سلێمان مستەفا حەسەن
هەندێک مرۆڤ هەن کە ئاسایی لە ژیان دەژین و ژیان ڕێدەکەن و تێدەپەڕن. هەندێکیش هەن کە لە ژیان دەژین و دەبنە بەشێک لە وێژدانی سەردەمەکەیان و دەبنە ئەستێرەی نیشتمان. شێرزاد حەسەن لەو جۆرە مرۆڤانەیە. بۆیە، خوێندنەوەی کتێبی “لەسەر بنجی خۆم نەڕوامەوە” تەنها خوێندنەوەی بیرەوەرییەک نییە؛ گەشتێکە بەناو مێژووی ڕۆحێکدا. ڕۆحێک کە لە گڵکەندەوە دەست پێدەکات و لە فینلەندا دەگاتە جیهان، بەڵام هەرگیز پەیوەندیی بە یەکەم وێستگەکانی ژیانی نەپچڕاندووە.
شێرزاد حەسەن لە ماڵێکدا گەورە بوو کە باوکێکی قومارچی و دایکێکی میهرەبانی هەبوو. بەڵام ئەوەی لە ناخی شێرزاد دا مایەوە، نە دەنگی قومار بوو و نە تامی برسیەتی و شکست؛ بەڵکو خۆشەویستی و قوربانیی دایک بوو. دایکێک کە ماندووبوونی ژیانی هەڵگرتبوو و لەژێر باری دڵتەنگی و نەداریشدا هێشتا دایکایەتی دەکرد، ئەوە “پلکە زارێ” بوو.
شێرزاد لەم کتێبەدا تەنها چیرۆکی خۆی ناگێڕێتەوە، بەڵکو چیرۆکی نەوەیەک دەگێڕێتەوە. نەوەیەک کە لەنێوان هەژاری و هیوا، لەنێوان ستەم و خەون، لەنێوان داگیرکاریی و ئارەزووی ئازادی گەورە بووە.
گڵکەند؛ گۆمی میری کوران؛ خەرەندی ڕەواندز؛ وێستگەی شەمەندەفەری هەولێر؛ بەغدا؛ سلێمانی و فینلەندا تەنها شوێن نین؛ وێستگەکانی دروستبوونی مرۆڤێکن. هەر وێستگەیەک بەشێکی لە کەسایەتیی شێرزاد دروست کردووە. ئەو لە گڵکەند تامی برسییەتی و مەرگ و کرێکاری ناسی؛ لە ڕەواندز سروشت و ئازادی و خەرەندی ناسی. لە وێستگەی شەمەندەفەر جیهانی دەرەوەی ناسیوە. لە زانکۆ پەنجەرەی ئەدەبی جیهانی بۆ کراوەتەوە. لە سلێمانی هێلانە و ماڵ و “کەژاڵ” و وەفای شارێکی ناسیوە؛ لە فینلەندا مانای دوورکەوتنەوە لە نیشتمان و نرخی نیشتمانی ناسی.
لەنێوان هەموو ئەو وێستگانەدا، دوو کەس بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە دروستبوونی ئەو مرۆڤەدا بەشدارن: دایک و مەلا هەمزە.
دایک لە کتێبەکەدا تەنها دایک نییە؛ ناوەندی هەستی مرۆڤایەتییە. شێرزاد لەسەر دایکی، دەڵێت: “دایکم ژنێک بوو لە فرمێسک”. لە ئەدەبی نوێی کوردی دا دەگمەنە بتوانرێت بە چەند وشەیەکی کەم، ئەو هەموو خۆشەویستی و ئازار و قوربانییە کورت بکرێتەوە. ئەوەی شێرزاد لە دایکەوە فێری بوو، تەنها خۆشەویستی نەبوو؛ مرۆڤبوون بوو.
بەڵام ئەگەر دایک فێری میهرەبانیی کردبێت، مەلا هەمزە فێری پرسیارکردنی کرد. لە جوانترین بەشەکانی کتێبەکەدا، شێرزاد هەوڵ دەدات سکێچێکی مەلا هەمزە بکێشێت. خۆی پێی وایە “پۆرترێت” ناتوانێت ڕۆحی ئەو مرۆڤە بگرێتەوە. ئەو مەلایەی کە کتێبی جیاواز و قاچاغی دەخوێندەوە، لە دەسەڵات نەدەترسا، هەژاری بە چارەنووسی خوایی نەدەزانی و دەیگوت: هەژاریی و نەداریی دەستکردی ئاسمان نین، بەڵکو بەرهەمی نەبوونی دادپەروەرییە لەسەر زەوی. ئەگەر بەهەڵەدا نەچووبم دەتوانین شایەدی بدەین کە ئەم ڕستەیە سەرەتای شۆڕشی فکریی شێرزاد بووبێت.
ئەوی لەم کتێبەدا بە ئاشکرا دەڵێت کە پێش ئەوەی نووسەر بێت، خوێنەر بووە. بگرە هێشتاش خۆی بە خوێنەر دەزانێت. دەڵێت باوەشی کتێب لەلای ئەو خۆشتر و خۆشەویستر بووە لە باوەشی خۆشەویستی و دڵداری. ئەم دانپێدانانە هەموو تێگەیشتنێکمان بۆ کەسایەتیی شێرزاد دەگۆڕن. چونکە زۆر کەس بە نووسینەکانی دەیاناسن، بەڵام بناغەی ئەو نووسینانە خوێندنەوەیە.
شکسپیر، گۆتە، سێرڤانتس، نیکۆس کازانتزاکیس، گاندی، پاولۆ فرێرە، چیخۆف و دۆستۆیڤسکی؛ هەموویان لەو جیهانە فکرییەدا ئامادەن. شێرزاد بە ڕەخنەوە دەڵێت عەیبە ئینگلیز بیت و “شکسپیر” نەناسێت، عەیبە ئەڵمانی بیت و “گۆتە”ت نەخوێندبێتەوە، بەڵام ئێمە زۆرجار لە ئەدەبی خۆمان دوور کەوتووینەتەوە.
لە ڕوانگەی شێرزاد، پەروەردە نابێت ئامرازێک بێت بۆ دروستکردنی ملکەچی و دۆگمایی. هەر بۆیە مامۆستایان بانگهێشت دەکات کە کتێبی “پێداگۆگیی ستەملێکراوان”ی پاولۆ فرێرە بخوێننەوە. چونکە لە باوەڕی ئەودا پەروەردە دەبێت مرۆڤ ئازاد بکات، مرۆڤی ئازاد بێنتە بوون، نەک بیکاتە بەرهەمی سیستەم و کۆیلایەتی و ملکەچی.
لەم کتێبەدا شێرزاد حەسەن زۆر جار دەگەڕێتەوە بۆ ئایین، بەڵام نە وەک بانگەشەکار، بەڵکو وەک پرسیارکەر. لە منداڵییەوە قورئانی خوێندووە و لەبەری کردووە. سوورەتی یوسف کاریگەرییەکی زۆری لەسەر داناوە. مزگەوت بۆتە شوێنی خۆ پەنادان و شاردنەوە لە دژی توندوتیژیی کۆڵان و گڵکەند و گۆمی میری کوران. بەڵام دواتر هەر ئەو منداڵە دەگاتە ئەو ئاستەی بڵێت: “خودای مەزن حیزبی ناوێت”. ئەوەش ڕەخنەیەکی قووڵە لە هەوڵی بەحیزبیکردنی ئایین، وەڵامێکیشە بۆ ئەوانەی بانگەوازی کوشتنی مامۆستیان دەکرد.
لە بەشە جیاوازەکانی کتێبەکەدا، شێرزاد بەردەوام لە جەنگدایە دژی تاریکی. بۆیە وتەیەکی پرحیکمەت دەنووسێت، پێم وایە دەبێتە دەستەواژەیەکی ناسراوە، ئەو دەڵێت: “ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناژین، لە ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست دەژین”. ئەو تاریکییە لە ڕوانگەی ئەودا تەنها سیاسی نییە؛ تاریکیی بێپرسیاری و ڕەوایەتیدان بە ستەم و کەمتەرخەمیی بە مرۆڤە. بەڵام شێرزاد مرۆڤی مەرگ نییە، مرۆڤی ژیانە. هەر بۆیەش پرسیار دەکات بۆچی جەلالەدینی ڕۆمی لە شەرق و غەرب خوازراوە؟ خۆی وەڵام دەداتەوە: چونکە ژیاندۆستە. هەر لەو ڕێگەیەشەوە دەچێتە ناو جیهانی نیکۆس کازانتزاکیس و عیسا و گاندی.
لە فینلەندا، دوور لە نیشتمان، بە ڕای بەندە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمەکانی خۆی دەنووسێت؛ “دوا شەوی دابەزینی عیسای مەسیح”. لەوێدا کوردستان بە عیسا دەچوێنێت. چونکە هەر عیسای مەزن نییە لە خاچ دراوە، وڵاتەکەی ئەویش لەخاچ دراوە. نەتەوەیەک کە لە نێوان چوار دەوڵەتی داگیرکەردا دابەش کراوە. بەڵام ئەم پێکچواندنە و بەراوردکارییە تەنها بانگەشەیەکی سیاسی ڕووت نییە؛ بەڵکوو هاوارێکی مرۆڤایەتییە بۆ داد و ئازادی. هەروەها لەم بیرەوەرییانەدا، شێرزاد بە توندی ڕەخنە لە حیزبە کوردییەکان دەگرێت. بە تایبەت دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و شەڕی ناوخۆ. بە باوەڕی ئەو، زۆرێک لە خەونە گەورەکانی ئازادی لەو قۆناغەدا تووشی شکست بوون. بۆیە پرسیار دەکات، گلەیی دەکات، بەڵام بێهیوا نابێت. جوانترین تایبەتمەندیی ئەم کتێبە شایەدیدانە کە شێرزاد هەموو ئەوانەی دەستیان گرتووە لەبیر ناکات. مەلا هەمزە، مەلا سامان، دکتۆر مەولود ئیبراهیم، مامۆستا تەحسین، حەیدەر کەریم، مەحمود زامدار، شوکروڵڵا بابان و دەیان کەسی تر. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە گەورەیی لە ڕوانگەی شێرزاد، بە مانای لەبیرکردنی هاوڕێیان نییە.
شێرزاد ڕاستگۆیەکی سەرسووڕهێنەرە. لە بیرەوەرییەکانیدا تەنانەت باسی ئەوە دەکات کە سەرەڕای ستەم تۆقاندنەکانی باوکی بەڵام بۆنی جلەکانی باوکی دەکرد، بۆ ئەوەی بزانێت باوکبوون چییە و دەبێت چۆن بێت. ئەم ڕاستگۆییە ئەوەندە قووڵە کە ژیانی خۆی دەکاتە کتێبێکی کراوە بۆ خوێنەر.
شێرزاد حەسەن نووسەری ژنانە. ژن لە نووسینەکانیدا تەنها کارەکتەر نییە؛ مرۆڤە. بوونەوەرێکە شایستەی ئازادی و ڕێز. بۆیە هەمیشە دژی ستەمکردن لە ژنان و دژی باوکسالاری وەستاوەتەوە.
شێرزاد مرۆڤدۆستە، ژینگەپارێزە، پەروەردەکارە و ڕووناکبیرێکە کە بەردەوام داوای مرۆڤبوون دەکات. هەر بۆیە شێرزاد حەسەن تا ئێستا نووسەری وەڵامەکان نییە، نووسەری پرسیارەکانە. بەڵام جوانیی کتێبەکە لە ئازارەکانی نییە؛ لە ڕاستگۆییەکەی دایە، کە وەک خۆی باسی دەکات گلەیی لێ دەکرێت کە بەو ڕاشکاویە دێتە گۆ.
شێرزاد حەسەن لەم کتێبەدا هیچ شتێکی نەپاراستووە. لە خێزان، لە کۆمەڵگە، لە ئایین، لە سیاسەت و تەنانەت لە خۆیشی پرسیار دەکات. بۆیە ئەم کتێبە تەنها چیرۆکی ژیانی نووسەرێک نییە؛ چیرۆکی گەشەکردنی بیرێکی یاخییە کە دەیەوێت هەموو شتێک بخاتە ژێر تاقیکردنەوەی پرسیار. ئەم ئەزموونانە لە ناخی شێرزاد دا نەبوونە زام، بەڵکوو بوونە سەرچاوەی تێگەیشتن لە مرۆڤ.
ئەم کتێبە شایستەی ئەوەیە تەنها وەک ژیاننامە نەخوێندرێتەوە. دەبێت وەک ڕۆمانێکی ژیان، وەک نۆڤێلێکی مرۆیی و وەک بەڵگەنامەیەک بۆ سەردەمێک بخوێندرێتەوە. چونکە لە کۆتاییدا، شێرۆی پلە زارێ تەنها چیرۆکی ژیانی خۆی نانووسێت؛ چیرۆکی مرۆڤێک دەنووسێت کە لە “ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست”دا هەرگیز لە گەڕان بەدوای ڕووناکیدا نەوەستاوە.
لە کۆتایی کتێبەکەدا، داواکارییەکی سادە دەکات؛ دەیەوێت تەرمەکەی بسووتێندرێت و خۆڵەکەی بخرێتە خەرەندی ڕواندز. ئەوە وەسیەتی کورت و پوختەی تەواوی ژیانیەتی. مرۆڤێک کە لە سروشتەوە هاتووە و دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سروشت، دڵنیاییە کە ڕۆحی بە زیندووی دەمێنێتەوە لەناو وشەو پەیامەکانی کە لە تەواوی کتێبەکانیدا جێی دەهێڵیت.
“لەسەر بنجی خۆم نەڕوامەوە” تەنها ژیاننامەی نووسەرێک نییە، تەنیا ژیاننامەی شێرزاد حەسەن نییە. ژیاننامەی خوێنەرێکە کە بوو بە نووسەر، مامۆستایەکە کە بوو بە ڕووناکبیر و بیرمەند. ئەو مرۆڤێکە کە تا دوا هەناسە لە پرسیارکردن، لە جەنگی دژی تاریکی نەوەستا و کۆڵی نەدا تا ئەم ساتەش. “لەسەر بنجی خۆم نەڕوامەوە”، کتێبێکە پڕە لە ڕاستگۆیی و بوێری، پڕە لە جوانی مێژوو، بۆیە ناوی شێرزاد حەسەن تەنها ناوێک نییە لەسەر بەرگی کتێبەکان؛ ئەو جەنگاوەرێکی ڕووناکییە لە “ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست”.
شێرزاد لە دوا دیداریشیدا لەگەڵ مەلا هەمزە، کە ماڵئاویی لێ دەکات پێی دەڵیت شێرۆ کوڕم؛ بیرت نەچێ ئەو کاتیش پێم گوتی، عیسای مەسیح دەفەرموێت، چ کەڵکی هەیە دنیات بردبێتەوە، کەچی خۆت دۆڕاو بیت، جا بەڕاستی مامۆستا لە سەنگەری ڕۆشنایی مایەوە.
لەکۆتایی دا جێگای خۆیەتی دەست خۆشی لە کاک مەسعودی مەلا هەمزە و دەزگای فام بکەین بۆ بە چاپگەیاندنی ئەو بەرهەمە بەنرخە، کە شایستەی خوێندنەوەیە.


