەزراندنی ئایینێکی نوێ بێت بۆ جیهان، وەڵامدانەوەیەکی مێژوویی بوو بۆ قەیرانی ناسنامە و پەرتبوونی عەرەب لە سەردەمی پێش ئیسلامدا.
کۆمەڵگەی عەرەبی پێش ئیسلام لەسەر بنەمای دەمارگیریی خێڵەکیی و نەبوونی یاسایەکی مەدەنیی ناوەندی بەڕێوە دەچوو. لەم چوارچێوەیەدا، ئایینە نوێکە فەرمانێکی مێژوویی باڵای گێڕا کە خۆی لە یەکخستنی ناسنامەدا دەبینییەوە، بە شێوازێک کە ناسنامەی ئوممە و نەتەوەی خستە شوێنی ناسنامەی خێڵ، چونکە ئەمە تاکە چەتری ئایدۆلۆجی بوو کە توانای کۆکردنەوەی عەرەبەکانی هەبێت. هاوکات لە ڕووی بلیمەتیی سیاسییەوە، وەک عەلی دەشتی لە کتێبی “بیست و سێ ساڵ پێغەمبەرایەتی”دا ئاماژەی پێ دەدات، پێغەمبەری موسڵمانان، محەمەد، لێهاتووییەکی سیاسیی بێوێنەی نیشاندا، ئەو توانی توندوتیژی و هێزی جەنگیی خێڵەکان بقۆزێتەوە و ئاراستەیان بکات بەرەو ئامانجێکی گەورەتر کە دروستکردنی دەوڵەتێکی ناوەندی بوو لە مەدینە دا.
وەحی لە ڕوانگەی بیرمەندی سووریای “فیراس ئەلسەواح”ەوە، ناتوانرێت لە ساتەوەختە مێژووییەکەی خۆی جیا بکرێتەوە، چونکە دەقی قورئانی بەو زمان و کولتوور و پرسیارانە شێوەی گرتووە کە کۆمەڵگەی ئەو سەردەمە بەکاری بردووە. شیکاریی مێژوویی دەقەکان نیشانی دەدات کە ناوەڕۆکی وەحی بەپێی قۆناغە سیاسییەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
لە قۆناغی مەککە دا، دەقەکان ڕۆحانی و کورت و نەرم بوون، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لاوازیی دەسەڵاتی سیاسیی پەیامەکە بوو لەو سەردەمەدا. بەڵام لە قۆناغی مەدینە دا، دەقەکان گۆڕان بۆ یاسای کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و سەربازی، کە تەواو هاوتەریب بوو لەگەڵ پێویستییەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە نوێیەکە. پاڵپشت بەم دیدگایە، توێژینەوە فیلۆلۆجی «دەقناسی» و زمانییەکانی “نەبیل فەیاز”یش دەریان خستووە کە ئیسلام درێژکراوەی سروشتیی ململانێ و دیالۆگی ئایینیی ناوچەکە بووە. پەیامەکە لە سەرەتادا کاریگەر بووە بە مەسیحیەتی نەتەوەیی عەرەب وەک ئەلیبیونیونەکان و نستورییەکان و و ئایینی جوو. بە جۆرێک کە زۆرێک لە چەمک و دەستەواژەکانی قورئان ڕەگێکی ئارامی و عیبرییان هەیە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پەیامەکە سەرەتا بۆ چاکسازیی نێوخۆیی عەرەب بووە پێش ئەوەی دواتر ڕەهەندێکی گەردوونی وەربگرێت.
یەکێک لە کێشە گەورەکانی مێژوونوسیی ئیسلامی، ململانێی نێوان گێڕانەوەی تەقلیدی و بەڵگە مادییەکانە. پڕۆژەی پێداچوونەوەی مێژوویی، بەتایبەت لای خەزعل ئەلماجدی، جیاوازییەکی ڕیشەیی لە سێ تەوەرەی سەرەکیدا دەخاتە ڕوو.
یەکەم، لە ڕووی سەرچاوە مێژووییەکانەوە، گێڕانەوەی تەقلیدی و مێژووی پیرۆز بە تەواوی پشت بەو دەقە نوسراوانە دەبەستێت کە لە سەردەمی عەباسییەکاندا، واتە نزیکەی دوو سەد ساڵ دوای ڕووداوەکان، لەلایەن مێژوونووسانی وەک “تەبەری”یەوە تۆمارکراون. لە بەرامبەردا، لێکۆڵینەوەی زانستیی هاوچەرخ متمانە تەنها دەدات بە بەڵگە مادییە دۆزراوەکانی وەک دراوە کۆنەکان، نووسراوەکانی سەر بەرد و پاشماوە شوێنەوارییە هاوچەرخەکانی سەدەی حەوتەمی زایینی.
دووەم، لە ڕووی سەرهەڵدانی ئایینەکەوە، دیدگای باو وا نیشان دەدات کە ئیسلام لە بۆشاییەکی بتپەرستیی ڕەقدا و لە گۆشەیەکی دابڕاوی بیاباندا لە ڕێگەی پەرجۆ و موعجیزەوە دروست بووە، بەڵام خوێندنەوەی شوێنەوارناسی دەیسەلمێنێت کە ئیسلام درێژکراوەی سروشتیی پەرەسەندنی شارستانی و فیکریی ئایینەکانی پێشووی ناوچەکە بووە، بەتایبەت شارستانییەتی عەرەبەکانی باکوور وەک ئەنبات و غەساسینە و ناوچەی بەترا.
سێیەم ، لە ڕووی سروشتی کەسایەتیی پێغەمبەری موسڵمانانەوە، مێژووی باو کەسایەتییەکی ئەفسانەیی و خاوەن هێزی سەرووی سروشت پێشکەش دەکات کە لە دەرەوەی یاساکانی فیزیا کار دەکات، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە نیشانی دەدات کە ئەو ڕێبەرێکی مرۆیی و بلیمەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بووە کە بە تەواوی لەژێر کاریگەریی کات و شوێن و واقیعی سەردەمەکەی خۆیدا کاری کردووە.
لەم خاڵەوە، دەگەینە ئەنجامگیرییەکی دەروونناسی و فەلسەفی سەبارەت بەوەی بۆچی کۆمەڵگەکان دژایەتی خوێندنەوەی ڕیالیستی دەکەن. لێرەدا پیرۆزیی وەک میکانیزمێکی پارێزبەندی کار دەکات کە کۆمەڵگەی باوەڕدار دەیبەخشێتە دەق یان کەسایەتییەکە بۆ ئەوەی لە دەرەوەی بازنەی ڕەخنە بیهێڵێتەوە.
کاتێک ڕووداوێکی مێژوویی دەکرێتە قودسیەت، دەرگای لۆجیک و گومان و پشکینینی مەعریفی دادەخرێت، چونکە لۆجیک پێویستی بە گۆڕان و تاقیکردنەوە هەیە، بەڵام پیرۆزیی داوای تەسلیمبوون و نەگۆڕی دەکات.
هاوکات مرۆڤ کاتێک لە ژیانی ڕاستەقینەیدا، واتە لەناو ڕیالیزمدا، ڕووبەڕووی نادادپەروەری، هەژاری و بێدەسەڵاتی و و ترسی مردن دەبێتەوە، سیستەمێکی دەروونیی پارێزەر دروست دەکات. وەک چۆن زیگمۆند فرۆید و کارل مارکس ئاماژەیان پێ کردووە، ئایین لێرەدا وەک وەهمێکی پێویست کار دەکات؛ کاتێک واقیع ناتوانێت پێداویستییە ماددی و دەروونییەکانی مرۆڤ دابین بکات، مرۆڤ قەرەبووی ئەو کەمکوڕییە لە جیهانی میتافیزیك و دەقە پیرۆزەکاندا دەدۆزێتەوە. لێرەوە ، ڕەخنەگرتن لە ئەم پیرۆزییانە لەلایەن توێژەرانەوە، لەلای باوەڕداران وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر هاوسەنگیی دەروونییان سەیر دەکرێت.
دەرئەنجام، دەگەینە ئەو بڕوایەی کە قوتابخانەی شوێنەوارناسی وەک پڕۆژەکەی خەزعل ئەلماجدی و قوتابخانەی زمانی و دەقی وەک پڕۆژەکانی نەبیل فەیاز و عەلی دەشتی و فیراس ئەلسەواح، هاوکار و تەواوکەری یەکترن بۆ تێگەیشتن لە مێژووی ڕاستەقینەی ئیسلام.
لێکۆڵینەوەی زانستی و مێژوویی بۆ ئایینەکان، بەهای ئەخلاقی یان مێژوویی ئەوان کەم ناکاتەوە، بەڵکو یارمەتی مرۆڤایەتی دەدات کە لە جیاتی باوەڕێکی کوێرانە و دەمارگیرانە، تێگەیشتنێکی هۆشیارانە و واقیعی بۆ ڕابردووی خۆی پەرەپێبدات.


