ئیبراهیم شێخ وەسانی
قەدەرەک لەمەوپێش، بە کچە سینەماکاری کوردی ئەمریکی «نەژ دێل»م، گوت «بۆچی فیلمێک لەسەر جینۆسایدی ئەنفال دروست ناکەی»؟
پێش ئەوەی باسی سیناریۆ، ئاستەنگەکانی بەرهەمهێنان و بودجەی فیلمەکە بکات، وەک ئەوەی پێشتر بیری لە وەڵامەکەی کردبیتەوە، پرسیارێکی زۆر سادەی جددی ڕەخنەئامێزی کرد، گوتی «ئایا دەتوانیین ڤیدیۆی دانپێدانانەکانی عەجاج و فایلەکانی لێکۆڵینەوە و دادگایکردن بەدەستبێنیین»؟
ئەو پرسیارەی «نەژ دێل» دەلالەت لەوە دەکات، لە داهاتوو، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کێشەیەکی مەترسیداری گەورە ڕووبەڕووی کەیسی جینۆسایدی ئەنفال دەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە، بەبێ بەڵگەی ڤیدیۆیی دانپێدانانی تاوانباران، ئەو هەموو کارەساتانەی بەسەرمان هاتن، مەترسی ئەوەیان لەسەرە جیهان بە چاوێکی دیکە لێیان بڕوانێ، بە مێژوویەکی پشتڕاستنەکراوە هەژماریان بکات.
زۆربەی ئەو بەڵگانەی لە بەردەستی کوردن بۆ سەلماندنی جینۆسایدی ئەنفال، چیرۆکی قوربانییەکانە لەگەڵ شایەتحاڵەکان و گۆڕە بەکۆمەڵەکان،بەڵام بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کەیسی ئەنفال پێویستمان بە تۆماری ڤیدیۆیی دانپێدانانی تاوانبارەکان، ئەرشیفی فەرمی، ئیفادەی شایەتحاڵەکان، بەڵگەنامەی یاسایی شەفاف هەیە.
نزیکەی چل ساڵ بەسەر ئەنفال دا تێدەپەڕێت، لەو ماوەیەدا زۆربەی بەڵگەکانی سەلماندن فەوتاون، ڕوفاتی قوربانیانی گۆڕەبەکۆمەڵەکان گواستراینەوە، شوێنەواریان نەماوە، زۆربەی ئەو زەویانەی گۆڕەبەکۆمەڵە نەدۆزراوەکانی لێ بووە، فرۆشراینە، لەسەر جەستەی زیندەبەچاڵکراوەکان شوێنی نیشتەجێبوون و باڵەخانە دروستکراون. بۆیە هەر ساڵێک کە دێتە سەر تەمەنی جینۆسایدی ئەنفال، ساڵێکی دیکە ئێمە نزیک دەکاتەوە لە لەدەستدانی هەتاهەتایەی بەڵگەکانی سەلماندن.
تۆماری ڤیدیۆیی تاوانبارێکی وەک “عەجاج” تەنیا بەڵگەنامەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکوو بەڵگەیەکی یاساییشە بۆ سەلماندن، مادەیەکی پەروەردەییە بۆ نەوەکانی داهاتوو، دەتوانرێت دوای سەد ساڵی دیکەش ببیتە کەرەستەی فیلمی دۆکیۆمێنتاری، فیلمی سینەمایی و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی، توێژینەوەی جینۆساید و ڕێکاری یاسایی نێودەوڵەتی بەکاربهێنرێت. لە هەمووشی گرنگتر دەبیتە یارمەتیدەر بۆ ئاشکراکردنی ئەوەی کە چۆن ئەو تاوانانە ڕێکدەخران، کێ لە پاشیانەوە بوو و یارمەتی دان، چۆن ئەنجام دران.
ئەوە بەرپرسیارەتی دەزگا، میدیا، لێکۆلەران و توێژەران و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردییە که داوای ئەو بەڵگەنامانە بکەن پێش ئەوەی لەناوببرێن، یان بەهۆی تێپەڕینی کاتەوە نەمێنن، ئەگەر لەلایەن دادگا و حکومەتی عێراقـیشەوە ڕێگری لە دامەزراوە کوردستانییەکان بۆ تۆمارکردنی ڤیدیۆی عەجاج و دەستگەیشتن بە مادەی ئەرشیفی کەیسی ئەنفال بکرێت، ئەوە بۆ دادگای نێودەوڵەتی دەبیتە بەڵگەیەک لەدژی عێراق. پرسیاری جددی لەسەر نەبوونی شەفافیەت و هەبوونی بەربەست لە پرۆسەکە دروست دەکات، بەڵام ئەگەر کورد خۆی کەمتەرخەمبی، ئەوکات دادگای نێودەوڵەتی پێت دەڵێت « ئەگەر ئەوان نەیانهێشت، ئەی تۆ بۆچی هەوڵت نەدا»؟
عەجاج تاوانبارێکی سادەی عێراقی نییە، لە یادەوەری ئێمەی کەسوکاری ئەنفالکراوان لۆگۆی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالـە. کەسوکاری ئەنفالکراوان شایەنی دادگایکردنێکی شەفافی ستانداردی عەجاج بوون، بۆیە دەبوایە میدیا، چاودێرانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، توێژەران و ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بتوانن لە دادگاکە ئامادە بن و مافی ئەوەیان هەبوایە دۆسییە و تۆمارەکان و ئیجرائاتەکانی داگاکەکەیان هەبێت.
ئەو پرسیارە جەوهەریانەی لەلای من بێ وەڵامن، ئەوانەن: ئایا حکومەتی هەرێم فایلەکانی لێپرسینەوە و تۆماری دانپێدانانی عەجاج و عەجاجەکانی لەلا هەیە؟ ئایا بە ڤیدیۆ قسەکانی هەموو شایەتحاڵەکان ئەرشیف کراون؟ ئایا لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانەی هاوکاری ئەو تاوانە بوون کراوە؟
بۆ گەیشتنیش بە دادپەروەرییەکی عادیلانە تەنیا سزادانی چەند کەسێکی وەک عەجاج بەس نییە، بەڵکوو تێگەیشتنە لە تەواوی ئەو سیستەمەی کە لە پشت تاوانەکە بووە، ئەرشیفکردنیەتی بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ئەوڕۆکە کورد ڕووبەڕووی مەترسییەکی دیکە بوویتەوە کە جیاوازە لە مەترسی ئەو ئەنفالکردنەی دەوڵەتی عێراق بەبەرچاوی جیهانەوە بەبێدەنگی ڕوویدا. ئەویش لەناوچوونی بەڵگەکانی تاوانی ئەنفالـە لە ژێر حوکمڕانییەک کە کوردیشی تێدا بەشدارە، بێگومان هۆکاری سەرەکی ئەوەش، پشتگوێخستن، سیاسەتی بیرۆکراسی و یاریکردن بەکاتەوەیە.
ڕاستە، ئێستا کەس ناتوانێت ئەو پرسیارە بکات کە ئایا ئەنفال ڕوویداوە یان نا؟
بەڵام ڕەنگە ڕۆژەک دابێت ئەو پرسیارەش بکرێت، وەک ئەوەی ئێستا بەرامبەر هۆلۆکۆستی جووەکان گومان دروست دەکرێت، ئەوڕۆ وەڵامی پرسیارێکی دیکە بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە بیزانیین، ئەویش ئەوەیە، ئایا ئەوەندە بەڵگەی سەلماندنی جینۆسایدی ئەنفالـمان لەلا هەیە، بیانپارێزین، بۆئەوەی لەداهاتوو نەوەی بکەرانی ئەو تاوانە نەتوانن بیشێوێنن و ئینکاری بکەن، پاراستنی بەڵگە و ئەرشیفی ڕوودانی ئەنفال تەنها بۆ ئەوە نییە بڵێین ئەوە لە ڕابردوو ڕوویداوە، نەوەی بکەرانی پێ شەرمەزاربکرێن، بەڵکوو بۆ ئەوەیە کە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی جینۆسایدێکی دیکە لەلایەن نەوەی بکەرانیەوە بکات.
سەرەڕای ئەوەی ئەو هەموو خراپەیە بەرامبەر کورد کراوە، هێشتا نەتوانراوە کەرامەت و ئەخلاقی لێوەرگرنەوە. ئەوە گرنگە، بەڵام ئەو نۆڕماڵیەی کوردیش لە ئاستی ئەنفال سروشتی نییە، بەقەولی «نەژ دێل»ی هاوڕێم گوتەنی «ئەگەر لەگەڵ ئەوانەی جینۆسایدیان کردیین ئاوا هەڵسوکەوت بکەین، هەر پەنجا ساڵێک، جارەکی دیکە کورد ئەنفال دەکرێتەوە».


