پێویستە لە سەرەتاوە ئهوه ڕوون بکهمهوە کە ئەم وتارە بۆ ئەوە نییە کە داکۆکی له فاروق ڕهفیق بکات، یان ڕەزامەندی لەسەر بیر و بۆچوونەکانی بدات، هەر چۆنێک بن. کەسایەتییەکە، بیرۆکەکانی، هەڵە و دژایەتییەکانی ئەگەر هەبن، ناوەڕۆکی سەرەکیی ئەم باسە نین. بهڵكوو ئەم دەقە لە چوارچێوەیەکی فراوانتر و بنەڕەتیتردا دێتە پێش، ئەویش پاراستنی ئازادیی بیرکردنەوە و ئازادیی دەربڕینە. چونکە کۆمەڵگەی ئازاد بەوە ناناسرێتهوه کە چۆن بیرۆکەی هاوڕای خۆی قبووڵ دەکات، بهڵكوو بەوە دەناسرێتهوه کە چۆن لەگەڵ ئەو بیرۆکانە مامهڵه دهكات کە پێیان ناخۆشه، یان تەنگیان پێوه ههڵدهچنێ، یان هەستەکانی دەوروژێنن. چونكه لە دەرەوەی تاکەکان، ئەوە بنەماکانن کە لە ناو گۆڕهپانهكاندا كایه دهكهن. کاتێک قسە سنووردار دەکرێت، کاتێک بیرکردنەوە دهخرێته نێو چوارچێوهوه یان بێبایەخ دەکرێت، ئەوا تەنها هەندێک دەنگ نییه كه كپ دهكرێن، بهڵكوو خودی بواری گفتوگۆ كردن و مافی گومان و بیرکردنەوە توند دەبێت و کەم دەبێتەوە.
دوژمنانی ڕاستەقینە هەمیشە ئەوانە نین کە بە ناویان دەناسرێنهوه؛ هەندێجار ئەوانەن کە بە ناوی ئارامی كۆمهڵایهتی، ئایین، ئەخلاق یان شتی تر، هەوڵ دەدەن ئاڵۆزیی ڕاستی سنووردار بکەن. ئەوانەن کە بە مانایەکی قووڵ، دوژمنی ڕووناکین، نەك چونكه بیرکردنەوەیان جیاوازە، بهڵكوو لهبەر ئهوەی ڕێگە نادەن بیر بە ئازادی هاتوچۆ بكات.
بۆیه، ئەم وتارە لەو ڕوانگەیەوە دەست پێ دەکات، بۆ داکۆکیكردن لە کەسێک نییه، بهڵكوو بۆ یادهێنانهوهیه کە هیچ کۆمەڵگەیەکی زیندوو ناتوانێت لە بیرکردنەوە بترسێت.
ههڵبهته لە مێژووی کورد دا، شەڕی براکوژیی تەنها بە تفەنگ نەکراوە؛ بهڵكوو بە بیر و وشەش کراوە. ئەگەر جارێک براکان یەکتریان بە فیشهك کوشتبێت، ئهوا ئەمڕۆ ڕووناکبیرانی كورد یەکتر بە قەڵەم دەکوژن، بە تۆمەت، بە سەرکۆنەكردن، بە لابردنی یەکتریی لەناو گۆڤار و میدیادا. ههڵبهته ئەمە گۆڕانی ئامرازە، نەک گۆڕانی مێنتاڵیتی. خوێنەری کورد لەم ناوەندەدا وەک بینەری شەڕێکە کە “ڕاستیی” تێیدا نامێنێت. ئەوەی دەخوێنرێتەوە، زۆرجار گەڕان نییە بەدوای واتادا، بهڵكوو هەوڵێکە بۆ سەرکەوتن بەسەر یەکدیدا. لەو کاتە ئاڵۆزەدا، خوێنەر تووشی شتێکی تر دەبێت، که ئهویش ماندووبوونی فکرییه. چونکە هەر دەنگێک بە دژایەتییەکی تر وەڵام دەدرێتەوە، نەک بە بیرکردنەوە.
فاروق ڕەفیق لەم چوارچێوەیەدا تەنها فەیلەسوفێک نەبوو، بهڵكوو قوربانییەکی ئەم شەڕە بوو. ئەو هەوڵیدا فەلسەفە لە پەڕتووکەکانەوە بگوێزێتەوە ناو ژیانی ڕۆژانە، بەڵام دەنگ و وشهكانی لە نێوان قەڵەمە توندەکاندا ون بوو. ههروهكو خۆی دهیگوت: لە ژیاندا گوێی لێ نەگیرا، كهچی ئهمڕۆ لە مەرگدا دەخوێندرێتەوە. ئەمە پارادۆکسێکی تاڵە. فەیلەسوف کاتێک دەبینرێت کە ئیتر بوونی نییە. ئەم شەڕە تەنها لە نێوان ڕووناکبیراندا نییە. چونكه لەگۆشهیهكی ترەوە، دەنگێکی تر هەیە كه دەنگی پیاوانی ئایینییه، کە زۆرجار فەلسەفە نەک وەک پرسیار، بهڵكوو وەک مەترسیی دەبینن. لەم فەزایهدا، فەیلەسوف دادگایی دهکرێت، نەک بە یاسایەکی فهڕمیی، بهڵكوو بە فەتوای ئایینی و کۆمەڵایەتیی. وشەکان دەگۆڕدرێن بۆ كوفر و تاوان، بیرکردنەوەش دەبێتە تاوانی باوەڕ.
ئەم دادگاییکردنە بەشێوەیەکی نهێنیی کار دەکات. نە پێویستی بە زیندان هەیە، نە بە دادگا، بهڵكوو پێویستی بە تۆمەتێکی سادە ههیه “ئەو لە دەرەوەی باوەڕە”. ئهم تۆمهته دەتوانێت فەیلەسوف لە کۆمەڵگە بخاته دهرهوه. لەم بارودۆخەدا، خوێنەری کورد تووشی دوو فشار دەبێت؛ لەلایەک، شەڕی قەڵەمەکان كه جێگهی چهكیان گرتۆتهوه و لەلایەکی تریشهوه، ترسی دادگای ئایینی. ئەنجامەکەی چییە؟
وهڵام، خوێنەر فێر دەبێت بە قووڵیی نەخوێنێتهوه، پرسیاریش به ئازادیی نهكات.
ئالێرەدایە کە ههروهكو هاوڕێیهكم دهڵێ: “هیچ” واتایەکی نوێ وەردەگرێت. “هیچ” نەک تەنها دهبێته دۆخێکی بوونگەرایی، بهڵكوو دۆخی خوێنەریشه. شوێنێک کە تێیدا هەموو دەنگەکان یەکتر دەکوژن و واتا تیایاندا ون دەبێت. بەڵام هەمان کات، هەر لەم “هیچ”ەدا دەتوانرێت دەستپێکی نوێ بدۆزرێتەوە. کاتێک هەموو شتێک دەکەوێتە ناو گومانهوه، ئەوا ئهو کاتە پرسیار لەدایک دەبێت. “هیچ” دەبێتە سەرچاوە، نەک کۆتایی.
لەگەڵ ئەمەشدا، کات تەنها پێوانەیەکی بێدەنگ نییە؛ بهڵكوو بوار و شوێنی تاقیکردنەوەی بیرۆکەیە. فەیلەسوف زۆرجار بۆ کاتی خۆی قسە ناکات، بهڵكوو وشەکانی دەخاتە ناو داهاتوویەکی تاریکهوه کە هێشتا چاوەڕوانی ڕووناکییە. ئەو تەنها بیرۆکە دروست ناکات، بهڵكوو تۆوێک دەچێنێت لە خاکێکدا کە نازانرێت باران تێیدا دەبارێت یان ههرگیز نا. هەندێکجار ئەم تۆوە لە ژێر خاکدا دەمرێت، نەک بەهۆی لاوازیی خۆیهوه، بهڵكوو بەهۆی وشکبوونی ژینگەوه. بیرۆکە پێویستی بە کات هەیە، بەڵام پێویستی بە ژینگهیهكیش هەیە بۆ ئەوەی لە کاتدا بژیی. ئەگەر قەڵەم ببێتە تەنها دەنگی شەڕ، ئەگەر وشەکان ببن بە ئامرازی لابردنی یەکتر، ئەوا کاتیش نامێنێت بۆ گەشەکردن، چونکە هیچ تۆوێک لە ناو زەوییەکی سووتاودا سهوز نابێت.
کاتێک هەموو شتێک دەکەوێتە ناو گومانهوه، ئەوا ئهو کاتە پرسیار لەدایک دەبێت. ئەو پرسیارەی کە سۆرێن کیرکگار (Søren Kierkegaard) بە بنەمای باوەڕی دەزانێت و فرێدریک نیشتە (Friedrich Nietzsche) بە بنەمای ئازادیی ناوی دهبات. لەبەر ئەمە، “هیچ” دەبێتە سەرچاوە، نەک کۆتایی. لەبەر ئەمە، کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە فەیلەسوفی کورد لە ئێستادا نەگوێزرێتەوە بۆ ئاینده، بهڵکوو کێشەکە ئەوەیە کە ئایا هێشتا خاکێک ماوە بۆ ئەوەی بیرۆکەکان تێیدا بمێنن؟ یان هەموو شتێک پێش ئەوەی بگەنە داهاتوو، لە نێوان دەنگەکاندا دەکوژرێن؟ مەرگی فاروق ڕەفیق لەم مانایەدا تەنها مردن نییە. ئەو ڕووداوە ئاوێنەی ئەم کۆمەڵگەیەیە: کۆمەڵگەیەک کە فەیلەسوفەکانی لە ژیاندا نابینێت، بەڵام دوای مەرگیان دەست دهكهن بە خوێندنەوەیان. ئەمە نەک تەنها تاوانێکی کۆمەڵایەتییە، بهڵكوو نیشانەی قەیرانێکی قووڵترە كه بریتییه له قەیرانی توانای گوێگرتن.
به پێچهوهنهشهوه هاروکی موراکامی (Haruki Murakami)، نووسهری بهناوبانگی ژاپۆنیی، یهكێكه له نموونهی ئهو نووسهره جیهانیانهی کە دوورکەوتنەوە لە وڵات و دواتر گەڕانەوە بۆی، ڕهنگه ببێتە سەرچاوەی دروستبوونی بیرۆکەیەکی قووڵتر. ئهو نووسهره ساڵانێک لە دەرەوەی ژاپۆن ژیا، پاشان لە ناوەڕاستی نهوهتهكاندا گەڕایەوە. ئەو گەڕانەوەیە بە مانای هاتنەوەیەکی سیاسی نهبوو، بهڵكوو هەوڵێک بوو بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر لە کۆمەڵگەکەی. لەو ژینگەیەدا، به پشتگیری ژاپۆنییهكان توانای ئەوەی پەیدا کرد دەنگی خۆی بپارێزێت و ببێتە یەکێک لە ناسراوترین ڕۆماننووسانی جیهانی سەردەم.
بەڵام له وڵاتی كوردان دا، ئەم پرۆسەیە زۆرجار بە پێچەوانەیە. نموونه زۆرن وهكو فاروق ڕهفیق كه مامۆستایەکی دانپیانراو بوو لە زانکۆیەکی ڕۆژئاوا، هەوڵیدا بگەڕێتەوە بۆ خزمەتکردنی وڵات و کۆمەڵگەکەی. بەڵام لەجیاتی ئەوەی ژینگەیەکی پشتگیریی بۆ دروست بکرێت، تووشی سونامییهكی بێبهزهیی هاتهوه لەلایەن هەندێک لە دەنگە ئایینی و ڕووناکبیرییەکانەوە. بە وشە و تۆمەت “لە بازنەی باوەڕ دەرچووە”. هەوڵدرا لە ناو کۆمەڵگەدا ڕیسوا بكرێت و گۆشهگیر بكرێت. لە کۆتاییدا، ئەم فشارە وای لێ کرد لهسهر شهقام و نێو دوكانهكاندا بخهوێت و دواییش ناچار بوو بۆ پاراستنی بوونی خۆی سهر ههڵبگرێ بۆ شوێنێکی تر و پەنا بباته ههولێر.
لێرەدا جیاوازییەکە ڕوون دەبێتەوە. له لایهک، گەڕانەوەی نووسەرێک کە دەبێتە سەرچاوەی گەشە، لە لایەکی تر، گەڕانەوەی بیرمەندێک کە دەبێتە سەرچاوەی فشار و كوشتنی بیر و ناسنامه. ئەمە پرسیارێکی قووڵ دروست دەکات، کێشەکە لە کەسەکاندایه، یان لە ژینگەیهکدایه کە ناتوانێت جێگایەک بۆ بیرۆکە جیاوازەکان بدۆزێتهوه؟
لە کۆتاییدا، پرسیارێک دەمێنێتەوە، ئایا کۆمەڵگەی کوردی دەتوانێت لەو شەڕەدا کە قەڵەمی لە جێگای تفەنگ ههڵگرتووە، شوێنێک بۆ بیرکردنەوەی ئازاد بدۆزێتەوە؟ یان هەروەک جاران، تەنها شێوازی شەڕ گۆڕاوە؟ پێش ئەوەی هەر تۆوێک هەوڵی شین بوون بدات، لە ناو شەڕی قەڵەمەکاندا دەمرێت؟ ئەگەر وەڵامەکە ناڕوون بێت، ئەوا ترسناکترین ڕاستیی ئەوەیە، نەک تەنها فەیلەسوفەکان دەمرن، بهڵكوو داهاتووشیان لەگەڵیاندا دەمرێت. ئەوا دڵنیایین لە شتێک، تا کاتێک فەیلەسوف دادگایی بکرێت و خوێنەر بترسێت، ئهوا “هیچ” هەر دەبێتە شوێنی ژیانی ئێمە، نەک وەک سەرچاوەی ئازادیی، بهڵكوو وەک بەتاڵییەکی بەردەوام.


