سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئەنفال لە نێوان “تاوانی کەسی” و “تاوانی دەوڵەت”دا: خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ بیرکردنەوە لە جینۆساید

جینۆساید لە فەلسەفەی یاسایی و سیاسیی هاوچەرخدا، وەک “تاوانی دەوڵەت” پێناسە دەکرێت، نەک وەک “تاوانێکی تاکەکەسیی” دابڕاو. بەواتایەکی تر ئەوەی جینۆساید ئەنجام دەدات دەوڵەتە چونکە پرۆسەکە لە توانای تاقە کەس بەدەرە لەوەی لە زۆرێک لە نووسین و بەداخەوە تەنانەت توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستیشدا تێبینیم کردووە لە ناو میدیا و چاپەمەنی و گوتاری کوردی دا. ئەویش جۆرێکە لە گشت بینی و درشت مامەڵە کردن لەگەڵ دۆسێی جینۆسایددا یاخود بەکەسییکردنی تاوانەکە و کورتکردنەوەیەتی بۆ تاوانکاری فڵان و فیسار بەرپرس و دەسەڵاتدار وەک “سەدام حوسێن” و “عەلی حەسەن مەجید” و “نزار خەزرەجی”، هتد.
ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆ بینینی تراجیدیایەکی نەتەوەیی دەنا مامەڵەکردنی دۆسێی جینۆساید پێویستی بەدیقەتێکی زیاترە بۆ نموونە ناکرێت هەموو دۆسێکە لەناو لیستی تۆمەتباران و تاوانکاراندا کورت بکەیتەوە چ جای ئەوەی لیستەکە خۆی تەمومژاوی بێت. ئەم مامەڵە نازانستی و تەنانەت ئەم میتۆدە بەناو زانستییەی هەندێک بڕوانامەداری ئەکادیمی نەک هەر خزمەت بە دۆسیەکە ناکات، بەڵکوو لە ئاستێکی قووڵتردا، شوناسی جەلاد و ماشێنی دەوڵەت و سیستەمی دەوڵەت و لێکەوتەکانی تاوانەکە لەناو جەنجاڵی و فەزایەکی بێسەروبەردا ون دەکات. بۆیە هەمیشە دەیڵێم و دووبارەی دەکەمەوە و جەختی لێ دەکەمەوە کە گرنگە دڵسۆز بین بەڵام زۆر مەترسیدارە دڵسۆزێکی گێل بین.

تەڵە و داوی بە کەسییکردنی جینۆساید
هەندێک جار خودی دەوڵەتی میراتگر و نەیارانی گرووپە جینۆسایدکراوەکە دەخرێنە ناو داوێکەوە کە لە ڕووکاردا جوان و لە ناوەڕۆکدا خنکێنەرە، ئەمە ئەو دۆخەیە کە کورد تێیکەوتووە کاتێک جەلاد، بکەری جینۆساید، لە دەوڵەت جیا دەکاتەوە، یاخود ئەنجامدەری تاوان هێندە زەق دەکرێتەوە هەتا ئەو ئاستەی تاوانی دەوڵەت و دامەزراوەکەی لەبەرچاوان ون دەکات.
کەم نین ئەو نووسەر و چالاکوانانەی کاتێک باس لە ناوەکانی وەک “نزار خەزرەجی”، “بارق عەبدوڵا”، یان “عەلی حەسەن مەجید” دەکەن، وەک کەسایەتییەکی دابڕاو و تاوانبارێکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن. پێبزانن یان نەیزانن بیسەلمێنن یان نا ئەمە هەڵەیەکی ستراتیجیی گەورە و کوشندەیە. لەبەرئەوەی خەزرەجی یان یونس محەمەد ئەلزەرب پیاوانی دەوڵەت بوون فەرمانی دەوڵەتیان جێبەجێ کردووە، یاخود پانێکیان جێبەجێکردووە کە پێشتر داڕێژراوە و دواتر بڕیاری لێدراوە، ئەمانەش وەک کارەکتەری دەوڵەتی جێبەجێیان کردووە.
بۆ نموونە، لە میدیایەکی پڕ بینەر نووسراوە “یونس ئەلزەرب” ناوی لە لستی داواکراوانی ئەنفال کێشراوەتەوە! ئاخر ئەگەر نووسەرەکەش نەیزانێ هەقە دەزگا میدیاییەکە بپرسێت ئەم کەسە کێیە؟ چ کارەیە و بۆچی تۆ گرنگیت پێداوە؟ هەر بۆ زانیاری خوێنەران یونس محمد ئەلزەرب لەکاتی ئەنفال دا پلەی سەربازییەکەی لیوا ڕوکن بوو، فەرماندەی فەیلەقی پێنجەم بوو، بەرپرسی ئەنفالی بادینان‌ـیش بوو. ئەم کارەکتەرە سەربازییە تەنانەت ئەگەر خودی خۆی دوژمنی کوردیش بێت ناتوانێت خودی خۆی جینۆسایدی گوندێکیش بکات چ جای بەشێکی زۆری نەتەوەیەک؟ بۆیە ئەو بە سیفەتی کەسیی نەچوونەتە ناو گوندەکان؛ ئەوان وەک فەرمانبەری پلەبەرزی دەوڵەت و فەرماندەی دامەزراوەیەکی سەربازیی ڕێکخراو، ئەو پڕۆسەیەیان جێبەجێ کردووە. لێرەدا هەریەکەیان وەک بەرپرس و کارەکتەری جێبەجێکار مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و هەرواش دادگایی دەکرێن و بەپێی بەرپرسیارێتیان لە تاوانەکەدا سزا دەدرێن.
کاتێک ئێمە جەلاد لە “پۆست و پلە و دامەزراوەکەی” دادەماڵین، لە ڕاستیدا پێ بزانین یان نا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی “دەوڵەت” لادەبەین. جینۆساید بەبێ بودجە، پلان، سوپا و بڕیاری دەوڵەت ئەنجام نادرێت. گۆڕینی ئەم دۆسیەیە بۆ “کێشەی کەسیی” لەگەڵ چەند ناوێک، وادەکات بە مردنی ئەو کەسانە، وەک ئەوەی لە دۆسێی ئەفسەرە پلەبەرزەکانی وەک لیوا ڕوکن عیسمەت سابیر عومەر و لیوا ڕوکن بارق حاج حونتە دا بینیمان، کە ساڵانێکی زۆر پێش ڕووخانی ڕژێم بە بڕیاری سەدام کوژران، ناچنە ناو دۆسێی داواکراوانەوە ئەگەر وەها داوا بکەین بەو واتایەیە خۆمان کێشەی تێگەیشتن لە یاسامان هەیە. چونکە دۆسیەکەیان لە ڕووی یاساییەوە کۆتایی هاتووە، لەو نێوانەدا مافی قوربانییەکان بۆ قەرەبووی ماددی و سیاسی لە ئەستۆی دەوڵەت، دەفەوتێت.
بەهەمان شێوە، عەجاج وا پێناسە و وێنا دەکرێت کە بەرپرسی سەرەتا و کۆتایی ئەنفال بووبێت! بەڕاستی ئەمە جێگەی هەڵوەستەیە کەسێک هەبێ بوێری ئەوەی هەبێت بنووسێت و نەزانێت باسی چی دەکات! تەنانەت لەگەڵ باسی عەجاج وێنەی گۆڕی بەکۆمەڵ نیشان دەدرێت وەک ئەوەی ئەو سەرپەرشتیاری هەڵکەندنی چاڵەکانی مەرگ و کۆمەڵکوژییەکە بێت؟ ئەمە نەزانییە بەرانبەر دۆسێی ئەنفال و تەنانەت بەرانبەر تاوانەکانی عەجاج‌ـیش. چونکە ئەو کەسە توندڕەفتار و بەدڕەفتارە تەنها لەو تاوانانە بەرپرسیارە کە لە ناو قەڵای نوگرەت سەلمان دەرهەق بەو خەڵکە کردووەیەتی، نەک لە هەموو ئەنفال. من گومانم هەیە لەوەی زانیبێتی بیابانی تەلشێخە ئەوەندە گۆڕی بەکۆمەڵی تێدایە. چونکە تاوانی ئەنفال هێندە بە سیستەماتیک ئەنجامدراوە باوەڕ ناکەم جگە لە دەستەیەکی دیاریکراو و هەڵبژاردەی ئەمن هیچ کەس ئاگای لە جۆری کوشتارەکە بووبێت. لەبەرئەوەی هەر کەسە و هەر لایەنە بەکاری خۆی هەستاوە. بۆ نموونە، ئەرکی سوپا ڕووخاندنی گوندەکان و شەڕکردن لەگەڵ پێشمەرگە و گرتن و کۆکردنەوەی گوندنشینەکان بووە. پۆلینکاری و بەکۆمەڵکوشتن کاری سوپا نەبووە، جگە لە دوو حاڵەت لە بادینان لە گوندی مێرگەتی و گوندی کورێمی سوپا کۆمەڵکوژیی کردووە لە هیچ قۆناغێکی ئەنفال دا سوپا لەکاتی پەلامارەکاندا گوندنشینەکانی بەکۆمەڵ نەکوشتووە. بەڵکوو ئەوە کاری دەزگاکانی “ئەمن” بووە لەناو “ئەمن”یشدا کاری لیژنەی تایبەت بووە. بۆیە عەجاج تەنها دەکرێت وەک تاوانکارێکی دڵرەقی ناو قەڵای نوگرەت سەلمان ببینین نەک وەک بەرپرسی یەکەم و کۆتایی تاوانەکە.

پێویستیی بەڵگەی بەهێز لە بەرامبەر سۆزی ڕووکەش
بیرمە لە ٢٠٠٦دا، لە بەرنامەیەک لە تەلەفزیۆنی کەرکووک، لەگەڵ بەڕێزێکدا تووشی گفتوگۆیەکی توند بووم. ئەو کاتە من جەختم لەسەر ئەوە دەکردەوە کە سزای لە سێدارەدانی سەدام حوسێن یان عەلی حەسەن مەجید، نابێت داوای کورد و ئامانجی کۆتایی دادگایی کردنەکەیان بێت. داوام دەکرد خەڵکی کوردستان بە بەڵگەی بەهێزەوە پشتیوانی دادگا بن، بۆئەوەی تاوانەکە وەک “جینۆساید” بناسرێت، نەک تەنها وەک تاوانی کوشتن. بەڵام بەرامبەرەکەم وا تێگەیشتبوو کە من داکۆکی لە جەلاد دەکەم!
لۆجیکی من ئەوە بوو، کە لەسێدارەدانی جەلاد تەنها “تۆڵەیەکی کەسییە” لە بەرامبەر تاقە کەسێک، بەڵام ناساندنی تاوانەکە وەک جینۆساید، داننانە بە مافی نەتەوەیەک. ناکرێت خوێنی دەیان هەزار ئەنفالکراو تەنها بە لەسێدارەدانی یەک تاوانبار یەکسان بکەینەوە. خوێنی ئەو خەڵکە شایانی ئەوەیە دۆسێکەیان ببێتە بنەمایەک بۆ “قەرەبووی ماددی و سیاسیی نەتەوەیی”، ئەمەش تەنها بە تێگەیشتن و کارکردن بە میتۆدێکی زانستی و یاسایی بەدی دێت، نەک بە هەڵچوونی کاتی.

بەرەو دۆکیومێنتکردنێکی زانستی
ئەو شێوازە لە نووسین و بەناوکەوتن کە جگە لە سەرقاڵکردن و “ناو ڕیزکردنی بێ حیساب و کیتاب” شتێکی دی لێ شین نابێت بۆ دۆسێی جینۆساید و داهاتووی کورد ناگەڕێتەوە. ئاخر بۆ دەزگایەکی میدیایی جوان و باش ناکەوێتەوە بابەتێک بڵاوبکاتەوە کە تەنانەت مێژووی ژیان و مردنی تاوانبارانیش نازانێت، ئەمە نەک هەر خزمەت بە مێژوو ناکات، بەڵکوو گومان دەخاتە سەر ڕاستی و دروستیی سکاڵاکانی تریش. کاتی ئەوە هاتووە لە “پێداهەڵگوتنی سۆزداری” و “لیستی ناوە بێ ناسنامەکان” دوور بکەوینەوە و وەک نەتەوەیەکی خاوەن پرس و خاوەن دۆسیە، مامەڵەی بەرپرسیارانە و “دامەزراوەیی” لەگەڵ “تاوانی جینۆسایددا بکەین.
پێویستە ئەوە بزانین کە شوناسی جەلاد لە پلە و پۆستەکەیدایە، وەک نوێنەری دەوڵەت و شوناسی قوربانیش لەو مافە سیاسی و مرۆییەدایە کە دەبێت دەوڵەت وەک قەوارە، بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO