جه‌وده‌ت سۆفی
هونەری (کنتسوگی)ی ژاپۆنی فێرمان دەکات کە شتێکی شکاو مەحکووم نییە بەوەی هەمیشە بە شکاوی و بێنرخی بمێنێتەوە. كاتێك گۆزه‌یه‌كی له قوڕ دروستكراو درز ده‌بات یان ده‌شكێت، نە دەشاردرێتەوە و نە فڕێ ده‌درێ، به‌ڵكوو ژاپۆنییەكان بە زێڕ درزه‌كان پڕ ده‌كه‌نه‌وه و چاکیان دەکه‌نەوە، به‌م كاره‌ش بەنرختریان ده‌كه‌ن له جاران. ده‌توانین بڵێین كه مێژووی نەتەوەی کورد‌ـیش لەم گۆزه درزبردوو و چاککراوانه دەچێت كه به زێڕ ده‌وڵه‌مه‌ند كراون، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكه‌ین.
زیاتر لە سەدەیەکە نەتەوەی ئێمە ده‌یان ڕاپەڕین و شکست و کۆچبەری زۆره‌ملێ و دابەشبوون و قوربانیی بێشوماری بەخۆیەوە بینیوه. لە هەر قۆناغێکدا، هەڵە کراوه كه هەندێکیان بەهۆی بارودۆخەکەوە بوونه، هەندێکیان بەهۆی لێکدانەوەی هەڵە بوونه و هەندێکی دیکەیش بەهۆی نەبوونی ئەزموون، یان دابەشبوون و لێكترازان و ناته‌بایی ناوخۆیییەوە بوونه.
لێره‌دا ئێمه‌ی كورد هه‌رگیز پرسیار ناكه‌ین؛ بۆچی؟ كه‌چی به‌دڵنیاییه‌وه وه‌ڵاممان هه‌یه. وه‌ڵامه‌كانیش بریتین له چه‌ند ڕسته‌یه‌كی ئاماده كه له منداڵییمانه‌وه فێریان بووینه و له‌سه‌ری ڕاهاتووین و به‌بێ بیركردنه‌وه ده‌ریان ده‌بڕین، وه‌كوو؛ “ئێمە نه‌زانین”، “ئێمه هه‌میشه هەڵەكانمان دووباره ده‌كه‌ینه‌وە”، “ئێمه به‌رده‌وام خیانه‌تمان كردووه”، “كورد هه‌رگیز ناگات به مه‌قسوود”، هتد. باشه ئه‌دی ئه‌گه‌ر ئێمه له‌مه‌ودوا له‌جیاتی ئه‌و ڕسته ئاماده‌كراوانه، پرسیار بكه‌ین ئایا ئێمه چی لەو هەڵانە بكه‌ین؟ چۆن و به چی درزه‌كانمان پڕ بكه‌ینه‌وه و پارچه لێكترازاوه‌كانمان به‌یه‌كه‌وه بنووسێنینه‌وه؟
بێگومان ڕه‌خنە له‌خۆگرتن سووکایەتی نییە، خیانەت نییە و بانگه‌شه‌یش نییە بۆ نائومێدی، بەڵکوو توانای نەتەوەیەک زیاد ده‌كات بۆ فێربوون لە ئەزموونەکانی خۆی، تا برینەکانی سارێژ بكات و هه‌ڵه‌كانی بگۆڕێت بۆ هێز و درزه‌كانی به بیری تازه، وه‌كو زێڕ، پڕ بكاته‌وه و به‌هێزتریان بكات؟ كه ئه‌مه‌ش وا ده‌كات لاوازییه‌كان بگۆڕێت بۆ هێز.
بزووتنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆییخوازی کوردستان، چەندین نموونەی لەم شێوەیەی تێدا‌یه. بۆ نموونه، دوای ڕووخانی کۆماری كوردستان لە مەهاباد، زۆر کەس ئەو ئەزموونەیان وەک شکستێکی کۆتایی سەیر كرد. كه‌چی، ئەو تێکۆشەر و ڕووناکبیر و سەرکردە سیاسییانەی وه‌كوو بارزانی كه پشکیان لەو ئەزموونەدا هەبوو، میراتێکی سیاسی و ئەزموونێکی بەنرخیان لەگەڵ خۆیاندا گواستەوە. ئەم ئەزموونە یارمەتیدەر بوو لە سه‌رهه‌ڵدان و گەشەپێدانی بزووتنەوەی کوردایەتی لە باشوور و کردنەوەی قۆناغێکی نوێ لە خەبات. ده‌یان ڕاپەڕین و ڕێککەوتنامه و لێكپچڕان و شکست کە بەدوایدا هاتن، کۆتایی‌یان بە پرسی کورد نەهێنا. بەپێچەوانەوە، هەر قۆناغێک نەوەیەکی نوێی لە تێکۆشەران و بیرمەندان و هونەرمەندان و ڕێکخەرانی به‌رهه‌م هێنا.
ڕێککەوتننامەی 11ـی ئاداری 1970، هه‌رچه‌نده هەموو خواستەکانی نەتەوەی کوردی بەدی نەهێنا، بەڵام دانپێدانانێکی بنه‌ڕه‌تیی سیاسی بوو کە دەیان ساڵ پێشتر بە مەحاڵ دەهاتە بەرچاو. ئه‌و ڕاپەڕینانەی کە بەدوایدا هاتن، سەرەڕای سەختی و براكو‌ژی و ئه‌نفال و پاشەکشە و هه‌زاران قوربانی، یارمەتیدەر بوون لە ڕەخساندنی ئەو زەمینەیەی کە بووە هۆی هێنانەکایەی قەوارەیه‌كی تازه‌ی کوردستانیی لە باشوور.
ئەمڕۆكه‌ش دەبینین کە چۆن گۆڕانکارییەکان له ڕۆژاڤا، بۆ یەکەم جار لە مێژووی هاوچەرخدا، بوونی زمان و کولتووری کوردی لە گفتوگۆی نیشتمانیدا دانی پێدا دەنرێت. هه‌رچه‌نده ئەنجامەکانیش ناتەواو و لەرزۆکن، به‌ڵام ئەم ڕاستییە پێشکه‌وتنێکی مێژووییە لەچاو ئەو دەیان ساڵەی کە نکۆڵی لە بوونی کورد دەکرا. له باكوور بە هەمان شێوە، ئەو وشانەی، وه‌كوو كورد یان كوردستان، کە پێشتر لە زمانی فەرمیدا قەدەغە یان حەرام بوون، ئێستا بەئاشکرا دەگوترێن. تەنیا ڕاستیی دانپێدانانی بوونی کورد لە گوتاری سیاسی‌دا، خۆی لە خۆیدا پچڕانی ئەو قۆناغە درێژخایەنەی نکۆڵیکردنەیە.
هیچ کام لەم دەستکەوتانە ئەنجامی سەرکه‌وتنێكی بێخه‌وش نین، به‌ڵكوو ئەمانە بەرهەمی پڕۆسەیەکی درێژخایەنن کە تێیدا سەرکەوتن و هەڵەکان تێکەڵ بە یەک بوون. بۆیه دەبێت ئاگاداری تاقیکردنەوەیەکی مەترسیدار بین: ئەویش گۆڕینی برینەکانمانە بۆ ڕقێکی هەمیشەیی به‌رانبه‌ر به یه‌كتر. کاتێک نەتەوەیەک کاتی خۆی بە سەرکۆنەکردنی خۆی، بێڕێزیکردن بە مێژووی خۆی، یان تەنیا بە بینینی شکستەکانی بەسەر دەبات، ئەوا درزەکانی له‌جیاتی زێڕ بە ژەهر پڕ دەکاتەوە.
ئه‌ركی سه‌رشانمانه كه ڕه‌خنه له هه‌ڵه‌كانمان بگرین و شیکردنەوەیان بۆ بکەین و ئەوە لەبیر نه‌کەین کە هەر نەوەیەکی کوردستان شتێکی بۆ نەوەی دوای خۆی گواستووەتەوە: ئەزموونێک، هۆشیارییەک، دامەزراوەیەک، قوتابخانەیەک، زمانێکی پارێزراو، گۆرانییەک، پەڕتووکێک، ڕێکخراوێک یان کەشێکی ئازاد. بێگومان زێڕی (کنتسوگی) شکسته‌کان ناسڕێتەوە، بەڵکوو ما‌نایان پێدەبەخشێت. نابێت هەڵەکانی مێژوومان بسڕینەوە، یان بکرێنە هۆکاری شەرمەزاری و سه‌رنه‌كه‌وتنی یه‌كجاریی خۆمان، بەڵکوو دەبێت ببنە سەرچاوەیەکی زانیاریی بەکۆمەڵ و لێیان فێر ببین.
ئیتر نابێ تەنیا هەڵەکانی خۆمان ببینین، چونكه ئه‌مه لاوازمان ده‌كات. هه‌ڵبه‌ته له‌نێوان نه‌بینین و ڕەشبینیدا، ڕێگای سێیەم هەیە كه بریتییه له ڕێگای هۆشیاری. ده‌بێت بێین درزەکانمان بە زێڕ چاک بکەینەوە، نەک بە جنێو و ناوزڕاندن و تۆمه‌ت و بێڕێزی به‌رامبه‌ر به یه‌كتر، یان نائومێدی، چونکە ئەو نەتەوانەی کە زیندوو دەمێننەوە، ئەوانە نین کە هەرگیز نەشکاون، بەڵکوو ئەوانەن کە فێر بوون چۆن شكست و برینەکانیان بگۆڕن بۆ هێز، هه‌روه‌ها یادەوەرییە تاریكه‌كانیان بگۆڕن بۆ داهاتوویه‌كی گه‌ش.
پێویستە هەمیشە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە بە پێچەوانەی دەیان نەتەوەی تر کە لەناوچوون و له مێژوودا سڕانه‌وه، كورد مایه‌وه و ڕۆژ له دوای ڕۆژ پێشتر ده‌كه‌وێت. كه‌واته ئەم خۆڕاگرییە مێژووییەی كورد دەیسەلمێنێت کە بوونی نەتەوەیەک نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه بەو سنوورانەی بەسەریدا دەسەپێنرێن، بەڵکوو بەستراوه‌ته‌وه بە هێزی یادەوەریی بەکۆمەڵ و سوودوه‌رگرتن له شكست و له هه‌ڵه‌كان و له ئیرادەی نەبەزی بۆ مانه‌وه و به‌رده‌وامی وه‌كوو نه‌ته‌وه.


