دەشتی بەرزەواری
ململانێی بەردەوامی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ئێستادا گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر هەستیار و مەترسیدار، کە ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە مانەوەی قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەم تێڕوانینە ڕەشبینییەکی سەرپێیی نییە، بەڵکوو گوزارشتە لە ڕاستییەکی تاڵ، کە دوو هێزی چەکداری بنەماڵەیی دەبەنە ڕێگر لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم. ئێمە ناتوانین کێشەکە تەنها وەک کێشەیەکی کارگێڕیی یان دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی دەیەم ببینین، بەڵکوو ئەم دژاییەتی یەکتری کردن و ڕێگرییە لەبەردەم پێکهێنانی کابینەکە دەبێتە هۆی کرانەوەی دەرگایە بەرووی چەندین سیناریۆ هەر مەترسیدار، کە لێرەدا بە کورتی باسی مەترسیدارترینیان دەکەین.
مەترسییە ناوخۆییەکان، شۆڕبوونەوەی کێشەکان بۆ ناو کۆمەڵگە
شەرعیەتگەرایی دامەزراوەکان: دواکەتنی پێکهێنانی حکومەت، دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم (سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەت و پەرلەمان) دەخاتە بەردەم بۆشاییەکی یاسایی و لاوازبوونی شەرعیەت، ئەمەش کاراییی ئەو سێ دامەزراوە لە بڕیارە چارەنووسسازەکاندا کەم دەکاتەوە. لە ئێستادا حکومەتی هەرێم ناتوانێت هیچ پڕۆژەیاسایەکی نوێ دەربکات بۆ دەربازبوون لە ئەگەری بوونی هەر قەیرانێکی (دارایی، سەربازیی، ئاسایشی نیشتمانی)، لەبەر ئەوەی کابینەی نۆ ساڵ و نیوێکە ماوەی بەسەرچووە، بۆی نییە هیچ بڕیارێکی یاسایی دەربکات.
قووڵبوونەوەی دوو ئیدارەیی: لە ئێستادا لای پارتی و یەکێتیی هیچ شتێک هێڵی سوور نییە، جگە لە بەرژەوەندییە حیزبییەکان، بۆیە ئامادە نین بۆ هیچ بەرژەوەندییەکی نیشتمانیی پێکەوە دابنیشن و لەسەر ناوەندێکی بڕیاردانی یەکگرتوو ڕێک بکەون. ئەمەش وای کردووە زۆنی زەرد و سەوز زیاتر لە یەکتر دوور بکەونەوە. هەر ئەوە ماوە بە فەرمی دوو ئیدارەی تەواو لێکترزاو ڕابگەیێنن. ئەمەش نەک هەر ئیدارەی وڵاتی پەک خستوە، بەڵکوو لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە یەکپارچەیی خەڵکی کوردستانی نەهێشتووە. ئەمڕۆ کار گەیشتۆتە ئەوەی مرۆڤی کورد قسەی زۆر نەشیاو و قێزەون لەسەر شارەکەی خۆی بکات وەک ئەوەی دژی وڵاتێکی داگیرکەر بکات، تەنها لەبەر ئەوەی حیزبەکەی دژی ئەو زۆنەیە، کە شارەکەی ئەوی تێدایە!
بێهیوایی و ڕەشبینی گشتی: کاتێک هاووڵاتییان دەبینن ململانێی حیزبی ڕێگرە لە چاککردنی بژێوی ژیان و دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، متمانەیان بە سیستەمی سیاسی حکومەتی هەرێم لاواز بووە. ئەمەش زەمینەی خۆش کردووە بۆ نەمانی ئینتیمای نیشتمانی و ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی.
کار گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی، کە هاووڵاتی کوردستان هیچ لای گرنگ نەبێت ئەگەر حکوومەتی هەرێم بمێنێت یان نەمێنێت و داگیرکەر بگەڕێتەوە سەر خاکی کوردستان و حوکمیان بکات. ئەوەی لایان گرنگە بژێوی ژیان و قوتی ماڵ و منداڵەکانیانە، نەک بوونی قەوارەیەکی سەربەخۆ.
مەترسییە دەرەکییەکان، لاوازبوونی پێگەی دەستووری
قۆستنەوەی دەرفەت لەلایەن نەیارانی هەرێمەوە: نەیارانی قەوارەی هەرێم لە بەغدا، دابەشبوونی ناوماڵی کورد وەک دەرفەتێکی زێڕین دەبینن بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم. چەندین ساڵ بوو چاوەڕێی ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆیان دەکرد؛ بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی دەرکردنی بڕیاری سیاسی لەژێر پەردەی یاساییدا، کە پێشترمەرامیان بووە و پێیان نەکرابوو، ئەمڕۆ زۆر بە ئاسانی جێبەجێی بکەن، هەر لە کورتبڕینی دەسەڵاتی دارایی و نەوتییەوە تا دەگاتە پرسی هێزی پێشمەرگە. یاساش پشتوانیان دەکات بە هۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم خۆی خستۆتە بۆشایی یاساییەوە، کە زیاتر لەچاڵ دەچێت.
پەرتەوازەیی لە دانوستانەکاندا: لە دوای هەڵبژردن شاندێک نەماوە بەناوی شاندی حکومەتی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بە یەک گوتار و یەک ئامانجی نیشتمانی بچێتە بەغدا، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ناوەندی بڕیار لە عێراق.
ئەو شاندانەی لە دوای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا چوون، هەموویان شاندی حیزبی بوون و بۆ بەرژەوندی حیزبیش چوون، وەک شاندی حیزبیش پێشوازیان لێ کراوە. لەگەڵ کەسایەتییە حیزبییەکانی عێراق کۆبوونەوە، زۆر جاریش لە دژی یەکتری پەیوەندییان لەگەڵ ئەو حیزبە عێراقیانە خۆش کردووە، کە لە دژی پارتی یان یەکێتیی بوون. ناوەندی بڕیاریش زۆر باش بارودۆخی ئەم دوو حیزبە دژبەیەکەی هەرێمی کوردستانی هەڵسەنگاندووە. بۆیە هیچ ڕێککەوتنێکی پڕۆتۆکۆڵی بۆ چارەسەری یەکجارەکی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەگەڵ هیچییان مۆر نەکردووە؛ هەر چ ڕێککەوتنێکیش کرابێت، ڕێککەوتنی حیزبی بووە. کەچی ڕاگەیاندنە حیزبییەکان بۆ ریکلام حیزبی و بە شانوباڵدا هەڵگوتنی سەرکردەکانیان، خەڵکی کوردستانییان چەواشە کردووە و شەقامێکی دووسایدی فول کوالێتی بێگرێیان لەنێوان خۆیان و بەغدا دروست کردووە، بەڵام هەر لەگەڵ هاتنی سەری مانگ و نەهاتنی مووچە درۆ و چەواشەکارییەکانیان ئاشکرا بووە.
دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆر کەم ئەزموونن لە بەڕێوەبردنی حکومەتی نیشتمانی. ئەوان پێیان وایە بەڕێوەبردنی نیشتمان وەک بەڕێوەبردنی سیستەمی خێڵ وایە! ئەوەش وای کردووە کورد وەک حکومەت سەد هەنگاو بچێتە دواوە و نەتوانێت بەرگری لە مافە نیشتمانی و داراییەکانی خۆی بکات، بەڵکوو ببێتە پاشکۆی ئەجێندای هێزە عێراقییەکان.
مەترسییە نێودەوڵەتییەکان، کشانەوەی پشتگیریی هاوپەیمانان
ساردبوونەوەی دۆستانی کورد: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی (بە تایبەتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا) هەمیشە هۆشدارییان داوە کە بەردەوامیی ناکۆکییەکان و یەکنەخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، دەبێتە هۆی کشانەوە یان کەمکردنەوەی هاوکارییە سەربازیی و دیپلۆماسییەکانیان بۆ هەرێم. کورد بەبێ پشتگیری نێودەوڵەتی لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێدا، دەکەوێتە بەردەم مەترسی هەڵوەشاندنەوە و لەباربردنی قەوارە دەستورییەکەی.
بە هۆی ململانێی ناشەرعیی نێوان ئەم دوو هێزە ناو ماڵی کورد کرمی بووە، سەرەتاکانی هەڵوەشانەوە و لەناوچوونی قەوارەی هەرێم دەرکەتووە؛ بەتایبەتی لە دوای هاتنە سەرکاری ترەمپ، مەترسییەکانی سەر هەرێم زیاتر بووە بە هۆی نزیکی ترەمپ لە ئەردۆگان، هاوتا بازرگانەکەی.
تورکیا لە ئێستادا زۆر بە ڕژدی لە دوای ئەوەیە قەوارەی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە بە هەر نرخێک بێت، بەتایبەتی لە دوای ئەوەی توانی لەڕێگای تۆم باراک ڕێگا لە دروستبوونی قەوارەیەکی سەربەخۆ لە سووریا بگرێت. لە ئێستاشدا کەوتۆتە پیلانگێڕیی دژی هەرێم. لەڕێگای (تۆم باراک)ەوە کۆمەڵێک پەیامی زۆر مەترسیداری بە گوێی سەرانی هەرێم دا چرپاندوە، بەڵام وا دیارە ئەوان لە پەیامەکانی تۆم باراک تێنەگەیشتن، بۆیە هیچ خەمێکیان لە لێکترازانی ماڵی کورد نەخوارد؛ بگرە بوونەتە هاوکاری پشتڕاسترکردنەوەی قسەکانی تۆم باراک و دەیسەلمێنن کە سیستەمی فیدراڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان فەشەلی هێناوە!
لە هەنوکەشدا بە هۆی پلانگێڕیی دەوڵەتە هەرێمەییەکان (تورکیا و قەتەر و سعودیە و سووریا)، کە لەلایەک دەیانەوێت بەعس بە هاوکاری حیزبێکی کوردی زیندوو بکەنەوە، کودەتا بەسەر شیعەدا بکەن و لەگەڵیدا ئەزموونی فیدراڵی لە عیراق ڕاماڵن؛ لە لایەکی دیکە دەیانەوێت لە ڕێگای ترەمپ، کورد ناشیرن بکەن و بە دز و بێبەڵێن نیشانی دنیای بدەن. لەویشیاندا حیزبە کوردستانییەکان خۆیان لە دوژمنان زیاتر هاوکارن بۆ ناشیرینکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ حیزبی کوردستانی وا هەیە لە دەرەوەی وڵات لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانیانەوە بە ئاشکرا لۆبی لە دژی نەتەوەکەی خۆیان دەکەن، بۆ ناشیرینکردنی یەکتری. ئەوان پێیان وایە زۆنەکەی دی تاوانبار دەکەن؛ بێئاگان لەوەی کە ئەمە چەند مەترسیدارە بۆ سەر ئەو قەوارەیەی خۆیان بەڕێوەی دەبن و ڕاست و چەپ لێی دەخۆن!


