سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

چیرۆکی فەزیلەی کوردان، چیرۆکی جینۆسایدی نەتەوەیەک

سلێمان مستەفا حەسەن

ساڵی ١٩٨٨ ساڵێکە کە لە مێژووی کورد دا بە خوێن، فرمێسک، ئازار، نادادی، ستەم، جینۆساید و ئازارەکانی کیمیاباران و ئەنفال و نوگرەت سەلمان نووسراوەتەوە. لە پڕۆسەی ئەنفالی بەدناودا، هەزاران خێزان لە نیشتمان و لە ژیان و ماڵبات جیاکرانەوە. نزیکەی ١٨٢ هەزار کەس تەنیا لەبەر کوردبوون لە لایەن دەوڵەتی عێراقی بوونە قوربانی جینۆساید. لەناو شوێنە تاریکەکانی ئەو تاوانەدا، زیندانی نوگرەت سەلمان ناوی خۆی وەک گۆڕستانێکی زیندووان لە مێژوودا تۆمار کردووە، سەگەڕەشەکان، حەجاج، نوگرەت سەلمان، ئەنفال ئەو ناوانەن بە ترس و مردنەوە گرێدراون لە بیرەوەری نەتەوەی کورد بۆ هەمیشە لەبیر ناکرێن.
لەوێ، ژنان و منداڵان، بەساڵاچووان بە برسییەتی، تینوویەتی و ئەشکەنجە دەدران، لە تینوویەتیی خنکان و لەبرسانا مردن، ئەوان دەکوژران و دەکران بە خۆراکی ستەم و نادادی، دەکران بە خۆراکی لمی بیابان، هەندێکیشیان بوون بە خۆراکی سەگەڕەشەکانی بیابان، هەندێکی تر لەناو ژوورە تاریکەکاندا بەبێ ناونیشان ون بوون چیرۆکەکانیشیان لەگەڵ خۆیاندا ون کردن، ئێستاش بەشێک لە دایکان لەچاوەڕێی ئازیزانیان دان و ڕۆژان بەڕێ دەکەن.
ئا لە ناو ئەو دۆزەخەدا، جەلادێکی دەوڵەتی عێراق، جەلادێکی بەعسییە فاشییەکان هەبوو، ئەو لە تەواوی جەلادەکانی تری ناو ئەو دۆزەخە جیاواز بوو، ناوێک بە ترس و خوێن لە بیرەوەریی دەربازبوواندا ماوەتەوە، ناوێک هەرگیز لە بیرەوەری کەسوکاری ئەنفالکراوان جیا نەبووەتەوە ئەویش “حەجاج” جەلادەکەی نوگرەت سەلمان، “حەجاج‌”ێک سیما و سیفەتی بەعس و فاشی و نازیزمی هەڵگرتبوو، ئەو دێوەزمەو مرۆڤخۆر و مەرگهێن و دۆست و برای مردن بوو، ئەو وەحشێک بوو لە پێستی مرۆڤدا.
لەو کاتەدا، لەناو ئەو دۆزەخەدا، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵی هەبوو، کچێک بە ناوی فەزیلە، لەیەک ساتدا هەرچی خەونی منداڵی و ئارامی، خەونی خێزان و دڵنیایی هەبوو لێی زەوت کرا. فەزیلە لە لایەن ئەو جەلادەوە هەڵواسرا، ئەشکەنجە درا. لە هەمان کاتدا، باوک و دایک و براکەی لێ جیاکرانەوە، ئەوان بوونە قوربانی ئەو مەرگەساتەی ئەنفال و کارەساتی جینۆساید، ئەوان و هەزارانی تر لە هۆڵەکانی نوگرەت سەلمان لە هۆڵەکانی مەرگ ڕۆحیان بەرەو تەختی پەروەردگار گەڕایەوە بۆ تۆمارکردنی سکاڵایەک و گێڕانەوەی ئەو مەرگەساتە بۆ پەروەردگار.
جەلادەکان وایان دەزانی کە ئەو کچە وەک هەزاران قوربانی تر لەژێر بارگرانی ئەو مەرگەساتە دەشکێت و کۆڵدەدات و بە کاریگەری ئەو کارەساتە سەر دەنێتەوە، بەڵام فەزیلە نەشکا و کۆڵی نەدا، ئەو شوێنپێی پێشمەرگە و شەڕڤانان و گەریلاکانی نیشتمانی هەڵگرت و خەمی مەرگەساتی ئەنفالی کردە هەگبەی، ئەو بڕیاریدا ببێتە دەنگی ئەنفال و چیرۆکەکانی، ئەو بڕیاریدا ببێتە بڵندگۆی دەرخستنی ڕاستییەکان.
دوای ساڵانێک، پڕۆسەی ئازادی هات، دەرگای زیندانەکان کرانەوە، ڕژێم ڕووخا و حکومەت گۆڕا، بەڵام بۆ فەزیلە چیرۆکەکە کۆتایی نەهات، فەزیلە گەڕایەوە بۆ نوگرەت سەلمان، نەک بۆ سەردان و بیرەوەری، بەڵکوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بیرەوەرییەکانی، بەڵکوو بۆ دۆزینەوەی ئەو بەشەی ژیانی کە لە نوگرەت سەلمان ون ببوو، لە ناو ئێسک و پرووسکی قوربانییەکاندا، ئێسک و پروسکی دایک و باوک و براکەی دۆزییەوە، بەڵام لەو گەڕانەدا، سەرچاوەیەکی گرنگی دەست کەوت، جەلادەکە هێشتا زیندووە، حەجاج زیندووە.
ئەو جەلادەی ساڵانێک زۆر خۆی شاردەوە، ون ببوو، گوتیان مردووە، پاش هەموو ئەو ساڵانەی لە چاوی دادگا و یاسا ڕای کرد و خۆی حەشاردا. بەڵام فەزیلە، ئەو کچەی کە ڕۆژێک قوربانی بوو، بوو بە شوێنکەوتووی داد، بوو بە شوێنکەوتووی دەرخستنی ڕاستییەکان، بوو بە دەنگی ئەنفال. شوێنپێی جەلادەکەی هەڵگرت و دۆزییەوە، بە وریاییەوە، بە پلانەوە ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردەوە. بەم شێوەیە جەلادەکەی نوگرەت سەلمان ڕاپێچی زیندان و لێپرسینەوە کرا، گرتنی حەجاج گرتنی مرۆڤێکی ئاسایی نەبوو، گرتنی حەجاج گرتنی ڕاکردوێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو هەڵدانەوەی پەردەبوو لەسەر تاوانەکانی سەدە، هێنانی بکەری تاوانی ئەنفال و نوگرەت سەلمان بوو، هەڵدانەوەی لاپەرەکانی چیرۆکی مەرگەساتی نەتەوەیەک بوو، نووسینەوە گوێگرتن و دۆکۆمێنتکردنەوەی مەرگەساتی ئەنفال و کارەساتی جینۆساید بوو. ئەمڕۆ، حەجاج لە بەردەم دادگایە. یەکەم دانیشتن ئەنجام دراوە، ٢٢ شاهید و سکاڵاکار ئامادەبوون و زیاتر لە ٣٠٠ سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.
ئەوەی گێڕامانەوە و نووسیمان تەنها چیرۆکی فەزیلە نییە، تەنها ناوهێنانی ژنێکی کورد نییە. ئەمە چیرۆکی نەتەوەیەکە، ئەمە چیرۆکی کوردانە کە نە ئەنفال، نە کیمیاباران، نە بەعەرەبکردن، نە بەڕاگواستن، نە بە زیندانیکردن نە بە کوشتن توانیان بیشکێن و لەناوی بەرن، نە کات توانی بیرەوەرییەکانی بسڕێتەوە.
چیرۆکی فەزیلەی کوردان، تەنها پێویستی بە خوێندنەوە نییە، تەنها پێویستی بەوە نییە وەک کارەساتێک سەیری بکەین و هاوخەمی بین، بەڵکوو پێویستی بەوە هەیە ببێتە فیلمێکی سینەمایی جیهانی، تاوەکوو دنیا بزانێت کورد چی بینیوە و ژنێکی کورد چۆن لە قوربانییەوە بوو بە دەنگی داد، ڕاستی، دەنگی ئەنفال و مێژوو، دەنگی چیرۆکی کوردان ئەو کوردانەی لەبەر کوردبوون زیندەبەچاڵکران و بوون بە خۆراکی ستەم و زوڵم و نادادی دەوڵەتی عێراق و حەجاج و سەرانی حکومەتی عێراق و حیزبی بەعس، با دادگای حەجاج بهێنرێتە کوردستان، با دادوەرانی جیهان بانگهێشتی دادبینیەکە بکرێن، با هەموو چیرۆکەکانی ئەنفال لە مۆزەخانەی ئەنفال بەزیندوویەتی هەڵبگیرێن، با قورسایی ئەو کارەساتانە بکرێنە خاڵی هێز و هەڵسانەوە و دەستپێکی ژیان.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO