وا بزانم ئێستا ئاسانترە بڵێیت کە کورد ناتوانێت بە باشی حوکمی خۆی بکات، لەوەی کە بڵێیت کە دەتوانێت حوکمی خۆی بکات. دیارە ئەم دیدە جیاوازە لەوەی کە بڵێیت کورد نابێت حوکمی خۆی بکات، بەڵکوو ئەو پرسیارە دەوروژێنێت بۆچی ناتوانێت بە باشی حوکمی خۆی بکات؟
دیارە کورد لێرەدا ئاماژە نییە بۆ شوناسێک یان ناسنامەیەک، بەو مانایە خەڵکێک لەبەر ئەوەی کوردن ناتوانن حوکمی خۆیان بکەن. چونکە گەلانی تری ناوچەکە باشترنین، لەبەرئەوەی لە زۆر ڕووەوە خاوەن هەمان کەلتوور و بونیاد و مێژوو و سیستەمی ئابووری و کەلەپوور و باوەڕن.
ئەوەی من دەمەوێت لێرەدا زیاتر زەقی بکەمەوە ئەوەیە کە ئەگەر لە ماوەی ڕابردوودا پشتیوانی و هاوکاریی هەبووبێت بۆ ئەوەی ئێمە لە باشووری کوردستان (هەرێم) حوکمی خۆمان بکەین، ئێستا ئەو پشتیوانییە تەقریبەن کۆتایی هاتووە. ئەوەی زیاتر ئەم پرسە قەیراناویتر دەکات ئەوەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا نەتوانرا هێندە بنەمای حوکمڕانیی دروست بکرێت کە بتوانێت لەگەڵ نەمانی پشتیوانی و گۆڕانی دۆخی ناوچەکە و جیهاندا بەرگە بگرێت.
یەک دوو هەفتە لەمەوپێش لە بەرلین کاتێک لە ناوەندە جیاوازەکانی حکومەت، گفتوگۆمان دەربارەی ناوچەکە دەکرد، لە دیدێک بەئاگابوومەوە، کە سادە بوو بەڵام مایەی سەرنج بوو. بۆ یەکەمجار بوو بە شێوەیەکی تر لە وەسفی “ئاڵۆز” تێگەیشتم. مەبەستم لەمە ئەوەیە کاتێک دەڵێین دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزە، من لای خۆمەوە وەهام دەبینی ئەمە هاندەر بێت لای ئەوروپییەکان کە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ تێگەیشتنی قووڵتر. بەڵام لە چەند جێگایەک بۆم دەرکەوت کە ئاڵۆز مانای دیکەی هەیە.
ئەوەی لە گفتوگۆکاندا بۆم دەرکەوت کاتێک دەڵێن “دۆخێک ئاڵۆزە”، بەتایبەتی لە سەردەمی ئەمڕۆدا، کە هاندانی هاوکاریی و پشتیوانی زۆر کەمە، ئەوا “دۆخێکی ئاڵۆز” یانی ناتوانرێت هاوکاریی بکرێت چونکە ئاڵۆزە، واتە چارەسەری ئاسان و خێرای نییە. هەروەها بە مانای ئەوە دێت کە سوودی نییە هەوڵی لەگەڵدا بدرێت چونکە “ئاڵۆزە”، یان چارەسەری نییە. عێراق و یەمەن بە تایبەت وەک ئاڵۆز ناوزەد دەکرا.
کاتێک دەرەوە ئاوەها تۆ دەبینێت، کە هاوکار نیت بۆ چارەسەری دۆخی خۆت، ئەویش هیچ هاندەرێکی نامێنێت هەتا هاوکاریت بکات.
ئەمە ئەو ئایەتە قورئانییەی بیر هێنامەوە: إِنَّ اللّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ.
ئێمە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا هەلی زۆرمان بۆ ڕەخسا، هەتا سوپامان هەبێت، دادگامان هەبێت، میدیامان هەبێت، کۆمەڵگای مەدەنیمان هەبێت، بازاڕمان هەبێت، ئابووریمان هەبێت، زانکۆمان هەبێت. بەڵام هەموویمان بە فیڕۆ دا. ئەفلاتۆن لە دایەلۆگی مینۆسدا باس لە گرنگی مەعریفە دەکات، کاتێک ئەوە دەوروژێنێت کە ناتوانیت شتێک بە دەستبهێنیت کە نەزانیت چییە.
ئێستا هەموو ئەمانە وەک دەردی دڵ وەهان. دنیا چیدی وەک جاران نییە. ئەو دنیایەی کە دێت، جیاوازە. هەندێکی کۆتایی بە هاوکاریت دەهێنیت. هەندێکی دەیەوێت بەشێوەیەکی تر پەرت و کۆنتڕۆڵت بکات. هەندێکی بە تەواوی تێڕوانینی جیاوازە.
بۆ نموونە، چین دەبێتە ئەکتەرێکی گەورە لە ناوچەکە، ئایا سیاسەتی دەرەوەی چین، هەروەها سیاسەتی بۆ ناوچەکە چۆنە؟
چین وەها دەبینێت کە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بریتین لە خراپی حوکمڕانیی، ناهاوسەنگی هێزەکان لەگەڵ دەستوەردانی دەرەکی. لای چین کێشەیەک نییە بە ناوی کێشەی نەتەوە یان ئیتنیک یان دین یان تایفە. بۆیە پرسی تۆ کورد دەبێت بەجۆرێکی تر دابڕێژرێتەوە، هەتا سەدای هەبێت.
ئەوروپا جاران خەونی ئەوە بوو کە دنیا بە ئەوروپایی ببێت. دیدێکی یونیڤێرسال تاک دنیایی. بەڵام ئەوروپا وازی لەو دیدە هێناوە. ئەوروپا گەر جاران کاتیدراڵێک بوو، ئەمڕۆ بەرەو ئەوە دەچێت کە دێرێک بێی یان مۆنستریی.
مۆنستریی جیاوازە لە کاتیدرال، بەوەی کە مۆنستری بەسەرخۆیدا داخراوە. چەند هاوینێک لەمەوپێش کاتێک لە ئەلپی فەڕەنسا بووم، شەوێک لە ماڵێکی فەڕەنسی بۆ خواردنی پەتاتە و پەنیر میوان بووین، باسی ئەوەیان کرد کە لە چیاکانی پشتیان دێرێکی قەشەکان هەیە، بە دەگمەن نەبێت بۆ پێداویستی نەبێت نایەنە دەرەوە. لە ناوەوە خەریکی خوێندنی دین و بەخێوکردنی هەنگن.
کاتێک چەمکی دێر بۆ ئەوروپا بەکاردێت بەو مانایەیە کە ئەوروپا بە سەرخۆیدا دادەخرێت و هەوڵدەدات لە ناوەوە خۆی بەهێزبکات و وەک هێزێک لە دەرەوە لە پێناو خۆیدا بەشداربێت چونکە دنیا دەبێتە فرەهێزیی.
بە هیواین دوای جەژن بنەماڵەکان کۆببنەوە و بیرمەندانی کوردیش کەمێک قوولتر لە دۆخەکە ڕابمێنن.


