سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

غەفڵەتی مێژوویی: چۆن دەرفەتی سەدەیەک لەبار دەبرێت

لە چرکە ساتە مێژووییەکاندا، بێباکی سیاسیی دەبێتە گەورەترین هەڕەشە لەسەر چارەنووسی نەتەوەکان. هەرێمی کوردستان ئێستا لەناو جەرگەی هەڕەشەیەکی گشتگیر و فرەڕەهەند دایە؛ لەلایەک گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکان و فشارە دەرەکییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، بەربەستی بۆ زیاد دەکەن، لە لایەکی دیکەشەوە، ناوخۆی هەرێم تووشی ئیفلیجبوونێکی سیاسی کوشندە بووە.
بۆ یەکەم جارە لە مێژووی هاوچەرخدا کورد خاوەنی قەوارەیەکی سیاسی و دەستووری خۆی بێت؛ دەرفەتێکی زێڕین کە چەندین نەوە خەونییان پێوە بینیوە و خوێنییان لەپێناو ڕشتووە، کەچی لەجیاتی پاراستن و گەشەپێدانی، بیناکردنی حوکمێکی هاوچەرخ و مۆدێرن، دەستەبژێری سیاسی و حیزبەکان، دەستەوسان ماون بۆ ئەوەی وەک دامەزراوەیەکی مۆدێرن و شایستە، وەک مرۆڤی مۆدێرن ئیدارەی بدەن. دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕ دەبێت و وڵات بێ پەرلەمان و حکومەتێکی پەراوێزخراوە، تەنها لەبەر ئەوەی ناتوانن دەستەڵات و پۆستەکان دابەش بکەن و واز لەو منگەراییە بێنن کە هەموو جەستەی نیشتمانی داڕزاندووە.
لێرەدا ئیدی گرنگ نییە کێ خەتابارە و پشکی کێ لەم بنبەستە زیاترە، چونکە کە خاک و قەوارەکە لە هەموو لایەکەوە لەژێر هەڕەشەی جددیدا دەبێت، ململانێی حیزبی دەبێتە جۆرێک لە خۆکوژیی بە کۆمەڵ. دوژمنی داگیرکەر، سەرقاڵە، هەر ئەوەندە خۆی کۆ بکاتەوە، ئەوسا دەزانن چۆن کونەمشک نەک هەر لە لە سیاسییەکانمان بکەن بە قەیسەری، بەڵکوو لە هەموو ئازادیخوازێکی کورد.
جۆرجیۆ ئاگامبین لە تیۆریی “دۆخی نائاسایی”دا پێمان دەڵێت، کاتێک دامەزراوە یاسایی و سیاسییەکان (وەک پەرلەمان و حکومەت) لە کار دەکەون و ناتوانن ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، فەزایەکی بەتاڵ دروست دەبێت کە تیایدا “قانون” پەک دەخرێت. لە کاتێکدا نەیارانی دەرەکی هەرێم بە وردی کار لەسەر سەپاندنی دۆخی نائاسایی دەکەن بۆ لێسەندنەوەی مافە دەستوورییەکانی ئەم قەوارەیە. حیزبە سیاسییەکان بەهۆی ناکۆکییەکانیانەوە خۆیان بوونەتە ئامرازی دروستکردنی ئەم بۆشاییە یاسایی و سیاسییە.
ئەم داڕمانە ناوخۆییە، نەک تەنها قەوارەکە، بەڵکوو هاووڵاتییانیش لە “هاووڵاتی خاوەن ماف”ەوە دەگۆڕێت بۆ تەنها جەستەیەکی بێ جلوبەرگ و بێ پارێزەر، واتە ژیانێکی بایۆلۆجی پەتی، ڕووتوقوت. لەبەردەم ڕەشەبای گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا. ژیانی بایۆلۆجی پەتی، ژیانێکە جیاکراوەتەوە لە هەموو جۆرە مافێکی یاسایی، سیاسی یان کۆمەڵایەتی. کاتێک جەستەی ساسیی هەرێم بە هۆی ململانێی حیزبییەوە درز دەبات، پارێزبەندییە مێژووییەکەی لەدەست دەدات و دەبێتە نێچیرێکی ئاسان بۆ هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی. لەم سۆنگەیەشەوە، سازشنەکردن بۆ یەکدی و نەگەیشتنە ڕێککەوتن، تەنها کێشەیەکی ئیداری نییە، بەڵکوو غەفڵەتێکی مێژووییە؛ دەکرێت باجەکەی لەدەستەدانی تەواوی ئەو دەسکەوتانە بێت کە بە خوێنی چەندین نەوە بەدەست هاتوون.
هەرێمی کوردستان موڵکی هیچ حیزبێک و گرووپێک نییە، بەڵکوو ئەمانەتێکە لە ئەستۆی هەموو حیزب و تەواوی هاووڵاتییانی کوردستان. بەڵام کاتێک بەرژەوەندی حیزبی دەخرێتە پێش بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی، بە دڵنیایی ئەوە ناپاکییە لەگەڵ ئەو نەتەوە و نیشتمانە.
یەکێک لە بەناوبانگترین ڕووداوە مێژووییەکان بەهۆی گەمژەیی سیاسییەکانی؛ “کەوتنی غەرناتە”یە لە ١٤٩٢، کە ئێستا دەکەوێتە باشووری ئیسپانیا لە هەرێمی ئەندەلوسیا.
دواهەمین ئەمیری غەرناتە ناوی ئەبو عەبدوڵا محەمەدی دوانزدەیەم بوو، کە شارەکەی ڕادەستی پاشا و شاژنی فەڕەنسی و ئیسپانی، فێردیناند و ئیزابێلا، کرد و بە هۆرەهۆڕ گریانەوە لە شارەکە چووە دەرەوە و بە پەلەقاژێ لەگەڵ دایکی، عائیشە ئەلرەشیدە، سواری کەشتیییەک بوو، نوزانەوەی لەگەڵ دەنگی شەپۆڵەکانی دەریادا تێکەڵ دەبوو و دایکی داماوی لە سوچێکی کەشتییەکە دیققەتی لە سەرشۆڕی و ڕیسوایی کوڕە ئەمیرەکەی دابوو. لەپڕ هەستایە سەرپێ و پێی گوت “بگریێ وەکو ژن، بۆ موڵکێک کە نەتتوانی وەکو پیاو بیپارێزیت”.
کاتێک تۆ بە هۆکاری بەرژەوەندییە تەسکەکانی حیزب و دەستەبژێری سیاسیی، ناتوانیت شکۆی نەتەوەکەت بپارێزیت، هەست بە مەترسییە چارەنووسسازەکان ناکەیت، گرنگ نییە کێ خەتابارە، کێ هۆکارە، گرنگ ئەوەیە سیاسی مەزن بتوانێت نیشتمان لە قەیرانەکان ڕزگار بکات، شکۆ بۆ نەتەوەکەی بگەڕێنێتەوە. لە سەروەری نەتەوەکەی تێبگات لەجیاتی سەروەری حیزب و بنەماڵە و خێڵ. کەی سەروەری بۆ نەتەوە و نیشتمان دابین کرا، بەدڵنیایی سەروەری بۆ حیزب و بنەماڵە و خێڵیش دەگەڕێتەوە.
سیاسییە گەورەکان، وەخۆگرن، لەخۆبوردوون، دانا و زانان، خاوەن ڕوئیای ستراتیج و چارەنووسسازن. کێ هەیە لەو هەرێمە لە کێشە حیزبی و بەرژوەندییە تایبەتییەکان مەزنتر و بەرزتر بێت، ناوی بە گەورەیی بچێتە مێژوو نەک وەکو ئەبو عەبدوڵا بەسەرشۆڕی وڵات بەجێ بێڵێت و بە فڕۆکە تایبەتەکەی خۆی، خۆی بگەیەنێتە سویسرا. ئەوکاتە ناوی هەموو ئەو جۆرە سیاسییانە بە ڕیسوایی و خۆپەرست و گەندەڵ لە دەرگا فراوانەکانەوە دەچێتە ناو قوڵایی مێژوو. مێژوو ڕوحم بە کەس ناکات. زەلیلبوونی سەدام و بن عەلی و موبارەک و قەزافی لە هەمووان دیارە، نە دەستەڵاتییان فریایان کەوت، نە پارە و موڵک و باڵەخانەکانیان.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO