سلێمان مستەفا حەسەن
هەرێمی کوردستان لەبەرئەوەی خاوەنی دەستووری خۆی نییە، بۆیە سەرچاوە و مەرجەع بۆ حاڵەتێکە کە ببێتە جێگەی گومان و پرسیار و ناکۆکی، دەستووری عێراق ساڵی ٢٠٠٥ـە. لە دەستووری عێراق پرسی پێکهێنانی کابینە لە دەقی ماددەی (٧٦)ی بڕگەی یەکەمیدا هاتووە: سەرۆک کۆمار کاندیدی ئەو فراکسیۆنە پەرلەمانییەی زۆرترین ئەندامی هەیە بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی وەزیران لە ماوەی پازدە ڕۆژ لە بەرواری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ڕادەسپێرێت. لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر ناوەڕۆکی ئەو ماددەیە ناکۆکییان هەبوو بۆیە پەنایان بردە بەر دادگای فیدڕاڵی بۆ ئەوەی ڕاڤەی ئەو ماددەیان بۆ بکات. دادگای فیدڕاڵیش بە بڕیاری ژمارە (٢٥)ی ٢٠١٠ بۆچوونی ڕاڤەکاری خۆی ڕاگەیاند، کە لیستی گەورە ئەو لیستەیە لە دوای هەڵبژاردن زۆرترین کورسی هەیە. لای هەمووانیش ئاشکرایە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی قابیلی تانەلێدان نین وەک لە ماددەی (٩٤)ی دەستووردا هاتووە.
ئەو پێشەکییە بۆ ئەوە بوو تیشک بخەینە سەر چۆنیەتی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پرسیار بکەین کێ مافی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی هەیە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی یاسایی و دەستووریی هەیە.
بە پێی یاسا بەرکارەکان و بەهەند وەرگرتن و وەبیرهێنانەوەی ناوەڕۆکی دەقی ماددەی (١١٧، ١٢١) دەستووری عێراق (٢٠٠٥) بە پێویست دەزانین بۆ ئەوەی هیچ گومان و پرسیارێک بەجێ نەهێڵین.
پەرلەمانی کوردستان گەورەترین ماڵی کوردستانیانە لە باشوور، کە بەرهەمی خەبات و بەرخودانی خەڵکی کوردستانە. لە مێژووی خۆیشیدا ڕووبەڕووی چەندین بارودۆخی نەخوازراو کراوەتەوە کە جێگەی داخە، چونکە خولەکانی بەڕێکوپێکی لە وادەی خۆی ئەنجام نەدراون. هەروەها چەند خولێک دوور لە بنەمای یاسایی تەمەنی درێژکراوەتەوە، بەڵام ناخۆشترینیان دوای ئەوەی لە ٦/ ١١/٢٠٢٢ وادەی یاسای خولی پێنجەمی تەواو بوو، بە یاسای ژمارە (١٢)ی ٢٠٢٢ تەمەنی درێژکرایەوە، بەڵام دادگای فیدڕاڵی لە عێراق، لە ٣٠/ ٥ /٢٠٢٣، بە بڕیاری ژمارە (٢٣٣) و یەکخراوەکانی بە ژمارەی (٢٣٩، ٢٤٨، ٢٥٣) ئەو یاساییەی بە نادەستووری دانا و هەموو یاسا و بڕیارەکانی لەو وادەیەدا درابوون بە پێچەوانەی دەستوور دانا. بەمەش لە ٦/ ١١/٢٠٢٢ تا ئەمڕۆ کە بەرەو کۆتایی مانگی شەشەمی ساڵی ٢٠٢٦ دەڕۆین هەرێمی کوردستان پەرلەمانەکەی لە بۆشایی یاسایی دایە. هەرچەندە لە ٢/ ١٢/٢٠٢٤ پەرلەمانی کوردستان یەکەمین کۆبوونەوەی خولی شەشەمی گرێدا و ئەندامانی سوێندی یاساییان خوارد، وەک لە ماددەی (٥١)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا هاتووە.
لەهەمان کاتدا، هەر لە یەکەمین کۆبوونەوەدا پێنج پەرلەمانتار خۆیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کاندید کرد، بەڵام ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان بووەتە هۆکار لەبەردەم هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و کارەکانی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم. لەسەر ئەو پرسەش بۆچوونی بەندە بەپێی ماددەی (٤٦، ٤٧، ٤٨) ئەوەی تا ئێستا کۆبوونەوە بە کراوەیی ماوەتەوە، لەڕووی یاساییەوە جێگەی پرسیارە. داخۆ درێژبوونەوەی یەکەمین دانیشتن تا چەند لەگەڵ بنەماکانی بەڕێوەبردنی پەرلەمان و پرەنسیپی ئاساییبوونی دامەزراوە دەستوورییەکان یەکدەگرێتەوە؟ پرسیارێکی بێ وەڵامە
لە ماددەی (٥٦)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە ١ی ١٩٩٢، لەگەڵ هەموارکردنەکانی کە تایبەتە بە دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی کوردستان، لە دەقی بڕگەی سێیەمیدا هاتووە: دەستنیشانکردنی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە ئەویش دەسەڵاتی دەستنیشانکردنی ئەندامانی دەسەڵاتەکەی هەیە، لەنێوان ئەندامانی پەرلەمان یان کەسانی تر، هەروەها متمانەدان بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و لێسەندنەوەی متمانەی هەیە. لە بڕگەی دوازدەیەمی ماددەی (١٠)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١)ی ٢٠٠٥ لەگەڵ هەموارکردنەکانیدا هاتووە پاش ناونانی لەلایەن پەرلەمانی کوردستان، کاندیدی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری لە ماوەیەکدا کە لە (٣٠) ڕۆژ تێپەر نەکات.
بەپێی دەقی ئەو ماددانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان، لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بەهیچ شێوەیەک باس لە کوتلە یان فراکسیۆنی گەورە ناکات. هەروەها باس لە پێکهێنانی فراکسیۆنی گەورە ناکات لە پێش هەڵبژاردن یان لە دوای هەڵبژاردن پێکبهێنرێت. لەبەرئەوەی یاساکانی بەرکار هیچ دەقێکی ڕوونیان لەسەر چەمکی فراکسیۆنی گەورە نییە. ئەمە دەتوانێت جێگەی جیاوازی لە لێکدانەوەی یاسایی دروست بکات. بۆیە هەست بە بوونی کەلێنی گەورە دەکرێت لەناو یاساکانی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی وەزاری. بەڵام شاراوە نییە بەپێی لێکدانەوە لە ناوەڕۆکی بڕگەی سێیەمی ماددەی (٥٦)ی یاسای هەڵبژاردن دەبێت یاداشتێک بدرێتە سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ ڕاسپاردنی کوتلەکەیان بۆ پێکێنانی کابینە، دوای ئەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات کاندیدی سەرۆک وەزیران ناوزند بکات وەک لە بڕگەی دوازدەیەمی ماددەی (١٠)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە.
بۆیە لە بارودۆخێکی وا چاوەڕواننەکراو و بوونی کەلێن لەناو یاسا بەرکارەکانی هەرێم، لە نەبوونی دەستووری هەرێمی کوردستان سەبارەت بەم پرسە دەتوانرێت بەشێوەیەکی ڕێنیشاندەر سوود لە دەستووری عێراقی فیدڕاڵ و لێکدانەوەی دادگای فیدڕاڵ وەربگیرێت.
ئاشکرایە لە خولەکانی پێشوو ئەو فراکسیۆنانەی یاداشتیان داوەتە پەرلەمان کە خاوەنی نیوە کۆیەکی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و دەستنیشانکردنی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بوون، چونکە نیوە کۆ یەک زامنی بڕینی هەموو دیوار و پابەندییە یاساییەکانە. بەمەش هیچ ڕێگرییەک لەبەردەم ڕێککارەکانی پێکهێنانی کابینەکە ناوەستن.
لەبەر نەبوونی دەقێکی ڕوون لە یاساکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە فراکسیۆنی گەورە، ناتوانرێت بەشێوەیەکی بنبڕ بگوترێت کە تەنها یەک لایەن مافی پێکهێنانی کابینەی هەیە، بەڵام لەڕووی سیاسی و پەرلەمانییەوە ئەو هاوپەیمانییەی دەتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی پێکبهێنێت، بەهێزترین شانس و دەرفەتی دەبێت بۆ پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم.
ئایا کەموکوڕی لە یاساکاندا هەیە؟ بە خوێندنەوە و ووردبوونەوە لە یاسا بەرکارەکان، وەڵامەکەی بێگومان بەڵێیە. ئایا هیچ فراکسیۆنێک دەتوانێت بڵێت؛ دوای هەڵبژاردن گەورەترین لیستم و مافی خۆمە ڕام بسپێرن بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری؟ بەپێی خوێندنەوەی دەقە یاساییەکان، وەڵامەکە بە تەواوی نەخێرە. چونکە لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بە دەق نەهاتووە. لەهەمان کاتدا، دەستووری دادگای فیدراڵی وەڵامی پێویستی داوەتەوە کە لیستی گەورە یان گەورەترین فراکسیۆن دوای هەڵبژاردن پێکدەهێنرێت، ئەمەش بە مانای ئەوەیە، ئەو لیستە زۆرترین کورسی لەخۆ بگرێت، ئەگەر دوو لیست کورسییەکانیان وەک یەک بن دەبێت دووبارە پەنا بۆ دادگای دەستووری ببەنەوە.
ئایا “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان” مافی ئەوەی هەیە لەگەڵ “نەوەی نوێ” و فراکسیۆنەکانی تر هاوپەیمانیەتی پێکبهێنن؟ بێگومان بەپێی خوێندنەوەی دەقە یاساییەکان وەڵامەکە بەڵێیە، ئەوە بۆ “پارتی دیموکراتی کوردستان” و لایەنەکانی تریش هەر ڕاستە.
ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێت پاڵپشت بە یاسا ڕێگری بکات لە هاوپەیمانیەتیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێ؟ بەپێی خوێندنەوەی دەقە یاساییەکان وەڵامەکە نەخێرە.
ئایا بەرنامەی کابینە و حوکمڕانی و کاری سیاسەت و پەرلەمانتاری و حکومەت تەنیا ژمارەن؟ یان کۆمەڵێ بنەما و ڕاستی و بارودۆخی بابەتین.
ئەگەرچی “یاساکانی هەرێمی کوردستان” بەشێک لەم بابەتانەیان بەبێ دەق هێشتووەتەوە، بەڵام چارەسەری هەر ناکۆکییەک لەکۆتاییدا لە گفتوگۆی سیاسی و ڕێککەوتنی نیشتیمانی و ڕێزگرتن لە دەستکەوتەکانی سەد ساڵەی کوردستانیان لە باشوور و بنەماکانی سەروەریی یاسادا دەبینرێت. هەر بۆیە پێکهێنانی دامەزراوە دەستوورییەکان پێویستی بە هاوکاری و هاوپەیمانییەکی سیاسی هەیە بۆئەوەی بتوانێت متمانەی هاووڵاتییان بگەڕێنێتەوە.
سەروەریی یاسا ئەو کاتە مانای تەواوی خۆی وەردەگرێت کە هەموو لایەنە سیاسییەکان بۆ وەرگرتنی وەڵامی سندووقی دەنگدان و گۆڕینی ناکۆکییە سیاسییەکان بۆ چارەسەری دامەزراوەیی ئامادە بن.


