سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

لاشە وەک مەیدانی جەنگ: پرسە، تۆڵە و زەبری ڕووناکبیریی:

چەند تێبینییەکی خێرا سەبارەت بە مەرگنامەی مەریوان وریا بۆ فارووق ڕەفیق

پێشڕەو محەمەد

ڤاسیلی گرۆسمان، ڕۆماننووسی سۆڤێتیی، لە ڕۆمانی «ژیان و چارەنووس» ڕووداوێک دەگێڕێتەوە کاتێک لە ستالینگراد، سوپای ئەڵمانیی تێکدەشکێت و ڕووسەکان دادگایی ئەفسەرێکی ئەڵمانیی دەکەن. ئەفسەرە ئەڵمانییەکە دەڵێت: «ئەگەر تۆ بیبەیتەوە، ئەوا ئێمە دەدۆڕێین، بەڵام ئێمە لەنێو بردنەوەی تۆدا، درێژە بەژیانی خۆمان دەدەین».

بۆ ئەم وتەیەم هێنایەوە؟ بڵێم کە ڕووناکبیرانی نەوەی ڕابردوو، لەنێو نەوەی ئێمەدا نا، بەڵام لەنێو خۆیاندا، چەندەش دژی یەکتر بن، درێژە بەژیانی یەکتر دەدەن. واتا زۆربەی جار دەبنە وێنەی هەڵگەڕاوەی یەکدی. ئەگەرچی زۆر دەمێکە قسەم لەبارەی هیچ ڕووداوێکی ڕووناکبیریی کوردییەوە نەکردووە و بە پێویستیشم نەزانیوە، لانیکەم مەیدانی کارکردن و بیرکردنەوە و چالاکیی من نەبووە و دەتوانم بڵێم بە دیاریکراوی لە دوای ٢٠١٣ەوە هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆم لەگەڵی نەبووە، جگە لە پڕۆژەی سەربەخۆی خۆم نەبێت. بەڵام ئەمڕۆ کاتێک مەرگنامەکەی مەریوان وریا قانع-م بۆ فاروق ڕەفیق خوێندەوە، کە بارکراوە بە جەنگێکی قووڵی سایکۆلۆجیی، زمانێکی ئیهانەئامێزی دوور لە هەر پێوەرێکی باڵا و پرەنسیپی ڕووناکبیریی و دەرهاوێشتنێکی ناوەکییە، حەزم کرد ئەم چەند تێبینییەتان لەگەڵ بەش بکەم.

نووسینەکەی مەریوان دەیەوێت خۆی وەک نرخاندنێکی ڕووناکبیرانە پیشان بدات، بەڵام هەستبزوێنانە وەک مەیدانێکی جەنگیی درەنگوەخت دژی نەیارێک دەجووڵێتەوە کە چیتر لێرە نییە وەڵام بداتەوە. لەژێر پەردەی شیکاریی ڕەخنەییدا، کۆمەڵێک ڕەهەندی خیانەتی هاوڕێیەتیی، دڕدۆنگیی و یەکسانسازییەکی بریندار وەستاون. نووسەری کۆچکردوو چیتر وەک کەس/کارەکتەر مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت، بەڵکوو وەک مەترسییەکی هێمایی/ڕەمزیی، کە دەبێت دوای مردنی، دیسپلین و ڕام بکرێت. بۆ نموونە حەزی قووڵی ڕامکردنی جەستە و فیکری کۆچکردوو، ئەگەر دەروونشیکارییانە بڕوانین، لەم دەربڕینانەدا دەردەکەون: «ئەو بەبێ هەستکردن بە هیچ کێشەیەک، شتێک و پێچەوانەکەشی دەگوت»، «خاوەنی پڕۆژەیەکی فەلسەفی نەبوو»، «ئەو فەیلەسوف نەبوو». چەندین دووپاتکردنەوەی هاوشێوە. ئەم دووپاتکردنەوەیە خۆی لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە شتانێکی زۆر دەڵێت. ئەگەر کارەکتەرێک سێبەرێکی زۆری لەسەر کردیت، دەروونیانە هەوڵی دوورخستنەوەی ئەو سێبەرە دەدەیت، لەڕێگەی بەترسناک و بێبەها نیشاندانی ئەم سێبەرە. لەوە دەچێت نووسەر نەتوانێت نووسەری کۆچکردوو لە جیهانی ناوەوەی خۆی دووربخاتەوە. لە بەرانبەردا شتێک نەتوانیت دووری بخەیتەوە، هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدەیت، بۆ ئەوەش کۆنتڕۆڵی بکەیت، سەرەتا دەبێت لە بەها و ڕەوایەتیی بخەیت. ئەوەی لە نووسینەکەی مەریوان دا دەیەوێت وەک ڕەخنە دەست پێ بکات، خێرا دەگۆڕێت و دەبێتە فۆرمێکی سزادانی هێمایی.

یەکێک لە سەرەکییترین دژبەریی و ناکۆکییەکانی مەرگنامەکە ئیدانەکردنی نمایشە کەچی خێرا خۆی دەبێتەوە بە مەیدانی نمایشکردن. نووسەر هێرش دەکاتە سەر نووسەری کۆچکردوو بەهۆی «هاوار»، «دەنگەدەنگ»، «پەلاماردان و هێرشکردنە سەر کەسانی دی»، و گۆڕینی ژیانی ڕووناکبیریی بۆ «جەنگی ڕەمزیی»، هتد، کەچی مەرگنامەکە خۆی دەبێتە مەیدانێکی جەنگ و هێرشی بەرفراوانی هێمایی و ڕەمزیی بۆ سەر نووسەری کۆچکردوو. ئەگەرچی دەیەوێت ڕەخنە لە کولتووری جوێن و ئیهانە بگرێت، کەچی بە دەیان فۆرم و شێوە هەمان کولتوور بەرهەمدەهێنێتەوە. لەجیاتی جوێنی ڕاستەوخۆ، مەکینەی جوێنی ڕووناکبیریی بەگەڕ دەخات. بۆ نموونە «لەم پەڕی ڕاستەوە و بۆ ئەوپەڕی چەپ و لەوپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاست بازی دەدا»، «مەنهەجیەتی لە نووسین و شیکردنەوەدا، تیا نییە» و بوونی «کاریگەرییەکی خراپی لەسەر وێنە و ڕۆڵی ڕووناکبیر لە دنیای ئێمەدا» هەبووە.

زمانی نووسینەکە هەنگاو بەهەنگاو دەبێتە زمانی دادگە، سزادان، زمانی پۆلیسیی و زمانی بچووککردنەوەی ئەوی دیکە. نووسەری مەرگنامە دەڵێت نووسەری کۆچکردوو بەردەوام دەستەواژەگەلی وەک «گاگەل» و «کۆیلە و «غەبی» و «حەشامەت» و «عەوام» و «نەفام» و «گاڕان» و «گەمژە» و «جاهیل» و«مێگەل»ی بەکارهێناون، بەڵام لە پڕۆسەی ئیدانەکردندا، نووسەری مەرگنامە هەمان ئەم چەمک و دەستەواژانە لەخۆیدا دەتوێنێتەوە و وەک مەکینەیەکی نوێی هێرشی سەرتاپاگیر بەکاریان دەهێنێتەوە، هەندێکجار تەنها فۆرم و ئاوازیان دەگۆڕێت. فاروق ڕەفیق لەم مەرگنامەیەدا بەش بەش لە شکۆبوون، جددییبوون، یەکگرتوویی و ڕەوایەتیی ڕووناکبیریی دەخرێت. زمانی نووسینەکەی مەریوان فۆرمی زمانی «قڕکردن و سڕینەوەی سەرتاپاگیر»ی ئەوی دیکەی «دوژمنی ناوخۆیی» وەردەگرێت، کە پێی وایە لەخۆیدا دەژیت و دەبێت بکوژرێت.

ئەگەر ڕۆژێک توێژەرانێکی کۆمەڵناسیی دەربکەون دەتوانن زۆر باش کار لەسەر ئەو پڕۆژەیە بکەن کە بە بازنەی «ڕەهەندییەکان» لە دنیای ئێمەدا ناسرا، بەتایبەت زمانی توندوتیژیی ڕەمزیی لە نووسیندا، زمانی شکاندنی ئەوی دیکە تا ئاستی کوشتنی ڕەمزیی و دادگاییکردن دوای مەرگ. ئەم نووسینە مەرگنامەییەی مەریوان، پێمان دەڵێت ئەم نەریتە ڕووناکبیرییە دوای ئەو هەموو گۆڕانکارییانەی کۆمەڵگەی کوردیی، نەیتوانیوە گۆڕان بەسەر خۆیدا بهێنێت، لە زمانی هێرشبەرانەی سەدەی ڕابردوو ڕزگاری نەبووە.

هەموو ئەوەی نووسەری مەرگنامە، نووسەری کۆچکردووی پێ تۆمەتبار دەکات، مرۆڤ دەتوانێت لەخۆشیدا بیاندۆزێتەوە: پارادۆکس و بازبازێنی سیاسیی و فیکریی، لە لیبراڵەوە بۆ چەپ و بۆ بانگەشە بۆ ئیسلامی ئیخوانیی. لە زمانی جوێن و «بەدەبەنگزانین»ی ئەوانی دیکەوە تا «بەگاڕانکردن و بەمێگەلکردن»ی کۆمەڵگە و نەیاران و جیاوازبیران. تا هاتنی ئۆباما بەشێک لە ڕووناکبیرانی ئەو بازنەیەی بە ڕەهەند ناسراون، سەر بە تیۆری لیبراڵ بوون، لەگەڵ هاتنی ئۆباما و وەرچەرخانی جیهان بەرەو چەپی کولتووریی و هاوپەیمانێتیی لەگەڵ ئیسلامی سیاسیی، ئەمە ڕووناکبیرانی کوردیشی تەنییەوە. نووسەری مەرگنامە خۆی یەکێک بوو لە نەیارە سەرسەختەکانی چەپ تا دەگاتە بادانەوە بەرەو چەپ و بەکارهێنانی «بلۆکی مێژوویی» گرامشیی بۆ یەکخستنی عەلی باپیر، سەڵاحەدین بەهادین، نەوشیروان مستەفا، بەرهەم ساڵح و ئۆپۆزیسیۆن دژی پارتی. ئەمە لە کوردستان بە پێکەنینەوە سەیر دەکرا، بەڵام دیاردەیەکی جیهانیی بوو و کوردستانیشی تەنی بووەوە. کەواتە تۆمەتبارکردنی فاروق بە شتێک، کە لە خودی مەریوان‌ـیشدا ڕەنگدانەوەی قووڵی هەیە، هەوڵێکی دەرهاوێژیی فیکرییە.

سایکۆلۆجیست دەتوانێت شتێک لە نووسینەکەی مەریوان دا بدۆزێتەوە: شەڕ دژی ئەو سێبەرەی فاروق کە لە خودی نووسەردا دەژیت و درێژە بە ژیانی خۆی دەدات، بەڵام بەو شتەی ئێستا فاروق بەجێی هێشتووە: ئایدیۆلۆجیای جیهانی سێیەم، لە فاروق دا مردووە و لە مەریوان دا دەژیت، ڕۆژێک لە فاروق دەژیا و مەریوان شەڕی دەکرد.

خۆشحاڵم نەوەکەی ئێمە کەمترین شوێنەواری ئەم میراتەی سەدەی ڕابردووی هەڵگرتووە و تیایدا ناژیت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO