مەجید ساڵح
بەڕێز مەریوان وریا قانع، وتارەکەتان سەبارەت بە فاروق ڕەفیق، تەنیا نووسینێک نەبوو سەبارەت بە مەرگی نووسەرێک، بەڵکوو دەکرێ وەک خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ قەیرانی ڕووناکبیری ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان لێک بدرێتەوە. گرنگیی ئەم وتارەتان لەوەدایە، بێ سڵەمینەوە “ڕووناکبیران” لە پێگەی پیرۆزکردن و تابووسازییە دەهێنێتە خوارەوە و دەیخاتە بەر نەشتەری ڕەخنە و هەڵسەنگاندن.
بەڵام لە کۆتایی وتارەکەدا، خوێنەر هەست بەوە دەکات بابەتەکە تەنیا ڕەخنەیەکی فکریی پەتی نییە؛ بەڵکوو لە پشت هەر وشەیەکییەوە، ڕقێکی شەخسی و ناکۆکی دێرین و دابڕانی پەیوەندیی لێ بەدی دەکرێت، ئەمەش وا دەکات وتارەکە ڕەنگدانەوەی ململانێیەکی قووڵتر لە فکر لە خۆ بگرێت.
ڕاستە فاروق ڕەفیق لە زۆر قۆناغدا گوتاری جیاواز و هەندێک جار پێچەوانەی یەکتری هەبوو؛ وەک دەڵێن لە ئیسلامگەرایییەوە بۆ عەلمانیەت، لە ڕەخنەی لە ناسیۆنالیزم تاوەکو بەرگریی لێی، لە چەپایەتییەوە بۆ نزیکبوونەوە لە گوتاری ڕاست، بەڵام ئەم ناکۆکییانە تەنها تایبەت بە فاروق نەین، بەڵکوو لە دوای ڕاپەڕینەوە بوونەتە بەشێک لە قەیرانی گشتیی ڕووناکبیری ئێمە. زۆربەی ڕووناکبیران بە تایبەتی لە باشووری کوردستان، بە جۆرێک لە جۆرەکان، تێکەڵی هەمان دەرد بوون کە ئێوە ئاماژەتان پێکردوون و نزیکبوونەوە لە دەسەڵات، گۆڕینی زمان و گوتار بە گۆڕانی بەرژەوەندی سیاسی، خۆ بە “قوتب” زانین و “تاکە دەنگی حەقیقەت”…
لە ڕوانگەی گرامشیـیەوە، ئەمە نیشانەی شکستی ڕووناکبیری ئۆرگانیکە؛ ڕووناکبیران لە جیاتی دروستکردنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، دەبنە بەشێک لە یاریی هەژموونی و ململانێی لایەنە سیاسییەکان، بەڵام هەمان ڕوانگەش پێمان دەڵێ ڕووناکبیران هەرگیز دابڕاو نین لە ململانێ و قەیرانەکانی کۆمەڵگە. بۆیە ئەوەی ئێوە بە “ناکوکی” ناوی دەبەن، دەکرێت بە شێوەیەکی دیکەش بخوێندرێتەوە: وەک ئاوێنەی قەیرانی خودی کۆمەڵگەی کوردی، کە هێشتا لەنێوان دین و مۆدێرنەتە، حیزب و تاک، نەتەوە و عەقڵانیەتدا سەرگەردانە.
لە زۆر شوێنی وتارەکەتاندا هەست دەکرێت مەبەست تەنها هەڵوەشاندنەوەی بیروڕا و هەڵوێستەکانی فاروق نییە، بەڵکوو دەتانەوێ وێنە و کاریگەریی ڕەمزیی بشکێنن، بە تایبەتی کاتێک باس لە چارەکە سەدە دابڕانی پەیوەندی دەکرێت، لە هەناوی دەقەکەدا خوێنەر هەست بەوە دەکات مەسەلەکە شەخسییە! ئەمەش ڕەخنەکەتان لە “شیکردنەوەی فاروق وەک دیاردە” نزیک دەکاتەوە بۆ “دادگاییکردنی فاروق”.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، خاڵێکی گرنگی وتارەکەتان ئەوەیە، نابێ کەسێک یان بکەینە “سپینۆزای کورد” یان بیکەینە “کافر و مولحید”. ئەم دوانەییەی کۆمەڵگەی ئێمە، کە ڕووناکبیران یان پیرۆزدەکات یان دەیشکێنێت، بەشێکە لەو نەخۆشییەی گوتاری کوردی تووشی بووە. فاروق ڕەفیق نە فەیلەسوفێکی مەزن بوو – خۆشی هیچ کات ئیدعای ئەوەی نەکرددوە- و نە کەسێکی بێبایەخ و بێ کاریگەر؛ بەڵکوو بەشێک بوو لە مێژووی قەیراناوی ڕووناکبیری کوردی لە باشووری کوردستان.
لە کۆتاییدا، پێموایە ئەگەر فاروق ڕەفیق بە هەڵەکانییەوە متمانەی خەڵکی بە ڕووناکبیر لاواز کردبێت، ئەوا ئەو ڕووناکبیرانەش کە خۆیان بە “قوتب” و “تاکە دەنگی هۆشیاری” دەزانن، بە شێوەیەکی تر هەمان زیانیان گەیاندووە، بگرە زیاتریش. کێشەکە تەنها فاروق نییە؛ کێشەکە ئەو کولتوورە ڕووناکبیرییەیە کە لە باشووری کوردستان دا زۆرجار ڕووناکبیر لە شوێنی ئەوەی دەنگی ڕەخنە و عەقڵانیەت بێت، دەبێتە ناوەندی هەژموونیی، شەڕی شەخسی و ململانێی ڕەمزی. تا ئەم کولتوورە نەگۆڕدرێت، هەر ناوێک بڕوات و ناوێکی تر بێت، قەیرانەکە هەر بەردەوام دەبێت.


