سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سلێمانی شاری تیرۆری هزرییە یان ئەسینای کوردان؟ گەنگەشە هزری و فەلسەفییەکان

موحسین ئۆسمان

لە سەرانسەر وێستگەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا، تیرۆری هزری لە یەک چرکەسات و چاخێکی دیاریکراودا لەدایک نەبووە، بەڵکو لەو کاتەوە دەستی پێ کردووە، کە مرۆڤێک ویستوویەتی یەک ڕاستی بەسەر خەڵکانی دیکەدا بسەپێنێت. لەبەرئەوە، ئەگەر وەک مێژووش سەیری سەرهەڵدانی چەمکی “تیرۆری هزری” بکەین، کاتێکی دەستنیشانکراوی نییە، بەڵکو هەر لەو سەردەمەوە مرۆڤ هۆشیار بووەتەوە و هزرەکەی سەرکوت کراوە، بنەمای ئەم چەمکە چەکەرەی کردووە. لە هێڵی فەلسەفەشدا، تیرۆری هزری لەو چاخەوە سەری هەڵدا، کە ڕاستی لە پرۆسەی گەڕان و پشکنینەوە، بوو بە قۆرخکاری (مۆنۆپۆل).
ئایا تیرۆر دەکرێت ببێتە فۆرمێک لە بەرگری؟ یان بە دەربڕینێکی دیکە، چۆن دەتوانین جیاکاری لە نێوان چەمکی “بەرگری و تیرۆر”دا بکەین؟ لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە پرسیارانە ڕەگوڕیشەی خۆیان لە بنەمای دڵەڕاوکێی بوونگەرایی (ئۆنتۆلۆجی) وەرگرتووە، کە هەمیشە هاوشانی مرۆڤایەتی بەردەوام بووە. سەرەڕای ئەمەش، ئەگەر ڕاست بێت، “گوتنی ڕاستی” خۆی لە خۆیدا دووبارە دامەزراندنەوەی پێوەندی نێوان مرۆڤ و جیهانە، ئەوە یەکێک لە کێشەکانی ئەمڕۆمان ئەوەیە، کە ناتوانین شتەکان وەک خۆیان ناودێر بکەین. هەروەها ئەوەش ڕاستە، کە هەمیشە بەرگری جۆرێکە لە قووڵبوونەوەی هزری، چونکە بەرگری بەستراوەتەوە بە شکۆ و ڕەتکردنەوەی ژیانی بێواتاوە. لەبەر ئەوە، ئەگەر زۆربەی فەیلەسوفان بەرگری وەک داکۆکیکردن لە مرۆڤایەتی ببینن، ئەوا بەرگری دەبێتە ڕێگایەک بۆ بێدارکردنەوەی ویژدانی مرۆڤایەتی، چونکە بەردەوامبوونی مرۆڤ وەک بوونەوەر، بە فۆرمی بەرگرییەوە بەستراوەتەوە.
بەتێکڕا، مەترسیدارترین تیرۆر تەنها چەک هەڵگرتن نییە، بەڵکو ئەو تیرۆرەیە، کە بە هێمنی دێتە ناو عەقڵی خەڵکییەوە و وا دەکات مرۆڤ لە بری بیرکردنەوە، پتر لە مردن بترسێت! واتە ترسناکترین تیرۆر کاتێکە، کە خەڵک لە دەربڕینی هزریی خۆیان بترسن. لەبەرئەوە، تیرۆری هزری ڕاستەوخۆ جەستە ناکوژێت، بەڵکو توانای پرسیارکردن، گومان، جیاوازبوون و ئازادیی ناوەکی لەناو دەبات، کە ئەمەش بە “کوشتنی عەقڵ” ناودەبرێت. بەتایبەتیش کاتێک دەسەڵات لە پرسیار دەترسێت، ئیتر لەوێوە تیرۆری هزری دەست پێ دەکات. ئا لەم چاخەدا، جیاوازی دەبێتە گوناهـ و پرسیاریش دەبێتە تاوان. هەر ئەو کاتەی یۆنانییەکان سۆکراتیان لەسەر پرسیارکردن و هۆشیارکردنەوەی خەڵک ژەهرخوارد کرد، یەکەمین قوربانیی هزر تۆمارکرا. ئەگەر بە جۆرێکی دیکە سەیری بکەین، سۆکرات تەنها پرسیاری دەکرد و دەیویست کۆمارێکی عەقڵانی لە ئەسینا دابمەزرێنێت، بەڵام شار پتر لە پرسیار دەترسا، نەک لە شمشێر. هەر لەبەرئەوەش، بڕیاری کوشتنی سۆکرات بە تاوانی لێدان و لەقاندنی عەقڵەکان دەرکرا! بەمەش دەردەکەوێت، کە هەموو دەسەڵاتەکان لە پرسیار دەترسن، چونکە پرسیار سەرەتای تێکشکاندنی یەقینی ڕەهایە. لە چاخی ئیسلامیشدا بە هەمان شێوە، مامەڵە و ڕەفتار لەگەڵ “ئیبن ڕوشد”، “حەلاج” و “سوهرەوەردی” کراوە. ئەوها ئەم سیستەم و دەسەڵاتانە، ئازادی و جیاوازی بە “قەدەغەکردنی هزر” ناودەبەن. لەسەر بنەمای ئەم ڕێسایەش، خەڵک ناتوانن جیاکاری لە نێوان بۆچوونە ڕاستەقینەکانی خۆیان و ئەو بۆچوونانەدا بکەن، کە بەسەریاندا سەپێنراون!
ئیتر لەو کاتەوە، ململانێی هەمیشەیی، لە نێوان “دەسەڵات و عەقڵ”، “پرسیار و باوەڕی کوێرانە” و “ئازادی و ترس”دا هەیە. بۆیە، تیرۆری هزری تەنها ڕێگری و سانسۆری میدیایی نییە، بەڵکو سیستەمێکی دەروونی و ڕووناکبیریی ئاڵۆزە، کە وا لە مرۆڤ دەکات خۆی ببێتە چاودێر بەسەر خۆیەوە. لە ئەنجامدا، کۆمەڵگە بە تەواوی دەبێتە ئامرازێک، بۆ چاودێریکردنی خۆی و یەکدی.
لەم کاتەدا، هزر دەگۆڕێت بۆ کایەیەکی قەدەغەکراو و مەترسیدار. ئیتر کاتێک “نووسەر لە نووسین”، “ڕووناکبیر لە ڕەخنە”، “فەیلەسووف لە پرسیار” و “هونەرمەند لە خەیاڵ” بترسێت، لەوێوە تیرۆری هزری دەست پێ دەکات. ڕاستە لە کولتوورە کۆن و یەکڕەنگەکاندا، ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە مرۆڤ ناکەن، بەڵام کاتێک مرۆڤ لە دەرەوەی کۆمەڵ و هۆز بیر بکاتەوە، ئەوا بە “خاین”، “لەڕێدەرچوو” و “دژ بە نەریتی باو” تاوانباری دەکەن. هەروەها ڕاستە تیرۆری هزری تەنها ئەوە نییە، کە مرۆڤ بە کەسێکی دیکە بڵێت من لەگەڵ تۆ نیم، بەڵکو کاتێک پێی دەڵێن “بۆت نییە بەو شێوازە بیر بکەیتەوە”، ئەوە دەبێتە تیرۆری هزری. ئیتر چوونە دەرەوە لەم یەکڕەنگییەی هزر، جۆرێکە لە دەستدرێژیکردن لەسەر یەکپارچەیی خێڵ، چونکە لە هۆشیاریی خێڵەکیدا تەنها یەک شێوازی بیرکردنەوە هەیە. لەم جۆرە عەقڵییەتانەدا، ترسی کۆمەڵایەتی (ترس لە خێزان، عەشیرەت، هتد) دەبێتە زیندانێکی هەمیشەیی بۆ خەڵک و کۆمەڵگەش، دەگۆڕێت بۆ دادگایەکی هەمیشەیی.
بە گشتی، هەمیشە بیرکردنەوە و دەسەڵاتە تاکڕەوەکان، نەک تەنها دەست بەسەر زەویدا دەگرن، بەڵکو زاڵ دەبن بەسەر هزرەکانیشدا، چونکە کۆنترۆڵکردنی هزر گەلێک گرنگترە لە کۆنتڕۆڵکردنی عەقڵ و جەستەی مرۆڤ. جگە لەوەش، لە تیرۆری هزریدا، دەسەڵات لە مرۆڤی ئازاد دەترسێت، چونکە مرۆڤێک بیر بکاتەوە، دەسەڵات ناتوانێت وەک مەڕ لێی بخوڕێت. بەم شێوەیە، لە ئەزموونەکانی مێژووەوە دیارە، کە هەمیشە عەقڵییەتە کۆنەکان دژی هەموو گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکن، چونکە ئەم جۆرە دەسەڵاتانە، لە هەر هۆشیاری و گومانێک دەترسن. لەبەرئەوە، لە بەرامبەر گۆڕانکاری و پێشکەوتندا، هەموو جۆرە ترس و هەڕەشەیەک بەکاردێنن.
بەمەش، هەمیشە هزری ئازاد دەبێتە سەرچاوەی مەترسی بۆ سیستەمی پۆپۆلیستی (دێماگۆگی)، چونکە سیستەمە وشک و داخراوەکان لەسەر بنەمای ملکەچی و کوێلەیەتی دەژین، نەک لەسەر بنەمای هۆشیاری. وەک نموونە، گالیلۆ تەنها لەسەر گوتنی ئەوەی “زەوی چەق و ناوەندی گەردوون نییە” دادگایی کرا. بەهەمان شێوە، سپینۆزا ویستی شرۆڤەکردنی ئایین بە عەقڵی فەلسەفی بکات، بەڵام نەفرەتی لێکرا و دەرکرا. ئەوها ئەمانە ئاماژەی ڕوونن، کە دەسەڵات لە نەریت و کۆنەپەرستی ناترسێت، بەڵکو لە مەعریفەی ئازاد دەترسێت. لەبەرئەوە، مەترسیدارترین شێوازی تیرۆر کاتێکە، کە هزری پیرۆز دەگۆڕدرێت بۆ ئامرازی سیاسەت. بۆیە ئازادی ئەوە نییە مرۆڤ بەرگری لەو هزرانە بکات، کە هاوشێوەی خۆین، بەڵکو پاراستن و بەرگریکردنە لەو هزرانەی کە جیاوازن لە خۆی.
ڕاستە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تیرۆری هزری تەنها لەسەر ئاستی دەوڵەت و حکومەت وەک دەسەڵات نامێنێتەوە، بەڵکو دەسەڵاتە “سیاسی”، “ئایینیی” و “نەریتییەکان”یش بەشدار دەبن لەم تیرۆرەدا. هەروەها دەبێت ئەوەش بگوترێت، کە هەر هزرێکی نوێ لە سەرەتادا جۆرێک لە قەدەغەکردن و مەترسی لە هەمبەر عەقڵە کۆنەکاندا دروست دەکات.
ڕاستە هەمیشە لە درێژایی مێژوودا، ململانێ و شەڕ لە نێوان پێشکەوتن و پاشڤەڕۆیی (کۆنەپەرستی)دا دروستبووە. ئیتر ئەم جۆرە ململانێیە لە درێژایی کاتدا، لە سەر ئاستی تاک، توێژ، چین، شار و کۆمەڵگەکاندا سەری هەڵداوە. بەتایبەتیش لە مێژوودا، زیاتر گفتوگۆ و دابەشبوون لەسەر ئاستی ناوچەکان/ شارەکان دروستبووە. وەک یۆنان/ئەسینا و ئەسپارتە، وەک ناکۆکییەکانی نێوان هۆشمەندی و کۆنەپارێزیدا. لەبەرئەوە، نە تەنها شارە گەورەکان وەک جوگرافیان، بەڵکو وەک شێوازی هۆشمەندیش بوون، چونکە تەواوی شارە بەهادارەکان، لە ناوخۆی خۆیاندا تێڕامانێکی تایبەتی مرۆڤبوون، ئازادی و داهاتوویان هەڵگرتووە. لەبەرئەوە، نە تەنها ململانێی نێوان ئەسینا و سپارتە، شەڕی نێوان دوو شار بووە، بەڵکو ململانێ و شەڕێکی قورس بووە لە نێوان دوو جۆر لە فەلسەفەی ژیاندا. فەلسەفەی یەکەم، بڕوای بە ئەقڵ، دیالێکتیک، هونەر و پرسیارکردن هەبوو، بەڵام فەلسەفەی دووەم بڕوای بە هێز و ترسان لە جیاوازبوون هەبووە.
ڕاستە سپارتە، لە شەڕی پێلۆپۆنیسیدا زاڵبوو بەسەر ئەسینا دا، بەڵام مرۆڤ تا ئێستاش ناوی فەیلەسۆفەکانی ئەسینا، زیاتر لە پاشا و سەرکردەکانی سپارتە دەناسێت و دەخوێنێتەوە. لەبەرئەوە، ڕاستە سپارتە لە شەڕدا سەرکەوت، بەڵام ئەسینا لە مێژوودا سەرکەوت، چونکە سەرکەوتنی هێز کاتییە، بەڵام سەرکەوتنی هزر هەمیشەییە. لەبەر ئەمەشە، تا ئێستاش مرۆڤ فەلسەفەی ئەسینا دەخوێنێتەوە، بەڵام چاو بە ڕێسا و یاسا لەشکرییەکانی سپارتەدا ناخشێنێتەوە.
بەم هۆیەوە، ئەگەر دوێنێ ململانێ لە نێوان ئەسینا و سپارتەدا کرابێت، ئەوا ئەمڕۆ بە هەمان شێوە و ئەقڵییەت، پڕوپاگەندە دژی سلێمانی وەک تیرۆری هزری دەکرێت، چونکە هۆشمەندیی نوێ دەخوازێت کۆمەڵگە فێری پرسیار و گومان بکات، بەڵام هۆشمەندیی کۆنەباو دەخوازێت خەڵکی فێری سەرشۆڕی و خۆشباوەڕی بکات. واتە سلێمانی دەخوازێت تاکی پرسیارکەر بخولقێنێت و کۆنەپەرستیش دەخوازێت، خەڵکی ملکەچ و فەرمانبەردار دروست بکات. ئەوها بەم شێوەیە، ئەم جیاوازییە لەسەر هەڵسەنگاندنی سلێمانی، زیاتر جیاوازییەکی سیاسییە، وەک لەوەی هزری بێت.
بەمەش مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، تەواوی شار/شارستانییەتەکان دوور یان نزیک، لە قۆناغی ئەسینا و سپارتەدا لە نێوان “هزر و هێز”، “پرسیار و ملکەچی” و “ئەقڵ و ترس”دا تێپەڕیون. لەبەرئەوە، نە تەنها سلێمانی شارێکە بۆ ژیان، بەڵکو شارێکە بۆ خولقاندنی مرۆڤی نوێ، چونکە تەواوی ڕەنگە ئەدەبی و هونەرییەکان لە سلێمانی دا، بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتین. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، نە تەنها سلێمانی بووەتە تاقیگەیەکی هزری و فەلسەفی، بەڵکو مرۆڤ دەتوانێت ئەو هەموو بزووتنەوە و چالاکییانەی لە سلێمانی دا دەکرێن، بە ئاگۆرای ئەسینا ناوزەد بکات. ڕاستە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەمڕۆ سلێمانی دووبارەبوونەوەی ئەسینا‌ـیە، بەڵام لە سەردەم و چاخێکی تردا، چونکە سلێمانی بە تەواوی مانای وشەکە، بووەتە شاری پرسیار و گفتوگۆ‌. بە شێوازێکی تر، کاتێک مرۆڤ لە شاری سلێمانی دەڕوانێت، لەسەر بنەمای مەودا و ئاستی توانای کورد، وەک ئەسینایە؛ نەک بە مانای باڵادەستی، بەڵکو وەک شاری پرسیار، ڕووناکبیری و گفتوگۆگەلی هزری. لەبەرئەوە، لە هەردوو شاری “ئەسینا” و “سلێمانی”دا، نە تەنها ڕووناکبیری فۆرمێکی نیشاندانە، بەڵکو زیاتر فۆرمێکی بەرخۆدانی وەرگرتووە. بەمەش، سلێمانی لە درێژایی مێژووی خۆیدا، خەباتی بۆ ناسنامە، ڕووناکبیری و بەرخۆدانی نەتەوەیی کردووە. لەبەرئەوە، سلێمانی بە “شاری هەڵمەت و قوربانی” ناوزەد دەکرێت.
مرۆڤ دەتوانێت لێرەدا چەند شارێکی تریش، وەک نموونە لەگەڵ سلێمانی دا بەراورد بکات، وەک چۆن پاریس تەنها پایتەختێکی سیاسی نییە، بەڵکو سیمبۆلی ڕۆشنگەری، بوونگەرایی و قاوەخانە کولتوورییەکانە، ئاوهاش ئەمڕۆ نە تەنها سلێمانی پایتەختی ڕووناکبیرییە، بەڵکو بووەتە ناوەندێکی هزری، ئۆپۆزسیۆن و دەنگە جیاوازەکان. هەروەها مرۆڤ دەتوانێت لەم هێڵەدا بەرشلۆنە‌ـش، وەک ناسنامەیەک لە ناو دڵ و دەروونی دەوڵەتێکی گەورەدا، زمانێکی تایبەت و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی بکاتە نموونە، چونکە ڕووناکبیریی کەتەلۆنیاش، هاوشێوەی ڕووناکبیریی سلێمانی بەرگری لە “زمان”، “یادەوەری” و “ناسنامە” دەکات. واتە لە هەردوو شاری “کەتەلۆنیا و سلێمانی”دا، نە تەنها ڕووناکبیری وەک هونەری ژیان بووە، بەڵکو ڕێگەیەک بووە بۆ ئاڕاستە و مانەوەی نەتەوەیی. سەرباری ئەمەش، چۆن بەرشلۆنە بەرخۆدانی لە هەمبەر توانەوەی ڕووناکبیریدا کردووە، ئاوەهاش سلێمانی بەرگری لە یادەوەرییەکانی کورد کردووە. لەبەرئەوە، مرۆڤ دەتوانێت سلێمانی، وەک “شاری بەرخۆدان و ڕاپەڕین” ناو ببات. هەروەک چۆن گەلێک شاری تری جیهانیش، وەک پراغ، بەیروت هتد، بۆ پاراستن و سەربەخۆیی بەرخۆدانیان کردووە.
مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، سلێمانی وەک هزرێکی فەلسەفی، نە تەنها وەک شار، بەڵکو وەک سیمبۆلی فەلسەفە، لە ناو بزووتنەوە و ئەزموونی کورد دا گەلێک بەرچاوە. لەبەرئەوە، ئەگەر ڕاست بێت کاتێک مرۆڤ باسی هزر، فەلسەفە و ئەقڵ دەکات، ئەوا دەبێت باسی شار بە مانایەکی بەرفراوان بکات. ئیتر مرۆڤ دەتوانێت لێرەدا بێ دوودڵی بڵێت، شاری سلێمانی وەک پێشکەوتنی هزر و فەلسەفە، شاری یەکەمە لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان. بەم هۆیەوە، ڕاستە سلێمانی شارێکە هەمیشە لە جووڵە، پرسیار، بزووتنەوەی هزری و ڕووناکبیریدایە، بەڵام دیسان هەمیشە هۆشمەندیی کۆنەباو و نەیار، سلێمانییان بە شاری تیرۆری هزری ناوزەد کردووە!
بە کورتی، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت بەهای سلێمانی، نە تەنها لە ئابووری و تەلارسازیدایە، بەڵکو هەمیشە سلێمانی هەوڵی داوە، کە هزر ببێتە بەشێک لە ناسنامەی کوردی. دیارە ئەمەش خۆی لە خۆیدا، مۆرکی ئەرک و گرنگیی شارە سەرنجڕاکێشەکانی جیهانە، ئەوانەی بە بەردەوامی خەڵکی فێر دەکەن، نەک تەنها چۆن بژین، بەڵکو چۆن هزر بکەینەوە، تاوەکو ژیان باشتر وەک ماف و ئەرک بناسین.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO