سلێمان مستەفا حەسەن
پاراستنی ژینگە لە سەدەی بیست و یەکەمدا تەنها بابەتێکی سروشتی و ئاسایی نییە، بەڵکو بابەتێکی هەنووکەییە کە پەیوەندی بە تەندروستی، ئابووری، ئاسایشی خۆراک و پاراستنی مافەکانی نەوەکانی داهاتووەوە هەیە. هەر بۆیە زۆربەی وڵاتانی جیهان یاسا و سیاسەتەکانیان بەشێوەیەکی بەردەوام نوێ دەکەنەوە تا بتوانن وەڵامی مەترسییە نوێکان بدەنەوە.
بەپێی هەندێک لە بنەما گرنگەکانی یاسا، وەک بنەمای “بۆ پێویستییە نائاساییەکان حوکمی تایبەت هەیە” و بنەمای “هیچ تاوان و هیچ سزایەک بوونی نییە مەگەر بە دەقی یاسا نەبێت”. یاسادانەر پێویستە هەموو کاتێک وەڵامی گونجاو بداتەوە بۆ هەڕەشە و مەترسییە نوێکان. پرسی ژینگەش لە هەرێمی کوردستان لەو بابەتانەیە کە پێویستی بە پێداچوونەوەی بەردەوام و چوارچێوەیەکی نوێی یاسایی هەیە.
لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش پرسی ژینگە لە چوارچێوەی چەند یاسا و بڕیارێکدا ڕێکخراوە. لە هەرێمی کوردستان لە ٢٠٠٨ەوە تا ئێستا چەندین یاسا، هەموارکردنەوەی یاسایی و بڕیاری تایبەت بۆ پاراستن و چاککردنی ژینگە دەرچووە. لەوانە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٠٨؛ یاسای دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٠؛ یاسای هەموارکردنەوەی ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠٢٢ و هەندێک یاسا و بڕیاری پەیوەندیداری تر. بەڵام دوای نزیکەی دوو دەیە لە دەرکردنی یەکەم یاسا، پرسیارێکی گرنگ هەیە؛ ئایا ئەم چوارچێوە یاساییانە هێشتان توانای وەڵامدانەوەی ئەو هەڕەشانەیان هەیە کە ڕوویان لە ژینگەی هەرێمی کوردستان کردووە؟
ڕاستییەکە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ئێستا ڕووبەڕووی ژمارەیەک قەیرانی ژینگەیی بووەتەوە. لە بواری ئاو، وەک: وشکبوونی سەرچاوەکان، هەڵکشانی بێ سنووری ئاوی ژێرزەوی و کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە، هەموویان مەترسییەکی گەورەیان دروست کردووە. لە بواری هەوا، وەک: پیسبوونی هەوا، سووتاندنی پاشماوەکان و هەڵکشانی گازی زیانبەخش کاریگەری خراپیان لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان هەیە. لە بواری پاشماوە و ئاوەڕۆشدا، هێشتا شێوازی کۆکردنەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ خۆڵوخاشاک و ئاوە پیسەکان لە ئاستی پێویستدا نییە. هەروەها کەمبوونەوەی ڕووبەری سەوزایی، تێکدانی دارستان و ناوچە سروشتییەکان، ئاگرکەوتنەوەی دارستان و پاوانەکان، پابەندنەبوونی هەندێک پرۆژەی نیشتەجێبوون بە پێوەرەکانی سەوزایی و مەترسییەکانی سەر ژیانی ئاژەڵە کێوییەکان و باڵندەکانیش بەشێکی دیکەی ئەم قەیرانە پێک دەهێنن. ئەمانەش کێشەگەلێکن کە لە زۆر حاڵەتدا یاساکانی ئێستا بە تەواوی وەڵامیان نادەنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، کێشەی سەرەکی تەنها لە خودی یاساکاندا نییە، بەڵکو لە میکانیزمی جێبەجێکردنیشدایە، لە ئاستی هۆشیاری هاووڵاتییان، پلان و بەرنامەی حکومەت و ئامادەکاریی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیشدا دیارە. زۆربەی سزاکان لەگەڵ قەبارەی زیانە ژینگەییەکان ناگونجێن و هەندێک جار کاریگەری پێویستیان نییە. لە هەمان کاتدا دەزگا چاودێرییەکانیش هێشتا پێویستیان بە دەسەڵات، بودجە، تەکنەلۆجیا و کادری پسپۆڕ هەیە بۆ ئەوەی بتوانن یاساکان بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکەن.
ژینگەی پاک تەنها بابەتێکی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو مافێکی بنەڕەتی هاووڵاتییە. بۆیە ئەرکی دەسەڵاتە گشتییەکانە کە ئەم مافە بپارێزن و ڕێگری لە هەر هەنگاوێک بکەن کە زیان بە تەندروستی مرۆڤ و سەرچاوە سروشتییەکان دەگەیەنێت. پاراستنی ژینگە لە ڕاستیدا پاراستنی مافی ژیان و مافی نەوەکانی داهاتووشە.
بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان، کاتێک دەست بەکارەکانی دەکاتەوە، پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە یاساکانی ژینگەدا بکات و یاسایەکی نوێ و سەردەمیانە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها پێویستە سوود لە ئەزموون و شارەزایی پسپۆڕان، زانکۆکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو وەربگیرێت. ئەو یاسا نوێیە دەبێت سزادانی تاوانە ژینگەییە گەورەکان توندتر بکات، هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگە بۆ هەموو پڕۆژە گەورەکان پێویست بکات، پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و دارستانەکان بە شێوەیەکی ورد ڕێک بخات و دەسەڵاتی زیاتر بدات بە دەزگا چاودێرییەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسا.
ئایندەی هەرێمی کوردستان بە ئاستی پاراستنی ژینگەکەیەوە پەیوەستە. ئەگەر ئێستا هەنگاوی یاسایی و کارگێڕیی گونجاو نەنرێت، زیانەکانی داهاتوو تەنها ژینگە ناگرێتەوە، بەڵکو تەندروستی، ئابووری و ژیانی نەوەکانی داهاتووش دەگرێتەوە. هەر بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ژینگە لە ئاستی دروشم و ئامۆژگارییەوە بگوازرێتەوە بۆ ئاستی سیاسەتێکی گشتگیر و یاسایەکی سەردەمیانە و کاریگەر.
پاراستنی ژینگە تەنها بەرپرسیارێتی حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکێکی هاوبەشی تاک، خێزان، قوتابخانە، پەیمانگا، زانکۆ، کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیایە. هەروەها پێویستە سوود لە تەکنەلۆجیای نوێ، سیستەمی ڕیسایکلکردن، پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان و بەرنامەکانی هۆشیاری ژینگەیی وەربگیرێت. ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ ژینگە نەپارێزین، لە داهاتوودا ژینگە ناتوانێت ئێمە بپارێزێت؛ چونکە پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیان و ئایندەی نەوەکانی داهاتووە.


