سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پۆست-کۆلۆنیالیزم، هاوسۆزیی هەڵبژێردراو و بەرهەمهێنانی مەعریفە

بەرزوو ئەلیاسی

دەمەوێت بە کورتی بیر لە مەرج و بارودۆخی پابەندبوونی ئەکادیمی بکەمەوە، بە تایبەتی لەناو تیور و توێژینەوەی پۆست-کۆلۆنیالیزم و ڕەخنەکانیان. ئەویش بە سەرنج خستنە سەر پرسی «هاوسۆزیی هەڵبژێردراو» و ئەو شێوازەی کە کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی مەعریفە دروست دەکات.
توێژینەوەکانی پۆست-کۆلۆنیالیزم زۆرجار ئارەزوویەکی نۆرماتیڤ (normative) لە پشتیانەوەیە؛ وەک ئاشکراکردنی میراتی کۆلۆنیالیزم، نایەکسانییەکانی هێز و دەسەڵات لە جیهاندا، هەروەها، ئەو جۆرە توندوتیژییە بونیادیانەی کە هێشتا لە دنیادا بەردەوامن و نادادپەروەری بەرهەم دێنن. ئەم ڕەخنە و تێگەیشتنانە پڕۆژەگەلی گرنگ و بنەڕەتین بەڵام هەر لەبەر ئەوەی ئەم تیور و تێگەیشتنە خۆی بە بەرپرسیارییەکی ئەخلاقی لەقەڵەم دەدات، گرنگە ئێمەش پرسیارێکی ڕەخنەگرانەی ئاراستە بکەین.
بۆچی ئەم تیورە پابەندبوونێکی ئەکادیمیانە بۆ هەندێک گرووپ و ململانێ سەرسەختانە لەخۆنیشان دەدات، بەڵام لەبەرانبەر هەندێک نەتەوە و کێشمەکێشەکانی دیکە—سەرەڕای هاوشێوەبوونی ستەم و چەوساندنەوەیان—کەچی هیچ ناڕەزایەتییەک دەرنابڕن و ڕەخنە ناگرن؟
لەڕاستیدا، هاوسۆزی لە ئەکادیمیادا تەنها هەڵوێست و مەیلێکی ئاکاریی نییە، بەڵکوو کردارێکی دامەزراوەییشە، کە پەیوەستە بەو ئەدەبیاتە زانستییەیە کە تا ئێستا لەلایەن دامەزراوەکانەوە بەرهەم هاتووە، لەگەڵ چوارچێوەی تیۆریی و پارادایمە باڵادەستەکان، هەروەها ئەو “ڕاستییە” سیاسییانەی کە بە کردار ڕوونیی و ئاوازێکی لەنێو گوتاری گشتیی جیهانییدا وەرگرتووە.
هەندێک پرس—بە تایبەتی پرسی فەلەستین—لە ناو توێژینەوەی پۆست-کۆلۆنیالیزمدا بووەتە کڕۆکی بیرکردنەوە و تیوریزەکردنی سەرەکی. تیوریست و ئەکادیمییەکانی سەر بە پۆست-کۆلۆنیالیزم وەک خاڵی سەرەکیی ئاماژە بە پرسی فەلەستین دەکەن. لەو شوێنانەش کە مێژووی کۆلۆنیالیزم و ڕەگەزپەرستی و کێشە جیوپۆلەتیکییەکان هێزەکانی ڕۆژئاوا تێیەوەگلاون، ئەوا هەڵوەستە لەسەر پرسەکان دەکەن و شیکاریان دەکەن و دەیانناسێنن. ئەمەش وا دەکات ئەو پرس و دۆخە هەڵبژێردراوانە ئاسانتر بن بۆ وانەوتنەوە و بڵاوکردنەوەی توێژینەوە دەربارەیان، لەمانەش گرنگتر، ڕێکخستن و وەگەرخستنی هاوسۆزی لە دەوری ئەو کێشە و پرس و ململانێیانە.
من چەندین توێژەری فەلەستینی-ئەمریکاییم بینیوە کە پشتیوانی لە ڕژێمی دەسەڵاتخواز و دیکتاتۆر و چەوسێنەری ئێران دەکەن. لە دۆخێکی وادا، مرۆڤ دەپرسی: ئایا ئەکادیمیا تەنها جیاکردنەوەی ئیمپریالیزم و تۆتالیتاریزمی ناوخۆییە؟ ئێ خۆ هەردووکیان چەوساندنەوە لەسەر بنەماکانی نەتەوەیی و چینایەتی و ڕەگەزپەرستی بەرهەم دێنن؟ ئەدی بۆ بە دووستاندارد مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.
بە پێچەوانەوە، هەندێک دۆخ و پرسی دیکە—وەک ڕۆهینگاکانی میانمار یان خەڵکی سەحرای ڕۆژئاوا لە مەغریب—کە بەدەگمەن لەناو چوارچێوە فیکری تیورییەکانی پۆست-کۆلۆنیالیزم جێدەکرێنەوە ، کە پرسەکانیان وەک فەلەستینییەکان پەیوەستە بە پرسی بێدەوڵەتی و ئاوارەبوون و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژییە بونیادییە درێژخایەنەکان. کاتێکیش پرسی ئەم نەتەوانە نادیدە دەکرێن لەبەر نەبوونی نادادپەروەریی نییە، بەڵکوو لە نەبوونی ئاشناییی تیۆری و دامەزراوەییە.
بەرهەمهێنانی مەعریفەی ئەکادیمی لەم دۆخانە بەشێوەیەکی قووڵ بەستراوەتەوە بە «سیستەمی پاداشت و پارەبەخشین». ڕەوت و ئاراستەی توێژینەوەکان لەسەر بنەمای ئەوەی داخۆ کێ و چەند دەکرێت پشتیوانی دارایی بۆ ئەم پڕۆژەیە یان ئەو توێژینەوەیە مسۆگەر بکرێت، هەروەها چی دەخرێتە ژێر زەڕەبین و وەک بابەتێکی گرنگ دەناسێندرێت؟
کاتێک پرسێک دەبێتە ناوەندی پرسی ئەخلاقی و فکری لە چوارچێوەی تیوری پۆست-کۆلۆنیالیزمدا، ئیدی خۆی بەردەوام دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە لە ڕێگەی پڕۆگرامەکانی خوێندن، لە کۆنفرانسەکان و تۆڕە ئەکادیمییەکان. ئەمەش وا لە خوێندکاران و کاندیدان دەکات لە دەوروبەری هێڵە ئاشنا و ناسێنراوەکاندا بخولێنەوە، نەک پرسێک کە لە چوارچێوەکان دووریان دەخاتەوە.
ئەمە مانای ئەوە نییە کە هاوسۆزی لەم دۆخانەدا ساختەیە یان نادروستە. بەڵکوو ئەوە پیشان دەدات کە ئەکادیمیا زۆرجار هاوسۆزییە هەبووەکان بەهێزتر دەکات، نەک ئەوەی سنوورەکانیان بخاتە ژێر پرسیار و بیانکشێنێت، واتە ڕچەشکێن بێت.
ڕەهەندێکی دیکەی جێی سەرنج ئەوەیە کە زۆرێک لە توێژینەوە ڕەخنەییەکان، ڕەخنەن لە “هێز و دەسەڵات” و “دووڕوویی” ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ئەو دۆخانەی کە تیایاندا ئەمریکا، ئەوروپا، یان هێزە کۆلۆنیالیستەکانی جاران بە ئاشکرا تێوەی گلا بن. ئا لەوکاتانەدا ئەم پرسانە بۆ ئەوانە لە ڕووی شیکاری و سیاسییەوە زیاتر سەرنجڕاکێشن.
کەچی ئەو ململانێیانەی کە ستەم و زۆرداری و کوشتوبڕین تێیاندا لەلایەن دەوڵەتانی دەرەوەی ئەوروپا و ئەمریکا، یان ئەوانەی وەک دەوڵەتانی پۆست-کۆلۆنیال ناسراون، ئەنجام دراوە و ئەنجام دەدرێت، ئەوا زۆر بە کەمی دەخرێنە چوارچێوەی بیر لێ کردنەوەی تیوری پۆست-کۆلۆنیالیزم و تیوریست و ئەکادیمیستییەکانی، چونکە ئەوان «ڕۆژئاوا وەک کارەکتەری سەرەکیی زوڵم و زاڵبوون» دەبینن و دەناسێنن. ئەمەش بەدڵنیاییەوە جۆرێک لە کوێریی شیکاریی بەرهەم دەهێنێت.
یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم دینامیکییە، دروستبوونی ناڕاستەوخۆی «پۆلێنکردنی ئازار»ە، کە تێیدا ژیانی هەندێک کەس زیاتر پڕبایەختر و باڵاتر دەبینرێت، کە زیاتر شیاوی شین و ماتەمن، بەمانایەکی دیکە، ئەو پرسانە زیاتر مانای تیۆرییان لە ژیانی ئەو تیوریست و ئەکادیمییانەدا هەیە. ئەمەش خۆی لەخۆیدا کێشەئامێزە، چونکە مەترسیی ئەوەی هەیە هەمان ئەو نایەکسانییانە و ئەو دووستانداردە لە بینین و نرخدانان دووبارە-بەرهەمبهێنێتەوە کە پۆست-کۆلۆنیالیزم گوایە هەوڵی ڕەخنەگرتنیان دەدات.
لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێم، کە مەبەستم ئەوە نییە هاوسۆزی لەگەڵ هیچ گرووپێک کەم یان بێ بەها بکەم و پشتگوێی بخەم، بەڵکوو دەمەوێت پێشنیازی ئەوە بکەم کە هاوسۆزیی ڕەخنەگرانەش دەبێت ڕەخنەگرانە بێت.
لە کۆتاییدا، ئەگەر تیوری پۆست-کۆلۆنیالیزم بانگەشەی گەیشتن بە دادپەروەریی جیهانیی دەکات، ئەوا نابێت تەنها لە ناوچەیەکدا، یان لەسەر چەند گرووپ و نەتەوە، بوەستێت کە هاوسۆزی بۆیان ئاسانترە یان لە ڕووی تیۆرییەوە زیاتر ناسێنراون. ئەگەر هەندێک ئازار بەهۆی نزیکبوونیان لە چوارچێوە فکرییە باڵادەستەکان زیاتر ببینرێن و هەندێکی دیکە لەبەر ئەوەی شێوەی ستەمەکەیان بە ئاسانی ناکەوێتە ناو گێڕانەوە سیاسییە باوەکان، ئەوا نادیدە و نادیار بکرێن، ئەوا مەترسیی ئەوە هەیە کە ئەکادیمیا خۆی ببێتە بەشێک لە سیستەمی دابەشکردن و جیاکاریی، کە ژیانی هەندێک پڕبەها و هەندێکی دیکە بێبەها بکات.
ڕەخنەی ڕاستەقینە تەنها ئەوە نییە هێز و دەسەڵات بخاتە ژێر پرسیارەوە؛ بەڵکوو ئەوەشە بپرسێت: کێ شیاوی بینینە؟ کێ دەبێتە کڕۆکی هاوسۆزی و کێ لە دەرەوەی زمان و چوارچێوەی زانستی بەجێ دەهێڵدرێت؟
ئەگەر ئەکادیمیا نەتوانێت ئەم پرسیارانە ئاراستەی خۆی بکات، ئەوا مەترسیی ئەوە هەیە کە بە ناڕاستەوخۆ هەمان پلەبەندی دەنگ و متمانە دووبارە بەرهەمبهێنێتەوە کە خۆی بانگەشەی ڕەتکردنەوەیان دەکات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO