سەردار قادر
ئەگەر لە ئەمڕۆدا بمانەوێ قسە لەسەر ئەدەبی ژینگەیی منداڵانی کورد بکەین، یاخود لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕی لەسەر بکەین، دەبێ ئاوڕێک لە مێژووی ئەدەبی منداڵان بدەینەوە، بزانین چیمان هەیە، هەروەها بزانین لە چ سەدەیەکدا دەستی پێ کردووە. ئەوەش بە تێگەیشتن لەو کەسانەی کە لە پێش ئێمەوە ڕۆڵی خۆیانیان تێدا بینیوە، بەم جۆرە دەتوانین دەستەبەری بکەین. لەبەر ئەوەی تێگەیشتن لە ئەنجامی چۆنایەتی، تێگەیشتنە لەو تێڕوانینانەی ئەوان لە پێش ئێمەدا چییان خوڵقاندووە. بەڵام بەداخەوە ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، دەبینین لە بنەڕەتدا ئەم ئەدەبە بناغەیەکی ڕەنگڕێژکراوی پتەوی بۆ نەکراوە، یاخود لەناو گەنجینەیەکی وادا دەقی نەگرتووە تا مێژوویەکی جوان بۆ خۆی بخوڵقێنێت. دیارە هۆکارەکەشی ئەوەیە لە ڕابردوودا میراتێکی هێندە مەزن و گوتارێکی ئەدەبی وایان بۆ جێنەهێشتووین تا کاریان لەسەر بکەین، بۆیە لەم بوارەدا ناتوانین بڵێین هەر هیچمان نییە، تەنانەت ئەوەشی کە هەمانە کاڵ و کرچن و ئەو هێزەیان نییە لە پلەی داهێنەرانەی نووسیندا بن.
چونکە دەقی نەمر و داهێنەرانە گەلێ دژوار و قورسە و ئەویش پرەنسیپ و مەرجی تایبەت بە خۆی هەیە. لە ڕاستیدا کەمتەرخەمی و پەراوێزخستنی ئەم ئەدەبە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە، نووسەر و شاعیرانی کورد تا ئێستا نەیانتوانیوە جەوهەری ئەم ژانرە وەک خۆی بدۆزنەوە، یاخود بەدوای دەقێکی زیندوو و نەمردا بگەڕێن و بپرسن دەقی ژینگەیی چییە، یاخود جەوهەری نووسین بۆ منداڵان چییە و چۆنە. بۆیە ئەدەبی ژینگەیی منداڵان بەپێی پێویست و وەک ئەوەی کە هەیە لە ئەدەبیاتی منداڵانی کوردا بەگشتی لە ئاستێکی جیهانیدا نییە. تەنانەت نەک منداڵانی خۆمان، بگرە منداڵانی گەلانی تریش دوور تا نزیک بەم ئەدەبە ئاشنا نین. وەک گوتم هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە تا ئێستا دەقێکی هێندە جوانمان نییە، کە لە توانایدا بێت ببێ بە جێگای سەرنجی خوێنەرانی منداڵانی ئێمەش و جیهان.
لێرەدا من مەبەستم ئەوە نییە لە سۆنگەی گرێی هەستما ئەدەبیاتی منداڵانی خۆمان بە کەم بنرخێنم، یاخود بە سادە و ساکار لە قەڵەمیان بدەم، هەرچی ئەدەبیاتی گەلانی تریشە بە شاکارێکی مەزن بزانم، بەڵکو لە ڕاستیدا تێکڕای ئەو دەقانەی کە بۆ ئەدەبی ژینگەیی نووسراون تەنیا لە فۆرمی نووسەرەکاندا وێنا کراوە، هیچ بایەخێکی ئەوتۆ بۆ منداڵان لەبەرچاو نەگیراوە؛ تەنیا ئەوەی کە هەیە جیهانێکی تایبەتە کە بۆ خۆیانیان دروست کردووە، بێ ئەوەی ڕەچاوی شێوازی بیرکردنەوە و فۆرمە تایبەتمەندییەکانی منداڵان بدۆزنەوە، یاخود ناوەڕۆکی سروشت و دەقی ژینگەیی بە شێوەیەکی خەیاڵی و جوان بە زمانی کوردی خرابێتە بەر دیدەی منداڵان و مێردمنداڵان. لەگەڵ ئەمەشدا قۆناغ بە قۆناغ تا ئێستاش دەستیان لەم شێوازە سواوە و لاساییکردنەوە هەڵنەگرتووە. چونکە شاعیران و نووسەران لە زۆربەی بەرهەمەکانیاندا دەرچوون لەناو میتۆدی ئەو ژانرەدا، بە جۆرێک شیعر یاخود چیرۆکیان نووسیوە هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە لەگەڵ دەقی گەورەساڵاندا.
لێرەدا بۆ پشتڕاستکردنەوەی وتەکانم تەنیا یەک چیرۆک بە نموونە دێنمەوە، نامەوێ لەوە زیاتر قسە لەسەر ئەوانی تر بکەم. وەک گوتم لەبەر ئەوەی زۆربەیان هاوشێوەن و لە یەک دەچن، یاخود دەڵێن مشتێک نموونەی خەروارێکە؛ ئەویش چیرۆکی “شاری هەنارەکان”ە کە لە لایەن خاتوو (ڕووبار بوداغی)یەوە نووسراوە، بە مەرجێک بوداغی خۆی یەکێکە لە ڕاوێژکار و کارناسی باڵای ئەدەبیاتی منداڵان و مێردمنداڵان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە قەولی خۆی لە کورتە چیرۆکی “شاری هەنارەکان”دا کە بە دیدی خۆی بۆ تەمەنی ئەلفوبێ نووسیویەتی، لە چیرۆکەکەیدا دەڵێ:
“کچە وردیلەیەک بوو کچە وردیلە. کچە وردیلە ماڵیان لە گوند بوو، گوندەکەیان قوتابخانەیەکی بچووکی هەبوو. هەموو هاوڕێکانی دەچوونە قوتابخانە جگە لەو. کچە وردیلە لەبەر نەداری و هەژاری نەیدەتوانی بخوێنێ. منداڵە هاوڕێکانی هەموو ڕۆژێ پێیان دەگوت: وەرە دەچینە قوتابخانە، بەڵام ئەو، پوڵی نەبوو کتێب و کیف و قەڵەم و دەفتەر بکڕێ و بچێتە قوتابخانە. کەچی هەموو ڕۆژێش چاوی لە هاوڕێکانی بوو، تا دەچوون بۆ خوێندن، زۆری بیری کردەوە چ بکا باشە لەوان دوا نەکەوێ”
سەرەتا پێش ئەوەی قسە لەسەر چیرۆکەکە بکەم، دەمەوێ بڵێم لە نێو ئەدەبیاتی منداڵاندا شتێک نییە بە ناوی چیرۆکی کورتەوە، چونکە چیرۆکی تایبەت بۆ منداڵ نووسراو خۆی کورتە، چونکە کورتە چیرۆک کاتێکی زۆر کەمی دەوێت بۆ خوێندنەوە. پاشان ئەگەر بێتو بە وردی سەرنج لەو دەقەی خاتوو ڕووبار بدەین، لە سەرەتای گێڕانەوەکەیدا باس لە کچێکی هەژار دەکات کە لەبەر هەژاری ناتوانێ بچێت بۆ قوتابخانە. لێرەدا دەبینین کارەکتەر ڕەگەزێکی دیار و گرنگی نێو پانتایی ئەم چیرۆکەیە.
هەروەها کچە وردیلە توخمێکی سەرەکییە و ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیه لە بنیاتنانی ئەم چیرۆکەدا. بەڵام لە کاتێکدا خاتوو ڕووبار باش دەزانێ سەرتاپای جیهانی منداڵیی پڕە لە پاکی و جوانی و بێنازی، خاڵییە لە هەموو تاڵییەکانی ژیان، نە خەمی هەژاری دەخوا و نە خەمی بێپارهیی. وەک دەڵێن منداڵ بکە بە سەرە نێزەوە هێشتا پێدەکەنێ، ئیتر دەبێ تاوانی کچە وردیلە چی بێ تا بکرێت بە قوربانیی یەک دونیا خەمی گەورە؟ هەر لە بێپارهیییەوە، تا دەگاتە کتێب و قەڵەم و دەفتەر و قوتابخانە. پاشان بوداغی بەردەوام دەبێ لە گێڕانەوەکەیدا و دەڵێ:
“ئەرێێێێێ، لەمێژ بوو شتێکی دیش ئازاری دەدا، جگە لەوەی نەیدەتوانی بچێتە خوێندن، زبڵ و زاڵی کۆڵانی گوندەکەیان وەڕسی کردبوو. هەموو ڕۆژێ دەچووە کانییەکی بەر ماڵان، کە دارێکی لە پەنا بوو و لە بن سێبەری دادەنیشت. لەگەڵ کانییەکە و دارەکەش بووبووە هاوڕێ. چۆلەکەیەکیش لەسەر دارەکە هێلانەی هەبوو. ڕۆژانە گوێی لە کچە وردیلە بوو، کە دەیویست پلانێک دانێ بۆ خاوێن ڕاگرتنی گوندەکەیان. کچە وردیلە زۆری بیر کردەوە و لەبەرەخۆیەوە گوتی: واباشە لە دەرکی هەر ماڵێک تەنەکەی زبڵی لێ دانێم، تاکوو بە وڵاتدا بڵاو نەبێتەوە. چۆلەکە بە کچە وردیلەی گوت: من یارمەتیت دەدەم زبڵی کۆڵانەکان هەموو کۆکەینەوە. کچە وردیلە زۆر دڵخۆش بوو بەو قسەیە و سوپاسی کرد و گوتی: جا تۆ چۆن یارمەتیم دەدەی؟ چۆلەکە گوتی: تۆ مەهێڵە هاوڕێکانت بەردم تێ بگرن، دانانی سەتڵەکان لەسەر من. کچە وردیلە گوتی: جگە لە سەتڵ، گوڵدان یان ڕیشە دارێکیش لەبەر دەرکی هەموو ماڵەکان دەدەین.
لە ڕاستیدا کێشەکە ئا لێرەوە دەست پێ دەکات. یەکێک لەو نەریتە خراپانەی کە بەردەوام گەورەساڵان کردوویانە بە پیشەی خۆیان، ئەویش ئەوەیە؛ بەردەوام چاوەڕوانی دەستی منداڵن، واتە منداڵ وەک کەسێکی گەورە دەبینین، نایانەوێ منداڵ چۆن بێت و کاردانەوە و قسە و ڕەفتاری خۆی چۆن بێت. بە بڕوای من ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، ئەگەر منداڵ وەک گەورەیەکی بچکۆلە ببینین، یاخود ئەگەر چاوەڕوانی ئەوەمان هەبێ لە منداڵ، وەک گەورەیەک ژیر بێت و مامەڵەمان لەگەڵدا بکات. وەک دەبینین کچە وردیلە منداڵێکی بچووکە، کە هیچ جۆره فام و تێگەیشتنێکی نییە لە هەمبەر دڵسۆزی بۆ ژینگەی گوندەکەیان. لە ڕاستیدا ئەمە چەمکێکی نامۆیە، کە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە بۆ منداڵان، لە کاتێکدا وەک پێویست دەبێ گەورەکان ژینگەیەکی تەندروست بۆ منداڵان دروست بکەن، نەک ئەو منداڵە بکەین بە کارەکتەر کە بۆنی شیری خاو لە دەمی دێ و هیچ ئاوەزێکی نییە، تا بیکەن بە خەمخۆرێکی ژینگەپارێز و دڵسۆز.
پاشان دەڵێ کچە وردیلە هەموو ڕۆژێ کردبووی بە پیشە، ڕۆژانە دەچوو بۆ ژێر سێبەری دارێک کە لە بەردەم کانییەکەی بەردەم ماڵدا ڕوابوو، بە جۆرێک وای لێ هاتبوو، بووبوو بە هاوڕێیان. لەوێ لەسەر دارەکە چۆلەکەیەک هێلانەی کردبوو، ڕۆژانە گوێی لە دەردەدڵەکانی کچە وردیلە دەبێ کە چۆن پلان دادەنێ بۆ پاککردنەوەی گوندەکەیان. پاشان چۆلەکەکە دێتە قسە و بە کچە وردیلە دەڵێ خەم مەخۆ منیش ئامادهم یارمەتیت بدەم. کچە بەم قسانەی چۆلەکەکە زۆر دڵخۆش دەبێ و لە وەڵامدا دەڵێ جا تۆ چۆن دەتوانی یارمەتیم بدەی؟ پاشان سوپاسی دەکات. بەڵام چۆلەکەکە دەڵێ: دەتوانم بەڵام منیش مەرجم هەیە. لە ڕاستیدا بوداغی لە نێوان ئاخاوتنی خۆی و چۆلەکەکەدا نەیانتوانیوە بە درێژی باس لەو پلانە بکەن و چۆن بەرنامە داڕێژن تا کار بکەن بۆ خاوێنکردنەوەی گوندەکە. لە کاتێکدا چۆلەکەکەش مەرجی هەیە لەگەڵ کچە وردیلەدا، مەرجەکەش ئەوەیە نەیەڵێت منداڵانی گوندەکە بەردی تێ بگرن. دیار نییە ئاخۆ کچە وردیلە بەو مەرجە ڕازییە یاخود نا، بۆیە بازدانێکی خێرا دەبینین لەو گێڕانەوەیەدا. پاشان بوداغی لە درێژەی چیرۆکەکەیدا دەڵێ:
“بەڵێ، کچە وردیلە بەو کارەی خۆیان زۆر دڵخۆش بوو. ئێوارێ کە چۆوە ماڵێ، بۆ دایک و باوکی گێڕایەوە، کە دەیهەوێ چ بکا. دایک و بابی زۆر دڵخۆش بوون بەو کارەی کچەکەیان، بەڵام هێندێک نیگەران، لەوەی کە چۆن بتوانێ لە کارەکەی سەرکەوێ. کچە وردیلە سبەینێ منداڵە هاوڕێکانی هەموو کۆکردەوە و بۆی باس کردن کە خەریکی چییە و داوای یارمەتی لێ کردن. ئەوان لە ڕۆژێکدا لە دەرکی هەر ماڵێک سەتڵێکیان دانا و دارێکی هەناریان لێ چەقاند. خەڵکی گوندەکە سەریان سوڕما لەو کارە و زۆریان پێ خۆش بوو، بەڵام کە زانییان ئەوە کاری کچە وردیلەیە، خەڵاتی خوێندنیان کرد و موعەلیمی گوندەکەش بڕیاریدا خوێندنی کچە وردیلە لە ئەستۆی وی بێ. کچە وردیلە لەگەڵ هاوڕێکانی کەوت و خوێندی، تاکو لەگەڵ هاوڕێکانی هەر یەک بوونە کەسایەتییەکی گەورە. کچە وردیلەش بوو بە دکتۆری منداڵان و ئیتر دارە هەنارەکانیش هاتنە بەر و گوندەکەیان گەورە بووەوە و ناویان نا شاری هەنارەکان.”
ئەوەی لەم نووسینەدا زیاتر مەبەستمە، کردەی ئاماژەدانە بە میتۆدێکی ڕەخنەیی دیاریکراو لەنێو توێژینەوەیەکی ڕەخنەییدا بەتایبەت ئەدەبی ژینگەیی منداڵان، تا ڕەنگێکی تر بەبەر خۆیدا بکات.
بوداغی لە کۆتاییی چیرۆکەکەدا گەرچی زۆر خۆی ماندوو کردووە بە چنینی وشەوە، خۆزگە تەنیا خەریکی گێڕانەوەی دارناشتن بووایە بە هەرەوەزی منداڵانی ناو گوندەکە. ئەمە جگە لەوەی کچە وردیلە کارەکتەرێکی ژینگەپارێزە، هێشتا بەوەشەوە نەوەستاوە، تەنانەت هاوڕێکانی کچە وردیلەشی کردووە بە ژینگەپارێز. لە ڕاستیدا چیرۆکی سەرکەوتوو ئەوەیە بابەتێکی گرنگ و وروژێنەر بێ، بە تەکنیکێکی بەهێز و خەیاڵێکی جوان، کارەکتەرەکانی ئازاد بن، هەروەها بە زمانێکی سادە و ساکار نووسرابێ. بەڵام لەم چیرۆکەدا لە ڕووی زمانەوە گەرچی سانا و ساکارە، بەڵام لە زۆر ڕووەوە ناڕەوانی زمان و کێشەی ڕێنووسی پێوە دیار بوو. زۆر کێشەی تریش بەڕوونی هەستی پێ دەکرێ، بە نموونە شوێن لە چیرۆکەکەدا گوندێکە.. بەڵام یەکسەر دەبێ بە شاری هەنارەکان، کە دەبوو گوندی هەنارەکان بێت نەک شاری هەنارەکان.
لە کۆتاییدا ئەگەر بمانەوێ توێژینەوە یاخود لێکۆڵینەوە بۆ هەر بەرهەمێک بکەین، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەیان و سەدان نموونەی خراپمان بەرچاو دەکەوێ. لێرە هەموو شتێکم لەم نووسینەدا بە ڕاشکاوی خستووەتە بەر دیدەی خوێنەران، ئیتر ئەوان خۆیان سەرپشکن چۆن بڕیار دەدەن.
کاریگەریی خوێندنەوەی چیرۆک لە فراوانکردنی بیری منداڵاندا:
ئەلبێرت ئەنیشتاین دەڵێ: “گەر دەتەوێ منداڵەکەت زیرەک بێ، چیرۆکی خەیاڵی بۆ بخوێنەوە، گەر دەتەوێ زیرەکتر بێ، چیرۆکی خەیاڵی زیاتری بۆ بخوێنەوە..”
نەک ئەنیشتاین، زۆربەی لێکۆڵەرەوەکانی جیهان کۆکن لەسەر ئەوەی کە چیرۆکی خەیاڵی و ئەفسانەکان، جگە لە چێژ و خۆشی، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە ڕۆشنبیرکردنی منداڵاندا؛ فێریان دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەردەوام هەوڵ بدەن و تێکۆشن و فێری کۆڵنەدان بن. هەروەها فێریان دەکات چۆن مامەڵە و ڕەفتار بکەن لەگەڵ هەلومەرجە ترسناکەکاندا و ڕووبەڕووببنەوە لەگەڵ گشت مەترسییەکانی ژیاندا.
منیش دەڵێم ڕاستە چیرۆکە خەیاڵی و ئەفسانەکان سوود و گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ منداڵان و هیوایان پێ دەبەخشێ، بەڵام لە هەر هەموویان سەرنجڕاکێشتر دەقی ژینگەیە، چونکە توانایەکی ئێجگار تایبەتی هەیە کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر منداڵ و مێردمنداڵان هەبێ بەرەو تێگەیشتنێکی قووڵتر بیانبات. ئەدەبی ژینگەیی منداڵان یەکێکە لە گرنگترین ژانرەکانی منداڵ و مێردمنداڵان، خاوەن ناوەڕۆکێکی واتادار و چێژبەخشە، لە هەمان کاتدا هەڵگری چەندین پەند و پەیامە بۆ وشیاربوونەوە و بەرچاوڕوونی بۆ منداڵان. تاکە مەرجێکیش بۆ سوود لێوەرگرتن لەم ئەدەبە، ئاژەڵدۆستی و ژینگەدۆستییە و هیچ پەیامێکی تری لە خۆ نەگرتووە. هەردوو پەیامەکەش سوودێکی ئێجگار زۆریان هەیە بۆ پەروەردەکردنی منداڵان، چونکە منداڵ ناتوانێ گوێ لە ئامۆژگاری بگرێت، بەڵام لە ڕێگەی چیرۆک و ڕۆمانەوە دەتوانین بیخەینە ناو دڵ و دەروونیانەوە، چونکە ئاسانترین ڕێگایە بۆ ڕەوشت و بەرزیی ڕەفتاری تەندروست. ڕاست و دروست، تەنیا بژاردە بۆ ئەم ئەدەبە تەنیا چیرۆکە.
باشتر وایە ئەو چیرۆکانە بن کە تا ئێستا نەبیسترابن تاکوو ئامانجی داهێنەرانە لە لای منداڵان دروست بکات، بەتایبەتی منداڵانی بنەڕەتی هەر لە پۆلی یەکەوە تا سێ یەکێکە لە باشترین پرۆسەی دروستبوون. جگە لەوەش وەک ئەزموون، دایک و باوک و مامۆستاکانیش دەتوانن بە شێوەیەکی باش سوودی لێ وەربگرن. بە بۆچوونی من دەقی ژینگەیی باشترین و جوانترین وانەیە بۆ منداڵ، چونکە یەکێکە لە هەرە کارە گرنگەکان بۆ فێربوون و گەشەکردنی مێشک، زیاتریش خەیاڵی منداڵی فراوانتر دەکات، ژیانی پڕ دەکات لە بزە و پێکەنین، لە ڕووناکیی نەبڕاوە، لە پاکیی و خۆشەویستی. بەردەوام منداڵ دەباتە بەردەم گەردوونێک وشەی جوان و لە نێو واتا و مانای قووڵدا دەیبا و دەیهێنێ، بە جۆرێک وای لێ دەکات لێنەگەڕێ حەقیقەت لە یەک دەلاقەوە ببینێ، وە نایەڵێت خۆی بداتە دەست ڕەشەبای ئەفسانە و نەزانینەوە.
لە زۆر ڕووەوە هەستی منداڵ دەتەنێ بە سۆز و لێبوردەیی و چێژی میلۆدیی و مۆسیقا و گۆرانیی و جیهانێک گەشتی ئەفسوناوی پێ ئەزموون دەکات. بۆیە لە کاتی خوێندنەوەی هەر چیرۆکێکی ئەدەبیی داهێنەرانەدا، منداڵ ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ ناو خودی خۆی و پاشان بە کۆمەڵێک کەرەستەی نەزانراوەوە پرسیار لە سەرەتاکانی دروستبوونی خۆی دەکات، پرسیار لەوە دەکات بۆ ژیان خەریکە بە خێرایی منداڵیی لێ دەسێنێتەوە و ناهێڵێ فریای ئەوە بکەوێت کەمێک تامی ژیانێکی پڕ لە سەرکێشی بە خۆیەوە بکات، تا لە ناویدا تێرتێر ڕاز و نیازەکانی خۆی بدرکێنێ، وە بەدەم پێکەنینەوە ئاوێزان بێ بە گشت خەون و ئاواتەکانی خۆیەوە لەم گەردوونەدا.
کەواتە گرنگیی دەقی ئەدەبی منداڵان لەوەدایە خەیاڵ و واقیع ئاوێتەی یەکتری دەبن و ناهێڵێت هیچ تارمایییەکی قورس و تاریک بەسەر ئەم یاخود ئەوی تریانەوە بێت. دەق یاخود چیرۆکی منداڵان واتا: چێژ، مۆسیقا، ئیستاتیکا، سیحری زمان و تارمایی فەنتازیا. ئەمانە هەمووی تێکڕا دەکات بە بەشێک لە بەسەرهات و گێڕانەوە.
منداڵ بە هیوایەکی زۆرەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو جەستەی دەق و ئەو گێڕانەوە ئەدەبییەی کە بە دەوری حیکایەتی کارەکتەری سەرەکیدا بەردەوام دەسوڕێتەوە، دەتوانێ کارەکتەر لە کاراکتەرێکی واقیعییەوە بگۆڕێت بە کاراکتەرێکی ئەفسانەیی.
هەروەها نووسەر و لێکۆڵەری ئەدەبی منداڵانی کوردستان، مامۆستا ئارش میهرەبان لە زۆربەی بەرهەمەکانیدا تیشک دەخاتە سەر ژینگە و فێرکردنی منداڵان تەنیا لە ڕێگای چیرۆکەوە بێ. ئەو دەڵێ چیرۆک یەکێکە لە جوانترین و بەهێزترین دەروازە بۆ بوژانەوەی ژینگە و ژیان. باشتر وایە لە ڕێگەی چیرۆکی خەیاڵییەوە لە نێو ئەدەبی منداڵانەوە دەست پێ بکەین، بەتایبەت ئەو چیرۆکانەی کە بۆ منداڵان نووسراون؛ ئەویش بە تێکەڵکردنی پەیامی زیندوویی ژینگەیی و چیرۆکی نایابەوە تا ببێتە گێڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێش و سەرگەرمی بۆ منداڵان بهێڵێتەوە. ئەو دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە دەڵێ تەنیا لە ڕێگای چیرۆکی ژینگەییەوە دەتوانین نەوەیەک پەروەردە بکەین کە بە هێز و توانایانەوە بایەخ بە هەسارەی زەوی و ئەو نیشتمانەی کە تێیدا دەژی بدات و وەک بیلبیلەی چاوی خۆشی بوێت و بە دڵ و بە گیان پابەند بێت بە پاراستنیەوە.
هەروەها دەڵێ دەبێ پاراستنی ژینگە لای منداڵان ببێت بە گەورەترین خەمی قووڵ، بە جۆرێک لەگەڵ سروشتدا تێکەڵ بێ؛ ببێ بە هاوڕێی دار و دارستان و دەریاچە و گشت ئاژەڵە کێوییەکان تا دەگاتە باخچەیەکی بچکۆلانەی سروشتییانە خۆشی بوێت، بەمەش بەردەوام کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر منداڵان دەبێ. ئەو لە درێژەی باسەکەیدا هانی نووسەرانی بەتوانای ئەو چەمکە دەدات بە دروستکردنی چیرۆکە خەیاڵییەکان، ئەم ئەدەبە ببەنە پێشەوە. ئەو دەڵێ بە منداڵەکانتان بڵێن سروشت تەنیا باکگراوندێک نییە، بەڵکو کارەکتەرێکە لە خۆیدا. شەڕکردن لەگەڵ سروشت و ژینگەدا کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بە کردارەکانی مرۆڤ. لە کۆتاییدا دەڵێت: بۆ نووسەرێکی خەمخۆر ئەمە پاڵنەرێکی گرنگە، چۆن ڕەخنەی ژینگەیی دەخەیتە ناو کتێبی منداڵەکانتانەوە، هەروەها بۆچی بە گرنگی دەزانیت؟
دەقی زیندوو لە نێو ئەدەبی منداڵاندا:
ڕەنگە قسەکردن لەسەر دەقی نەمر و زیندوو لە نێو ئەدەبی منداڵاندا لە ئێستادا هێندەی باران بۆ زەوی پێویست بێ قسەی لەسەر بکەین، بۆ ئەوەی زیاتر فەزای وتار و توێژینەوەکانمان لەسەر ئەم بوارە پێ بەرجەستە و دەوڵەمەندتر و ڕازاوەتر بکەین تاکو ئێمەش وەک گەلانی تر ببین بە خاوەن ئەدەبێکی ڕاستەقینەی بەپێز و دەوڵەمەند لە ئەدەبی ژینگەیی منداڵاندا. لە ڕاستیدا بە درێژایی مێژوو بەتایبەت لە نێو ئەدەبی منداڵاندا، هەمیشە دەقێک بە سەرکەوتوویی و نەمریی دەمێنێتەوە کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی قووڵی لەسەر مێشکی منداڵ و مێردمنداڵان هەبێ. بەم ڕێگایەش لە خەیاڵیاندا دەبێت بە ئەرشیڤێکی جوان و بیرەوەرییەکی لە یاد نەچوو، چونکە دەقی بەپێز و بەچێژ زیاتر دەچێتە ناو ناخی منداڵانەوە.
دەق یاخود نووسین و هەر بیرکردنەوەیەکی جوان، ئەگەر توانایەکی ئێجگار تایبەتییان نەبێ کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر منداڵان هەبێ، یاخود لە ڕێگەی ئەو دەقەوە منداڵی نەبرد بەرەو تێگەیشتنێکی قووڵتر، فێری ئاژەڵدۆستی و ژینگەدۆستی نەکردن و لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕەنگی نەدایەوە، دیارە ئەو دەقە هیچ سوودێکی نییە و دەبێتە دەقێکی مردوو. کاتێک شیعرێک، چیرۆکێک، ڕۆمانێک…. هتد، دەبێتە بەشێک لە بیرەوەریمان، چەندین دەقی مەزن و سەرکەوتوومان دێنێتەوە یاد؛ ئەوانیش وەک کورتە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی ئیزۆپی یۆنانی، کەلیلە و دیمنە لە نووسینی فەیلەسووفی هیندی بەیدەبا، (ماسییە ڕەشە بچکۆلەکە) لە نووسینی سەمەدی بێهڕەنگی.
(قورینگ) لە نووسینی هانز کریستیان ئەندەرسن، چیرۆکی مەزنی هەزار و یەک شەوە. ئەمانە و چەندین دەق و کتێبی تریش هەن کە دەسەلمێنن دەقی باش و نەمرن، جا چ شیعر بێ یاخود چیرۆک و ڕۆمان و هتد…، توانیویانە مێشکی منداڵ و مێردمنداڵان بە گەرمی سەرقاڵ بکەن بە خۆیانەوە. زۆرجار هەر یەک لە ئێمە ڕۆژانە لە کتێبخانەکان چاومان بە کتێبی تازە و جیاواز دەکەوێت؛ بۆ هەندێکمان دەبێت بە بەشێک لە بیرەوەریی یاخود دەیکەین بە بەشێکی زیندووی تەمەنمان، هەندێکیشمان زۆر بە زوویی وەری دەگرین و هەر زووش لە بیرمان دەچێتەوە. هەندێکیشمان لەو بڕوایەدان کە دەق و نووسینەکان گرنگییان لەوەدایە ڕێک لەو ئان و ساتەدا چێژ و خۆشیمان پێ ببەخشن، ئیتر گرنگ نییە چەند لە بیرەوەرییاندا دەمێنێتەوە. ئەوانەشی کە سەرسام دەبن بە ناوی کتێبێک یاخود ڕۆمانێکی باش، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخەن کە ناونیشانی ئەو کتێبە بووە بە بەشێک لە ڕۆحیان و لە هەمان کاتدا بووەتە بەشێک لە بیرەوەریی تەمەنیان، هەر بۆیە ئەو جۆش و خرۆشە لە بونیادیاندا دروست دەکەن تا ببنە خوێنەرێکی ڕاستەقینەی گشت دەقە بەهێز و نەمرەکان.
ئەو نووسەرانەش بە درێژایی تەمەنیان ئەو دەقە نەمرانەیان خوڵقاندووە، بوون بە جوانترین سیمبۆلی نێو نووسین و بەرهەمەکانیان.
لەگەڵ ئەمەشدا گەردوونێک جوانییان پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە، بە ڕاستی ئەوان بوونەتە بەشێک لە عەشق و جوانیی پێنووس و هەڵگری زۆرترین لە بیرەوەرییەکانیان. جاری واش هەیە هەر یەکێ لەو دەقە نەمرانەش دەبنە زیندووکەرەوەی ژیانمان، هەر بۆیە من وەکو خۆم کاتێک دەبم بە خوێنەری دەقێکی مەزن، هەموو گیانم دەبێتە چاو و بە بێدەنگیی لە سوچێکدا دەست دەکەم بە خوێندنەوە؛ ناوەبەناویش بە پەیامەکانی ناو ئەو دەقە سەرنجڕاکێشە هێندە سەرسام دەبم، چەند جارێک لەبەر خۆمەوە دەیڵێمەوە و لەگەڵ دووبارە وتنەوەیدا بە سەرسوڕمانەوە سەرێک بادەدەم بۆ ئەو هەموو جوانییە. هەر بۆیە چەند خۆشحاڵم کە چاوم بە بەرهەمی نووسەرە جواننووسەکان دەکەوێت، هێندەش خۆشحاڵم کە ژمارەیەکی زۆر لە چیرۆک و ڕۆمانە زیندووەکان بوونەتە بەشێکی گرنگی تەمەن و ژیانم.
بۆیە دەقی مەزن بە نەمریی دەمێنێتەوە چونکە سەدان مانای جیاواز لە نێوخۆیدا هەڵدەگرێت، بەردەوام لە لایەن خوێنەری هۆشیارەوە مانا و فیکری نوێی تێدا دەدۆزرێتەوە. کەواتە دەق ئەگەر بە یەک مانا خۆی بەدەستەوە دا، بە دڵنیاییەوە لەگەڵ یەکەم خوێندنەوەدا تەمەنی کۆتایی دێت. بەڵام دەق ئەگەر لە ناوەڕۆکدا قووڵ و پڕ مانا بوو، بۆ ماوەیەک بە نەمریی و بەهێزی دەمێنێتەوە. وەک چۆن ڕۆمانە مەزنەکان هەڵگری سەدان لۆژیکی جیاوازن، بە هەمان شێوە دەقە زیندووەکانیش هەڵگری سەدان پەیامی جوان و ئیلهامبەخشن؛ ئەوانیش هەر یەکەی و بۆ خۆیان خوێندنەوەی جیاواز لە خۆ دەگرن.
دەقی ژینگەیی لە نێوان ئەدەبی کورد و ڕۆژئاوادا:
ئەگەر لە ئەدەبیاتی ڕۆژئاوادا، بەتایبەت ئەدەبی سویدی بمانەوێت لە بارەی خانمی چیرۆکنووس (سیلما لاگرلۆڤ)ـەوە بدوێین، ئەوە دەبێت لە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکەی (نێڵز)ـەوە (Selma Lagerlöf) دەست پێ بکەین. ئەگەر بێت و بە وردی لێی بکۆڵینەوە، ئەو کاتە دەتوانین بڵێین (سیلما لاگرلۆڤ) لە نێو ئەدەبی ڕۆژئاواییدا جێگەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە، چونکە بە ڕاستی شۆڕشێکی گەورەی لە ئەدەبیاتی منداڵانی ڕۆژئاوادا کردووە و لەگەڵ ئەمەشدا بە تەواوی ڕێڕەوەکەی گۆڕیوە. ئەو هات زۆر بە جوانی ئەدەبی ژینگەیی داڕشت. گرنگترین تایبەتمەندیی چیرۆکەکەی (سیلما) لەمەدایە ڕچەشکێن بوو، بەتایبەت بۆ نووسەرانی تریش تا بتوانن زیاتر داهێنان بکەن بۆ ئەدەبیات؛ بەتایبەتی چیرۆکی منداڵان لەو چەقبەستووییە ڕزگار بکەن کە لەو سەردەمەدا تێیکەوتبوون.
هەر بۆیە دەبینین (سیلما) کاریگەرییەکی تەواوی هەیە بەسەر نووسەران و چیرۆکنووسانی ئێستاشەوە؛ کاریگەرییەک کە نیشانەی ئەوە بوو دەقی ڕۆژئاوایی تێڕوانینە کلاسیکییەکەی تێپەڕاند و هانی دان گرنگیی داهێنان و نوێبوونەوە جوانتر درک پێ بکەن. هەر بۆیە چیرۆکی سەرکێشییەکانی (نێڵز) توانایەکی باشی داوە بە نووسەرانی تر بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بە ئازادانە تێڕوانینە نوێیەکانی خۆیان نیشان بدەن. بەڵام بە پێچەوانەی ڕۆژئاواوە، بەتایبەت وڵاتی (سوید)، لە دوای سەدەیەک ئەدەبی ژینگەیی لە باشووری کوردستان هیچ جۆرە کارێکی زانستی و خەیاڵی بۆ ئەم ژانرە نەکراوە لەسەر ئەدەبی منداڵان. بەتایبەت سیستەمی ڕۆشنبیریی لە کوردستانی باشووردا لە پڕۆگرامی خوێندندا چاوی لە سیستەمی سویدی کردووە، کەچی بە پێچەوانەوە نەیتوانیوە تا ئەم ئان و ساتەش گرێکوێرەی ئەدەبی ژینگەیی بە ڕووی منداڵ و مێردمنداڵاندا بکاتەوە تا بە شێوەیەکی نەخشەبۆکێشراو بیگەیەنن بە ناوەندەکانی خوێندن و بەم کارەش منداڵان نەیانتوانیوە سوودێکی باش لە ئەم ئەزموونە ببینن کە کەسایەتیی منداڵ تیایاندا گەشە بکات. ئەوەشی کە لێرە و لەوێ هەیە هیچ بنەمایەکی دروستی نییە و ئەو دەقانەشی کە شاعیران و نووسەران دەینووسن لە سەدا نەوەدی لاوازن و ناکرێت وەکو ئەدەبیاتی منداڵان لێی بڕوانین.
بیرۆکەی لەدایکبوونی چیرۆکی نێڵز:
بێگومان لە چیرۆکی (نێڵز) دا تەوەری ژینگەیی زۆر بە جوانی دیارە. ئەم چیرۆکە دەقێکی داڕێژراوەیی چیرۆکێکی خەیاڵیی سویدییە کە تێیدا هەموو کارەکتەرەکانی پەیوەندییان بە سروشتەوە هەیە و سەرەتا و ناوەڕۆکی چیرۆکەکەش لە ژینگەیەکی سروشتیی وڵاتی سویددا دروست بووە. لەم چیرۆکەدا بۆمان دەردەکەوێت (سیلما) وەک یەکەمین ژنی سویدی بە پێنووسەکەی دەستی ڕووناکییەکی زۆری خستۆتە سەر تا سەر و بیری گشت منداڵانی سوید و تەنانەت بەشێکیش لە جیهان. لە ڕاستیدا چیرۆکی نێڵز هەروا بە ئاسانی و لە خۆیەوە لەدایک نەبووە یاخود ڕێکەوتێکی گەردوونی نەبووە، بەڵکو بیرۆکەی ئەم دەقە نەمر و زیندووە دەگەڕێتەوە بۆ وشکیی و بێچێژیی بابەت و وانەکانی کتێبی مێژوو و جوگرافیای وڵاتی سویدەوە بە جۆرێک کە منداڵانی سوید پێی بێزار و بێتاقەت بوون.
بۆیە وەزارەتی پەروەردەی سویدیی ئەوسا، لە دوای چەندین توێژینەوە و ڕاپرسی و بەدواداچوون، دەگەنە ئەو ئەنجامەی بێزاری و کەوتنی قوتابیان دەگەڕێننەوە بۆ وشکیی بابەتەکان، ئەویش لە وانەکانی جوگرافیادا. ئەم ڕووداوەش بە کارەساتێکی گەورە لە قەڵەم دەدرێت لەو سەردەمەدا.
بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخەش دێن و ئەو ئەرکە گرانە بە خاتوو (سیلما لاگرلۆڤ) دەسپێرن و داوای لێ دەکەن سەرلەنوێ کتێبی جوگرافیا بە شێوەیەکی جوانتر دابڕێژێتەوە. سیلما دێت و بە پشوویەکی دوور و درێژەوە لە ساڵی (١٩٠١) دەست بە نووسینی چیرۆکەکەی دەکات؛ بە درێژایی هەر چوار وەرزەکە گەشت بۆ تەواوی ناوچەکانی وڵاتی سوید دەکات. ئەم گەشتانەش ماوەی (٦) ساڵی تەواو دەخایەنێت و پاشان لە ساڵی (١٩٠٦) کتێبەکەی پێشکەش بە وەزارەتی پەروەردە دەکات. لە ڕێگای چیرۆکی نێڵزەوە کتێبی جوگرافیای سوید تەواوی کەشوهەوا و شوێنە گرنگەکانی وڵات بە گشت خوێندکارانی منداڵان ئاشنا دەکات. بەمەش توانیویەتی لە ڕێگەی گێڕانەوەکەی خۆیەوە نەک تەنیا منداڵان، بەڵکو تەواوی گەورەکانی جیهانیشی بەو چیرۆکە سەرنجڕاکێشەوە ئاشنا کردووە. ئەگەر هەر یەکێ لە منداڵی ئێمەش و جیهان تا ئێستا ئەم چیرۆکەی نەخوێندبێتەوە یاخود نەیبینیبێ، ئەوا بە دڵنیاییەوە لە ڕێگەی شاشەی تیڤییەکانەوە فیلم کارتۆنی (نێڵز)ی بینیوە کە ئەویش لە (٥٢) زنجیرەی کارتۆنی پێک هاتووە. چیرۆکی نێڵز (هۆڵکەر سونس) و گەشتەکەی بە تەواوی بە زمانی سویدی نووسیوە کە دوای ئەوە نەک تەنیا منداڵ بەڵکو تەواوی جیهان بەم چیرۆکە ئاشنا بووە و لەگەڵ ئەمەشدا بۆ ١٢ زمانی زیندووی جیهانی وەرگێڕدراوە.
کورتەیەک لە چیرۆکی نێڵز:
چیرۆکی (نێڵز) باس لە گەشتی منداڵێکی هاروهاج دەکات. بۆیە لەم چیرۆکەدا منداڵێک بە ناوی نێڵز کە بەردەوام ئازاری ئاژەڵ و باڵندەکانی دەدا؛ ئەگەرچی نێڵز لە جەستەدا مرۆڤێکی تەواو بوو لە بەژن و باڵادا، بەڵام جادوویەک لاشەی بچووک دەکاتەوە و پاشان قازێک بە ناوی (مۆرتۆن) دەیخاتە سەر پشتی خۆی و گەرمیان و کوێستانی پێ دەکات و تەواوی ناوچەکان و ژیانی خەڵکی پێ دەناسێنێت. پاشان بەم ڕووداوەش لە تەواوی زمانی ئاژەڵ و گشت باڵندەکان تێدەگات… بۆیە بە ناچاری نێڵز دەبێت بە هاوەڵی “مۆرتۆن”. پاشان “نێڵز” لەگەڵ سیرباڵۆزی کێوی و مۆرتۆن دەست دەکەن بە کۆچ لە ناو هەمان جوگرافیای وڵاتی سویددا. لە وەرزی هاویندا دەچنە کوێستانەکانی وڵات و لە وەرزی زستاندا دەچنە گەرمیان؛ لە کاتی هەموو کۆچێکدا بە گشت ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا تێدەپەڕن و بەگوێرەی کەشوهەوا درێژە بە گشت گەشتەکانیان دەدەن.
لە ڕاستیدا ئیلهامبەخشی (سیلما) بۆ نووسینی چیرۆکی نێڵز، وشکیی کتێبی جوگرافیا بوو. هەر ئەمەش بوو کە بوو بە گەورەترین خەمی قووڵی، بۆیە کارێکی وای کرد شاکارێکی گەورە بۆ جیهانی نەوەکانی داهاتوو بەجێ بهێڵێت و دەمەودەم شانازیی پێوە بکەن. سیلما لە دوای تەمەنی پەنجا ساڵییەوە ژینگەی وڵاتەکەی بەسەر کردەوە و دەستی کرد بە گەشتکردن ئەویش لە پێناو نەوەکانی داهاتوودا؛ بۆیە بەو تەمەنەوە لەگەڵ سروشتدا ئاوێتە بوو و ژیان و تەمەنی گەورەیی خۆی لە کەنار دەریا و ڕووبار و سروشتدا بەسەر برد. تاوێک دەبوو بە هاوەڵی باخ و دارستان و تاوێک دەبوو بە هاوڕێی دەریاچە و ئاژەڵە کێوییەکان؛ سەرلەنوێ گەڕایەوە بۆ ناو جیهانی فەنتازیی منداڵی. بۆی دەرکەوت یەکێک لە بەهێزترین ڕێگاکانی هاوسۆزیی و پشتیوانیکردنی ژینگە، دەبێت لە ڕێگەی چیرۆکی خەیاڵی و ئەدەبی منداڵانەوە بێت. بۆیە چیرۆکی نێڵزی تێکەڵ کرد بە جوانترین پەیامی ژینگەیی و لە چەند دێڕێکدا دەڵێت (هەر ئاسمان و چیاکان و زەریاکان بە تەنیا موڵکی مرۆڤەکان نین، بەڵکو بە هەمان شێوە موڵکی باڵندەکان و ڕووەکەکان و ئاژەڵەکان و هەموو زیندەوەرەکانی تریشن).
بەمەش توانی نەوەیەک پەروەردە بکات، نەک تەنیا گرنگی بە سروشت و ژینگەی خۆیان بدەن، بەڵکو کاریگەریی گەورەشی کردە سەر بەشێک لە منداڵان و مێردمنداڵان و تەنانەت گەورەکانیش لە جیهاندا تا لە هەر ژینگەیەکدا بژین گرنگی بە هەسارەی زەوی بدەن و بە دڵ و بە گیان پابەند بن بە پاراستنی سروشت و ژینگەوە. ئێستا خۆشبەختانە پارەی سویدی (٢٠) کرۆنی، دیوێکی وێنەی نێڵزی لەسەرە و دیوەکەی تری وێنەی (سیلما لاگرلۆڤ)ـە. شایانی باسە ئەم چیرۆکە فیلم کارتۆنێکی پڕبینەری لێ بەرهەم هاتووە و ئێستا دەیان شەقام و پارک و شوێنی منداڵان لە سەرانسەری جیهاندا بە ناوی نێڵزەوە ناونراون. لە کۆتاییدا منیش دەڵێم هەر نەتەوەیەک خاوەن دەق و ئینسایکڵۆپیدیای ئەدەبی و زانستی و ژینگەیی خۆی بێت، واتە دەقی تۆکمە و بەهێز و نەمر، بە دڵنیاییەوە دەتوانێ ببێ بە خاوەن هونەر، سینەما و ڕاگەیاندنی بەهێز و فەرهەنگی پێشکەوتوو و پشکووتوو. سەرلەنوێ کولتوور دەخولقێنێ و زیندووی دەکاتەوە.
دەقی ژینگەیی لە ئەدەبی گەورەساڵاندا:
بە پێچەوانەی ئەدەبی ژینگەیی منداڵان، دەقی ئەدەبی ژینگەیی لە ئەدەبیاتی گەورەساڵاندا هەر لە شاعیرانی کلاسیک و نوێخوازەوە لەگەڵ گشت قۆناغەکانی ئەدەبیاتی کوردیدا، گرنگییەکی ئێجگار زۆر دراوە بەم بەشە و بگرە بۆ ساتێکیش لێی دانەبڕاون. زۆر بە قووڵی وێنە و مۆسیقا و خەیاڵ و وەسف و جوانی و پاکی و گرنگیی ژینگە لە نێو شیعر و ئەدەبیاتی گەورەساڵاندا بە جوانی ڕەنگیان داوەتەوە.
بە جۆرێک هێندە هەست و نەستی شاعیرانی کلاسیک و نوێخواز بە قووڵی ئاوێتەی ژینگە و جوانییەکانی سروشت دەبێت، کە ناتوانرێ بە هیچ شێوەیەک کەلێنێک لە نێوانیاندا دروست بکرێت. ئەگەر بە وردی تەواوی دەقە شیعری و نووسراو و دیوانی هەر شاعێرێک بخوێنینەوە، دەبینین خۆشەویستیی کورد و ژیانی کوردەواری بۆ ژینگە بێ سنوورە. بەو جۆرە کاتێک دنیای ئەدەبیات و دەقی شاعیرانی کورد دەخوێنینەوە، خێرا هەڵوەستەیەکی قووڵمان پێ دەبەخشێت، ئەوسا تێدەگەین شاعیرانی ئێمە هێندە دۆستی ژینگە و عاشقی سروشتن، چ جای خۆیان، هەرگیز ڕێگا بە هیچ کەسێکی تر نادەن ڕێز لە ژینگە و سروشت نەگرێت و بە ئارەزووی خۆیان وێرانی بکەن.
لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدەم وەک نموونە چەند دەقێکی جوان و ناسکی شاعیرانی کورد باس بکەم. سەرەتا لە شیعرێکی شاعیری نیشتمانپەروەر (مارف ئاغایی)یەوە دەست پێ دەکەم. ئەم شاعیرە هەستناسکە هێندە سروشت و ژینگەی لا مەبەستە کە بە ڕوونی دیارە ئیلهام لە سروشت و نیشتمانەکەی وەردەگرێ. بۆ نموونە لە شیعری “بەڵێن”دا لە لاپەڕە ٦ دەڵێت:
“ئەگەر ڕووبار
گەڵای تەرمم هەتاکو نێو دەریا ببا
من ئامادەی هەڵوەرینم”
ئاغایی لەم خەیاڵ و وێنە جوانانەدا بەردەوام دەبێت و ڕووبار و دەریا بەجێ دێڵێت و بە ئاسمان دەڵێت:
“ئەگەر ئاسمان
مەلی ڕۆحم تا ئەوپەڕی بێکۆتایی ڕێگا بدا
من ئامادەی هەڵفڕینم
من ئامادەی توانەوەم
هەڵمی لەشم لە باوەشیدا ڕاگوێزێ
ئەگەر هەور”
ئەگەر سەرنج بدەین لە وشە ناسکەکانی ئاغایی، بە سێ وێنەی “ڕووبار”، “ئاسمان” و “هەور”ەوە دەست پێ دەکات؛ دەبینین ئاغایی تابلۆیەکی جوانی ئەدەبی و سروشتیی بە وشە کێشاوە. ئاغایی لەم شیعرەدا نەخشەی ڕووبارە چاوشینەکانی دەڤەری خۆی بە فەزایەکی بچووک دەزانێت بۆ مەلەی نیگاکانی، بۆیە دەیەوێ بە خەیاڵ ڕووبار بیگەیەنێتە نێو دەریا، تەنانەت بەوەش قایلە گەڵای تەرمی دەریایەک بیبا، ئەگەرچی بە هەڵوەرینی گیانی خۆشی بێت. تێکەڵبوونی ڕۆحی ئاغایی بە ژینگە و جوانییەکانی سروشت هێندە قووڵ و وردە، کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت کەلێن لە نێوانیاندا دروست بکرێ. ئاغایی هەور و ئاسمان و فڕین لەگەڵ هەڵمی لەشی خۆی دەکاتە کۆڕاڵی جوانی و هێمای سروشتی و هاوسەنگیی ژیان، هێمای تێڕوانین بۆ هونەرە جوانەکان؛ ئاغایی دێت و بە هارمۆنییەتی شیعری خۆی تێکەڵ بە هارمۆنییەتی سروشت و ژینگە دەکات تا ئاستی توانەوە.
لە دوای ئاغایی، شاعیر مامۆستا (ڕەحیم لوقمانی) لە دیوانی (زامستان)دا شیعرێکی زۆر جوانی بۆ (نەورۆز) نووسیوە کە لە وەسفی نەورۆزدا دەڵێت:
“ڕۆژ لە ئاسۆی سوور شەوق دەداتەوە
دەڵێ؛ ئەمساڵیش نەورۆز هاتەوە
سروشت سەرپاکی جوانی دەنوێنێ
وەک بووکی ڕازاو، خۆی دەخەمڵێنێ
دەشت و کوێستان و لووتکەی بەرزی کێو
بزەی بەهاریان کەوتووەتە سەر لێو
بەفری تواوەی سەر شاخی تەمبار
دەبێ بە فرمێسک؛ چۆڕچۆڕ دێتە خوار
هاژەی شەتاوی بن کوێستانی بەرز
گابەرد دەتلێنێ، کەژ دێنێتە لەرز
کیژی دارستان لە شایی چەما
بە مۆسیقای ئاو، دێنەوە سەما
باخ و ڕەزی شاخ، یان مێرگ و چیمەن
خشڵی ڕازاوەی بژوێنی دیمەن
سەوزایی دەشت و زنجیرەی کوێستان!
تاریف ناکرێ جوانیی کوردستان”
ئەگەر بێتو بە وردی دێڕبەدێڕی تەواوی ئەم شیعرە جوانەی مامۆستا (ڕەحیم لوقمانی) بخوێنینەوە، دەبینین گۆرانئاسا زۆر بە جوانی وەسفی سروشتی کردووە و هەموو جوانییەکانی نەورۆز و بەهاری لە وێنەدا بەرجەستە کردووە. بۆ نموونە لە کۆپلەی پێنجەم و شەشەمدا کاتێ دەڵێت:
“هاژەی شەتاوی بن کوێستانی بەرز
گابەرد دەتلێنێ، کەژ دێنێتە لەرز
کیژی دارستان لە شایی چەما
بە مۆسیقای ئاو، دێنەوە سەما”
لێرەدا ئەگەر وەک هەستی شاعیر بە ڕۆح ئاوێتەی ئەم شیعرە ناسکە بین، بە چاو دیمەنی ئەو بن کوێستانە دەبینین و گوێمان لە هاژەی شەتاو و تلاوتلی گابەرد و لەرزینی چیایە؛ لە هەموو شتی جوانتر ڕوخساری ئەو کیژە کوردییە لە کەنار چەمدا کەوتووەتە شایی و بە مۆسیقا و خوڕەی ئاو دەست دەکات بە سەما. ڕەحیمی شاعیر لە کاریگەریی ژینگەی کوردەواریی و سروشتی دڵڕفێنی چیاکان دانەبڕاوە، بۆیە وەک شوانێکی عاشق کوڕی سروشتی وڵاتەکەی خۆی بووە. ئەم جوانی و سەرسامکەرییەی بۆ سروشت ئەنجامی خەیاڵ و بیرکردنەوەی خۆی بووە. تەنانەت لە شیعری نیشتمانی واتە ئەدەبی بەرگریشدا بۆ نەتەوەکەی، بێ وەسفی سروشت و ژینگەی کوردستان نەیتوانیوە شیعر بهۆنێتەوە، وەک لە شیعری “گازندە”دا دەڵێت:
گازندە
“لە هەر گوندێکی دنیادا
ئەگەر دارێک
گەڵایێکی هەڵوەریبێ،
چڵووکێکی لێ شکابێ
ئەمن لێرە
گەڵای بێشە و دارستانم،
بۆی گریاوە و
دەستی نزای چووەتە ئاسمان”
گازندە واتە (سکاڵا). لوقمانیی شاعیر و هەستناسک هەر سروشت و دیمەنە دڵڕفێنە جوانەکانی وڵات و زێدی خۆی لە وێنەکانی سروشتدا بەرجەستە نەکردووە، ئەو لە شیعری “گازندە”دا بە جۆرێک لە ژینگەدۆستی و جوانیی سروشتدا تواوەتەوە، مرۆڤ سەرسام دەکات، سەرسامییەک کە غەمگینییەکی زۆر لە لای مرۆڤی ژینگەدۆست جێ دەهێڵێت.
چونکە ئەو هێندە خەمخۆری ژینگە و سروشتە لە نێو گەردووندا، تەنانەت لە گوندێکی ئەوپەڕی دنیاشدا ئەگەر گەڵایەک هەڵبوەرێ و چڵووکێکی لێ بشکێ، ئەو لێرەوە بە کوڵ بۆی دەگری. ئەمە دەرخەری مەیلی (لوقمانی)یە بە شارستانییەت، بە خۆشەویستیی سروشت و ژینگە؛ چونکە ئەوانەی گرنگی بە سروشت و ژینگەی شوێنێکی تر دەدەن و خەمی بۆ دەخۆن، هێمای مرۆڤبوونی ئەو گەلە دەگەیەنێ. مامۆستا لوقمانی، ژینگەپارێزییەکەی هی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی دێرینی نێو قووڵایی هەست و نەستی خۆی بووە کە لە منداڵییەوە موتوربە کراوە لەگەڵیدا. کورد و ژینگەدۆستی دوو جوانی یەکتر بوون، بۆیە لوقمانیی شاعیر لەم شیعرەدا وێنای جوانیی سروشتی کردووە و هەمیشە هەوڵی داوە دیوە جوانەکانی سروشت بخاتە ڕوو.
نموونەیەکی زیندووی تر کە تا ئەوپەڕی ژینگەپارێزیی و جەنگان لە پێناوی پاراستنی ژینگەی نیشتمان و نەتەوە دەڕوات، شیعرە بەناوبانگەکەی حەمەساڵح دیلانە بە ناونیشانی “ڕەز”، کە لە دیوانی محەمەدساڵح دیلاندا لە لاپەڕە ٥٦ دەڵێت:
“ئای کێ بێ بانگ و هاوار و پەیام
بگەیێنێتە گوێ گۆڕی خەیام
بڵێ.. هەی سەرشێت کوشتەی گڕی تەڕ
گەر تێتا ماوە یەک تۆز نرخ و فەر
تۆ لەسەر پاکەی شووشەکەی شکان
لەگەڵ خودادا کردت بە زۆران
هەڵسە بەرەو ئەم ناوە هەڵتووتێ
نەک شووشە شکا وا ڕەز ئەسووتێ”
لێرەدا پێش لەدایکبوونی ئەم شیعرە جوانەی دیلانی مەزن، چوارینەیەکی جوانی شاعیری گەورەی ئێرانی (خەیام) هەیە کە مامۆستا هەژار موکریانی لە لاپەڕە ١٦١ وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی. خەیام لەم چوارینەیەی بە فارسی دەڵێت:
[ابریق می مرا شکستی ربی! / بر من در عیش را بستی ربی / من می خورم و تو میکنی بدمستی! / خاکم به دهن مگر تو مستی ربی]
بە کوردی واتە:
“شووشەی مەیەکەت بۆچی ڕژاندم خوایە؟
وەک شووشە، نەشە و دڵت شکاندم خوایە؟
مەیخۆرە منم کەچی یەکی تر دەگرێ
بمبوورە لە پەردەدا گەیاندم خوایە”
لێرەدا خوێنەر و ئەدەبدۆستەکان لە چوارینەکەی خەیام باش تێدەگەن کاتێ خەیام شووشەکەی دەشکێ، ئیتر ڕوو دەکاتە خودا و پێی دەڵێ بۆ وات کرد، بۆ بە جارێ نەشئەی دڵمت شکاند؟ ئەڵبەت ئەم شەڕی خودا و ترێیە تەنیا لەبەر چەند پێکێک شەراب بووە. بەڵام دیلانی مەزن لە وەڵامی ئەم چوارینەیەدا کودەتا دەکات بەسەر ئەو شیعرەدا و دەڵێ خەیام تۆ لە کوێی، هەڵسە بەرەو ئەم ناوە هەڵتووتێ، نەک شووشە شکا، وا ڕەز دەسووتێ! ئەو کاتە ساڵی هەشتاکان بووە کە دێهاتەکانی کوردستان سووتێنراون لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە، بۆیە بە خەیام دەڵێ تۆ لەگەڵ خودا کردت بە زۆران لەسەر شەرابەکەت کە ڕژا، وەرە بۆ کوردستان سەیرکە ئەو ڕەزە ترێیانە دەسووتێ کە شەرابەکەی تۆی لێ دروست دەکرێ.
دووبارە دەگەڕێینەوە سەر شیعرێکی مارف ئاغایی کە لە شیعری “چەمەر”دا لە لاپەڕە ٤١دا دەڵێ:
“بەژن و باڵا
دارستانێکە پاییزی؛
ڕوخسارەکان، زەردەگەڵا.
بای کارەسات:
پڕ گەرووی قووڵی گورگی شەو
دەلوورێنێ.
وەری. وەری. یەک دوو
سێ چوار، گەڵا وەری.
شینگێڕییەک لە جەنگەڵ دەنگ دەداتەوە:
لە شەڕی نێوان دار و با
لک، زۆرترین زیان دەبا!
وەی ڕۆ وەی ڕۆ
گەڵا گەڵا”
ئەگەر سەرنج بدەین لە دێڕبەدێڕی ئەم شیعرە جوانەی ئاغایی، تێکەڵبوونی ڕۆحی ئاغایی بۆ ژینگە و جوانییەکانی سروشت هێندە قووڵ و وردە، کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت کەلێن لە نێوانیاندا دروست بکرێت. ئاغایی لە قووڵایی دڵەوە خەم دەخوا بۆ ڕوخساری گەڵا زەردەکان کە قەدەری پاییز هەڵیوەراندوون. ئاغایی لە دڵەوە خەمگینە بەو بای کارەساتەی کە پڕ بە گەرووی گورگی شەو دەلوورێنێ. ئاغایی هاوار و زایەڵەی شیعری خۆی تێکەڵ بە سروشت و ژینگە کردووە. بەم جۆرە کاتێک سەیری دنیای ئەدەبیات و هەستی شاعیرانی کلاسیک و نوێخواز دەکەین، هەڵوەستەیەکی قووڵمان پێ دەکەن کە ئێمە ئەوەندە دۆستی ژینگە و عاشقی سروشتین؛ بۆیە شاعیرانی کورد بە شیعرەکانیان ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەندیان لە جوانیی سروشت و ژینگە بۆ بەجێ هێشتووین، ئەوان ژینگەدۆستێکی دڵسۆز بوون لە بەرگی شاعیرێکی جواندا.
لە کۆتاییدا منیش دەڵێم دەکرێ لە یەک داردا ملیۆنێک دەنکە شقارتە دروست بکەین، بە یەک دەنکە شقارتەش ملیۆنێک دار بسووتێنین. جا لەبەر ئەوە ڕێگا مەدەن بە یەک کاری نەرێنی لە ژیانتدا کاریگەری هەبێت لەسەر هەزارەها کاری ئەرێنیت.
سەرچاوەکان
– WordPress.com، ڕووبار بوداغی.
– خەلیل خاوەریان، بەرەو ئەدەبیاتی سەوزی منداڵان.
– ئەو چیرۆکانەی کە جیهان دێننە خولقاندن، ئارش میهرەبان.
– چیرۆکی فیلم کارتۆنی “نێڵز”، سەرچڵ یونس.


