سەرەتا با ئەوە ڕوون بکەمەوە، سەرنج و تێبینیەکانم لە ڕوانگەی دەمارگیری نەتەوەیی و تەسکبینی ناسیونالیستیەوە نییە، بەڵکوو بەشێکە لە خەمخۆریم بۆ خودی ئەو ڕەشنووسەی بۆ فەرهەنگی شاری کەرکووک ئامادەکراوە، خەمخۆریمە بۆ بەهای زانستی کارەکە و ڕاستییە مێژووییەکانی شارەکە، چونکە یەکێک لە مەرجەکانی فەرهەنگ لە ڕووی ئەکادیمییەوە، متمانەیە بە زانیاریەکانی، لەگەڵ ڕاستی و دروستی داتاکانی و گواستنەوەی وێنەی ڕاستەقینەی ئەو بابەتەی پێناسەی دەکات.
هەروەکوو لە پێشەکی ڕەشنووسەکەدا هاتووە (ناوە جوگرافییەکان بەشێکی سەرەکین لە ناسنامەی نیشتمانیی و یادەوەری مێژوویی وڵاتێک، کە ڕەنگدانەوەی مێژووی شارستانی و فرەچەشنی کولتووری و زمانەوانییە) لەو دە ڤەرەدا کە کاری تێدا دەکرێت. بە تایبەت ناوچەیەکی پڕ کێشە و ململانێی نەتەوەیی و ئایینیی و مەزهەبیی وەکوو کەرکووک، کە بە درێژایی مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو لەبەردەم گۆڕانکاری دێموگرافی و کارگێڕی قووڵدا بووە.
ئەگەر ئەم ڕەشنووسە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانە و بە شێوەیەکی زانستی و لەسەر بنەمای ڕاستیی مێژوویی ناوە جوگرافییەکان تۆمار دەکات وەکوو لە پێشەکییەکەدا دەڵیت: “ئەم فەرهەنگە دڵنیای دەدات لە ستانداردکردنی فۆرمی ناوەکان، ڕاستکردنەوەی هەڵە باوەکان و داڕشتنەوەیان لەسەر بنەمای زانستی و زمانەوانی و مێژووییەکان”، بۆ هەموو ئەمانە پێویستی بە بەڵگە و سەرچاوە و دیکۆمێنتی مێژوویی باوەڕپێکراو هەیە. بە خۆشحاڵیەوە لە کەرکووک تا ڕادەیەکی زۆر ڕاستییە مێژووییەکان بەردەستن و شاهیدحاڵەکان زیندوون و ڕووداوەکان بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرەوە ئامادەن.
لەسەر ئاستی ئەکادیمی، دەبێ فەرهەنگ وەکوو سەرچاوە و ژێدەرێکی زانستی باوەڕپێکراو بەکاربێت. توێژەران و ناوەندەکانی توێژینەوە بگەڕێنەوە سەری، لە گفتوگۆ و تاوتێکردنی ئەکادیمی نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرا و گۆ ڤاری زانستی زانکۆکاندا گومان لە ڕاستیان نەکرێت. جارێکی دیکە داوای بەدوواداچوونیان بۆ نەکرێت. ناکرێ فەرهەنگ بە مەیل و ئارەزوو و حەزی کەسیی بنووسرێت بۆ چەواشەکردنی مێژوو و شێواندنی ڕاستییەکان بێت. ناڵیم ئەم ڕەشنووسە وایە، بەڵام هەندێک لە توخم و ڕەگەزە گەورە و بنچینەییەکانی بابەتەکەی تا ڕادەیەک شاردۆتەوە، هەقی خۆی پێنەداوە. بە پێچەوانەوە هەندێک لە توخم و ڕەگەزە بچووکەکان بە بەراورد بەوانی دیکەی، گەورەتر کردووە. لەم فەرهەنگەدا بە یەک میتۆد و پێوانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەش و پێکهاتە و کەرتەکانی پارێزگای کەرکووک نەکراوە، یەک بنەما بۆ تۆمارکردنی ناوە جوگرافییەکان بەکار نەهاتووە. بۆ نموونە، ئەگەر لە گەڕەکەکانی شاری کەرکووک دا باسی مێژووی دروستبوونیان دەکرێت، پێویستە بۆ هەموو گەڕەکەکان ئەو مێژووە بنووسرێت، یان لە تۆمارکردنی ناوی گوندەکاندا ئەگەر لەسەر بنەمای مێژووییە، ئەوا پێویستە لە کۆنترین گوندەوە دەست پێ بکرێت، یان ئەگەر لە سەر بنەمای ژمار ەی دانیشتوانە پێویستە سەیری سەرژمێرییەکانی ساڵانی ١٩٤٧ و ١٩٥٧ بکرێت و لە گەورەترین گوندەکانەوە دەست پێ بکرێت.
بە شێوەیەکی گشتی، ئەگەر بڕیارە فەرهەنگی کەرکووک بە شێوەیەکی زانستی بنووسرێت، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی بە زانستی بوون بێلایەنییە، کە لە زانستدا پێی دەگوترێت خۆداماڵین لە بەهای پێشوەختە (التجرد القیمی)، کە لەم ڕەشنووسەدا ڕەچاو نەکراوە!
ئەم ڕەچاو نەکردنەش لە چەند خاڵیکدا وەکوو بەڵگە لە خوارەوە دەسەلمێنین.
یەکەم، لە ناسنامەی هەر شارێکدا کورتەیەکی مێژوویی کارگێڕی پێویستە، بە لایەنی کەمەوە لە پەنجا شەست ساڵی ڕابردوودا، چ گەشەکردن و پەرەسەندنێکی کارگێڕیی بەخۆیەوە بینیوە، کوێ لە گوندەوە کراوە بە ناحیە و کام ناحیە کراوە بە قەزا، چ ناحیە و قەزایەکی لێ دابڕاوە، یان خراوەتە سەر. کەچی بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان،لە هیچ شوێنێک ئاماژە بە نەخشەی کارگێڕیی پارێزگاکە نەکراوە، لە بنچینەدا گۆڕانە کارگێڕییەکان بەشێکن لە ناسنامەی هەر شارێک، ئەگەر یەکێک لە ئامانجەکانی فەرهەنگ ناساندنی شارەکان بێت، ئەم ڕەشنووسە ئەو ڕەگەزەی تێدا نییە.
دووەم، لە هیچ شوێنێک ئاماژە بەو هەڵمەتە فراوانەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بە گشتی و دەسەڵاتی بەعس بە تایبەتی نەکراوە بۆ گۆڕینی دێموگرافی پارێزگای کەرکووک. ئەمە مێژوویەکی زۆر دوور نییە لەبیر چووبێتەوە، تەنیا چل ساڵ لەمەوبەر و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی ئامادەکاری فەرهەنگەکە خۆیان بینیویانە، چۆن کورد و تورکمان لە کەرکووک دەکراون و چۆن و چەندیان گەڕاونەتەوە و چۆن ناوچەکانیان ئاوەدان کراوەتەوە کە هێشتا ئاسەواری وێرانکردنیان پێوە دیارە. ئەمەش شاردنەوەی ڕاستییە مێژووییەکانە! ئەوەی جێگای سەرنجە ئاماژە بە ئاسەواری سەردەمی ئاشوری و پێش ئاشوری کراوە بەڵام باسی ئاسەواری وێرانکارییەکانی چل ساڵی ڕابردوو نەکراوە!
سێیەم، لەسەر چ بنەمایەک کاتێک ناوی پێکهاتەکانی کەرکووک دەنووسرێت بەم شێوەیە ڕیز دەکرێت: عەرەب، کورد، تورکمان، سریان، ئەرمەن؟ ئایا بە پێی زۆرینە و کەمینەیە؟ ئایا بەپێی قووڵایی مێژوویی نیشتەجێبوونە؟ ئایا بەپێی قەبارەی قوربانیدان و پارێزگاریکردنە لە کەرکووک؟ ئایا بەپێی دەسەڵاتە؟ بۆچی سەیری ڕاستییە مێژووییەکان ناکرێ؟ بەپێی زۆرینە و قووڵایی نیشتەجێبوون دەبێ لە فەرهەنگی ناوە جوگرافیەکانی پارێزگای کەرکووک دا بنووسرێت: کورد، تورکمان، عەرەب، ئاشوری، کلدان، سریان، ئەرمەن، ئا بەم ڕیزبەندییە. ناکرێ لە سەر هیچ بنەمایەک نەبێت و بە ئارەزوو ناوی پێکهاتەکان ڕیز بکرێت.
چوارەم، ئەگەر لە فەرهەنگێک ئاماژە بە نەخشەی پارێزگای کەرکووک بە دابڕینی چوار قەزا و یازدە ناحیە و زیاتر لە ٦٠٠ گوندی کوردنشین نەکرێت، نابێ سیمبوڵی کۆتری ئاشتی و پێکەوەژیان لەسەر نەخشەیەکی کارگێڕیی پارچەپارچەکراو دابنرێت.
پێنجەم، هەندێک نیشانەی جیاکاریی تێدایە هیچ پێویست نییە. بۆ نموونە، لە ڕووی زمانەوانییەوە کورد دەڵێت ئاوی خاسە، عەرەب دەڵیت ماء خاصە ، تورکمان دەڵێت خاسە سو، ئایا پێویست بەوە دەکات لە فەرهەنگەکە بنووسرێت خاسە سو؟ ئەی زێی بچووک بە باکووری پارێزگاکە و دیجلە بە ڕۆژئاوایدا دەڕوات وەکوو ئەوەی ئەمانە ئاو نەبن هەر خاسە سو زێ بێت! ئەگەر گوندێک یان ناحیەیەک یان قەزایەک بووایە ئاسایی بوو بە تورکمانیش بنووسرێت، بۆ نموونە، با قەرەهەنجیر بنووسریت قەرەعەنجیر، زۆر ئاساییە وەکوو قەرەداغ و قەرەبڵاغ و سەقزلی و دەیان ناوی تورکی. بێ ئەوەی یەک تورکمانی لێ هەبێت وەکوو پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی ئەم ناوانە بمێننەوە.
شەشەم، لە ڕووی مێژووییەوە،کەرکووک هیچ کاتێک سەر بە ویلایەتەکانی عێراق نەبووە. عێراق لە ساڵی ١٩٢١ دروستبووە..سەردەمی عوسمانی و تا کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم یەکەیەکی جوگرافی و کارگێریی نەبووە بە ناوی عێراق. کەرکووک سەر بە ویلایەتی موسڵ کە زۆرینەی کوردبوون، یان سەر بە ویلایەتی شارەزوور کە هەمدیسان زۆرینەی کورد بوون. ئەمە ڕاستی مێژووییە، ئەگەر ڕەشنووسەکە پشتی پی دەبەستێت. سەرەتای دروستبوونی عێراقیش هەتا چیای حەمرین بوو، کەرکووک بەشێک نەبوو لەو عێراقـەی ئینگلیز بەنیاز بوو دروستی بکات. ئەگەر ئاماژە بەمە نەکرێت با بە پێچەوانەوە نەنووسرێت.
حەفتەم، زەقکردنەوەی هەندێک بابەتی مەزهەبی تێدایە، پێویستیان بە سەرچاوەی باوەڕپێکراوە، بۆ ئەوەی لە بەهای زانستی فەرهەنگەکە کەم نەبێتەوە. بۆ هەبوونی گۆڕی کچی جەعفەر تەیار لە کەرکووک بە باوەڕی هەندێک کەس نابێت، دەبێ پاڵپشت بە سەرچاوەی مێژوویی بێت، یان سەلماندنی ئەوەی ئیمام ساقی کوڕی جەعفەر تەیارە. کەی هاتووە و بۆ لەوێ نێژراوە؟ یەکەم سەرچاوە کێ بووە ئاماژەی بەمە کردووە؟
هەشتەم، باب سوق حلوجیە بە هەلە نووسراوە، پێویستە ڕاست بکرێتەوە. هەروەها ناوی دەرگاکانی قەڵا تۆب قابۆ و یدقزلر ئەمانە لە سەردەمی عوسمانی ئەم ناوانەیان لێ نراوە نەک نیوەی هەزارەی سێیەمی پێش زایینی. ناکرێ وا پیشان بدرێ کە ئەم ناوانە بۆ نزیکەی پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێنەوە.
نۆیەم، بۆچی تەنیا لە بارەی گەڕەکی ڕەحیماوە ئاماژە بەوە کراوە لە کۆتایی حەفتاکان دروست بووە؟ ئەگەر مەبەست ئەوە بێت لە کۆتایی حەفتاکان لە ئەنجامی فراوانبوونی کەرکووک، وەکو حەمزە لایلەر چۆن نووسراوە شوێنێکی نیشتەجێبوونی کۆنە و تێکەل بە شارەکە بووە. ڕەحیماوەـش شوێنێکی نیشتەجێبوونی زۆر کۆنە و تێکەڵ بە شارەکە بووە، دەتوانن سەیری سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ بکەن لە پۆلێنکردنی گوندەکانی کەناری کەرکووک زنجیرە (١٥٢)، بزانن ڕەحیماوە تۆمار کراوە یان نا؟ جگە لەمەش لە هیچ گەڕەکێک مێژووی دروستبوونی باس نەکراوە، حەی واستی، عروبە، حەی نەسر، مەمدودە، حەی عەمەل شەعبی، هتد، ئەدی خێرە باس لە دروستبوونی ڕەحیماوە کراوە.
دەیەم، ئەگەر ناوی شەقام و جادە و گەڕەک و کۆڵان و یەکە خزمەتگوزارییەکان بە زمانی دانیشتونەکانیان دەنووسرێت، ئەوە غەدرێکی زۆر گەورە لە کورد کراوە. ئەگەر فەرهەنگەکە بە زمانی عەرەبی دەنووسرێت وەکوو لە خشتەکەدا هاتووە و ناوی شوێنەکە بە عەرەبی نووسراوە، ئیتر پێویست ناکات بە تورکمانی یان بە زمانێکی دیکە دووبارە بکرێتەوە. بۆ نموونە، قەسابخانە جادەسی (شارع المجزرە)، بویوک بازاڕ جادەسی (شارع السوق الکبیر)، تۆپ قابۆ (باب المدفع)، عەلی بەگ حەمامی، جامع نبی دانیال (دانیال پیغمبر جامعی)، هتد، بەڵام لە کاتی باسکردنی گەڕەکی ئازادی کە خۆی هەر لە کۆنەوە ناوی ئازادی بووە، نووسراوە ئیستا پێی دەڵێن ئازادی! وەکو ئەوەی تەکرید کرابێت! لە بارەی سنوور و شوێنیشەوە، بۆچی گەڕەکی ئیسکان هاوسنووری عەرەفەیە؟
یازدەم، شاردنەوەی ڕاستییەکان و ئاماژە نەکردن بە هۆکاری دروستبوونی گەڕەکەکان لە خزمەتی فەرهەنگەکە نییە، چەندین گەڕەکی کەرکووک ناویان هاتووە و هیچ زانیارییەکیان لە بارەوە نەنووسراوە، وەک: حەی نور و حەجاج و شوقەق و قادسیە. ئەمانە لە بەرنامە و پلانی تەعریبدا دروستبوون، باشترە و پێویستە پێناسە بکرێن و ئاماژەیان پێ بکرێت.
دوازدەم، لەناوهێنانی گوندەکان و باسکردنیاندا ڕەچاوی هیچ پێوەرێک نەکراوە، باسی سەدان گوندی کوردی نەکراوە. بۆ نموونە، سەیادەی بچووک لە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧دا (١١) کەس بووە پێ دەچێت یەک خێزان یان دوو خێزان بووبێت، هەروەها سەیادەی گەورەش (٢٨١) کەس بووە ئەگەری هەیە پەنجا خێزان بووبێت. لە فەرهەنگەکە بە وردەکاری باسی ئەمانە و دەیان گوندی دیکە کراوە کە هەندێکیان لە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ نین، یان زۆر بچووکتر بوون لە گوندە کوردییەکان، بەڵام نەک هەر ئاماژە بە قەرەناو (٥٩٢ کەس)، کارێزە (٤٠٦ کەس)، عەلی بەیان (٣٨٤ کەس)، قەفار (٣١٤ کەس)، عەمدۆن (٣١٠ کەس)، مەرزیخە (٣٠٩ کەس) و دەیان گوندی کوردنشین ناکات. کەچی سێکانیان و گورگەجاڵ، کە بوونەتە گەڕەک لە کەرکووک وەکو گوند باسیان دەکات.
سێزدەم، لە باسی کایەی پەروەردەیی و قوتابخانە ئامادەیی و ناوەندییەکاندا کەمتەرخەمی بەرامبەر قوتابخانە کوردییەکان هەیە، ئامادەیی کوردستان و زێوەر و گۆران و ئازادی و ئیمام قاسم و چەندانی دیکە ناویان نەهاتووە، کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە کەرکووک هەبوون.
چواردەم، لە باسی شوێنی ئاسەوار و کولتووری و کەلەپووری مێژوویی دەیان قەڵای دەستکرد و کارێز و ئاش و ڕێڕەوی ئاودێری زۆر دێرین لە کەرکووک هەیە، بەڵام بە هۆی پەراوێزخستنی کورد، ناویان نەهاتووە. قەڵای کۆنی گوندی حاجیبێخان و کارێزی ئاوی گوندی جولحان و شوێنەواری کۆنی گوندی جانقز و ئاسەواری سەرای گوندی تۆمار کە لە سەردەمی عوسمانی مەرکەزی ناحیە بووە، لەگەڵ دەیانی دیکە، ئاماژەیان پێ نەکراوە.
هیوادارم پێداچوونەوەی زانستی بەم فەرهەنگەدا بکرێت، ئەندامانی لیژنەی ئامادەکاریی دەتوانن خۆیان لە بیری لایەنگری نەتەوەیی و ئایینیی و مەزهەبی ڕزگار بکەن، بە یەک پێوەری ستانداردی ئەکادیمی و نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ کەرکووک بکەن.


