عوسمان ساوجی
ئاشکرایە کورد خاوەنی درێژترین مێژووی خەبات و قوربانیدانە لە پێناوی بەدەستهێنانەوەی مافە لەدەستچووکانی، کە سەدان ساڵە لێی زەوتکراوە و لەسەر گۆی زەوی هیچ کەسێک ئامادە نییە پشتگیری لە ڕەوایەتیی مافەکانی و پرسەکەی بکات، بەمەرجێک هێزی هەبێت. ئەوەش پێویستیی هەوڵدانی خودیی لەسەر کورد کردووەتە ئەرکێک و دەرفەتی خۆ لێ لادانی بۆ نەهێشتوەتەوە، ئەوە ئەگەر نیازی مانەوە و بەرگری هەبێت لە ناسنامە و خاک و خەڵکەکەی. بۆیە هەرکاتێک بەتەنها پشتی بە سۆزی دەرەکی بەستبێت ئەوە لە ماوەیەکی کورتدا تووشی نائومێدییەکی گەورە بووە، لە نموونەی شێخ مەحمودی حەفید و قازی محەمەد و مەلا مستەفا بارزانی، عەبدیش تاڕادەیەک.
دەسەڵاتی داگیرکەران وەنەبێت تەنها لەڕێگەی هێزی سەربازیی و داگیرکاریی فیزیکییەوە کورد و کوردستانیان ژێربارخستبێت و دەستیان لە بینەقاقای گیر کردبێت و هەوڵی خەفەکردنی بدەن، بەڵکوو پرۆسەکە هەموو بوارەکانی ژیان و ژیاری کۆمەڵگەی گرتووەتەوە و هیچ کونجێکی ماددی و مەعنەوی نەماوە دەستی ڕەشی خۆیان پێ نەگەیاند بێت. بەوەش مرۆڤی ڕووکەشبین کاتێک هەڵوێستێک، بیرکردنەوەیەک یان ڕەفتارێکی کورد (تاک، ڕێکخراو، حیزب، کۆمەڵگە) دەبینێت تووشی شۆک دەبێت و سەرسام دەبێت بەوەی کە نەتەوەیەک هەبێت لەسەر ئەم گۆی زەویە خاوەنی مێژوویەکی هەزاران ساڵە بێت و سەدان ساڵیش بێت ژێردەستە بێت و هێشتا نەتوانێت ڕێگەی ئازادی خۆی بدۆزێتەوە. بەڵام بۆ کەسانی توێژەر و شارەزا ئەم بارودۆخە تاڕادەیەک نامۆ نییە. ئەوەش بەهۆی ئەو ئەزموونە تاڵەی دووبارە و دەبارەی دەکاتەوە و هەمان قاپە ژەهر نۆش دەکات کە باوانی پێی مردوون.
لێرەدا گرنگە دوو دیاردەی نوێی کۆمەڵگەی کوردی لە باشووری کوردستان بەبیربخەینەوە، کە هەر یەکەیان ئاماژە و ناوەڕۆکێکی ئێجگار مەترسیداریان تێدایە و بۆ ئایندەی کورد و ئامانجەکانی و بۆ مرۆڤی خاوەن ئاوەز ئەمانە بەڕێکەوت نین و بکەرێکی گەورەیان لە پشتەوەیە کە بە دڵنیایی دوژمنی سەرسەختی دۆزی نەتەوەیی کوردە.
ئەزموونی یەکەمیان بریتییە لە چاوخستنە سەر ڕووداوەکانی غەززە لە ساڵی پاردا لەکاتێکدا سەرتاسەری کوردستان لەسەر ئاگر دەکوڵا و هێرش و مەترسی گەورە لەسەر کورد و دەستکەوتەکانی دەستی پێ کرد کە ئێستا وا لە ڕۆژاڤای کوردستان لێکەوتەکانی دەردەکەون. لەو کاتەدا بە جوڵاندنی سۆزی کورد بۆ ستەملێکراوی خەڵکی غەززە و هاندانیان بۆ بەهاناوە چوونیان هەرئەوەندە نەبوو کە پارەی کوردستان بەرەو دەرەوە ببرێت لە کاتێکدا زۆربەی خەڵک لەسەرتاسەری کوردستان پێویستی زۆریان بە هاوکاری بوو، بەڵکوو لەبیر بردنەوەی کێشە نەتەوەییەکە بوو. ئەوەش بەهاندانی کورد بۆ تێکۆشانی ئایینی، کە لەلایەک نەیاری زیاتریان بۆ دروست کرد، لەلایەکی تریشەوە کوردیان وەک گەلێکی نەزان پیشانی جیهان دا، بەوەی کە کورد کوێی نەخۆشە و کوێی تیمار دەکات؟
ئەزموونی دووەم کە لە هی یەکەم مەترسیدارترە بەهۆی ئەوەی هەم چاوخراوەتە سەر پانتاییەکی بێسنوور هەم شوێنەکە گۆڕەپانی ململانێیەکی گەورەتری نێودەوڵەتییە لە بواری سیاسیی و ئابووریی و ئایینییەوە کە بەهاناوەچوونیان بەهیچ جۆرێک لەتوانای کورد دا نییە، کە بریتیە لە کیشوەری ئەفریقا. ئێستا کۆمەڵێک کەس و ڕێکخراو بانگەوازیان بۆ هاووڵاتییان کردووە بۆ ئەوەی پارە بنێرن بۆ وڵاتە ئەفریقییەکان، لە کاتێکدا بەشێک لەم نەتەوانە خاوەنی دەوڵەتی خۆیانن و دەتوانن لە ڕێگەی یاسایی و سیاسییەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چارەسەری کێشەکانیان بکەن. ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم بانگەوازەدا جۆرێک لێدوان دەبیستین کە سەرباری بەهاناوە چوونیان، گوایە کورد لەو ڕێگەوە دەتوانێت “فەتحی” ئەفریقا بکات و ئایینی ئیسلام بەو قاڕەیە بگەیەنێت، وەک ئەوەی کەس نەزانێت کە بەشێکی وڵاتانی ئەفریقا ئیسلامین و وڵاتانی کەنداویش کە ڕابەرایەتی جیهانی ئیسلامی دەکەن و بەشێکی گەورەی ئەفریقاش هاوخوێنیانن دەتوانن بە ئاسانی هاوکاریان بکەن و برە و بە ئایینی ئیسلام بدەن. لەڕێگەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە خێرخوازی و ئایینییەکانی خۆیانەوە، بەڵام کە نایکەن دەردێکی هەیە و نایانەوێت بەڵای جەنگی ئایینی بۆخۆیان بسازێنن و ناشیانەوێت لەو کیشوەرە ڕەشەدا بچنە ململانێی زلهێزەکانەوە.
لە کۆتاییدا ڕەفتارەکانی کورد لەو دوو ئەزموونە و ئەوەشی لە ڕابردوودا هاوشێوەی ئەمانە ئەنجامی داوە و لە داهاتووشدا پەیڕەویان لێ دەکات، بەدڵنیایی پیلانێکی چەپەڵ و ئاسانی داگیرکەرانە کە لە فەرهەنگی بزووتنەوەی کوردستانی باکووردا ناونراوە “شەڕی تایبەت” و تاکی کوردیش بەئاسانی تێی دەکەوێت. ئامانجی هەرە لەپێشی ئەم پیلانەش بریتییە لە دوورخستنەوەی چاوی کورد لەسەر پرسە نەتەوەییەکەی و سەرقاڵ کردنی بە کێشەی لاوەکی و دوور و ناپەیوەند. بەوەش داگیرکەران، هەمیشە وزەی کوردستانیان بۆ بابەتێک سەرف دەکەن کە نەک هیچ سوودێکی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک گرفتی کورت مەودا و دوورمەودای بۆ دەخوڵقێنێ کە بە هیچ جۆرێک دەرەقەتیان نایەت و ئەوەندەی دیکە لە شاڕێی ئامانجەکانی دووری دەخاتەوە و سەرگەردانی دەکات.



