ڕەشاد بەکر
سەدەی بیست و یەک ناسراوە بە سەدەی شۆڕشی تەکنۆلۆجیا، خێرایی پەرەسەندنی ئینتەرنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زیرەکی دەستکرد و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کاریگەرییەکی بێ وێنە و چاوەڕواننەکراویان لەسەر مرۆڤ دروستکردووە. لەناو ئەمانەشدا زمان، بەجۆرێک ئەم کاریگەرییە تەواوی زمانەکانی جیهانی گرتۆتەوە. زمانی کوردیش هاوشێوەی زمانەکانی دیکە، یاخود وەکو یەکێک لە زمانە گرنگ و زیندووەکانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەم دەرفەتی زۆر باش و هەم ئاستەنگی و گرفتی گەورەی بۆ بەکارهێنەرانی دروستکردووە لە بەرانبەر ئەو گۆڕانگارییە خێرایەی، کە ڕووبەڕووی بووەتەوە. بێگومان لە داهاتوودا کاریگەرییەکە خێراییەکەی زیاتر دەبێت. لێرەدا هەوڵدراوە باسێکی کورتی ڕەوشی ئێستا و داهاتووی زمانی کوردی بکرێت لە ژێر چەتری کاریگەرییەکانی شۆڕشی تەکنۆلۆجیا.
لە دوو دەیەی ڕابردوودا، بەکارهێنانی زمانی کوردی (زمانی نووسین) لە ئینتەرنێت و تەواوی تۆڕ و ئەپە جۆراوجۆرەکان بەشێوەیەکی بەرچاو و خێرا زیادی کردووە. واتە لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنی، پلاتفۆڕمی فێرکاری جۆراوجۆر و دەیان کەناڵی میدیایی بە زمانی کوردی بەردەست و چالاکن. هەروەها، هەریەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو: فەیسبووک، یوتوب و تیکتۆک، هتد، بوونەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتە جۆراوجۆرەکان بە زمانی کوردی. لێرەدا، دەبێت دان بە ڕاستییەک دابنرێت، ئەویش بریتییە لەوەی، کە ئەگەر زمانی کوردی بەراورد بکەین بە زمانە گەورەکانی وەکو ئینگلیزی، ئیسپانی، فەڕەنسی، عەرەبی، هتد، دەبینین زمانی کوردی هێشتا لە ڕووی ژمارەی داتا و زانیارییەکان و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کەمتر بەردەستە. باشتر بڵێین، زمانی کوردی لە قۆناغی ئێستادا بە بەراورد بەو زمانە گەورانە هێشتا لاواز و پڕ گرفتە و لە قۆناغی سەرەتادایە، ئەم گرفتانەش ڕاستەوخۆ کاریگەری دروست دەکەن لەسەر پەرەپێدانی سیستەم و ئەپەکانی وەرگێرانی زمانی کوردی و ناسینەوەی دەنگ، تەنانەت کاریگەری زۆر دروست دەکات لەسەر زیرەکی دەستکردیش، کە لە سایەی شۆرشی تەکنۆلۆجیادا زیرەکی دەستکرد شۆڕشەکەی زۆر خێراتر و پڕ بایەختر کردووە.
یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەمی زمانی کوردی بریتییە لە فرەجۆری شێوازی نووسین، کە لە ئیستادا بە دوو ئەلف و بێ دەنووسریت، کوردی هاوشێوەی ڕێنووسی عەرەبی و ڕێنووسی لاتینی. ئەمەش لەکاتی گەڕان بەدوای زانیاری و بەکارهێنانی ئینتەرنێت بەگشتی، کێشەی گەورە و سەیر و سەمەرە دروست دەکات. لە هەمان کاتدا، بە ستانداردکردنی زانیارییە زمانییەکان ئاڵۆزتر دەکات، هەروەها کەمی زانیاری و داتای ئەلیکترۆنی پەیوەست بە زمانی کوردی، کە یەکێکە لە گرفتە بنەڕەتییەکان. لە ئێستادا تەواوی پڕۆژە و بەرنامەکانی ژیری دەستکرد پێویستیان بە ملیۆنان دەق و تێکست و نموونەی ڕاست و دروستی زمانی کوردی هەیە وەکو سەرچاوەیەکی ڕەسەن، بەداخەوە ئەم سەرچاوانە وەکو پێویست بۆ زمانی کوردی بەردەست نین.
لەلایەکی دیکە، نەبوونی سیاسەتێکی زمانەوانی هاوتەریب لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان لە ژێر ناو و هۆکاری جیاواز، تەنانەت زۆربەی جار دژایەتی و ئاستەنگی زۆر دروست دەکرێت لەبەردەم پڕۆژە هاوبەشەکانی زمانەوانی.
لەگەڵ بوونی هەموو ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی، کە لەبەردەم زمانی کوردی دا هەیە، تەکنۆلۆجیا لە سەردەمی ئەمڕۆماندا دەرفەتێکی گەورەی بۆ زمانی کوردی دروست کردووە. هەر یەک لە پەرەسەندن و داهێنانەکانی بواری ژیری دەستکرد لەلایەک و فێربوون و شارەزابوون لە بەرنامە ئەلیکترۆنییەکان لەلایەکی دیکە ڕێگا خۆش دەکەن بۆ دروستکردنی هەریەک لە فەرهەنگە ئەلیکترۆنییەکان و وەرگێڕانی ئۆتۆماتیکی و ئامراز و پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی زمان. هەروەها، بەکارهێنانی زمانی کوردی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی فراوان لەلایەن تاکی کوردەوە بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرهەمی نووسرا و داتا و زانیاری و دەنگ، ئەم داتا و زانیارییە گرنگانە دەتوانن ببن بە سەرچاوەیەکی ڕەسەن و بەهێز بۆ پەرەپێدانی زمانەوانی و توێژینەوەکانی بواری زمانەوانی کۆمپیوتەری.
لە ئێستاشدا، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و بەشێکی لە بەرنامە و پڕۆژەکانی هەندێک لە زانکۆکانی کوردستان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی گرنگییەکی بەرچاو و شایستە بە بنکە و بناغە زمانەوانییەکان و ئامێر و ئامرازە ئەلیکترۆنییەکان دەدەن. بەردەوامبوون و درێژەدان بەم کار و پڕۆژە گرنگانە دەبێتە هۆی ئەوەی، لە داهاتوودا، زمانی کوردی پێگەیەکی جیاواز و بڵندتر وەربگرێت و هاوکارێکی باشیش بێت بۆ ژیری دەستکرد.
پاشەڕۆژ و داهاتووی زمانی کوردی لە سەردەمی شۆرشی تەکنۆلۆجیادا، تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە دەوڵەمەندکردنی ناوەڕۆکی ئەو دەق نووسراوانەی، کە زمانەوانەکان، ڕووناکبیران یان هەر تاکێکی کورد لە تۆڕە کۆەمەڵایەتی و ئینتەرنێت بەگشتی بڵاوی دەکەنەوە، هەروەها ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەو دامەزراوە ئەکادیمی و و حکومی و تەواوی ناوەندەکانی پەیوەست بەو بوارە. واتە، ئەگەر توێژەران و زانکۆکان و دامەزراوە فەرمییەکان هاوکار و پشتیوانی یەکدی بن، دەکرێت لە قۆناغەکانی داهاتوودا ئامێر و ئامرازی زۆر پێشکەوتووی وەک: ناسینەوەی دەنگەکانی زمانی کوردی، وەرگێڕانی ئەلیکترۆنی بەشێوەیەکی ورد، هتد، دەستەبەر بکەن. هەموو ئەمانەش دەبنە هاوکارێکی باش بۆ ژیری دەستکرد و لەم ڕووەوە کەمترین هەڵەی زمانەوانی ڕوودەدات، ڕێک بە پێچەوانەی ئێستا.
لە کۆتایی دەشێت بگوترێت، شۆڕشی تەکنۆلۆجیا هۆکارێکی گرنگە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زمان، لە هەمان کاتیشدا دەکرێت هەڕەشە بێت بۆ سەر هەندێک زمان. داهاتووی زمانی کوردی بەڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بەوەی، کە تا چ ڕادەیەک خاوەن زمان و دامەزراوە زانستییەکان دەتوانن ئەم دەرفەتە (شۆڕشی تەکنۆلۆجیا) بە شێوەیەکی دروست و تەندروست بە ئەمانەتەوە بەکاربهێنن.
بۆ ئەوەی مەرگی زمانی کوردی نەبینین پێویستە لەسەر بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت، لە کاتی گەڕان بەدوای زانیارییەکاندا زۆر بە ورد و زانستی پرسیار و گەڕانەکانیان بە زمانی کوردی ئەنجام بدەن. واتە، زمانێکی کوردی دوور لە هەڵەی زمانەوانی، چونکە زۆر جار لەکاتی پرسیارکردن لە ژیری دەستکرد دەبینین زانیارییەکمان پێ دەدات لە ئاستی چاوەڕوانی ئێمەدا نییە، بەڵام ڕەنگە بۆ زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بەم شێوەیە نەبێت، کەواتە لە پێناو بە ستانداردکردن و پاراستنی زمانی کوردی گرنگە گەڕانەکانمان تەنانەت ئەو شرۆڤانەی لە ژێر بڵاوکراوەکاندا دەنووسرێت گرنگە بە زمانی کوردی بێت، هەموو ئەمانەش خزمەتکردنە بە زمانی کوردی بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو.


