دەشتی بەرزەواری
ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان سیستەمی کۆماری تورکیای سێکولاری ئەتاتورکی و کۆماری تورکیای ئیسلامی ئەردۆگانی، ئەوا ئەو ڕاستییە دەبینین، کە بەدرێژایی سەد ساڵ لە باکووری کوردستانی داگیرکراو، هیچ شتێک بۆ کورد نە گۆڕاوە، چونکە گۆڕانی بەرگی کەمالیزم لە “سیکولاری”یەوە بۆ “ئیسلامی” یان ئەوەی پێی دەگوتری “کەمالیزمی سەوز” ستراتیجییەتی بنەڕەتی دەوڵەتی تورکیای نەگۆڕیوە، بەڵکو تەنیا شەرعییەت و کەرەستەکانی داسەپاندنی دەستکاری کردووە. هەردوو بەرگەکە لە یەک خاڵی سەرەکیدا یەکدەگرنەوە، پاساو هێنانەوە بۆ تواندنەوە یان سەرکوتکردنی کورد لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی دەوڵەتی تورکیا. لێرەدا شیکردنەوەی چۆنیەتی کارکردنی ئەم ئایدیلۆژیایە لە بەرامبەر کورددا دەخەینە ڕوو.
لە کەمالیزمی ڕەسەندا، پاساوی سەرکوتکردنی کورد ئەوە بوو، کە هەموو هاووڵاتییەکی ناو سنووری تورکیا “تورک”ن و هۆشیاریی نەتەوەیی داواکردنی مافەکانی نەتەوەی کورد وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر نەتەوەی داگیرکەر دەبینرا. بۆیە بە هەموو شێوەیەک دژی هەر بیرو بۆچوون و گوتارێکی بوونەوە کە بۆنی کوردبوونی لێ دەهات. کار گەیشتە ئەوەی زمان و فەرهەنگ و هونەری کوردی قەدەغە بکەن. سزای مەرگ بەسەر هەر کەسێکدا بدەن کە بە کوردی قسە بکات.
لە بەرگە ئیسلامییەکەدا، نەتەوەپەرستەکانی تورک دروشمی برایەتی ئیسلام بەکاردەهێنن. لێرەدا پێگەی کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن ماف ڕەتدەکرێتەوە، بەو پاساوەی کە لە ئیسلامدا جیاوازی نییە لە نێوان نەتەوەکان، جاعەرەب، عەجەم، تورک یانکورد.بن. ئەم دروشمە بە مەبەستی بێدەنگکردنی داواکارییە نەتەوەییەکانی کورد بەکاردێت و هۆشیاریی نەتەوەیی وەک “فیتنە و جوداخوازی” وێنا دەکرێت.
ئەتاتورکی نەتەوەپەرستی بەناو سێکولاریزم لە ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠دا شۆڕشەکانی کوردی (شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزا) بە کۆنەپەرستی ئایینی و دژایەتی کۆمار سێکولاری مۆدێرن وەسف دەکرد، بۆ ئەوەی شەرعییەتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بۆ سەرکوتکردنیان بەدەست بهێنێت.
بەپێچەوانەی ئەوە لە بەرگە ئیسلامییە نوێیەکەدا، ئەردۆگانی نەتەوەپەرست بەناو ئیسلام، بەهەمان شێوازی ئەتاتورک، توندوتیژیی و کوشتن و لەناوبردن و قەدەغەکردنی کولتوور و زمانی کوردی پەیڕەو دەکات. بەڵام ئەمجارە نەیارە کوردەکان، بەتایبەتی ڕەوتە چەپ و سێکولارەکان بە بێدین و دژی ئیسلام و تێکدەری بەهاکانی خێزان تۆمەتبار دەکەن، بۆ ئەوەی پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت، بەلایەنی کەمەوە دەوڵەتە ئیسلامییەکان و کۆمەڵگە ئیسلامی موحافیزکار لە تورکیا، تەنانەت بەشێک لە کوردە ئاییندارەکانیش بۆ سیاسەتەکانی خۆی ڕابکێشێت.
کاتێک بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەت و پرسی کورد دێتە پێشەوە، بەرگی ئیسلامی لادەچێت و ناوەڕۆکە نەتەوەییە ڕەگەزپەرستەکە بەدیار دەکەوێتەوە. هاوپەیمانی نێوان پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کە ڕەوتێکی شۆڤینیزمی توندڕەوی تورکی کەمالیستییە،بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی کە لە کاتی قەیرانی نەتەوەییدا، ئایدیۆلۆجیای دەوڵەت دەگەڕێتەوە سەر ڕەگوڕیشە ڕەگەزپەرستییەکە خۆی کە پاراستنی باڵادەستی نەتەوەی تورکە.


