هیوا ساعدی
مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کوردستان تەنیا لاپەڕەیەکی سادە نییە لە ململانێی سەربازی و سیاسی، بەڵکوو داستانێکی قووڵ و پڕ لە قوربانیدانە کە تێیدا خوێنی گەش و هۆشیاریی فیکری پێکەوە ئاوێتە بوون.
لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ڕێکەوتی ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، چوار ئەستێرەی گەشی ئاسمانی نیشتمانپەروەریی کوردستان لە بەغدا سەرخرانە سەر پەتی سێدارە. ئەم چوار ئەفسەرە قارەمان و نیشتمانپەروەرە، شەهیدان موحەممەد قودسی، خەیڕوڵڵا عەبدولکەریم، مستەفا خۆشناو و عیزەت عەبدولعەزیز بوون، کە تاوانی ڕاستەقینەی ئەوان تەنیا عەشق و دڵسۆزی بوو بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستان و بازدان بەسەر ئەو سنوورە دەستکردانەی کە نەتەوەکەیان پێ دابەش کرابوو. ئەم چوار ئەفسەرە، پێشەنگی قۆناغێکی زێڕین بوون کە تێیدا چەک و فیکر، زانستی سەربازی و عەقڵی ڕووناکبیری پێکەوە داستانی سەربەرزی و ناسنامەی نەتەوەییان دەنووسیەوە و تەنیا ئامانجیان ڕزگاریی خاک بوو لە بندەستی.
کاتێک لە ساڵانی ١٩٤٥ تا ١٩٤٦دا پێشەوا قازی محەمەد یەکەمین کۆماری کوردستانیی لە مەهاباد ڕاگەیاند، ئەم چوار ئەفسەرە گەنجە چاوپۆشییان لە پلە، پایە و تەواوی ئیمتیازاتە دارایی و سەربازییەکانی خۆیان لە ناو سوپای عێراق دا کرد. ئەوان بە پێشەنگایەتیی ڕۆحی نیشتمانی و نەتەوەیی، لە باشوورەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتنە ڕێ بۆ ئەوەی تەواوی زانست، ئەزموون و لێهاتوویی سەربازیی خۆیان بخەنە خزمەت قەوارە نوێ و ساواکەی کوردستان و بەشدارییەکی کاریگەر و مێژوویی بکەن لە دامەزراندن و ڕێکخستنی لەشکرەکەی. بەڵام تەمەنی کۆماری کوردستان کورت بوو و تەنیا ١١ مانگی خایاند، پاش ڕووخانی کۆمار و دروستبوونی گۆڕانکارییە توندەکان، کاتێک مەلا مستەفای بارزانی و هێزی پێشمەرگە بڕیاری مێژوویی خۆیاندا و بە هێزێکی سەربازییەوە بەرەو خاکی یەکێتیی سۆڤیەتی ئەوکات کۆچیان کرد، ئەم ئەفسەرانە لەگەڵیان نەکەوتن و نەچوونە ناو خاکی سۆڤیەت، بەڵکوو بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ ناو خاکی عێراق دا. دوای گەڕانەوەیان، پۆلیسی عێراق بە هاوکاریی ڕاستەوخۆ و سیخوڕیی بەریتانییەکان دەستگیریان کردن و بە تاوانی یاخیبوون لە سوپای عێراق و بەشداریکردنیان لە هێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، لە بەغدا دادگایی کران و لەسێدارە دران.
ڕاستییەکی مێژوویی هەیە کە چوار ئەفسەر لە تەواوی ئەم گەشتە مێژووییەدا هاوسەفەر و هاوبیر بوون، ئەفسەر بەکر حەوێزیش تا دوا بڕیاری مەرگ لەگەڵیاندا بوو، بەڵام ئەو کاتێک زانی بارودۆخەکە بەرەو تیاچوون دەچێت، بڕیاریدا خۆی بەدەستەوە نەدات و بە خۆشاردنەوە لە دەشتی کۆیە مایەوە تا ئەو کاتەی بارودۆخە سیاسییەکە گۆڕانی بەسەردا هات. لەم نێوەندەدا چیرۆکی ژیانی مستەفا خۆشناو قووڵایی تراجیدیای مرۆیی کورد پێشان دەدات، ئەو کە زڕبرانی بەکر حەوێزی بوو، لە سەردەمی قاتوقڕی و برسیێتی گەورەی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، بە هەتیوی لە دایکێکی هەژار لە گوندی بێتواتە لەدایک بوو. دایکی بۆ ڕزگارکردنی لە مەرگی مسۆگەر، لەبەردەم دەرگای ماڵی حەوێزی لە کۆیە جێی دەهێڵێت، ئەو ماڵەش بە خێوی دەکەن و لەگەڵ بەکر پێکەوە دەخرێنە بەر خوێندن و دەچنە کۆلێجی سەربازی. لایەنێکی تری ئەم کاروانە شەهید خەیڕوڵڵا عەبدولکەریم بوو کە خەڵکی هەولێر بوو، بەڵام لە بنەچەدا سەر بە بنەماڵەی شۆڕشگێڕی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری بوو لە ناوچەی هەکاری و بەشێک لە خزمەکانی لە نزیک ورمێ دەژیان، ئەمەش نیشانەی تێکەڵبوونی دۆزی پارچەکانی کوردستان بوو لە ناخی ئەم پیاوانەدا.
تەواوی ئەم ئەفسەرە بەڕێزانە بەرهەمی سەردەمی کورتی دەسەڵاتی جەنەراڵ بەکر سدقی بوون لە ساڵی ١٩٣٧، کە بە کوودەتایەک دەسەڵاتی بەغدای گرتە دەست و ژمارەیەک خوێندکاری کوردی خستە کۆلێژی سەربازی، کە زۆربەیان دواتر بوونە ئەستێرەی درەوشاوەی کوردستان. مەزنترین و قووڵترین وانەیەک کە ئەم چوار قارەمانە بۆ هەمیشە بۆ نەوەکانی دوای خۆیانیان جێهێشت، لەو وەسێتنامە هاوبەشەدا کورت دەبێتەوە کە تەنیا ١٤ کاتژمێر پێش لەسێدارەدانیان بە دەستخەتی خۆیان نووسیویانە و واژۆیان کردووە. ئەوان لە دواساتەکانی تەمەنیاندا بە ڕوونی دەرکیان بەوە کردبوو کە هۆکاری سەرەکیی شکست و نەهێشتنی قەوارەکانمان تەنیا هێزی داگیرکەران نییە، بەڵکوو لە پلەی یەکەمدا جەهالەت، نەزانین و دواکەوتوویی خێڵەکی ناوخۆییە کە ڕێگا بۆ بندەستی خۆش دەکات. ئەمڕۆ لە ٧٩یەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکردنیاندا، یادی ئەم سیمبۆلە نەمرانەی خۆڕاگری بەرز ڕادەگرین.


