سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئەمریکا و ئێران لە نێوان جەنگێکی بێ ئەنجام و تاقیکردنەوەیەکی نوێ

دەڤەر سەلام

ئەمریکا و ئێران دوای چل ڕۆژ لە جەنگ، بە واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن دەرگایەکیان بۆ تاقیکردنەوەیەکی نوێی دیبلۆماسی کردەوە. ئەم یاداشتە هێندەی لە ناچاری و ماندوویی نێوانیانەوە سەرچاوەی گرتووە، بە هیچ جۆرێک بریتی نییە لە تێگەیشتنی هەردوولا بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوانیان بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکەن، بەڵکو بۆ هەردوولا (پشودانی جەنگاوەرە)، کە ڕەنگدانەوەی سەرنەکەوتنە لە مەیدانی جەنگدا و بوونی فشاری ناوخۆیی، سیاسی و ئابوورییە کە ناچاریان دەکات بۆ ماوەیەک پەنا ببەنەوە بۆ مێزی دانوستان.

بۆچی جەنگەکە بێ ئەنجام بوو؟

ئەگەر لە پاڵنەرەکانی واشنتۆن و بە تایبەت تێڕوانینی دۆناڵد تڕەمپ بڕوانین، دەبینین ماندووبوونی ئێستای ئەمریکا بەرهەمی دوو گریمانەی هەڵەی پێشوەختە بوو سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئێران. یەکەم: ئەو پێی وابوو لێدانی سەری هەرەمی دەسەڵات لە تاران ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی داڕمانی ڕژێم یان سیستەمە سیاسییەکەی. دووەم: گریمانەی ئەوەی دەکرد کە پەکخستنی بنکەکانی پاسداران و لەناوبردنی فەرماندەکانی، جۆرێک لە ڕاپەرینی ناوخۆیی هەمیشەیی دەخوڵقێنێت کە تاران هێندە سەرقاڵی خۆی دەکات، فریا نەکەوێت ڕێگری لە ئەمریکا بکات بۆ پێکانی ئامانجە ستراتیجییەکانی؛ کە خۆیان لە سێکوچکەی (کۆتاییهێنان بە پڕۆگرامی ئەتۆمی، لەناوبردنی توانای موشەکی، و بڕینی دەستی گرووپە بریکارەکانی لە ناوچەکە)ـدا دەبینییەوە، بەڵام واقیعەکە پێچەوانە بووەوە؛ تاران نەیهێشت لایەنی ناوخۆیی و فرەپێکهاتەیی وڵاتەکە ببێتە خاڵی لاوازی، بەڵکو لە ماوەیەکی کەمدا سەرکردایەتییەکی نوێی جێگیر کرد و کۆنتڕۆڵی ناوخۆی پاراست. لە لایەکی ترەوە، واشنتۆن و خودی تڕەمپ کاتێک بینییان پێشگریمانەکانیان شکستی هێنا و ئێران کارتی توندی داخستنی گەرووی هورمز و کردنە ئامانجی وزەی کەنداوی بەکارهێنا، ناچار بە پاشەکشە بوون؛ بە تایبەت کاتێک بازاڕی وزەی جیهانی تووشی شڵەژانێکی بێ پێشینە بوو و ڕێژەی هەڵئاوسانی گەیاندە ٤.٢%، کە ئەمەش هێڵی سووری ڕای گشتیی ئەمریکا بوو و کاریگەری زۆری هەبوو لەسەریان. ئەم کاریگەرییە لەسەر دەنگدەری ئەمریکی تێچوویەکی گەورەیە بۆ ژیانی سیاسی سەرۆکی ئەمریکا و ناچاری کرد هەنگاوێک بکشێتە دواوە، بە تایبەت کە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خول لە سەرەتای مانگی ١١ ئەنجام دەدرێت.

کاتێک سەرنجی پاڵنەرەکانی ئێران دەدەین کە بۆچی ماندوو و ناچار بوو هەنگاوێک بەرەو دانوستان بێتە پێش، دەبینین تاران لە ماوەی جەنگەکەدا جیا لەوەی ڕێژەیەکی زۆری سەرکردەکانی لەدەستدا، بەشێکی زۆری کەرتەکانی ژێرخانی وڵاتەکە لەناوچوو و زیانێکی گەورەی ئابووری و ستراتیژی بەرکەوت، هەروەها بەشێکی زۆری کۆگای موشەکی و هێزی دەریایی و بەرگرییە ئاسمانییەکانی لەدەستدا، لە کۆتاییدا بە گەمارۆی خنکێنەری ئەمریکا بۆسەری دۆخەکە گەیشتە ئاستێک دەبوو ئێران بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوە، پەنا بەرێتەوە بۆ مێزی دانوستان، کە یاریزانێکە هەرگیز مێزی دانوستان بە دۆڕاوی جێناهێڵێت!

ئێران بۆ خۆڕێكخستنەوە پێویستی بە کات و پارە هەیە، ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە بەر لە واژۆکردنی زیاتر لە ٢ مانگ کاتی بە ئێران بەخشی، لە کاتێکدا خودی یاداشتەکە ماوەی دوو مانگی دیاری کردووە بۆ یەکلاییبوونەوەی کێشە قووڵەکانی نێوان تاران و واشنتن، لەم ماوەیەدا ئێران بەهۆی گەمارۆکەی سەری تەنها لە دەستکەوتنی کات سوودی بینی، بەڵام خۆڕێکخستنەوە و گەیشتنەوە لانی کەم بە چارەگێکی توانای پێشووی لە بوونی مووشەک، بەستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بریکارەکانی لە ناوچەکە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی و هێزی دەریایی جگە لە کات پێویستی بە پارەیەکی زۆر هەیە، ئەمە جیا لەوەی هەڵاوسانی ناوخۆیی لە ئێران گەیشتۆتە ئاستی خوێنبەربوون لە زمانی ئابووریدا، بەوەی کە زیاترە لە ٧٠%، کە ماندووییەکی گەورەیە بۆ ڕژێم و ناچاری کرد بێتە سەر مێزی دانوستان.

کەواتە بەهۆی بەدینەهاتنی ئامانجەکانی جەنگ لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل ئەم جەنگە بەبێ ئەنجامێکی خوازراو بۆ ئەو دوو وڵاتە گەیشتە بنبەست. لەلایەکی دیکە ئێران‌ـیش وێڕای ئەوەی سەرکەوتوو بوو لە پاراستنی سیستەمی سیاسی ڕژێم و کۆنتڕۆڵی ناوخۆیی، توانی پڕۆگرامی ئەتۆمی بەدوور بگرێت لە لەناوچوون، بەڵام گەمارۆی کۆتایی ئەمریکا و فشاری ئیسرائیل بۆ حیزبوڵا وای کرد تێچووی جەنگەکە بۆ ئابووری و هەژموونی تاران لە ناوچەکەدا هێندە گەورە بێت، کە دوای نزیکەی سێ مانگ هاتە سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لەناوبرد و زیانی ٢٧٠ ملیار دۆلاریان پێ گەیاند.

مینە چێنراوەکانی بەردەم تاقیکردنەوە نوێیەکە

کاتێک هەردوو وڵات بە ماندوویی و ناچاری دووبارە دەگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان، لەم گۆڕەپانە نوێیەشدا جەنگێکی تر لە ئارادایە کە بریتییە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیان لە ڕێگەی سەپاندنی مەرج و دیاریکردنی نەخشەڕێگاکان بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان بەوشێوەیەی کە دەیانەوێت. ئەگەر سەرنجی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بدەین و قووڵتر بچینە ناو مەرامەکانی هەرلایەک، دەبینین کە کۆمەڵێک مینی چێنراو لەبەردەم ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەدا هەیە و لە داهاتوودا بە دیدی من، ملکەچی هەڵوەشاندنەوەیە.

١. گۆڕەپانی خوێناویی لوبنان و تێکەڵکردنەوەی هاوکێشەکان

ئاڵنگاریی گەورە و مینی یەکەمی بەردەم سەرکەوتنی ئەم ڕێککەوتنە، لە گۆڕەپانی خوێناویی لوبنان دا چێنراوە. بەر لە واژۆکردنی یاداشتەکە لە نێوان تاران و واشنتۆن دا، تاکە سەرکەوتنی ستراتیجی کە ئیسرائیل لەم جەنگەدا بەدەستی هێنابوو، بریتی بوو لە جیاکردنەوەی گۆڕەپانی لوبنان لە بەرەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران. کاتێک جەنگی ڕاستەوخۆ وەستا و نێوەندگیریی پاکستانی خەریکی داڕشتنی گەڵاڵەی لێکتێگەیشتنەکە بوو، تەلئەبیب کاتەکەی قۆستەوە؛ سوپاکەی پێ بە پێ خەریکی چوونە ناو قووڵایی ١٠ کیلۆمەتریی باشووری لوبنان بوو بۆ پاشەکشەپێکردنی حیزبوڵا بۆ پشت ڕووباری لیتانی. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەر هەواڵێکی نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتن، ئیسرائیل بۆ ڕێگری لە سەپاندنی هەر مەرجێکی سیاسی بەسەریدا، هێرشەکانی چڕتر دەکردەوە؛ تا کار گەیشتە بۆردومانکردنی باشووری بەیروت (زاحییە)، کە وەک دڵی حیزبوڵا و هێڵی سووری کۆماری ئیسلامی تەماشا دەکرێت.

پەرچەکرداری ئێران بۆ ئەم بۆردومانە، هاوێشتنی دەستبەجێی چەند موشەکێک بوو بۆ ناو قووڵایی ئیسرائیل. ئەم موشەکانە ئەگەرچی زیانی گەورەی ماددی و ستراتیجییان لەسەر زەوی نەبوو، بەڵام ئامانجەکەیان سەربازی نەبوو، بەڵکو نامەیەکی سیاسیی توند بوو. تاران ویستی هاوکێشەیەکی نوێ بسەپێنێت: گۆڕەپانی لوبنان، کە ئیسرائیل دەیویست گۆشەگیری بکات، ناتوانرێت لە دۆسیەی ئێران جیا بکرێتەوە و هێشتا وەک کارتێکی سەرەکی لەسەر مێزی دانوستان دۆسیەیەکی کراوەیە، باشترین بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستییە، بەند و مەرجی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیە کە دەڵێت “وەستاندنی جەنگ لە تەواوی بەرەکان، بە لوبنان‌ـیشەوە”.

لە بەرانبەردا، ئامانجی تەلئەبیب بە وردی ڕێک پێچەوانەی ئەمەیە. ئیسرائیل دەیەوێت ئەو تاکە دەستکەوتە ستراتیجییەی لە مەیدانەکەدا هەیەتی بیپارێزێت، بەبێ ئەوەی ڕێگە بدات هیچ هاوکێشەیەکی نوێی سیاسی یان سەربازیی بەسەردا بسەپێنرێت. بۆیە لە لای خۆیەوە، ئیسرائیل پێشوەختە هاوکێشەیەکی توندی بەرپەرچدانەوەی داناوە کە وەک ئاڵنگارییەکی گەورە لە بەردەم لێکتێگەیشتنەکەدا ڕاوەستاوە؛ ئەویش ئەوەیە: هەر هێرش و بۆردومانێکی حیزبوڵا بۆ ناو قووڵایی ئیسرائیل، بە بۆردومانکردنی ڕاستەوخۆی باشووری بەیروت وەڵام دەدرێتەوە. جیا لەوەش، سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی باشووری لوبنان کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا پێشڕەوی تێدا کردووە دەمێنێتەوە. هاوکات، هەر جوڵەیەک یان پێشێلکارییەکی ئاگربەست لە لایەن حیزبوڵا، بە لێدان و سڕینەوەی پێگەکانی ئەو حیزبە لەسەر زەوی و باشووری لوبنان وەڵام دەداتەوە.

٢. کورتیی وادەکانی یاداشتەکە و تەڵەی گەرووی هورمز و ئەتۆم

ئاڵنگاریی دووەمی بەردەم ڕێککەوتنەکە، لە کورتیی ئەو مۆڵەت و وادانەدا خۆی دەبینێتەوە کە لە یاداشتەکەدا بۆ یەکلاکردنەوەی کۆمەڵێک پرسی دڕکاوی و پڕ گرێ دیاری کراون. بۆ نموونە، دیاریکردنی ماوەی تەنها ٣٠ ڕۆژ بۆ پاککردنەوەی مینە چێنراوەکانی نێو گەرووی هورمز — کە ئێران لە ماوەی جەنگەکەدا دایناون لە بەردەم دوو بەربەستی گەورە دایە. لە لایەکەوە، بەهۆی ئەو بێمتمانەییەی سێبەری بەسەر دۆخەکەدا کێشاوە و لە نێوان هەردوولادا هەیە، چاوەڕوان ناکرێت تاران هەنگاوی خێرا و یەکلاکەرەوە بنێت. لە لایەکی دیکەشەوە، لە ڕووی تەکنیکییەوە پڕۆسەی هەڵگرتنەوەی مینەکان لە دەریا و ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا پێویستی بە کاتێکی زۆر زیاترە لەو وادەیەی بۆی دەستنیشان کراوە.

ئەم تەمومژە کاتیی و تەکنیکییە، وەک چەکێکی دووسەرە کار دەکات. لە کاتی تێکچوونی دۆخەکە و گەڕانەوە بۆ بژاردەی سەربازی، واشنتۆن دەتوانێت ئەم دواکەوتنە تەکنیکییە بکاتە پاساوێکی یاسایی و سیاسی بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی جەنگ. بە پێچەوانەشەوە، تا ئەو کاتەی خواستی هەڵپەساردنی جەنگ و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی سەربازی لە ئارادا بێت، تاران سوود لەم تەمومژە وەردەگرێت بۆ کڕینی کاتی زیاتر؛ بە جۆرێک کەشتییە بازرگانییەکان ناچار دەکات بەو ڕێڕەوانەدا تێپەڕن کە خۆی دیارییان دەکات.

ئەمە واتای ئەوەیە کە ئێران بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ یەکێک لە بانگەشە ستراتیجییەکانی خۆی دەباتە سەر، کە بریتی بوو لە سەپاندنی هەژموون و چاودێریی ڕەهای تاران بەسەر تێپەڕینی کەشتیوانیی جیهانی لەو گەرووە گرنگەدا. گەورەترین بەڵگەش بۆ ئەم داواکارییە، لە خاڵێکی گرنگی یاداشتەکەدا هاتووە، کە بەستنەوەی پرسی “وەرنەگرتنی کرێ لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا”یە لەو کەشتییانەی بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن تا گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی؛ کە لە ناخی خۆیدا مانایەکی قووڵی یاسایی و سیاسی دەبەخشێت، ئەویش دانپێدانانی ناڕاستەوخۆیە بە هەبوونی سەروەری و مافی تاران بۆ وەرگرتنی باج و کرێ لە کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لەو ناوچەیەدا.

نموونەیەکی تری ئەم گرەوە نالۆجیکییە لەسەر کات، پرسی گەیشتنە بە ڕێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بە مەلەفە هەرە ئاڵۆزەکان؛ وەک: مانەوە یان لەناوبردنی تەواوی کۆگا و بنکەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم، بردنە دەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو یان لەناوبردنی لە ناو خاکی ئێران دا، قەدەغەکردنی پیتاندنی هەر ڕێژەیەک لە یۆرانیۆم بۆ ماوەی ١٥ یان ٢٠ ساڵ، لەگەڵ دیاریکردنی میکانیزمی هەڵگرتنی سزاکان و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران لە بانکەکانی دەرەوە دا. هەموو ئەم پرسانە، نەک ٦٠ ڕۆژ، بەڵکو چەندین کابینەی یەک لە دوای یەکی ئەمریکا بە جیا ساڵانێکی زۆر کاریان لەسەر کردووە و دواجار نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر خاڵێکی هاوبەش. بۆیە، دانانی ئەم وادە و کاتە زۆر کورتانە بۆ کۆمەڵێک دۆسیەی مێژوویی و دڕکاوی، ئاڵنگارییەکی کوشندەیە کە لە کۆتاییدا ئەم یاداشتە بەرەو شکست و هەڵوەشاندنەوە دەبات.

٣. هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل

ئاڵنگاری سێیەم کە ڕێگرە لە تەمەنی درێژی ئەم لێکتێگەیشتنە، گرێدراوی کات و هاوکێشە ناوخۆییەکانی دەسەڵات و هەڵبژاردنە لە واشنتن و تەلئەبیب، هەروەها جێگیرکردنی پایەکانی سەرکردایەتی نوێی ڕژێم لە ئێران کە قوڵاییەکی ستراتیجی بەسەر ئاراستەی داهاتووی ململانێکانەوە هەیە. لەلایەکەوە سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی ١١ ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەبێتەوە کە بریتییە لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خول، هەروەها لەبەردەم فشارێکی گەورەی دەنگدەری ئەمریکی دایە بەهۆی لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگەکە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان. ترەمپ لە ئێستادا پێویستی بە ئارامییەکی کاتی هەیە بۆ هێوربوونەوەی دۆخی بازاڕەکان تاوەکو هاوسەنگییەک ڕابگرێت لەنێوان ڕازیکردنی دەنگدەران و نەچوونە ژێر باری ڕێککەوتنێکی ستراتیجی و درێژخایەن کە سازشی بۆ ئێران تێدابێت، تا لە کۆتاییدا بەشێوەیەکی خراپ بۆ کۆمارییەکان و ژیانی سیاسی خۆی نەشکێتەوە، چونکە هەر سازشێک بۆ ئێران جگە لەوەی پاشەکشەیەکی گەورە دەبێت بۆ کەسایەتییەکەی، لە ڕای گشتی ئەمریکا دا گرەوەکانی ئەو لەسەر چاککردنی ڕێککەوتنە هەڵەکەی ئۆباما بە تەواوەتی پووچەڵ دەکاتەوە. بۆیە سەرۆک دەبێت تا یەکلابوونەوەی هەڵبژاردنەکان ئارامییەکی سیاسی و ئابووری بەدی بهێنێت تاوەکو بەرهەمی بۆ داهاتووی ململانێکان لێ بچنێتەوە.

گۆشەیەکی تری ئەم مینە، هەڵبژاردنەکانی ئیسڕائیلە کە لە کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبەر بەڕێوەدەچێت، ئەم هەڵبژاردنە بۆ نەتانیاهۆ قورسترین تاقیکردنەوەی ژیانی سیاسییەتی. هەگبەی چوار ساڵی سەرۆکایەتییەکەی پێکهاتووە لە گەورەترین و ماوە درێژترین ئۆپەراسیۆنی مێژووی وڵاتەکەی لە غەززە، لوبنان، سووریا، یەمەن، هەروەها جەنگی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئێران و بەشداریکردن لە جەنگی ٤٠ ڕۆژە هاوشانی ئەمریکا. بەگوێرەی سەرجەم ئامارەکان، پێگەی نەتانیاهۆ لەناو ئیسرائیل دا بەتەواوەتی دابەزیووە، ترسی نەتانیاهۆ لە کۆمەڵێک دۆسیەی یاسایی دایە کە لە دادگا هێشتا یەکلا نەبوونەتەوە و لە ئەگەری دۆڕاندنی هەڵبژاردن ئەگەرە گەورەکە ئەوەیە دۆسییەکان بە خێرایی بەرەو یەکلابوونەوە و سزادانی بچن. بۆیە گرەوی نەتانیاهۆ بریتییە لە بەردەوامیدان بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا بە تایبەت لوبنان، تاوەکو ناوچەکە لە گرژییەکی ڕاستەقینەدا بمێنێتەوە و بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، واشنتن ناچار بکات دووبارە بگەڕێنەوە بۆ بژاردەی سەربازی و لە دۆخی جەنگدا بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە.

لەلایەکی ترەوە تاران بە تەواوەتی هۆشیارە بەرامبەر پێکدادانی بەرژەوەندی هەردوو سەرکردە دوژمنەکەی، بۆیە هاوتای ئەمریکا ئێران‌ـیش لە ڕێگەی یاریکردن بە کات و دواخستنی یەکلابوونەوەی پرسەکان دەیەوێت حکومەتی نەتانیاهۆ لە ڕێگەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانەوە شکست بهێنێت و یەکێک لە توندڕەوترین سەرکردەکانی مێژوو بەرامبەر ئێران خۆری سیاسی ئاوا ببێت. هەروەها بەهۆی هەڵبژاردنی سەرکردایەتییەکی نوێ بۆ کۆماری ئیسلامی، ئێران‌ـیش پێویستی بە ڕێکخستنەوەی دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەی هەیە بۆ چەسپاندنی پایەکانی دەسەڵاتی ڕژێم و دروستکردنەوەی جۆرێک لە سەقامگیری ئابووری و سیاسی بۆ خۆئامادەکردنەوە بۆ قۆناغی داهاتوو.

بەرئەنجام

لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو بەرئەنجامەی کە ئەم یاداشتە تەنها ئاگربەستێکی تاکتیکییە، بۆ پشوودانی جەنگاوەرەکان و خۆپڕچەککردنەوە، نەک بنیاتنانی ئاشتییەکی درێژخایەن و ستراتیجی. بەڵگەشمان بۆ ئەم بابەتە بەدینەهاتنی هیچ یەک لەو ئامانجانەیە کە ئەم جەنگەی لەسەر بەرپابوو، هەروەها بوونی کۆمەڵێک مینی ڕاستەقینە لە ڕێگای ڕێککەوتن کە پێکدێن لە: ناکۆکی لە یەکخستنی بەرەکان، بۆشایی یاسایی و تەکنیکی و ئاڵنگاری لەسەر جێبەجێکردنی لە کاتێکی کورتدا، پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی لوتکەی دەسەڵات لە هەریەک لە ئیسرائیل و ئەمریکا، کە بە تێگەیشتن لە هەموو ئەمانە دەگەینە ئەو بەرئەنجامەی ئەم تاقیکردنەوە نوێیە بەهۆی مینەکانی سەر ڕێگای، ئەگەری تەقینەوەی زۆر زیاترە لە سەرکەوتنی، بۆیە گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر “جەنگێکی گەورەتر” تەنها کاتی پێویستە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO