ڕەخنە لە فەرامۆشکردن
لە دیدێکی قووڵەوە، بەڕێز و پێزانینەوە، دەڕوانمە هەر هەوڵێکی ئەکادیمی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی مرۆڤایەتی بێت لە مەترسییەکانی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی گرووپە نەتەوەیی و ئایینی و ئیتنیکییەکان. لە هەر کاتێکدا پێشوازی لەو هەنگاوە گرنگانە دەکەم کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٠٠٩دا لە ڕێگەی نامیلکە و کۆمەڵە وتاری بەشی زانیاریی گشتی بە ناونیشانی هۆلۆکۆست و بەرنامەی گەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە؛ کە ئامادە کراوە بۆ شیکردنەوەی میکانیزمەکانی ڕق و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانەکانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژەمرۆیی. هاوکات، نیگەرانی و سەرنجی ڕەخنەیی خۆشم ناشارمەوە بەرامبەر بەو فەرامۆشکردن و پەراوێزخستن و هەڵاواردنە ئاشکرایەی کە لەم جۆرە دەقە ئەکادیمییە فەرمییانەدا بەرامبەر بە دۆسیەی جینۆسایدی نەتەوەی کورد دەکرێت. لەو باوەڕەدام کە هەر توێژەرێک، چالاکوانێک یان دامەزراوەیەک کە دژی تاوانکاری و کۆمەڵکوژی دەوەستێتەوە، پێویستە بڕوایەکی زۆر قووڵی بە مافەکانی مرۆڤ هەبێت؛ بە شێوەیەکی یەکسان و بەبێ لەبەرچاوگرتنی نەتەوە و ڕەگەز و ئایین یان پاشخانی ئایدیۆلۆجیی قوربانییەکە. ناکرێت چەمکی مرۆڤایەتی لە توێژینەوە زانستییەکاندا بەپێی جوگرافیای سیاسی دابەش بکرێت.
کیۆ ئاکاساکا، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پێشەکی ئەو کتێبەدا کە لە ٢٠٠٩دا بڵاوکردووەتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاوانی هۆڵۆکۆست هاندەری بنەڕەتیی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. ناوبراو ئاماژە بە بڕیارنامەی ساڵی (٢٠٠٥) دەکات، کە تێیدا ڕێکخراوەکە پابەند کراوە بە دامەزراندنی بەرنامەی گەیاندنی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە وانەکانی هۆڵۆکۆست و هۆکارەکانی ڕق و ڕەگەزپەرستی، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی جینۆساید لە سەدەی بیست و یەکەمدا. بەقسەی ناوبراو “کڕۆکی ئەم دەستپێشخەرییە لە چەمکی بەرپرسیارێتیی پاراستندا کۆ کراوەتەوە، کە وەک بەڵێنێکی ئەخلاقی و یاسایی جیهانی وێنا کراوە بۆ پاراستنی “هەموو نەتەوەکان” لە تاوانی جەنگ و پاکتاوی ڕەگەزی! بەڵام سێ ساڵ پێشتر سوپاسالار، تۆمەتباری ئەنفال لە وڵاتی دانیمارک، خرایە بەردەم لێپرسینەوە و ڕای کرد!
بەپێی قسەکانی کێو ئاکاساکا ئامانجی ئەم هەوڵە ئەکادیمییە، داڕشتنی ستراتیجێکی گشتگیرە کە داکۆکی لە شکۆی مرۆڤ بکات و وانە مێژووییەکان بکاتە ئامرازێک بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ تەواوی قوربانیانی جیهان. کەچی لەو کاتەدا و لەهەمان ساڵدا دۆسییەکی جینۆسایدی کورد لە هۆڵەندا لەبەردەم دادگا بوو بۆ لێپێچینەوە لە بازرگانێکی هۆڵندی کە مەوادی سەرەتایی چەکی کیمیایی بۆ ڕژێمی سەدام ئامادە کردبوو! دووساڵ پێشتریش دادگای دانیمارک، سوپاسالار فەریقی یەکەمی ڕوکن نزارعەبدولکەریم خەزرەجی سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپای عێراق و تۆمەتباری ئەنفالی بانگهێشت کردبوو بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی، کەچی دەسەڵاتداران توانیان پێشێلی یاسا بکەن و ئەو تۆمەتبارە دەرباز بکەن.
کیۆ ئاکاساکا ئاماژەی بەوەش داوە کە لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٦ ڕێکخراوەکە دامەزرا بۆ ڕێزگرتن لە یادی قوربانییەکان و هاندانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ پەروەردەکردن و یادکردنەوەی هۆڵۆکۆست. لەکاتێکدا لە ٢١ی ئابی هەمان ساڵدا دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ئەنفال لە بەغدا بەڕێوە دەچوو، دادگای لاهای سزای بەسەر فرانس ڤان ئانرات دا سەپاند، بەڵام خەزرەجی لەدەست دادگای دانیمارک هەڵات. سەرەڕای ئەمە، نە جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و نە توێژەرانی ئەو کۆنفرانسەش بە یەک وشەش باسی دۆسێی جینۆسایدی کوردیان نەکردووە.
کەمکوڕییە میتۆدۆلۆجییەکان لە وتارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دا
کاتێک چاو بە ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمە ئەکادیمییەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەخشێنین، دەبینین توێژەرە نێودەوڵەتییەکان مۆدێل و تیۆریی جۆراوجۆریان داڕشتووە، بەڵام بەهەر هۆیەک بووبێت جینۆسایدی کوردیان نادیدە گرتووە، وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین.
یەکەم، پڕۆفیسۆر “یەهودا پاوەر” لە توێژینەوەکەیدا بە ناونیشانی هۆلۆکۆست ڕەهەندە جیهانی و تایبەتییەکان، ئاماژە بە مەترسیی یۆتۆپیا ڕادیکاڵەکان دەکات کە مرۆڤ دەکوژن؛ بەڵام ئایدیۆلۆجیای بەعسی شۆڤێنیستی فەرامۆش کردووە، کە لەسەر هەمان بنەمای فاشیستی، بەکردەوە سڕینەوەی نەتەوەی کوردی پەیڕەو کرد.
دووەم، پڕۆفیسۆر “بێن کیرنان” لە بابەتەکەیدا وەک خاڵە هاوبەشەکانی ئایدیۆلۆجیای کۆمەڵکوژی، بەراوردکاری لە نێوان هیتلەر و پۆڵ پۆت و دەسەڵاتی هوتوو لە ڕواندا دەکات و باسی چەمکەکانی پاکتاوی ڕەگەزی و پیرۆزکردنی خاک دەکات؛ لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال و کۆمەڵکوژی کوردان باشترین نموونەی هاوچەرخی ئەم تیۆرییەن بەڵام بە وشەیەکیش ناوی ئەنفال و کوردی نەهێناوە!
سێیەم، پڕۆفیسۆر “خۆ سین” لە وتاری پەروەردە و خوێندنی هۆلۆکۆست لە چین دا، باس لە پەرەسەندنی تێڕوانینی وڵاتەکەی دەکات لە ڕێگەی بەراوردکاری لەگەڵ تاوانی نانجینگ؛ لێرەشدا دەبینین مۆدێلەکان سنوورە جوگرافییەکان دەبەزێنن بەڵام ناگەنە سەر دۆسییەی کورد.
چوارەم، لە ڕووی یاسایی و پێشگرتنیشەوە، جێگری سکرتێری گشتیی پێشوو “سیمۆن ڤێی” لە وتاری یادەوەری و بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی، ڕاوێژکارانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆفیسۆر “ئێدوارد کیسی” و “فرانسیس دێنگ” لە بابەتەکانیاندا لەسەر میکانیزمەکانی ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی لە ئەفریقا و جیهان، تیشک دەخەنە سەر نیشانەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و وتاری ڕق لێبوونەوە؛ کەچی سەرنج نادەن کە چۆن تەواوی ئەم نیشانانە بەپێش چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە دژی کورد لەلایەن دەوڵەتی عێراق جێبەجێ کران.
دادپەروەریی درەنگوەختە لە بێدەنگیی کاتی تاوانەوە بۆ بێدەنگیی مێژوویی
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جیهانی، کە ئەمڕۆ بەردەوام پەیام و دروشمەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەڵێنەوە، قەرزداری نەتەوەی کوردن. دۆسییەی کورد وەک چۆن لە کاتی ڕوودانی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس دا لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا ڕووبەڕووی بێدەنگییەکی بێ پاساوی نێودەوڵەتی بووەوە، بە هیچ شێوەیەک ڕەوا نییە لە دوای تاوانەکانیش و لە دوای سەلماندن و دۆکیۆمێنتکردنیدا، دیسانەوە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا بە بێدەنگی و پەراوێزخستن لەچوارچێوەی چالاکییەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئەم کەمکوڕییە ئەکادیمییە لە کاتێکدایە کە جینۆسایدی کورد تەنیا بانگەشە و پڕوپاگەندەی سیاسی نییە، بەڵکوو ڕاستییەکی یاسایی چەسپاوە. بەلای کەمەوە چوار دۆسییەی تاوانکاری بە فەرمی لە لایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقـەوە بە جینۆساید ناسێنراون و بڕیاری کۆتایییان لێ دراوە، پەرلەمانی عێراقیش دانی پێدا ناون، کە ئەمانەن: جینۆسایدی کوردانی فەیلی؛ جینۆسایدی بارزانییەکان؛ تاوانی ئەنفال؛ هەروەها، کیمیابارانی هەڵەبجە.
ئەمە جگە لە دۆسیەی تراجیدی و هاوچەرخی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، کە زامێکی کراوەیە و سەرباری ئەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بەجینۆسایدی ناساندووە کەچی هێشتا لە ڕووی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و دادگای نێودەوڵەتییەوە مافەکانیان بە تەواوی یەکلایی نەکراوەتەوە و دۆسیەی دادوەریی پێویستیان بۆ نەکراوەتەوە.
پێشینەی یاسایی نێودەوڵەتی
مادام بڵاوکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و توێژەرەکانی، مۆدێلی دادگایی و سزادانی تاوانباران دەکەنە پێوەر، پێویست بوو ئاوڕ لەو ڕاستییە یاساییە جیهانییەش بدەنەوە کە لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دانی بەم جینۆسایدەدا ناوە. بۆ نموونە، دادگای شاری لاهای لە هۆڵەندا لە ٢٠٠٥ بازرگانی هۆڵەندی فرانس ڤان ئانراتی دادگایی کرد و لە کۆتاییدا بە ١٧ ساڵ زیندانی سزای دا، بەهۆی تێوەگلانی لە دابینکردنی کەرەستەی کیمیایی بۆ ڕژێمی پێشووی عێراق کە دژ بە هاووڵاتییانی کورد بەکارهێنرا. ئەو چەکە کیمیاییانەی کە شار و گوندەکانی کوردستانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکۆمەڵ پێ کوژران و بریندار کران، لەوانە تاوانی گازبارانی شاری سەردەشت و گوندەکانی دەوروبەری لە ١٩٨٧، گوندەکانی شێخ وەسانان و بالیسان و سەرگەڵو و بەرگەڵو لەهەمان ساڵدا، هەروەها شار و ئاواییەکانی پاوە و نۆدشە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، گوندەکانی سێوسێنان و گۆپتەپە و عەسکەرلە پارێزگای کەرکووک و گوندی برجینی لە پارێزگای دهۆک لە ١٩٨٨دا کە لە هەمووشیاندا خەڵکی مەدەنی بەکۆمەڵ کوژران و بریندار کران. ئەم بڕیارە دادوەرییە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری نێودەوڵەتییە لەسەر ناساندنی ڕەهەندەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە.
کورد وەک پارێزەری بەها مرۆییە جیهانییەکان
جێگەی سەرنجە کە توێژەران و ڕۆشنبیرانی جیهان سەرەڕای ئەو تاوانە گەورانەش کە لێی کراوە سەیری ئامادەیی کورد ناکەن لە پاراستنی بەهای مرۆڤایەتیدا. مێژووی نوێ و کۆنی کورد پڕە لە نموونەی واقیعی کە بە تەواوی دژ بە فەلسەفەی جینۆساید و ڕق لێبوونەوەن. مێژوونووسان دەبێت ڕووداوەکانی ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ی نەتەوەی کورد بەبیر بهێننەوە؛ کاتێک لە دوای کەمتر لە سێ ساڵ لە تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران، سوپای عێراق لە کوردستان لەلایەن خەڵکی ڕاپەڕیوەوە چەک کرا، خەڵکی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان، سەرەڕای ئەوەی لە ژێر سەختترین دۆخی گەمارۆی ئابووریدا بوون، نەک تەنیا تۆڵەیان لە سەربازە دیلەکانی سوپای عێراق نەسەندەوە و سزایان نەدان، بەڵکوو بە ڕۆحێکی بەرز و لێبوردەییەوە کە ڕەوا نیە مێژوو لەبیری بکات، نان و جلوبەرگ و پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ دابین کردن و بە سەلامەتی ڕەوانەی لای کەسوکاریان کردنەوە. ئەو هەڵوێستە باشترین پەرچەکرداری دژە جینۆساید بوو، ئازار نەدانی سەربازە چەککراوەکانی سوپای عێراق لەکاتێکدا بوو کە هەموو کەس چەکی بەدەستەوە بوو. ئەم هەڵوێستە شایان بەڕێزگرتنە لەپێناوی شکۆی مرۆڤدا هەتا لە داهاتوودا پەند و وانە وەرگرن و لە وێرانکاری نیشتمان و بکوژی هاونیشتمانییەوە، ببنە پارێزەری نیشتمان و شکۆی هاونیشتمانیان.
ئەم بنەما مۆڕاڵییە لە قۆناغی هاوچەرخیشدا دووبارە بووەوە؛ کاتێک جیهان لەبەردەم مەترسیی گەورەترین و دڕندەترین پەلامارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دا بوو، کوردەکان بوونە سەنگەر و پارێزەری سەرەکی تەواوی جیهان. ئەمە وای کرد کە داعش لەسەر دەستی پێشمەرگەو شەڕڤانان، بە تایبەتیش ژنانی کورد، بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، تێکبشکێت.
جێی تێڕامانە، لە کاتێکدا ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دیلەکان و مەدەنییە کوردەکانی بە شمشێر سەردەبڕی و ژنانی کوردی ئێزدییان ڕووبەڕووی دڕندەترین شێوازی دەستدرێژی دەکردەوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە تەنانەت یەک دیلیش لە لایەن شەڕڤان و پێشمەرگەی کوردوە کوژرابێت یان سووکایەتی پێکرابێت. گەلێک کە لە ناو جەرگەی ئاگر و لە پێناو ئازادی و پاراستنی بەها مرۆییەکانی جیهاندا بەم مۆڕاڵە بڵندەوە بجەنگێت، شایانی ئەوەیە مێژووی ئازار و تاوانەکانی بە یەکسانی و بێ جیاوازی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا تەماشا بکرێت.
ئەنجامگیری بەرەو تێڕوانینێکی گشتگیرتر بۆ ئیتر هەرگیز
بۆ ئەوەی دروشمی “ئیدی هەرگیز” تەنیا وتارێکی دیپلۆماسیی بێ ناوەڕۆک نەبێت، پێویستە دامەزراوە ئەکادیمی و مرۆییەکانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چاو بە ستراتیجیی کارکردنیاندا بخشێننەوە. فەرامۆشکردنی تاوانی جینۆسایدکردنی کورد بە گشتی، ئەنفال و هەڵەبجە و شەنگال بە تایبەتی، لە توێژینەوەکانی تایبەت بە جینۆساید، کەلێنێکی میتۆدۆلۆجی گەورە لە زانستی کۆمەڵکوژیدا دروست دەکات. مرۆڤایەتی بەهەڵاواردن سوودمەند نابێت، بەڵکوو دادپەروەریی ئابڕوی مرۆڤایەتی دەپارێزێ، بۆیە داواکارم نووسەران و توێژەران و بیرمەندانی جیهانی بە گیانێکی ئینسانیی ڕاستگۆیانەوە بڕواننە مێژوو، تا چەمکی دادپەروەری لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا کورت نەبێتەوە و دەنگی هەموو قوربانیانی جیهان وەک یەک بگاتە نەوەکانی داهاتوو. بەهەموومان کۆتایی بە کوشتار و جینۆساید بهێنین.


