سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

“حەجاج لە ئۆرشەلیمی کوردستان!”

دوابەدوای ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی یەکێک لە سەرکردە نازییەکان بەناوی ئەدۆلف ئایشمان لە ئەرجەنتین لەلایەن تیمێکی ئەمنیی تایبەتی ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی بۆ قودس “ئۆرشەلیم”، بۆ دادگاییکردنی، هانا ئارێنت ڕاپۆرتێکی لەسەر دادگاییکردنی ئایشمان نووسی بەناوی “ئایشمان لە ئۆرشەلیم: ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بێبایەخیی شەڕ یان “بێبایەخی خراپە”، کە یەکێکە لە کاریگەرترین و پڕ مشتومڕترین بەرهەمەکانی خانمی بیرمەند، ئارێنت.

ئەوەی ئارێنت نووسیویەتی، تەنها گێڕانەوەیەک نییە بۆ دادگاییکردنی ئەدۆڵف ئایشمان، کە یەکێک بوو لە ئەندازیارانی هۆلۆکۆست و جێبەجێکارێکی دڵڕەق و کەسێکی سادی خوێنسارد، بەڵکوو گەشتێکی فەلسەفی و کۆمەڵناسانەیە بۆ ناو قوڵایی دەروونی مرۆڤ و سروشتی تاوان. دیوە هاوشێوەکانی گەڕاندنەوەی ئایشمان لەگەڵ حەجاج، زۆرن، بەڵام یەک جیاوازی گەورە لەنێوانییاندا هەیە. ئەویش دوای داڕمانی ئەڵمانیای نازی، جووەکان بەڕێبەرێتی بزووتنەوەی زایۆنیزم دەبن بە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان و ئایشمان‌ـیش دەگەڕێننەوە بۆ پێتەختی ئەو دەوڵەتە و لەبەرچاوی دنیا، دادگایی دەکەن. 

هەرچی کوردە، دوای پڕۆسەی ئەو جینۆسایدەی کە زیاتر لە 22 ساڵی خایاند، بەهۆی بچووکڕوانینیی ڕێبەرانی بزووتنەوەی کوردایەتی و ناتەباییان، نەیانتوانی بچنە ئاستێکی باڵا و دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێنن، نەشییان توانی هەولێر بکەنە چەقی دادگاییکردنەکان و شکۆ بۆ خاک و خەڵکی کوردستان بگەڕێننەوە. ئێستاش ئەو سەرکردە عێراقیی‌ـانەی کە زۆربەیان دوێنێ سەربازی ئەو سوپایە بوون کە جینۆسایدی ئەنجامدا، ئەمڕۆ هەر ئەوانن ئایشمان‌ـی جەللادی ئەنفال دادگایی دەکەن، لە پێتەختێک کە بەلانی کەمەوە چوار بڕیاری جینۆسایدی دژ بە کوردی لێدەرچوون، بێجگە لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی.

دەستەواژەی “بێبایەخیی شەڕ” (The Banality of Evil)، گەڕانە بەدوای دیاردەیەک، کە دەکرێت لە زۆر شوێن و سەردەمدا دووبارە ببێتەوە. لێرەدا ئارێنت تێبینی ئەوە دەکات ، کە ئایشمان وێڕای ئەوەی بەرپرس بوو لە ناردنی ملیۆنان مرۆڤی بێگوناهی جوو بۆ کەمپەکانی مەرگ، نە “شەیتانێکی ئەفسانەیی بوو، نە کەسێکیش کە نەخۆشییەکی دەروونی هەبووبێت و تینوو بێت بە خوێنمژینی قوربانییەکانی، بەڵکوو پیاوێکی زۆر ئاسایی بوو. بۆیە تاوانی گەورە مەرج نییە تەنها مرۆڤە گۆشتخۆرەکان ئەنجامی بدەن، بەڵکوو دەکرێت فەرمانبەرێکی ئاسایی، لە پێگەیەکی ڕەسمی ئاساییدا، بەهۆی ئەو دەستەڵاتەی کە لە چرکەساتێکی مێژووییدا دەیبێت و تەنها “فەرمانەکان جێبەجێ دەکات”، بەڵام بیر لە دەرەنجامە ئەخلاقییەکانی ناکاتەوە. دەکرێت هەمان پێوەریش بۆ کەسێکی نەدیتەی  وەکوو حەجاج بەکاربهێندرێت.

لێرەدا چۆن کێشەی ئایشمان لە چرکەساتەکانی دەستەڵاتیدا لە بیرکردنەوە دادەماڵرێت، لە کۆاتییشدا ویژدان دەبێتە ژەهرێکی قوڕسی ناو ڕۆحی تاوانبار، کە ناتوانێت لە ڕوانگەی قوربانییەکانیشەوە تەماشای دنیا بکات. چۆن زمانی ئایشمان پڕ بووە لە قسەی دووبارە و دروشمی ئامادەکراو، وای لێ کردبوو، کەلێنێکی گەورە هەبێت لە نێوان شەپۆڵی ئەو تاوانانەی ئەنجامیی دەدان، لەگەڵ ئەو کەسایەتییە پووچەی کە هەیبووە، لە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتیی پڕ لە ڕق و قین بەدەستییان هێناوە. حەجاج، لەو بەولاوەتر، هەڵگری ناوە مێژووییەکەی یەکێک لە سەرکردەکانییەتی بەناوی حەجاجی کوڕی یوسف سەقەفی، کە لەسەر مینبەرێکی کوفە گوتی “سوێند بەخوا، چەند سەرێک دەبینم پێگەیشتوون و کاتی دروونەوەیان هاتووە. منیش ئەو کەسەم کە دروێنەیان دەکەم. هەر ئێستا وادەبینم وا خوێن لە نێوان مێزەر و ڕیشەکانیاندا دەچۆڕێتەوە”.

سیستەمی بیرۆکراسیش، یەکێک دەبێت لەو دەستەواژانەی کە ئارێنت بۆ سیستەمی تۆتالیتێری نازییەکان بەکاری دێنێت. ئەوان مرۆڤ دەکەنە ئۆرگانێک لە ئۆرگانەکانی جەستەی نازیزم. لێرەدا تاوان دەبێتە پڕۆسەیەکی ئیداری و ئەمنی، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی تەنها و تەنها بۆ ڕێکارە ئیدارییەکان دەڕوات، نەک بۆ جۆری جێبەجێکردنەکە. ئایشمان پێی وابوو ئەو تەنها “کێشەی گواستنەوە و لۆجیستی” چارەسەر دەکات، وەکو ڕێکارە ئیدارییەکان، ئیدی مرۆڤ لەو نێوەندەدا دەکوژرێن، پرسێک نییە بیری لێ بکرێتەوە. حەجاج‌ـیش بەهەمان ڕێچکە و دەروازەی جێبەجێکردنی دڕندەیی خۆی و بەتاڵکردنەوەی داخ و دڵڕەقییەکانی خۆی بەسەر خەڵکێکی گوندەواری بەستەزمان، لەپێناو ڕازیکردنی ئەژدیهاکانی ناو ڕۆحە دژوارەکەی خۆی و پیشاندانی دڵسۆزی بۆ ڕێکارە ئەمنییەکانی دەوڵەتە جینۆسایدکارەکەی. لێرەدا ئەو جۆرە مرۆڤانە تەنها ئامێرێکن لە فۆڕمی جەستەیەکی مردوودا دەجوڵێنەوە و فەرمانەکان جێبەجێ دەکەن. بەڵام لە کۆتاییدا ئەشکەنجەدان و کوشتن بەشێکن لە پڕۆسەکە و جێبەجێکردنییان بە دڵڕەقترین شێوە، پیشاندانی دڵسۆزانەترین ئەرک و پێگە ئیدارییەکەیە.

یەکێک لەو کێشانەی کە ئارێنت وروژاندی و ژمارەیەکی زۆر لە جووەکانی هەراسان کرد؛ باسی ڕۆڵی هەندێک لەو سەرکردە و ئەو ئەنجوومەنە جووانە بوو، کە هاوکاری نازییەکان بوون بۆ ڕێکخستنی لیستەکان و ئاسانکاری گواستنەوەی هاوخوێنەکانی خۆیان. ئارێنت لەو باوەڕەدایە ئەگەر ئەو هاوکارییە نەبوایە، ژمارەی قوربانییەکان هێندە زۆر نەدەبوو. ئەمە پڕۆسەیەکی ئیداریی ناوخۆی کەمپەکان بوو، حەتمەن دەبێت ئارێنت بە وردەکاری ئاگاداری ئەو پڕۆسەیە بووبێت.

هەمان شت لە پڕۆسە و شاڵاوەکانی ئەنفال دا هاوخوێن و هاوزمانەکان وەکوو بەشێک لە جەستەی دەوڵەتی داگیرکەر و وەکوو بەشێکیش لە سیستەمی میلیشیایی، ڕۆڵێکی پێشەنگ دەگێڕن لە زەمینەسازی بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین ژمارەی هاوڵاتییانی کورد و ڕەوانەکردنییان بۆ کەمپەکانی مەرگ و بۆ بەردەستی حەجاجەکان و کەمپە دوورەدەستەکانی وەکو نوگرەت سەلمان. ئەگەر هاوکاری جاش و فەوجە سوکەکان نەبوایە، هەرگیز ئەو هەموو حەشاماتە زۆرەی قوربانییەکان نەدەکەوتنە بەردەستی حەجاجەکان و کردنییان بە پڕۆژەی مەرگ.

ئەوەی لێرەدا لە هەموو خاڵەکانی دیکە بۆ ئێمەی کورد نیگەرانکەرترە، پڕۆسەی دادگاییکردنەکانە. ئارێنت ڕەخنەی لە شێوازی دادگاییکردنی ئایشمان هەبوو، کە وەک شانۆگەرییەک وێنای دەکات، بۆ نیشاندانی هەموو ئەو مەینەتییانەی بەسەر جووەکان دا هاتن، نەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانەکان، وەک تاوانی جینۆساید و دژە مرۆڤایەتی. ئەو پێی وابوو ئایشمان دەبوو بەو تۆمەتە لە سێدارە بدرێت، کە “نەیویستووە زەوی لەگەڵ نەتەوە و گرووپێکی دیکەدا دابەش بکات”، نەک تەنها وەک تاوانێکی دژە جوو. ئەم تێبینییە ئەگەر جارێک بۆ ئەڵمان و جووەکان گرنگ بێت، بۆ کورد دەیانجار گرنگترە.

ئەگەر هەر لەسەرەتاوە لە 2005 دادگاییکردنەکان ئاڕاستەیەکی بابەتییان وەربگرتبا و لەناو دڵی هەولێر بەڕێوەچووبان. بابەتیی بەو مانایەی هەم دەوڵەت و هەم ئایدیۆلۆجیا بکەوتبانە بەر مەقاشی دادوەر و ئاشی دروستکەری سەدامەکان بە سەروەریی خۆی بمێنێتەوە و چەند گەجەر و گوجەرێکی خوێنمژ بخاتە بەر دەمی بەرداشەکانی ئاش و تەنها وەکو سیمبۆڵ بیانهاڕێت، بەڵام لە کۆتاییدا، هیچ ڕوونادا. پڕۆسەی جینۆسایدیش دیزەبەدەرخوونە دەکرێت و بۆ قوربانییە سەرەکییەکە کە نەتەوەی کوردە، هەمان تاس و حەمامی دەوڵەتی سەرکوتکەر دادەمەزرێتەوە.

چی دەبوو، ئەگەر هەر لە 1991 لەجیاتی شەڕی ناوخۆ، شەڕی مان و نەمان بۆ سەربەخۆیی و سەروەری نەتەوەیی بکرابوایە. دەوڵەتێکی خنجیلانەی کوردستان، بە سیستەمێکی هاوچەرخی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بەرپابوایە، لەو نێوەندەشدا دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ سەدام و دارودەستەکەی دروستبکرابوایە. تا ئەوڕۆکەش لەڕێی ئۆپەراسیۆنێکەوە هێزێکی ئەمنی کوردستانی حەجاجییان بڕفاندبایە و لە هەولێر دادگایی بکرابوایە، منیش ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەمنووسی “حەجاج لە ئۆرشەلیمی کوردستان”.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO